لە (٢٧) ەمین سالیادی شەهید مەلاغەفورو هاوڕێکانی ... مه‌هدی کاوانی

پێنوسەکەم بە دەستما گرتووەو زۆر شت لە مێشکما خولدەخواتەوە. لە لایەکەوە بابەتێکی ڕۆژنامەگەری وەها شوێنی کەمی ئەو کەلە پیاوەی تیا جێ دەبێتەوە، لە لایەکی تریشەوە هەرچەندی بنوسی ناگەیتە ئەو ئامانجە کە هەقی خۆت دابیتە مەزنێتی ئەو پیاوەو مەزنێتی کارەساتەکەو هەروەها مەزنێتی ئەو کاتانەی کە ڕووداوەکە تیایدا ڕووی دا.

بەندە بە حوکمی ئەوەی یەکێ لەو ٦ کەسە بووم کە بە سەختی لە گەڵ تێکڕای هاوڕێکانم بریندار بووین و هاوڕێ مەلا غەفورو شەهیدەکانی تریش ٩ کەس بوون. کارەساتەکەش لە دەشتی بیتوێنێ بوو بەروارەکەش ١٨/١٢/١٩٨٣ بوو. شوێنەکەش قورەبەرازەی پێ دەگوترا کە نزیکی گوندی سکتان بوو ئێستاکە بووەتە ناحیە. هەروەها بە حوکمی ئەوەی بەندە نزیکترین هاوڕێی بووم و بە درێژایی ئەو ژیانەی پێشمەرگایەتی کە لە گەڵ ئەو بەڕێزەم بەڕێ کرد زۆرترین بیرەوەری ئەو کەسایەتیە شۆڕشگێرە مەزنەم لە لایە. ناشی شارمەوە من بەش بە حالی خۆم قەرزاری شەهید مەلا غەفورم لە فێر بوونی پرنسیپی شۆڕشگێری و فێر بوونی هەل ومەرجە سەختەکانی ئەو کاتی پێشمەرگایەتی.

زۆر جوان بەبیرمە کاتێ کە بووین بە پێشمەرگە یان کاتەکانی کە لەناو ڕێکخستنی ناوخۆی شار کارمان دەکرد کە باسمان لە شۆڕش و بەرەنگار بوونەوەو ئەرکە نیشتمانی و چینایەتیەکانمان دەکرد، دەمان گۆت بە دەستێ تفەنگ و بە دەستێ قەلەم، لە پڕوشکەوە گڕ هەلدەستێنین و دەیکەین بە گەوەرەترین مەشخەل. ئەو تفەنگەمان کە داگیر کەری پێ دەڕووخێنی و ئەو قەلەمەی کە شۆڕشی کۆمەلایەتی و پاراستنی داخوازی ڕەنجدەران و هەژارانی وڵاتەکەمانی پێ مسۆگەر دەکرێ. قەلەمەکەی شەهید مەلا غەفور لە ناو حیزبەکەشی لە قەلەمەکانی تر بە ڕشتر بوو. بەڵێ ئەو کەسایەتیە لە ناوخۆشمان کەسەکانی کە کارو کردەوەکانیان دەچووە خانەی شۆڕشگێڕی لە نەفەرەکانی تری جیا دەکردەوە. ئامۆژگاری ئەو کەلە پیاوە بوو، کە کەسەکانی لە بابەت ئێمەو ئەوانەی شەیدای هەلسو کەوتەکانی بوون نەک قبوڵیان نەکرد فیشەکێک بە ئاڕاستەی شەڕی ناوخۆ لە تفەنگەکانیان بتەقێتەوە، بەلکو وەک قەلەمە جیاکەی مەلا غەفوور هەر هەمووانمان هەرچی پێمان کرا لە ڕاگەیاندنی دژە شەڕی ناوخۆ لە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگەو جەماوەر درێغیمان نەکرد.

بەڵێ کە ئەو کاتانەی شەهید مەلاغەفورو هاوڕێکانی شەهید بوون، زۆر جوان بە بیرمە کە شەهیدی تێکۆشەرو بیرمەندەکانی کە چەپەریان گرتبوو لە دژی شەڕی ناوخۆو و سازش کردن بۆ دوژمنان و بە هەموو تواناکانیان لە دژی گفتوگۆ یەکلایەنەکەی یەکیەتی نیشتمانی ئەو کات لە گەڵ ڕژێمی بەعس لێدوانیان دەداو بەڵێ ئەو کەسانەی کە دوینێ شۆڕەسواری شەڕەناوخۆیەکان و لە ڕیزەکانی پێشەوەی گفتوگۆدابوون و هەڤال شەهید مەلاغەفور و ئەوانەی خولیای ڕێبازی شەهید ئارام کەتبوون بە عیڕاقچی لە قەلەمیان دەدان واشیان لە خۆیان کردبوو کە ئەوان فرمێسکیان بۆ کوردستانی بوون و دەولەتی کوردی سەرتاسەری دەرژاندو ئەمڕۆکەش دەڵێن دەولەتی کورد خەونی شاعیرانەیەو لە قیادەکانی سوننی و شیعی ئێستاکەش خۆیان پێ عیراقی ترە. ئا لێرەوە پێویستە هەلوەستەیەک بکەین و بڵێین ئەوەی دەیان گۆت و دەیان کرد تێک نەکرانەوە.

جوان بە بیرمە کە کۆنفراسی ناوچەیی لە بالیسان کرا بۆ هەلبژاردنی ئەو کەسانەی کە بەشداری لە کۆنفراسی سێی کۆمەلەی ڕەنجدەرانی کوردستان بکەن لە گەڵ شەجەڕەی ڕێکخستنەکانی ناو پێشمەرگایەتی کە شەهیدی ناو براو و ئەو پۆلە شەهیدو بریندار بوانەی لە گەڵی، دەتوانم بڵێم زۆرانێکیان نوینەرایەتی تەواوی هەولێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانیان دەکردو کە ئەو پۆلە لە ناو مزگەوتی بالیسان بە سەرکەوتوانە هاتنە دەرێ، شەهیدی قارەمان ڕیباز بە زەردەخەنەیەکەوە دەی گۆت بەلشەفیکەکان سەرکەوتن بە سەر مەنشەفیکەکان و بۆ لەمەودوا دەبێ مەلبەند بگوازرێتەوە بۆ ئەو ژوورە بچووکەی مەلا غەفور. بەڕاستیش شەهید بوونی ئەو پۆلە کادیرە هەرە بەتوانای ناوچەکە، ئێستاشی لە گەڵدابێ لە ڕێگایەوە، هەولێر خۆی پێ نەگیراوەتەوەو دەتوانم بڵێم بە نەمانیان شوێنیان دیارەو دەشزانم بە دوایەوە شوینی ئەو پۆلە شەهیدە، زۆرانێکیان بە کەسانی بیتواناو هەوادارانی شەڕە ناوخۆیەکان و خوازیاری گفتوگۆی میری پڕ کرانەوە. نەبوونی ئەو پۆلە شەهیدەش بە تەک هاوڕێکانیان لە کۆنفرانسی سێی کۆمەلەی ڕەنجدەرانی کوردستان بێکەسیەکی زۆریان پێوە دیار بوو، بەدوایەوە نەتوانرا ئەوەی کۆنفرانسی بالیسان کردی لە کۆنفراسی سێی کۆمەڵە ڕەنگ بداتەوە.

نزیکەی مانگێک دەبێت بەر لە نوسینی ئەو بابەتەم دووەم کوڕی شەهید کە ناوی دارا بوو بچووکتر لە رەقیبی کوڕە گەورەی سەردانی کردم و بەندەش دەمەویست چەند یادگارێکی خۆمو شەهید بۆ دارا بگێڕمەوەو هەرچی دەمکرد لە بەر ئەوەی فرمێسک لە چاوانم شین ببوو و نەشم دەویست دارا پێی بزانێ. یەکێ لە قسەکانم ئەوە بوو کاتێ کە ئێمەیان لە ئیسعاف بۆ هەولێر بەڕێکرد چەند برادەرێک پییان گۆتم ماوەیەک تۆ بێهۆش بوویتو پاش ئەوەی کە وەخۆ هاتیەوە کە زانیت مەلا غەفور شەهید بووە یەکسەر دەستت کرد بە گریان و منیش گوتم نایەتەوە بیرم. بیرەوەری دووەم وتم جارێکیان من بە توندی لە گەڵ شەهید بووە دەمەقاریمان و ماوەی یەک دوو ڕۆژ قسەمان لە گەڵ یەکتری نەدەکرد. دارای کوڕیشی گوتی خەتای کامەتان بوو منیش گوتم خەتای من بوو. ڕاستە شەهید منی عادز کرد بەڵام قسەکانی ئەو ڕاست بوو بەوەی دەیگۆت ئەو شێخانەی ڕێکخستنی تۆ لە سەر نێوەندی پارتی ویەکیەتی و بگرە حیزبەکانی ترو حکومەتیش دابەش بووینەو لە زیان بەولاوە چ سوودێکیان بۆ کۆمەڵە دەبیتو ئەگەر کۆمەلەش بوو بە هی ئەوان مانای وایە دەست لەو حیزبەش بشۆین. بەندە دەم زانی شەهید لە قسەکانی لە سەرە هەقە نەک من، بەس نەمدەویست بڵێم بەڵێ و بەو حیسابەی چی تێدایە با خەلکی لەو بابەتەش لە ناو بازنەی شۆڕشگێڕی وەئالێنین. ڕۆژگاریش بەدەری خست کە جۆرە خەلکی لەو بابەتانە بوون پاشکشەیان بەکەسایەتیە شۆڕشگێرەکان وەنا و خۆیان تیا بردە پێشەوە.

 ئەو مقولەیە زۆر ڕاستە وەک دەڵێن کات خەنجەرە ئەگەر نەیبڕی دەتبڕێ. بەڕاستیش ئەگەر ئەو گفتوگۆ بێهیوایەو یەکلایەنانانەی ئەو کاتی واتە لە سەروبەری شەهید بوونی مەلاغەفورو هاوڕێکانی، کەیەکیەتی نیشتمانی کوردستان کردی لە گەڵ ڕژێمی سەدام حوسین، نەبوایە، بە دوایەوە رژێمی ناو براو نەیدەتوانی وا بەو ئاسانیە خۆی بگەیەنیتە ناو قولایی ئەو ناوچە فراوانانەی کە لە ژیر کۆنتڕۆلی هێزی پێشمەرگەدابوون بڵێ شەلم کوێرم هیچ نابوێرم و بە دوایەوە بە ئاسانی و بێبەرگریەکی ئەوتو هەموو کوردستان وێران کاو پڕۆسیسی ئەنفال و کیمیا باران بە ئامانج بگەیەنێ.

 

 مێژوو هەر تەنیا گێڕانەوەی چیڕۆک و داستانە کون و ئەفسانەیەکان وهۆنینەوەی هۆنراوە بە سەر قارەمانان و کەسە ئازاو لێهاتووەکانی کۆمەلگاکانمان و هەر مرۆیەکی سەر ئەو زەمینەیە نیە. ئەگەر نەیبەستینەوە بە ئێستاو داهاتوو لە پێناویان بارێکی تەندروست وژیانێکی ئاسودەو خۆشگوزەران بۆ نەوەکانی ئێستاو داهاتوومان مسۆگەر بکەین. ئەوانەی ئێستاکە بە ناو نوێنەرایەتی سیاسیمان دەکەن و بەردەوام خۆیان وا نیشان دەدەن کە ئەوان کوڕی ڕابوردو ئێستاو هەموو ڕۆژێکن و لە سەر گۆڕی شەهیدانمان فرمێسکی تمساحانە دەڕێژن، بەڵام لە ڕاستیدا زۆر لێک دوورن. سەردەمی تەوژمی جەماوەر بە گیانی پێشمەرگەو قوربانیەکان لە گەڵ ئێستادا زۆر لێک دوورن. ئێمەی ئەو پۆلە بریندارە کە گوستراینەوە بۆ نەخۆشخانەی هەولێر بەهەزاران کەس دەهاتن سەردانی نەخۆشخانەیان دەکردو لە سەلامەتی ئێمەیان دەپێچایەوەو وتافیان بە گیانی پێشمەرگەو شەهیدان و جانفیداکاری نەتەوەکەیان لێ دەدا، خەریکە لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆ هەر هەمان خەلک پێشمەرگە بە ئەرک لە سەر ملەتەکەیان بزانن و ئەوە بڵێن سەرانی کورد شۆڕشیان تەنیا بۆ خۆیان و ئەو هەموو ئیمتیازە بەرزانەی خۆیان کردو کوردیش قیروسیا. دوو هەلوێستی پیچەوانە لە سەر پێشمەرگەو شەهیدان و قارەمانانی ملەتەکەماندا لە دوو زەمەنی جیاواز، ناپیرۆزی پیرۆزی پێشمەرگە ناگرێتەوە بەلکو ناپیرۆزیەکە تەنیا بۆ ئەوانەیە کە بە مێژوو و تێکۆشەرانی پێشمەرگەو ملەتەوە بوونەتە خاوەن ئەو دەسەڵاتەو تەنیا بۆ مەرامەکانی خۆیان بەکاری دەهێنن.

شەهیدان ئارام و شەهابو جەعفەرو خالە شەهاب و مامۆستا جەمیل ڕەنجبەرو ئازا هەورامی و مەلا غەفورو هاوڕێکانی بەسەدان و هەزارانی تر لە بەردەم سێدارەدا دەیان گوت کەم بژی کەڵ بژی وە لە بەردەم بەرگری کردنە پێشمەرگایەتیەکانیان، دەیان گوت با ڕژێم خانوو و باغ و بێستانەکانمان خاپوور بکات بەڵام جوانتری دەکەینەوە و شاری هاوچەخ و گوندی هاوچەرخ لە شوێنیا دروس دەکەین. میراتگرانی ئێستای ئەوانیش هەربابەیەو لە سەر گردەکان و بە دانە پاڵی دیان دۆنم زەوی کۆشک و تەلارو باغ و باغاتی لە بابەت سەدام حوسێنەوە بۆ خۆیان بنیات دەنێن. چیڕۆکی دوێنی چی بووی ئەمڕۆ چیت، ئەوەندە زۆرە لە بن نایەت و بە بابەتەکەی من و هەزارنی تریش هەر تەواو نابێ و ئەوەی مابێتەوە بۆمان و بڵێین هەزاران سڵاو و سەربەرزی بە گیانی مەلا غەفورو هاوڕێکانی و هەموو ئەو شەهیدانەی لە پێناو نیشتمان و قەلەمەوە سەریان نایەوەو ئومێدی ئەوەش دەکەم کە گوریسی گەندەڵچیەکانیش کورت بێو سەگی هاریش تەمەنی ٤٠ ڕۆژە.

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

16/12/2010

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

میوانانی سەر خەت

We have 518 guests and no members online