وه‌ك نه‌ریت و باو، زۆربه‌ی خه‌ڵك خۆیان له كاری به مه‌ترسی و دووبه‌خته‌كی ناده‌ن. خه‌ڵك له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌دوای سه‌ركه‌وتنی مسۆگه‌ردا ده‌گه‌ڕێن ده‌یانه‌وێ رێگه‌یه‌ك بگرنه به‌ر پێش خۆیان هاتبێته كوتانه‌وه و تاقیكردنه‌وه. ده‌توانین له بواری رۆشنبیری‌دا نموونه‌یه‌ك بۆ ئه‌مه بهێنینه‌وه، ئه‌وانه‌ی له ژیان و شیعری نالییان كۆڵیوه‌ته‌وه و كتێبیان له‌باره‌یه‌وه داناوه له خوێنده‌وارییه‌كه‌ی نالییه‌وه نێزیك بوون، له ژیگه‌ی ئه‌ویشه‌وه دوور نه‌بوون. عه‌لائه‌دین سه‌جادی "مه‌لا"، مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس و رۆڵه‌كانی: فاتیح و محه‌مه‌د "مه‌لا و په‌روه‌رده‌ی مه‌لایه‌تی"، ته‌نانه‌ت مه‌سعوود محه‌مه‌دیش "تا راده‌یه‌كی زۆر په‌روه‌رده‌ی خوێندنی مه‌لایه‌تی". له‌م بواره‌دا ته‌نیا مارف خه‌زنه‌داره له دووره رێگه و له ده‌ره‌وه‌ی ژیگه و وارگه‌ی نالییه‌وه هاتووه و بڕوای وایه پێی ده‌وێرێ. نامۆیی نه‌كردن له نه‌ناس و گرتنه‌به‌ری رێی نه‌كراوه و رچه نه‌شكاو، له چاونه‌ترسی و وێرایییه‌وه دێ. ئه‌مه‌ش پێناسه‌ی ئه‌و پیاوه‌یه كه ئه‌مڕۆ یادی ده‌كه‌ینه‌وه.
له هه‌ولێری چله‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو، كولتوور و زمانی كوردی به‌ده‌وروبه‌ر نامۆ و بیانی بوون. راسته هه‌ولێر شاری كوردانه به‌ڵام له مێژووی دوور و درێژی خۆیدا به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌وه بووه، ئه‌م شاره له سه‌رده‌می میرنشینه كوردییه‌كاندا بۆی نه‌شیابوو زمان و كولتووری كوردیی تێدا چه‌كه‌ره بكا. له سییه‌كاندا حوسێن حوزنی یه‌كه‌م رێچكه‌ی تێدا كرده‌وه، به‌ڵام حوزنی له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێره‌وه هاتبوو و په‌روه‌رده‌ی ژیگه‌یه‌كی تر بوو. ته‌نیا مارف خه‌زنه‌داره كه منداڵی شاره‌كه‌یه و كوڕی كولتووره‌كه‌یه، یاخی ده‌بێ و ده‌یه‌وێ ته‌لیسمی نووسین به‌كوردی بشكێنێ. یه‌كه‌مین گڕوگاڵی خۆی له ساڵی چل و حه‌وت له كۆواری گه‌لاوێژدا بڵاو كرده‌وه، ئه‌مه رچه‌ی یه‌كه‌می بوو، پاشی ئه‌وه رچه‌یه‌كی تری شكاند و كتێبێكی به زمانی عه‌ره‌بی به‌ناوی "اغانی كوردستان"ه‌وه بڵاو كرده‌وه. شكاندنی رێچكه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ش رووكردنه رووسیا و ته‌واوكردنی خوێندنی به‌رز بوو له‌باره‌ی ئه‌ده‌بی كوردییه‌وه. جیایییه‌كی تری مارف خه‌زنه‌دار كه ده‌بێ ئاماژه‌ی بۆ بێته‌دان، ئه‌وه‌یه خۆی به‌داوونه‌ریت شارییه، پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی بنووس و ئه‌دیب و شاعیرانی سه‌رده‌می خۆی و ره‌نگه زۆری پاش خۆشی كه لادێیین. شاریه‌تیش له بیركردنه‌وه و هه‌ڵسوكه‌وت و نووسینه‌كانیدا به‌ده‌ری داوه‌ته‌وه، بۆ نموونه چیڕۆكه‌كانی ئه‌له‌مان كوردی.
پێش بیست و دوو ساڵ مارف خه‌زنه‌دارم رووبه‌ڕوو ناسی، به‌درێژای ئه‌و ماوه‌یه پێوه‌ندیمان گه‌رم و گوڕییه‌كه‌ی خۆی له ده‌ست نه‌دا. پیاوێكی به بنه‌وا و به پره‌نسیب بوو، ده‌مده‌می یان هه‌ر رۆژ له‌سه‌ر ته‌بیاتێك نه‌بوو وه‌ك زۆر له رۆشنبیرانی وه‌چه‌ی خۆی كه پاراستنی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵیاندا وه‌ك راگرتنی ده‌سنوێژ وایه. مرۆڤێكی سه‌نگین و باوه‌ڕبه‌خۆ بوو، جیاواز له گه‌له‌ی خه‌ڵك بیری ده‌كرده‌وه و جیاواز له‌وان ره‌فتاری ده‌كرد. خۆبه‌گه‌وره‌زان بوو له ئاست ئه‌وانه‌ی له پله و پایه‌ی به‌رزدان، ساده و خاكی بوو له ئاست دۆست و هاوه‌ڵانی خۆی و خه‌ڵكی ره‌شۆكی و ره‌مه‌كی. ساتێكم له بیره هیچ جار دیمه‌نه‌كه‌یم له بیر ناچێته‌وه، گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ناوه‌خۆ بوو، به‌سه‌ر ماڵه‌كه‌ی منیان دادا و له‌سه‌ر دیواره‌وه هه‌ڵاتم. بێگومان بیانگرتایه‌م ده‌یانكوشتم. ماڵی دكتۆر مارف بوو به‌داڵده‌م بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ، له ژێرزه‌وینی ماڵه‌كه‌یاندا شه‌و و رۆژم به‌سه‌ر ده‌برد. به‌ده‌ستی خۆی هه‌ندێك پێداویستیی بۆ ده‌هێنام كه ده‌بوو به مایه‌ی شه‌رم و شكانه‌وه‌م له ئاستیدا. پیاوی گه‌وره له ته‌نگانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ، له‌و رۆژانه‌دا جوامێریی دكتۆر مارف و پیاوێكی ترم له‌بیر ناچێته‌وه كه چه‌ند په‌رۆش و رێزگر بوون بۆم.
كورد ده‌ڵێ "به‌ردی گران نابزوێ". ئه‌و رۆژه‌ی هه‌ولێر له 31 ئاداری 1991 رێژیمی به‌عس په‌لاماری دایه‌وه، تێكڕای خه‌ڵك به‌ریان به‌ده‌شته‌وه نا و روویان له چاره‌نووسی ون كرد. رۆژێك بوو هه‌موو گه‌ل وه‌ك یه‌ك بیریان ده‌كرده‌وه و به‌هه‌مان شێوه ده‌ترسان. كه‌س باوه‌ڕی به‌وه نه‌بوو ئه‌گه‌ربێو بكه‌وێته ده‌ستی به‌عس فه‌لاكه‌تێكی به‌سه‌ر نایه. مارف خه‌زنه‌دار له جێی خۆی نه‌بزوا. كه چوونه سه‌ری ره‌نگ بوو بیانكوشتایه، كێ ده‌یناسی و كێ به‌زه‌ی پێدا ده‌هاته‌وه. ره‌نگه شه‌رمیان له پیرییه‌كه‌ی كردبێ یان له كتێبخانه‌كه‌ی، ده‌ستیان بۆی درێژ نه‌كرد. دووریش نییه له جێی ئه‌و كه‌سه‌ی له ده‌رگه‌ی دان، یه‌كێكی تر بوایه ده‌سبه‌جێ راپێچه‌كی بدایه بۆ گرتیگه یان كوشتیگه. ئه‌مانه هیچیان بێگومان به‌لای خه‌زنه‌داره‌وه واته‌یان نه‌بوو و هی ئه‌وه نه‌بوو لێیان سڵ بكاته‌وه یان بیترسێنێ. ته‌نیا یه‌ك شت واته‌ی هه‌بوو له‌لای ئه‌و كه نابێ بڕوا و نیشتمان و ماڵ و كتێبخانه‌كه‌ی به‌جێ بهێڵێ. ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌مان با ئه‌ویش نه‌مێنێ. بێگومان راستیان گوتووه به‌ردی گران نابزوێ.
نموونه‌یه‌كی قه‌بووڵكردنی جیاوازی، كه له دكتۆر مارفدا بینیم شایه‌نی ئه‌وه‌یه باسی بكه‌م. شه‌ش ساڵ له كۆڕی زانیاری كوردستان به‌یه‌كه‌وه ئه‌ندامی كارا بووین. ساڵێكیان له‌سه‌ر راسپارده‌ی كۆڕ ده‌بوایه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی عه‌لی حه‌ریرییه‌وه بنووسم. له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا سه‌رتاسه‌ر بۆچوونه‌كانی دكتۆر مارفم هه‌ڵوه‌شاندبووه‌وه كه پێشتر له مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیدا له‌باره‌ی عه‌لی حه‌ریرییه‌وه نووسیبوونی. نه‌مویست راسته‌وخۆ وتاره‌كه بده‌م به‌ده‌ستی دكتۆر خۆی بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد بێ ئه‌گه‌ر ره‌تی بكاته‌وه، ئه‌و سه‌رنووسیاری كۆواری كۆڕ بوو. پاشان زانیمه‌وه به‌بزه‌یه‌كه‌وه په‌سندی كردبوو بۆ بڵاوكردنه‌وه.
حاجی قادری كۆیی ده‌ڵێ:
مه‌رگ و ژین میسلی سێبه‌ر و تاوه - ئه‌وه‌ی باقی بمێنێ هه‌ر ناوه
دكتۆر مارف دواكۆچی خۆی كرد و رۆیشت، بێگومان ئه‌مجاره ماڵ و كتێبخانه و وڵاته‌كه‌شی به‌جێ هێشت. هه‌موو كه‌سیش ئه‌م رێیه‌ی له‌به‌ردایه، جیایی ئه‌وه‌یه كێ به‌تاڵایی به‌دوای خۆیه‌وه به‌جێ ده‌هێڵێ و ده‌وروبه‌ر هه‌ست به‌واڵاییی شوێنه‌كه‌ی ده‌كه‌ن. كه‌من ئه‌وانه‌ی به‌مردنیان دێیه‌ك یان شارێك یان ناوچه‌یه‌ك چۆڵ ده‌بێ. ئه‌مه‌یان دكتۆر مارفه.
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك ده‌بێ به‌هۆی پڕكاریمه‌وه نه‌مده‌توانی زوو زوو سه‌ری لێ بده‌م، پێش چه‌ند مانگێك چووم بۆ لای. له نه‌خۆشیشدا نه‌مبینی، ته‌نیا گوڵێكم بۆی نارد. به‌ڵام به هه‌واڵی دواكۆچه‌كه‌ی و به‌جێهێشتنی هه‌ولێر، هه‌ستم به‌چۆڵییه‌ك كرد له شاره‌كه‌دا. ئه‌و رۆژه‌ی بۆ یه‌كه‌مین جار له 1989دا ناسیم، پێی گوتم تۆ قوتابیی منی، به‌درێژاییی هه‌موو ئه‌و ساڵانه شانازیم به‌و نازناوه‌وه كرد، ئه‌مڕۆش كه ئه‌م وشانه‌م بۆ یادی ئه‌و نووسی وا ده‌زانم به‌و نازناوه، دكتۆر مارف گه‌وره‌ترین خه‌ڵاتی كردووم. به‌ڕاستی مامۆستا بوو.
9/11/2010
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
