زانا دڵشاد دزه‌یی- هه‌ولێر/ هونه‌رمه‌ند دڵنیا قه‌ره‌داخی راگه‌یاند، ئه‌و له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌لبووكه‌ی ئاره‌زوی سازكردنی كۆنسێرتێكی گۆرانی ده‌كرد، به‌ڵام نه‌بوونی هاوكاری ده‌بێته رێگری حه‌زه‌كه‌ی.
ماوه‌یه‌كه ئه‌لبوومه تازه‌كه‌ی دڵنیا قه‌ره‌داخی به ناوی (بۆ كوڕێك) كه‌وتۆته بازاڕه‌وه، له‌وباره‌یه‌وه قه‌ره‌داخی راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌لبوومه‌كه‌ی ئاره‌زووی ساز كردنی كۆنسێرتێكی كردووه، "پێم‌خۆش بوو ئه‌لبوومی (بۆ كوڕێك)، به كۆنسێرتێكی گه‌وره‌ی گۆرانی له شاری هه‌ولێر بڵاوبكه‌مه‌وه، بۆئه‌وه‌ی له رێگه‌ی ئه‌و كۆنسێرته‌وه به ته‌كنیكێكی باش گۆرانییه‌كان بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌م په‌خش بكری، دڵنیام خه‌ڵكێكی زۆری هونه‌ردۆست ئاماده‌یی ئه‌و كۆنسێرته ده‌بوون، به‌داخه‌وه نه‌متوانی ئه‌وه بكه‌م"، هه‌روه‌ها دڵنیا قه‌ره‌داخی ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، كه ئه‌و جۆره كۆنسێرتانه ئاماده‌كاری و هاوكارییه‌كی باشی ده‌وێت و نه‌بوونی هاوكاری به هۆكاری سه‌ره‌كی ساز نه‌كردنی كۆنسێرته‌كه‌ی خۆی گێڕایه‌وه، گوتی "باری دارایم زۆر باش نییه، ئه‌و كۆنسێرته‌ش پاره‌یه‌كی باشی ده‌ویست، هه‌م له ریكلام كردن هه‌میش له كۆكردنه‌وه‌ی مۆسیقاژه‌نه‌كان، له‌به‌رئه‌وه نه‌متوانی ئه‌و كاره بكه‌م".
دڵنیا قه‌ره‌داخی ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌ش كرد ئه‌گه‌رجی هۆڵه‌كانی كۆنسێرت كردن له كوردستان وه‌ك پێویست نین، به‌ڵام ئه‌و له‌به‌ر خۆشه‌ویستی خه‌ڵكه‌كه ئاماده‌یه كۆنسێرته‌كه بكات و ده‌ڵی "خۆشه‌ویستی خه‌ڵكه‌كه وای لێكردووم له ناو باخچه‌یه‌كدا كۆنسێرت بكه‌م، له‌به‌رئه‌وه له كانی كۆنسێرت جه‌ماوه‌رێكی زۆر ئاماده‌ی ده‌بن و توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه دوو سه‌عات به پێوه به‌وه‌ستن بۆئه‌وه‌ی گوێیان له ده‌نگی تۆ بێت، ئه‌وه هانده‌رێكه بۆ هونه‌رمه‌ند وات لێ ده‌كات له هه‌موو هۆڵێك كۆنسێرت بكه‌ی".
قه‌ره‌داخی له باره‌ی وازهێنانی هونه‌رمه‌ند ئاشنا زرار له كاری گۆرانی گووتن نیگه‌رانی خۆی نیشاندا و پێیوایه زۆرجار نه‌بوونی هاوكاری لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان هونه‌رمه‌ند ناچار به‌وه ده‌كه‌ن واز له كاركردن بهێنن، قه‌ره‌داخی هه‌روه‌ك خۆی گوتی "له كوردستان هیچ جۆره هاوكارییه‌ك بۆ هونه‌رمه‌ند نییه، به‌لایه‌نێك ئاشنا حه‌قی خۆیه‌تی وازی هێناوه دڵنیام ئه‌ویش له ئه‌نجامی نه‌بوونی ئه‌و هاوكارییه وازی هێناوه، هه‌رچه‌نده زۆر دڵگرانم ئه‌و بڕیاره‌ی داوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی گۆرانی كوردی هێشتا زۆر پێویستی به بوون و ده‌نگی ئافره‌ته".
Zanadzey@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
