بەرهەمهینانی گەورە، بەتەکیا مامناوەندی و بچووکیش دروستە… مەهدی کاوانی

 هەق وانیە هەرێمی کوردستان و عیڕاق نەمەتی بەرهەمهێنانی کەنداو بەخۆوە بگرن چونکە کوردستان ئەگەر نەوتیشی نەبێت، دەتوانێ پشت بە داهاتی تر ببەستن بەتایبەتی بەرهەمی کشت وکالی و ئاژەلداری و کانزاو بەرەدە بەنرخەکان و زۆرەها کەنالی تر . ئەگەر گرنگی بە کەرتی گەشتو گوزاریش بدرێت، ئەوا داهاتەکەی نزیکی داهاتی نەوت دەبێت .

ناچمە سەر دیاردەی گەندەلی و نەبوونی پلان بۆ سوود وەرگرتن لە داهاتی نەوت . بەڵام ئەگەر ئیێمە بیر لە وەبەرهەمهێنانی تەندروست بکەینەوە، خۆ دەبێ بەلایەنی کەم بیر لە کەمکردنەوەی هاتنەناوەوەی کەرستە ئیستهلاکیەکان بە تایبەتی خۆراکیەکان بکەینەوە . بۆ نمونە ئێستا و لە کاتێکدا کە ئێمە ٨٠-٩٠% مان پشت بە هێنانە ناوەوەی کەرستە ئیستهلاکیەکان دەبەستین، ئەگەر بێت و لە ڕێگەی وەبەرهەمهێنانەوە ئەو بڕە بۆ ٤٠% دابەزێ، لەو حالەتە ئێمە ٥٠%ی تەخسیساتی ئیستهلاکیمان گواستۆتەوە بۆ بواری وەبەرهەمهێنانی ناوخۆ . یاسایەکی ئابووریش هەیە کە دەڵێ چەندی هەلی وەبەرهەمهێنان لە وڵاتەکەت زیاد بکات، چەندی بەهای پارەکەت لە چاو دۆلارو دراوە دەگمەنەکانی تر زیاد دەکات و بەهەمان ڕێژەش نرخی کەل و پەلەکان تەنیا هێزی ئیشکەر نەبێت، ئەوانی تر کەم دەکەن .

من لە گەڵ ئەو ڕایەم ئەگەر بەرهەمهێنانی گەورە نەبێت، بەرهەمهێنانی بچووک و مام ناوەندی دادی گەشەکردنی ئابووری نیشتمانیمان نادات، بەڵام لێرەش نابێت لە وەبەرهەمهێنانی گەوەرە، ڕەچاوی ئەوە نەکەین کە ئێمە تازەین و لە سیستەمی بازاڕی ئازادیش بەرهەمەکانی ئێمە لە ڕوويی جودەو نرخەوە ئەگەر پشتیوانی دەولەتی پێوە نەبێت، خۆ ڕاگر نابێت لە بەرامبەر هاوتاکانی هی دەرەوە . بەڵام تەخەسوسی بەرهەمهێنانیش لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر هەیە . بۆ نمونە مافوری ئێرانی لە ناو هەموو مافورەکانی جیهانی دیارە . چای هیندی و سیلانی دەستی بە سەر هەموو جیهان داگرتیە، خورمای عیراقی باشترین خورمایە لە جیهان . توتنی کوردی ئەگەر گرنگی زیاتری پێبدرێ زیاد لە وڵاتانی دەوروبەر لە برەو دایە . ئێمە ئەگەر بێت و لە سەرەتادا لە بواری بەرهەمهێنانی گەورە پشت بە کشت وکاڵ و بە پیشەسازی کردنی، ببەستین و دەکرێ لە تەکیا بە سەدان بگرە هەزاران پڕۆژەی مام ناوەندو بچووکیش دەکەونە کار چ وەک کەل وپەلی نیوە دروست کراو بۆ چوونە ناو پڕۆژە گەورەکان چ وەک کەلوپەلی تەواو .

ئێستاکەو دەتوانم بڵێم بووتە دیاردەیەکی شمولی واتە جیهانی، کەسەکەکان بە پێی شوێنی ئیشەکەیان شوێنی حەوانەوەیان بۆ خۆیان دیاری دەکەن . واتە دەولەت لە ڕێگای ئالیەتی وەبەرهەمهێنانەوە، دەتوانێ ئەو تەحەکومە تا زۆر ڕادە لە مەڕ شوێنی حەوانەوەی تاکەکانی دیاری بکات . بە مەزندەی من و مادامەکینێ دیاردەی کۆچ لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابوردو بە شێوەیەکی نائاسایی لە کوردستان بەرجەستە بوو بە هۆی شەڕەکانی نیشتمانی، ئێران و عیراق، هەردو شەڕی کەنداو و شەڕەناوخۆیەکان، لەو حالەتەدا فراوانبوونی شارەکان لە ڕووی چری دانیشتوانیانەوە، بووەتە بار بە سەریانەوە . دەولەت دەتوانێ لە ڕێگای بەرنامەی وەبەرهەمهێنان، ئەو دیاردەیە لە سەرەتادا پێچەوانە بکاتەوە، تا ئەو کاتەی هاوتایەک لە نێوان شارو لادێ دروست دەبێ .

من نمونەیەک لە دەڤەری شەقلاوە دێنمەوە کە ناوچەیەکی شاخاوی و گەشتیاریەو هەموو کەرستەکانی بەرەو پێشەوە چوونی بەرهەم تیایە ئامادەیە . ئەگەر بێت و پڕۆژەی گەورەی گەشتو گوزاری و کشتو کاڵی و ئاژەلداری و پڕۆژەی گەورەی بینا سازی .... تیا دروست بکرێ، هەر لە خۆیەوە بە دوایەوە بە سەدان پڕۆژەی ئەهلی و بیانی مام ناوەندی و بچووکی تیا دەکرێتەوەو بە دەیان هەزار دەستی کاری ئەو دەڤەرەو شوێنەکانی تری تیا دەکەوێ و لە ڕێگەشیەوە خەلکە ئیشکەرەکە بە ناچاری ئەو شوێنانە دەکاتە مۆلگەی هەمیشەيیی حەوانەوەی خۆی، ئەوە جگە لەوەی ئەگەر دەولەت بە پلان گوندی هاوچەرخ دروست بکات . حالەتی وەها ڕوبەڕووی کۆچی پێچەوانە لە شارەکانەوە بۆ لادێکان دەبیتەوە کە حالەتێکی گونجاوی ئەو سەردەمەی کوردەواریمانە .

کە باس لە پڕۆژەکانی وەبەرهەمهێنانی گەورە دەکەم، مەبەستم لەوە نیە لاسایی ڕۆژئاوا، بکەینەوە، چونکە لەبەر مونافەسەی بازاڕو جودەو تەمەنی مێژوویی ئەو پڕۆژە گەورانە، زیاتر لە ڕٶژئاواو ئەو وڵاتانە بەرجەستە دەبێت کە چڕێ دانیشتیوانیان بەرزە، ئەگینا وڵاتانی تری نا نەوتی بە تایبەتی ئەوانەی کەچری دانیشتوانیان نزمە، مەگەر زۆر زۆر کارامە نەبن یان لە لایەن ڕۆژئاواوە پالپشتی نەکرێن وەک ئەوەی بۆ ئیسرایل بە پلەی یەکەم و خواری ئەفەریقیا بە پلەی خوارتر دەکرێ، ئەگینا زەحمەتە . بەڵام بۆ وڵاتانی نەوتی، مەسەلەیەکی ترە چونکە ئەو وڵاتانە و لە ڕێگای داهاتی نەوتیانەوە دەتوانن گەورەترین پڕژەی گەورەو بە ستایلی نوێ بکەنەوەو سوود لە سیستەمی وڵاتە پێشکەوتوەکانیش وەربگرن ومونافەسەیشیان بکەن و سەرمایەی ئەوانیش تیا بئاڵێنن . سیستەمی نوێی جیهانی بە تایبەتی وڵاتانی ڕٶژئاوا کە ئێستاکە چین دەتوانێ مونافەسەیان بکات، ناچارن بیر لە نەمەتێکی نوێی بەرهەمهینان بکەنەوە کە پڕۆژەکانیان لە دەرەوەی وڵاتی دایک دابمەزرێنن لە بەر هەرزانی هێزی ئیشکەر لەو وڵاتانە . لەو نێوەندەدا بە بۆچوونی خۆم لەوانەیە وڵاتانی دەرهێنەری نەوت هاوبەشی ئەو جۆرە پڕۆژانە لە وڵاتی خۆیان بکەن و لە ڕێگاشیەوە بە شێوەیەکی فراوان پڕۆژەگەلی فراوان بکەوێتە وڵاتەکەیان . من ناڵێم هەرێمی کوردستان کە تازەیە لە بواری بەرهەمهێنان و لە سەرەتادا ئەو ستایلە پێشکەش بکات . بەڵام خۆ دەتوانێ خۆی لەو جۆرە پڕۆژانە بدات بە تایبەتی لە کەرتی کشتو کال و ئاژەڵداری و کەرتی گەشت و گوزارو پڕۆژەکانی پتەکردنی ژێرخانی وڵات لە ڕووی ڕێگاو بان و تۆڕێ تەواوی ئاو و کارەباو دامەزراندنی کۆمەڵە بەنداوێک لە ناوچە شاخاویەکان و شتی تری لەو بابەتانە کە پێیانەوەو بۆ پاشەڕۆژ تەکانێکی زۆر دەدرێتە بەر گەشەکردنی ئابووری .

لە سەردەمی کابینەی پێنج کە بەڕێز نێچیروان بارزانی سەرۆکی حکومەت بوو . لێرەو لەوێ کۆنگرەی بازرگانی و زۆر لە چالاکیە ئابووریەکان ئەنجام دران، بەڵام ئەوەی من لەو بابەتەم لە گەڵ ئەو چالاکیە بازرگانی و ئابووریانە جیا دەکاتەوە، لە لایەکەوە زیاتر خۆ بەدەرخستنی هەولێر بوو وە لە لایەکی تر تابعی پڕۆژەگەلی ئیستهلاکی و چالاکیە بازرگانیەکانی پێوە دیار بوو . لە هەموو جیهانیش و هەموو کاتێکیش پڕۆژەگەلیە یان چالاکیە بازرگانیە تاکەکان لە گەڵ پلانی حکومەت بۆ هەبەرهەمهێنان یەکانگیری پێکەوە دروست ناکەن و لە بواری ستراتیجیشیان دەکەونە دوو دونیای لە یەک جیاوازەوە . هەمیشە کەرتی تایبەت و بیانی هەولی ئەوە دەدا سوڕی خولانەوەی پڕۆژەکانیان ماوە کورت و قازانجدار بێت و هەولی ئەوەش دەدەن کە ئەوان دەولەت ڕاکێشنە ناو ئەجندای خۆیانەوە نەک دەولەت لە پێناو پتەو کردنی کۆلەگەکانی ئابووری نیشتمانی ئەوان بەکار بێنێ . ئا لێرەیە پڕۆژە گەلیە دەست بەکار بووەکان لە کوردستان کورت دەهێنن . خۆ ئەگەر دەولەت پلانی خۆی و ئامانج و شووێنەکانی دامەزراندنیان و جۆریان فەرز بکاتە سەریان، گومانت لەوە دانەبیت کە پێیەوە ئابووری نیشتمانیمان پێش دەکەوێ .

خالێکی تریش هەیەو پێویستیشە ئێمە لەو سەردەمە ڕەچاوی بکەین ئەویش ئارامی کوردستانە لە چاو شوێنەکانی تری عیڕاق . ئەگەر بێت و ئێمە لەو نێوەندەدا گۆلی خۆمان نەکەین کە زەمەنەکەی لەبارە بۆمان، لەوانەیە لە زەمەنی تر شتی وەها بۆمان بەرجەستە نەبێ . ئێستاکە دەتوانین نەک هەر تەنیا سەرمایەی نیشتمانی و تاکەکانی خۆمان وەگەر بخەین بۆ پێشکەوتنی ئابووری لە کوردستان بەلکو دەتوانین سەرمایەی عیراق و وڵاتانی عەرەبی بە تایبەتی کەنداویش بخەینە ناو ئەو چالاکیە بازرگانی و وەبەرهێنانەوە . کاتی ئەوە هاتووە بڵێین داهاتی نەوتمان نا بۆ گەندەلی نا بۆ هێنانە ناوەوەی کەلو پەلە ئیستهلاکیەکان نا بۆ ئەو بوارانەی کە سودی وڵاتەکەمانی تیا نیە بەلکو بۆ ئەو بوارە پیشەسازی و پڕۆژە سوود مەندو گەورەکان . بەڵێ کاتی ئەوە هاتووە بە سەرمایەدارەکانی دەوورو بەرو هەتا ڕۆژئاواش بڵێین فەرمو ئەوە عارد ئەوە سەرمایەمان فەرموون سەر مایەو کەرستەکانی وەبەرهەمێنانی خۆتان بێنین، با کوردستان بکەین بە تایوان .

مەهدی کاوانی/٨/٩/٢٠١٠

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

میوانانی سەر خەت

We have 642 guests and no members online