
كچه هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و شاعیری كچ كه‌ژاڵ ئاده‌می له‌و ماوه‌یه‌دا دوائه‌لبوومی خۆی به‌ناوی "وڵاتی عه‌شق" بڵاوكردۆته‌وه، كه ئه‌لبومه‌كه 7 گۆرانی له‌خۆ ده‌گرێ و له‌لایه‌ن كۆمپانیای چوارچراوه بڵاو كراوه‌ته‌وه.
ده‌رباره‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه كه‌ژاڵ ئاده‌می گوتی: نوێترین به‌رهه‌می مۆسیقایی من به ناوی *وڵاتی ئه‌شق* پاش سێ ساڵ هه‌وڵدانی ماندوونه‌ناسانه له سه‌رتاسه‌ری کوردستان بڵاو بوه‌ته‌وه و که‌وتوه‌ته به‌رده‌ستی هاووڵاتیانی ئازیز. ئه‌م به‌رهه‌مه 7 گۆرانی له‌خۆ گرتوه. له‌م به‌رهه‌مه‌دا ئاماژ‌ه‌م داوه به چه‌ندین بواری جیاواز. هه‌ندێک دیارده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیم خستوه‌ته ژێر چاویلکه‌ی ڕه‌خنه‌وه، باس له خۆشه‌ویستی ئه‌که‌م به هه‌مو پانتایه‌وه، باس له ته‌نیایی مرۆڤه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌که‌م، ڕێزم له شه‌هیدانی نه‌ته‌وه‌که‌مان گرتوه و قه‌ڵه‌می ژنم ئاوێته‌ی مۆسیقا کردوه و هه‌وڵم داوه ده‌نگێک بم بۆ ئه‌ده‌بیاتی ژنان.
ده‌رباره‌ی ئاواز و هۆنراوه‌كانی ئه‌و ئه‌لبومه گوتی: سه‌رجه‌م ئاواز و مۆسیقای ئه‌م به‌رهه‌مه مامۆستای به‌توانا و پایه‌به‌رز *عه‌لی شه‌کوری* دایڕشتوه، له سێ گۆرانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌دا شیعره‌کانی خۆم به‌کار هێناوه و دوو شاعیری میوانیشم هه‌یه که به قه‌ڵه‌می به‌هێزی خۆیان به‌رهه‌مه‌که‌میان ڕازاوه‌تر کردووه، ئه‌وانیش "فروغ فروغزاد و كاوه حوسێن"ن.
له‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنان و هاوكاریشه‌وه كه‌ژاڵ ئاده‌می گوتی: هه‌موو ئه‌رکی به‌رهه‌م هێنانی ئه‌م ئاڵبۆمه له ئه‌ستۆی خۆم بووه و هیوادارم جێگای ڕه‌زامه‌ندی هه‌مو لایێک بێت چونکو ئه‌وساته‌یه که هه‌مو ماندویه‌کانم ئه‌حه‌سێته‌وه.
جێی ئاماژه‌یه كه‌ژاڵ ئاده‌می جگه له گۆرانی گوتن شیعریش ده‌نووسێ و وه‌كو ده‌نگی كچه كوردێكی رۆژهه‌ڵاتی له ته‌واوی كوردستان ناوی هه‌یه.
1. دایکی شیعری ژنان، شاعیری وره‌به‌رزی ئێرانی * فروغ فه‌ڕوخزاد*.
شیعره‌کانی فروغ ده‌نگێکه بۆ ژنی سه‌رده‌م و هه‌ناسه‌یێکه بۆ باوه‌ڕ به‌خۆ بون. فروغ وشه ته‌زیوه‌کانی خۆی له کوانوی خه‌یاڵی داگرساویدا کرد به ده‌زوی شیعره‌وه و ملوانکه‌یێکی تازه‌ی پێشکه‌شی سه‌رده‌می خۆی کرد و کاریگه‌ریێکی درێژخایه‌نی له سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی ژنان به‌جێ هێشت. به دڵنیایه‌وه ده‌ڵێم فروغ بلیمه‌تێک بو بۆ سه‌رده‌می خۆی و پاش خۆی.
2. شاعیری لێوان لێو له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی * کاوه حوسێن*
شیعره‌کانی کاوه زایه‌ڵه‌ی هه‌نسکه‌هه‌نسکی ڕێبواری شه‌قامه‌کانی خۆشه‌ویستیێکی دۆڕاوه و ته‌فسیری دواساته‌کانی چیرۆکی ئه‌شقێکی فه‌وتاو. یه‌کێک له گۆرانیه‌کانم که به قه‌ڵه‌می ئه‌م شاعیره نوسراوه ڕه‌خنه‌یێکه له کۆمه‌ڵگاکه‌مان، هاوارێکه دژی کۆنه‌په‌ر‌ستی و زریکه‌یێکه بۆ ڕاچڵه‌کاندنی بیر و بڕوا نوستوه‌کان.
ئه‌م به‌رهه‌مه له لایه‌ن کۆمپانیای * چوارچرا* که به پشتیوانی گه‌رمی خۆی پشکۆی هیوامی داگیرساند له چه‌ندین نوسخه‌دا تۆمار کراوه و له سه‌رتاسه‌ری کوردستاندا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
له کۆتاییدا سپاسی بێ پایانم پێشکه‌ش به دوکتۆر ناسێح قه‌ره‌داخی، سولێمان چیره (هێرش)، نه‌جمه‌دین غوڵامی، عێرفان زه‌نگه‌نه، ئاسۆ دیلان و هه‌مو ئه‌و ئازیزانه ئه‌که‌م که به موحه‌به‌ت و پشتیوانیان هانده‌رم بون که بتوانم ئه‌م به‌رهه‌مه‌تان پێشکه‌ش بکه‌م.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
