
له نووسه‌رێک یان ڕۆشنبیرێک بپرسیت له‌گه‌ڵ چ شتێکدا زۆر نزیکی و هاوڕێیه‌تیت هه‌یه، به‌دڵنیاییه‌وه ئاماژه به پێنووس و کتێب ده‌کات. هاوکات له‌گه‌ل پێنووس و کتێب‌دا نووسه‌ر مامۆستا موحسین جوامێر30 ساڵه هۆگرو هاوڕێی پایسکله، هه‌روه‌ک خۆی پێی ده‌ڵێ (ئه‌سپاسن) .. له دنیای جه‌نجاڵ و پڕ ته‌کنه‌لۆژیا وئامێره پیشکه‌وتووه‌کانی گواستنه‌وه‌دا، نێوبراو بۆ زۆرترین ئیش و کاره‌کانی رۆژانه‌ی، پایسکل به‌کار دێنێت.. جوامێر 5 سال له کوردستان و 25 ساڵ له سوێد، هاوڕێ له‌گه‌ڵ پایسکلدا ژیاوه و ده‌ژی.
ـ تۆ بۆ ئه‌وه‌نده هاوڕێ و هۆگری پایسکلیت، به‌بیرتا هاتووه ڕۆژێک له‌ڕۆژان وازی لێ بهێنیت؟
خوویه‌ک بیگری به شیری، ته‌رکی ناکه‌یت به پیری، مه‌گه‌ر مردن.. من کوڕی هه‌ولێرم، واته له شار مه‌زن بوومه. برای گه‌وره‌م دکتۆر دلاوه‌ر هه‌ر زوو پایسکلی بۆ کڕا، منیش لێیم ده‌دزی و خۆمم فێر کرد، هه‌ڵبه‌ت شه‌قی زۆریشم خوارد. له ساڵی 1979 و 1980 دا ناچار بووم پایسکلێک بکڕم بۆ ئه‌وه‌ی بچم له ئاماده‌ییی له‌یلی بخوێنم، تا وێڕای کاری مامۆستایه‌تی، بۆ زانکۆش خۆ ئاماده بکه‌م، هه‌رچه‌نده پایسکل هی پیاوماقووڵان نه‌بوو. له‌بیرمه جارێکیان سه‌یاره‌یه‌ک له ته‌نیشته‌وه خۆی لێ دام، خه‌تای ئه‌ویش بوو، خاوه‌نه‌که‌ی ئه‌وه‌نده بێنه‌زاکه‌تانه تێم به‌ربوو، وه‌ک بڵێی چونکه من پایسکل لێ ده‌خوڕم، شایه‌نی ئه‌وه بم هه‌رچی ناشایسته بێ؛ پێم بگوترێت.
له سوێدا، ئه‌سپاسن بووه‌ته پارچه‌یه‌ک له ڕۆحم، له دینم، چونکه وه‌رزشه. ناخۆشترین ساتم ئه‌وه‌یه که په‌نچه‌ر ده‌بێت، وا ده‌زانم هه‌موو گیانم ده‌رزیئاژن ده‌کرێت، زۆر جار ئایه‌ته‌لکورسیی بۆ ده‌خوێنم، به‌تایبه‌تی پایسکلی ئه‌لعانم، مۆدێلیکه پاشاکانی سوێد به‌کاریان هێناوه!
ـ ڕۆژانه یاخود حه‌فتانه، چه‌ند کاتژمێر به پایسکل هاتوچۆ ده‌که‌یت؟
گرنگ ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر ناچار نه‌بم سواری ئۆتۆمبێل یان پاس نابم.. بۆ هه‌موو کارێکم به پایسکل ده‌چم. ڕۆژانه له‌لای که‌می سێ سه‌عات لێ ده‌خوڕم. هه‌موو به‌یانییان ده‌چمه بازاڕێک به‌ناوی (ئیکاماکسی)، له‌وێ ده‌چمه به‌شی نانه‌وایی، بۆنی نانه تازه‌کانیان ده‌که‌م و دێمه‌وه. به شه‌ویش ده‌چم کتێبۆکه‌یه‌ک له به‌شی کتێبان ده‌خوێنمه‌وه و ده‌گه‌ڕێمه‌وه.. چینێکی دیکه، هه‌تا یاریگه‌ی (ئوله‌ڤی) ده‌چم که ده‌که‌وێته ناوه‌ڕاستی شاری یۆتۆبۆری و سه‌عاته ڕێیه‌که، له‌وێ ده‌چمه کتیبفرۆشییه‌ک، چاوێک به‌کتێبه‌کاندا ده‌خشێنم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه. ئه‌وێ ڕۆژێ سێ چیڕۆکی ئێحسان عه‌بدولقودووس که هه‌رزانفرۆش کرابوون و پێشترێ نه‌مخوێندبوونه‌وه، له‌وێدا کڕیانم. هه‌ڵبه‌ت جانتای پشتێشم، خواردن و میوه و کتێبی خۆشی تێدایه، بێی ئێوه ناخۆش. زۆر خۆ ده‌به‌ر دانیشتنی درێژخایه‌نی خه‌وهێنه‌ری مه‌جلیسان ناگرم، زوو بێزار ده‌بم، به‌من بێت زوو بچم فه‌ڕه‌یه‌ک به ئه‌سپاسن لێ بده‌م و بێمه‌وه ناو کۆڕه‌که.
ـ بۆچی هاووڵاتیانی کوردستان دووره‌په‌رێزن له به‌کارهێنانی پایسکل وه‌ک هۆکارێکی گواستنه‌وه، به بۆچوونی تۆ چی بکرێت بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م دیارده‌یه؟
ڕه‌نگه هۆیه‌که‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ که‌مهۆشیاریی ڕای گشتی و مانه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌وش و بۆچوونه وه‌ک میراتێک، بێی ئه‌وه‌ی هیچ گۆڕانێکی به‌سه‌ردا بێت، هه‌روه‌ک چۆن به‌سه‌ر چاکه‌ت و پانتۆڵ و قه‌ره‌وێتدا هات. پێم وایه، ده‌کرێ هه‌ر له باخچه‌ی منداڵانه‌وه ده‌ستی پێ بکرێ و ئاوا په‌یتاپه‌یتا هه‌ڵکشێ بۆ قۆناغه‌کانی دیکه. هاوکات له کاتی دروستکردنی شه‌قاماندا حسێب بۆ پایسکل بکرێت.. ده‌کرێ شاندی دایه‌ره به‌رپرسه‌کان، سه‌ردانی وڵاته ئه‌وروپییه‌کان بکه‌ن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، بۆ نموونه دایه‌ره‌ی مروور و شاره‌وانی و ڕیگه‌وبان. بۆ ئاگاداریت، که سه‌رۆکوه‌زیرانی سوێدیی پێشووتر و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێسته کارڵ بیلد له هه‌ڵبژاردندا سه‌رکه‌وت، بۆ سبه‌ی زوو ڕۆژنامه‌نووسان چوونه به‌رده‌رکی ماڵه‌که‌ی تا ببینن ئاخۆ چۆن ده‌چێته سه‌ر کار، سه‌یریان کرد به پایسکله‌وه دێته ده‌رێ.
ـ تا چه‌ند سیسته‌می وڵاتێکی وه‌ک سوێد هانده‌ر و ئاسانکاره بۆ زێتر به‌کارهێنانی پایسکل له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه؟
سوێد، له‌پاڵ هه‌ر شه‌قامێکی ئاسایی‌دا، ڕێگه‌ی پایسکلی خۆش کردوووه و ئیشاڕه‌تی داناوه، به‌تایبه‌تی ئێسته هۆکاری ژینگه‌پارێزی سه‌رمه‌شقه. زۆر شوێنی په‌ڕینه‌وه هه‌تا پایسکلی پێدا بڕوات، ده‌بێ سه‌یاره بوه‌ستێت. هه‌ڵبه‌ت نه‌خشه‌ی تایبه‌تیی ڕێگه‌وبانی ئه‌سپاسن هه‌یه.
ـ سه‌ره‌ڕای سه‌رما و باران و ده‌سته‌به‌ربوونی چه‌ندین هۆکاری گواستنه‌وه‌ی سه‌رده‌مییانه، که‌چی زۆرێک له هاوڵاتییانی سوێدی ڕۆژانه پایسکل به‌کار ده‌هێنن، پاڵنه‌ر و هۆکاره‌کانی ئه‌م خواسته چین؟
شاره‌زایان و خه‌ڵکی گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته که ئۆتۆمبێل زیانی بۆ ته‌ندروستی زۆره. سه‌رباری ئه‌مه، دکتۆران هه‌میشه ئامۆژگاریی خه‌ڵکی ده‌که‌ن که وه‌رزش بکه‌ن و بۆ ئه‌مه‌ش ڕاچێته ده‌نووسن، هه‌تا ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشیی سه‌ختیشیان هه‌یه وه‌ک شه‌کره، پاڵه‌په‌ستۆی خوین و قه‌ڵه‌وی. ته‌نانه‌ت ده‌وترێ له‌ش له کاتی وه‌رزشدا هۆڕمۆنی به‌خته‌وه‌ری (ئێندۆرفین) ده‌ڕژێنێ و هۆڕمۆنی (سترێس ـ نه‌سره‌وتی و قه‌له‌ق) وه‌ده‌ر ده‌نێ، بۆیه مرۆڤ زێتر هه‌ست به فه‌ڕه‌حنایی و ئاسووده‌یی ده‌کا و تووڕه‌بوون و ئیزعاجی و خه‌مۆکیی که‌م ده‌بێته‌وه. ئیسته بیر له‌وه ده‌کرێته‌وه ئه‌و که‌سه‌ی له‌باتیی سه‌یاره پایسکل لی بخوڕێ بۆ کار، به پاره قه‌ره‌بوو بکرێته‌وه، چونکه ده‌بێته هۆکارێک بۆ ڕاگرتنی ئاووهه‌وا به پاکی و پارازتنی ژینگه.
ـ له ڕوانگه‌ی ئه‌زموونی ئێوه‌وه، تاکێک چی بکات بۆ ئه‌وه‌ی حه‌ز و ویستی پایسکل سواری له‌لا دروست بێت؟
مه‌رج نییه پیاو ته‌نیا وه‌ک هیوایه‌ت و ئاره‌زوو، مه‌یلی بخاته سه‌ر لێخوڕینی پایسکل، به‌ڵکوو بۆ ته‌ندروستیش. من دڵنیام زۆر ماڵی کوردستان پایسکلی خۆزه‌عیفکردنیان له ماڵه‌وه هه‌یه، باشه بۆ له ده‌ره‌وه عه‌یب بێ. ؟ ئه‌م عه‌یب و باژۆ و ماژۆی پایسکله، به‌ر له 130 ساڵ له سوێد ماڵئاواییی لێ کراوه. مه‌رج نییه وه‌رزش هه‌ر بریتی بێ له پایسکل لێخوڕین، به‌ڵکوو ڕاکردن، مه‌له‌کردن، ئاسنهه‌ڵگرتن، پیاسه‌کردنی نه‌رمه‌خێرا و هه‌ڵپه‌ڕین ـ له‌ماڵه‌وه و له‌گه‌ڵ خێزانیشدا ـ له‌سه‌ر ئاوازی گۆرانی و مۆسیقا، هه‌موو ئه‌مانه وه‌رزشن. پێم وابێ مۆسیقا و گۆرانیی هه‌ورامی، باشترین و گونجاوترین ئامرازن بۆ وه‌رزش و چالاککردنی جه‌سته و پاشان ڕاحه‌تی دڵ، کێ ده‌ڵێ هه‌ر بۆیه هه‌ورامییه‌کان له‌چاو باقی کوردان‌دا ته‌مه‌نیان درێژتر نییه، هه‌روه‌ک بیستوومه!
ـ ئایا له سوێدا پایسکل سواری وه‌ک وه‌رزشێک یان ئاره‌زوو و هیوایه‌ک یاخود وه‌ک هۆکارێکی گواستنه‌وه به‌کار ده‌هێنرێت؟
هه‌م وه‌ک وه‌رزش، هه‌م وه‌ک ئاره‌زوو، هه‌میش وه‌ک ئاره‌زوو و وه‌رزش به‌کار ده‌هێنرێت. هه‌ڵبه‌ت وه‌ک چۆن که‌سێکی نه‌خوێنده‌وار نادۆزیته‌وه، ئاواش که‌سێک نادۆزیته‌وه نه‌زانێ پایسکل لێ بخوڕێت، مه‌گه‌ر سه‌قه‌ته‌کان.
ـ تۆ نووسه‌ریت و حه‌زت له کتێب خوێندنه‌وه‌یه، ئایا پایسکل ڕێگه‌ت لێ ناگرێت؟
خۆشبه‌ختانه، ئێسته پیاو ده‌توانێ زۆر کتێب و گۆرانی و مۆسیقا له‌نێو ئێم پێ ترێ تۆمار بکا و له کاتی وه‌رزشدا گوێیان لێ بگرێت.. ئه‌مه وا له پیاو ده‌کا چالاک‌تر و به‌رده‌وامیش بێت.. یه‌ک به‌خۆم، زۆر سوودی لێوه ده‌بینم.. زۆر جار ئه‌و شته‌ی حه‌زی لێ بکه‌م، به ده‌نگی خۆمی تۆمار ده‌که‌م.. به‌م دواییه جزمی عه‌ممه و ته‌باڕه‌که‌م تێدا تۆمار کرد، هه‌ست ده‌که‌م تاموبۆی خۆی هه‌یه. مه‌حت وسه‌نای تێدا نه‌بێ، ئه‌گه‌ر له‌کاتی نووسیندا ئیشکالێکم بۆ دروست بێ، که پایسکل لێ ده‌خوڕم، بۆم حه‌ل یاخود ئاسانتر ده‌بێت. یان که وتار ده‌نووسم، تۆماری ده‌که‌م و له ڕێگه گوێی لێ ده‌گرم، ئه‌وسا هه‌ست ده‌که‌م که ئه‌م وشه‌یه یان ئه‌و ده‌ڕبڕینه گه‌ره‌که لیره یان له‌وێ دابنرێ، یاخود بگۆڕدرێ، ئانژی شیرین‌تر بکرێت. به‌م دواییه، بۆ یه‌که‌م جار گوێم له حه‌یرانیک ده‌گرت له‌سه‌ر سه‌روه‌ری جیهان، هه‌ستم ده‌کرد حه‌ز ناکه‌م ڕیگه ببڕێته‌وه. هه‌نووکه‌ش که ئه‌م وتانه ده‌نووسم، گویم له گۆرانییه‌کی حه‌یده‌ره‌که‌چه‌ڵی هه‌ولێرییه، تێیدا ده‌ڵی: چارم نییه هه‌ر ده‌لیم کوردم ئه‌من، برای بابم. !
ـ خوانه‌کا، هیچ شتێکی ناخۆش ڕووی نه‌داوه. ؟
به‌یانییه‌ک زوو ده‌چوومه ئیش، ده‌مویست بپه‌ڕمه‌وه، سه‌یاره‌یه‌ک به‌توندی ستۆپی گرت، ئه‌وه‌ی دواوه کۆنتڕۆڵی نه‌ما و خۆی پێیدا کێشا و تانپۆنیان کرد، زیانی ڕۆحیی لێ نه‌که‌وته‌وه.. ئه‌مه‌م پێ ناخۆش بوو.
ـ ده‌سته‌واژه‌ی (ئه‌سپاسن) که به‌کاری ده‌هێنن تا چه‌ند وه‌ک ناوێکی کوردی گونجاو و لێکچووی ئامێری پایسکله (دوو چه‌رخه) ؟
وا بزانم یه‌که‌م جار که گوێم له‌م وشه‌یه بوو، له زاری مامۆستا گیوی موکریانیی ڕه‌حمه‌تی بوو، که دراوسێمان بوو و نزیکه‌ی هه‌موو ڕۆژ لای بووم.. وشه‌یه‌کی ڕێک و پڕبه‌پێسته، له (که‌رئاسن) یش موحته‌ڕه‌متره. بێگومان ئه‌گه‌ر چاره‌ی شێخه‌ڵڵای له‌هجان نه‌کرێ، له‌وانه‌یه هی وا قیت ببنه‌وه و بڵین ده‌بێ ناوی دیکه‌ی تایبه‌ت به له‌هجه‌ی خۆمان بدۆزرێته‌وه (وه‌ک حوشتراسن)، چونکه کورد زمانی په‌تییان نییه، هاوڕێ ده‌وڵه‌تیشیان گه‌ره‌که!
ـ ئه‌گه‌ر چوویته‌وه کوردستان، بێی پایسکل چۆن ده‌توانیت. ؟
من خه‌می ئه‌وه‌مه، نه پایسکلوان ڕێزێکی هه‌یه، نه ڕێگه‌ی تایبه‌تیش هه‌یه که پیاو به‌دڵنیاییه‌که‌وه پێیدا بڕوات.. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌نده، خۆ پیاو ناتوانێ (ڕا) ش بکا، حه‌یای ده‌چێت، له‌وانه‌یه بڵێن شێت بووه.. شۆسته‌کانیش ته‌نانه‌ت که‌ڵکی پیاسه‌یان نییه، پیاو ئه‌گه‌ر وریای خۆی نه‌بێ، له‌به‌ر بلۆکی سه‌ر شۆسته‌کان، ئه‌ژنۆکانی وردوخاش ده‌بن.. وای شێره، عه‌بره‌ت ده‌بم، هاوین هات و ده‌بێ هه‌ر بچمه‌وه!
ـ دواوته‌ت چییه؟
هیوامه وه‌ک چۆن جاروبار پایسکله‌که‌م په‌نچه‌ر ده‌بێ، زمانه‌که‌مان بۆ دوو له‌هجه په‌نچه‌ر نه‌کرێت. !
gashbin@hotmail. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
