ڕۆژی یه‌کشه‌ممه ڕێکه‌وتی 24/1/2010 کۆمه‌ڵه‌ی (هونه‌ره‌جوانه‌کان) له سوید له شاری یۆتۆبوری ئێواره‌یه‌کی هونه‌ریی به‌ناوی (گه‌مه‌ی هونه‌ری) بۆ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێکی شانۆیی و شاعیر و موزیك ژه‌ن و شێوه‌کار ساز کرد.
ئێواره‌که ئێواره‌کی سه‌رنجڕاکێش و جیاواز له ئێواره باوه‌کان (ته‌قلیدی) بوو، توانی به چه‌ند شێوه‌یه‌ك سه‌رنجی هه‌موو ئاماده‌بووان بۆ لایخۆی ڕكێشێت.
ئه‌و ئێواره هونه‌رییه پێکهاتبوو له خوێندنه‌وه‌ی هۆنراوه به‌هه‌ردوو دیالێکتی سۆرانی و کرمانجی (بادینی) له لایه‌ن شاعیران (لارزۆ به‌کر) به دیالێکتی سۆرانی، (سه‌لوه گولی) به‌دیالێکتی بادینی، له‌هه‌مان کاتدا هونه‌رمه‌ندی شانۆکار (هه‌ژار یاسین) به‌شێوه‌ی هونه‌ری (پانتۆمیم) هۆنراوه‌ی شاعیره‌کانی به‌رجه‌سته ئه‌کرد، شان به‌شانی ئه‌وانیش هونه‌رمه‌ندی موزیك ژه‌ن (دلێر نامۆ) موزیکێکی ناسك و هه‌ست بزوێنی ئاوێته‌ی هۆنراوه‌و پانتۆمیمه‌که ئه‌کرد.
پاش ته‌واو بوونی ئه‌و تابلۆ ئاوێته‌یه له هۆنراوه‌و شانۆ‌و موزیك، له کاتی پشوودا هۆنه‌رو شێوه‌کار (لارزۆ به‌کر) تابلۆکانی پێشانگای (گه‌مه‌ی ڕه‌نگه‌کان) تایبه‌ت به خۆی خسته به‌ر چاوی ئاماده‌بووان و سه‌رنجی هه‌موولایه‌کی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، بێگومان خودی پێشانگاکه‌ش خۆی له خۆیدا داهێنانێکی تازه‌و شێوه‌کارێکه ته‌نها سه‌ربه که‌سی خۆیه‌تی.
پاش پشوودان و بینینی ئه‌و پێشانگایه، گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو هۆڵه‌که، دوا به‌شی ئێواره‌که ده‌ستی پێ‌کرد، که پێکهاتبوو له گفتوگۆ‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رهه‌مه‌کان.
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئاماده‌بووان کۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که کاره‌که داهێنان و تازه‌کاریه و سه‌رسووڕمانی خۆیان ده‌ربڕی و ده‌ستخۆشیان له کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌کان و هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربوو کرد که به‌م کاره جوان و سه‌رکه‌وتووه هه‌ستاون.
هه‌ندێ له‌و ئاماده بوانه رای خۆیان ده‌ربڕی، به ده‌ستخۆشی و ره‌خنه‌ی هونه‌ری، په‌نجه‌یان بۆلایه‌نه باش و که‌متر باشه‌کانی ئه‌و تازه‌کاریانه ڕاکێشا، پێیان باش بوو ئه‌م جۆره کارانه زیاتر گرنگیان پێ بدرێت و پێویسته دووباره‌و چه‌ندباره بکرێته‌وه. له بازنه‌ی کاری باو (ته‌قلیدی) ده‌رچن و زیاتر داهێنان و تازه‌کاری بهێننه ناو هونه‌ری کوردییه‌وه.
به‌گشتی سوپاس و ده‌ست خۆشی له هونه‌رماندان و ئاماده‌بوانی به‌ڕێز ده‌که‌ین. کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌کان ده‌رگای ئاواڵایه بۆ هه‌موو که‌سانێ که بیانه‌وێت کاری جوان‌و هونه‌ریانه پێشکه‌ش بکه‌ن... چه‌ند وێنه‌یه‌کی ئێواره هونه‌رییه‌که

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
