
*ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا: ئه‌وه‌ی له میدیاكانی كوردستان بڵاوده‌كرێته‌وه، یان ماستاوه یان جنێو، هیچ شوێنێك بۆ ره‌خنه و سه‌رنج نه‌ماوه‌ته‌وه
*عومه‌ر فارس: هاوڵاتی و لڤین و ئاوێنه فه‌وزایان دروستكردووه و پێشموانییه ئه‌وانه رۆژنامه‌وانی ئه‌هلی و ئازاد بن
*هیشام ئاكره‌یی: رۆژنامه‌نووسانی كوردستان به‌عه‌قڵییه‌تی سه‌رده‌می شاخ و ململانێی كورد له‌گه‌ڵ رژێمه‌كانی عێراق كار ده‌كه‌ن
*كاوه ئه‌مین: له‌هیچ كوێیه‌كی دنیادا رۆژنامه‌نووس بۆی نییه له‌په‌نای پیشه‌كه‌یه‌وه، رق و كینه بكاته هه‌وێنی نووسین
ره‌وشی رۆژنامه‌وانی كوردیی هیچ كاتێك له ماوه‌ی سه‌د و دوانزه ساڵه‌ی ته‌مه‌نی خۆیدا هێنده‌ی هه‌نووكه له قۆناغی پاشاگه‌ردانیی و بێسه‌روبه‌ریدا نه‌بووه، ئه‌وه‌ی له‌كوردستان میدیاكان به‌ناوی ئازادیی و كاری رۆژنامه‌وانییه‌وه ده‌یكه‌ن، نه‌ك ئازادیی و ئه‌ركی رۆژنامه‌وانیی نییه، به‌ڵكو به‌پێی هه‌موو پێودانگه‌كان سه‌رله‌به‌ر دژی پرنسیپ و ئه‌خلاقیاتی كاری رۆژنامه‌نووسییه. بۆیه حاشا له‌وه ناكرێت، له كوردستان فه‌وزایه‌كی گه‌وره له بواری راگه‌یاندن دروستبووه، وه‌نه‌بێ ئه‌و فه‌وزایه ته‌نێ میدیای ناحزبی یان ئه‌هلیی گرتبێته‌وه، به‌ڵكو كۆی میدیاكانی كوردستان كه‌م تا زۆر له‌ناو ئه‌و دۆخه پڕ فه‌وزایه‌دا پشكی خۆیان به‌رده‌كه‌وێت، یان به‌مانایه‌كی تر فه‌وزا سه‌رله‌به‌ری میدیا و بواری رۆژنامه‌نووسیی كوردیی گرتۆته‌وه، به‌ڵام رێژه و ئاسته‌كانی له میدیایه‌كه‌وه بۆ یه‌كێكی تر ده‌گۆڕێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌بینین هه‌وڵی باشیش هه‌یه له‌لایه‌ن هه‌ندێ میدیا و كه‌ناڵی رۆژنامه‌وانییه‌وه له‌پێناوی پێشكه‌شكردنی رۆژنامه‌وانییه‌كی پیشه‌وه‌رانه، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵانه له‌ناو ئه‌و فه‌وزا گه‌وره‌یه‌ی بوونی هه‌یه نه‌ك دیار نییه، به‌ڵكو به‌ته‌واویی شوێن بزر بووه.
هۆكاره‌كانی پشتی فه‌وزای رۆژنامه‌وانیی كوردیی
هیچ رۆژنامه‌نووسێكی كورد نییه حاشا له‌وه بكات، رۆژنامه‌وانیی كوردیی له قۆناغی پاشاگه‌ردانیی و ئه‌وپه‌ڕی بێسه‌روبه‌ریدایه. دیاره ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك هۆكاری خۆی هه‌یه، كه تا ئێستا رۆژنامه‌نووسانی كورد به‌هه‌ندیان وه‌رنه‌گرتووه، ته‌نانه‌ت به‌شێك له كه‌ناڵه رۆژنامه‌نووسییه‌كانی كوردستان شانازیی به‌و فه‌وزایه‌وه ده‌كه‌ن وه‌ك به‌شێك له ئه‌ركی رۆژنامه‌نووسیی ئازاد، له‌كاتێكدا ئه‌وه نه‌ك به‌شێك نییه له‌ئازادیی به‌ڵكو ته‌نیا و ته‌نیا فه‌وزایه.
ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا، نووسه‌ر و رۆژنامه‌وان، پێیوایه: ئه‌مڕۆ ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی، شێخ ره‌زا وته‌نی (بۆته حه‌شری نێره‌كه‌ران) . ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌كوردستاندایه، پێی ناڵێن (ئازادیی بیروڕا ده‌ربڕین) به‌ڵكه زیاتر ئازادیی قسه‌كردنه. نووسه‌رێكی گه‌وره‌ی میسری ده‌ڵێ (جیاوازیی نێوان ئازادیی راده‌ربڕین و ئازادیی قسه‌كردن ئه‌وه‌یه كاتێك ده‌ڵێین ئازادیی راده‌ربڕین، واته ئه‌و كه‌سه یان ئه‌و گرووپه كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بۆچوونه‌كه‌ی خۆی به‌كۆمه‌ڵگا بگه‌یه‌نێت و گۆڕانكاریی ئه‌نجام بدات. به‌ڵام ئازادیی قسه‌كردن، واته تۆ چی ده‌ڵێی بیڵێ، به‌ڵام هیچ كاتێك حكوومه‌ت به‌قسه‌ت ناكات) . ئه‌مڕۆش له‌كوردستاندا ئازادیی قسه‌كردن هه‌یه به‌ڵام هیچ كاتێك رۆژنامه‌یه‌ك ناتوانێت، وه‌زیرێك یان مه‌سئوولێكی گه‌نده‌ڵ له پۆسته‌كه‌ی دابه‌زێنێت و راپێچی دادگای بكا.
پاشان وتی: ئه‌م ره‌وشه‌ی ئه‌مڕۆی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی، كۆمه‌ڵێك هۆكاری ناوخۆیی و جیهانی رۆڵیان تێدایه. له‌لایه‌كه‌وه ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێ له‌ڕێی بوونی چه‌ندین رۆژنامه و گۆڤار و سایته‌وه، به‌جیهانی بڵێت، ده‌سه‌ڵاتێكی دیمۆكراسییه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه، له‌ڕێگای ئه‌م كۆمه‌ڵه رۆژنامه و گۆڤارانه‌وه، هێرش ده‌كاته سه‌ر ئۆپۆزیسیۆن و له‌دژی خه‌ڵكی ناڕازی به‌كاریان ده‌هێنێت. به‌هه‌مان شێوه‌یش، ئۆپۆزیسیۆن ده‌یه‌وێت، له‌لایه‌ك خۆی وه‌كوو پشتگیریكه‌ری ئازادیی راده‌ربڕین پیشان بدات، له‌لایه‌كی تریشه‌وه كۆمه‌ڵێك رۆژنامه و گۆڤار و سایتی هه‌یه، له دژی ده‌سه‌ڵات به‌كاریان ده‌هێنێت. هۆكارێكی تر ئه‌وه‌یه، هه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆ یاسایه‌كی باشمان نییه، پارێزگاریی له رۆژنامه‌نووسان بكات. له‌هه‌مانكاتیشدا یاسایه‌كمان نییه، جنێو و ره‌خنه له یه‌كتری جیابكاته‌وه. به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی له میدیاكانی كوردستاندا بڵاوده‌كرێته‌وه، یان ماستاوه یان جنێوه. هیچ شوێنێك بۆ ره‌خنه و سه‌رنج نه‌ماوه‌ته‌وه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه، ئه‌مڕۆ سه‌رده‌می گلۆبالیزمه، شۆڕشێكی گه‌وره‌ی ئه‌لیكترۆنی هاتۆته ئاراوه. ئه‌مه‌ش رێگا خۆش ده‌كات، هه‌موو كه‌سێك شت بنووسێت. هه‌ر ئێمه ئه‌م كێشه‌یه‌مان نییه، بۆ نموونه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا ژماره‌ی رۆژنامه‌نووسانی عه‌ره‌ب گه‌یشته 10 هه‌زار كه‌س. هۆكارێكی تر ئه‌وه‌یه، ئه‌مڕۆ له‌كوردستاندا ژماره‌یه‌كی زۆری بێكاریی خه‌ڵكی ئه‌كادیمی واته ئه‌وانه‌ی زانكۆ یان په‌یمانگایان ته‌واو كردووه هه‌یه. ئه‌مانه هیچ كارێكی باشیان ده‌ست ناكه‌وێت، رۆژنامه‌گه‌ریی بۆته كارێكی باش بۆیان و له‌رێگای گۆڤارێك یان رۆژنامه‌یه‌كه‌وه، بژێویی ژیانیان دابین ده‌كه‌ن.
میدیای ئه‌هلی و میدیای سێبه‌ر
ماوه‌یه‌كه پرسی میدیای ئه‌هلی و میدیای سێبه‌ر بۆته یه‌كێك له پرسه هه‌ره گه‌رمه‌كانی بواری رۆژنامه‌وانیی كوردیی، گروپی میدیای "ئه‌هلی" كه زیاتر خۆی له "ئاوێنه و هاوڵاتی و لڤین"دا ده‌بینێته‌وه، كۆی میدیا و كه‌ناڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان به سێبه‌ر له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌و میدیایانه‌ی به سێبه‌ری ده‌سه‌ڵات له‌قه‌ڵه‌مدراون، ئه‌و گروپه به میدیای سێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ناوزه‌ده ده‌كه‌ن.
عومه‌ر فارس، به‌رپرسی سایتی كوردستان نێت، له باره‌ی ئه‌م پۆڵێنكارییه‌وه وتی: پێش هه‌ر شتێك ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم، فه‌وزایه‌كی گه‌وره‌ی میدیایی هه‌یه له كوردستاندا، سه‌رچاوه‌ی ئه‌م فه‌وزایه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و گروپه‌ی كه ناوی خۆیان ناوه گروپی میدیای ئه‌هلی. به‌راستی ره‌وشی رۆژنامه‌وانیی كوردیی له بارودۆخێكی زۆر خراپدایه، سه‌یری ئه‌و هه‌موو مانشێته بازرگانی و ناڕاسته بكه، سه‌یری گاڵته‌كردن بكه به ئیحساساتی خه‌ڵك و شێواندنی مێژوو، ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌ی میدیای كوردیی بووه به بازرگانییه‌كی رووت. به‌بڕوای من "هاوڵاتی و لڤین و ئاوێنه" فه‌وزاكه‌یان دروستكردووه، ته‌نانه‌ت من پێموانییه ئه‌وانه رۆژنامه‌وانی ئه‌هلی و ئازاد بن، من پێموایه ئه‌وانه بازرگانی ئه‌هلی و سێبه‌ری گۆڕانن. بۆیه ئێستا گۆڕان بووه به‌پاڵپشتی ئه‌وان و به‌هه‌ق و ناهه‌ق پشتگیری‌یان ده‌كات. لڤین و هاوڵاتی و ئاوێنه، به‌خه‌ڵك ده‌ڵێن سێبه‌ر، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌ی خۆیان چین؟. پاشان به‌چیدا ده‌یسه‌لمێنن ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانن میدیای سێبه‌رن؟. ئایا رۆژنامه و گۆڤاره‌كانی تریش هێنده‌ی ئه‌وان ره‌خنه له ده‌سه‌ڵات ناگرن، ئیدی بۆچی ده‌بێت سێبه‌ر بن؟. پاشان كێ هه‌قی به‌وان داوه كه خه‌ڵك پۆڵێن بكه‌ن؟. به‌كام پێوانه ئه‌و كاره ده‌كه‌ن؟. ئایا پشتگیریی ئه‌وان له گۆڕان و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، مانای ئه‌وه نییه ئه‌و سێ میدیایه سه‌ربه‌خۆ نین؟، ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌مپه‌ینه‌ی كۆمپانیای وشه سازیداوه و ئه‌وان هه‌وێنی ئه‌و كاره‌ن به‌ڵگه‌یه‌كی زیندووی تره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و سێ میدیایه سێبه‌ری گۆڕانن؟.
رۆژنامه‌وانیی كوردیی و ده‌ستدرێژییكردنه سه‌ر مافی تاكه‌كه‌س
به‌حوكمی ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌وانیی كوردیی رێگه‌ی به‌خۆیداوه له‌سه‌ر هه‌موو شتێك قسه بكات و هه‌ر زانیارییه‌ك كه ده‌ستی ده‌كه‌وێت بڵاوی ده‌كاته‌وه، مافی تاك و ژیانی تایبه‌تی تاكه‌كانیش كه‌وتوونه‌ته به‌ر ره‌شه‌با و باهۆزی ئه‌و فه‌وزایه و هه‌ندێكجار هه‌ندێك مافی تاكه‌كه‌س و ژیانی شه‌خسییان ده‌بێته بابه‌ت و لیدی رۆژنامه‌وانی، له‌كاتێكدا نه‌ك میدیا هیچ كه‌س بۆی نییه، سنووره‌كانی مافی تاكه‌كه‌س ببه‌زێنێت. بۆیه ده‌بینین ژیانی تایبه‌تی كه‌سه‌كان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه، ته‌نانه‌ت ئێستا له كوردستان جۆرێك له رۆژنامه‌وانیی له‌بره‌ودایه بۆ پڕ فرۆشیی خۆی و سه‌رنجڕاكێشانی خوێنه‌ر و وه‌رگر به‌لای خۆیدا، زۆر به‌ئاسانیی ئازادییه شه‌خسییه‌كانی تاكه‌كه‌س وه‌كوو عه‌یبه و سكه‌نداڵ په‌خش و بڵاو ده‌كاته‌وه، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه‌سێتی و ژووری نووستن و هۆبییه‌كانی تاكه‌كه‌س به ئاسانیی له رۆژنامه‌وانی كوردییدا وه‌ك زانیاریی ده‌رخواردی خوێنه‌ران ده‌درێت.
هیشام ئاكره‌یی، به‌رپرسی كۆمیته‌ی به‌رگریی له رۆژنامه‌وانانی كوردستان، ده‌رباره‌ی به‌زاندنی سنوور و مافی تاكه‌كه‌س له رۆژنامه‌وانی كوردییدا پێیوایه: پێشێلكردنی مافه‌كانی تاك له كاری رۆژنامه‌وانیدا رێك پێچه‌وانه‌ی ئازادییه رۆژنامه‌وانییه‌كانه. چوونكه یه‌كه‌م كار ده‌بێ له‌ئازادیدا بكرێت رێزگرتنه له‌مافه‌كانی هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا نه‌ك تێكدانی مافه‌كانیان و درۆ هه‌ڵبه‌ستن بۆ هاووڵاتیان. ده‌توانین بڵێین زۆربه‌ی رۆژنامه‌نووسان له باشووری كوردستان به عه‌قڵییه‌تی سه‌رده‌می شاخ و ململانێی كورد له‌گه‌ڵ رژێمه‌كانی عێراق كار ده‌كه‌ن. له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌پێناو له‌كه‌داركردنی داگیركه‌رانی كوردستان و رژێمی سه‌ددام راگه‌یاندنی كوردیی زۆرجار په‌نای بۆ ته‌شهیر و بێ حورمه‌تیكردن ده‌برد به به‌رامبه‌ره‌كه‌یان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی كوردیی مه‌رجی بابه‌ندبوونیان به یاساكانی رۆژنامه‌وانی نه‌بوو له‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسان. هاوكات ئه‌و رۆژنامه‌نووسه كوردانه‌ی له ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی رژێمی سه‌ددامیشدا كاریان ده‌كرد ئازاد بوون له بێڕێزیكردن به شۆڕشی كوردیی و ئه‌وانه‌ی دژی رژێم خه‌باتیان ده‌كرد. ئه‌و كاته سه‌رده‌می شۆڕش و نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی سڤیل بوو له كوردستان.
له دوای رووخانی رژێمی سه‌ددام و هاتنی سه‌رده‌می راپه‌ڕین و دروستبوونی به‌ره و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رۆژنامه‌نووسانی شۆڕش و ناو رژێم تێكه‌ڵاوی یه‌كتری بوون و له‌سه‌ر هه‌مان رێچه‌كه‌ی بێ حورمه‌تی كردن به‌رده‌وام بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردیی له‌دوای ساڵی 1991 بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له پێناو سه‌ركه‌وتن له شه‌ڕی براكوژیدا پێویستیان به‌هه‌مان شێوه‌ی جارانی رۆژنامه‌وانی بوو ئه‌ویش ره‌شكردن و بێڕێزیكردن به به‌رامبه‌ر. له‌و جۆره رۆژنامه‌وانییه‌دا مافه‌كانی تاك پێشێل ده‌كرێت. ئێستاش له‌شه‌ڕی نێوان به‌ره‌ی ئوپۆزیسیۆن و پارتی و یه‌كێتیدا هه‌مان سیاسه‌تی رۆژنامه‌وانی له‌لایه‌ن هه‌ردوو لاوه به‌رده‌وامه. كه‌واته دیارده‌ی بێڕێزیكردن به مافه‌كانی تاك له پێویستییه‌كی ململانێی سیاسیی له باشووری كوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه.
كاوه ئه‌مین، نووسه‌ر و رۆژنامه‌وان، له باره‌ی به‌زاندنی سنووره‌كانی مافی تاكه‌كه‌س له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسیی كوردییه‌وه، ده‌ڵێت: ناتوانین وا به موتڵه‌ق و كۆگشتیی قسه له‌سه‌ر رۆژنامه‌وانی كوردیی بكه‌ین، به‌ڵكو ده‌بێت پۆڵێنی هه‌ندێك رۆژنامه‌نووس و گۆڤار و رۆژنامه و به‌تایبه‌تی چه‌ند سایتێكی كوردیی بكه‌ین كه رێگا به‌خۆیان ده‌ده‌ن به‌ناوی ئازادیی راگه‌یاندنه‌وه هه‌ر‌چییه‌كیان به‌ده‌مدا بێت بینووسن و ده‌رخواری خوێنه‌ری بده‌ن. به‌بڕوای من به پله‌ی یه‌كه‌م نه‌بوونی یاسه‌یه‌كی روون و ئاشكرایه كه تێیدا ماف و ئه‌ركی رۆژنامه‌نووس د‌یاری بكات، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌شبێت، نه‌خراوه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ده‌نا له هیچ كوێیه‌كی دنیادا، رۆژنامه‌نووس بۆی نییه له‌په‌نای پیشه‌كه‌یه‌وه، رق و كینه و داخ له‌دڵی خۆی بكاته هه‌وێنی نووسین و په‌یامه‌كانی. خاڵێكی دیكه ئه‌وه‌یه كه ئێمه ژماره‌یه‌كی زۆر رۆژنامه‌نووسی حیرفه‌یمان نییه و زۆربه‌مان ده‌رچووی كۆلیژی رۆژنامه‌وانی نین، به‌ڵكو له قوتابخانه‌ی حزبه‌كانه‌وه فێری رۆژنامه‌نووسی بووین كه به درێژایی ده‌یان ده‌یه زمانی زبریان فێركردووین و ئێستا به‌داخه‌وه ئه‌وه بووه‌ته كولتوورێك و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونێكی دوورودرێژیشیان په‌یدا كردووه، زۆرێك له‌وانه نایه‌نه‌وێت ده‌ستبه‌رداری ببن.
ئه‌و رۆژنامه‌وانه درێژه به‌قسه‌كانی ده‌دات و ده‌ڵێت: به‌شێك له‌و خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنووسه‌رانه‌ی ئێستا خاوه‌ن گۆڤار و رۆژنامه‌ن، هه‌ر ئه‌وانه‌ن سه‌رده‌مانێك جنێوی وایان نووسیوه مرۆڤ قێزی لێده‌كاته‌وه، ئێستایش هه‌ر كاتێك حزبه‌كان بیانه‌وێت ئه‌و كادره جنێوفرۆشانه‌یان ده‌هێننه‌وه مه‌یدان تا به‌ناوی ئازادییه‌وه په‌لاماری نه‌یاره‌كانیان بده‌ن، سه‌یره‌كه له‌وه‌دایه زۆربه‌ی حزبه‌كان وا نیشان ده‌ده‌ن موویان به‌به‌یندا ناچێت و باسی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ولاوه رێگا به گۆڤار یان رۆژنامه‌یه‌ك ده‌ده‌ن هه‌رچی خوا پێی ناخۆشبێت به هاوپه‌یمانه‌كه‌ی بكات، من نامه‌وێت ناوی كه‌س بهێنم، به‌ڵام هه‌ر له‌م ساڵانه‌دا چه‌ندین گۆڤار وه‌ك قارچك هه‌ڵتۆقیوون و كاره‌كه‌یان ته‌نیا كاوێژكردنه‌وه‌ی ئه‌و نووسینانه‌یه له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆدا نووسراون. ئه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ده‌یان و سه‌دان وتار به‌ناوی خوازراوه‌وه ده‌نووسرێن و زۆرجار كه‌سێك به‌ده‌یان ناوه‌وه قسه‌ی پڕوپووچ ده‌نووسێت، ره‌نگه ئه‌وه‌یش بۆخۆی جۆره نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی بێ. به‌لاكه‌ی دیكه‌دا، به‌شێك له‌وانه‌ی خۆیان به ئه‌هلیی ده‌زانن و گوایه پاره‌ی ده‌سه‌ڵات وه‌رناگرن، هه‌مان سووكایه‌تی به‌ڵام له فۆرمێكی دیكه‌دا به تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی به ئه‌ندامی حزبه‌كان و هه‌موو شتێكی ئه‌و وڵاته به چاك و خراپییه‌وه زه‌ڕبی سفر ده‌كه‌ن، كاتێكیش داوایه‌كیان له‌سه‌ر تۆمار ده‌كرێت، دنیا تێده‌گه‌یه‌نن و ده‌ستده‌كه‌ن به كه‌مپین دروستكردن و به‌شان و باڵی یه‌كتریدا هه‌ڵده‌ده‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌نه مانشێتی گۆڤار و رۆژنامه‌كانیان به‌شێكی زۆری درۆ و ده‌له‌سه و توڕه‌هاته.
هیشام ئاكره‌یی، پێیوایه كێشه‌كه نه‌بوونی یاسایه، ئه‌گینا رۆژنامه‌وانی كورد ناتوانێت مافی تاكه‌كه‌س پێشێل بكات، بۆیه ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی ده‌توانین باسی بكه‌ین ئه‌وه‌یه بۆ تاوه‌كوو ئێستا ئه‌و كاره به یاسایه‌ك رێكنه‌خراوه؟ هه‌روه‌ها بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌شه‌كانی راگه‌یاندن له زانكۆ یاساكانی رۆژنامه‌وانی پیشانی رۆژنامه‌نووسان نادات؟ له‌وه‌ش كرنگتر ئه‌وه‌یه بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له باشووری كوردستان خۆیان كونترۆڵی خۆیان ناكه‌ن و ئه‌و مه‌رجه ناكرێته یه‌كێ له‌مه‌رجه‌كانی مۆڵه‌تی كاركردن له‌باشووری كوردستان؟. به‌و شێوه‌یه ژیانی رۆژنامه‌نووسانیش بپارێزرێت و كه‌س ده‌ستدرێژیی نه‌كاته سه‌ریان. هۆكارێكی تری هه‌ر گرنگه له پابه‌ند نه‌بوون به‌یاسای رۆژنامه‌وانی ئه‌وه‌یه رێژه‌یه‌كی زۆری رۆژنامه‌نووسان باوه‌ڕنامه یان خوێندنێكی تایبه‌تی رۆژنامه‌وانیان نییه و گرنگی به‌و مه‌رجه نه‌دراوه. پێموایه پێشێلكردنی مافه‌كانی تاك له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسانه‌وه جۆرێكه له‌جۆره‌كانی گه‌نده‌ڵی له رۆژنامه‌نووسی كوردیدا. هه‌رچه‌نده له‌وانه‌یه پرسیار بكرێت: بۆ ته‌نیا گه‌نده‌ڵی له كاری رۆژنامه‌وانیدا نه‌بێت؟. بۆ پارتی و یه‌كێتی جه‌خت له‌سه‌ر یاسای رۆژنامه‌وانی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له هه‌موو بواره‌كانی تری به‌ڕێوه‌بردندا یاسا پێشێل ده‌كه‌ن؟ پێموایه ئه‌گه‌ر له‌كوردستان له‌بواره‌كانی تری ژیاندا یاسا سه‌روه‌ر بوو ئه‌و كاته ئه‌م گه‌نده‌ڵییه له‌ناو رۆژنامه‌وانی كوردیشدا كۆنترۆڵ ده‌كرێت. ئه‌مه واتای ئه‌وه نییه به‌نده پشتگیریی یان بیانوو بۆ رۆژنامه‌نووسان ده‌دۆزێته‌وه ئه‌و پێشێلكارییه بكه‌ن، به‌ڵكوو پێویسته و ده‌بێ رۆژنامه‌نووسان بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئاشكرا بكه‌ن كه ئه‌وان واته رۆژنامه‌نووسان رێز له‌یاساكانی رۆژنامه‌وانی ده‌گرن و جێبه‌جێیان ده‌كه‌ن و وه‌ك ده‌سه‌ڵات و حزبه‌كان گه‌نده‌ڵكاریی ناكه‌ن.
كاوه ئه‌مین، باس له‌وه ده‌كات رۆژنامه‌وانیی كوردیی نه‌ك سووكایه‌تی به تاكه‌كه‌س ده‌كات، به‌ڵكو ره‌وشه‌كه وای لێهاتووه ته‌نانه‌ت گاڵته به مێژوو و سه‌روه‌رییه‌كانی گه‌لی كورد ده‌كات. بۆیه ده‌ڵێت: به‌شێك له رۆژنامه‌نووسانی كورد ته‌نیا حورمه‌ت و سه‌روه‌ریی تاكی ناو كۆمه‌ڵگا پێشێل ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌ڕۆژی نیوه‌ڕۆ سووكایه‌تی به زمانی كوردیی ده‌كه‌ن و رۆژانه تیرۆری زمانه‌كه‌مان ده‌كه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك، ده‌ستگایه‌ك، رێكخراوێك، سه‌رزه‌نشتیان بكات و پێیان بڵێ، كاكه، داده، بۆ وا له‌زمانه‌كه‌مان ده‌كه‌ن؟. به‌ڵێ ئه‌وانه‌ی سووكایه‌تی به كه‌سایه‌تی تاك و زمانه‌كه‌مان ده‌كه‌ن، نه‌خوێنده‌وارن، ئاخر خۆ نه‌خوێنده‌وار هه‌ر ئه‌وه نییه نه‌زانێت بنووسێت و بخوێنێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وانه‌یش ده‌گرێته‌وه پاشخانێكی فیكریی و رۆشنبیریان نییه و جگه له وتاره سه‌قه‌ته‌كانی خۆیان یانیش جنێونامه‌كانی سه‌ر ئینته‌رنێت هیچیتر ناخوێننه‌وه. له وڵاتێكی وه‌ك سوێد، نه‌ك رۆژنامه‌نووس به‌ڵكو هه‌موو تاكێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ره‌خنه بگرێت و چاودێریی وردی ده‌سه‌ڵاتداران بكات و له رۆژنامه‌كانیشدا بۆیان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. زۆربه‌ی رۆژنامه‌كانی سوێد، لاپه‌ڕه‌یه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه بۆ خوێنه‌ران كه ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت ده‌ینووسن، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك، كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه سووكایه‌تی به كه‌س بكات، ئه‌گه‌ر شتێكی وایش رووبدات ئه‌وا له رێگای دادگاوه، هه‌قی بۆ ده‌كرێته‌وه. به‌داخه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ندێك "رۆژنامه‌نووس" له كوردستان ده‌یكه‌ن، نه‌ك ته‌نیا ئیفلاسی و نه‌خوێنده‌وارییه، به‌ڵكو ئیفلاسی ئێتێكێتیشه كه مرۆڤ ئه‌گه‌ر له كۆلێژیش فێری نه‌بێت، ئه‌وا پاش چه‌ند ساڵ كاركردن به‌شی ئه‌وه فێر ده‌بێت سووكایه‌تی به خه‌ڵك نه‌كات. ده‌ردی ئێمه نه‌بوونی یاسایه، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت جێبه‌جێ نه‌كردنێتی، كه یاسا جێبه‌جێكرا و هه‌موو كه‌سێكی گرته‌وه ئه‌و كاته ئیتر كه‌س سه‌رپێچی ناكات، به رۆژنامه‌نووسیشه‌وه، چوونكه ئێستا له‌گه‌ڵ داوای لێبووردنم، به‌هۆی هه‌ندێكیانه‌وه، پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسیی وا سووككراوه، مرۆڤ زۆرجار شه‌رم دایده‌گرێت.
مانشێتی بازرگانی و فه‌وزای میدیایی
به‌شێك له رۆژنامه‌نووسانی كوردستان باس له‌خراپیی لید و مانشێته رۆژنامه‌وانییه‌كانی بواری میدیای كوردیی ده‌كه‌ن و پێیانوایه، ئه‌مه كاریگه‌ریی نه‌رێنی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگه هه‌یه. ئه‌گه‌ر چه‌ند نموونه‌یه‌ك له مانشێته خراپ و بازرگانییه‌كانی بواری رۆژنامه‌نووسیی كوردیی بهێنینه‌وه، ئه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و رۆژنامه‌نووسییه له‌وپه‌ڕی بێئاگاییدایه و بۆ سه‌رنجڕاكێشانی وه‌رگر و خوێنه‌ر سڵ له چه‌واشه‌كاریی و ئه‌و مانشێته زه‌ق و نێگه‌تیڤانه ناكاته‌وه كه بۆ سه‌ر سایكۆلۆژیای كۆمه‌ڵ كاریگه‌ریی سلبییان هه‌یه. بۆ نموونه یه‌كێك له گۆڤاره بازرگانییه‌كانی سلێمانی به‌مانشێتێكی زه‌ق نووسیوویه‌تی "ژنی زۆربه‌ی بازرگانه‌كان خیانه‌تی هاوسه‌ریی ده‌كه‌ن" یان هه‌ر هه‌مان گۆڤار نووسیوویه‌تی "كچانی سلێمانی حه‌زیان له سێكسی دواوه‌یه" یان نموونه‌ی چه‌ندان مانشێتی هاوشێوه، كه لێكه‌وته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خراپی هه‌یه، ته‌نانه‌ت ره‌نگه ئه‌نجامه زیانباره‌كانی زۆر له‌وه زیاتر بن كه پێشتر بیری لێكراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌سه‌رێكه‌وه فه‌وزای میدیای كوردیی ده‌رده‌خا و له سه‌رێكی تریشه‌وه ده‌یسه‌لمێنێت ئه‌م وڵاته دادگا و لێپرسینه‌وه‌ی تێدا نییه، ته‌نانه‌ت نه‌ك نابێت رۆژنامه‌نووسان خۆیان و خه‌ڵكیش له‌م كاره بێده‌نگ بن، به‌ڵكوو كاری داواكاریی گشتییه كه ئه‌م پرسانه بكاته بابه‌تی دادگا، ئه‌ی ئه‌گه‌ر داواكاری گشتیی له‌كاتێكی وه‌ها هه‌ڵوێستی نه‌بێت، كه‌واته ئه‌رك و رۆڵی ئه‌و چییه؟.
عومه‌ر فارس، به‌ڕێوه‌به‌ری سایتی كوردستان نێت، پێیوایه بوونی ئه‌و مانشێته چه‌واشه‌كارانه له میدیای كوردییدا به‌و رێژه زۆره، نیشانده‌ری واقیعیه‌تێكی تاڵی بواری كاری رۆژنامه‌وانییه له كوردستان، ئه‌و پێیوایه كه ئه‌ركی میدیا ره‌شبینكردن و چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵك نییه، به‌ڵكو میدیا ئاوێنه‌ی واقیعه و ده‌بێت ئه‌و رووداو و پێشهاتانه به‌هه‌ند وه‌ربگرێت كه له كۆمه‌ڵگه‌دا رووده‌ده‌ن، بۆیه ئه‌و ده‌ڵێت: من ئه‌م فه‌وزایه‌ی مانشێتم له هیچ شوێنێكی تری دونیادا نه‌بینیوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له كوردستان هیچ شتێك سانسۆری له‌سه‌ر نییه و هه‌موو كه‌س ده‌توانێت به‌ئاره‌زووی خۆی، قه‌ڵه‌مێك به‌ده‌سته‌وه بگرێت و هه‌ر كه‌سێك مه‌به‌ستی بێت بیشكێنێت و سووكایه‌تی به خۆی و به‌كه‌سێتی و ته‌نانه‌ت كه‌سوكاره‌كه‌شی بكات، له‌وه‌ش خراپتر ئێستا مه‌یدانه‌كه بووه به مه‌یدانی ئه‌و جۆره رۆژنامه‌نووسانه‌ی به‌مجۆره بیرده‌كه‌نه‌وه و ده‌نووسن، ئه‌و كاره‌ش هیچ زانست و مه‌عریفه‌یه‌كی ناوێت، چوونكه جنێودان به‌خه‌ڵك كارێكی ئاسانه، به‌تایبه‌ت ئێستا له میدیای كوردییدا جنێو و سووكایه‌تیكردن به كه‌سێتی خه‌ڵك بووه به ئاسانترین كار.
شنه ئه‌بوبه‌كر، پارێزه‌ر و هه‌ڵسوڕاوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، ره‌خنه له سیاسه‌تی میدیاكانی كوردستان ده‌گرێت و پێیوایه ده‌ستیان له شێواندنی كولتوور و فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا هه‌یه و ده‌ڵێت: مانشێتی وه‌ها له رۆژنامه‌نووسیی كوردییدا ده‌بینیت، له هیچ شوێنێكی زۆر به‌ناوبانگی خراپی شاره‌كانی ئه‌م وڵاته‌دا جنێوی وه‌ها نادرێت، ئاخر كه‌ی ژیانی تایبه‌تی كه‌سه‌كان و ئازادییه تاكه كه‌سییه‌كان بابه‌ت و مانشێتی رۆژنامه‌نووسین؟. ئایا له هیچ وڵاتێكی ئه‌م دونیایه‌دا، ته‌نانه‌ت له دیموكراسیترین وڵاتانی رۆژئاوا مۆدیلی وا ده‌ستده‌كه‌وێت، تا لێره بڵێین شتێكی ئاساییه؟. به‌داخه‌وه زۆرینه‌ی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، له كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی نووسین و وتاره‌كانیاندا، زۆربه‌ی رۆژنامه‌كان له كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و مانشێته‌كانیاندا هیچ حسابێك بۆ میزاجی تاكه كه‌س و كۆمه‌ڵگه ناكه‌ن، هیچ حیسابێك، بۆ موقه‌ده‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی و ره‌مزه سیاسییه‌كانی گه‌له‌كه‌یان ناكه‌ن!، ئه‌مه نیشانه‌ی دوو شته، یان ئه‌وه‌تا رۆژنامه‌نووسیی كوردیی جڵه‌وه‌كه‌ی كه‌وتۆته ده‌ستی بڕێك كه‌سی بێ‌ئاگا و نه‌خوێنده‌وار، یان ئه‌وه‌تا ئه‌مه به‌ده‌ستێكی سیاسیی و بۆ كۆمه‌ڵێك ئامانجی دیاریكراو ره‌واجی پێده‌درێت.
چاره‌سه‌ر چییه؟
ئێستا پرسیارێكی سه‌ره‌كیی له‌لای كۆمه‌ڵگه و خودی رۆژنامه‌نووسانیش دروستبووه، ئایا چاره‌سه‌ر چییه، بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و وه‌زعه؟. هه‌ندێك له رۆژنامه‌نووسان، داوای ده‌ركردنی یاسایه‌كی نوێتری رۆژنامه‌نووسیی ده‌كه‌ن كه له واقیعدا كاری پێبكرێت، به‌شێكی تر له رۆژنامه‌نووسان، داوا له حزب و هێزه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن كه ده‌ست هه‌ڵبگرن له‌و نه‌ریته خراپه‌ی شه‌ڕی سیاسیی كه له رێی هه‌ندێك میدیای سێبه‌ره‌وه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، به‌ڵام لانی زۆری رۆژنامه‌نووسان داوا ده‌كه‌ن، كه پێوه‌ر هه‌بێت بۆ رۆژنامه‌نووس، هه‌م سه‌ندیكا ماف به هه‌موو كه‌س نه‌دا ببێته رۆژنامه‌نووس و ئه‌ندامی سه‌ندیكا و هه‌م لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ندیدار مه‌رجه‌كانی ده‌ركردنی گۆڤار و رۆژنامه كه‌مێك قورس‌تر بكه‌ن و به‌لانیكه‌مه‌وه پێشتر میساقێكی شه‌ره‌فیان پێ بنووسنه‌وه و هه‌روه‌ها به‌ڵێننامه و گرێبه‌ستێك پڕ بكه‌نه‌وه، كه له چوارچێوه‌ی كاری رۆژنامه‌نووسی و پرنسیپ و ئیتیكی رۆژنامه‌وانیی لا ناده‌ن، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه به‌رپرسیار ده‌بن له به‌رامبه‌ر یاسادا.
ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا، نووسه‌ر و رۆژنامه‌وان، ده‌رباره‌ی شێوازه‌كانی تێپه‌ڕاندنی ئه‌م فه‌وزایه‌ی بواری رۆژنامه‌وانی كوردیی، ده‌ڵێت: ته‌نیا له‌ڕێگای دانانی یاسایه‌كی گونجاو و باشه‌وه بۆ رۆژنامه‌نووسان، ده‌توانین له‌م فه‌وزایه رزگارمان بێت. پێویسته یاسایه‌ك دابنرێت بۆ رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌یه. ئه‌و یاسایه له‌لایه‌ك پارێزگاریی رۆژنامه‌نووسان بكات. له‌هه‌مانكاتیشدا سزای ئه‌و نووسه‌رانه بدات، كه جنێو یان به‌رهه‌می خه‌ڵكی تر ده‌دزن. له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا، دزی ئه‌ده‌بی زۆر زیادی كردووه. له‌لایه‌كی تره‌وه، سنوورێك بۆ ئه‌و رۆژنامانه دابنێت، هیچ خزمه‌تێكی ئه‌ده‌بی و فكریی و هونه‌ریان نییه. له‌به‌رامبه‌ریشدا یارمه‌تی ئه‌و رۆژنامه و گۆڤارانه بدرێت، خزمه‌تی ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی ده‌كه‌ن. له‌هه‌مانكاتیشدا پێویسته سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان رۆڵی ئه‌كتیڤ ببینن. ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووس، یان نووسه‌ر نییه، مافی ئه‌وه‌ی نه‌بێت له‌م بواره‌دا كار بكات، چوونكه كاری رۆژنامه‌گه‌ریی، كارێكی حه‌ساس و پیرۆزه. لێ به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ هه‌ر كه‌س بێكار بێت، ده‌چێت گۆڤارێك یان رۆژنامه‌یه‌ك داده‌نێت. ئه‌مه‌ش كاره‌ساته. له‌هه‌مانكاتیشدا چ ده‌سه‌ڵات چ ئۆپۆزیسیۆن، رۆژنامه‌نووسان له‌دژی یه‌كتری به‌كارنه‌هێنن. بۆ ئه‌وان باشتره بچن شه‌ڕی خۆیان ببنه ناو په‌رله‌مان، نه‌ك ناو رۆژنامه و گۆڤاره‌كان. چوونكه ئه‌مه هیچ خزمه‌تێكی ژیانی سیاسیی و بواری رۆژنامه‌گه‌ریی ناكات. من ده‌مێكه هه‌ستم به‌م فه‌وزایه كردووه. پێش چه‌ند ساڵێك پڕۆژه‌یه‌كم پێشكه‌ش به‌حكوومه‌ت كرد، به‌ڵام وه‌كو هه‌موو پڕۆژه‌یه‌كی تر، كه‌س گوێی بۆ نه‌گرتم.
Shamzini79@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
