پێش ئه‌وه‌ی بچمه ناو بابه‌ته‌كه دوو شت به خێرایی باس ده‌كه‌م، یه‌كه‌میان، ئه‌و براده‌ره ئی ئه‌وه‌نده‌ی نییه سه‌ره قهڵهمێكیشی پی خه‌سار بكه‌ی، چونكه هه‌مووان ده‌زانن خۆشی به‌رامبه‌ر هه‌تا مناره‌ی مزگه‌وتیش نایه‌ت، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ئه‌و شوێنه نه‌بێت، كه لێی دانیشتووه، خودی خۆی وه‌ك هه‌موو ئه‌و كه‌سانه بوو، كه رۆژانه خه‌یاڵیان ده‌چنن و به‌ناوی ره‌خنه‌وه له ئه‌نته‌رنێت و رۆژنامه و گۆڤاره‌كان بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه.
دووه‌میش به‌دران دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك شتی نا مه‌سئولانه، كه كه‌سێك كه‌مترین هه‌ستی مرۆڤانه و، كه‌مترین غه‌می كوردستانی هه‌بێت، شتی وا نانووسێت، چونكه ئه‌گه‌ر تۆ پێت وابێت ژیانی ئافره‌تێك كه‌وتۆته مه‌ترسیه‌وه، چونكه ره‌خنه له سیسته‌می قوتابخانه‌كه‌ی گیراوه، ئه‌وا نووسینه‌كه‌ی تۆ نه‌ك كه‌سێك به‌ڵكو گیانی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌زموونه‌كه‌ی ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه، من له خوێنه‌ر ده‌پرسم: چ شتێك له‌و وتاره هه‌ڕه‌شه‌ئامێزتره بۆ كوردستان، كه ئه‌و براده‌ره به زمانی عه‌ره‌بی بابه‌تێكی لێوان‌لێو سوكایه‌تیكردنی به مێژووی هه‌زار و پێنج سه‌د ساڵه‌ی ئیسلام بڵاوكرده‌وه؟، ئه‌و بابه‌ته‌ی كاك به‌دران به زمانی عه‌ره‌بی، په‌یامێكی ئاقڵانه بوو دایه تیرۆریستان بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان بكه‌نه ئامانج. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له نووسینی ئه‌م جاره‌ی، خۆی له خاڵه‌كانی نووسینه‌كه‌ی پێشوو دزیوه‌ته‌وه، له‌وه ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌م، چونكه هه‌ڵه چه‌ند گه‌وره بێت، كه هه‌ستت پێیكرد و، خۆتت لێی دزییه‌وه، ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه جۆره وشیاریه‌ك هه‌یه. به‌ڵام له‌و قسه ریزكردنهشیدا پێچه‌وانه‌ی سه‌ره‌كیترین بۆچوون و ره‌وته‌كانی كوردستان به‌دران حه‌بیب كوڵی دڵی خۆی له په‌نای كه‌نیسه‌ی سهیدهتول نه‌جات ههڵدهڕێژإ.
پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان و ئیسلامیه‌كان، هه‌موویان رێز له رۆڵی زانایانی ئایینی ده‌گرن، تا ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی وه‌كو حزبن ئه‌و رێزلێنانه‌یان خستۆته ناو پڕۆگرامی حزبیشه‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامی ئه‌و خه‌باته دوور‌و درێژه‌یه كه زانایانی ئایینی كردوویانه، كه له قۆناغی ئێستاشدا هه‌مو لایه‌ك شایه‌تی ده‌ده‌ن، كه زانایانی ئایینی به گشتی و (ئیتیحادی مه‌لاكان!) یه‌كێتی زانایان به‌تایبه‌تی چ رۆڵێكی هه‌یه، ده‌كری چه‌ند نموونه‌یه‌كتان بۆ بینمه‌وه:
1/ رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان به ره‌سمی چه‌ند جار سه‌ردانی یه‌كێتی زانایانیان كرد و ده‌ستخۆشانه‌یان لێ‌كردن له به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێك فه‌توا و روونكردنه‌وه‌ی تایبه‌ت به ئافره‌تان، كه له‌وه‌دا یه‌كێتی زانایان وه‌كو تاكیش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئافره‌تان ته‌ده‌خولیان كردووه له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی گیانی ئافره‌تان له كوشتن رزگار بكه‌ن.
2/ كونسولگه‌ری ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی یه‌كێتی زانایانی كرد، چونكه یه‌كه‌مجار بوو زانایانی ئایینی به‌و كراوه‌یی شه‌فافیه‌ته ببینێت و، ده‌ستخۆشی چالاكیه‌كانی لێی كردن، كه له نزیكه‌وه ئاگاداری بوو.
3/ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان به یاوه‌ری چه‌ندان ئه‌ندام په‌رله‌مان سه‌ردانی یه‌كێتی زانایانی كرد و، دواتریش وتارێكی له‌سه‌ر رۆڵی یه‌كێتی زانایان بڵاوكرده‌وه، وه‌ك خۆی گووتی: ئامانجی هاتنه‌كه‌م ته‌نها سوپاس و ده‌ستخۆشیه بۆ ئه‌و چالاكیانهتان و، به‌ناوی خۆم و سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه هاتووم باشترین پشتیوانی‌تان بكه‌ین.
4/ ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا (CIA) له راپۆرتێكیدا رۆڵی زانایانی ئایینی له هێوركردنه‌وه‌ی باری ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و، تا حه‌دێك ئێراقیش به گه‌وره وه‌سف ده‌كات.
5/ پۆل برێمه‌ر ده‌ڵێت: زانایانی ئایینی كوردستان رۆڵێكی سه‌ره‌كی و مه‌زنیان هه‌بوو له نه‌هێشتنی تیرۆر و ئیرهاب له كوردستان.
6/ له‌و كاته‌ی كاك به‌دران له ناو بینایه كۆنكرێتهكهی ده‌زگای ئاراس پاڵی داوه‌ته‌وه، یه‌كێتی زانایان به ئاشكرا ئیدانه‌ی هه‌وڵه‌كانی گۆڕینی نه‌ته‌وه و لابردنی خانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كرد له فۆڕمی سه‌رژمێری.
7/ له كاتی كاره تیرۆریستیه‌كه‌ی سه‌ر كه‌نیسه‌ی به‌غدا یه‌كێتی زانایان هه‌ر زوو به‌یاننامه‌ی ئیدانه‌كردنی ده‌ركرد و، كاره‌كه‌ی به كارێكی تیرۆریستی وه‌سف كرد.
حه‌ز ناكه‌م زۆر ماندووتان بكه‌م، به كورتی و به كوردی یه‌كێتی زانایان له‌و ماوه‌یه توانی رۆڵێكی مه‌زنی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆیی و نیشتیمانیانه بنووێنێت، هه‌موو لایه‌كیش ده‌ستخۆشانه‌یان لێی كرد، هه‌ر ئه‌وه‌شه وای له په‌رله‌مان و حكومه‌ت و حزبه‌كان كردووه پشتیوانی له یه‌كێتی زانایان بكه‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاك به‌دران هه‌موو بیركردنه‌وه‌یه‌كی له چوارچێوه‌ی ئایدۆلۆژیای تایبه‌تی خۆیه‌تی هیچ رووناكیه‌ك نابینێت.
پارتی له پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی نوێیدا له ماده‌ی (211) هه‌موو پشتیوانیه‌كی یه‌كێتی زانایان ده‌كات، كه‌چی كاك به‌دران كاتێك كار و به‌رهه‌می زانایانی ئایینی و یه‌كێتی زانایان زه‌ربی سفر ده‌كات، ناڕاسته‌وخۆ پێمان ده‌ڵێت: پارتی و یه‌كێتی و حزبه‌كان درۆ ده‌كه‌ن، كه ئه‌وانه به‌م شێوه‌یه وه‌سفی زانایانی ئایینی ده‌كه‌ن، چونكه زانایانی ئایینی تیرۆریستن.
به‌دران و كه‌مه نه‌ته‌وه
به‌دران ئه‌گه‌ر بۆ لێدانی بیر و باوه‌ڕی موسڵمانان پشتیوانی له مه‌سیحیه‌كانی كوردستان بكات، ئێمه له عهقیدهمانهوه بڕوامان به پێكه‌وه‌ژیان هه‌یه، به‌ڵام وه‌رن با قسه‌كانی ئه‌و (گه‌وره رۆشنبیره!) شی بكه‌ینه‌وه، كه پێی وایه یه‌كێتی زانایان و زانایانی ئایینی هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ژیان.
یه‌كێتی زانایان له رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونیان پاش كۆنگره‌ی پێنجه‌م یه‌كێك له‌و كارانه‌ی به گرنگیه‌وه گرتییه به‌ر قوڵكردنه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی بوو، هه‌ر بۆیه‌ش چه‌ندین هه‌نگاویان گرته به‌ر، له‌وانه:
1/ دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌ی فراوان له‌گه‌ڵ پیاوانی ئایینی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی مه‌سیحی و ئێزدی.
2/ چه‌ندین سه‌ردان و هامووشۆ.
3/ هه‌ر وه‌فدێكی ده‌ره‌وه هاتبێت، یه‌كێتی زانایان به باشترین شێوه پێشوازیان لێكردوون.
4/ به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی مه‌تڕانی نوێوه به ره‌سمی یه‌كێتی زانایان سه‌ردانیان كرد و، پیرۆزباییان لێی كرد.
5/ له كاتی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كه‌نیسه‌ی سهیدهتول نه‌جات له به‌غدا یه‌كێتی زانایان به‌یاننامه‌ی ده‌ركرد و به تووندی ئیدانه‌ی كرده‌وه تیرۆریستیه‌كه‌ی كرد و، له سه‌ردانێكی ره‌سمیشدا پشتیوانی خۆی بۆ مه‌سیحیه‌كان له هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.
6/ له كاتی مردنی مه‌تڕانی زاخۆ، یه‌كێتی زانایان به ره‌سمی به‌شداری پرسه‌كه‌یان كرد.
7/ به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری مه‌سیحیه‌كان و، قه‌شه ره‌یان و قه‌شه به‌هنام به لێدوانی ره‌سمی سوپاسی ئه‌و پشتگیریه‌ی زانایانی كوردستان ده‌كه‌ن بۆ پێكه‌وه‌ژیان، تا ئه‌وه‌ی به ره‌سمی (سوپاسی وتاربێژانی كوردستانیان كرد، كه له هه‌فته‌ی رابردوو رۆڵێكی مه‌زنیان نواند له ئیدانه‌كردنی هێڕشه‌كه‌ی سه‌ر كه‌نیسه‌ی سهیدهتول نه‌جات و پشتگیریكردن له پێكهوهژهیانی ئایینی له هه‌رێمی كوردستان) به‌س له‌وانه‌یه كاك به‌دران له چوارچێوه‌ی دیواره‌كانیدا ئاگای له دنیای ده‌ره‌وه و ناو جه‌ماوه‌ر و گۆڕه‌پانه‌كه نه‌بێت.
به كوردی و كورتی: مه‌سیحیه‌كان سوپاسی رۆڵی مه‌زنی یه‌كێتی زانایان و زانایانی ئایینی ده‌كه‌ن، كه‌چی كاك به‌دران پێی وایه درۆ ده‌كه‌ن.
به‌دران و قاعیده
ئه‌و كرده‌وه تیرۆریستیانه‌ی له ئێراق ده‌كرێن، هه‌موو لایه‌كی گرتۆته‌وه، ئه‌وانه ده‌ست له كه‌س ناپارێزن، موسڵمان و كریستیان و جوله‌كه و سابیئه و كورد و عه‌ره‌ب و تروكمان و هیچ لایه‌ك ناپارێزن، له ماوه‌ی چوار ساڵ (77) هه‌زار كه‌سی مه‌ده‌نی كوژراون، ئه‌وه سه‌رباری بریندار و په‌ككه‌وته، به ملیۆنان كه‌سی ئێراقی ئاواره‌ی ده‌ره‌وه بوون، كاك به‌دران ئه‌وانه‌ی هیچ به مرۆڤ نه‌زانین ته‌نها له‌سه‌ر كریستیانه‌كان قسه‌ی كرد، له‌وه ده‌ستی خۆش بێت، به‌ڵام به نانه‌وه‌ی فیتنه‌یه‌ك نا، تۆ هه‌موو مه‌لایه‌ك و موسڵمانێك به تیرۆریست و تاوانبار بزانیت.
به‌دران له‌سه‌ر ئه‌وه بابه‌تێكی نووسی به‌ناوی (ئیسلام ریسوامان ده‌كا) كه ئه‌و كرده‌وه تیرۆریستییه‌ی به مێژووی هه‌زار و پێنج سه‌د ساڵه‌ی ئیسلام به‌ستییه‌وه، به‌مه‌ش به‌دران به قاعیده و رێكخراوه تیرۆریستیه‌كانی گووت: وه‌رن ده‌ستتان له كوردستان مه‌پارێزن، ته‌قینه‌وه بكه‌ن، پشێوی دروست بكه‌ن، چونكه خه‌ڵكی ئێره به ئاشكرا جوێن به ئیسلام و موسڵمانان ده‌دات، ئه‌وه نییه من نووسیومه: ئیسلام ئێمه‌ی ریسوا و شه‌رمه‌زار كردووه، ئه‌وه نییه من هه‌رچی مه‌لا و ئه‌هلی دینه به تیرۆریستی ده‌زانم، ئه‌وه نییه من مێژووی هه‌زار و پێنج سه‌د ساڵه به پێغه‌مبه‌ر و سه‌حابه و باب و باپیران و خاڵمه‌وه به تیرۆریست ده‌زانم، كه‌واته ئێوه هه‌ڵه نین كه هه‌ڕه‌شه له كوردستان بكه‌ن، چونكه فیعله‌ن ئێمه دوژمنی ئیسلام و موسڵمانانین.
یه‌كێتی زانایان دوای ئه‌وه راگه‌یاندنێكی بڵاوكرده‌وه، كه وه‌زعه‌كه‌ی هێور كرده‌وه، زانایانیش له وتاری هه‌ینی ئیدانه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان كرد، كه په‌یامی ئه‌و وتارانه ئه‌وه بوو: كه‌س به ته‌ما نه‌بێت بۆ موسڵمانێتی هه‌ڕه‌شه له كوردستان بكات، چونكه خه‌ڵكی كوردستان موسڵمانن و له‌گه‌ڵ ئایینه‌كانی دیكه پێكه‌وه ده‌ژین، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكێكیش له په‌نای ده‌زگایێكی زه‌به‌لاحه‌وه جنێو و قسه به موسڵمانان و مێژووی موسڵمانان ده‌ڵێت، ئه‌وانه خه‌ڵكی ریزپه‌ڕ و دوور له واقیعی كۆمه‌ڵگان، شه‌وانه خه‌ریكی بیر و خه‌یاڵی خۆیانن و، به‌یانیش خه‌یاڵه‌كانیان له شێوه‌ی چیڕۆك ده‌كه‌نه‌وه نووسین، رۆژێك ده‌یانه‌وێت ئاریشه له ناو حزبه‌كان دروست بكه‌ن و، له په‌نای گۆڕانه‌وه شه‌ڕی پارتی و یه‌كێتی هه‌ڵگیرسێنن، چونكه به‌رژه‌وه‌ندیان هه‌ر له‌وه‌دایه، رۆژێكیش ده‌یانه‌وێت ئاریشه له ناو ئایینه‌كان دروست بكه‌ن، ئیدی هه‌ر به‌و خه‌یاڵانه ده‌ژین، ئه‌گه‌ر به هه‌ڵبه‌ستنیش بێت قسه ده‌نووسن، بۆ نموونه قه‌ت یه‌كێتی زانایان به‌یاننامه‌ی له‌سه‌ر قوتابخانه‌ی میدیا ده‌رنه‌كردووه، به‌ڵكو ته‌نها وه‌ك هه‌ر هه‌واڵێكی دیكه وه‌كو هه‌واڵ بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئه‌و یه‌كسه‌ر كردوویه‌تییه به‌یاننامه.
بۆیه به به‌دران و هاوشێوه‌كانی ده‌ڵێم: ئێمه وه‌ك هه‌میشه پارێزگاری له ئه‌من و ئاساییشی كوردستان‌مان ده‌كه‌ین و، شانازی به حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ئاڵاكه‌مان ده‌كه‌ین، هه‌میشه و هه‌میشه‌ش به عه‌قیده‌وه باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌سیحی و دینه‌كانی دیكه ده‌به‌ستین، قه‌ت مرازی دڵی ئێوه‌ش حاسڵ ناكه‌ین، كه خوانه‌خواسته كێشه‌مان له نێو دروست ببێت.
به‌دران و قوتابحانه‌ی میدیا
به‌دران بۆ خۆ رزگاركردن له تاوانه‌كانی نووسینی رابردووی ده‌رهه‌ق ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی، ئه‌مجاره هاتووه ره‌خنه له راگه‌یاندنی یه‌كێتی زانایان ده‌گرێت كه هه‌واڵی خوێندنی ئینجیلیان له قوتابخانه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی بڵاوكردۆته‌وه، جاری ئه‌و قسه‌یه قه‌ت له كه‌سێك ناوه‌شێته‌وه، كه خۆی به رۆشنبیر و نووسه‌ر بزانیت، چونكه پێی وایه ئه‌گه‌ر یه‌كێتی زانایان نیه‌تیان چاككردن بوایه ده‌بوو به نهێنی چاره‌سه‌ریان كردبایه، ئه‌وه له كه‌سێكی ئاسایی ده‌وه‌شێته‌وه، به‌ڵام بۆ نووسه‌رێك به‌راستی عه‌یبه، ئه‌گه‌ر وایه دیاره هه‌موو رادیۆ و تیڤی و رۆژنامه و گۆڤاره‌كان تێكده‌رن، چونكه هه‌واڵ ده‌وروژێنن، له بری ئه‌وه پێویسته هه‌ر كه‌سێك ره‌خنه‌ی هه‌بێت بچی به هێواشی چاره‌سه‌ری بكات، ئه‌گه‌ر كارێكی وه‌ك ویلیكس بكرێت، فه‌قیره هاواری ده‌چێته ئاسمان.
سه‌باره‌ت به‌و قوتابخانه‌یه‌ش كه ئه‌و براده‌ره بۆ هه‌ڵاتن له ئه‌سڵی باسه‌كه، كه بۆنی خوێنی لێ دێت و، هه‌ڕه‌شه‌یه له رابردوو و ئێستا و داهاتوو، هاتووه بۆ ئه‌و قوتابخانه‌یه ده‌گریێت، به‌ڵام كاری ئه‌و قوتابخانه‌یه، سه‌رباری لایه‌نه ئایینییه‌كه، پێچه‌وانه‌ی یاسای قوتابخانه ئههلیهكانیشه، بۆیه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ماوه‌ی داناوه، ئه‌گه‌ر پابه‌ندی یاسا نه‌بیت وه‌ك هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی ئه‌هلی، ئه‌وه لێ پێچینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆیه ده‌پرسم: ئایا قسه‌كردن له‌سه‌ر شتێك كه پێچه‌وانه‌ی یاسایه به هه‌ڕه‌شه داده‌ندرێت؟، یان ده‌بوو ده‌ستخۆشیت بكردبایه، ئه‌ی كاری رۆژنامه ئه‌وه نییه، شتی نایاسایی وه‌دیار بخات، نه‌ك له‌و قوتابخانه‌یه، له پڕۆگرامی وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی سوڕه‌تێك به هه‌ڵه ته‌فسیر كرابووه‌وه و، پێیان وابوو سوكایه‌تییه به دینه‌كانی دیكه، یه‌كسه‌ر یه‌كێتی زانایان پشتیوانی خۆی ده‌ربڕی بۆ لابردنی ئه‌و رسته‌یه، ئایا ئه‌وه‌ی یه‌كێتی زانایان هه‌ستكردنه به مه‌سئولیه‌ت یان چه‌قه چه‌قی بی مانای جه‌نابت؟، هه‌رچه‌نده به‌لامه‌وه ئاساییه، كه باسی ئه‌و قوتابخانهیهت هێناوه‌ته گۆڕی، چونكه ویستووته به باسی ئه‌و قوتابخانه‌یه تاوانه‌كانت له بابه‌ته‌كه‌ی پێشووت بۆ رێخۆشكردنی تیرۆریستان، كه وه‌ك دیارییه‌ك به زمانی عه‌ره‌بیش بۆت نووسیبوونهوه، بزر بكه‌ی.
ئه‌نجام
به‌دران چاوه‌ڕێی ده‌كرد، پاش چه‌ند ساڵێك وتاربێژانی كوردستان وتاری مردوو بده‌ن و، یه‌كێتی زانایانیش ببێته رێكخراوێكی مردوو، ئیدی ئه‌و به كه‌یفی خۆی قسه‌ی گه‌وره گه‌وره بكات، هه‌ر رۆژه و ره‌وشت و به‌ها جوانه‌كانی گه‌نجان و لاوانمان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ببات، كاتێك ئێستا بۆی ده‌ركه‌وتووه، كه یه‌كێتی زانایان رێكخراوێكی كارا و، وتاری مزگه‌وته‌كانیش رۆژ به رۆژ به‌هێزتر ده‌بن، هه‌ست ده‌كات ئومێده پیسه‌كانی پوكانه‌وه، بۆیه له په‌نای قسه‌ی زل حكومه‌ت و په‌رله‌مان و مه‌سیحی و موسڵمانه‌كان به درۆ ده‌زانێت و، خۆی ده‌كاته پاشای سه‌ر ته‌ختی، به‌لام پاشایه‌كی بێ ئومێد.
دڵنیاش به به‌یداخی ئێمه خۆشه‌ویستی وڵاته و، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی پێكه‌وه‌ژیانه له كوردستان، ئه‌وه‌ش بۆ خاتری خزمه‌تكردنی ئایۆلۆژیای تایبه‌ت نییه وه‌ك (جه‌نابتان) . هه‌میشه‌ش دۆستی پێشكه‌وتنی زانستین، چونكه ئه‌و پێشكه‌وتنه وای كرد، په‌یامی ئێمه به ئاسانی له رێگای تیڤی و سه‌ته‌لایه‌ت و ئه‌نته‌رنێته‌وه به هه‌موو شوێنێك بگات.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
