هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی ته‌ناه و جێگیره. ده‌شێ بڵێین تاكه ناوچه‌یه‌كه له رووی جێگری و ته‌ناهییه‌وه له سه‌رتاسه‌ری عێراقدا بێ كێشه و بێ سه‌رئێشه‌یه. ئه‌م دۆخه‌ش هه‌ڵبه‌ت له سایه‌ی كارابوونی كارگێڕییه‌كی لێوه‌شاوه‌ی خۆماڵییه‌وه دابینه، كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه. وه‌ك ده‌بینین چه‌ندان ساڵه ئه‌م ناوچه‌یه بووه به ده‌ڤه‌رێكی گونجاوی گه‌شه‌كردنی ئابووری و بوارگه‌لی تری ژیانی جڤاكی كوردی. به‌كورتی ناوچه‌یه‌كه بووه به‌گه‌شاوه‌ترین و خۆشبژیترین ناوچه له سه‌رتاسه‌ری عێراقدا. عێراقییه‌كان خه‌ونی به ژیان له هه‌رێمی كوردستان یان هه‌ر نه‌بێ به سه‌ردانیكردنیه‌وه ده‌بینن. ئاشكرایه كه ناوچه‌یه‌كی جێگیر و خۆشبژی ده‌بێته مایه‌ی به‌كێشكردنی خه‌ڵكی ناوچه‌یلی تر، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه خه‌ڵكه‌كه‌یان له دۆخی ناجێگیریدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
بژارده‌ی عێراقی له ساڵی 2003وه كه رێژیمی سه‌دام رماوه له وڵات راده‌كه‌ن و به‌دوای نواگه‌ی ئارام‌دا وێڵن. ناوچه‌ی نێزیكه‌ده‌ستیان هه‌رێمی كوردستانه، كه ده‌یانه‌وێ رووی تێ بكه‌ن و تێیدا بحه‌وێنه‌وه، به‌ڵام به‌ئاسانی ده‌ستیان پێی نه‌گه‌یشتووه یان هه‌ر مه‌حاڵ بووه پێی بگا. زۆرجار له به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمم پرسیوه ئاخۆ سۆنگه‌ی ئه‌و توندایه‌تی و سنوور هه‌ڵچنینه چییه به‌ڕووی ئه‌و خه‌ڵكه لێقه‌وماو و ئاوگه‌له‌یه‌ی له عێراقه‌وه ده‌یانه‌وێ روو له كوردستان بكه‌ن، هیچ جار وه‌ڵامێكی تێروته‌سه‌لم وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه بڕوای پێ بكه‌م. مه‌ترسی له هه‌بوونی تیرۆریست و خه‌ڵكی ده‌سچێن له‌ناو ئه‌م راكردووانه‌دا، وه‌ك هه‌ندێك له‌و به‌رپرسانه ده‌یڵێن، مه‌ترسییه‌كی بڕواهێن و پێ سه‌لمێن نییه كه ببێ به‌سۆنگه‌ی ده‌رگه داخستن به‌مشێوه‌یه به‌ڕوویاندا. ئه‌مانه جگه له‌وه‌ی عێراقین و مافێكی ره‌وای خۆیانه له كاتی ته‌نگانه‌دا روو له ناوچه‌یلی تری وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن، له هه‌مان كاتدا خه‌ڵكێكن سوودیان بۆ ناوچه رووتێكراوه‌كه هه‌یه. زۆربه‌یان بژاره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ن و له رووی ئابوورییه‌وه خه‌ڵكێكی پشت به‌خۆبه‌ستوون. له‌ناویاندا ده‌سمایه‌دار و ئه‌ندازیار و پزیشك و دادوه‌ر و مامۆستای زانستگه و رۆشنبیرێكی زۆر هه‌یه كه بێگومان ده‌بن به‌مایه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی هه‌رێمی كوردستان. راستیت ده‌وێ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پێویستییه‌كی زۆریشی پێیان هه‌یه. له‌ناو ئه‌وانه‌دا كه گه‌یشتوونه‌ته هه‌رێم ده‌یان له‌و جۆرانه هه‌یه كه ئاماژه‌م پێ دان و بوونه‌ته به‌شێكی كارای كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان. رێگه‌كه نه‌ختێك ئاوه‌ڵاتر بوایه ده‌هێنده‌ی تریان ده‌هاتن بۆ هه‌رێم به‌تایبه‌تی بۆ شاری هه‌ولێر كه وه‌ك سروشتێكی خۆی شارێكی سینگ و باوه‌ش كراوه‌یه بۆ ئه‌وانه‌ی رووی تێ ده‌كه‌ن.
هۆی ناجێگیریی عێراقیش له كایه‌دا نه‌بوایه، هه‌رێمی كوردستان هه‌ر رووگه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌یلی تری عێراق بوو ئه‌ویش به‌هۆی سروشتی گه‌شته‌وه‌ریی ناوچه‌كه‌وه. كه‌رتی گه‌شته‌وه‌ری بۆ ئابووریی كوردستان كه‌رتێك نییه پشتگوێ بخرێت یان له بایه‌خه‌كه‌ی نه‌زانرێ. پێش دوو ساڵ جارێكیان له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوه‌ڵێكدا چووین بۆ سه‌ردانی شاری دهۆك، كاتی هاوین بوو، ئوتێلی ژیان كه یه‌كێكه له گرینگ‌ترین ئوتێله گه‌شته‌وه‌رییه‌كانی كوردستان، ئه‌و رۆژانه‌ی ئێمه له‌وێ بووین جگه له ئێمه میوانی تری نه‌بوو. له‌ودیو زاڵگه‌كانی پێشمه‌رگه‌شه‌وه ده‌یان و سه‌دان ماڵه عه‌ره‌بی مووسڵی و به‌غدایی خه‌ونیان به‌دهۆكه‌وه ده‌بینی. ئه‌مه به‌شێكه له‌و سیاسه‌ته چه‌وته‌ی كاردانه‌وه‌ی هه‌بووه بۆ سه‌ر هه‌موو شتێكی كوردستان، له‌پێشه‌وه‌یاندا پرسی كه‌ركووك.
دروستكردنی دیوار له‌گه‌ڵ عێراق و عێراقییه‌كاندا كارێكی ئاقڵانه و لۆجیكانه نییه، سوودیشی نییه بۆ هیچ به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی یان ته‌ناهی ئه‌گه‌ر ئه‌مه بیانووی راستی بێ. وه‌ك ده‌بینین هه‌رێمی كوردستان به‌رنامه‌ی خۆ جیاكردنه‌وه‌ی نییه له عێراق، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بڵێین هه‌شیبێ، ئه‌م هه‌رێمه له داهاتووی خۆیدا بێ تێكه‌ڵاوییه‌كی خۆش و یه‌ك ماڵی له‌گه‌ڵ عێراقییه‌كاندا سه‌ركه‌وتنێكی باشی بۆ ده‌سته‌به‌ر نابێ. هه‌رچه‌ندی بیر ده‌كه‌مه‌وه هیچ پاساوێك نادۆزمه‌وه بۆ رێگه‌گرتن له هاتنی عه‌ره‌بی ناوچه‌یلی تری عێراق و نیشته‌جێبوونیان له كوردستان. ته‌نگژه‌ی خانوو بۆ نیشته‌جێبوون، ده‌شێ به‌هۆی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌یه‌كی به‌په‌له‌وه فریای بكه‌ون و له ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا بێته چاره‌سه‌ر. ئه‌زموونی كوردستان به گۆشه‌گیری و دووره‌په‌رێزی له نه‌ته‌وه‌گه‌لی ده‌وراوپشت سه‌ركه‌وتنی بۆ له چاره‌دا نایه‌ته نووسین. شاری هه‌ولێر كه پایه‌ته‌ختی هه‌رێمه‌كه‌یه به‌وه پته‌و و قایم ده‌بێ به‌ڕووی خه‌ونی داگیركه‌ره‌وه‌دا، كه ببێ به‌شارێكی چه‌ند ملیۆنیی تێكه‌ڵاو له فره‌جۆریی ئاینی و مه‌زه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی. شارێكی وا، ده‌بێ به‌قه‌ڵای دیموكراسیی كوردی.
پێشی چوار ساڵ ئه‌و كاته‌ی به‌غدا ده‌ستی پێ كردبوو له گۆماوه خوێنینه‌كانی خۆیدا ده‌گه‌وزا و عێراقییه‌كان روویان له كوردستان ده‌كرد تا كه‌وڵی خۆیان رزگار بكه‌ن، گه‌لێك جار له رۆژنامه كوردییه‌كاندا ده‌مخوێنده‌وه، ئه‌و هه‌رزه و ده‌مڕووته نابه‌رپرسانه‌ی میدیای كوردی ده‌یانگوت "رێ له هاتنیان بگرن، وا جارێكی تریش كوردستان هاته‌وه به‌عه‌ره‌بكردن". ره‌نگه هۆیه‌كه‌ی پاڵی به ده‌زگا ته‌ناهییه‌كانیشه‌وه نابی بۆ رێگه‌گری له هاتنی عه‌ره‌بی له دۆزه‌خه‌وه هه‌ڵاتووی به‌غدا و شوێنانی تری عێراق، هه‌ر ئه‌م بیره كرچوكاڵه منداڵكارانه‌یه‌ی میدیای كوردی بووبێ. به‌ڵام ده‌بێ بزانین عێراقی ئه‌مڕۆ عێراقێكی تازه‌یه. عێراقی سه‌دام حوسێن نه‌ما كه كوردستانی تێدا له مه‌ترسیدا بوو. ئه‌وه‌تا له كۆشكی كۆماریی عێراقدا پێشمه‌رگه‌ی چیای قه‌ندیل له‌سه‌ر كورسی دانیشتووه و لاف و گه‌زافی خۆی لێ ده‌دا. ئه‌وه‌تاش ئاڵای كوردستان له‌وپه‌ڕی باشووردا هاتووه‌ته هه‌ڵدان.
نموونه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵگرتنی دیوار له‌گه‌ڵ عێراقییه‌كاندا ئه‌و رۆڵه بوو كه لایه‌نی كوردی گێڕای له چاره‌سه‌ركردنی ته‌نگژه‌ی سیاسیی ئه‌م دوایییه‌ی عێراقدا. عێراقییه‌كان چاوه‌ڕوانی ئه‌م براگه‌وره‌یییه بوون له‌لایه‌نی كوردییه‌وه به‌تایبه‌تی له سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سعوود بارزانی. هه‌ڵدانی هه‌زار ئاڵای كوردستان له شارێكی وه‌ك به‌سرا بۆ چه‌ند رۆژێك، نیشانه‌ی ئه‌و خه‌ونه‌ی عێراقییه‌كان بوو به هه‌رێمی كوردی و سه‌ركردایه‌تیی كوردییه‌وه. به‌دڵنیایی ئه‌و هه‌نگاوانه نه‌ك هه‌ر ده‌بن به‌مایه‌ی كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی نوێ له ژیانی عێراقی تازه و هاوبه‌شایه‌تیی راسته‌قینه‌ی نێوان كورد و عاره‌ب و لایه‌نگه‌لی تری وه‌ك توركمان و كریستیان، بگره رێش خۆش ده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی زووتری كه‌ركووك بۆ پاڵ هه‌رێمی كوردی. ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك به‌دڵخوازی عێراقییه‌كان هه‌موویان، نه‌ك به‌زۆره‌ملێی كوردی و ناڕه‌حه‌تیی ئه‌وان.
پێشی چه‌ند ساڵێك له‌گه‌ڵ شاندێكی رۆشنبیرانی عێراقیدا چووین بۆ سه‌ردانی مه‌زاری مسته‌فا بارزانی. یه‌كێك له‌و رۆشنبیرانه گوتی ئه‌م پیاوه "له ئاماژه‌یدا بۆ بارزانی" ته‌نیا هێمای كورد نییه بگره هێمای هه‌موو عێراقییه‌كانه. گوتم راسته. گوتی ئه‌مجاره بێمه‌وه چوار شتڵی خورما له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌هێنمه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌م مه‌زاره. گوتم نا خورما له شوێنی سارددا ناڕوێ، به‌ڵام باشتره په‌یكه‌رێك بۆ بارزانی له‌وپه‌ڕی باشوور له‌ناو بیستانی خورمایه‌كاندا دروست بكه‌ی. هه‌موو گوتیان راسته. ئیتر به‌هیوای ئه‌و په‌یكه‌ره‌ی بارزانی له به‌سرا یان له هه‌ر شوێنێكی تری عێراق، وه به‌هیوای ئاڵایه‌كی دڵكه‌ره‌وه‌ی عێراقیش كه له‌سه‌ر لوتكه‌كانی كوردستاندا با بیشه‌كێنێته‌وه.
21. 11. 2010
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
