میلله‌تێكی نه‌خوێنده‌وارین، ژماره‌ی نووسه‌رانمان له‌ژماره‌ی خوێنه‌رانمان زیاتر.. ئاسایی نییه هه‌ر نووسینی په‌یوه‌ست بێت به‌سه‌رۆكی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان به‌دواداچوونی بۆ نه‌كرێت، گله‌ییم له‌سه‌رۆكی هه‌رێم نییه، دڵنیام ئه‌و نوسینه‌ی (باجی راستیگوتن گواستنه‌وه‌یه) نه‌خراوه‌ته به‌ر ده‌ستی ده‌نا سه‌رۆكی هه‌رێم (دڵنیام) به‌هیچ جۆرێك ئاماده نییه زوڵم قبووڵ بكات.
(پێشێلكاری یاساكانیان) نه‌خستووه‌ته به‌ر ده‌ستی، ناچارم بۆ جاری دووهه‌م بنووسمه‌وه.
له‌ژماره (368) ی دووشه‌ممه‌ی 5/4/2010دا له‌ڕۆژنامه‌ی چاو‌دێر وتارێكم نووسی باسی ئه‌و وتاره‌ی كاك قوبادی جه‌لیزاده‌ی شاعیر‌و حاكم ده‌كه‌م كه گه‌لێ نموونه‌ی پێشێلكاری ده‌سه‌ڵاتی قه‌زای خستبووه‌ڕوو.
كه‌چی ده‌سه‌ڵاتی قه‌زا له‌بری ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی بده‌نه‌وه و قسه‌كانی ره‌تكه‌نه‌وه بێده‌نگییان هه‌ڵبژارد و سزای كاك قوبادیان دا‌و گواستیانه‌وه بۆ چه‌مچه‌ماڵ.
له‌وتاره‌كه‌مدا گووتومه: ئێمه له‌هه‌رێمی كوردستاندا تووشی هه‌ر گرفتێك یا زوڵم و ناحهقییهك ببین په‌نا ده‌به‌ینه به‌ر ده‌ستوری عێراقی فیدراڵ (هه‌قی خۆمانه‌و چاك ده‌كه‌ین) كه ئه‌م رێزه مه‌زنه‌مان بۆ ده‌ستوور هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك لهشێوهكانیش خه‌رمانه‌ی پیرۆزی بۆ دروستده‌كه‌ین كه‌چی به‌داخه‌وه ئه‌و رێزه بۆ بڕیاره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان نییه، به‌تایبه‌تیش ده‌سه‌ڵاتی قه‌زا رێزی نه له‌بڕیاری سه‌رۆكی هه‌رێم و نه له‌بڕیاری په‌رله‌مان گرتووه.
به‌پێی یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان- عێراق ژماره (32) ساڵی 2007 كه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌بڕیاری ژماره (30) ساڵی 2007 دوای په‌سه‌ندكردنی په‌رله‌مان له‌دانیشتنی ژماره (10) له‌ڕۆژی 3/7/2007دا ده‌ریكردووه.
له‌فه‌سڵی (4) دا هاتووه، سه‌رۆكی ئیستیئناف ده‌بێ پۆلی یه‌ك بێت، كه‌چی هه‌ردوو سه‌رۆكی كه‌ركوك و سلێمانی پۆلی دوون، مادده‌ی 37: له‌دادگای ته‌میزدا ئه‌و كه‌سانه به‌دادوه‌ر داده‌مه‌زرێنن كه پۆلی یه‌كن و به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه (20) ساڵ خزمه‌تی قه‌زاییان هه‌بێت و به‌لایه‌نی كه‌میشه‌وه دوو ساڵ له‌و پله‌و پایه مابنه‌وه...
كاك قوباد ره‌خنه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی گرتبوو پێیانده‌ڵێ فه‌رموون ئه‌مه بڕیاری سه‌رۆكی هه‌رێم و په‌رله‌مانه، كه‌چی سه‌ر پێچییهكانتان گه‌لێ زه‌قه، كاك قوباد ده‌ستنیشانی هه‌ڵه‌ی یاسایی بۆ كردن كه‌چی به‌هه‌ڵه‌ی یاسایی گواستانه‌وه..
فه‌رمانی دادوه‌ری
ئاماژه به‌بڕیاری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ژماره (23) له 18/3/2010ه‌وه پشت به‌حوكمی مادده (51) له‌یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ژماره (23) بۆ ساڵی 2007 بڕیاردرا به:
1. گواستنه‌وه‌ی به‌ڕێز دادوه‌ر (قباد ئیسماعیل نوری) ئه‌ندامی دادگای تاوانی سلێمانی/ دووه‌م بۆ دادگای به‌رایی (چم چمال) .
2. ده‌ست له‌كار هه‌ڵبگرێت له‌ڕۆژی 25/3/2010.
3. ماوه‌ی له 15/3/2010 ده‌ست به‌كاربوونه‌وه‌ی هه‌ژمار بكرێت بهنههاتوو بێ مووچه.
ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یری ناوه‌ڕۆكی فه‌رمانی گواستنه‌وه‌كه بكه‌ین به‌ئاشكرا ئه‌وه‌مان بۆ ساغ ده‌بێته‌وه كه بڕیارێكی تۆڵه ئامێزی به‌په‌له‌و پڕ لهشپرزهییه ده‌نا له‌ڕووی یاساییه‌وه ده‌بوایه له‌بڕگه‌ی یه‌كه‌می فه‌رمانه‌كه بنووسرایه (گواستنه‌وه‌ی حاكم قوباد له‌ناوچه‌ی ئیستیئنافی سلێمانییه‌وه بۆ ناوچه‌ی ئیستیئنافی كه‌ركوك) كه دوو ناوچه‌ی جیاوازن.
شپرزه‌یی بڕیاره‌كه‌یان كوردی پێ له‌بیر بردوونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت رێنووسی كوردیش (له‌بری قوباد نووسیویانه (قباد)، له‌بری چه‌مچه‌ماڵ نووسیویانه (چم چمال) له‌بری ئه‌وه‌ی بنووسن له‌ماوه‌ی 15/3/2010 نووسیویانه (ماوه‌ی له 15/3/2010) .
هه‌روه‌ها به‌پێی مادده‌ی (51) ی یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ژماره (23) ی ساڵی 2007 په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ریكردووه گواستنه‌وه‌ی دادوه‌ر له‌مانگی حه‌وتی هه‌موو ساڵێك ده‌بێ، كه‌چی گواستنه‌وه‌ی حاكم قوباد له‌مانگی سێ‌دا بووه، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی مانگی حه‌وتدا بێت، وه‌ك له‌ده‌قی مادده‌كه‌دا هاتووه، ده‌بێ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێت كه‌چی له‌ده‌قی فه‌رمانی گواستنه‌وه‌كه‌دا كه ژماره (211) و له 18/3/2010دا ئاماژه به‌به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كه نه‌كراوه‌و واتا هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی گشتی لهگواستنهوهكهدا نییه.
له‌ده‌قی مادده‌ی (51) كدا هاتووه له‌گواستنه‌وه‌ی هه‌موو حاكمێك ده‌بێت له‌پێشنیارو به‌داوای سه‌رۆكی ئیستیئنافی ناوچه‌كه بێت كه‌چی بڕیاره‌كه هیچ ئاماژه‌یه‌كی بۆ ئه‌م خاڵه تێدا نییه‌و ناوی سه‌رۆكی ئیستیئنافی ناوچه‌كه‌ی تێدا نییه.
فه‌رموون سه‌یری ئه‌م سه‌رپێچییه‌ش بكه‌ن.
له‌ئه‌نجومه‌نی دادوه‌رییه‌وه نووسراوێك ئاڕاسته‌ی هه‌موو دادگاكان كراوه كه هه‌ر دادوه‌رێك ده‌یه‌وێت بچێ بۆ حه‌ج ناوی خۆی تۆمار بكات، دیاره ژماره‌ی حه‌جخوازان له‌ژماره‌ی پێویسته زیاتر بووه، بۆیه ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری (ده‌و) قورعه‌ی كردووه، یه‌كێك له‌وانه‌ی ناوی ده‌رچووه دادوه‌رێكی سلێمانییه ئاگادار كراوه‌ته‌وه كه خۆی ئاماده بكات بۆ حه‌ج.. كه‌چی ئه‌نجومه‌ن خۆی ناوی ئه‌و دادوه‌ره‌ی سڕیوه‌ته‌وه‌و ناوی ئه‌ندامێكی دادگای ته‌میزی خستۆته شوێنی.
ئه‌مه‌وێ له‌مه‌ڕ رێكخراوه پیشه‌ییه‌كانه‌وه دوو قسان بكه‌م...
پاكانه بۆ دروستبوونی هه‌ر رێكخراوێكی پیشه‌یی ئه‌وه‌یه كه به‌رگری له‌ئه‌ندامه‌كانی خۆی بكات، كه‌چی (سه‌ندیكای مافپه‌روه‌رانی كوردستان و یه‌كێتی دادوه‌رانی كوردستان) كه حاكم قوباد له‌هه‌ردوو ئه‌م رێكخراوانه‌دا ئه‌ندامه، كه‌چی ئه‌م دوو رێكخراوه بێده‌نگییان هه‌ڵبژارد، ئه‌مه له‌كاتێكدایه حاكم قوباد ئه‌ندامی سه‌ندیكای پارێزه‌ران نییه، به‌ڵام هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی خۆیان نواند، كاك قوباد ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵای یه‌كێتی نووسه‌رانی كورده‌و له‌مانگی حه‌وتدا كۆنگره‌ی نووسه‌ران ده‌به‌سترێ دیاره له‌و كۆنگره‌یه‌دا نووسه‌ران چۆن به‌رگری له‌ئه‌ندامێكی خۆیان ده‌كه‌ن ئه‌م ره‌فتاره‌ی له‌گه‌ڵ حاكم قوباد كراوه، تیرۆركردنی راستیگوتنه چ كه‌سێكی به‌ویژدانیش قبووڵ ناكات راستی و راستگۆ تیرۆر بكرێت، له‌وتاری پێشووماندا داوامانكرد لیژنه‌ی ته‌حقیقی له‌سه‌ر كاك قوباد دانێن كه‌چی داتان نه‌نا، ئێستایش داواكه‌مان دووباره ده‌كه‌ینه‌وه روونیبكه‌نه‌وه له‌سه‌ر به‌رتیل خواردن یان ناعه‌داله‌تی گواستووتانهوهوه یا... ... .. ؟
ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووسی جیهان له‌نامه‌یه‌كدا بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌ڵێن: لاسایی سیاسه‌تی سه‌ركوتكه‌رانه‌ی ئه‌و رژێمه مه‌كه‌نه‌وه كه ساڵانێكی درێژ خه‌ڵكه‌كه‌ی ئێوه دژی خه‌باتیان كردووه.
ئه‌م نامه‌یه ئیمزای حه‌ڤده رۆژنامه‌نووسی جیهانی له‌سه‌ره له (جیراڵدین برۆكس) ده‌ست پێده‌كات و به (مارتین وۆكلات) كۆتایی پێدێت ئه‌و سێ دێڕه‌ی په‌یوه‌سته به‌كاك قوباده‌وه وه‌ك خۆی ده‌ینووسین:
Hakim Qubadi Jali Zada a Kurdish Jurist and poet، was dismissed as a judge in Suleimania for writing an article in the newspaper Hawal that disparaged aspects of the judicial
(قوبادی جه‌لیزاده، دادوه‌رو شاعیری كورد، به‌هۆی نووسین له‌سه‌ر سیسته‌می دادوه‌ری له‌ڕۆژنامه‌ی هه‌واڵ، له‌كار لابرا) .
ئه‌مه‌ش ناوی رۆژنامهنووسهكانه:
Geraldine Brooks
Gerard Chaliand
Charles Glass
Yves Harte
Cecile Hennion
David Hirst
Jim Hoagland
Marc Kravetz
Chris Kutschera
Quil Lawrence
Francois- Xavier Lovat
David McDowall
Edward Mortimer
Fabrice Moussus
Jim Muir
Jonathan Randal
Hazhir Teimourian
Martin Woollacott
له‌كتێبێكدا كه كاك (ده‌وه‌ن) ئاماده‌یكردووه، زیاتر له‌سه‌د ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ند ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه به‌رانبه‌ر به‌م زوڵمه‌ی له‌كاك قوبادی حاكم و شاعیر- راستتر شاعیر‌و حاكم- كراوه دیاره ئه‌م كتێبه به‌مزووانه چاپده‌كرێت و قۆناغی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی به (مێژوو ده‌سپێرێت) به‌نه‌وه‌ی داهاتوو ده‌ڵێت (قۆناغێكه نابێت باسی حه‌ق و حه‌قیقه‌تی تیا بكرێت، هه‌ركه‌سێ حه‌قیقه‌ت بخاته روو په‌رده له‌سه‌ر دزێوییهكان هه‌ڵداته‌وه، ئه‌وا سزا ده‌درێت) .
جا نازانم ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێمه رێز له‌مێژوو ده‌گرن، له‌مێژوو سڵ ده‌كه‌نه‌وه یان وه‌ك برا ئیماراتییهكانمان بیر ده‌كه‌نه‌وه.
جارێكیان رۆژنامه‌نووسێك له‌كۆنگره‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا لهشازادهیهكی ئیماراتی ده‌پرسێت: جه‌نابتان ده‌خوێننه‌وه؟
-به‌ڵێ
-چی ده‌خوێننه‌وه؟
-هه‌موو شتێك.
-مێژوویش؟
شازاده تووڕه ده‌بێ و هه‌ڵده‌چێ و ده‌ڵێت: "ئێمه خۆمان مێژوو دروستده‌كه‌ین، بۆچی مێژوو بخوێنینه‌وه!".
به‌هیوام ده‌سه‌ڵاتدارانی لای خۆمان ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاو بێت مێژوویه‌كی خوێناوی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئه‌وانی گه‌یاندۆته سه‌ر ئه‌و كورسییانه به‌هیوام كه‌سانێك بن مێژوو له‌سه‌ر حسابی كورسی ده‌سه‌ڵات له‌كه‌دار نه‌كه‌ن.
شمشێری مێژوو وه‌ك شمشێری عه‌داله‌ت سوورهكراوه، هه‌ركه‌سێك بیگرێت به‌ده‌ستیه‌وه له‌پێشدا ده‌ستی خۆی ده‌سووتێنێت، ئه‌م دوو شمشێرهش بێبه‌زه‌ین.
له‌نێو كتێبه ده‌ستنووسه‌كه‌ی كاك ده‌وه‌ن نووسینی ئه‌م هه‌شت ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نده‌م هه‌ڵبژاردووه، (محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان، ده‌وه‌ن، ئه‌رخه‌وان، شێركۆ بێكه‌س، ئه‌رسه‌لان ده‌روێش، دیاری قه‌ره‌داغی، ره‌ئوف حه‌سن، ره‌ئوف بێگه‌رد)
***
له‌شاری سلێمانی و پایته‌ختی رۆشنبیری‌دا ئیتر له‌مه‌ودوا به‌هچ شێوه‌یه‌ك قبووڵی ئه‌وه ناكه‌ین ئازاری نووسه‌ران و شاعیران و هونه‌رمه‌ندان بدرێت.
ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتداران له‌وه تێبگه‌ن كه هونه‌رمه‌ندو شاعیران ناسنامه‌ی راسته‌قینه‌ی میللهتهكهیانن، ده‌سه‌ڵاتدارانێك كه له‌گه‌وره‌یی هونه‌رو شیعر تێناگه‌ن، ئه‌وه كێشه‌ی خۆیانه، هیوادارم به‌خۆیاندا بچنه‌وه، تا سه‌ر ئێسقان به‌رگری له‌شاعیر قوبادی جه‌لیزاده ده‌كه‌ین.
هه‌میشه كورسی شیعر له‌كورسی ده‌سه‌ڵات گه‌وره‌تره، سووكایه‌تی به‌هیچ شاعیر‌و هونه‌رمه‌ندێك قبووڵ ناكه‌ین... هه‌میشه وشه له‌زۆرداری گه‌وره‌تره، ده‌بێت ئه‌م حكومه‌ته به‌خۆیدا بچێته‌وه، چونكه ته‌نیا شاعیر‌و هونهرمهندهكانن ده‌بنه ناسنامه‌ی گه‌ل و ئاشتیبوون و وجودی ئه‌و گه‌له ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن.
محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان
10/4/2010
***
جا كه مرۆڤێك هێنده جوان و ئه‌قڵ و ره‌فتار بێت، چۆن ده‌بێت دوور بخرێته‌وه به‌كام مه‌رجی یاسا‌و مرۆڤ دروستی ئازیزه‌كانمان راو ده‌نێن، قوبادی جه‌لیزاده ئێستا سۆفیستێكی شیعره‌و ده‌بێت گوڵ باران و خه‌نده باران بكرێت، ئه‌و وه‌ك هه‌نگ شیله‌ی شیعر به‌سه‌ر گوڵی لیۆ و سینگ و به‌رۆكی نیشتیمانماندا داده‌ڕێژێت، ئه‌و ناخوازێت هه‌موومان وه‌ك یه‌ك بیر بكه‌ینه‌وه، به‌ڵكو ئه‌و دیدێكی تری هه‌یه بۆ بیركردنه‌وه‌و مرۆڤ دۆستی، ئه‌و به‌شیعرو هه‌میش به‌یاسا پێمان ده‌ڵێت: هاوڕێیان ئه‌م نیشتیمانه‌ی ئێمه دووجار خۆشه‌ویسته، جارێك وه‌ك شیعر‌و جارێكیش وه‌ك یاسا، گه‌ر یاساش حكومه‌ت بێت، ده‌بێت هه‌م شیعر‌و یاسا، هه‌میش قوبادی جهلیزادهمان خۆش بوێت نه‌ك راوی بنێین.
ده‌وه‌ن
نووسه‌رو ره‌خنه‌گر
3 /3/2010
***
ئه‌وانه‌ی له‌ئاست هه‌ق و جوانیدا نابینان... ئه‌وانه‌ی گێلانه گوڵه‌كان فڕێده‌ده‌نه دۆزه‌خه‌وه... ئه‌وانه‌ی بێباكانه چراكان ده‌شكێنن... ئه‌وانه‌ن كه بۆنی ره‌یحانه‌ی مه‌رگ له‌یه‌ك جیاناكنهوه، له‌حیكمه‌تی گریانی ئاسمان و نهێنی شه‌پۆله‌كان تێناگه‌ن. ئه‌وانه له‌ئاست هه‌ق و ناهه‌قدا ده‌رگاكانی ئه‌قڵیان بهقفڵێكی ژه‌نگاوی داخستووه، هه‌ربۆیه ناعه‌داله‌تیش پیاده ده‌كه‌ن و ئه‌و چرایانه‌ی رێگای راستی و هه‌ق و عه‌داله‌ت رۆشن ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌گیرێن و نه‌فی ده‌كرێن، ئه‌كوژرێن، ئه‌وانه‌ی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و تاریكی ده‌چێنن پاداشت ده‌درێنه‌وه، له‌نازو نیعمه‌تدا ده‌گه‌وزێن!
دیاره ئه‌وان هه‌میشه له‌وشه‌ی هه‌ق تۆقیون، چونكه جێ بهكورسییهكانیان له‌ق ده‌كات، هه‌ر ئه‌وانه‌شن له‌وشه‌ی هه‌ق و عه‌داله‌ت و راستگۆیی جه‌لیزاده‌و له‌دانایی و حیكمه‌ت و شیعر‌و نووسینی جه‌لیزاده تۆقیون، بۆیه له‌سه‌ر چه‌ند وشه‌یه‌كی هه‌ق و راست..
نه‌فامانه به‌رد ده‌گرنه كریستاڵ
جه‌لیزاده نه‌قڵ ده‌كه‌نه چه‌مچه‌ماڵ
ئه‌رخه‌وان
4/6/2010
***
ناكرێت كاك (قوبادی جه‌لیزاده) ی خۆشه‌ویست و شاعیر ئه‌م غه‌دره‌ی لێبكرێت و بێده‌نگ بین، له‌لای خۆمه‌وه ده‌نگی خۆم ده‌خه‌مه پاڵ ده‌نگی هه‌موو ئه‌و قه‌ڵه‌مه پاك و جوانانه‌ی كه ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕیوه.. داوا ده‌كه‌م به‌زووترین كات ئه‌م ده‌ستی غه‌دره‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵگیرێت، چونكه ئه‌و شایسته‌ی ئه‌وه‌یه بخرێته سه‌ر چاو... به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌ویش وه‌ك زۆر شتی تری ئه‌م وڵاته، ئه‌وانه‌ی رۆژانه ده‌یانبینین بێڕێزیی كردنه به‌رامبه‌ر یه‌كێك له‌قه‌ڵه‌مه موبدیعهكانمان.
شێركۆ بێكه‌س
3 /4/2010
***
له‌سه‌ر بورده‌ی زۆرێك لهداهێنهرانی دونیادا دوورخستنه‌وه‌و له‌سه‌ر كارلادان ئیجرائاتی ته‌عه‌سوبی له‌و جۆره هه‌یه، به‌ڵام مه‌خابن له‌وڵاتێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌دا، لهتهجرهبهیهكی ئیداری، دوای ده‌یان ساڵی خه‌بات و قوربانی، ئائه‌وا ره‌فتار له‌گه‌ڵ ناوداراندا بكرێت... شاعیر‌و یاسا ناسی هه‌ڵكه‌وتوو (قوبادی جه‌لیزاده) وێڕای ئه‌وه‌ی پهلكهزێڕینهیهكی له‌هه‌ست و شنه‌ی جوان به‌سه‌ر ئاسۆی ژیانماندا په‌خشكردووه راستگۆ‌و هه‌ست ناسك و پڕ له‌جوانییه، شایسته نییه به‌و بڕیاره، ئومێد ده‌كه‌م ره‌دی ئیعتیباری بۆ بكرێته‌وه.
ئه‌رسه‌لان ده‌روێش /4/2010
***
كۆمیدیایه لهجهرگهی بانگه‌شه‌ی دیموكراسی خه‌ریكی قفڵی گه‌وره بین بۆ ده‌م پێشكه‌وتوو خوازه‌كان، چه‌ند رقم به‌م هه‌وڵانه ئه‌ستوور ده‌بێت... ئه‌وه‌نده‌ش رقم به‌و بێده‌نگییه‌ی خه‌مخۆران دڵسۆزانه كه ته‌واو تاقه‌ت چووه ته‌نانه‌ت له‌هه‌ڵوێست و كه‌مپینكردن... به‌سه تاقه‌تمان چوو دڵمان ده‌رهات.
دیاری قه‌ره‌داغی
2/4/2010
***
نازانم بۆ؟ بۆ ئه‌مه‌نده به‌په‌له‌پروزێ ده‌كه‌ونه گیانی خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه جوان و ئازاكان و له‌به‌رده‌م وشه‌و كه‌سانی خهساودا دۆش داماون و ده‌سته‌وه‌ستانن؟
قوبادی جه‌لیزاده‌ی شاعیر له‌فه‌رمانگه‌كه‌ی دوور خراوه‌ته‌وه، ئا هه‌وڵێكه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی له‌شیعر، هه‌وڵێكه بۆ تاساندنی شیعر‌و په‌یڤی مرۆڤانه...
نابێت رێگا بده‌ین له‌مه زیاتر شیعر ره‌وانه‌ی مه‌نفا بكرێت گه‌رچی هیچ زه‌برو ده‌سه‌ڵاتێكی ماددیمان نییه... به‌ڵام هه‌تا هه‌تایه نه‌فره‌ت له‌وانه ده‌كه‌ین شیعر‌و شاعیر‌و وشه‌ی نازادر ئازار ده‌ده‌ن.
ره‌ئوف حه‌سه‌ن
2/4/2010
***
قوبادی جه‌لیزاده بێجگه له‌لایه‌نه ئه‌ده‌به‌كه‌ی كه شاعیرێكی دیار‌و داهێهنهره، دادوه‌رێكی به‌تواناو دادپهروهریشهو تا ئێستا نه‌هیچ كه‌موكوڕییه‌كم لێدیوه نه بیستوومه. به‌ڕاستی له‌وڵاتی ئێمه‌دا كه‌م كه‌سی وه‌ها هه‌ڵده‌كه‌وێت كه هه‌م له‌پیشه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بێت و وه‌هه‌م له‌كاری داهێناندا بوێر‌و چالاك بێت، ئه‌م كه‌سانه ده‌بێت خزمه‌ت بكرێن و خه‌ڵاتیان بدرێتێت، نه‌ك دوور بخرێنه‌وه‌و ئاسته‌نگییان بۆ بهێنن، هیوادارم ئه‌م غه‌دره‌ی له‌كاك قوباد كراوه تا سه‌ر نه‌بێت.
ره‌ئوف بێگه‌رد
2 /4/2010
***
شێخ محه‌مه‌دی خاڵیش له‌ساڵی 1945 قازی بوو له‌هه‌ڵه‌بجه‌و نێردرا بۆ چه‌مچه‌ماڵ و قافیه‌ی (محه‌مه‌دی خاڵ و چه‌مچه‌ماڵ) یه‌كیان گرته‌وه شێخ محه‌مه‌دی خاڵ له‌وتارێكدا له‌ژماره (6) ساڵی (6) گۆڤاری گه‌لاوێژ بڵاوكردۆته‌وه‌و ده‌ڵێت:
ئه‌ڵێن (ساحیبی كوڕی عیباد) ی وه‌زیر، رۆژێك له‌دیوانی خۆی ده‌بێت به‌ته‌نیا، له‌به‌ر بێكاری نازانێت چیبكات و چۆن خۆی بخڵافێنێت، ناچار ده‌ست ده‌داته قه‌ڵه‌م هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ههرزهنووسی پێبكات، بێئه‌وه‌ی بیه‌وێت شتێكی تایبه‌تی بنووسێت، یان مه‌به‌ستێك بخاته سه‌ر كاغه‌ز، وه‌زیر هه‌ر له‌خۆیه‌وه به‌ڕێكه‌وت ئه‌نووسێت: (ایها القاچی بقم، قد عزلناك فقم) واته ئه‌ی قازی شاری قوم، ده‌رمان كردیت ئیتر هه‌سته بڕۆ، وه‌زیره‌كه ته‌ماشای نووسراوه‌كه‌ی خۆی ده‌كات، ئه‌بینێت وا دوو قافیه‌ی زۆر جوانی بۆ هاتووه، هه‌رچه‌ند ده‌كات دڵی نایه‌ت بیدڕێنێت و فڕێی بدات، بڕیار ده‌دات كه بینێرێت بۆ قازی شاری قوم و ئه‌وی پێده‌ر بكات، خێرا فه‌رمان ده‌دات به‌نووسینی و مۆر كردنی و ناردنی بۆ قازی شاری قوم، به‌ڵام قازی پیاوێكی زیره‌ك و تێگه‌یشتوو ده‌بێت، كه ئه‌یخوێنێته‌وه خێرا ده‌ڵێت (والله ما عزلتنی غیر هژه السجعه) واته به‌خوا هیچ شتێك منی به‌ده‌ركردن نه‌دا ئه‌م قافیه‌یه نه‌بێت.
منیش بهقازێتی له‌هه‌ڵه‌بجه‌وه نێردرام بۆ چه‌مچه‌ماڵ، قافیه‌ی محه‌مه‌دی خاڵ و چه‌مچه‌ماڵم خوێنده‌وه، وتم یا فریادڕه‌س قافیه‌ی پێشوو بوو به‌به‌هانه بۆ ده‌ركردنی قازییه‌ك، تۆ نه‌كه‌یت ئه‌م قافیهیهش ببێت به‌پابه‌ندی من له‌چه‌مچه‌ماڵ، به‌ڵێ ئه‌م قافیهیهش منی پابه‌ندی چه‌مچه‌ماڵ كرد، چوار ساڵ و چه‌ند مانگێك منی هێشته‌وه له‌وێ، هه‌روه‌ك پیره‌مێرد له‌ژینی ژماره 748 ده‌ڵێت:
دوو قافیهمان لێ‌بوو به‌دوو باڵ
خاڵ و چه‌مچه‌ماڵ به‌درێژایی ساڵ
دیاره مێژووی خۆی دووباره ده‌كاته‌وه، زانا‌و رۆشنبیرێكی وه‌ك شێخ محه‌مه‌دی خاڵ ده‌كه‌وێته به‌ر غه‌زه‌بی رژێمی پاشایه‌تی 65 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌وا قوبادی جه‌لیزاده‌ی شاعیریش كه‌وته‌وه به‌ر غه‌زه‌بی ئه‌وانه‌ی كه قوباد پێی وتبوون ژوور چاوتان برۆی پێوه‌یه.
له‌م رۆژاندا له‌نێو دادوه‌ران و ئه‌دیبان و هونه‌رمه‌ندان قاوێكی وا بڵاو بۆته‌وه كه گوایه به‌ڕێز دوكتۆر به‌رهه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم ته‌له‌فۆنی بۆ سه‌رۆكی دادگای ئیستیئنافی سلێمانی كردووه‌و پێی گوتووه (ده‌ستت خۆش بێت وا حاكم قوبادت نه‌قڵ كردووه)، به‌ش به‌حاڵی خۆم ئه‌م ده‌نگۆیه ره‌ت ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك، یه‌كه‌میان كه‌سێكی شاره‌زای ته‌كنۆكراتی وه‌ك دوكتۆر به‌رهه‌م رێ به‌خۆی نادات له‌یه‌ك ته‌ره‌فه‌وه قسه ببیستێت و حوكم بدات... دوكتۆر به‌رهه‌م گه‌لێك شاره‌زای دنیای شارستانیه‌ته، ده‌بێت گوێ له‌دوو ته‌ره‌فی ناكۆك بگیرێت، ئه‌وسا حوكم ده‌ركرێت... دیاریشه دوكتۆر به‌رهه‌م ئه‌وه قه‌بووڵ ناكات (وا بوختانی به‌ده‌مه‌وه بكه‌ن) چونكه ئه‌م بوختانه بۆ شه‌خس نییه بۆ (حكومه‌ته) كاك قوباد چه‌ندین جار ئه‌وه‌ی دووپات كردۆته‌وه كه هیچ مه‌سه‌له‌یه‌كی شه‌خسی له‌گه‌ڵ هیچ دادوه‌رێكدا نییه... به‌ڵكو كێشه‌كه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته، كه ڕێیخۆشكردووه ئه‌م پێشێلكارییانه له‌ده‌سه‌ڵاتی قه‌زادا رووبدات.
پێمان باشه‌و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی وا ده‌خوازێت كه به‌ڕێز ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری چاوێك به‌بڕیاری گواستنه‌وه‌ی حاكم قوباددا بخشێنێته‌وه، له‌مپه‌ر نه‌خاته به‌رده‌م دادوه‌ران و داواكارانی گشتی، ئه‌گه‌ر پێیان وابوو گه‌نده‌ڵی چۆته هه‌ناوی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه‌وه، قسه‌ی خۆیان بكه‌ن و رای خۆیان ده‌ربڕن به‌بێ ئه‌وه‌ی ترسی سزادان بیانخاته دوودڵی و نیگه‌رانییه‌وه.. ره‌نگه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، به‌تایبه‌ت ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ئه‌گه‌ر به‌وردی وتاره‌كه‌ی حاكم قوباد بخوێنێته‌وه- بێدادی له‌خانه‌ی داددا- پَشێلكاری یاساییه‌كان راست بكاته‌وه، ئه‌وا به‌شێكی زۆر له‌ڕه‌نگ و سیمای گه‌نده‌ڵی له‌ڕۆحی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كاڵ ده‌كاته‌وه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
