ئه‌و مۆمه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دایگیرساندبوو، به‌رله‌وه‌ی ته‌مه‌نی ته‌واوبێت کوژایه‌وه. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان قه‌رار بوو به به‌رنامه‌یه‌کی لیبراڵییه‌وه گۆڕانکاری سیاسیی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا بکات. چاوه‌ڕوانییه‌کان و خۆشخه‌یاڵییه‌کان به‌رامبه‌ر به‌م بزووتنه‌وه‌یه نوقمی که‌فوکوڵی جه‌ماوه‌ری توڕه‌و بێزار له ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و مافیای تاڵه‌بانی و بارزانی بوو. جه‌لالییه‌کان که سلێمانیان به ناوه‌ندی هێزی سه‌وزی خۆیان ده‌زانی، به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رتاپا گه‌نده‌ڵیانه‌وه، که‌وتبوونه به‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌کی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوانه‌وه. جه‌لالیه‌ت له سلێمانیدا به‌ره‌وداڕوخان ده‌ڕۆیشت. به‌هۆی مۆنۆپۆڵکردنی گرنگترین ناوه‌نده ئابوورییه‌کانی شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌رییه‌وه له‌لایه‌ن هێرۆ و بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانییه‌و داروده‌سته‌که‌یانه‌وه، خودی تاڵه‌بانیش خۆشه‌ویستی خۆی له‌ناو خه‌ڵکی سلێمانیدا له‌ده‌ستدا بوو. سلێمانی له‌ده‌سه‌ڵاتی جه‌لالی تووڕ و ناڕازی بوو. ئه‌م تووڕه‌بوون و ناڕه‌زایه‌تییه به‌ره‌و خرۆشانێکی جه‌ماوه‌ری هه‌ڵده‌کشا. جه‌لالییه‌کان له‌و ڕاستییه تێگه‌یشتبوون که ڕه‌وشی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی به دیوێکدا وه‌رده‌چه‌رخێت که ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان له‌م شاره و ده‌وروبه‌ریدا ده‌باته ژێر پرسیاره‌وه. له‌و سۆنگه‌یه‌وه، ده‌بووایه سلێمانی بدرێته به‌ر عاسه سیحرییه‌که‌ی تاڵه‌بانییه‌وه. نه‌وشیروان مسته‌فا عاسه سیحرییه‌که‌ی تاڵه‌بانی بوو بۆ خامۆشکردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و توڕه‌بوونه‌کانی خه‌ڵکی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی جه‌لالییه‌کاندا. کۆمپانیای ووشه به ملیۆنه‌ها دۆلاری تاڵه‌بانی بۆ نه‌وشیروان سازکرا. سه‌ره زله‌کانی جه‌لالی له سلێمانی و ده‌وروبه‌ریدا پۆل پۆل به‌ره‌و گرده‌که‌ی کۆمپانیای ووشه ڕه‌ویان کرد و له نه‌وشیروان کۆبوونه‌وه و کۆمه‌ڵێک کادر و ئه‌ندامی ئاسایی یه‌کێتیشیان به دوای خۆیاندا کێشکرد. ئه‌م شانۆگه‌رییه ده‌بووایه پێش له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌که‌ی 25 / 7 / 2009 به‌ڕێبخرێت تا خه‌لکی سلێمانی ئارام بکرێته‌وه. سیناریۆکان زۆر پسپۆڕانه له‌لایه‌ن تاڵه‌بانی و نه‌وشیروانه‌وه نووسرانه‌وه؛ ڕوخساره بێزراوه‌کانی جه‌لالییه‌کان کرانه ئه‌کته‌ره‌سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌رشانۆکه، مه‌لا به‌ختیار، ئه‌رسلان و بایز و چه‌ند که‌سی دیکه‌یان خسته به‌رامبه‌ر نه‌وشیروانه‌وه. هێرشی ڕاگه‌یاندن ده‌ستیپێکرد. کات به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن نزیک ده‌بووه‌وه. نه‌وشیروان ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند که به‌لیستێکی سه‌ربه‌خۆ به ناوی گۆڕانه‌وه به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌کات. سلێمانی وه‌ک پوره هه‌نگ وروژا. ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که بێزار بوو له ده‌نگدان به دزو مافیاکانی تاڵه‌بانی، ئه‌مجاره‌یان به هیوای ئه‌وه که به پاڵپشتی نه‌وشیروان له‌ڕێگای ده‌نگدانه‌وه بارودۆخه سیاسیی و ئابوورییه‌که بگۆڕێت، به‌ره‌و سندوقه‌کانی ده‌نگدان به‌ڕێکه‌وت. سلێمانی له 25/ 7 دا به‌زۆرینه ده‌نگ هاواری کرد " نا بۆ گه‌نده‌ڵی.. نا بۆ ده‌سه‌ڵاتی دز و مافیا " و " به‌ڵێ بۆ گۆڕان ". خه‌ڵکی سلێمانی و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری گۆڕانکاری له ژیانی ئابووری و سیاسی‌دا ده‌ویست. ئه‌م شاره له ده‌موچاوه‌کانی وه‌ک حاکم قادر، عومه‌ر فه‌تاح، مه‌لابه‌ختیار، هێرۆ تاڵه‌بانی و ئه‌وانی دیکه بێزار بوو. هه‌رئه‌وه‌ش وای کردبوو که دروشمی گۆڕان بکاته دروشمی هه‌ڵبژاردنه‌کان، به‌ڵام خه‌ڵکی سلێمانی بێ ئاگا بوو له‌وه که گۆڕانکاری به ڕابه‌رایه‌تی که‌سانێک ناکرێت که خۆیان به‌شێک بوون له ئه‌ندازیاریانی بنیاتنانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵه به سه‌ر شاره‌که‌یاندا. سلێمانی له چاوه‌ڕوانی نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی له په‌رله‌ماندا خامۆش ڕاگیرا. نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی گۆڕان له په‌رله‌ماندا بێئیراده‌کران و خرانه ڕیزی ئه‌ندام په‌رله‌منه نووستووه‌کانه‌وه. مۆمی گه‌شبینییه‌که‌ی سلێمانی به‌ره‌و خامۆشبوون ڕۆیشت، چونکه هه‌ستی به‌وه‌کرد گۆڕانکاری له ژیانیدا به‌گۆڕان ڕوونادات، به‌ڵام به‌وحاڵه‌شه‌وه سلێمانی دوایین هه‌وڵی خۆیده‌دات ده‌نگێک که داویه‌تی به گۆڕان گۆڕانکاری له ژیانیدا پێکبهێنێت. به‌و هیواو چاوه‌ڕوانییه‌وه جارێکی دیکه به‌ره‌و سندوقه‌کانی ده‌نگدان ده‌ڕواته‌وه و له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 7. 3دا ده‌نگده‌داته‌وه، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان ده‌نگه‌که‌ی له جاری پێشوو به‌فیڕۆتر ده‌چێت. هه‌موو ده‌نگه‌کانی ده‌خرێته‌وه خزمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆک کۆماره‌وه، ئه‌و سه‌رۆک کۆماره‌ی که سلێمانی لێی توووڕه و ناڕازییه. سلێمانی به بێئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت ده‌نگی دایه‌وه به تاڵه‌بانی. ئه‌مه یه‌که‌م فێڵی نه‌وشیروان بوو له خه‌ڵکی سلێمانی و گه‌وره‌ترین خزمه‌ت بوو که به تاڵه‌بانی کرد. ئایا نه‌وشیروان له ناو یه‌کێتیدا بووایه ده‌یتوانی ئه‌و خزمه‌ته گه‌وره‌یه به تاڵه‌بانی بکات و شاری سه‌رکێش و یاخی سلێمانی وه‌ک ئێستا بۆ تاڵه‌بانی و جه‌لالییه‌کان ده‌سته‌مۆ بکات‌و سوک و ئاسانیش بڵێت " گرنگ نییه کێ سه‌رۆک کۆمار ده‌بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه که کێشه‌ی کورد له به‌غداد به‌ره‌و پێش به‌رین؟!". ئێمه‌ش له نه‌وشیروان ده‌پرسین که ئه‌گه‌ر گرنگ نییه سه‌رۆک کۆمار کوردبێت یان عه‌ره‌ب بۆچی ده‌نگ به تاڵه‌بانی ده‌ده‌نه‌وه؟ تاڵه‌بانییه‌ک که له ماوه‌ی 4 ساڵ سه‌رۆک کۆمارییه‌که‌یدا نه‌یتوانی ته‌نانه‌ت ماده‌ی ناوه‌رۆک بۆشی وه‌ک ماده‌ی 140 به ئه‌نجامێک بگه‌یه‌نێت، ئه‌دی کورد ئه‌م سه‌رۆک کۆماره دیکۆره‌ی بۆچییه له به‌غدا؟ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌تان ته‌نها فریودانی ئه‌و خه‌ڵکه‌یه که ده‌نگی پێداون و زۆربه‌ی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ش خه‌ڵکی سلێمانی و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری بوون. به‌م پێوانه‌یه هه‌ق به ئێمه‌یه بڵێین سلێمانیتان بۆ تاڵه‌بانی فریودایه‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
