له‌م رۆژانه‌ی كۆتای ساڵی 2010دا، كۆنگره‌ی پارتی رووداوێكی سیاسیی گرینگ بوو له‌ناو رووداوه‌یلی هه‌رێمی كوردستان، له مانگان و ساڵانی داهاتوودا به‌ده‌ردانه‌وه‌ی كارتێكه‌ریی ئه‌م كۆنگره‌یه دێته دیتن. به‌لای خۆشمه‌وه رووداوێكی بێ وێنه بوو، چه‌ندان كۆنگره‌ی حزب و رێكخراوی كوردیم بینیوه، ئه‌مه‌یان له هه‌موویان زیاتر مایه‌ی به‌خته‌وه‌ریم بوو. هه‌فته‌یه‌ك له سیحری كۆنگره‌دا ژیاین و ده‌یان و سه‌دان هه‌ڤاڵانی خۆمان بینییه‌وه كه ماوه‌یه‌كی زۆر بوو به‌هۆی پڕكارییه‌وه لێیان دوور بووین. زۆر بیروبۆچوونمان به‌ڕاشكاوی تاوتوێ كرد. راستت بوێ، پارتی تاكه حزبێكه له بزاوی رزگاریخوازی كوردستاندا دیموكراسیی ناوه‌خۆیی تێیدا زاڵ بێ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌كی نه‌ك بۆ رواڵه‌ت و رازاندنه‌وه. خۆش نییه مرۆڤ ئه‌ندامی حزبێك بێ و په‌سنی بدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رچی بیڵێ ده‌چێته چوارچێوه‌ی بانگه‌شه‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌م له بانگه‌شه به‌دوور بم و وێنه‌یه‌كی راسته‌كیی ئه‌و رووداوه بكێشم، به‌تایبه‌تیش له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو رووداوێك سیاسی بێ یان هه‌ر جۆری تر، پاش خۆی مقۆمقۆ ده‌نێته‌وه.
له كۆنگره‌ی پارتیدا هه‌ستێكی به‌خته‌وه‌ریی نیشتمانیه‌تی، مرۆڤ ده‌گرێته‌وه. هه‌ستی ئه‌وه‌ی كه سه‌ركرده‌ی ئه‌فسوناوی "مسته‌فا بارزانی" له به‌رامبه‌رتدا خۆی ده‌نوێنێ، تۆ له ژێر چاودێریی ئه‌ودا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ی و بیر ده‌كه‌یه‌وه. له كاتی ده‌مه‌ته‌قێ و مشت‌ومڕ له‌باره‌ی هه‌ر پرسێكه‌وه چ پرسی بچووك بوایه چ گه‌وره، ده‌تبینی هه‌موو ده‌ڤه‌ر و ناوچه‌یه‌كی كوردستان له‌وێن و كه‌س به‌جێ نه‌ماوه. ناوبه‌ناو له بڵندوێژه‌وه گوێت له ئاخاوتنی شێوه‌زاری ئێزیدییه‌ك ده‌بوو، پاشان ئاخاوتنێكی ناو شاری سلێمانی، هه‌ولێرییه‌كی ده‌شت، ده‌نگی فه‌یلییه‌ك به سۆرانییه‌كی تێك شكاوه‌وه، بارزانییه‌ك، ره‌واندزییه‌ك و... هتد. هه‌موو ئه‌مانه ده‌تبه‌نه‌وه سه‌رده‌مانی شۆڕشی ئه‌یلوول و چاخی بارزانی، ئه‌و ده‌مانه‌ی له ژێر یه‌ك چه‌تردا یه‌ك هه‌ست ئه‌م گه‌له‌ی ده‌جووڵانده‌وه و رێنوێنی ده‌كرد.
له نێوان 1500 ئه‌ندامی كۆنگره‌دا، هه‌ستت ده‌كرد زۆر شتی ناوكۆ و هاوبه‌ش "جگه له حزبایه‌تی" له‌رووی كه‌سایه‌تی و دنیابینییه‌وه كۆیان ده‌كاته‌وه، وه‌ك: متمانه‌به‌خۆیی، متمانه‌به‌دواڕۆژ، به‌رپرسیاره‌تی له ئاست دۆزی گه‌لێكی چه‌وساوه‌ی ده‌ستی مێژوو، چاره‌نووسی كه‌ركووك، پرسی گۆڕینی دیموكراسی له جڤاكی كوردی، به‌شداریی ئافره‌ت له ژیانی سه‌رده‌مییانه، مافی دیاریكردنی چاره‌نووس، هاتنه پێشه‌وه‌ی لاوان بۆ جڵه‌وكێشیی سیاسه‌ت، یه‌كسانیی نێوان سه‌رجه‌م كه‌مینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و مه‌زه‌بی و كولتووریی ناو كوردستان له ئه‌رك و مافی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات. له‌ناو ئه‌و هۆڵه‌دا ده‌نگدانه‌وه‌ی وشه‌ی: كوردستان، كورد، پارتی.. پارتی، له هه‌موو شتێك‌دا پارتی و له هه‌موو شوێنێكدا پارتی و هه‌مووشی به رێبه‌رایه‌تیی بارزانی.
كۆنگره‌ی پارتی كۆنگره‌یه‌كی بێ كێشه بوو به‌ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی كه رووی ژماره‌ی سێزده‌ی له هۆشماندا سپی كرده‌وه، به‌ڵام كۆنگره‌یه‌كی پڕ له ركابه‌ریی نێوان پاڵاوكان بوو بۆ گه‌یشتن به كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی و وه‌رگرتنی پله‌ی به‌رپرسیاره‌تیی ریزی پێشه‌وه. زۆر له پاڵاوك "مرشح"ه تازه‌كان هێنده له ترس و دڵه‌ڕاوكه‌دا بوون، مرۆڤ خوشحاڵ ده‌بوو كه له شوێنی ئه‌واندا نییه. هه‌بوونی ده‌رفه‌ت بۆ پێشبڕكه‌ی وه‌ك یه‌ك له‌نێوان پێشبڕكێكه‌راندا، ئه‌وپه‌ڕی به‌جێهێنانی دیموكراسییه و هه‌ر ئه‌مه‌شه دیموكراسی به‌ڵام بۆچوونێكی تریش هه‌یه ده‌ڵێ دیموكراسیی بێ رێنوێنی، له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا چه‌وتی و چه‌وێڵیی تێ ده‌كه‌وێ، كه پاشان ئه‌ركێكی زیاتری ده‌وێ بۆ پڕكردنه‌وه‌یان، بۆ نموونه له دابه‌شكردنی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی به‌سه‌ر جوگرافیادا. پێشنیازێك هاته‌گوێ گوتی وا باشه كه‌مینه‌كانی وه‌ك ئێزیدی و فه‌یلی و شه‌به‌ك و توركمان و ئه‌وانی تر، نوێنه‌ریان هه‌بێ له سه‌ركردایه‌تیدا و به‌كۆتا بۆیان بێته دابینكردن، بۆچوونی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی له وه‌ڵامی ئه‌مه‌دا ئه‌وه‌بوو: "ئه‌ندامی پارتی نوێنه‌ری پارتییه نه‌ك نوێنه‌ری شتێكی تر". ئه‌م بۆچوونه هه‌ستی ئه‌وانه‌ی نیگه‌رانییان هه‌بوو، خاو كرده‌وه و هه‌موو گوتیان به‌ڵێ پارتی ده‌بێ وابێ. بێگومان ئه‌وه‌ی بارزانی گوتی، فه‌لسه‌فه‌یه‌كی پیرۆزه و ئه‌ركی ئه‌ندامانی تازه‌ی سه‌ركردایه‌تییه ئه‌و بێ دادییه پڕ بكه‌نه‌وه كه له رووی جوگرافیاوه له هه‌ڵبژادنی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی تازه‌دا كه‌وته‌وه. ئه‌مه نه‌ریتێكی كۆنی پارتییه و له سه‌رده‌مانی بارزانیی باوكدا په‌یدا بووه كه ئه‌ندامی پارتی ناوچه‌یی هه‌ڵسوكه‌وت نه‌كا، هه‌موو شار و دێی كوردستان به شار و دێی خۆی بزانێ و به‌رپرسیار بێ له ئاستیاندا وه‌كو یه‌ك.
پارتی دیموكراتی كوردستان به‌هۆی نسكۆبردنی شۆڕشی چه‌كداریی كوردستان له ساڵی 1975 زه‌برێكی گه‌وره‌ی پێ كه‌وت. هه‌رچه‌نده پاش ساڵێك له‌و زه‌بره پشت شكێنه، كه‌وته‌وه جووڵه و بزاوت و هێنده‌ی نه‌برد جارێكی تر خۆی گرته‌وه له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی بزاوی سیاسی و چه‌كداریی كوردستان، به‌ڵام راستیت بوێ به‌رده‌وام شوێنه‌واری ئه‌و كه‌وتنه به‌سه‌ر جه‌سته‌ی پارتییه‌وه هه‌بووه. مێژوو باجی كه‌وتن، گران له مرۆڤ وه‌رده‌گرێ. كۆنگره‌ی سێزده متمانه‌ی ئه‌وه‌ی دا ئیتر ئه‌و شوێنه‌واره به‌جارێك له جه‌سته‌دا هاته سڕینه‌وه و پارتی له‌مڕۆوه پێشره‌وایه‌تییه‌كی بێ وێنه‌ی كوردستان و دۆزه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌رده‌گرێته‌وه. دانانی وشه‌ی "نوێبوونه‌وه" له دروشمی تازه‌ی پارتیدا متمانه‌یه‌كی پته‌وی گه‌ڕانده‌وه بۆ ئه‌ندامانی. بۆ من ئه‌م وشه‌یه به‌رده‌وام هه‌ستێكی متمانه و خۆشحاڵیی په‌یدا كرد.
به‌شداریی ئافره‌ت له كۆنگره‌ی پارتیدا رووداوێكی به‌رچاو بوو. یه‌كه‌مجار بوو ئه‌و ژماره به‌رزه‌ی ئافره‌تی لێهاتووی كورد له بواری سیاسه‌تدا ببینم و به‌م گوڕه و به‌م بێ منه‌تییه‌شه‌وه. بێگومان ده‌بێ به‌شداریی ئافره‌ت بۆ رازاندنه‌وه و خه‌مڵ نه‌بێ له كاری سیاسی‌دا، بگره به‌شدارییه‌كی كارا بێ. بزاوی دیموكراسی و ژیانی نوێده‌میش ئه‌مه ده‌خوازێ و ده‌سه‌پێنێ. یه‌كێك له جوانترین رووه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و ئه‌زموونی سیاسیی كوردستان، ئازادیی ئافره‌ت و ده‌رفه‌تی كراوه‌ی به‌رده‌میانه بۆ به‌شداری له شانبه‌شانی پیاودا. كۆنگره‌ی پارتی له‌م پرسه‌دا رووێكی راسته‌قینه‌ی ئه‌م جڤاكه بوو.
له كۆتاییدا بۆچوون و هیوای خۆم زیاتر پوخت ده‌كه‌مه‌وه له‌باره‌ی كۆنگره: كورد گه‌لێكی بێ پێناسه بووه له رابردووی خۆی، گه‌لێك بووه پێپه‌ست له نێوان به‌رداشه زاڵمه‌كانی مێژووی كۆن و نوێ. پێش 64 ساڵ بارزانیی باوك و پارتی شوێنی پێناسه‌یان بۆ كورد گرته‌وه، ئه‌ویش پێناسه‌یه‌ك به‌م سیما و دیمایانه‌وه: هه‌ڵگرتنی جیاوازی و ته‌په‌سه‌ری چ كۆمه‌ڵایه‌تی چ نه‌ته‌وه‌یی، بنیاتنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری به پێومانی دیموكراسی و رێزگرتن له مافه‌یلی مرۆڤ، جێبه‌جێكردنی رێوشوێنی سه‌رده‌مییانه له پێوه‌ندیی نێوان ئاینگه‌ل و نه‌ته‌وه‌گه‌ل، ئازادیی ده‌ربڕین و دابینكردنی خۆشبژێوی. پارتی وه‌ك چۆن له سه‌ره‌تاوه به‌ڵێنی دا به به‌دیهێنانی ئه‌و پێناسه تازه‌یه، ئه‌مجاره‌ش ئه‌م به‌ڵێنه‌ی دایه‌وه. كۆنگره‌ی سێزده سه‌رتاپێ برێتی بوو له به‌ڵێنی ئه‌رێنی. وه‌ك ده‌ڵێن "به‌ڵێنی پیاوی ئازاش ماڵه به‌سه‌ریه‌وه"، ئیتر له پاش كۆنگره‌ی پارتییه‌وه كوردستان و كورده‌واری به‌ته‌مای به‌ره‌وپێشبردنی ریشه‌یی ده‌بن له گشت بواره‌یلدا.
18/12/2010
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
