كه‌س نییه له‌م دونیایه‌دا له نووسه‌رو رۆشنبیر‌و هونه‌رمه‌ند هه‌ستیارترو كه‌ساسترو بێنه‌واتر، له هه‌موو روویه‌كیشه‌وه.. له ئابووییه‌وه بگره تا به
كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و كه‌سایه‌تی ده‌گات.. !
نووسه‌ر كه‌سێكه دووچاری شێرپه‌نجه‌ی خوێندنه‌وه‌و نووسین بووه.. پێویستی به‌ده‌رامه‌ت و دراوه بۆ كڕینی كتێب و رۆژنامه‌و گۆڤار‌و ته‌نانه‌ت سیدیش.. نووسه‌رو هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه له بواری خوێندنه‌وه‌و نووسین زیاتر هیچ شتێكی دیكه‌ی دونیایی ئیغرای ناكات.. نانێكی ئاسایی و قومێك ئاوی ساردی هه‌بێت، به‌ڵام جێگه‌و شوێنێكی هێمنی ده‌ستبكه‌وێت بۆ بیركردنه‌وه و نووسین، ئیتر ئه‌وه ئه‌وپه‌ڕی ئاواتییه‌تی..
ئه‌وه‌نده‌ش قه‌ناعه‌تی هه‌یه كه ژوور‌و هه‌یوانێكی هه‌بێت به‌سییه‌تی، كرێچی بێت یان به‌ڕێكه‌وت له باوكه‌وه بۆی مابێته‌وه ئه‌وه بۆخۆی پاشایه و جێگیر و سه‌قامگیره.. بۆڵه‌بۆڵی به‌سه‌ر كه‌سدا نییه.. به‌ڵام له‌ڕاستیدا زۆرینه‌ی نووسه‌رانی راسته‌قینه و هه‌قبێژ وسه‌ربه‌ست و سه‌ربه‌خۆ له‌ڕووی ئابوورییه‌وه كه‌مده‌رامه‌تن و نه‌دارو هه‌ژارن.. له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه كێشه‌و ئاریشه‌یان زۆره، یان مناڵێكی زۆریان خستۆته‌وه.. یان كرێچین یاخود ته‌ندروستی خێزانیان باش نین.. !
له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه نووسه‌رو هونه‌رمه‌ند كه‌سێكن هه‌میشه په‌شێوو نیگه‌ران و وه‌سواس و نائومێدن، خه‌مۆكی و دڵه‌ڕاوكی خه‌سڵه‌تی كه‌سایه‌تی زۆرینه‌یانه.. ئاسووده و به‌خته‌وه‌ر نین.. خه‌میان ئێجگار زۆره.. مامه خه‌مه‌ن.. خه‌م له هه‌موو شتێك ده‌خۆن.. له هه‌موو شتێك ده‌كۆڵنه‌وه.. ئه‌وه‌ی زۆر برینداریان ده‌كات ئه‌وه‌یه كه نایه‌كسانی و نادادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ناشه‌رعییانه ده‌بینن و ده‌بیستن.. ئیتر گڕیان لێده‌بارێت.. دڵیان ده‌گووشرێت، كاتێكیش كوڕه مه‌نسول و به‌رپرس و نووسه‌رانی حیزبی ده‌بینن كه چۆن هایلایڤ ده‌ژین، ته‌واو بێزاری و خه‌مگینی بیركردنه‌وه‌یان داده‌پۆشێت و قه‌ڵه‌می نا‌ئومێد ده‌بن و له نیشتمان و له ژیان ده‌تۆرێن.. بۆچی؟؟ چونكه نووسه‌رو هونه‌رمه‌ند زۆر هه‌ستیارو دڵناسكن.. كه‌سێكن بۆ وڵات و میلله‌ت ده‌سووتێ.. هوزارێكنو بۆ نیشتمانه‌كه‌یان ده‌چریكێنن.. به‌ڵام كه ده ناهه‌قی ده‌بینن و ده‌بیستن.. خوێن له‌دڵیانه‌وه به‌ره‌و چاویان سه‌رئه‌كات.. به‌رچاویان تاریك ده‌بێت.. تووڕه ده‌بن.. قسه‌ی هه‌ق وڕه‌ق ده‌كه‌ن.. خۆیان نانبڕاوده‌كه‌ن (وه‌كو به‌نده!!)
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕاسست ده‌وێت، له‌گه‌ڵ هه‌موو ناوهێنانێكی وڵات و نیشتماندا: به‌تایبه‌ت له هه‌نده‌ران و له كه‌ناڵه بیانیه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌جێ چاویا قه‌تیس ده‌مێنێ و دڵیان په‌له‌په‌ل ده‌كات و زۆرجاریش ده‌ده‌نه پڕمه‌ی گریان، دڵیان ئه‌وه‌نده سپییه له شێوه‌ی دڵی مناڵێكدا هیچی تیا نییه‌و دوای تووڕه‌بوونه‌كه‌یان خۆیان له هه‌ڵوێسته تونده‌كه‌ی خۆیان په‌شیمانن كه خوایه دڵی كه‌سی تریان ئه‌زییه‌ت نه‌دابێت... !
له‌به‌رئه‌وه وه‌زیری هێژا.. وه‌زاره‌تی رۆشنبیری به‌ڕێزی كوردستان، ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان ئه‌وه‌نده‌ی دیكه نائومێدترو دڵشكاوترو كه‌ساسترو بێنه‌واتر بین؟
پێتان خۆشه تووڕه‌ترو تۆراوترو بێ ئینتماتر بین بۆ هه‌موو شتێكی ئه‌م زێده شیرینه؟
ئه‌وه‌تا له سلێمانی هه‌موو پێنجی مانگێك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕێزلێنان ده‌رگای كراوه‌یه‌و پۆلێك له نووسران و هونه‌رمه‌ندانی بێ مووچه‌ی حكومه‌ت، به باخه‌ڵی گه‌رمه‌وه ده‌چنه‌وه ماڵه‌وه.. ئه‌وه‌ی ده‌ساڵ خزمه‌تی هه‌یه سه‌دو په‌نجا هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت.. ئه‌وه‌ی پازده‌ساڵ خزمه‌تی هه‌یه دووسه‌دهه‌زار وه‌رده‌گرێت و... .. تاد. به‌ڵام ده‌ساڵی وه‌زاره‌ت شه‌ست هه‌زاره‌و پازده‌ساڵیش حه‌فتاو پێنج هه‌زار وه‌رده‌گرین.. !
به نیسبه‌ت به‌نده‌وه: ئه‌مساڵ ده‌بێته بیست‌ودوو ساڵ خزمه‌تی نووسینم هه‌یه‌و كه‌چی هێشتاكه حه‌فتاو پێنج هه‌زاره‌كه وه‌كو خۆیه‌تی و زیادی نه‌كردووه.. ئه‌مه‌ش گله‌یی خودی خۆم!
به‌ڕێزان وا نزیكه‌ی بۆ 9 نۆ مانگ ده‌چێت ئه‌م ڕێزلێنانه‌تان پێنه‌داوین.. خۆ ئه‌گه‌ر ته‌نها پشتمان به‌م مووچه‌یه ببه‌ستایه له برسانا ده‌مردین و له‌ژێر قه‌رزدا چاومان ده‌رده‌هات.. !
به‌ڕێزان حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه‌شتان پێڕابگه‌یه‌نم كه نووسه‌ران وهونه‌رمه‌ندانی به‌غداد مووچه‌ی 375 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن و ساڵانه ده‌توانن سولفه‌ش بكه‌ن.. له‌به‌رئه‌وه تكایه ئه‌و ڕێزلێنانه‌مان بۆ هه‌موار بكه‌نه‌وه چونكه ئه‌و بڕه مووچه‌یه زۆر كه‌مه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ڕێزلێنانه‌كه‌ی سلێمانی و به‌غدادا كه (مانگانه‌ش وه‌ریده‌گرن) !!
ئێستا خۆشبه‌ختانه وه‌زاره‌تی دارایی یه‌كیگرتۆته‌وه و هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌ماوه له مه‌سه‌له‌ی دوو ئیداره‌كه‌دا، له‌به‌رئه‌وه پێویسته نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی هه‌ردوو ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی سلێمانی و هه‌ولێر وه‌كو یه‌كتری ڕێزلێنان وه‌ربگرن و كه‌سی ئه‌ملا ئیره‌یی به كه‌سی ئه‌ولا نه‌بات.. !!
برایانی زۆر به‌ڕێزم: ئه‌گه‌ر به نیازن ئه‌و بڕه ڕێزلێنانه‌مان ببڕن و ببینه قوربانی ئه‌م قه‌یرانی بوودجه و ته‌قه‌شوفی داراییه، ئه‌وا سووك و باریك پێمان بڵێن و با چیبدیكه چاوه‌ڕوان نه‌بین، چونكه چاوه‌ڕوانی بۆ شه‌یتانیش دژواره... !! سلێمانی 31ی3ی2009
ئه‌و نووسینانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
