له‌باره‌ی زمانی كوردییه‌وه حاجی قادری كۆیی ده‌ڵێ: "به‌لاغه‌تێكی هه‌یه هیچ زمانێ نایگاتێ"، ئه‌م قسه‌یه ته‌نیا په‌سن و پێدا هه‌ڵگوتنێكی سه‌رڕۆ "سگحی" نییه حاجی بۆ خۆشه‌ویستیی كورد كردبێتی، بگره قسه‌یه‌كی به سه‌رچاوه و بناخه‌یه، ده‌شێ بێته ئیسپاتكردن. راسته كورد په‌ڕپووتن له مێژووی خۆیاندا به‌ڵام وه نییه هه‌موو شتێكی كوردی هه‌ر په‌ڕپووت بێ. زۆرجاری تریش ئه‌و قسه‌یه‌ی مه‌سعوود محه‌مه‌دم به‌نموونه هێناوه‌ته‌وه كه ده‌یگوت: "ئێمه خاكه‌كه‌مان له خۆمان پیاوتر بووه"، واته خاكی كوردستان زیاتر جێی شانازییه له مێژووی كورده‌كه خۆی. من ده‌ڵێم ده‌بێ پرسی زمانیش بچێته پاڵ خاكی كوردستان، ئه‌ویشمان له خۆمان و مێژووه‌كه‌مان پیاوتر بووه. حاجی قادر ئه‌وه‌ش ده‌ڵێ كه زمانه‌كه به‌هۆی بێخه‌میی كوردانه‌وه بێ ره‌واج و بێ به‌ها كه‌وتووه. زۆر راسته، ئه‌گه‌ر سه‌یری كتێبخانه‌ی كوردی بكه‌ی ده‌بینی له رووی لێكۆڵینه‌وه‌ی زمانه‌وانییه‌وه زۆر هه‌ژاره. زمانێك تا ئێسته گرامه‌ر و رێزمان و رێنووسی بۆ نه‌هاتبێته دانان كه ئێمه ئێستا نێزیكه‌ی سه‌ده و چاریه‌كه سه‌ده‌یه‌ك له دوای قسه‌كه‌ی حاجی قادره‌وه ده‌ژین، ده‌بێ له چ كڵۆڵییه‌كدا بێ؟ زۆرجار بیانییه‌ك داوام لێ ده‌كا بۆ نامیلكه‌یه‌كی فێربوونی زمانی كوردی، نازانم چیی وه‌ڵام بده‌مه‌وه. ئه‌و هه‌موو پڕۆفیسۆر و ئه‌كادیمیا و به‌شی كوردییه‌ش له كوردستان كڵاشه ده‌كا.
له سه‌رده‌می نوێ‌دا، زمان دوو قۆناغی بڕیوه. مه‌به‌ستم له سه‌رده‌می نوێ سه‌رده‌می دوای زاینی پێغه‌مبه‌ر عیسایه. قۆناغی یه‌كه‌م: تۆماركردن و نووسینه‌وه‌ی زمان. قۆناغی دووه‌م: رێكخستنی. زمانی عه‌ره‌بی له سه‌رده‌می عه‌باسیدا هاته تۆماركردن و هه‌روه‌ها رێكخستن، واته دانانی رێزمانه‌كه‌ی. زمانی كوردی باش بوو له سایه‌ی چه‌ند كه‌ڵه‌پیاوێكه‌وه هاته تۆماركردن بێ ئه‌وه‌ی چ داووده‌زگایه‌كیشیان له پشته‌وه بێ. له‌م نووسینه‌دا زیاتر باسی كوردیی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌م كه پێی ده‌ڵێن دیاله‌كتی سۆرانی و ئاشكرایه ده‌وڵه‌مه‌ندترین دیاله‌كتی كوردییه له هه‌موو رووێكه‌وه. ئه‌مه‌ش ناوچه‌یه‌كه له رۆهه‌ڵات له شاری سنه‌وه دێ تا ده‌گات به هه‌ولێر له رۆئاوا. له باكوریش له ناوچه‌ی موكریان "مه‌هاباد"ه‌وه تا ده‌گا به گه‌رمیان "كه‌ركووك". ئه‌وانه‌ی زمانی كوردی‌یان كۆ كرده‌وه به‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و ناوچه فراوانه‌دا هاتوونه‌ته دابه‌شبوون. مه‌به‌ستم له كۆكردنه‌وه ئه‌و كه‌سانه‌یه كه جوانترین ده‌قیان به‌زمانی كوردی داڕشتووه جا چ نووسینی خۆیان بێ چ وه‌رگێڕان. بۆ نموونه عه‌لائه‌دین سه‌جادی "سنه" ته‌نیا ئاماژه به دوو به‌رهه‌می ده‌كه‌م: رشته‌ی مرواری و كوردواری كه مرۆڤ له ئاست ده‌وڵه‌مه‌ندیی زمانی كوردیدا سه‌رسام ده‌كه‌ن. شێخ محه‌مه‌دی خاڵ "سلێمانی" فه‌رهه‌نگی خاڵ و په‌ندی پێشینان و ناڵه‌ی ده‌روون. عه‌بدوڕه‌حمان شه‌ره‌فكه‌ندی ـ هه‌ژار "مه‌هاباد" ته‌نیا ئاماژه به شه‌ره‌فنامه و فه‌رهه‌نگی هه‌نبانه بۆرینه و وه‌رگێڕانی قورئان ده‌كه‌م. مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس "هه‌ورامان" ته‌نیا یادی مه‌ردان و دیوانی نالی. شوكور مسته‌فا "كه‌ركووك" قه‌ڵای دمدم و وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌كانی یه‌شار كه‌مال. مه‌سعوود محه‌مه‌د "كۆیه" هه‌ر سێ به‌رگی حاجی قادر و مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر وه‌ك نموونه. دوا ناویش له‌م زنجیره‌یه‌دا عه‌زیز گه‌ردی "هه‌ولێر" داغستانی منی ره‌سووڵ هه‌مزه‌تۆڤ، وه‌ك نموونه. بێگومان ناوی تریش هه‌ن وه‌ك تۆفیق وه‌هبی، حوسێن حوزنی و كه‌مال جه‌لال غه‌ریب كه خزمه‌تی بێ وێنه‌یان به زمانی كوردی كردووه به‌ڵام ئه‌مانه زیاتر له بواری رێزمان و زاراوه‌سازی و رۆژنامه‌وانیدا كاریان كرد بۆیه كاره‌كانیان ده‌چێته ناو قۆناغی دووه‌مه‌وه كه قۆناغه گرینگه‌كه‌یه و به‌نیوه‌چڵی له‌لایه‌ن كوردی بێخه‌مه‌وه هاتووه‌ته به‌جێهێڵان.
كورد له‌م قۆناغی دووه‌مه‌دا كه قۆناغی رێكخستنی زمانه، ته‌واو سه‌ری لێ شێوا، پسپۆڕ و شاره‌زای پێویستی نه‌بوو بۆ كاره‌كه. ئازادیی كوردستان و ته‌قینه‌وه‌ی نووسین به‌كوردی و لێمشتی میدیای كوردیشی به‌سه‌ردا هات. زمانی كوردی له قۆناغه خۆڕسكییه‌كه‌ی كۆنیدا مه‌ترسیی له‌سه‌ر نه‌بوو، به‌درێژای مێژوو به‌ده‌نگ داخوازیگه‌لی كۆمه‌ڵی كوردییه‌وه هاتبوو، لێ به‌ڵێ له‌م چاخه تیژڕۆیه‌دا ناتوانێ فریا بكه‌وێ. كوردی، ئه‌مڕۆ زمانێكه بێ فه‌رهه‌نگی زانستییانه و بێ رێزمان و بێ رێنووس و بێ زاراوه‌سازیی به‌رده‌وام، زمانی وا ناتوانێ راكردن له‌گه‌ڵ رۆژاندا ده‌سته‌به‌ر بكا. ئه‌مڕۆ له ئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌واییی كوردستاندا، كه‌رتی زمان شه‌پڕێوترین كه‌رته، بچووكترین رێكخستن و به‌رنامه‌كاریی تێدا نایه دیتن. ئه‌مه‌ش بێگومان پشووی زمانه‌كه سوار ده‌كا و ره‌نگه له ماوه‌یه‌كی داهاتوودا به‌جارێك له كه‌ڵكی بخا.
ده‌ڵێن له مه‌لایه‌كیان پرسی واتای چییه: "وجر بالفتحه ما لاینێرف؟" كه پرسێكی زمان و رێنووسی عه‌ره‌بییه، پاش چه‌ند رۆژێك بیركردنه‌وه مه‌لا دیاره كۆلكه بووه، گوتی ئه‌مه ده‌ڵێ "جوڕه‌جوڕی به مه‌لا فه‌تحوڵڵای بێخن با ئه‌وه‌نده سه‌رف نه‌كا". لێره‌دا مه‌به‌ستم گاڵته‌وگه‌پ له‌گه‌ڵ مه‌لایان نییه، پرسه‌كه پرسێكی زمانه‌وانییه و نموونه له زمان ده‌هێنمه‌وه له بواری رێكخستنی زماندا، ئه‌گینا زۆربه‌ی ئه‌و كه‌ڵه‌بنووسانه‌ی له‌سه‌ره‌وه وه‌ك ده‌قنووسی ره‌سه‌ن ناوم هێنان، یه‌كێك یان دوانیان نه‌بێ ئه‌وانی تر گشتیان مه‌لا و خوێندووی حوجره‌ی مزگه‌وت بوون و مایه‌ی شانازیشن تا هه‌تایه. به‌ڵام زمانی كوردی ئه‌مڕۆ وه‌ك مه‌لا فه‌تحوڵڵا زۆر سه‌رف ده‌كا، بیست و چوار سات راگه‌یاندنی كوردی له‌گه‌ڕدایه و زمان به‌كار دێنێ بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی ژیانی نوێده‌م، رۆژانه كتێب به كوردی ده‌رده‌چن و به‌ڵاڤۆكی تریش به‌لێشاون. نه‌بوونی هیچ رێكخستنێك بۆ ئه‌م زمانه له‌ناو ئه‌م به‌كارهێنانه به‌رفره‌یه‌دا، دووچاری مه‌ترسیی گه‌وره‌ی ده‌كا و وه‌ك مه‌لا فه‌تحوڵڵا جوڕه‌جوڕی پێ ده‌كه‌وێ.
له‌باره‌ی هه‌موو شتێكه‌وه به‌وێرایی ده‌نووسم و له ئه‌نجامه‌كانی ناپرینگێمه‌وه ئاخۆ چی روو ده‌دا، ته‌نیا له دوو پرسدا به بیره‌بیر "تردد" و دڵه‌ڕاوكه‌وه دێمه پێش، یه‌كیان پرسی زمانی كوردی و ئه‌وی تریان پرسی ئافره‌تی كورده. له‌م دوو بواره‌دا ده‌م هه‌راش و خۆبه‌گه‌وره‌زانی فشوفۆڵ ئه‌وه‌نده زۆرن مرۆڤ ناوێری بۆچوونی خۆی به‌ڕاشكاوانه ده‌ربڕی. به‌ڵام پرسیارێك هه‌ر ده‌كه‌م: بیلامانێ ئه‌و ئه‌كادیمیای كوردییه چی ده‌كا؟ كوا رێزمان كوا رێنووس كوا قامووس؟ یان پرسیارێكی تر: چه‌ندان تێزی خوێندنم بینیوه له ماسته‌ر و دكتۆرا، كوردییه‌كه‌یان ئه‌وه‌نده په‌ڕپووته سه‌رسامت ده‌كه‌ن. خوێندنی باڵا به‌م باڵایییه‌ی خۆیه‌وه بۆ داناچه‌مێته‌وه و سه‌یری یه‌كێكیان بكا؟
له‌باره‌ی هه‌ر پرسێكی كوردییه‌وه بنووسی و ره‌خنه ئاراسته‌ی لایه‌نی كوردی بكه‌ی، ئه‌گه‌ر هه‌زار راوێژی جوانیشت نووسیبێ نه‌ك كه‌س گوێت لێ ناگرێ و به‌قسه‌ت ناكا، بگره تا بۆشیان بلوێ بوغزت لێ ده‌كێشن. هیوادارم كه‌س وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌م نه‌داته‌وه و دان به‌خۆیاندا بگرن له ئاست ره‌خنه‌یه‌كی دۆستانه و وا باشتره به‌خۆیاندا بچنه‌وه. ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ن، به‌م حاڵه‌ی كوردییه‌وه كه‌ركووك نابێته‌وه به‌كوردستان، به‌م حاڵه‌ی كوردییه‌وه ده‌وڵه‌تی كوردی چاوی به‌ژیان ناپشكوێ كه ده‌وڵه‌ت بنیشتۆكه‌ی زارانه له‌ناو هزری هه‌رزه خه‌یاڵاندا. به‌م حاڵه‌ی كۆڕ و زانستگه‌ی كوردیشه‌وه، زمانی كوردی له سایه‌ی ئه‌م بێ ته‌عه‌سوبییه‌ی كورد "حاجی گوته‌نی"، سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م ته‌واو ناكا. به‌داخه‌وه بۆ ئه‌م زمانه نازداره و به‌داخه‌وه بۆ بێكه‌سییه‌كه‌ی.
30/11/2010
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
