ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا له ڕێگه‌ی ڕۆژنامه‌نووسێكی هونه‌رییه‌وه ئه‌وه‌م به گوێدا درا، كه ماوه‌یه‌كه كۆمپانیای (jk entertainment) له‌گه‌ڵ گه‌وره‌هونه‌رمه‌ندی كورد (زیاد ئه‌سعه‌د) له گه‌نگه‌شه‌دایه به‌و مه‌به‌سته‌وه‌ی بۆ سازاندنی كۆنسێرت و دیده‌نیی هونه‌ری، بیگه‌ڕێنێته‌وه كوردستان. له‌و ڕۆژه‌وه به‌و هیوایه‌م هه‌واڵی تازه‌تر له‌و ڕووه‌وه ببیستم و گوێم له‌وه بێت بڵێن هاكا ئه‌و بابه‌ته گه‌ییشته كۆتایی و ئه‌و گه‌وره‌هونه‌روانه‌ی كورد، كه نزیك به 18 ساڵێكه له بۆنی خاكه‌كه‌یه‌وه دووره، ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵه باوان. هه‌رچه‌نده كه‌مێك هیوام هه‌یه كه ئه‌وه ڕاست بێت، به‌ڵام ده‌رگه‌ی ناڕاستی و دوودڵیم له هاتنه‌وه‌ی زیاد به‌سه‌ر خۆمدا، دانه‌خستووه.
(زیاد ئه‌سعه‌د) ـی هونه‌رمه‌ند، زۆر له‌وه گه‌وره‌تر و ناودارتره كه (ئه‌ز) ـێكی بێئه‌زموون له باره‌یه‌وه به گۆ بێم، ئاخر كه وتوومه (شاهونه‌رمه‌ند) وشه‌یه‌كی دیكه‌م نه‌دۆزیوه‌ته‌وه كه له‌و (پله‌یه) گه‌وره‌تر بێت، ده‌نا زیاد نه‌ك شاهونه‌رمه‌ندی بواریی مووزیك و گۆرانیی كورده، به‌ڵكوو ئه‌گه‌ر چه‌ند بارودۆخێك نه‌بوونایه، ئێستا وه‌كوو یه‌كێك له (هونه‌رزان) ـه هه‌ره گه‌وره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و ناوچه‌كه سه‌رنج ده‌درا، نه‌ك له وڵاتێكی نامۆ بۆ ئه‌و، چه‌ق ببه‌ستێت و جگه له خۆی و خوا و چه‌ند كه‌سێكی كه‌م، كه‌سی دیكه هه‌واڵی نه‌زانێت.
ئاخر نه‌هاتنه‌وه‌ی زیاد ئه‌سعه‌د له‌و ماوه درێژه‌دا، گه‌لێك لێكدانه‌وه و لێوردبوونه‌وه‌ی ده‌وێت، بۆچی ده‌بێت (نه‌ته‌وه‌یه‌ك) له بینینی باشترین هونه‌رمه‌ندی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی خۆی، بێبه‌ش بێت و هه‌ر ئاخی بۆ هه‌ڵبكێشێت؟
به‌نده له‌وه دڵنیایه كه ئه‌گه‌ر (زیاد) كورد نه‌بووایه و هاووڵاتی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه بووایه، ئێستا له باڵاترین جێگه‌دا ده‌بوو، نه‌ك به‌و شێوه‌یه پاشگوێ بخرێت و كه‌س به لایدا نه‌چێت، تووخوا ئه‌و كاراكته‌ره بێوێنه‌یه، هیی ئه‌وه‌یه ئاوها وه لاوه بنرێت یان له زێڕ بگیرێت.
زۆر جار باس له قوتابخانه‌ی هونه‌ری و وه‌رزشی و... هتد ده‌كرێت. كورد ئه‌گه‌ر كه‌سێكی هه‌بێت و بووبێته (قوتابخانه) بۆ پێگه‌یاندنی هونه‌رمه‌نده‌كانی دیكه، ئه‌وا زیاد ئه‌سعه‌د نه‌ك هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی ئاساییه، به‌ڵكوو (قوتابخانه‌ی نموونه‌یی) ـیه، چونكه ئه‌وه‌نده‌ی ته‌نیا من زانیبێتم له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دووایدا زۆرترین هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و پێ شگه‌ییشتوون، ئاخر ئه‌وه‌ی ویستوویه‌تی به (گۆرانی) ـیه‌ك ده‌ركه‌وێت و بناسرێت، هانای بۆ هونه‌ره‌كه‌ی زیاد بردووه، چی له ڕووی هۆنراوه، یان ئاوازی گۆرانییه‌كه‌وه، مه‌به‌ستیشم نییه ناویان بخه‌مه ڕوو، چونكه ئه‌وانه ئێستا كه‌سی دیارن و پێیان ده‌وترێن ده‌رچووانی قوتابخانه‌ی (زیاد ئه‌سعه‌د) . ئه‌گه‌ریش زیاد نه‌رۆِییشتم و مافی خۆی بده‌مێ، ده‌ڵێم زیاد ئه‌سعه‌د، بۆ هونه‌رمه‌ندان هه‌م باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی و ئاماده‌یی و ته‌نانه‌ت زانكۆیشه، ئه‌وه‌یشی ده‌رچووی ئه‌و رێڕه‌وه بێت، بێگومان هیچ كات باری لار نابێت.
گوێگرتن و تێڕامان له گۆرانییه كۆن و تازه‌كانی زیاد ئه‌سعه‌د، چاوگه‌ی ئارامبه‌خشی و ئاسووده‌یین، به داخه‌وه من كه‌سێك نیم شاره‌زاییم له ده‌نگ و چۆنیه‌تیی ئاواز و شیكردنه‌وه‌ی هۆنراوه‌دا هه‌بێت، ده‌نا ده‌مزانی چۆن شرۆڤه بۆ ئه‌و لایه‌نانه ده‌كه‌م كه له گۆرانییه‌كانی ئه‌ودا بوونیان هه‌یه، زیاد ته‌نیا هونه‌رمه‌ند نییه، به‌ڵكوو هونه‌رناسیشه، ئاخر هونه‌رمه‌ندی، زۆر له هونه‌رناسی جیاوازه. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی هونه‌ركارن (نه‌ك هه‌موویان)، ته‌نیا بۆ ئاره‌زووه و هیچی دیكه نا، به‌ڵام زیاد ئه‌سعه‌د ده‌مێكه له نێو ناخی هونه‌ردا هاتوچۆ ده‌كات و نه‌ك هه‌ر به باشی ده‌یناسێت، به‌ڵكوو له مێژه خۆشه‌ویستیشیه‌تی، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یش نه‌بم ژیانی هاوسه‌رگیری هه‌ر له‌گه‌ڵ (هونه‌ر) ـدا پێك هێناوه، مه‌گه‌ر ئه‌وه نییه كه ئێستا ته‌نیا خۆی و هونه‌ر پێكه‌وه ده‌ژین؟
له ماوه‌كانی ڕابردوو، له گۆڤاری "هۆنیا"ـدا وێنه‌یه‌كی زیاد ئه‌سعه‌دم بینی، كه ئه‌وه‌ی تۆزه‌ویژدانێكی هه‌بێت و هه‌ستی مرۆڤایه‌تی و هونه‌ریی هه‌بێت، به بینینی ئه‌و وێنه‌یه له ناخه‌وه ده‌هه‌ژێت. ده‌بوو لایه‌نی پێوه‌ستدار (كه من نازانم كێیه) كارێكی وه‌های بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده كردبا، كه به هه‌ر شێوه‌یه‌ك ده‌ركه‌وتایه، به‌و ڕه‌نگه نه‌مانبینیایه. ئێمه گه‌لێك به‌ڵگه‌مان به ده‌سته‌وه‌ن و ئێستایش وه به‌ر چاوانمانه‌وه‌ن، كه ئه‌وانه‌ی به دوای (زانست) ـدا ده‌گه‌ڕێن، جا له هه‌ر بوارێكدا بێت، هه‌میشه له ڕووی داراییه‌وه كێماسییان هه‌یه، ئاخر ئه‌گه‌ر هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ زانستناسبوونی زیاد نه‌بێت، خراپبوونی له ڕووی دارایی و هه‌وڵنه‌دان بۆ چنگكه‌وتنی پاره و سامان، هێمای ئاشكران و ڕاستی هونه‌رویستیی زیاد ده‌سه‌لمێنێت.
هه‌ندێك كه‌س، كه خۆشییان به (زیاد ئه‌سعه‌د) نایه‌ت، له هه‌ندێ كۆڕ و باسگه‌دا ئه‌وه وه به‌ر گوێی هاوڕێكان، یان ئاماده‌بووانی كۆڕه‌كه ده‌ده‌ن، كه به‌شێكی زۆری گۆرانییه‌كانی زیاد ئاوازه‌كانیان فارسین، یان له فارسییه‌وه وه‌رگیراون و وشه‌كانیشیان فارسین، ئه‌و فه‌قیرحاڵانه وا ده‌زانن (مه‌فا) وه‌رگرتن له ئاوازی فارسی، زاده‌ی كه‌موكوڕیی زیاده، كه‌چی نازانن زۆربه‌ی ئه‌و وشانه‌ی خۆیشیان ڕۆژانه به كاری ده‌هێنن، له نێوان هه‌ردوو زمانی كوردی و فارسی‌دا هاوبه‌شن له‌وانه (ئامۆژگاری و پاڵه‌وان، ئاگاداری، قاره‌مان و... هتد) .
ئه‌و هه‌ژارانه‌ی وه‌ها ده‌ڵێن، نازانن كه نزیكترین زمان له زمانی كوردییه‌وه، زمانی فارسییه، كه‌واته له ڕووه‌كانی دیكه‌یشه‌وه نزیكترین له ئێمه‌وه هه‌ر فارسییه، جا له ڕووی مووزیك و گۆرانییه‌وه بێت، یان كولتوور و بواره‌كانی دیكه‌وه، كه وایه (زیاد ئه‌سعه‌د) كارێكی هه‌ڵه‌ی نه‌كردووه كه گۆرانییه فارسییه‌كانی كردووه‌ته چاوگه‌ی به‌شێك له گۆرانییه‌كانی خۆی، ئاخر تۆی گۆرانیخواز وه‌ره گوێ له‌و گۆرانییانه‌ی زیاد بگره كه ئاوازه‌كانیان له فارسییه‌وه نزیكن یان له گۆرانییه‌كی فارسییه‌وه وه‌رگیراون، بزانه هه‌ست ده‌كه‌یت كه ئه‌وه مووزیك، یان ئاوازێكی بیانی و نامۆیه به كولتووری ئێمه؟ بێ گومان نه‌خێر، به‌ڵام به گوێگرتن له یه‌كه‌م چركه‌ی مووزیك و میلۆدیی ئه‌و گۆرانییانه‌ی به ناوی (تازه‌گه‌ری) ـیه‌وه ده‌رخواردمان ده‌ده‌ن، هه‌ست ده‌كه‌ین كه گۆرانیبێژه‌كه (عه‌ره‌بویست) ـێكی كوردیبێژه یان كوردێكی (ئاوازعه‌ره‌بی) ـیه.
زیاد، كه‌سێك نییه هاتبێت و چریكه‌ی ئاوازی ڕه‌سه‌نی عه‌ره‌بی و نازانم كوێی، به گوێی نه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌دا بدات و به داهێنانیشی بزانێت، ئه‌گه‌ر به‌رزڕاگرتن و زیندووكردنه‌وه‌ی كولتووری عه‌ره‌بی له نێو گۆرانیی كوردیدا به لای ئه‌وانه‌ی ئه‌و كارانه ده‌كه‌ن داهێنان بێت، ئه‌ی خودایه ده‌بێت چی شتێك داهێنان نه‌بێت؟
زیاد، زیاد له 17 ساڵه له خاكه‌كه‌یه و خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه دووره، وه‌لێ ئێستایش ئه‌گه‌ر بڕوانیته گوێگرانی گۆرانیی كوردی، گوێی زۆربه‌یان ئاره‌زوویان له ڕادێران بۆ گۆرانیی ئه‌و هونه‌ركاره‌ی كورد هه‌یه، واته دابڕان نه‌ك ڕۆڵی له كه‌مكردنه‌وه‌ی گوێگر و هه‌وادارانی زیاد ئه‌سعه‌ددا نه‌بووه، به‌ڵكوو ئه‌وانی زیاتر بۆ گوێگرتن له گۆرانییه‌كانی په‌رۆشدارتر كردووه.
زۆر كه‌س، وای ده‌خه‌نه ڕوو، كه زیاد به‌و هۆكاره‌وه ناگه‌ڕێته‌وه كوردستان كه كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، یان هه‌ندێك كه‌س ده‌یانه‌وێت به گوتنی ئه‌و قسانه، له هونه‌ره‌كه‌ی زیاد كه‌م بكه‌نه‌وه. پێش هه‌ر شت من نه پارێزه‌ری زیاد ئه‌سعه‌دم، نه هیچ، به‌ڵكوو وه‌كوو (كه‌سێك كه كه‌مێك ئاره‌زووی هونه‌ریم هه‌یه) ئه‌وه ده‌خه‌مه به‌ر دیده، ده‌ڵێم گریمان زیاد كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بوو، یان ناخۆشی له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا هه‌بوو، یان له ڕابردوودا هه‌ر ڕووداوێكی دیكه‌ی تووش بووه، ئایا ئه‌وه كه‌ی بۆ هونه‌ردۆستان كێشه‌یه؟ ئایا ده‌كرێت تۆ باسی هونه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا تێكه‌ڵ بكه‌یت؟ به لای ئێوه‌وه ئه‌وه گه‌وره‌ترین بێویژدانی نییه هونه‌ر له شتی دیكه‌ی تایبه‌تی ژیانی هه‌ر كه‌سێك جیا نه‌كه‌یته‌وه؟ ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن و ئه‌و قسانه ده‌كه‌ن، خۆیشیان ده‌زانن كه له گوتنی ئه‌و قسانه‌دا (ئه‌گه‌ر ڕاستیش بێت) مه‌به‌ستدارن، مه‌به‌سته‌كه‌یش ڕووشاندنی كه‌سایه‌تیی زیاد ئه‌سعه‌ده.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌یشیدا كه وتم، هه‌موو گوێگر و ئاره‌زوومه‌ندانی ده‌نگه زێڕئاساكه‌ی زیاد، هه‌قی خۆیانه كه گله‌ییه‌كی زۆر له‌و هونه‌رمه‌نده بكه‌ن، ئاخر زیاد ته‌نیا موڵكی خۆی نییه تا بۆ ته‌نیا جارێكیش خۆی به‌و نه‌ته‌وه‌یه نیشان نه‌دات، به‌ڵكوو ئه‌و (وه‌ك هونه‌رمه‌ند) مووڵكی هه‌ر تاكێكی كورده، كه وایه من ئه‌و مافه به زیاد ئه‌سعه‌د ناده‌م كه هه‌قی خۆی بێت به‌و شێوه‌یه بێده‌نگ بێت.
ئه‌و ده‌بوو به شێوه‌ی فه‌رمی و له زاری خۆیه‌وه هۆكاری بێده‌نگی و دیارنه‌مانی (شێوه) ـی بخاته ڕوو، نه‌ك هه‌ر جاره و كه‌سێك قسه‌یه‌كی له‌سه‌ر بكات و هه‌مووانیش به (نیوه گومان و نیوه ڕاستی) ـیه‌وه له‌و قسانه بڕوانین.
لێره‌دا من جگه له په‌نجه‌درێژكردن بۆ بابه‌تێكی پێویست، هیچ شتێكی دیكه‌م به ئامانج نه‌گرتووه، داوای لێبوردنیش له‌و كه‌سانه ده‌كه‌م، كه هه‌ستیان كردبێت له‌م نووسینه‌مدا كه‌مێك ڕووی زاری (به گله‌ییم) له‌وان بووه. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییشم ئه‌وه‌یه، له‌م كاته‌دا كه هونه‌ری گۆرانیمان له (په‌له‌ڤاژه‌ی مه‌رگ) ـدایه، باشترین كه‌س و قوتابخانه‌یه‌ك كه بتوانێت ببێته فریادڕه‌سی ئه‌م بارودۆخه، هه‌ر زیاد ئه‌سعه‌ده.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
