ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه 23/1/2010 کاتژمێر 2:30 به کاتی کوردستان به سه‌رپه‌رشتی بزافی ڕۆشنبیری سلێمانی و به‌شداری سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کانی کوردستان له هونه‌رمه‌ندان و که‌سایه‌تیه سیاسیه‌کان و ڕۆشنبیران و هونه‌ردۆستان و خانه‌واده‌ی هونه‌رمه‌ند ماملێ مه‌راسیمی یانزه‌یه‌مین ساڵیادی کۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند (محه‌مه‌دی ماملێ) به‌ڕێوه چوو، سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌که به وتاری نه‌وره‌س ڕه‌شید سه‌رۆکی بزافی ڕشنبیری سلێمانی ده‌ستی پێ‌کرد که باسی له کاره به‌رزه‌کانی هونه‌رمه‌ندماملێ کرد له هه‌ردوو بواری هونه‌ری و نیشتیمانیدا وه ئه‌و خزمه‌ته گه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ند و خانه‌واده‌که‌ی به هونه‌رو شۆڕشی گه‌لی کوردیان کردووه، پاشان مام عه‌زیز هاوڕێی نزیکی هومه‌رمه‌ند هه‌ردوو گۆرانی( خانمیلێ خانمی خانمانی و ده‌شتی لاجانی) پێشکه‌ش به ئاماده‌بوان کرد، پاشان جه‌لیل گادانی سکرتێری پێشوی حیزبی دیموکراتی کوردستان وه‌ک هاوڕێیه‌کی نزیکی هونه‌رمه‌ند په‌یڤێكی پێشکه‌شکرد که تێیدا باسی له ڕۆڵی ئه‌و خانه‌واده به‌ڕێزه کرد له‌و قوربانیدانانه‌ی که به دۆزی ڕه‌وای کوردیان داوه وه سه‌رنوگوم بونی برایه‌کی هونه‌رمه‌ندی وه‌ک نمونه هێنایه‌وه، وه باسی له به‌ته‌نگه‌وه هاتنی خه‌ڵکی هه‌رچوارپارچه‌ی کوردستان کرد له کاتی وه‌فات و به خاکسپاردنی ته‌رمی هونه‌رمه‌نددا که ئه‌مه نیشانه‌ی خۆشه‌ویستییانه بۆ ئه‌م که‌ڵه هونه‌رمه‌نده‌ی کورد، پاشان هونه‌رمه‌ندی شاری سلێمانی بورهان محمه‌مه‌د هه‌ردوو گۆرانی (مه‌مکوژه وئه‌ی فه‌له‌ک بۆچی دور له له‌یلا بم)ی پێشکه‌ش کرد، پاش ئه‌وه‌ش عوسمان ڕانه‌یه‌یی په‌یڤێکی یادگاری له گه‌ڵ ماملێ‌ی خوێنده‌وه که باسی له خزمه‌ته‌کانی هونه‌رمه‌ند و هه‌ستیاری ئه‌و قۆناغه‌ی که هونه‌رمه‌ند خزمه‌تی هونه‌ری کوردی کردووه، پاشان چیای ماملێ کوڕی هونه‌رمه‌ند هه‌ردووگۆرانی( زه‌مانه و بۆچ نیه قه‌دری میوان له لاتان)ی پێشکه‌شی ئاماده‌بوانکردو پاشان وتاری مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری ماملێ له نه‌رویج خوێندرایه‌وه‌و خه‌ڵاتی بزاف پێشکه‌شی چیا ماملێ کراو فلیمێکی دیکۆمێنتی له سه‌ر ژیان و گۆرانیه‌کانی ماملێ نیشاندراو له کۆتایی کۆڕه‌که‌شدا وتاری پێ‌زانین و ده‌ستخۆشی خانه‌واده و خێزانی ماملێ خوێندرایه‌وه، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌شدا چه‌ند به‌شداربویه‌کی مه‌راسیمه‌که به چه‌ند وته‌یه‌ک هه‌ستی خۆیان به‌رامبه‌ر به هونه‌رمه‌ندی گه‌وره ماملێ ده‌ربڕی به‌کر پشده‌ری سه‌رپه‌رشتیاری مه‌راسیمه‌که/ ساڵانه ئێمه وه‌ک بزافی ڕۆشنبیری سلێمانی چه‌ندین چالاکی گرێده‌ده‌ین له چوارچێوه‌ی کاره‌کانی خۆماندا ئه‌مڕۆش که یانزه‌یه‌مین ساڵیادی وه‌فاتی ماملێ یه هه‌میشه به زیندویی ڕامانگرتووه له به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌ورانه له‌م ڕۆژه‌دا ناویان زیاتر به‌رز ده‌کرێته‌وه وه چه‌ندین دازگای ڕاگه‌یاندن و هونه‌رمه‌ندوکه‌سایه‌تی ئاماده‌ی مه‌راسیمه‌که‌ن، ئامانج عه‌بدوڵا به‌ڕێوبه‌ری بزافی ڕۆشنبیری سلێمانی/ ئێمه به پێویستمان زانی ئه‌مڕۆ یادی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره محه‌مه‌دی ماملێ بکه‌ینه‌وه که توانیویه‌تی ڕه‌چه‌شکێن بێت وه نه‌وه‌یه‌کی دوای خۆی به چێهێشتووه که ئه‌وڕێگه‌یه به‌رنه‌ده‌ن.

ماملێ جگه له‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند بوو که‌سایه‌تییه‌کی به هه‌ڵوێستبوو له بواری نه‌ته‌ویشدا وه هه‌تا ئه‌و ساته‌ی که کۆچی دوایی کرد له هونه‌ری ڕه‌سه‌نی کوردی دانه‌بڕا، ئێمه ئه‌مانه‌وێت به‌م کاره به هه‌موان بڵێین که ڕه‌سه‌نایه‌تی له ناونه‌چوه‌وه ئه‌توانین په‌ره‌یپێبده‌ین له به‌رگێکی مۆدێرندا، جه‌لیل گادانی سکرتێری پێشوی حیزبی دیموکراتی کوردستان/ من له دوای ناردنی دروود بۆ گیانی پاکی ماملێ، محه‌مه‌دی ماملێ لای من لوتکه‌ی هه‌ره به‌رزی هونه‌روفۆلکلۆری کوردییه، مردنی ئاوابونی ئه‌ستێره‌یه‌کی یه‌کجاردره‌وشاوه‌ی ئاسمانی هونه‌ری کوردی بوو، ماملێ هونه‌رمه‌ندێک بوو که ئه‌و هه‌مووه خزمه‌ته هونه‌ریه‌ی له دوای خۆی به‌جێهێشت وه هیوادارم لاوه‌کانی ئه‌و بنه‌ماڵه ئه‌و ڕێچکه‌یه به‌رنه‌ده‌ن وه هه‌مو گه‌نجانی تری کوردستانیش هه‌وڵبده‌ن ته‌نسیقێک له نێوان هونه‌ری کۆن و نوێ دروستبکه‌ن که ماملێ به‌که‌مترین که‌ره‌سته گه‌وره‌ترین خزمه‌تی پێشکه‌شکرد، چیای ماملێ کوڕی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ/ زۆرسوپاسی بزافی ڕۆشنبیری سلێمانی ده‌که‌م بۆ ئه‌م ئه‌رکه که ڕێزیان له هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی کورد محه‌مه‌دی ماملێ گرتووه چونکه ماملێ ڕاسته باوکی ئێمه‌یه به‌ڵام موڵکی هه‌موو نه‌ته‌وه‌که‌یه‌تی و ئێمه‌ش سوپاسی هه‌موو لایه‌ک ده‌که‌ین، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د پێشکه‌شکاری هونه‌ریی که‌ناڵێ ئاسمانیی کوردسات/ دوای دانه‌واندنی سه‌ری ڕێز ئه‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم که ئه‌م یاده په‌ندی خۆی تیا بوو چونکه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که نه‌وه‌ی نوێی ئێستا گه‌وره پیاوانی کورد له هه‌ربوارێکدا بێت له بیر ناکه‌ن له هه‌رلایه‌کی کوردستان بێت، وه هونه‌رمه‌ندی به‌رز ماملێ جێگه‌ی خۆیه‌تی هه‌موو ساڵێک یادی بکرێت چونکه بووه به قوتابخانه‌یه‌ک بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوو وه که‌سێکی نیشتمان په‌روه‌رو ڕه‌وشت به‌رز بوه‌وه له به‌ره‌ی گه‌لدا بووه‌هونه‌رمه‌ند بورهان محه‌مه‌د/ ماملێ یه‌کێکه له بنکه سه‌ره‌کیه‌کانی هونه‌ری گۆرانی ڕه‌سه‌ن وه یه‌کێک بوه له هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌کانی کورد که جێگه‌ی شانازی ئێمه بووه، وه یه‌کێکی تر له گه‌وره‌ییه‌کانی مالێ ئه‌وه‌یه سه‌یر ئه‌که‌ی ئاوازی ئازه‌ری هێناوه که وتویه‌تی وا ئه‌زانی ئاوازێکی ڕه‌سه‌نی کوردیه چونکه ڕۆحیه‌تی کوردی به‌رائه کردووه ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆوه، وه من به خۆشیه‌وه به شداری ئه‌م مه‌راسیمه‌م کرد و دوو گۆرانیم پێشکه‌ش کرد، جێگه‌ی ئاماژه‌یه ماملێ له ساڵی 1925 له شاری مه‌هابادی پێشه‌وا قازی و هێمن موکریانی له خانه‌واده‌یه‌کی به‌رزی نیشتامنپه‌روه‌ر و هونه‌رپه‌روه‌ر هاتۆته دنیاوه و خاوه‌نی پێنج براو یه‌ک خوشک بوه‌و سێ جار ژیانی هاوسه‌ری پێکهێناوه، که‌سێکی به هه‌ڵوێست و نیشتمانپه‌روه‌ر بووه‌و خۆشه‌ویستی گه‌له‌که‌ی بووه و که‌سێکی به هه‌ڵوێست بووه، بۆیه له‌کاتی کۆچی دوایی ئه‌و که‌ڵه هونه‌رمه‌نده‌ی کورد له ڕۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا و له ساڵی 1999 که یازده ساڵ پێش ئێستا ده‌کات خه‌ڵکی کوردستان به شێوه‌یه‌کی گه‌رم و گوڕ له کاتی به خاکسپاردنیدا ئاماده بوون و ماملێش بۆ دوایین جار جه‌سته‌ی ماندوو دڵی شکاویی بۆ بینینی کوردستانێکی ئازاد خسته ئامێزی شاری شۆڕش و خوێن و ماڵئاوایی له دنیای هونه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ریی دایکه گه‌وره کرد که کوردستانه !!!
