هه‌ر كه باس له هونه‌ر بكه‌ین، ناكرێ باس له به‌شداری ئافره‌ت و رۆڵیان له‌و كایه گرنگه نه‌كه‌ین، به‌پێی عورف و عاداتی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگا كچان و ژنان دره‌نگتر له پیاوان هاتوونه‌ته ناو گۆڕه‌پانه‌كه، ئه‌گه‌رچی له كۆنه‌وه ئێمه هونه‌رمه‌ندگه‌لێكی ئافره‌تمان هه‌بووه كه كاری هونه‌رییان كردووه وه‌لی ژماره‌یان كه‌م بووه و ئه‌وانه‌ش گه‌وره‌ترین باجێك كه داویانه قسه‌و توانجه‌كانی كۆمه‌ڵگا بووه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی ناویان به‌خراپ رۆییوه، كه به بڕوای من پاكترین كه‌سانێك له‌ژیان هونه‌رمه‌ندانن.
دیاره ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه و له مانشێتی بابه‌ته‌كه‌شدا دیاره گه‌مه‌ی هاوكاریكردنی هونه‌رمه‌ندانه له‌لایه‌ن لایه‌نی به‌رپرسیاره‌وه، كه حكومه‌ته، ئه‌گه‌ر دوور نه‌ڕۆین و بگه‌ڕێینه‌وه بۆ رابردووی هونه‌ری كوردی ئه‌وا به باشی ئه‌و راستییه‌مان بۆ ده‌سه‌لمی كه هونه‌رمه‌ندانی كۆنی كورد ئه‌وانه‌ی تا ئێستاش به‌رهه‌مه‌كانیان له‌گوێمان ده‌زرنگێته‌وه و به نه‌مری ماونه‌ته‌وه چۆن ژیاون، بۆ نموونه ئایشه‌شان و تاهیر تۆفیق و ره‌سول گه‌ردی و عه‌لی مه‌ردان و حه‌سه‌ن زیره‌ك و هه‌موو هونه‌رمه‌نده نه‌مره‌كان یان كه كۆچی دواییان كردووه شاره‌وانی ناشتوونی و له‌دوای خۆیان كیسه‌ی ده‌رمانیان جێهێشتووه، یانیش ئه‌وه‌ته ئه‌وه‌نده به‌هه‌ژاری مردوون كه پێویسته ئێمه شه‌رف له‌خۆمان بكه‌ینه‌وه كه ده‌ژین و ده‌بینین پاره‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ چ هونه‌رێك سه‌رف ده‌كرێ.
به‌و پێیه‌ی ژماره‌ی هونه‌رمه‌نده پیاوه‌كانمان زۆرن و ئه‌و بابه‌ته‌ی باسی ده‌كه‌م ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر به‌داخه‌وه ژماره‌ی هونه‌رمه‌ندانی ئافره‌ت كه‌متره له ژماره‌ی پیاوه‌كان، بۆیه ئه‌و گه‌مه‌ی هاوكاریكردنه له‌ناویاندا به زه‌قتر دیاره، به‌رادده‌یه‌ك گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی كه به‌شێك له هونه‌رمه‌نده ئافره‌ته‌كان به ته‌واوی وه‌لاوه بنرێن و هیچیان بۆ نه‌كرێ، هه‌ندێكیش كورده‌واری خۆمان گوته‌نی پاره‌و هاوكاری بۆیان به‌ربه‌ی ته‌ق ته‌قه.
گه‌ر له ئێستادا ئێمه بمانه‌وی باس له‌هونه‌ری نه‌مر و هونه‌ری سه‌رپێیی بكه‌ین، ئه‌وا بێ شك تووشی ئه‌و كێشه دێین كه به‌داخه‌وه به‌رهه‌می هه‌ره‌زۆری گۆرانییه‌كانی ئه‌مڕۆ نه‌مر نین و كاتین، ئه‌وه‌ش تا ئێستا پرسیاره و بێ وه‌ڵامی كۆتایی ماوه‌ته‌وه، به‌شێك له هونه‌رمه‌ندان ئه‌وه بۆ پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا ده‌گه‌ڕێننه‌وه و به‌شێكیشیان پێیان وایه ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی نه‌مر نین زیاتر به نه‌فه‌سێكی بازرگانی كراون له‌وه‌ی بۆ هونه‌ر و خزمه‌تی هونه‌ر كرابن.

ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وی وه‌كو ناو و دیاریكردن باس له هونه‌رمه‌نده ئافره‌ته‌كانی ئه‌مڕۆی گۆڕه‌پانی كوردی بكه‌ین، ئه‌گه‌رچی له‌چاو ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر ژماره‌یان كه‌مه، وه‌لی به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێشوو باشتره، به بڕوای من ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ش ده‌بنه دوو به‌ش، به‌شێكیان ئه‌وانه‌ن كه حكومه‌ت بۆیان رووخاوه و هه‌ر كاتێك كاریان هه‌بێ بودجه بۆیان كراوه‌یه، هه‌ندێكیشیان ئه‌وانه‌ن كه به‌ده‌ست نه‌بوونی بودجه ده‌ناڵێنن و به‌رده‌وامیش كاری نوێیان هه‌یه. خۆی له‌خۆیدا ئه‌و ئیزدواجیه‌ته جێگای پرسیاره، بۆچی هونه‌رمه‌ندێك كه كاری هه‌بێ بودجه بۆی نه‌بێ و چاوه‌ڕێی بكا، كه‌چی هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ی ئافره‌تیش بودجه چاوه‌ڕێی كاری ئه‌و بكا.
من لێره‌دا ده‌مه‌وی چه‌ند به‌راوردێك له‌نێوان ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه بكه‌م، بۆ نموونه ئاشنا زراری گۆرانیبێژ له‌به‌ر نه‌بوونی هاوكاری و كه‌می بودجه واز له‌كاری هونه‌ری دێنی، كه‌چی لۆكه‌یه‌ك كه تازه دێته ناو كاری هونه‌ری و له سه‌ره‌تادایه یه‌ك ئه‌لبوومی بۆ ده‌كرێ به پاره‌ی خه‌یاڵیش، ئه‌و جیاوازییه بۆ؟
یاخود ئاڤان جه‌مالێكی گۆرانیبێژ، ئه‌و گۆرانیبێژه‌ی به ده‌نگه خۆش و ناسكه‌كه‌ی خه‌ڵك دێنێته جۆش به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجار كه‌م هاوكاری ده‌كرێ، هانیش كه جاران ئه‌ویش هه‌ر گۆرانیبێژ بووه و وه‌كو ئه‌وانی دیكه كاری كردووه ئه‌لبوومێكی بۆ به‌رهه‌م دێ، كه به‌بڕوای من ئه‌و ئه‌لبوومه‌ی هانی له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و كچه هونه‌رمه‌ندانه باشتره كه پاره‌یان بۆ رژاوه.
خه‌نده عه‌بدوڵڵایه‌ك تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ گۆرانی "گومان" كه كلیپێكی زۆر ساده‌ی بۆ كراوه و له‌و بڕوایه‌شدا نیم به ده‌فته‌ر دۆلاری لێ سه‌رف كرابێ، كه‌چی به‌رهه‌مه‌كه تا ئێستا نه‌مره‌و خه‌ڵك حه‌ز به گوێگرتنی ده‌كا، كه‌چی هه‌ر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ودا ده‌شنێ بۆ ته‌نها گۆرانییه‌ك "هێلا هۆپ" به ده‌فته‌ر دۆلاری لێ سه‌رف كراوه و به‌بڕوای من و زۆربه‌ی شاره‌زایانی بواری هونه‌ری ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی ئه‌و جگه له نمایشێكی جه‌سته‌یی شتێكی دیكه‌ی ئه‌وتۆ نییه، كه‌چی خه‌نده عه‌بدوڵڵا وه‌ك له راگه‌یاندنه‌كان باسی كردووه له‌به‌ر نه‌بوونی بودجه ناتوانی كار بكا، ده‌شنێش دێت له پێشكه‌شكارییه‌وه ده‌بێته گۆرانیبێژ و ئه‌لبوومێكیشی بۆ به‌رهه‌م دێنن.
كه باسی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌م كرد پێتانوانه‌بێ ته‌نها ئه‌وانه له گۆڕه‌پانه‌كه هه‌ن، نه‌خێر به‌ڵام ئه‌وه چه‌ند نموونه‌یه‌ك بوو، كه به‌شی زۆری ئه‌وانه‌ی ئه‌و هاوكارییه‌یان به‌ركه‌وتووه له‌لایه‌ن راوێژكاری هونه‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه بووه، ئه‌و راوێژكاره‌ی كه وێڕای ئه‌وه‌ی كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ندان كاری باشی كرد، وه‌لی بوونی ئه‌و راوێژكاره و كاره‌كانی په‌ڵه‌یه‌كی ره‌شه له مێژووی ئه‌و كابینه‌یه ده‌مێنێته‌وه، چونكه ئه‌و راوێژكاره "دیاره مه‌به‌ستم هه‌ڵكه‌وت زاهیره" به‌شێوه‌یه‌كی عادیلانه كاری بۆ هونه‌رمه‌ندان نه‌كرد و بووه هۆی ره‌نجاندنی ده‌یان و بگره سه‌دان هونه‌رمه‌ند له حكومه‌ت، كه‌وایا بوونی ئه‌و راوێژكاره له كابینه‌یه‌كی وا چالاكدا مانای چییه؟
له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌شدا وه‌زاره‌تی رۆشنبیریش بێبه‌ش نییه له‌و كه‌مته‌رخه‌مییه، به‌ڵكو پشكی شێر به‌ر ئه‌وان ده‌كه‌وی، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تێك به‌و هه‌موو ئیمكانیاته ماددییه‌ی خۆی نه‌توانی له ماوه‌ی 4 ساڵدا 10 ئه‌لبوومی جوان و شایسته بۆ هونه‌رمه‌ندان به‌رهه‌م بێنی، له كاتێكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه به‌ناوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ره‌كانی میوزیك، كه به‌حیساب ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه بۆ كاری وا دانراوه، كه‌چی به‌بڕوای من كاری ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه ئه‌وه نییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی حزب به‌ده‌یان نا هونه‌رمه‌ند و بگره ئه‌وانه‌ی له كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌ندانیشیان داوه له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه دایمه‌زراندوون.
به‌بڕوای من له‌و زۆری و بۆری و ناعه‌داله‌تییه‌ی هه‌یه كاری یه‌كه‌می حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه كه لیژنه‌یه‌ك دابنێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه هه‌ڵبسه‌نگێنن كه به‌پاره‌و بودجه‌ی حكومه‌ت به‌رهه‌م هاتوون، تاكو له‌داهاتوودا بزانن كار بۆ كێ بكه‌ن و چۆنیش كار بكه‌ن، ناشبێ ئه‌و لیژنه‌یه به میزاجی شه‌خسی كاربكا، وه‌لی ده‌بێ بزانی ئه‌و به‌رهه‌مه چه‌نده له لایه‌ن تاكی كورد جێگای قبوڵه، خۆ ناكرێ ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه به ئاره‌زووی خۆیان یا به میزاجی شه‌خسی كاربكه‌ن.
لێره‌وه ئه‌وه په‌یامێكه‌و بۆ وه‌زیری نوێی رۆشنبیری د. كاوه مه‌حمودی ده‌نێرم و داوای لێده‌كه‌م گه‌ر وابڕوا ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناكرێ وه‌زاره‌تێكی تایبه‌ت به‌و بواره هه‌بێ و ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تایبه‌ت به میوزیك و گۆرانی هه‌بێ، كه‌چی نه‌توانن ده یه‌كی راوێژكارێك كاربكه‌ن كه ئه‌سڵه‌ن پێویست نییه ئه‌و راوێژكاره سیدی بۆ هونه‌رمه‌ندان به‌رهه‌م بێنی، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی پێویسته له‌سه‌ری په‌یام و گله‌یی و گازانده‌كانی هونه‌رمه‌ندان به حكومه‌ت بگه‌یه‌نی، له‌وه‌ش سه‌یرتر ناردنی پرۆژه یاسای پاراستنی مافی هونه‌رمه‌ندانه به‌بێ ئاگاداری ئه‌و وه‌زاره‌ته، ئاخر له كاتێكی وادا بوونی ئه‌و وه‌زاره‌ته مانای چی ده‌بێ، به‌ڵام ناشاردرێته‌وه كه ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش به‌شێكه له گه‌نده‌ڵییه‌كان، ئاخر بۆچی وێڕای هه‌موو رێزێكم و وه‌كو له راگه‌یاندنه‌كان بڵاوكراوه‌یه چۆپی فه‌تاح به 2 جار نزیكه‌ی 76 ملیۆن دینار وه‌ربگرێ بۆ كار و هونه‌رمه‌ندی دیكه‌ش له‌به‌ر نه‌بوون یا كه‌می بودجه كار نه‌كاو له هونه‌ر داببڕێ، له‌كاتێكدا له‌وانه‌یه ئه‌و بڕه پاره‌یه كاری بۆ 3-4 هونه‌رمه‌ند پێ بكرێ.
له پاڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا نازانم هونه‌رمه‌نده ئافره‌ته‌كان چه‌نده ئاگاداری ئه‌وه‌ن كه ده‌گوترێ هاوكاری كردنی هونه‌رمه‌ندانی ئافره‌ت بنه‌ماو بنچینه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، كه هیچ یه‌ك له‌و بنه‌مایانه‌ی باس ده‌كرێن بریتی نین له شتی ئه‌خلاقی و جێی قبوڵ.
نامه‌وی درێژه بده‌مه نووسینه‌كه‌م و ده‌مه‌وی بڵێم پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم ئاگادار بێ له‌وه‌ی ئه‌و بودجه جوانه له هونه‌رێك سه‌رف ده‌كا كه هیچ خزمه‌ت به هونه‌ری كوردی ناكا، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی خزمه‌تی هونه‌ری بێگانه‌و زیندووكردنه‌وه‌ی میلۆدییه كۆن و مردووه‌كانی مسر ده‌كا، ئاخر كوفر و ماڵوێرانی له‌وه زیاتر چی؟ له وڵاتێكدا كه یاسایه‌ك نییه بۆ پاراستنی مافی هونه‌رمه‌ندان و رۆژانه هونه‌رمه‌ندان هاوار ده‌كه‌ن و ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست كۆپی كردنی به‌رهه‌مه‌كانیان و هیچ یه‌ك له‌وانه نییه به‌رهه‌مه‌كه‌ی پاره‌ی خۆی بێنێته‌وه و زه‌ره‌ر نه‌كا، كه‌چی له هاوكاریكردنه‌كه‌ش وه‌ك ده‌ڵێن به جوانی ده‌موچاو و شتی دیكه‌یه، نه‌ك ئاست به‌رزی به‌رهه‌مه‌كان.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
