سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق، ئه‌یاد عه‌للاوی، له رووی سیاسییه‌وه كه‌سایه‌تییه‌كی ئاڵۆزه. به مه‌زه‌ب شیعه‌یه به‌ڵام لایه‌نگری ئێران نییه. شیعه‌یه و سه‌رۆكایه‌تیی گه‌وره‌ترین كۆبوونه‌وه‌ی سوننه ده‌كات كه لیستی ئه‌لعێراقییه‌یه. له هه‌مووی ئاڵۆزتر شیعه‌یه و له رابردوودا به‌عسی بووه. مه‌ترسیی ئه‌وه له عه‌للاوی دێته كردن كه‌وا ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بكه‌وێته ده‌ست له‌وانه‌یه ببێ به پردێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی حزبی به‌عسی له‌جێ چوو. گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عسیش واته گه‌ڕانه‌وه‌ی سوننه بۆ سه‌ر كورسیی فه‌رمانڕه‌وایی له عێراق كه هه‌شتا ساڵ یه‌كلایه‌نه به ده‌ستیانه‌وه بوو.
شیعه‌كانی عێراق كه زۆرینه‌ی دانیشتوانی وڵات پێك ده‌هێنن (له سه‌تا شێست زیاتر) به مافی خۆیانی ده‌زانن ده‌سه‌ڵاتی وڵات له‌مه‌ولا به‌ده‌ستی ئه‌وانه‌وه بێ. سه‌رۆك وه‌زیرانی ماوه به‌سه‌رچوو نووری مالیكی كه به‌هێزترین نوێنه‌ری شیعه‌یه له عێراق، ئاماده نییه مل بۆ سه‌ركه‌وتنی عه‌للاوی و لیسته‌كه‌ی بدا كه به‌پێی ده‌ستوور مافی خۆیانه داوایان لێ بێته كردن بۆ پێكه‌وه‌نانی حكوومه‌تی تازه.
لێره‌وه، له ماوه‌ی پێنج مانگ و نیوی رابردووه‌وه كه هه‌ڵبژاردن له عێراقدا هاتووه‌ته كردن، دڵه‌ڕاوكه‌ی عێراقییه‌كان سات به سات گه‌وره‌تر ده‌بێ. ئاخۆ وڵاته‌كیان به راستی له ژانی له دایكبوونی سه‌رده‌مێكی دیموكراسیدایه وه‌ك خه‌ونیان پێوه ده‌بینی، یاخۆ له ژانی زاینی دیكتاتۆرێكی تازه‌دایه وه‌ك دێته به‌دیكردن. رێك نه‌كه‌وتنی سه‌ركرده‌كان و پاشكۆیییان بۆ هێزگه‌لی ده‌ره‌كی، تای ته‌رازوو زیاتر به‌لای شیمانه‌ی دووه‌مدا ده‌له‌نگێنێ.
ئه‌یاد عه‌للاوی پێش دوو رۆژ بێ هیواییی خۆی پێشان دا له‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایییه‌كان پشتیوانیی بكه‌ن بۆ بردنه‌وه‌ی ململانێیه‌كه. گوتی ئه‌وان "واته ئه‌مه‌ریكایییه‌كان" ده‌یانه‌وێ له‌م پرسه‌دا له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كاندا رێك بكه‌ون. له‌و "رێككه‌وتنه‌دا" بێگومان ئێرانییه‌كان له پشتیوانیی هێزگه‌لی شیعه بۆ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له عێراق كۆڵ ناده‌ن له‌به‌رامبه‌ر فه‌راهه‌مكردنی عێراقێكی هێمن و ته‌نا بۆ ئه‌مه‌ریكایییه‌كان له كاتی به‌جێهێشتنیان كه پێش دوو هه‌فته ده‌ستیان پێ كرد و له به‌كۆتاهاتنی 2011دا ته‌واوی ده‌كه‌ن. رێككه‌وتنی ئه‌مه‌ریكایی و ئێرانییه‌كانیش له‌سه‌ر پێكه‌وه‌نانی حكوومه‌تی تازه له عێراق، ئیسپاتی ئه‌وه ده‌كا كه‌وا نه‌ك ته‌نیا دیموكراسی بگره به‌رنامه‌ی دیموكراسی به‌ته‌باییش (الدیمقراگیه التوافقیه) نه‌یتوانی بێته كایه‌ی جێبه‌جێبوون یاخۆ سه‌ركرده عێراقییه‌كان نه‌یانتوانی له‌سه‌ر كه‌مترین به‌رنامه كۆ بكاته‌وه. جه‌نه‌راڵ ریمۆند ئۆدیرنۆی سه‌ركرده‌ی هێزگه‌لی ئه‌مه‌ریكا له‌م ده‌موده‌سته‌دا كه هێزه‌كانی ئه‌و ده‌ستیان به‌كشانه‌وه كردووه، له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ نیویۆرك تایمز ده‌ڵێ: "دیموكراسی له عێراق كاتی زۆر ده‌وێ".
به‌شداریی لایه‌نی كوردی له گه‌مه‌ی نێوان هێزگه‌لی عێراقی له رمانی رێژیمی سه‌دامه‌وه له 2003 تا ئه‌مڕۆ زیاتر سۆز به‌سه‌ریدا زاڵ بووه نه‌ك بیر. ساڵانی زووه‌وه و تا ئێسته‌ش كورد زیاتر له شیعه‌وه نێزیك بوون وه‌ك له سوننه، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش سه‌ركرده شیعه‌كان كه تا پێش 9ی نیسانی 2003 له گرتیگه و چه‌وسانه‌وه و پارێزی به‌رگریدا، له‌گه‌ڵ كورددا به‌یه‌كه‌وه بوون، له یه‌كه‌مین وێستگه‌ی دوای ئازادی‌دا كوردیان له‌بیر چووه‌وه. هه‌ردوو كابینه‌ی ئیبراهیم جه‌عفه‌ری و نووری مالیكی هیچ جیاوازییه‌كیان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌گه‌لی سوننه له‌به‌رامبه‌ر داخوازه‌كانی كوردستاندا پێشان نه‌دا. ماده‌ی 140 كه بڕبڕه‌ی پشتی داخوازییه‌كانی كورده، له‌و ماوه دوورودرێژه‌دا هیچی لێ نه‌هاته جێبه‌جێكردن، ئه‌مه جگه له چه‌ندان كێشه‌ی وه‌ك كۆنتراكته‌كانی نه‌وت، چه‌ك و ژماره‌ی هێزی پێشمه‌رگه كه ئه‌مانه به‌هه‌ڵواسراوی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا چه‌ندان ساڵه ماونه‌ته‌وه. بێگومان ئه‌مه‌ش باجی زاڵبوونی سۆز به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌دا و نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌كی ژیرانه‌بوو له لایه‌نی كوردییه‌وه.
له سیاسه‌تی "له‌ڕه‌گه‌وه هه‌ڵكه‌ندنی به‌عسدا"، كه زیاتر به‌رنامه‌یه‌كی ئێرانییه بۆ لاوازكردنی سوننه‌ی عه‌ره‌ب له عێراق، كورد لایه‌نگرییان له‌م سیاسه‌ته كرد. له‌ولاوه‌ش، له ده‌ربازكردنی پیاوكوژه‌كانی رێژیمی سه‌دامدا كه زۆربه‌یان له دۆزی كوردیدا تاوانبار بوون، كورد یارمه‌تیی سوننه‌كانیان دا، وه‌ك نموونه رزگاركردنی فه‌ریق روكن وه‌فیق سامه‌رائی بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق كه له سه‌رده‌می كرده‌وه‌گه‌لی قڕكردنی به‌كۆمه‌ڵی گوندنشینه‌كانی كورد له ساڵی 1988ی ناسراو به "كرده‌وه‌گه‌لی ئه‌نفال"، سامه‌رائی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی هه‌واڵگریی بوو. هه‌روه‌ها به‌نهێنی به‌ره‌ڵڵاكردنی باڵه‌فڕوان "تاریق ره‌مه‌زان عه‌زاوی" تاوانبار به تیسره‌واندنی هه‌ڵه‌بجه به چه‌كی كیمیایی كه له گرتیگه‌یه‌كی سلێمانیدا ده‌سبه‌سه‌ر بوو. ئه‌م گه‌مه‌یه ده‌ق پێچه‌وانه‌كه‌ی راست بوو. ده‌بوایه كورد خۆی وه‌ك سوننه مه‌زه‌ب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بێ عه‌ره‌بی سوننه له عێراقدا به‌هیچ بیانوو و پاساوێك و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئێران لاواز ببێ. نه‌شده‌بوو چاوپۆشی له تاوانباران بكرێ به‌تایبه‌تیش له دۆزی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌دا. ئه‌مه پرسێكی ره‌وشتی بوو هه‌ر نه‌بێ بۆ شۆڕشگێڕانی دوێنێ كه گه‌لێكی بێوانیان (بێوان: بێ دفاع) هێنابووه گۆڕه‌پانی رووبه‌رووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ رێژیمێكی هاردا.
گرتنه ده‌ستی جڵه‌وی فه‌رمانڕه‌وایی به‌یه‌كلایه‌نی له عێراق له‌لایه‌ن ئه‌حزابی شیعه‌وه، بێگومان دۆزی كورد ئاڵۆزتر ده‌كا به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می رێژیمی سه‌دامدا. ئه‌ویش له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌كی ئاشكرا كه هیچ نكووڵییان لێ نایه‌ته‌كردن: یه‌كه‌م شیعه زۆرینه‌ن له عێراق (سێ ئه‌وه‌نده‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ن كه پێشتر حوكمی عێراقیان ده‌كرد)، دووه‌م له‌لایه‌ن وڵاتێكی هار و لاساری وه‌ك ئێرانه‌وه پشتیوانیی سیاسی و مه‌زه‌بییان لێ دێته كردن و ئه‌م وڵاته درێژترین سنووری له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه.
سیاسه‌تی كۆماری ئیسلامی له‌به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا بێ ره‌حمانه‌یه، به‌رده‌وام گونده سنوورییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه ده‌كوتێته‌وه و ئازاری گوندییه‌كان ده‌دا. له زۆر رووداوی ته‌ناهیش له كوردستاندا په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ ئێرانییه‌كان دێته درێژكردن. بۆ نموونه له رووداوی سووتانی ئوتێل سۆما له سلێمانی "16 ته‌مووزی رابردوو" كه له ناو 29 قوربانیدا 14یان پسپۆڕی بیانی بوون، گومان بۆ ئێران ده‌چوو هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم نكووڵیی لێ كرد.
به بۆچوونی من كه بۆچوونێكی كه‌سانییه، نه‌ده‌بوایه لایه‌نی كوردی بیره‌بیر (تردد) پێشان بدا له هاوپه‌یمانیه‌تی له‌گه‌ڵ لیستی ئه‌لعێراقییه‌دا. راسته هه‌بوونی بیركردنه‌وه‌ی شۆڤینییانه له ئاست داخوازه‌كانی كوردستان له‌لای هه‌ندێك ئه‌ندامانی ئه‌و لیسته‌دا "لیستی حه‌دبای مووسڵ"، وه‌ك كۆڵدان و پاشه‌كشه له بنه‌وا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی داخوازیگه‌لی كوردی دێنه لێكدانه‌وه، به‌ڵام وتووێژ له‌باره‌ی پرسه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان "له هاوپه‌یمانیدا" باشتر ده‌چنه پێش وه‌ك "له‌باری ناحه‌زیدا". ناشێ له عێراقی داهاتوو كه به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕوا حزبگه‌لی شیعه " وه‌ك پێ ده‌چێ یه‌ك لایه‌نه" وڵات به‌ڕێوه ببه‌ن، كورد له‌گه‌ڵ سوننه‌شدا لالووت بێ كه هه‌موو كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌ودایه و هه‌موو سنوورێكیشی له‌گه‌ڵ ئه‌ودایه.
بۆ هاوپه‌یمانیه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ی دواییدا، واته له‌گه‌ڵ سوننه‌ی عه‌ره‌ب، ئه‌مڕۆ باشتره له به‌یانی، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌هاتنه‌سه‌ركاری حكوومه‌تێكی به‌هێزی شیعه به پاڵپشتیی ئێران، كورد و سوننه‌ی عه‌ره‌ب بیانه‌وێ و نه‌یانه‌وێ ده‌چنه یه‌ك دۆخی به‌رگرییه‌وه. بێگومان ناشبێ چاوه‌ڕوانی له ئه‌مه‌ریكا بێته‌كردن بۆ داكۆكی له دیموكراسی، ده‌ركه‌وت كه‌وا به‌لای ئه‌مه‌ریكایییه‌كانه‌وه ته‌ناهی "به‌ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی‌دا" له‌پێشتره له دیموكراسی، ته‌ناهییه‌ك كه سه‌ربازه‌كانیان به‌دوور بخاته‌وه له كوشتن له سه‌رزه‌وینێك كه رێككه‌وتن له نێوان سه‌ركرده‌كانیدا له پشت مه‌حاڵه‌وه‌یه.
24/08/2010
* به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاژانسی كوردستان بۆ ده‌نگوباس (ئاكانیوز) .
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
