دووروو نزیک پێویست نیه هیچ ده‌رباره‌ی ناسری ڕه‌زازی بڵێم ئه‌و جاران پێگه‌ی ڕیشاڵی له نێو هونه‌ری گۆرانی کوردی‌دا داکوتابوو.
جاران ئه‌و نموونه‌ی پایه به‌رزی و خه‌بات و به‌رخوودانبوو، ئاخر ده‌نگی ناسر هاوشێوه‌ی شمشاڵه‌که‌ی ده‌روێش عه‌بدوڵا پێویستی ڕۆحی ئێمه‌بوو.
گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕه‌زازی له ئه‌وروپا و به‌وێردی سه‌رزمانکردنی (پووڵ پووڵ پووڵ) ی ئه‌و له میدیا کوردیه‌کانه‌وه، تاڕاده‌یه‌کی باش پێگه‌ی مه‌زنی ئه‌وی له دڵی ئێمه‌دا کاڵ کرده‌وه.
ئاخر جێگای تێڕامانه ڕه‌زازی هه‌رده‌ڵێی بڕیاری بچووککردنه‌وه‌ی خۆیداوه و هاندراوه که په‌یکه‌ره چیا ئاساکه‌ی خۆی به خۆ بچووککردنه‌وه تێکبشکێنێت.
بینینی ئه‌و له پڕۆگرامێکی کۆڕه‌ک تیڤیدا له ئه‌وروپا منی گه‌یانده ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که بریای مردنی ده‌ساڵ له‌مه‌وبه‌ری ناسر بخوازم!
ئاخر زۆر بچووکم هاته پێشچاو که بینیم هه‌ڵته‌ک هه‌ڵته‌ک شوێنی حه‌سه‌ن که‌وتووه، حه‌سه‌ن غه‌فور جیاله‌وه‌ی هه‌موو شتێکه‌و به‌س گۆرانی بێژ نیه دزیشه!!!. به‌ر له ماوه‌یه‌ک هه‌مووان شایه‌دی ئه‌وه‌بووین که له میدیاکانه‌وه هه‌واڵی ده‌ستگیرکردنی حه‌سه‌نمان بیست به هۆیی بازرگانیکردنی به ده‌یان هه‌زار دۆلاری ساخته‌وه له فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ڕاپێچی زیندانکرا! ئێستاش ناوبراو لووس سه‌ری لێتاشیوه به‌و هیوایه‌ی که خه‌ڵک نه‌یناسێته‌وه!
پاشان ناسرمان بینی له چه‌ندین بڵاوکراوه‌ی ڤیدیۆیدا که به‌شوێن ئیبراهیم تاتڵیساسه‌وه، غاردانێی بوو، من ده‌پرسم تۆ یه‌زدان کاکه ناسر، تۆ که له پشت ئیبراهیمه‌وه زیاتر له بۆدی گاردێک ده‌چوویت وه‌ک له هونه‌رمه‌ندێکی مه‌زنی نه‌ته‌وه‌یی، له‌و ده‌مه‌دا خۆت و نه‌ته‌وه‌که‌ت چه‌ند به سوک هاته پێش چاو؟ پێده‌چێ له یادت کردبێت که هه‌تا ئه‌و ساته‌ش ئه‌گه‌ر تاتڵیساس هونه‌رمه‌ندێکی مه‌زنی تورک بێت، تۆش لوتکه‌ی هونه‌ری ده‌یان ملیۆن مرۆڤی کورد بوویت.
ئیتر من وای نازانم که ناسری ڕه‌زازی ڕه‌مزی به‌رزی هونه‌ری کوردی بێت، بریا ده‌ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وه‌فاتت بفه‌رموایه، بێ گوومان ئه‌و کات ده‌بوویت به سومبولێکی نه‌ته‌وه‌یی و هاوشانی مه‌ردان و زیره‌ک و ماملێ و عایشه‌شان له لووتکه بۆ هه‌میشه ده‌مایته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
