كێبه‌ركێی هونه‌ری له نێوان شاره‌كاندا مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه و له هه‌موو شوێنه‌كانیشدا بوونی هه‌یه، ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا هونه‌ر، به‌ڵكو ته‌واوی بواره‌كانی تری كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش ده‌یبینین له كوردستاندا زه‌قتر ده‌نوێنێ، هه‌ندێ جاریش له ئاستی شارگه‌راییدا خۆی ده‌بینێته‌وه، ئه‌مه‌یان ئه‌گه‌ر دیوێكی نه‌رێنیی هه‌بێت، به‌ڵام به‌دیوه ئه‌رێنییه‌كه‌یدا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر سوودمه‌ند بووه، به‌تایبه‌تی له كوردستاندا ئه‌م كێبه‌ركێیه كه هه‌ندێ جار له ڕكه‌به‌ریدا خۆی ده‌نوێنێ، زیاتر له نێوان هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر و سلێمانیدا ده‌رده‌كه‌وێ.. ئه‌گه‌ر وه‌ك پسپۆڕیه‌تییه‌كیش پێوه‌ست نه‌بێت به‌بواره‌كه‌ی خۆمه‌وه كه گۆرانی و موزیك و هونه‌ری مه‌قامه، به‌ڵام پێموایه بواره‌كه به‌جۆرێك گه‌شه‌ی پێوه دیاره كه خۆله‌قه‌ره‌دانی فره ئه‌سته‌م نه‌بێ، بۆیه لێره‌دا مه‌به‌ستمه بواری شانۆی كوردی بخه‌مه به‌ر ڕۆشناییه‌وه و له‌و كێبه‌ركێ و ڕكه‌به‌رییه‌ی هونه‌رمه‌ندانی سلێمانی و هه‌ولێردا دیالۆگێك بكه‌ین.
به‌پێی قۆناخه‌كان شانۆی كوردی له هه‌ولێردا ئه‌وه‌نده‌ی له قۆناخه‌كانی پێشتردا به‌باڵایی خۆی ده‌نواند، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئێستادا ته‌سك بووه‌ته‌وه، ڕه‌نگه له سلێمانیش له هه‌مان ئه‌و قۆناخه شۆڕشگێڕییه‌دا به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئێستای بواره‌كه‌دا هاوشێوه‌ی هه‌ولێر بووبێ، به‌ڵام زۆرینه‌ی بۆچوونه‌كان پێیانوایه ئه‌و گه‌شییه‌ی له سلێمانیدا ده‌بینرێ، له هه‌ولێردا كه‌متره.. له هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ده‌كرێ بینه‌ری شانۆ له شاره‌كاندا بكه‌ینه نموونه كه لێره‌وه هاوسه‌نگییه‌كانمان بۆ ڕوونتر ده‌بێته‌وه.
له ڕاستیدا بۆ ئه‌م ته‌رزه بابه‌ته پێویستیم به‌وه نه‌بووه كۆمه‌ڵه بۆچوونێكی هونه‌رمه‌ندان بخه‌مه ڕوو، له‌لایه‌كه‌وه مه‌به‌ستمه تا ئاستێك دیده‌كانی خۆم بخه‌مه ڕوو، له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌پێی پێوه‌ندییه فراوانه‌كه‌ی خۆم له‌ته‌ك هونه‌رمه‌ندانی ته‌واوی بواره هونه‌رییه‌كاندا زۆر شتی بۆ كه‌شف كردووم كه بتوانم له‌باره‌یانه‌وه بدوێم.. به‌ڵام دوای هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌لامه‌وه باشترین كه‌س هونه‌رمه‌ند هیوا سوعاد بوو كه بیخه‌مه به‌ر ئه‌و دیالۆگه‌وه و قسه‌مان بۆ بكا، ئه‌دی هیوا سوعاد جگه له‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی دیاری هه‌ولێره له‌م بواره‌دا، هاوكات وه‌ك گه‌نجێك ڕه‌نگه بوێرییه‌كی زیاتری قسه‌كردنی هه‌بێت و ئه‌وه‌شی به‌لاوه نه‌نگی نه‌بێ كه تا ڕاده‌یه‌ك ڕاستییه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ن بسه‌لمێنێ.. لێره‌شدا هیوا سوعاد وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك بۆچوونه‌كانی ده‌رده‌بڕێ نه‌ك وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی هه‌ولێر له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی هه‌رێمی كوردستان.
كه شانۆیی "مه‌مله‌كه‌تی عیله‌ت" له سلێمانیدا نمایش ده‌كرێت و زیاتر له 100 ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌مه‌یان هۆكارێكی له‌دایكبوونی ئه‌م نووسین و دیالۆگه‌یه، چونكه ده‌كرێ بپرسین "تا ئێستا چه‌ند كاری شانۆیی به‌م شێوه‌یه و له‌و كات و ساته درێژانه‌دا له شاره‌كانی تری كوردستان و به‌تایبه‌تیش له هه‌ولێردا نمایش كراوه؟" بێگومان شانۆییه‌كه بینه‌ری به‌رده‌وامی هه‌بووه و ئه‌مه‌ش ئاستی وشیاریی جه‌ماوه‌ری ئه‌و شوێنه ده‌رده‌خات.. ئه‌وه‌ش من ناوم لێناوه وشیاریی جه‌ماوه‌ری ئه‌و شوێنه، ڕه‌نگه له دیدی تردا بۆچوونه‌كان پێچه‌وانه بنوێنن، یان كۆمه‌ڵه هۆكاریك بكه‌نه گه‌یشتن به‌و وشیارییه.. ئه‌وه‌تا هیوا سوعاد ده‌ڵێت: ڕاسته جه‌ماوه‌ری شانۆ له سلێمانیدا به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری هه‌ولێر كراوه‌ترن، ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵه هۆكارێكی له‌پشته‌وه‌یه، سلێمانی شارێكی بچووك و هه‌ولێر شارێكی گه‌وره‌یه، له‌ساڵانی زووه‌وه له‌و شاره‌دا زانكۆ هه‌بووه و له هه‌ولێردا نه‌بووه، ته‌نانه‌ت له 1980وه په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان له سلێمانیدا كرایه‌وه و پێش ئه‌وه‌ش زانۆی سلێمانی هه‌بووه، به‌ڵام له هه‌ولێر تا دوای ڕاپه‌ڕین و له 1992دا په‌یمانگه كرایه‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆری هونه‌رمه‌ندان له‌و قۆناخانه‌ی پێشتره‌وه له ڕێی ئه‌و په‌یمانگه‌یه‌وه دروست بوون، كه ده‌شڵێم شاره‌كه به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ولێردا بچووكه، ده‌توانم بڵێم له‌و قۆناخانه‌ی پێشتردا له‌نێوان هه‌ر 2 و 3 خێزان له سلێمانیدا چه‌ند قوتابییه‌كی زانكۆ و په‌یمانگه هه‌بوون كه ئه‌مه كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر كرانه‌وه‌ی دانیشتوانی ئه‌و شاره هه‌بووه، بێگومان كاریگه‌رییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر بواره ڕۆشنبیرییه‌كانیش كه هونه‌ری شانۆ یه‌ك له‌وانه، به‌ڵام ئه‌و بایه‌خه له هه‌ولێردا نه‌بووه.
هیوا سوعاد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دان به‌و كه‌تواره‌دا ده‌نێ، هاوكات ئاماژه به‌وه ده‌دا كه ئه‌وه‌نده‌ی هونه‌رمه‌ندانی سلێمانی بایه‌خیان به‌جۆریه‌تیی ده‌ق داوه، له‌هه‌ولێردا كه‌متر ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و ده‌ڵێت: ئه‌مه نه‌شه‌رمه و نه‌خه‌وشه، ئه‌وان به‌ر له ئێمه ئاشنا بوون به‌م هونه‌ره، بۆیه له‌وێدا هزری نوێ زووتر شوێنی خۆی ده‌گرێ، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه كه له هه‌ولێردا جه‌ماوه‌ره‌كه به‌یه‌كجاری تووشی داڕمان بووبێ، چونكه هونه‌رمه‌ندانیش له‌م دۆخه به‌رپرسن، كه‌متر خۆیان له‌و ده‌قانه داوه كه جه‌ماوه‌ر خۆی تێدا ببینێته‌وه، به‌ڵگه‌شم ئه‌وه‌یه، ئه‌وه‌تا له شانۆگه‌ریی "فێڵه‌كانی جه‌مۆ" كه ماوه‌ی 5 ڕۆژ له هۆڵی گه‌لی هه‌ولێردا نمایش كرا، هه‌موو ڕۆژه‌كان هۆڵه‌كه پڕ ده‌بوون له بینه‌ر، ئه‌گه‌ر بمانویستبا له تواناماندابوو 10 ڕۆژی تریش نمایشی بكه‌ین، پێشتریش له شانۆگه‌ریی "شاره‌كه‌م"دا هه‌مان ئه‌زموونمان هه‌بووه، كه‌واته جیاوازییه‌كه‌ی بینه‌ری شانۆ له نێوان هه‌ولێر و سلێمانیدا یه‌كجار به‌و گه‌وره‌ییه نییه كه هه‌ندێك جار باس ده‌كرێ.
هیوا سوعاد نموونه‌ی ئه‌وه‌شی هێنایه‌وه كه هۆڵه‌كانی شانۆ له هه‌ولێردا به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ هۆڵه‌كانی سلێمانی زۆر گه‌وره‌ترن، هۆڵی شانۆ له هه‌ولێردا جێی 750 تا 800 كه‌سی لێده‌بێته‌وه، به‌ڵام هۆڵه‌كان له سلێمانیدا جێی 150 تا 200 كه‌سیان لێده‌بێته‌وه، بۆیه ده‌كرێ بڵێین یه‌ك نمایشی شانۆیی له هه‌ولێردا ده‌كاته پێنج به‌رابه‌ری نمایشێكی سلێمانی.
بێگومان هه‌ڵبژاردنی ده‌ق و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر له‌گه‌ڵیدا، كاریگه‌رییه‌كی زیاتری له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی هه‌ر شانۆییه‌كه‌وه ده‌بێت، هه‌ندێ له‌بۆچوونه‌كان ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه ڕوو كه ته‌نانه‌ت هونه‌ری كۆمیدیاش زیاتر له سلێمانیدا گه‌شه، ئه‌مه له هه‌ولێردا كه‌متر خۆی ده‌نوێنێ، هیوا سوعادیش پێیوایه یه‌ك له كێشه‌كانی زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر ئه‌وه‌یه كاتێك باسی هونه‌ری كۆمیدیایان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، به‌چاوێكی بچووكتر له هونه‌ری تراجیدیا لێی ده‌ڕوانن، یان بیریان بۆ ته‌هریج و ئه‌و فیلمه سیدییانه ده‌چێت كه له بازاڕه‌كاندا هه‌ن، هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر كه‌متر كاریان له‌سه‌ر ئه‌م بواره كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیوا گوتی:من وه‌ك ده‌رهێنه‌ر له شانۆگه‌ریی "فێڵه‌كانی جه‌مۆ"دا كارم له‌سه‌ر ئه‌م بواره‌ش كردووه و سه‌ركه‌وتووش بووه، به‌ڵام ده‌خوازێ ئه‌م جۆره كارانه له هه‌ولێردا به‌رده‌وامییان هه‌بێ.
كێشه‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه هه‌موو كه‌س ناتوانێ ئاسان ده‌ست بۆ ئه‌م جۆره ورووژاندنه به‌رێ، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه زۆرێك له هونه‌رمه‌ندان به‌باسكردنی ئه‌و كه‌تواره هونه‌رییه ده‌ڕه‌نجێن، به‌ڵام من مه‌به‌ستم بوو ئه‌و دیواره بڕووخێنین و كراوه‌تر بدوێین كه ڕه‌نگه لایه‌نه باشه‌كانی له خراپه‌كانی زیاتر بێت، دوور نییه له به‌رپاكردنی دیالۆگدا و به‌پێی بۆچوونه جیاوازه‌كان بگه‌ینه كۆكبوون له‌سه‌ر خاڵێكی تری وه‌رچه‌رخان، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند هیوا سوعاد ڕاشكاوانه‌تر بۆچوونه‌كانی ده‌خاته ڕوو و دان به‌به‌شێكی زۆری ڕاستییه‌كاندا ده‌نێ، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت: بۆچی به‌ڕاستییه‌كان دڵگران بین، ئێمه كۆمه‌ڵێك شتمان باس كردووه كه جیاوازییه‌كان ده‌رده‌خه‌ن له كراوه‌یی بینه‌ری شانۆ له‌نێوان هه‌ولێر و سلێمانیدا، خۆ زۆر شتی تریش له هه‌ولێردا هه‌ن كه دیارده‌ی جوانن و له سلێمانی و ڕه‌نگه له شاره‌كانی تریشدا ده‌ست نه‌كه‌ون، بۆ نموونه میواندۆستیی یه‌ك له شانازیه‌كانی هه‌ولێرییه‌كانه، هه‌موو كه‌سێكی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و شاره له هه‌ولێردا به‌ئاسان شوێنی ده‌بێته‌وه و خزمه‌تی ده‌كرێ و ته‌نانه‌ت پێده‌گات، ده‌بینین هونه‌رمه‌ندێكی سلێمانی كه ڕوو له هه‌ولێر ده‌كات، هه‌موو ده‌رگه‌كانی به‌ڕوودا ده‌كرێته‌وه و له هه‌موو لایه‌نێكه‌وه هاوكاری ده‌كرێ، به‌ڵام كه هونه‌رمه‌ندێكی هه‌ولێر ڕوو له‌و شاره ده‌كات، به‌هه‌مان شێوه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ناكرێ، ئه‌مه كه‌توارێكه و پێویست ناكا هیچ كه‌سێك پێی دڵگران بێت.. له‌ڕووی كراوه‌یی دانیشتوانی سلێمانییه‌وه، ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی بواره‌كانی گرتووه‌ته‌وه، ده‌بینین له هه‌ر لایه‌نێك مۆدێلێكی نوێ په‌یدا ده‌بێت، له سلێمانی زۆر به‌زوویی لاسایی ده‌كرێته‌وه و وه‌رده‌گیرێ، به‌ڵام له هه‌ولێردا دره‌نگتر بایه‌خی پێده‌درێ.
بێگومان ئه‌م بابه‌ته زۆر له‌وه زیاتر هه‌ڵده‌گرێ و ڕه‌نگه له داهاتوودا هه‌وڵ بده‌ین فراوانتر بیخه‌ینه به‌ر بایه‌خه‌وه، به‌ڵام پێم باشه ئه‌و بۆچوونه‌ی تریش له بۆچوونه‌كانی هونه‌رمه‌ند هیوا سوعاد بخه‌مه ڕوو كه ده‌یگوت: هه‌ولێر داهاتوویه‌كی پرشنگداری له‌پێشه، چونكه هه‌ولێر پایه‌ته‌خته و بواری زیاتر هه‌یه بۆ هونه‌رمه‌ندان كه تێكه‌ڵ به‌دنیای ده‌ره‌وه‌بن، ئه‌م جیاوازییه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به‌ڕوونی له‌نێو هونه‌رمه‌ندان و گه‌شه هونه‌رییه‌كه‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، كۆلیج و په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانیش ڕۆڵی كارا ده‌گێڕن، جه‌ماوه‌ریش ئێستا به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ جاران زیاتر تێكه‌ڵ به‌هونه‌ر ده‌بن، ته‌نانه‌ت ئافره‌تانیش به‌ڕێژه‌یه‌كی باشتر له جاران ڕۆڵیان له‌م گه‌شه‌پێدانه‌دا دیتووه.
دواجار ده‌ڵێم: هونه‌ری كوردی له هه‌موو بواره‌كاندا به‌پێی قۆناخه‌كان له شوێنه‌كاندا گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، هه‌نێ كه‌ڕه‌ت گۆڕانه‌كان ئه‌رێنی و هه‌ندێكی تریش نه‌رێنی.. ئه‌گه‌ر نا، شانۆییه‌كانی "هه‌بوو نه‌بوو" و "گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان" و "به‌هاری دزراو" و "ته‌قینه‌وه" و زۆری تر له هه‌ولێر و كه‌ركووك و شاره‌كانی تری كوردستاندا، هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی قۆناخه‌كه‌ی خۆی زۆرترین بینه‌ریان هه‌بووه، وه‌گ ئه‌وه‌ی هیوا سوعادیش باسی ده‌كرد كه له هه‌ولێر له ساڵانی هه‌شتاكاندا كاتێك شانۆگه‌ری نمایش ده‌كرا، به‌هۆی زۆریی بینه‌ر و بایه‌خدانیان به‌و هونه‌ره، چه‌ندان جار خۆپێشاندانی لێكه‌وتووته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
