ئه‌گه‌ر له من بپرسی بۆ ئه‌و ناونیشانه‌ت بۆ وتاره‌كه‌ت هه‌ڵبژاردووه، ره‌نگه وه‌ڵامێكی سه‌رنج راكێشت پێ نه‌ده‌م، چونكه خۆشم نازانم مه‌به‌ست له زێری ته‌ر چییه؟یان بۆچی كراوه‌ته ناونیشانی كارێكی سینه‌مایی، هه‌ر هێنده ده‌زانم له ساڵی 87سه‌ده‌ی رابردوو (ئه‌گه‌ر له مێژووه‌كه به هه‌ڵه نه‌چوو بم) فیلمێكم له سینه‌مای (سه‌ڵاحه‌دین) ی شاری هه‌ولێر بینی به ناوی (زێری ته‌ر)، لێم مه‌پرسه ئه‌و فیلمه باسی چی ده‌كرد، چیرۆكی فیلمه‌كه چی بوو؟ چونكه خۆشم نازانم، هه‌ر هێنده ده‌زانم فیلمێك بوو باسی له چه‌ند كچ وكورێكی گه‌نج ده‌كرد، له ناو پاپۆرێكدا كچه‌كان شۆرتی كورتیان له به‌ر بوو.
گرنگ لێره‌دا یه‌ك شته، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه سینه‌مای ساڵانی هه‌شتاكانم بیر ده‌كه‌وێته‌وه، سینه‌ما شوێنێك بوو، هه‌موو كه‌سه جیاوازه‌كانی كۆ ده‌كرده‌وه، زۆربه‌ی ده‌شته‌كییه‌كان له به‌رده‌می سینه‌ما مه‌وعیدیان له گه‌ڵ یه‌ك داده‌نا، هه‌موو ده‌شته‌كیه‌كانیش له به‌رده‌م سینه‌ما جگه‌ره‌ی مۆریان ده‌كێشا به تایبه‌تی رۆژانی چه‌ژن، من عاشقی سینه‌ما بووم، به‌ر له‌وه‌ی بزانم هونه‌ری حه وته‌م یه‌عنی چی؟چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كچێكی خۆشه‌ویست به منی وت" ئه‌گه‌ر شتێ به یه‌كمان بگه‌ینێ سینه‌مایه، ئه‌گه‌ر له‌و شته‌ش به‌یه‌ك نه‌گه‌ین؟، هیچ شتی تر كۆمان ناكاته‌وه، خۆت ماندوو مه‌كه" هه‌رچه‌نده له ده‌ستدانی ئه‌و كچه بۆ من ناخۆش بوو، به‌ڵام بۆم نه‌كرا عه‌شقی خۆم بۆ سینه‌ما هه‌روا به هه‌رزه‌گۆیی ئاشكرا بكه‌م وه‌ك ئه‌وه بوو كچێكی پاكیزه‌م خۆش‌ویست بێ، له خه‌ڵكی بشارمه‌وه، من ئێستا ده‌ڵَێم عاشقی ئه‌و هۆڵه تاریكه‌م كه هه‌زاران كه‌س كۆ ده‌كاته‌وه، هه‌موویان ده‌كاته پاڵه‌وان، دیاره من له هه‌شته‌كان زۆربه‌ی فیلمی سینه‌ماكانی هه‌ولێرم بینی، دوای خواردنی گه‌سێك له به‌رده‌م سینه‌ماكه، دوای بلیت برین، ئه‌وجا نۆره‌ی بینینی فیلم بوو، یان ئیبراهیم تاتلیس بوو كه له كۆتایی زۆربه‌ی فیلمه‌كان ده‌مرد، یان جه‌یلان وئیمرای توركی بوو به هه‌توی خۆیان خه‌ڵكیان خه‌مبار ده‌كرد، یان بانولكان بوو كه پر بوو له شه‌هوه‌ت، یان فیلمی هیندی بوو، كه‌له زۆربه‌ی فیلمه‌كان دایك یان باوك یان كور یان كچ ون ده‌بوون، له كۆتایی فیلمه‌كه‌ش به یه‌كتر شاد ده‌بوونه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره فیلمانه‌ش نه‌بوایه، ئه‌وا ده‌بوایه به نوكته‌كانی جاكشان پێ بكه‌نیت، ئه‌وانه هه‌ندێك جار نیگه‌رانی ده‌كردم.
چونكه به درێژای هه‌شتاكان نه‌مدیت خێزانێك روو بكاته سینه‌ما، ته‌نها له فیلمیی (نێرگز بووكی كوردستان) ه نه‌بێ، له كۆتایی ساڵ نه‌وه‌د نه‌بێ، كه چه‌ند خێزانێكم بینی له سینه‌ما سیروانی شاری هه‌ولێر، ئه‌وانیش زیاتر بۆ بینینی عه‌لی یه فه‌ندی هاتبوون، چه‌ند ساڵێك، رۆژانه دوو بلیتی سینه‌مام ده‌بری، فیلمێكی نایابم نه‌دی، تا ئێستا بۆتان بگێرمه‌وه، بۆیه ئه‌و ساڵانه به ته‌واوی له سینه‌ما نا ئومێد بووم، چونكه ده‌مزانی سینه‌ما له لای ئێمه به خیلاعیه‌ت به‌ستراوه، خه‌ڵك بۆ بینینی فیلمی نایاب عه‌وداڵ نییه، ئه‌وه‌ش راست ده‌ركه‌وت چونكه له دوای ساڵی دوو هه‌زار، هه‌ندێك له سینه‌ماكان وه‌ستان وروخێنران، هه‌ندێكی تریش هه‌موو كاره‌كانیان له نمایشكردنی فیلمی سێكسی چر كرده‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانم تا به‌یانی ستایشی بوونی سینه‌ماكانت بۆ بكه‌م، كه ئێستا نه‌ماون، سینه‌مایه‌ك ته‌مه‌نی زیاتر له هه‌شتا ساڵ بوو، زۆر به بێ ده‌نگی له شاره‌كه‌ی من روخێنراو، كرا به گه‌راج، میلله‌تی ئێمه نابێته خاوه‌نی شتێك، هه‌موو شته‌كان له كۆتاییدا به ناوی كه‌سێك ده‌كرێت ویان ده‌فرۆشرێت، كه‌سیش ده‌نگ ناكات، ئه‌وه‌یان كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه.
له دوای ساڵی 2000 خه‌ڵكی ئێمه كه‌وتنه خه‌یاڵی فیلمسازی، تۆ ته‌سه‌وری ئه‌وه بكه، خه‌ڵكانێك نه‌توانن هۆڵی سینه‌مایان به‌رێوه‌به‌رن، خه‌ڵكانێك نه‌توانن هاوڵاتییان به شاكاره‌كانی سینه‌ما جیهانی ئاشنا بكه‌ن، ده‌بێت چ خه‌یاڵێكیان بۆ فیلمسازی هه‌بێت، دیاره من له فیلمسازی كوردی به گومان بووم، چونكه به‌لای منه‌وه فیلم رۆمانێكی وێنه‌ییه، ئه‌گه‌ر میلله‌تێك ده رۆمانی جوانی نه‌بێت، ناتوانێت، ببێته خاوه‌نی سینه‌ما، دیاره به هۆی براده‌رێكه‌وه ئه‌و گومانه‌م بوو به یه‌قیین، براده‌رێكم كاتێك باسی ئه‌و فیلمسازییه‌ی كوردی بۆ ده‌كرد به به‌ڵگه‌وه قسه‌ی ده‌كرد، ئامار‌و حیساب وكیتابی زۆری سه‌یری لا بوو، به هۆی ئه‌و براده‌ره‌وه زانیم چ ده‌زییه‌ك له هونه‌ر ده‌كرێت، تۆ ته‌سه‌وری ئه‌وه بكه، دزیین له هونه‌ر چ كاره‌ساتێكه؟ كاتێ ئه‌و براده‌رمه باسی ئه‌و ماڵوێرانییه‌ی بۆ ده‌كردم كه ناوی سینه‌مای كوردییه، من زێری ته‌رم بیرده‌كه‌وته‌وه، نازانم بۆ؟ به‌ڵام خۆزگه‌م به‌و رۆژانه ده‌خواست كه فیلمێكی بیانییم له سینه‌ماكانی شاره‌كه‌م ده‌بینی.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
