بون و نه‌بونی مافی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی له نێوان تاڵه‌بانیی سکرتێری گشتیی یه‌کێتی و مه‌سعود بارزانیی سه‌رۆکی پارتی دا، وه‌کو هه‌مو شته‌کانی تری ئه‌م هه‌رێمه. توشی سه‌ره گێژه هاتوه.
تاڵه‌بانی به بۆنه‌و بێ بۆنه رای ئه‌گه‌یه‌نێ: ده‌وڵه‌تی کوردی خه‌ونی شاعیرانه؛
بارزانی له هه‌ندێ کاتی دیاریکراو و نه گونجاو‌دا ئاماژه ئه‌دا، ده‌وڵه‌ت دائه‌مه‌زرێنێ!
تاڵه‌بانی به‌و قسانه‌ی ته‌واوی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له خۆی توڕه و نا‌ئومێد ئه‌کا؛
بارزانی له بۆش دڵی نه‌ته‌وه‌یه‌ک خۆش ئه‌کا.
لێ ئه‌م دوو وتاره هه‌ردوکیان نا ئاقڵانین:
نائاقڵانیه‌تی وتاره‌که‌ی تاڵه‌بانی:
حیزبه‌که‌ی تاڵه‌بانی له هاوینی 1983 وه، له کۆبونه‌وه‌کانی خه‌تێ وه دروشمی سیاسیی سه‌ره‌کی یه‌کێتی گۆڕی بۆ (دیمۆکراسی بۆ عێراق و مافی چاره‌ی خۆ نوسین بۆ گه‌لی کورد). رادێوکه‌ی که تا ئه‌و کاته ناوی ده‌نگی شۆڕشی عێراق بو، کردی به ده‌نگی گه‌لی کوردستان. دروشمی سیاسی یه‌کێتی له دامه‌زراندنیه‌وه تا ئه‌و ساڵه بریتی بو له "دیمۆکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی راسته‌قینه بۆ گه‌لی کورد".
نا ئاقڵانیه‌تی وتاره‌که‌ی تاڵه‌بانی له‌وه‌دایه که حیزبه‌که‌ی نزیکه‌ی 30 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له به‌رنامه‌ی سیاسی خۆیدا مافی چاره‌ی خۆ نوسینی بۆ خه‌ڵکی کوردستان چه‌سپاندوه، که‌چی له باتی ئه‌وه‌ی دیفاع له دروشمه‌که‌ی خۆی بکا، به بێ ئه‌وه‌ی ناچار بێ، یان ناچار کرابێ، زو زو ئه‌چێته‌وه به گژ دروشمی حیزبه‌که‌ی خۆیدا و ئه‌ڵێ: "ده‌وڵه‌تی کوردی خه‌ونی شاعیرانه". دوا جار که تاڵه‌بانی ئه‌م قسه‌یه‌ی تیا کرد ئه‌و چاوپێکه‌وتنه بو که حوسنی مه‌حلی و رۆژنامه‌نوسێکی تورک بۆ به‌شی عه‌ره‌بی ته‌له‌فزێونی TRT تورکی له گه‌ڵیا کردیان. له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا حوسنی مه‌حلی سه‌باره‌ت به ئیمکانیه‌تی ژیانی ده‌وڵه‌تی کوردی، ویستی هیمه‌تێ بداته به‌ر تاڵه‌بانی، لێی پرسی: کێ ئه‌ڵێ هه‌ر چوار ده‌وڵه‌ته‌که‌ی کوردستانیان پێوه لکێنراوه ئه‌توانن پێکه‌وه له‌سه‌ر دوژمنایه‌تیکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی رێکه‌ون؟ کێ ناڵێ ئه‌و کاته‌ش به‌رژه‌وه‌ندی جیا له یه‌کیان جیا ناکاته‌وه‌و له ناویاندا دۆست بۆ ده‌وڵه‌تی کوردی په‌یدا نابێ؟ که‌چی تاڵه بانی موبڕانه سور بو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌خێر شتی وا نابێ و ئیمکان نیه روبدا. هه‌ر وه‌کو ئه‌وه‌ی راسپێردرابێ هیوای نه‌ته‌وه‌یه‌ک به رۆشنیاییه‌که‌ی ئه‌ودیوی تونێله‌که بکوژێ.
که‌واته وتاری تاڵه‌بانی دوو جار نا ئاقڵانیه: جارێک حیزبه‌که‌ی خۆی ئیحراج ئه‌کا؛ جارێکی تر بێ هوده هه‌وڵ ئه‌دا هیوای نه‌ته‌وه‌یه‌ک به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی بکوژێ. به مه‌رجێ ئه‌و ئه‌توانێ، هه‌ر کاتێک پرسیاری وه‌های لێ کرا، زۆر ئاسان خۆی ده‌رباز بکا و بڵێ: کورد مافی خۆیه‌تی وه‌کو هه‌مو نه‌ته‌وه‌کانی تری دنیا ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌بێ، لێ جارێ هه‌لومه‌رجی خۆیی و بابه‌تی له بار نین. ته‌واو.
نا ئاقڵانیه‌تی وتاری بارزانی:
یه‌که‌م: مافی چاره‌ی خۆ نوسین، ئۆتۆماتیکی ناکاته دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی، که‌چی پارتی و بارزانی بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆیان و چه‌واشه‌کردنی رای گشتی، به تایبه‌تی عه‌وامی کوردستان، ئه‌یه‌وێ ئه‌و دروشمه یه‌کسان بکا به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی. له حاڵێکدا پێناسه‌ی مافی چاره‌ی خۆ نوسین بریتیه له‌وه‌ی، ماف بده‌ی به خه‌ڵکی هه‌رێمه‌که/ وڵاته‌که/ نه‌ته‌وه‌که خۆیان بڕیار بده‌ن چ جۆره سیستمێکی حوکمڕانی و پێکه‌وه ژیان له‌گه‌ڵ ئه‌وی تر، هه‌ڵئه‌بژێرن. به‌و پێیه: نا-ناوه‌ندێتی، ئۆتۆنۆمی، فیدراڵی، کۆنفیدراڵی و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆش هه‌مویان ئه‌چنه ژێر سێبه‌ری مافی چاره‌ی خۆ نوسینه‌وه. که‌واته ئه‌وه‌ی پارتی ئه‌یکا دیماگۆگیه‌ته.
دووه‌م: دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی پێویستی به دوو کۆڵه‌که‌ی بنچینه‌یی هه‌یه: یه‌که‌م: هه‌بونی سیستمێکی سیاسیی دیمۆکراسی ئه‌وه‌نده جوان که دنیا مه‌جبور بێ رێزی لێ بگرێ؛ دووه‌م: بنکه‌یه‌کی ئابوریی ئه‌وه‌نده به‌هێز که به‌رگه‌ی ئابڵوقه‌ی چه‌ند مانگه‌و چه‌ند ساڵه‌ی ده‌رودراوسێ بگرێ هه‌تا ئه‌توانین به خه‌باتی دیبلۆماسی کون ئه‌که‌ینه دیواری یه‌کگرتوی ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری کوردستان و سۆز و پشتیوانی رای گشتی شه‌عبی و ره‌سمی وڵاتانی دنیا، به تایبه‌ت وڵاتانی خۆرئاوا‌و روسیا، مسۆگه‌ر ئه‌که‌ین.
نا ئاقڵانی وتاره‌که‌ی بارزانی له‌وه‌دایه که له‌به‌ر نه‌بونی ئه‌و دوو کۆڵه‌که‌یه، که خۆی و حیزبه‌که‌ی به‌رپرسیارێتی سه‌ره‌کیان هه‌یه له نه‌بونیاندا، له باتی ئه‌وه‌ی باری شانی کورد سوک بکا، قورس تری ئه‌کا. راسته وتاری وه‌ها دڵی عه‌وامی کورد خۆش ئه‌کا، به‌ڵام ناحه‌زه‌کان و دوژمنه‌کانی کورد وریا ئه‌کاته‌وه باشتر یه‌کبگرن و سیستماتیک‌تر شه‌ڕی "خه‌ونی شاعیرانه‌ی کورد" بکه‌ن.
پیاو هه‌ندێ جار ناچار ئه‌بێ بڵێ: ئه‌گه‌ر سه‌رکرده‌کانی کورد هه‌ر ئاوا سیاسه‌ت بکه‌ن، هه‌رگیز پێویستمان به دوژمن نابێ بۆ کوشتنی خه‌ون و خواردنی مافمان.
کوردستان نێت: جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی دوو سه‌رکرده‌ی دیاری بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کوردن، مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن ڕاست بێت، ده‌بێت دووڕویی و به‌رژه‌وه‌ندی و خۆپه‌رستی و حیزب په‌رستی ئه‌وان له‌به‌رچاوبگرین. ده‌بێت ئاسایی بێت گه‌ر شۆڕشگێڕانه یان به‌به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن، گرنگ ئه‌وه‌یه ئێمه بۆ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که لاقاویان به‌ین.
16-12-2010 له‌سایتی سبه‌ی که هی بزوتنه‌وه‌ی گؤڕانه، وتارێکی به‌ڕێز مه‌حمود ڕه‌زا له‌ژێر ناوی (دوو سه‌رکرده‌ی کورد. . . دوو وتاری نا ئاقڵانی) بڵاوکرایه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه، پاش کاتژمێرێك لابرا، ئێمه وه‌ک کوردستان نێت به سودفه له‌به‌ر به‌پێزی بابه‌ته‌که لای خۆمان داونڵۆدمان کردبوو، به‌باشی ده‌زانین و به‌داوای لێبوردن له کاک مه‌حمود ڕه‌زا، له‌کوردستان نێت دا بڵاوی بکه‌ینه‌وه.
پرسیاری ئێمه لێره‌دایه، گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان مۆدێلێکی تازه‌ی پێیه له ژیانی حزبایه‌تی و واڵاکردنیده‌نگی تاکی کورد، بۆچی غیره‌تیان نه‌کرد ده‌نگێکی جیاواز له خۆیان قبوڵ بکه‌ن. تۆبڵێیت له ناو بزوتنه‌وه‌ی گؤڕاندا ناوبراو ده‌نگێکی نه‌شاز بێت، گه‌ر نه‌شازه نه‌فره‌ت لێبکه‌ن، گه‌ر شازیشه به‌ڕێزه‌وه ڕێزی لێ‌بگرن، بابه ئاوره‌زوی ئێوه‌ش نه‌خوێنێ.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
