پەشێو ئاسا لە دەستم دێ …دەرباز یونس

 

ئەگەر دوێنی

گوڵی وشە لەسەر لێوم

بۆ تۆ گاگۆڵەی کردایە ...

ئەمڕۆ دڵم گڕدانێکە

نەفرەتی ئەشقی تێدایە ...

 

ئەزانی بۆ ؟!

 

چونکە دوێنی

دڵت بۆ من عەرشی جوانترین ئەوین بوو ...

لێوەکانت

لەگەڵ مندا

بەشێوەی شەکر شرین بوو ...

 

من ئەزانم

ئێستا کەسێ لاشەی سڕت دەژاکێنی ...

ئێستا کەسێ

لە بەرچاوت

وێنەی ئەوسای من دەنوێنێ ...

 

ئەشزانم کە وەک ئەوساکە

سیمات بۆنی یەکەم ئەشقی منی لێ دێ و

ناسک و جوانە وەکو خۆی ...

بەڵام چاک چاک دڵنیابە

ئەوەی ئێستا بۆ من نرخی نەبێت ئەتۆی ...

 

زۆر جار هەڵدەستم بەرووتاو

مەڕاقی خوێن بەهەستم دێ ...

ئەمەوێ هاوار کەم بڵێم

پەشێو ئاسا لە دەستم دێ ...

 

"لە دەستم دێ

کاتژمێری کامەرانیت بوەستێنم ...

لە دەستم دێ

ئەلقەی پەنجەت پێ فڕیدەم

نامەی بەختت بسوتێنم ..."

 

بەڵام گیانە

نامەوێ سپارتاکۆسێ بم

بۆ ئەشقێکی بەهارینە ...

یا خەمی رووی دۆستێکت کە

وەک ئەوسای من بۆت شیرینە ...

 

رەنگە رۆژێ گەر بمبینی

بەرووتا بێم ...

یا وەک سەرکەوت لە شیعرێکا

لە ناپاکیەکانت بدوێم ...

 

ئەتۆش ئێستا

سڵ مەکەوە لەو ئەسرینەی بۆتم رژاند ...

سڵ مەکەوە لەو دڵەی کە

خستمە دەستت، تێکت شکاند ...

 

دەستەکانت بخە نێوان

تەڕ حەزی ئەو، بیلاوێنە ...

سینەکانت بکە سەرین

ماچی بکە، بیخەوێنە ...

 

چونکە هەرچەند

سیمات بۆنی یەکەم ئەشقی منی لێ دێ و

ناسک و جوانە وەکو خۆی ...

بەڵام چاک چاک دڵنیابە

ئەوەی ئێستا بۆ من نرخی نەبێت ئەتۆی ...

 

 

تێبینی: کۆپلەی شەشەم تێهەڵکێشی شیعرێکی مامۆستا عەبدوڵا پەشێوە.

25 ـی ئەیلول/سێتپێمبەر 2010

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

میوانانی سەر خەت

We have 105 guests and no members online