ئامارێکی ته‌واو دروست له سه‌ر ڕێژه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان له هه‌رێمی کوردستان له‌به‌ر ده‌ستدا نیه. دیاره ئه‌میش په‌یوه‌ندیی به چه‌ند هۆکارێکه‌وه هه‌یه. ده‌ستکاریکردن و شاردنه‌وه‌ی ژماره‌کان له لایه‌ن ناوه‌نده په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌وه به مه‌به‌ستی سیاسی، نه‌بوونی هۆشیاری و ترسی خراپتربوونی ڕه‌وشه‌که بۆ قوربانی، ده‌ست نه‌گه‌یشتنی ڕێکخراوو ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان به هه‌موو حاڵه‌ته‌کان، که‌مته‌رخه‌می و نه‌بوونی نیازی گرنگیپێدانی ناوه‌نده په‌یوه‌ندیداره‌کان، گرنگترینی ئه‌و هۆکارانه‌ن. به‌ڵام ئه‌و ئامارانه‌ی له ئاکامی په‌ره‌سه‌ندنی هۆیه‌کانی په‌یوه‌ندی و ڕاگه‌یاندن و فشاری هه‌ندێ له ڕێکخراوه‌کانی ژنان و مافی مرۆڤ، ناوبه‌ناو ئاشکراده‌کرێن، سه‌رباری که‌موکوڕیان، نیشانیده‌ده‌ن که ڕه‌وشی ژنی کورد له بارێکی یه‌کجار ناله‌باردایه و پێویسته سنوورێکی بۆ دابنرێ.
بۆیه هه‌ر لێره‌وه و له نزیکبوونه‌وه‌ی 25ی نۆڤه‌مبه‌ردا، وه‌کو ئافره‌تێکی کورد، داوا له ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسێون و ڕێکخراوه‌کانی ژنان و مافی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌که‌م له هه‌رێمی کوردستان ئیتر ده‌ست له ململانێی سیاسی و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی یه‌کتر هه‌ڵگرن. با هه‌ڵسوڕاوانی بواری مافه‌کانی ژنان له 25ی نۆڤه‌مبه‌ره‌وه، هه‌فته‌ی هه‌ڵمه‌تی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ڕووناکبیریی کۆمه‌ڵگه له‌هه‌مبه‌ر پرسی ژن بده‌ن. با هه‌ڵسوڕاوانی بواری ژنان بڕژێنه سه‌ر شه‌قام و لێبوردنی تاوانکارانی ژنکوژ ئیدانه بکه‌ن. با کچ و ژنه خوێندکاری کورد له زانکۆکانی کوردستان ئه‌و هه‌فته‌یه بکه‌نه هه‌فته‌ی چالاکیی ڕووناک‌بیری و ئه‌کادیمی و زانستی و کۆمه‌ڵایه‌تی. با ژنی ڕووناک‌بیری کورد چالاکیه‌کانی خۆی بباته گوند به گوند‌و شاربه شاری کوردستان. با تۆڕێکی تایبه‌ت دروست بکرێ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی له‌سه‌ر حاڵه‌ته‌کانی توند‌و تیژی دژی ژنان و هه‌موو ناوچه جیاجیاکانی کوردستان بگرێته‌وه. با مامۆستایان که‌ڵک له به‌های په‌روه‌رده وه‌ربگرن و قوتابیان له‌سه‌ر یه‌کسانی ژن و پیاو هۆشیار بکه‌نه‌وه. با که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن ناچار بکرێن کۆڕ‌و کۆنفرانس و چالاکیی ژنان بڵاوبکه‌نه‌وه‌و هه‌وڵ بدرێ ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ژنان هه‌فتانه له‌سه‌رجه‌م که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌و له یه‌ک کاتی دیاریکراودا به‌رنامه‌یه‌کی هاوبه‌شی هۆشیارکردنه‌وه‌و چالاکیی له باره‌ی ژنانه‌وه، دوور له ئینتمای سیاسی و جیاوازیی زار‌و ناوچه‌گه‌ری، بڵاوبکه‌نه‌وه. هاوکات به ئاشکرا ئیدانه‌ی هه‌ر که‌ناڵێک بکه‌ن که نایه‌ته ژێربار. با هه‌موو به یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک ده‌ست سنوورێک بۆ توندوتیژی دژی مێینه له هه‌رێمی کوردستان دابنێین.
ئیتر کاتی هاتووه پیاوی کورد دان به‌و ڕاستیه‌دا بنێ که ڕۆڵی ژن له په‌روه‌رده‌و به‌خێوکردن و سه‌رهه‌ڵدان و به‌رخودان و گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگادا هیچی له ڕۆلی پیاو که‌متر نییه. پیاوی کورد ده‌بێ بێته‌وه هۆش خۆی و دان به‌و ڕاستیه‌دا بنێ که ئه‌وه ژن بوو، وه‌کو دایک، نۆ مانگ ئازاری دووگیانیی به‌وانه‌وه کێشاو به ته‌نیا ژانی هێنانه دنیاشیانی گرت. ئه‌وه دایک بوو شه‌و چاوی لێک نه‌ده‌نا، تا ئه‌وان ڕۆژ به‌ڕۆژ گه‌وره‌بن و ببنه ئه‌و پیاوه‌ی ئێستا. ئه‌وه دایک بوو ژیان و ته‌مه‌نی خۆی کرده قوربانی، تا ئه‌وان بێنه به‌رهه‌م. ئه‌وه دایک بوو ئاماده بوو بمرێ، به مه‌رجێ ئه‌وان بژین. ئه‌وه ژنه، وه‌کو خوشک، له ئازاری غه‌می ئه‌واندا ئارامیی له‌به‌ر هه‌ڵده‌گیرێ و ژیانی لێ تاڵ ده‌بێ. ئه‌وه ژنه، وه‌کو هاوسه‌ر، شان ده‌داته به‌ر نه‌بوونی و ده‌ربه‌ده‌ری و شاخه‌و شاخی ئه‌وان. ئه‌وه ژنه، وه‌کو هاوسه‌ر، پاسی ماڵ و منداڵ و چاره‌نووسی ئه‌وان ده‌کات. ئه‌وه ژن بوو، وه‌کو دایک، خوشک، هاوسه‌ر، که له ڕۆژانی شۆڕش و خه‌باتدا باجی پێشمه‌رگایه‌تی و کاری سیاسیی ئه‌وانی ده‌دا و زۆر جار له کونجی زیندانی دوژمنان‌دا داده‌ڕزێنرا. بۆیه ده‌بێ پیاوان دان به‌و ڕاستیه‌دابنێن، که بێ دایک و خوشک و هاوسه‌ر، ئه‌وه ئه‌وان نه‌بوون هێنده جه‌ربه‌زه بن له تاڵی و ته‌نگژه‌کانی ژیان قوتار بن و به‌م ڕۆژه بگه‌ن. بۆیه کاتی هاتووه ده‌رک بکه‌ن که ژنان نۆکه‌رو به‌نده‌و کۆیله‌ی ئه‌وان نین. ژنان هاوشان و هاوپێگه‌و هاوژیانی پیاوانن و ته‌واوکه‌ری بوونی یه‌کترن.
ئیتر کاتی هاتوه ژنان بێنه مه‌یدان و بێ سڵه‌مینه‌وه به پیاوان بڵێن: گه‌ر هه‌ست به پیاوه‌تی و نه‌به‌ردی ده‌که‌ی، به‌سه‌ر فیکری داڕزیوی خێڵایه‌تی و دواکه‌وتوویی خۆتدا زاڵ به‌و ده‌ست له دایک و خوشک و هاوسه‌رت هه‌ڵگره. گه‌ر ده‌ته‌وێ ئاسووده‌و سه‌ربه‌ست و به‌ڕێزو سه‌ربه‌رز، وه‌کو مرۆڤ بژی، ڕێگه بده ژن ئاسووده‌و سه‌ربه‌ست و به‌ڕێزو سه‌ربه‌رز بژی. ئیتر به‌سه سووکایه‌تی به میینه‌ی کورد، ئیتر به‌سه ئازاردانی ده‌روونی و جه‌سته‌یی و گێچه‌ڵ و زۆرکردن و کوشتنی ئافره‌تی کورد.
25 نۆڤه‌مبه‌ری 1960 ڕۆژی تیرۆرکردنی سێ خوشکه شۆڕشگێڕی دۆمه‌نیکانه به فه‌رمانی دیکتاتۆری ئه‌ووڵاته و له‌ساڵی 1981ه‌وه بوه‌ته ڕۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان له‌لایه‌ن ڕێکراوه فێمینیستیه‌کانی جیهانه‌وه. دواجار به بڕیاری ژماره 54/143ی ساڵی 199ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان ئه‌و ڕۆژه به ڕۆژی ڕیشه‌کێشکردنی توندوتیژی دژی ژن له جیهان ده‌ستنیشان کرا. ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان له‌ده‌قی بڕیارنامه‌که‌دا داوا له حکومه‌ت و کۆمه‌ڵه‌و ڕێکخراوه نێوده‌وڵه‌تی و ناحکومیه‌کان ده‌کات، کاربکه‌ن بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمه‌ڵگاکان به‌مه‌به‌ستی ڕێشه‌کێشکردنی توندوتیژی دژی ژنان.
بۆیه، جێی خۆیه‌تی له‌و ڕۆژه جیهانیه‌دا، ئێمه‌ی ئافره‌تانی کوردیش ده‌ست بخه‌ینه ده‌ستی ژنانی جیهان و، له‌پێناوی بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان له نیشتمانی زامداره‌که‌ی خۆماندا، په‌یامی شێره‌ژنی کورد (که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د) بکه‌ینه دروشم و بڵێین:
من ژیانم ئێش و ژان بێ،
باغی ژینی تۆیش بێبه‌ره.
نیشتمانێ که زامداربێ،
که‌ی شایه‌نی غه‌دری تره.
شێنێ به‌کر
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
