كێشه له‌گه‌ڵ وتاری ئیسلامیی توندڕۆدا له‌وه‌دایه ئه‌و به‌زمانێكی مرۆڤیانه نادوێ، زمانه‌كه‌ی زمانی دڕنده‌یه نه‌ك مرۆڤ. زمانی مرۆڤ ده‌بێ به‌لای هندكه‌وه نیانییه‌كی تێدا بێ تا مرۆڤ له ئاستیدا نه‌تۆقێ و هه‌ڵنه‌یه. هه‌مووشیان له‌م نه‌ریته‌دا وه‌ك یه‌كن، له مه‌لا و كۆلكه مه‌لایه‌كی ده‌سوه‌شێنه‌وه تا ده‌گا به‌حزبێكی خۆ به‌سه‌لامه‌ت ره‌پێشكه‌ر. من نیازم نه‌بوو له وتاره‌كه‌ی پێشووم له‌باره‌ی كێشه‌كه‌ی كۆواری "وێران"ه‌وه زیاتر شتێك بنووسم. به‌ڵام راگه‌یاندنه ئاگراوییه‌كه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی ناچاری كردم جارێكی تر بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ری. خۆزیاش ئه‌و راگه‌یاندنه به‌ده‌ستی هه‌رزه و نه‌فام نه‌نووسرایه و ناوه‌ڕۆكێكی هزریی تێدا بوایه تا مرۆڤ بیتوانیایه دانوستاندنێكی له‌گه‌ڵدا بكا. چی ده‌كه‌ی؟ كوردی كڵۆڵ له‌وه‌ش بێبه‌شه ته‌ڤگه‌ره ئیسلامییه‌كانی له هی ئۆمه‌ت بچن.
"كۆواری وێران كه‌تنێكی كردووه"، با بڵێین ئه‌مه وایه، به‌ڵام ئه‌و كۆواره نه‌ئه‌وه‌نده ناسراو و ناوداره ئه‌و ته‌نگژه گه‌وره بهێنێ و نه‌تیرێژه‌كه‌شی ئه‌وه‌نده به‌رزه كاری كردبێته سه‌ر هزری كۆمه‌ڵگه. پرسه‌كه ئه‌وه‌نده گه‌وره نییه ئه‌و گه‌له‌كۆمه‌كییه به‌رهه‌ڵدایه بخوازێ. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وان به‌م كاره‌یان بوونه سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی كۆواره‌كه ناو ده‌ربكا و خه‌ڵك پرسیاری بكه‌ن. ئامانجی شاراوه‌ی ئه‌وان ئه‌وه‌یه ته‌نگژه‌یه‌كی وا بنێنه‌وه، ترس و تۆقێن بێنێته كایه، به‌حسێبی خۆیان ته‌ناهی و هێوری له ده‌سه‌ڵات ده‌شێوێنن. ئه‌مه‌ش نه‌ریتیانه و چه‌ندان ساڵه بۆیان چووه‌ته سه‌ر. به‌رده‌وام هونه‌رمه‌ند و رۆشنبیر ده‌تۆقێنن و كه‌س به‌ده‌نگ نایه، ته‌نانه‌ت ئه‌و نووسه‌ره‌ی ماتریالیزمی دیاله‌كتیك و مێژووییشی كردووه به‌كوردی، ئه‌مڕۆ له ترسانه داوا ده‌كا یاسای كوردستان باشتر له‌وه‌ی هه‌یه ئاین بپارێزێ.
به‌ڵام من لێیان ناترسم، له ژیاندا له مرۆڤی لێهاتی و ژیر ترساوم و شه‌رمم كردووه نه‌ك له ده‌به‌نگ و داماو. بۆ ئه‌مه‌ش پشتم به‌كه‌س نه‌به‌ستووه. داواش ده‌كه‌م كه‌س له‌سه‌رم نه‌كاته‌وه. شه‌ڕی هێزگه‌لی تاریكیپه‌روه‌ر به‌لای منه‌وه به‌شانازی دێته ژمار و حه‌ز ناكه‌م كه‌س له‌گه‌ڵمیدا به‌ش بكا.
پرسی ئه‌م خۆ به‌ئیسلامزانانه كورت و ئاشكرایه، له دوو هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كه‌ی پێشوودا بۆڕیان خوارد. حزبه نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی كوردستان بردیانه‌وه و سه‌ركه‌وتنی مه‌زنیان به‌ده‌ست هێنا به‌تایبه‌تی پارتی. ئه‌مه شێت و شووری كردوون. له پاش ئه‌و دوو هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌ست ده‌كه‌ن تووشارن به‌ده‌ردی مردن و پووكانه‌وه. بۆیان ده‌ركه‌وت ئه‌و خه‌یاڵه‌ی له‌سه‌ری خه‌وتبوون پووچ بوو. له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ساڵی 1992ه‌وه تا ئه‌مڕۆ نه‌ك پێشكه‌وتنیان نه‌بووه، بگره به‌ره‌و دواوه‌ش گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
دۆڕان ناخۆشه بێگومان. پووچ ده‌رچوونی به‌رنامه مرۆڤ په‌رێشان و ریسوا ده‌كا، ڕاسته. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مرۆڤ مرۆڤێكی هه‌ست به‌به‌رپرسیاریكه‌ر بێ، سوود له دۆڕان وه‌رده‌گرێ و به‌خۆیدا ده‌چێته‌وه. ئه‌وان له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌خۆیاندا بچنه‌وه، خۆیان تووشی هیستیریا كردووه. براینه: كه‌وتن شه‌رم نییه هه‌ڵنه‌ستانه‌وه شه‌رمه. وا بڕوا زیاتریش ده‌ته‌پن.
نموونه‌یه‌ك ده‌هێنمه‌وه له وتاری ئه‌م بزاوه ئیسلامییانه كه شایه‌نی گاڵته پێكردن و به‌زه‌یی پێداهاتنه‌وه‌شه. له رۆژانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا گوێم له ڕادیۆی كۆمه‌ڵ بوو ده‌یگوت ئه‌گه‌ر ده‌نگمان پێ بده‌ن ئه‌وا له‌سه‌ر پردی سیرات شه‌فاعه‌تتان بۆ ده‌كه‌ین له‌لای خوا و پێغه‌مبه‌ر. له‌م سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مه‌دا گریانت بۆ یه‌كێك دێ وا بیر بكاته‌وه، یان پێی وا بێ خه‌ڵك باوه‌ڕ به‌م فڕوفیشاڵه ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی ئێستاش به‌بۆنه‌ی شیعره‌كه‌ی وێرانه‌وه ده‌یكه‌ن داماوییه‌كه له جۆری ئه‌وه‌كه‌ی پردی سیرات، گه‌وجانه‌تریشه. ئاخۆ تا ئێستا كه‌س به‌هۆی شیعرێكه‌وه گه‌یشتووه به‌كورسیی ده‌سه‌ڵات؟ ئه‌مه ته‌نیا له‌خۆ و له خه‌ڵك شێواندنه. بێگومان ناتوانن له خه‌ڵك بشێوێنن، ئه‌وان به‌رده‌وام له خۆیان ده‌شێوێنن. له‌به‌رئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی به‌ته‌مای په‌ڕینه‌وه‌ی بێ سه‌رئێشه بێ له پردی سیرات، ده‌زانێ ده‌بێ به‌كرده‌وه‌ی خۆی پێی بگات نه‌ك به‌ده‌نگدان به‌بزووتنه‌وه‌گه‌لی ئیسلامی. خه‌ڵكی ئه‌م وڵات و ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌وه‌نده له مێشكدا رووت و ره‌جاڵ نین نه‌زانن ئه‌م هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانه كاری ئه‌م دنیایه‌یه نه‌ك ئه‌و دنیا. ئه‌وه‌ی بیه‌وێ بگا به‌كورسیی ده‌سه‌ڵات ده‌بێ به‌رنامه‌ی بۆ ئه‌م دنیایه هه‌بێ، كه‌س نازانێ له‌و دنیا چی روو ده‌دا و كێ له‌وێ بۆ كێ ده‌پاڕێته‌وه.
بابێمه‌وه سه‌ر ڕاگه‌یاندنه ئاگراوییه‌كه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی كه ته‌نیا یه‌ك شت تیایدا هه‌ڵوه‌سته‌ی پێ كردم، ئه‌ویش ئه‌و په‌رۆشی و خه‌مباری پێشاندانه‌یه بۆ ئاینی مه‌سیحییه‌ت و یه‌هوودییه‌ت. ئه‌رێ خێره؟ ئه‌وه چه‌ندان ساڵه له‌م شاری مووسڵه‌ی ته‌نیشتمان رۆژانه په‌یڕه‌وكارانی ئاینی مه‌سیحی قه‌ڵاچۆ ده‌كرێن و نه‌مانزانیوه ئێوه بزه له لێوتان كه‌وتبێ، وا ئه‌مڕۆ بوون به‌خه‌مخۆر و سووتاویان. له هه‌موو ئاینه‌كاندا مرۆڤ رێز لێگیراوترین بوونه‌وه‌ره، ته‌نانه‌ت ئاینه‌كان خۆیان بۆ رێز لێگرتن و پارێزگاری له سه‌روه‌ریی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤ هاتوون. به‌ڵام وتاری فریوده‌ری ئێوه ئه‌م دوو شته به‌جیا ده‌بینێ. به‌هه‌مان وتار په‌یڕه‌وكارانی مه‌سیح دێنه كوشتن، شیوه‌نیش بۆ پیرۆزیی مه‌سیح و ئاینه‌كه‌ی دێته كردن. گه‌لۆ ئه‌مه چ مه‌هزه‌له و سه‌رلێشێواوییه‌كه.
ئه‌و عیسایه‌ی ئێوه خۆتان وا پێشان ده‌ده‌ن كه‌وا بۆی نه‌ماون و ده‌ڵێن سووكایه‌تیی پێ كراوه، له كۆمه‌ڵگه‌ی په‌یڕه‌وكارانی خۆیدا له ئه‌وروپا، كراوه به‌تابلۆ و وێنه‌ی كاریكاتۆری و كه‌سیشی بۆ سه‌ر نه‌بڕاوه. ئه‌وان پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی خۆیان خۆش ده‌وێ، به‌دڵۆڤان و په‌پووله‌ی سه‌ر گوڵانی ده‌بینن نه‌ك به‌دڕنده‌ی دڵتۆقێن.
باسی ئه‌وه ناكه‌م تا چه‌ند له گریان و شیوه‌نتان بۆ پێغه‌مبه‌ر و پیرۆزییه‌كانی یه‌هوودییه‌ت ڕاستی نه‌وێژ و چه‌واشه‌كارن. بۆتان بچێته سه‌ر له چركه ساتێك‌دا هه‌رچی جووله‌كه‌ی سه‌ر دنیا هه‌یه قڕی ده‌كه‌ن.
رۆشنبیرانی سه‌ر به‌م ڕه‌وته‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی، گه‌لێ جار به‌ئێمه ده‌ڵێن نابێ ئێوه به‌یه‌ك چاو سه‌یری ته‌ڤگه‌ر و بزاوه ئیسلامییه‌كان بكه‌ن. "له‌به‌رئه‌وه‌ی" وه‌ك ده‌ڵێن، "ئێمه ڕه‌نگ و تۆنی جیاجیامان هه‌یه، باڵی ده‌سوه‌شێن و باڵی مام سه‌لامه‌تۆكه‌مان هه‌یه". خۆشبه‌ختانه، له كاتی ته‌نگژه‌كاندا چه‌وتی و به‌ره‌واژیی ئه‌م بۆچوونانه هه‌مووی ده‌رده‌كه‌وێ. به‌یاننامه ئاگراوییه‌كه‌ی مه‌كته‌بی ناوه‌ندیی راگه‌یاندنی یه‌كگرتوو باشترین به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌مانه به‌موو له‌یه‌ك جیا نین. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه قوتابخانه‌ی جیاوازن و له‌ناویاندا نه‌رمڕۆ و گه‌رمڕۆ هه‌یه، چۆن وا له ئێواره‌یه‌كدا بیست بیستیان به‌گه‌له له‌م لایه‌نیانه‌وه ده‌چێته پاڵ ئه‌و لایه‌نیان و هیچ شتێكیش ناشێوێ له به‌رنامه‌ی كار و له ئاخاوتنی سه‌رزاردا. بێگومان رۆژ له دوای رۆژ له‌لای لایه‌نگرانی خۆشیان ئه‌و خه‌یاڵه ده‌پووكێته‌وه كه پێی وابوو ئه‌گه‌ر جارێك نه‌رمڕۆیه‌كه‌یان ده‌رفه‌تێكی ده‌سه‌ڵاتی بۆ هه‌ڵكه‌وت له‌وانه‌یه له ئاست رۆشنبیراندا، یان به‌گشتی له‌گه‌ڵ ژیان و هه‌ڵسوكه‌وتی سه‌رده‌مییانه‌دا ئه‌وه‌نده هۆڤ و نامرۆڤییانه نه‌بێ.
ئه‌م ساته كه له نووسینی ئه‌م وتاره بوومه‌وه به‌یته شیعرێكی مه‌حوی له هه‌ست و خه‌یاڵم نێزیك بووه‌وه، وا ده‌ینووسمه‌وه، هیوادارم باش لێی حاڵی ببن:
كه‌ی له كن ئه‌حمه‌ق ده‌بێ حاجه‌تی دانا ره‌وا
قه‌ت ده‌كرێ چه‌رمه‌كه‌ر یا به‌عه‌با یا كه‌وا؟
هه‌ولێر 21/4/2010
بۆ راگه‌یاندنه‌كه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی کلیکی ئه‌م لینکه بکه.
http://www.kurdistannet.info/net/index.php/nuser/459/11592.html
