زۆر جار وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره و داهێنه‌ر باسی مامۆستا ئه‌حمه‌د سالارم كردووه كه ده‌هێنێ له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه به‌یه‌ك له شانازییه‌كانی كوردی بچوێنین، هاوكات لاوازییه‌كه‌یشم له هونه‌ری كارگێڕیدا خستووه‌ته به‌ر ئاماژه‌وه، چونكه له ده‌ره‌وه‌ی داهێنانه هونه‌رییه‌كانه‌وه، ئه‌حمه‌د سالار و كارگێڕی ئاسمان و ڕێسمانیان نێوانه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه له‌سه‌ری بوه‌ستم، ئه‌و ده‌ستكێشانه‌وه دره‌نگ وه‌خته‌یه‌تی له سه‌رۆكایه‌تیكردنی ڕێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان، له‌وه‌ش واوه‌تر مامۆستا هۆكاری ده‌ستكێشانه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه گه‌ڕاندووه‌ته‌وه كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه ئاوڕ له ڕێكخراوه‌كه نادرێته‌وه، بۆیه مه‌به‌ستمه له‌سه‌ر ئه‌م دیوه‌یان بوه‌ستم.
به‌ڕێزیان جگه له ساڵانی پێشتر، له ساڵی 2000یشه‌وه سه‌رۆكایه‌تیی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان و پاشان ڕێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كردووه و له‌و ماوه‌یه‌شدا به‌رده‌وام ئه‌و هه‌ڵكشان و داكشانه‌ی دیتووه، چجای هه‌قه تازه‌به‌تازه د‌رك به‌كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان بكات؟، له كاتێكدا باش ده‌زانێ حكوومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری هه‌رچه‌ند به‌رامبه‌ر به‌هونه‌رمه‌ندان كه‌مته‌رخه‌م بووبن، له‌گه‌ڵ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی خودی ڕێكخراوه‌كه به‌راورد ناكرێ كه ده‌رهه‌ق به‌هونه‌رمه‌ندان نواندوویانه، بۆیه ئه‌سته‌مه مامۆستا بتوانێ سووك و ئاسان به‌و هۆكاره ڕازیمان بكات.
من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم كه‌مته‌رخه‌میش بووبێ به‌رامبه‌ر به‌هونه‌رمه‌ندان، به‌ڵام لانیكه‌م مانگانه ده‌یان ملیۆن دیناری بۆ زیندوو ڕاگرتنی ڕێكخراوه‌كه خه‌رج كردووه، كه‌چی تا ئێسته نه‌یانتوانیوه ڕێكخراوه‌كه‌ش دیموكراتیزه و ڕێكبخه‌ن و كاره‌كانیشیان له‌ئاست ئه‌و بودجه زه‌به‌لاحه‌ی به‌رده‌ستیاندا نه‌بووه.. ئه‌دی خۆ مامۆستا ئه‌حمه‌د سالار یه‌كه‌م كه‌س بوو ئاماده‌ی گوێگرتنی ڕه‌خنه‌كانی من و هونه‌رمه‌ند لالۆ ڕه‌نجده‌ر نه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌كه‌موكورتییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه، له كاتێكدا ته‌واوی ڕه‌خنه‌كان له‌پێناو گه‌شه‌پێدان و داكۆكیكردن بوو له هونه‌رمه‌ندانی كوردستان، دژایه‌تیی یه‌كه‌میش هه‌ر له به‌ڕێزیانه‌وه ده‌ستی پێكرد و پاشان په‌لی هاویشت بۆ كه‌سانی تری نێو ئه‌نجوومه‌نی ڕێكخراو.. سه‌یره! كه‌سێك ئاماده‌ی گوێگرتن له ڕه‌خنه‌ی هاوپیشه‌كانی خۆی نه‌بێت و ئێسته‌ش ڕه‌خنه له حكوومه‌ت بگرێ!.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌ست و په‌نجه‌كانی مامۆستا ئه‌حمه‌د سالار ده‌گوشم و ستایشی ئه‌و دانپێدانانه‌ی ده‌كه‌م كه ڕێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی به‌و لاوازییه چوواندووه وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئاژانسی ئاكانیوز و سایتی چاو‌دێر و شوێنه‌كانی تردا ڕایگه‌یاندووه، هاوكات ئه‌م بڕیاره هه‌رچه‌ند بڵێی دره‌نگ وه‌خته، به‌تایبه‌تیش بۆ هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره و ڕۆشنبیری وه‌ك ئه‌حمه‌د سالار كه ده‌بوو به‌ر له هه‌موومان دركی به‌و واقیعه بكردایه و له‌ئاست پێویست و له گه‌رمیدا هه‌ڵسوكه‌وتی له ته‌كدا بكردایه، وه‌ك له ڕاگه‌یاندنێكدا خۆی له‌باره‌ی ڕه‌خنه‌گرتن له حكوومه‌ته‌وه گوتوویه‌تی "ئاسنی سارد كوتانه‌وه‌یه" ئه‌دی خۆ مامۆستا ده‌یتوانی به‌گه‌رمیش ئه‌و ئاسنه بكوتێته‌وه، كه‌چی داخه‌كه‌م نه‌یكوتی.
له‌مێژه گوتوومه ڕێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان ڕێكخراوێكی ناڕێكخراو و خانه‌وێرانه و چه‌ندان پێشنیازیشم بۆ باشتركردنی خسته ڕوو، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له ئه‌رشیفی خۆمدا پاراستوومن، كه‌چی مامۆستا له سه‌رووی ته‌واوی سه‌رانی ڕێكخراوه‌كه‌وه نه‌ك هه‌ر ئاماده‌ی گوێگرتنی نه‌بوو، ته‌نانه‌ت به‌ده‌ست كێشانه‌وه‌كه‌شم له سه‌رۆكایه‌تیی ناوه‌ندی كه‌ركووك ڕازی نه‌بوو و ڕۆڵی سه‌ره‌كیی له وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافی ئه‌ندامه‌تیم له ڕێكخراوه‌كه‌دا گێڕا، ئه‌دی ئه‌گه‌ر هه‌ستی دیموكراسی له‌لای كه‌سێك له‌و ئاسته‌دابێ، چۆن ڕێگه‌ی ڕه‌خنه‌گرتن له‌لایه‌نه‌كانی تر به‌خۆی ده‌دا؟.
له ده‌ره‌وه‌ی كاره ئیدارییه‌كانه‌وه، من مامۆستا ئه‌حمه‌د سالار به‌كه‌سایه‌تییه‌كی فره گه‌وره له هونه‌ردا ده‌بینم كه هه‌میشه جێی شانازیم بووه، به‌ڵگه‌شم ئه‌وه‌یه له‌نێو دنیایه‌ك ڕێزنامه و سوپاسنامه كه له‌لایه‌ن به‌رپرسان و سه‌ركرده‌كانی كورده‌وه هه‌مبه‌ر به هونه‌ر و سه‌ركه‌وتنه ئیدارییه‌كانمه‌وه پێشكه‌شم كراون، له ماڵه‌كه‌ی خۆمدا ته‌نیا ڕێزنامه‌ی مامۆستایان ئه‌حمه‌د سالار و فه‌له‌كه‌دین كاكه‌ییم وه‌ك دوو كه‌سایه‌تیی ڕۆشنبیر هه‌ڵواسیوه و تا ئه‌به‌د شانازی به ئیمزاكه‌یانه‌وه ده‌كه‌م.. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه ڕێی ئه‌وه‌م لێناگرن ڕه‌خنه ئاراسته‌ی كه‌موكورتییه‌كانی هه‌ر ئازیزێك بكه‌م.
بۆیه پێموانییه ده‌سكێشانه‌وه‌كه‌ی مامۆستا ئه‌حمه‌د سالار له‌و ڕێكخراوه كاریگه‌رییه‌كی مه‌زن جێبهێڵێت و ڕه‌وتی وێرانه‌یی ڕێكخراوه‌كه‌ش چاك بكات یان په‌كی بخات، چونكه ئه‌گه‌ر به‌ڕاست مه‌به‌سته‌كه ته‌نیا ئه‌و ڕه‌خنانه بێ كه ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و حكوومه‌تی هه‌رێم كراون، جیا له‌وه‌ی ئێمه‌مانان ده‌مێكه ئه‌و ڕه‌خنانه‌مان گرتووه، هاوكات ده‌بوو ته‌واوی ئه‌ندامانی تری ئه‌نجوومه‌نی باڵای ڕێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان مانیان بگرتایه و ده‌ستان بكێشایه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا سه‌رجه‌میان بێهه‌ڵوێست ده‌بوون.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
