ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنج بده‌ن، ته‌واوی هونه‌رمه‌نده كۆنه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌نێو گرووپه موزیكییه ناوه‌ندییه‌كانی شاره‌كاندا كاریان ده‌كرد، وێڕای گه‌شه‌كردنیان له توانای ژه‌نین و هاوكات هه‌نگاونان به‌پێی قۆناخه‌كان و گه‌شه‌پێدان به‌ڕه‌وته هونه‌رییه‌كه، به‌ڵام وابه‌سته‌بوونیان به‌ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌وه ئاشكراتر پێوه دیاره، یان له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و ستایلانه كار ده‌كه‌ن كه پێشتر كاریان له‌سه‌ر كردوون، له‌گه‌ڵیدا هه‌وڵه‌كانیان بۆ نوێكردنه‌وه و جوانكاری له‌سه‌ر ئه‌و شێوازگه‌له دیسان به‌ڕوونی ده‌بینرێت.. ئه‌گه‌رچی مه‌رج نییه ته‌واوی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه توانیبێتیان له جوانكارییه‌كاندا سه‌ره‌تاتكێ بكه‌ن، چونكه ژماره‌یه‌كیشیان له هه‌مان ئاستدا مانه‌وه، جیا له‌و كارانه‌ی پێشتر كردوویانه، نه‌یانتوانیوه به‌پێی پێشكه‌وتنی بواره‌كه هه‌نگاو بنێن.
جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیبی موزیكژه‌ن و سه‌رۆكی تیپی موزیكی دهۆك یه‌ك له‌و ناو و هونه‌رمه‌نده دیارانه‌یه كه خاوه‌نی ئه‌رشیفێكی ده‌وڵه‌مه‌نده، هاوكات ڕۆڵی كارای له به‌ترۆپك هێشتنه‌وه‌ی تیپی موزیكی دهۆك تا ئه‌م قۆناخه‌ش دیتووه، دیاره جه‌مال تاكه‌كه‌س نییه ئه‌و جوانییه‌ی به‌باڵادا بڕابێ، بگره هاوشانی ئه‌و ژماره‌یه‌ك له هونه‌رمه‌ندانی ئه‌ندام له‌و تیپه هه‌مان ئه‌و سه‌روه‌رییه‌یان به‌رده‌كه‌وێت، چونكه تیپی موزیكی دهۆك كه له 1979وه هاتووه‌ته دامه‌زراندن، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵكشان و داكشانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌ی ته‌مه‌نیدا به‌پێی قۆناخه‌كان به‌خۆوه‌ی دیتووه، بێگومان وه‌ك وێستگه‌كانی شه‌مه‌نه‌فه‌ر له هه‌ر وێستگه‌یه‌كدا كه‌سانێك دابه‌زیون و كه‌سانێكی تریش سه‌ركه‌وتوون، له‌نێو ئه‌و تیپه‌شدا له سه‌ره‌تاوه تا به‌ئێستا ده‌گات، هه‌مان ئه‌و ئاڵوگۆڕه له ئه‌ندامه‌كانی هه‌بووه، ئێسته‌ش ته‌نیا چه‌ند ئه‌ندامێكی كۆنی تیپه‌كه له‌نێویدا ماون، جیا له‌وانیش چه‌ندان ده‌رچووی به‌شی موزیكی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی دهۆك له‌و تیپه‌دا شوێنیان بووه‌ته‌وه، واته گه‌نجێلێك له هونه‌رمه‌ندانی بواره‌كه ئێستا ئه‌ندامی ئه‌و تیپه‌ن.
جه‌مال یه‌ك له كه‌سایه‌تییه كۆنه‌كانی تیپه‌كه‌یه، چونكه كاتێك هونه‌رمه‌ند "دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید" له 1984دا به‌مه‌به‌ستی خوێندن چووه به‌ریتانیا، جه‌مال ئه‌ركی ڕاهێنه‌رایه‌تیی تیپه‌كه‌ی له ئه‌ستۆ گرت، به‌پێی ته‌مه‌نی جه‌مالیش بێت كه خۆی له‌دایكبووی (1965-دهۆك) ه، كه‌واته له‌و ده‌مه‌دا ته‌مه‌نی ته‌نیا 21 ساڵ بووه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ كه ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌ته‌مه‌نێكی كه‌م و توانایه‌كی فره‌وه ئه‌ندامی تیپی دهۆك بووه، كه‌واته ده‌بێ هه‌ڵبژاردنی جه‌مال له‌و كاته‌دا بۆ ڕاهێنه‌رایه‌تیی تیپ ئه‌قڵی گه‌نجی به‌دواوه بووبێت، به‌پێی ڕێساكانیش ئه‌قڵی گه‌نج كاری گه‌نجی لێ دێته به‌رهه‌م، بۆیه ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌و قۆناخه جه‌مال وه‌رچه‌رخانێكیشی له كاره هونه‌رییه‌كانی تیپه‌كه دروست نه‌كردبێ، بێگومان نه‌یهێشتووه له ئاسته باڵاكه‌ی خۆیدا بێته خواره‌وه.
بۆ ئه‌م بۆچوونانه‌ی سه‌ره‌وه به‌ڵگه‌ی زیندوومان به‌به‌رزی هێشتنه‌وه‌ی تیپی موزیكی دهۆكه، چونكه ئه‌رشیف و یاده‌وه‌ریی خۆشمان پێمان ده‌ڵێت كه له ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا تیپی موزیكی دهۆك له ترۆپكی كاره هونه‌رییه‌كانیدا بوو، به‌تایبه‌تیش ئه‌و تیپه له به‌رهه‌مهێنانی كۆراڵی كوڕان و كچاندا چۆپیكێشی تیپه‌كانی تری كوردستان بوو، جیا له‌و كۆراڵانه، ئه‌وه‌ی تیپی دهۆكی پێ ده‌ناسرایه‌وه ئه‌و دابه‌شكردنه موزیكییه نوێیه بوو كه به‌مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ كاره هاڕمۆنیكییه‌كاندا وه‌رچه‌رخانێكی له هونه‌ری موزیكی كوردی دروست كرد، ده‌كرێ به‌ڕاشكاوی بڵێین ئه‌وه ته‌نیا تیپی موزیكی سلێمانی نه‌بوو له به‌رپاكردنی شۆڕشه موزیكییه‌كه‌دا، بگره تیپی دهۆكیش هاوشانی تیپی سلێمانی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی نا و ڕه‌نگه بڵێم نوێكاری له هونه‌ری موزیكی كوردی له‌وێوه ده‌ستی پێكرد.
كه ڕۆشنایی ده‌خه‌مه سه‌ر ناوی جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ سه‌رۆك یاخۆ ڕاهێنه‌ری هه‌ر تیپێك ڕۆڵی كاریگه‌ر له به‌ره‌وپێشبردن و جوانكارییه‌كانی ئه‌و تیپه ده‌بینێت، بۆ نموونه له سلێمانی هاوشانی هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی باڵا له موزیكژه‌نه‌كان ئه‌ندامی تیپی موزیكی سلێمانی بوون، به‌ڵام قه‌ره‌داخی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی تیپه‌كه بوو، توانی ڕۆڵی كاریگه‌ری خۆی له به‌رهه‌مه‌كاندا پێشان بدات و هاوكات سه‌روه‌رییه‌ك بۆ خۆی و تیپه‌كه‌ش تۆمار بكات، تیپی دهۆكیش به‌هه‌مان شێوه، كاریگه‌رییه‌كانی دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عیدی به‌ڕوونی پێوه دیاره، كاتێكیش دڵشاد كۆچ ده‌كات و كاره‌كانی تیپه‌كه به‌هاوڕێكانی ده‌سپێرێت، بێگومان له سه‌رۆكایه‌تیی تیپدا "جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب" هه‌مان ڕۆڵی پۆزه‌تیڤ ده‌گێڕێت و به‌هاوكاریی هاوڕێكانی تیپه‌كه له ترۆپكدا ده‌هێڵێته‌وه.
ئه‌وه‌ی ده‌هێنێ له‌م به‌رزڕاگرتنه‌دا بیخه‌ینه به‌ر ئاماژه‌وه، وه‌ك پێشتر باسم كردووه تیپی دهۆك له ره‌وته‌كه‌ی خۆیدا به‌پێی قۆناخه‌كان هه‌ڵكشان و داكشانی به‌خۆوه دیتووه، دواجاریش له 2004دا سه‌رله‌نوێ هاتووه‌ته‌وه دامه‌زراندن و مۆڵه‌تیی ڕه‌سمیی له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه، ئه‌م به‌رواره ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت تا به‌ر له‌و كاته‌ش تیپه‌كه بێ شوێن و بێ بودجه كاره‌كانی خۆی كردووه، بێگومان ئه‌و بێ شوێنی و بێ بودجه‌ییه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر ئاستی هونه‌ریی به‌رهه‌مه‌كانی ده‌بێت، به‌ڵام كه ئێمه ئاستی ئێستای به‌رهه‌مه‌كانی تیپه‌كه ده‌بینین، ده‌گه‌ینه ئه‌و به‌ره‌نجامه‌ی ده‌بێ ماندووبوونێكی زۆری له‌پشت بێت، چونكه كاری ڕژدی ئه‌و تیپه بۆ دوای 2004 و تا ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه.
تیپی موزیكی دهۆك باره‌گه‌كه‌یان دروست ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر كه‌ناڵی ئاسمانیی "ڤین"ه‌وه، كه ده‌چییه ئه‌و باره‌گه‌یه، لێزمه‌بارانی ڕۆحییه‌تی هونه‌ریت به‌سه‌ردا ده‌بارێ، له‌لایه‌كه‌وه زۆربه‌ی كات له هونه‌رمه‌ندان و ئه‌ندامانی تیپه‌كه جمه‌ی دێت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه هه‌ست به‌وه ده‌كرێت هونه‌رمه‌ندان له‌وێدا بێسه‌روبه‌ر نین و كاتی خۆڕایی ناكوژن، بگره هه‌ریه‌كه‌یان له‌لای خۆیه‌وه سه‌رقاڵی ئامێره‌كه‌یه‌تی و كاری له‌سه‌ر ده‌كات، یان ئاماده‌بووه‌كان ده‌بنه ده‌سته‌یه‌ك و خۆیان سه‌رقاڵی پڕۆڤه‌كردن له‌سه‌ر كارێكی هونه‌ری ده‌كه‌ن.
جیا له‌وانه ئه‌و تیپه دوو ستۆدیۆی دامه‌زراندووه، یه‌كیان تایبه‌ت كراوه به‌ستۆدیۆی پڕۆڤه‌كردن، ئه‌وی تریشیان ستۆدیۆی تۆماركردنه.. له سه‌ردانه‌كه‌مدا بۆ ئه‌و تیپه دێرینه، دوای گفتوگۆیه‌كی چڕ له‌گه‌ڵ جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب له‌باره‌ی مێژووی تیپه‌كه و كاره هونه‌رییه‌كانیه‌وه، سه‌ردانی ستۆدیۆكه‌یانم كرد، له‌و كاته‌دا تیپی دهۆك كاریان له‌سه‌ر تۆماركردنی موزیكی یه‌ك له گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندی نه‌مر "ته‌حسین ته‌ها" كردبوو.. وه‌ك ڕێزگرتنێك له من، جه‌مال موزیكه تۆماركراوه‌كه‌ی لێدا كه به‌شێوه‌یه‌كی نوێ كاری تێدا كرابوو، ئه‌و به‌رهه‌مه خۆی له بنچینه‌دا گۆرانییه، به‌ڵام ئه‌وان ته‌نیا به‌موزیكێكی نوێ كاریان تێدا كردووه، بۆیه له شوێنی ئه‌دای گۆرانیبێژدا بۆ هه‌ر كۆپله‌یه‌ك یه‌ك له ئامێره موزیكییه‌كان ڕۆڵی ده‌بینی، له‌وێدا بوو له كاتی ئه‌دای گۆرانیبێژ و تاكژه‌نیی ئامێره‌كه‌دا جه‌مال ده‌نگی گۆرانی گوتنی لێ هه‌ڵبڕی له‌گه‌ڵ موزیكه‌كه‌دا گۆرانییه‌كه‌ی ته‌حسین ته‌های ده‌گوته‌وه، ڕاستیتان ده‌وێ تا ئه‌و ده‌مه‌ش نه‌مده‌زانی جه‌مال ئه‌وه‌نده ده‌نگی خۆشه، بۆیه ئه‌وه‌م هاته‌وه خه‌یاڵ كه زۆر له گۆرانیبێژانی ئێمه به‌ئاستێكی لاواز و ناسازی ده‌نگییه‌وه گۆرانی ده‌ڵێن، كه‌چی ده‌نگخۆشێكی وه‌ك جه‌مال ته‌نیا خۆی به‌موزیك به‌ستووه‌ته‌وه و گۆرانی ناڵێت، چ گومانم نییه له‌وه‌ی جه‌مال خۆی به‌موزیكژه‌ن ده‌بینێت نه‌ك گۆرانیبێژ، واته ئه‌و كار له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندیه‌تی و پسپۆڕیه‌تی ده‌كات، نه‌ك ته‌نیا بۆ خۆده‌رخستن خۆی له هه‌موو بواره‌كان بدات، كاتێكیش پرسیاری ئه‌وه‌م لێ‌كرد تا ئێسته چه‌ند ئاوازی داناوه؟ جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب گوتی "ئاوازی چی برا، من موزیكژه‌نم و كاری من دانان و دابه‌شكردنی موزیكه نه‌ك ئاوازدانان، با ئاوازدانه‌ره‌كان ئاواز دابنێن، باشتره هه‌ركه‌سێك و له بوارێكدا پسپۆڕیه‌تی وه‌ربگرێت".
جه‌مال له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندی ڕاستینه‌یه و به‌ئه‌شقێكی گه‌وره‌وه كاری هونه‌ری ده‌كات، بۆیه ته‌نیا بیر له گه‌شه‌پێدانی بواره‌كه‌ی خۆی له پسپۆڕیه‌تیدا ده‌كاته‌وه، به‌بۆچوونی منیش ئه‌مه‌یه وا ده‌كات هونه‌رمه‌ند هه‌میشه له كه‌ناره‌كانی داهێناندا مه‌له بكات، ئه‌گه‌رچی له‌وه‌ش دڵنیام "جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب" له كه‌ناره‌كان ناوه‌ستێت و خۆی ده‌هاوێته قووڵاییه‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
