هونه‌رمه‌ندی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان "ئه‌میر خه‌یات" ئه‌گه‌رچی ژماره‌ی به‌رهه‌م وگۆرانییه‌كانی كه‌من، به‌ڵام ئه‌م هونه‌رمه‌نده وه‌ك خ
ۆی ده‌ڵێت لایه‌نگری هونه‌رێكی پووخت ونه‌ته‌وه‌ییه، هاوكات لایه‌نگری ره‌سه‌نایه‌تییه‌و وپێیوایه فۆلكلۆر‌و كه‌له‌پووری كوردیی زۆر له‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندتره، هونه‌ری كورد ناچاربێت په‌نا بباته به‌ر هونه‌ری گه‌لانی تر، "ئه‌میر خه‌یات" له‌رێی ئه‌م دیمانه‌یه‌وه تیشك ده‌خاته سه‌ر زۆر كێشه‌ی هه‌نووكه‌یی هونه‌ری كوردیی.
ستیڤان:وه‌ك ده‌بینین هونه‌ری گۆرانی كوردیی وه‌ك هه‌ر كایه‌یه‌كی تر، له‌كۆمه‌ڵی كورده‌وارییدا تووشی گه‌نده‌ڵی و پاشاگه‌ردانی هاتووه، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك هیچ چاوێك نه‌ماوه بۆ بینین ولێكجوداكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می چاك له‌خراپ. دیاره ئه‌م بارودۆخه‌ش كۆمه‌ڵێك هۆكاری خۆی هه‌یه، ده‌كرێت بڵێین یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی پابه‌نده به‌و دۆخه نه‌خوازراوه سیاسییه‌ی له‌كوردستاندا بووه‌ته ئه‌مری واقیع، پرسیار ئه‌وه‌یه خودی هونه‌رمه‌ندان وداموده‌ستگه هونه‌رییه‌كان به‌شێكی تری هه‌ره گرنگیی ئه‌و سه‌رگه‌ردانییه هونه‌رییه نین ئه‌مڕۆ له‌كوردستاندا بوونی هه‌یه؟.
ئه‌میر خه‌یات:به‌ر له‌هه‌موو شتێك بۆخۆم به‌داخه‌وه‌م هونه‌ری كوردیی ئه‌و رێگه‌یه‌ی هاتۆته پێش، هه‌روه‌ك له‌چاوپێكه‌وتنه‌كانی دیكه‌شدا گوتوومه، متمانه‌و بڕوابه‌خۆبوون وئاگاداربوون له‌وه‌ی كه‌كورد له‌بواره‌كانی موزیك وفۆلكلۆر زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی هونه‌رمه‌ند هانده‌دا زۆرتر به‌گه‌له‌كه‌ی خۆی وهونه‌ری خۆی ببه‌سترێته‌وه. به‌داخه‌وه به‌داخه‌وه دیسان به‌داخه‌وه حه‌ز له‌بێگانه‌كردن وبڕوا به‌خۆنه‌كردن وگه‌لی خۆت به‌كه‌م زانین ده‌بێته هۆی ئه‌وه چاو له‌فه‌رهه‌نگی بێگانه بكه‌ین، كه‌به‌داخه‌وه وێڕای لێبوردن ئه‌وه له‌باشووری كوردستان به‌قووه‌تتره له‌بواری حه‌ز له‌هونه‌ری فارس وتورك وعه‌ره‌ب. ئه‌من بۆ خۆم به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتووم كه‌خۆم وگه‌لی خۆم، مێژووی خۆم، فۆلكلۆری خۆم، له‌وانه خۆشتربوێت، من له‌ماڵێ هه‌تا ده‌رفه‌تم هه‌بێ گوێ ده‌ده‌مه گۆرانی كوردیی، كارم به‌خه‌ڵكی دیكه‌ی جیران كه‌دوژمنی سیاسیی وفه‌رهه‌نگیی منن نییه. میدیای كوردیی وبه‌رپرسیارانی هونه‌ریی ده‌بێت زۆرتر هه‌وڵده‌ن له‌و قه‌یرانه نه‌جاتمان بێت، هه‌لێكی باش ره‌خساوه له‌باشووری كوردستان ده‌بێت كه‌ڵكی لێوه‌ربگیرێت. ئاخر هێنانی گۆرانیبێژی تورك ومه‌قامبێژی فارس وخه‌رجكردنی پاره‌یه‌كی زۆر بۆیان، هیچ سوودێكی بۆ ئێمه نییه، یان بۆ گۆرانیبێژێكی به‌ره‌گه‌ز كورد به‌ڵام 32 وشه‌ی كوردیی نه‌زانێت چ سوودێك به‌ئێمه ده‌گه‌یه‌نێت پاره‌یه‌كی زۆریش بدرێت؟ باخۆمان بین به‌ڵام خۆمان جیاوازیی هونه‌رمه‌ندی چاك وخراپ هه‌ن، یان به‌رهه‌می چاك وخراپ، هه‌ركه‌سه جۆره زه‌وقێكی هه‌یه، میدیا‌و ده‌ستگاكانی كوردیی ده‌بێت ئه‌و ده‌رفه‌ته پێكبهێنن خه‌ڵك خۆیان هه‌ڵیبژێرن، به‌رهه‌مه‌كانیش به‌یه‌ك ئه‌ندازه له‌میدیاكان نیشان بدرێن، من ده‌بینم ته‌نیا ستایلی توركی نیشان ده‌درێت. لای منیش به‌رهه‌می چاك ئه‌وه‌یه زۆرتر تام وچێژی كوردیی پێوه دیاربێت.
ستیڤان:مینۆرسكی كوردناس ده‌ڵێت كورده‌كان هه‌موو شاعیرن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناوبراو له‌هه‌نووكه‌دا بژیایه ده‌یووت: هه‌موو كوردان سترانبێژن. به‌بۆچوونی ئێوه پێشكه‌وتنی هونه‌ری گۆرانی كوردیی په‌یوه‌سته به‌چه‌ندێتی و ژماره‌ی هونه‌رمه‌ندانه‌وه یاخود به‌چۆنێتی خودی گۆرانییه‌وه؟ له‌هه‌مان كاتدا واقیعه‌كه وامانلێده‌كات پرسیاری ئه‌وه‌ش بكه‌ین، ئایا په‌یدابوونی ئه‌م هه‌موو گۆرانیبێژه چ هۆكارێك له‌پشتییه‌وه راوه‌ستاوه؟.
ئه‌میر خه‌یات:من بۆخۆم له‌به‌رئه‌وه‌ی حه‌زم له‌هونه‌ره، له‌گۆرانیدا ئاشقم، به‌راشكاویی ده‌ڵێم ئاشقی هونه‌ری كوردییم، بۆیه گۆرانی ده‌ڵێم، شایه‌ت باشیش نه‌بم، به‌ڵام به‌س بۆ زه‌وق، حه‌ز له‌هونه‌ری كوردیی. ئه‌شقی نێوان خۆم و هونه‌ری كوردیی وفه‌رامۆشكردنی مه‌ینه‌تیی ژیان وخزمه‌ت به‌گۆرانی كوردیی جا كه‌م یان زۆر گۆرانی ده‌ڵێم. به‌بڕوای من تا ته‌له‌فزیۆن زۆربێت هونه‌رمه‌ندیش زۆرتر ده‌بێت، له‌جێگه‌ی تریشدا وتوومه كه‌سانێك بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌تێك خێسه‌یان داتێ یان بۆ كه‌سایه‌تی هونه‌ریی دێنه ناو ئه‌و بواره‌وه.
ستیڤان:خه‌ڵاتكردن له‌لایه‌ن هه‌ندێك وه‌زاره‌تی حكومه‌ته‌وه بووه‌ته دیارده‌یه‌كی باو وماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه دووباره ده‌بێته‌وه، به‌شی زۆری چاودێران له‌و بڕوایه‌دان مۆتیڤی تری وه‌ك سیاسیی وحیزبیی ته‌نانه‌ت ده‌سته‌گه‌ریی رۆڵیان هه‌یه له‌و خه‌ڵاتكردنانه‌دا، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك تاچه‌نده پێتوایه له‌بواری هونه‌ریشدا غه‌در له‌هونه‌رمه‌ندانی جیددی كراوه له‌رێی خه‌ڵاتكردنی هه‌ندێ سترانبێژی ناشایسته‌وه؟.
ئه‌میر خه‌یات:تائه‌وه‌ی من بزانم كه‌سێك ئه‌گه‌ر له‌ئاستی ناونه‌ته‌وه‌یی به‌رهه‌مێك پێكات كه‌په‌یوه‌ندیی هونه‌ریی یان مێژوویی یان به‌فه‌رهه‌نگی كورده‌وه بێت، هه‌قییه‌تی خه‌ڵاتی بكه‌ن ونۆشی گیانی بێت، ئێمه‌ش خۆشحاڵ ده‌بین وه‌ك به‌همه‌نی قوبادی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وانی دیكه له‌و ئاسته‌دا نابینیم، زۆربه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ واسته‌كاریی یان ئه‌و كه‌سه ده‌یه‌وێ ئاستێكی هونه‌ریی بۆخۆی په‌یدابكات. هونه‌رمه‌ند ده‌بێت كه‌سێتی خۆی وهونه‌ره‌كه‌ی به‌به‌رهه‌می باش نیشان بدات، ئه‌ویش ده‌بێت پاش چه‌ندین به‌رهه‌م ئه‌و ده‌رفه‌ته بێته پێش.
ستیڤان:ئێستا رێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان وه‌ك سه‌ندیكایه‌كی پیشه‌یی له‌كوردستاندا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی توێژی هونه‌رمه‌ندان هه‌ڵسووڕان ده‌كات، به‌بڕوای ئێوه ئه‌و رێكخراوه تاچه‌نده توانیوویه‌تی به‌ئه‌ركی خۆی هه‌ستێت له‌بواری داكۆكیكردن له‌مافه‌كانی هونه‌رمه‌ندو به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وت بۆ هونه‌ری كوردیی؟.
ئه‌میر خه‌یات:من هیچ ئاگادارنیم له‌سه‌ر سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌كوردستان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شتێكی ئاوا هه‌بێ به‌جیددی كاربكات بۆ بواره‌كانی هونه‌ریی، ئه‌من بۆ خۆم پێشوازیی لێده‌كه‌م، ئه‌وه‌ش كه‌سانی دڵسۆز‌و لێزان به‌هه‌ستی ده‌وێ.
نێوه‌ند:تارادده‌یه‌ك شه‌ڕێكی سارد له‌نێوان گۆرانیبێژه گه‌نجه‌كان وبه‌ته‌مه‌نه‌كاندا هه‌یه، هه‌رچی گه‌نجه‌كانن هونه‌رمه‌ندانی به‌ته‌مه‌ن به‌وه تاوانبار ده‌كه‌ن له‌سه‌ر یه‌ك ریتم وستایڵی كۆن چه‌قیان به‌ستووه‌و دژی هه‌ر چه‌شنه نوێگه‌رییه‌كن له‌هونه‌ردا، له‌به‌رامبه‌ردا به‌ته‌مه‌نه‌كان پێیانوایه گه‌نجه‌كان دوور له‌زه‌وقی وه‌رگری كورد كارده‌كه‌ن و ته‌نیا كار له‌سه‌ر وێنه ده‌كه‌ن وهه‌موو لایه‌نه هونه‌رییه‌كانی دیكه‌یان فه‌رامۆشكردووه، تۆ خۆت له‌كام نه‌وه‌دا ده‌بینیته‌وه‌و چۆن له‌م شه‌ڕه سارده‌ی نێوان ئه‌م دوو نه‌وه‌یه تێده‌گه‌یت؟.
ئه‌میرخه‌یات:من ده‌پرسم تو ویژدان ودوای چه‌ندین ساڵ له‌تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر كۆچی حه‌سه‌ن زیره‌كدا توانیووتانه فه‌رامۆشی بكه‌ن؟ یان هه‌موو هونه‌رمه‌نده قه‌دیمه‌كان؟ ناتوانین چوونكه ئه‌وان بوونه به‌قامووس وئه‌رشیفێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی هونه‌ری كوردیی. بۆیه من پێویستییم پێیانه‌و رێزیان لێده‌گرم وخۆشمده‌وێن.
ستیڤان:دزیی هونه‌ریی خه‌ریكه له‌نێو هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژی كورددا ده‌بێته دیارده‌و له‌ماوه‌ی رابردوودا ده‌یان گۆرانیبێژمان بینیوه به‌دزینی ئاوازی بێگانه یان خۆماڵی تاوانباركراون، ئه‌مه ئه‌و رامانه‌مان لا دروست ده‌كات: تۆ بڵێی كه‌له‌پووری موزیك وژێرخانی فه‌رهه‌نگیی ئێمه‌ی كورد هه‌ژار بێت یان هونه‌رمه‌ندی ئێمه‌یه ناشایسته‌و كه‌م ئاسته، له‌مباره‌یه‌وه چ بۆچوونێكتان هه‌یه؟.
ئه‌میر خه‌یات:من زۆر ده‌بینم كه‌دێنن گۆرانی توركی یان فارسی ده‌ڵێنه‌وه‌و ناوی خۆشیانی له‌سه‌ر ده‌نووسن ئه‌وه به‌رهه‌می هونه‌رمه‌نده‌كه‌یه، ئه‌وه كارێكی جوان نییه، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مێكی بێگانه یان هونه‌رمه‌ندێكی دیكه بگووترێته‌وه ده‌بێت له‌یه‌كێك له‌بواره‌كانی ده‌نگ یان میوزیك یان تێكست ده‌وڵه‌مه‌ندی بكا، دیسانیش به‌بڕوای من گۆرانیبێژ ده‌بێت بۆخۆی هه‌وڵبدات به‌رهه‌می خۆی هه‌بێت، دیسان هونه‌رمه‌ندی كۆن سه‌رچاوه‌و ئه‌رشیفێكی باشن بۆ ئه‌و كارانه.
ستیڤان:یه‌كێك له‌و دیاردانه‌ی هه‌ستی پێده‌كه‌ین له‌نێو خودی هونه‌رمه‌نداندا بریتییه له‌ناكۆكیی زۆر له‌نێوانتاندا كه‌هه‌ندێكیان زۆر لاوه‌كین، ئایا ئه‌م شه‌ڕه ده‌نووك وهه‌رایه‌ی له‌نێوان هونه‌رمه‌ندانی كورددا هه‌یه له‌یه‌كێك له‌ماناكانیدا ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت به‌شێكی به‌رچاو له‌هونه‌رمه‌ندان له‌ئه‌نجامی ده‌ستكورتیی له‌داهێناندا په‌نا ده‌به‌نه به‌ر به‌رپاكردنی شه‌ڕ ومه‌یدانی هونه‌ریش ده‌كه‌نه شه‌ڕگا؟.
ئه‌میر خه‌یات:من بۆ خۆم له‌نێو شه‌و شه‌ڕه دابنێم؟ ته‌نیاو ته‌نیا كارم به‌خۆمه كه‌به‌پرۆڤه‌ی زۆرتر‌و گوێگرتنی زۆرتر‌و پرسیاری زۆرتر له‌بواره‌كانی هونه‌رییدا، بۆ باشتربوونی خۆم له‌و بواره‌دا خۆم سه‌رقاڵكردووه. به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌ناو گۆرانیبێژانی هونه‌ری كوردیی ئه‌و شه‌ڕه ره‌غبه‌تی هه‌یه، كه‌سانێك بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان نیشان بده‌ن هونه‌رمه‌ندانی دیكه به‌قسه‌ی نادروسته‌وه خراپ ده‌كه‌ن كه من ئه‌وانه‌م پێ جوان نییه.
ستیڤان:هه‌ندێك له‌شاره‌زایان پاشه‌ڕۆژێكی خراپ بۆ هونه‌ری كوردیی پێشبینی ده‌كه‌ن وپێیانوایه هه‌م تاكی هونه‌رمه‌ند وهه‌م حكومه‌ت وداموده‌ستگه هونه‌رییه‌كان به‌قه‌باره‌ی یه‌كتر به‌شدارن له‌خولقاندنی ئه‌م ژینگه‌یه كه‌هه‌ناسه‌ی هونه‌ری كوردیی سوار كردووه‌و له‌خنكانی نزیك خستۆته‌وه. به‌ڵام ئایا هیچ رێگاچاره‌یه‌ك شك ده‌به‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌دا زاڵبین؟به‌كورتی هه‌نگاوه خێرا‌و دوورماوه‌كان له‌چیدا ده‌بینیته‌وه؟.
ئه‌میر خه‌یات: هه‌روه‌ك پێشتر گووتم دیسان ده‌كرێ هه‌موو لایه‌نه‌كان كه‌به‌رپرسیارن، وه‌ك میدیا‌و به‌رپرسانی دیكه كار بكه‌ن تا له‌و قه‌یرانه نه‌جاتمان بێت ومۆسیقاژه‌نانی ناسراو ولێزانی كوردستان ده‌بێت بێنه مه‌یدان. كاره‌كانی دیكه كه‌له‌پێشدا له‌نێو چوارچێوه‌ی هونه‌ری كوردییدا كراون ببنه سه‌رچاوه‌ی هونه‌ریی كوردیی. دیسانیش هه‌ر هیواو ئومێد هه‌یه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
