
فیلمی سینه‌مایی "شوێنیێك بۆ یاری" له ده‌رهێنانی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" خه‌ڵاتی زیوینی باشترین فیلمی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "مه‌سقه‌ت"ی به‌ده‌ستهێنا.
به پێی راپۆڕتی راگه‌یاندنی گشتی كۆمپانیای "نارین فیلم" له شاری هه‌ولێر، فیلمی سینه‌مایی "شوێنیێك بۆ یاری" (كیك ئاف) KICK OFF له ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" كه به نوێنه‌رایه‌تی له هه‌رێمی كوردستان له به‌شی پێشبڕكێی شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "مه‌سقه‌ت"ی له وڵاتی عومان له‌گه‌ڵ 14 فیلمی دیكه له ركابه‌ردیا بوو، توانی خه‌ڵاتی خه‌نجه‌ری زیوینی (نوقره) ی باشترین فیلمی ئه‌م فیستیڤاڵه به‌ده‌ستبێنێت.
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی ناوبژیوانی به‌شی پێشبڕكێی شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "مه‌سقه‌ت" كه له هونه‌رمه‌ندانی ئه‌ورووپی، ئه‌مه‌ریكی و عه‌ڕه‌ب پێكهاتبوون، به هۆی دیدی مرۆڤانه‌ی ده‌رهێنه‌ری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" به باروودۆخی كه‌ركووك و عێراق خه‌ڵاتی زیوینی باشترین فیلمی ئه‌م فیستیڤاڵه‌یان پێشكه‌ش به فیلمی سینه‌مایی "شوێنیێك بۆ یاری" له هه‌رێمی كوردستان كرد. ئه‌م فیستیڤاڵه له رۆژانی 13 تا 20ی مارس له شاری مه‌سقه‌تی عومان به‌ڕێوه‌چوو.
خه‌ڵاته سه‌ره‌كییه‌كانی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "مه‌سقه‌ت" بریتی بوون له:
پله‌ی یه‌كه‌م: خه‌ڵاتی خه‌نجه‌ری زێڕی فیستیڤاڵ به‌خشرا به فیلمی سینه‌مایی "یه‌ك ـ سیفر" له ده‌رهێنانی خاتوو "كامیلا ئه‌بو زه‌كری" له وڵاتی میسر.
پله‌ی دووه‌م: خه‌ڵاتی خه‌نجه‌ری زیوی فیستیڤاڵ به‌خشرا به فیلمی سینه‌مایی "شوێنیێك بۆ یاری" له ده‌رهێنانی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" له هه‌رێمی كوردستانی عێراق.
پله‌ی سێیه‌م: خه‌ڵاتی خه‌نجه‌ری برونزی فیستیڤاڵ به‌خشرا به فیلمی سینه‌مایی "شه‌وی درێژ" له ده‌رهێنانی "حاته‌م عه‌لی" له وڵاتی سووریا.
هه‌روه‌ها خه‌لاتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی فیستیڤاڵ به‌خشرا به فیلمی
سینه‌مایی "كازانیگرا" له ده‌رهێنانی "نوره‌دین خماری" له وڵاتی مه‌راكیش.
راگه‌یاندنی گشتی كۆمپانیای "نارین فیلم".
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
