
به‌شی یه‌كه‌م
*هیچ هێزێكی عه‌ره‌بی ناتوانێ، كورد وه‌ك گه‌ل و وه‌ك هێزێكی یه‌كگرتووی رامیاریی پشتگوێخا
* باوه‌ڕ ناكه‌م، هیچ هێزێكی عه‌ره‌بیی هه‌بێ دان به كوردستانێتی نێوچه داگیركراوه‌كاندا بنێ
*نێوچه داگیركراوه‌كان وه‌ك بۆمبێكی چێنراو وایه، هه‌ر كاتێ ته‌قییه‌وه، ده‌ته‌قێته‌وه و هه‌موو رێككه‌وتنه‌كان ده‌گۆڕێ
*كورد هیچ جۆره زیانێ ناكات، گه‌ر حكوومه‌تی نوێی عێراق وا زوو درووست نه‌بێ
*گه‌ر سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاتی هه‌بووایه، هه‌رگیز عه‌ره‌به‌كان قایل نه‌ده‌بوون، كوردێ ئه‌و پۆسته وه‌رگرێ
د. حوسێن محه‌مه‌د عه‌زیز نووسه‌ر و چاودێری سیاسیی و مامۆستای زانكۆی سلێمانی، له رێی ئه‌م دیمانه تایبه‌ته‌وه تیشك ده‌خاته سه‌ر پێگه‌ی داهاتووی كورد له چوارچێوه‌ی عێراقدا و پێیوایه كورد نه‌ته‌وه‌ی دووه‌می عێراقه و به‌و هۆیه‌وه هیچ هێزێكی عه‌ره‌بیی ناتوانێت له‌ژێر هیچ بیانوویه‌كدا له سه‌نگ و قورسایی كه‌م بكاته‌وه، هه‌روه‌ك ناتوانن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له هاوكێشه سیاسییه‌كانی عێراقی ئه‌وڕۆدا په‌ڕاوێزی بخه‌ن. پاشان هێما بۆ كێشه‌كانی نێوان كوردستان و عێراق ده‌كات و پێیوایه له ماوه‌ی ئاینده‌دا ئه‌م كێشانه هه‌رچی زیاتر قووڵتر ده‌بنه‌وه چوونكه په‌یوه‌ندیی به بیركردنه‌وه‌ی لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كانه‌وه هه‌یه، كه خاوه‌نی بیركردنه‌وه‌یه‌كی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ن، بۆیه ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ناوچه داگیركراوه‌كانی كوردستان ده‌ڵێت: باوه‌ڕ ناكه‌م، هیچ هێزێكی عه‌ره‌بیی هه‌بێ، له به‌عه‌ره‌بكردنی نیشتمانه‌كه‌مان په‌شیمانبێ و دان به (كوردستان) ێتی نێوچه داگیركراوه‌كاندا بنێ. له به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا د. حوسێن محه‌مه‌د عه‌زیز باس له ره‌وشی نوێی عێراق و ئه‌گه‌ره‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق ده‌كات و پێیوایه ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی كورد به ستراتیجێكی نه‌ته‌وه‌یی كار بكه‌ن، هه‌لێكی باش ده‌بێت بۆ ناچاركردنی عه‌ره‌به‌كانی عێراق تاوه‌كوو ددان به مافه‌كانی كورددا بنێن. جیا له‌وه‌ش پێیوایه كه بۆ كابینه‌ی نوێ بۆ كورد وا باشتره له بری پۆستی سه‌رۆك كۆمار داوای سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكات، چوونكه زۆرینه‌ی بڕیار و یاساكان له په‌رله‌رله‌مانه‌وه ده‌رده‌چن و هه‌ر له‌وێش گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌كرێت.
ستیڤان: هه‌ندێك بۆچوون جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، چیدی كورد هێزێكی سه‌ره‌كیی هاوكێشه سیاسییه نوێكانی (عێراق) نییه و سه‌ركرده كورده‌كان، به هه‌مان كاریگه‌ریی سه‌ره‌تای رووخانی رژێمی (به‌عس) ه‌وه، جێپه‌نجه‌یان به بارودۆخی تازه‌ی (عێراق) ه‌وه دیار نابێ. من پرسیارده‌كه‌م، ئایا پێگه‌ی كورد له (عێراق) ی دوای هه‌ڵبژاردنی (7-3-2010)، چۆن ده‌بێ؟. ئایا بارودۆخه‌كه به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕوا، كورد له (عێراق) دا، بچێته په‌ڕاوێزی بڕیاره‌وه؟.
دكتۆر حوسێن: ئه‌ز له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه كاڵوكرچانه‌دا نیم. چوونكه كۆڵه‌ر ده‌بێ، بارودۆخه‌كه به ته‌واویی شیكاته‌وه و لێكیبداته‌وه. سه‌رانی عه‌ره‌ب بیانه‌وێ و نه‌یانه‌وێ، گه‌لی كورد له دوای گه‌لی عه‌ره‌ب له (عێراق) دا، به دووه‌مین پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ژمێررێ. هه‌روه‌ها، له رووی سه‌نگ و قورسایی رامیارییشه‌وه، به هێزێكی گه‌وره داده‌نرێ. گه‌ر هه‌موو رێكخراو و پارته‌كانی (كوردستان)، پێكه‌وه و به یه‌ك ده‌نگ، له ئه‌ودیو چیاكانی (حه‌مرین) وه، خۆیان بنوێنن و داوای مافه ره‌واكانی گه‌لی كورد بكه‌ن. به پێچه‌وانه‌شه‌وه، گه‌ر هه‌ر هێزێكی رامیاریی، سه‌ربه‌خۆ كاربكا و له ئاوازێ بخوێنێ، ئه‌وا ئه‌و سه‌نگ و قورساییه‌یان نابێ و ده‌سه‌ڵاتیش، زۆر بایه‌خیان پێ نادا. له‌به‌رئه‌وه، هیچ هێزێكی رامیاریی له‌نێو عه‌ره‌بدا ناتوانێ، كورد چ وه‌ك گه‌ل و چ وه‌ك هێزێكی یه‌كگرتووی به‌هێزی رامیاریی پشتگوێخا.
گه‌ر ره‌وشی ئه‌وڕۆش، له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای رووخاندنی رژێمی (به‌عس) دا به‌راووردكه‌ین، ئه‌وه‌یان شتێكی دیكه‌یه. چوونكه هه‌م سه‌رده‌مه‌كه گۆڕاوه. هه‌م گرفته‌كانی ئه‌وان كه‌مبوونه‌ته‌وه. هه‌م سه‌ركردایه‌تی پارته‌كانی كوردیش نه‌یانتوانیوه، ئه‌و هه‌له به‌باشیی بقۆزنه‌وه و ئه‌و هاوسه‌نگییه گرنگه‌ی، له نێوان خۆیان و پارته‌كانی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستدا هه‌بوو، بیپارێزن. جگه له ئه‌وه‌ی، بایه‌خێكی زۆریان به مافه‌كانی گه‌لی كورد نه‌داوه، بایه‌خیان به پۆستی فه‌رمانڕه‌وایی داوه، ئه‌وه‌ش له‌چاو ئامانجه ستراتیژییه‌كانی گه‌لی كورددا، هیچ نییه، كه چه‌ندین ساڵه قوربانیی بۆ ده‌دا. واته: هێنده‌ی هه‌وڵیانداوه، ریزه‌كانی عه‌ره‌ب رێكخه‌نه‌وه، هێنده هه‌وڵیان نه‌داوه، هه‌موو هێزه رامیارییه‌كانی كورد، له‌ده‌وری یه‌ك ئامانجی نێوه‌ندیی ستراتیژیی كۆكه‌نه‌وه! هێنده‌ی بایه‌خیان به به‌هێزكردنی دینگه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و پاراستنی سنووره‌كانی (عێراق) داوه، هێنده بایه‌خیان به به‌دیهێنان و چه‌سپاندنی مافه ره‌واكانی گه‌لی كورد نه‌داوه! له‌به‌رئه‌وه ره‌نگه، سه‌ركرده‌ی پارته‌كانی عه‌ره‌ب، ئه‌و لێكدانه‌وه گرنگ و هه‌ڵسه‌نگاندنه پێویسته، بۆ سه‌ركردایه‌تی پارته‌كانی كورد نه‌كه‌ن، به تایبه‌تیی، گه‌ر جێپێی خۆیان قایمكه‌ن، گرفته‌كانیان چاره‌سه‌ركه‌ن و ده‌سه‌ڵاتیكی یه‌كگرتووی به‌هێز دامه‌زرێنن، ئه‌وا ئه‌و كاته، گوشارێكی زۆر، بۆ سه‌ر سه‌ركردایه‌تی پارته‌كانی (كوردستان) ده‌به‌ن، تا له هێندێ داواكاریی خۆیان وازبێنن. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش، پێوه‌ندیی به سه‌ركردایه‌تی پارته‌كان خۆیانه‌وه هه‌یه، تا چه‌ن له‌به‌ر ئه‌و گوشارانه‌دا خۆیان بۆ ده‌گیرێ و پێ له سه‌ر مافه ره‌واكانی گه‌لی كورد داده‌گرن؟!.
ئه‌ز پێموایه، دوژمنان ناتوانن، گه‌لی كورد و هێزه رامیارییه‌كانی په‌ڕاوێزخه‌ن، به‌ڵام ده‌توانن، له به‌ڵێنه‌كانی خۆیان پاشگه‌زبنه‌وه. چوونكه ئه‌وان هه‌رگیز نه‌یانویستووه و ناشیانه‌وێ، هێزێكی كوردیی یه‌كگرتووی به‌هێز، له (عێراق) دا هه‌بێ، به‌ڵكوو هه‌میشه هه‌وڵیانداوه و هه‌وڵیشده‌ده‌ن، ئه‌و هێزه لاواز و په‌رتپه‌رتكه‌ن. له‌به‌رئه‌وه‌ی، ته‌نیا هه‌ر ئه‌و كاته ده‌توانن، هه‌موو مه‌رجه‌كانی خۆیان، به‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی پارته كوردییه‌كاندا بسه‌پێنن و له زۆر داواكارییش، پاشه‌كشه‌یان پێ بكه‌ن. كاری رامیارییش، هونه‌ری جێبه‌جێكردنی تواناكانه، نه‌ك خۆ گیڤكردنه‌وه و زۆرانبازیی بێ!.
ستیڤان: به‌بڕوای (جه‌وهه‌ر نامیق)، سیاسه‌تمه‌داری ناسراوی كورد، كێشه هه‌ڵپه‌سێرراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی (كوردستان) و حكوومه‌تی ناوه‌ند، نه‌ك چاره‌سه‌رنابن، به‌ڵكوو به‌ره‌و زه‌قبوونه‌وه‌ی زیاتر ده‌ڕۆن!. ئایا ئێوه پێتانوایه، له خولی نوێی حكوومه‌تی (عێراق) دا، ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر ده‌كرێن؟. به كورتیی، ئاسۆكه روونه یان نا؟.
دكتۆر حوسێن: تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر، پشتگیریی بۆچوونه‌كه‌ی به‌ڕێز (جه‌وهه‌ر نامیق) ده‌كه‌م. چوونكه چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه‌ی له‌نێواندا هه‌ن، پێوه‌ندییه‌كی زۆری، به دید و بۆچوونی هێزه رامیارییه‌كانی عه‌ره‌به‌وه هه‌یه. ئه‌وان تێڕوانینێكی باشیان، به‌رانبه‌ر سه‌رجه‌م خاڵه ناكۆكه‌كانی نێوان كورد و ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌ب نییه. باوه‌ڕیش ناكه‌م، هیچ هێزێكی عه‌ره‌بیی هه‌بێ، له به‌عه‌ره‌بكردنی نیشتمانه‌كه‌مان په‌شیمانبێ و دان به (كوردستان) ێتی نێوچه داگیركراوه‌كاندا بنێ. ئه‌مه‌ش، به گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی، نێوان كورد و عه‌ره‌ب داده‌نرێ. دیاره، ئه‌مه‌ش ته‌نیا هه‌ر، هه‌ڵه‌ی سه‌رانی پارته‌كانی كورد خۆیه‌تی، چوونكه له‌كاتی پێویستی خۆیدا، هه‌له مێژووییه‌كه‌یان نه‌قواسته‌وه و پێیان دانه‌گرت، تا شوێنه‌واری به‌عه‌ره‌بكردن بسڕنه‌وه و ئه‌و مافه گرنگه بچه‌سپێنن. ئاخر ئه‌و كاته، عه‌ره‌ب نه‌ك هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێز و یه‌كگرتووی نه‌بوو، به‌ڵكوو ده‌وڵه‌ته‌كه‌شیان له گرێژنه‌وه هه‌ڵوه‌شابووه‌وه، سوپا گه‌وره و به‌هێزه‌كه‌شیان نه‌مابوو!.
ئێسته‌ش رۆژ به رۆژ تا دێ، ده‌سه‌ڵاتیان په‌ره‌ده‌سێنێ، مه‌چه‌كیان ئه‌ستوورتر ده‌بێ، وا خه‌ریكیشه، هه‌موو برینه‌كانی خۆیان ده‌لێسنه‌وه و ساڕ‌ێژ ده‌بن. بێگومان، گه‌ر توانایه‌كی باشیان هه‌بێ، ئه‌و كاته، نه‌ك هه‌ر ئه‌و گرفتانه‌ی نێوان ئه‌وان و ئێمه، به‌هه‌ڵواسراویی ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵكوو چاره‌سه‌ركردنیشان مه‌حاڵ ده‌بێ! له‌به‌رئه‌وه، ئه‌ز پێموانییه، له خولی داهاتووی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی سه‌رانی عه‌ره‌بدا، ئه‌و كێشه چاره‌نووسسازانه به‌لادابخرێن، به‌ڵكوو وای بۆ ده‌چم، هه‌ر رێككه‌وتنێ له نێوان هێزه رامیارییه‌كانی عه‌ره‌بدا ببێ، مه‌رجێكی هه‌ره گرنگی ئه‌وه ده‌بێ، گوریسه‌كه بۆ كورد شل نه‌كه‌ن و به هه‌موو داواكارییه‌كانمان قایل نه‌بن. بۆیه ئاسۆكه تا ئێسته، زۆر روون نییه، به‌ڵكوو به ته‌مومژێكی زۆر به‌ری گیراوه، به گوته و گووتاری سه‌ركردایه‌تی پارته‌كانی (كوردستان) یش نابێ، كه كه‌م جار بووه، راستییان به رۆڵه‌كانی گه‌لی كورد گوتووه!.
ستیڤان: وا دوو ساڵ و نیو، به‌سه‌ر واده‌ی یاسایی و ده‌ستووریی مادده‌ی (140) دا تێپه‌ڕبووه، به‌ڵام هێشتا سه‌ركردایه‌تی كورد، مكوڕه له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵه ده‌كا. ئایا هیچ ئومێدێك هه‌یه، ئه‌و خاڵه به هه‌مان ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ی كورد ده‌یه‌وێ، جێبه‌جێبێ؟. به كورتیی، چۆن له كێشه‌ی نێوچه دابڕاوه‌كان و مادده‌ی (140) ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی (عێراق) ده‌ڕوانن؟.
دكتۆر حوسێن: پێش هه‌موو شتێ، خاڵی (140) بۆ كورد، شتێكی زۆر باش نه‌بوو، سه‌ركرده‌ی پارته‌كان نه‌ده‌بووایه، به هیچ شێوه‌یه‌ك، به ئه‌و خاڵه قایلبوونایه. چوونكه له مێژووی گه‌لانی ژێرده‌ستدا نه‌بووه و نه‌بیسراوه، گه‌لێ خاكی داگیركرابێ، شێر و خه‌تی له‌سه‌ر بكا!. ئه‌مه‌ش بۆچوونی ئێسته‌م نییه، به‌ڵكوو هه‌ر له ئه‌و كاته‌وه، ئه‌و بڕیاره ده‌رچووه، دژی بووم و له سه‌ریشم نووسیوه. هێندێ له پارته‌كانی عه‌ره‌ب ده‌ڵێن: ئه‌و خاڵه كۆن بووه و به‌سه‌رچووه. چوونكه كاتی خۆی، له‌ناچارییدا و بۆ ته‌كتیك، بڕیاریان له‌سه‌ر داوه، بۆیه ئه‌وڕۆ لێی په‌شیمان بوونه‌ته‌وه. سه‌ركردایه‌تی پارته‌كانی كوردیش، هیچ شتێكی دیكه‌یان به ده‌سته‌وه نه‌ماوه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ، داوای جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵه بكه‌ن. به‌ڵام، ئه‌ز له ئه‌و باوه‌ڕه‌دام، نه عه‌ره‌ب ده‌یه‌وێ، ئه‌و خاڵه جێبه‌جێكا، نه سه‌ركرده‌ی پارته‌كانی (كوردستان) یش وازی لێدێنن، چونكه هیچ لایه‌كیان، هیچ ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی دیكه‌یان نییه، تا جێی ئه‌و خاڵه بگرێته‌وه!.
هه‌ڵبه‌ته، ماوه گرنگ نییه، چه‌ن به‌سه‌ر ده‌رچوونی ئه‌و خاڵه‌دا رۆیشتووه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه، لایه‌نه‌كان راستگۆبن و جێبه‌جێیكه‌ن، ئاخر رێككه‌وتنامه‌ی (11. 03. 1970)، ماوه‌كه‌شی تێپه‌ڕ نه‌بووبوو، كه‌چی (به‌عس) هه‌ر جێبه‌جێی نه‌كرد، چوونكه له قووڵایی باوه‌ڕێكی راسته‌قینه‌وه هه‌ڵنه‌قوڵابوو. ئه‌وه بوو، دوای چوار ساڵ، جه‌نگ له (كوردستان) نوێبووه‌وه. ئاشكرایه، نێوچه داگیركراوه‌كان، به یه‌كه‌مین گرفتی نێوان هه‌ر دوو گه‌لی عه‌ره‌بی سه‌رده‌ست و كوردی بنده‌ست داده‌نرێ، وه‌ك بۆمبێكی چێنراو وایه، هه‌ر كاتێ ته‌قییه‌وه، ده‌ته‌قێته‌وه و هه‌موو رێككه‌وتنه‌كان ده‌گۆڕێ، گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك، هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ نه‌كرێ، یا هێزێكی نێوده‌وڵه‌تیی، چاره‌سه‌رێكی بۆ نه‌دۆزێته‌وه. به‌كورتی، سه‌رانی ده‌وڵه‌تی (به‌عس) به‌رنامه‌یه‌كی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی شۆڤێنیستانه‌ی وایان له (كوردستان) پێڕه‌و كردووه، گرفتێكی وا گه‌وره‌یان ئه‌فراندووه، هه‌م چاره‌سه‌ركردنی زۆر سه‌خته، هه‌م كه‌م عه‌ره‌ب هه‌یه، دژی ئه‌و كاره ره‌گه‌زپه‌رستانه‌یه‌ی (به‌عس) بێ و هه‌موو ئه‌و نێوچانه‌ش، به موڵكی خۆی نه‌زانێ!.
ستیڤان: ده‌وترێ، سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان، له سه‌ر هاوپه‌یمانییكردن له‌گه‌ڵ لیسته براوه‌كانی عێراقدا كۆك نییه. (پارتی) ده‌یه‌وێ، هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ (عه‌لاویی) و به پێچه‌وانه‌شه‌وه (یه‌كێتی)، له‌گه‌ڵ (مالیكی) هاوپه‌یمانیی بكا. ئایا كورد له (عێراق) دا ده‌بێ، چۆن بچێته نێو پرۆسه‌ی هاوپه‌یمانییه‌وه؟ ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه، كورد به روونیی، هه‌ڵوێستی خۆی دیارییكا؟.
دكتۆر حوسێن: كێشه‌ی هاوپه‌یمانیی، پێوه‌ندیی به ریزه‌كانی گه‌لی كورد و هێزه رامیارییه‌كانییه‌وه هه‌یه. گه‌ر به یه‌كده‌نگ و یه‌كڕه‌نگ، خۆیان بنوێنن، ته‌نیا هه‌ر مه‌به‌ستیان ئه‌وه بێ، زۆرترین مافه‌كانی كورد به‌ده‌سبێنن، هه‌ڵبه‌ته هه‌موو هێزه رامیارییه‌كانی (كوردستان)، پێكه‌وه هاوڕێ و هاوده‌نگ ده‌بن، یه‌ك به‌رنامه‌ی هاوبه‌شی تایبه‌تییان ده‌بێ، به‌هه‌موو لایه‌كیشیان، داكۆكیی لێ ده‌كه‌ن و به موو لێی لاناده‌ن. به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی (پارتیی) و (یه‌كێتیی)، دید و بۆچوونی تایبه‌تیی خۆیان هه‌یه. له‌به‌رئه‌وه، هه‌ر یه‌كێ له ئه‌و دوو پارته گه‌وره و ده‌سه‌ڵاتداره، پێوه‌ندیی تایبه‌تییان، له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه عه‌ره‌بییانه‌دا هه‌بووه و هه‌یه. بۆیه گه‌ر هه‌ر یه‌كێكیان به جیا، بیر له ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه بكاته‌وه، ته‌نیا هه‌ر گوێ به پێوه‌ندییه‌كانی نێوان خۆی و لایه‌نی عه‌ره‌بیی بدا، گومانی تێدا نییه، هه‌ر یه‌كه‌یان به لایه‌كدا راده‌كێشرێن و له یه‌كدی ده‌ترازێن. هه‌ڵبه‌ته، گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تیش ره‌چاوكه‌ن، ئه‌وا پێشه‌كی، له سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش رێكده‌كه‌ون، به‌جیا و به ته‌نیا، هاوپه‌یمانیی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی عه‌ره‌بیی ناكه‌ن.
له راستییدا، هه‌ر جۆره هاوپه‌یمانییه‌ك، له نێوان دوو یا چه‌ن لایه‌نێكدا پێكبێ، له به‌ر رۆشنایی به‌رنامه‌یه‌كی دیارییكراوی روون‌دا داده‌ڕێژرێ. جا ئایا، ئه‌و لایه‌نانه‌ی هه‌ر دوو پارتی ده‌سه‌ڵاتداری كوردیی، هاوپه‌یمانییان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، چی‌یان بۆ كورد پێیه؟! له‌به‌رئه‌وه، نه‌ك هه‌ر (پارتیی) و (یه‌كێتیی) به ته‌نیا نابێ، خۆیان به جۆره هاوپه‌یمانییه‌كه‌وه ببه‌ستنه‌وه، به‌ڵكوو گه‌ر هه‌ر دوو لاشیان پێكه‌وه‌بن، هه‌ر نابێ، جۆره هاوپه‌یمانییه‌ك بكه‌ن، لانی زۆری مافه‌كانی كوردی تێدا نه‌بێ! ئه‌ز پێموایه، عه‌ره‌به‌كان له نێو خۆیاندا چه‌ن ناكۆك بن، له‌سه‌ر كێشه‌كانی كورد یه‌كده‌كه‌ون و دژی ده‌وه‌ستنه‌وه، ئیدی سه‌ركرده‌ی پارته‌كانی كورد بۆ ده‌بێ، دژی پیلان و پلانه‌كانی ئه‌وان، به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شی گرنگیان نه‌بێ و یه‌ك نه‌گرنه‌وه؟! بۆیه سه‌ركردایه‌تی پارته‌كان ده‌بێ، زۆر هوشیارانه و هه‌ستیارانه، هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌دا بكه‌ن، تا بزانن، كام لایه‌نه به كرده‌وه، دان به هه‌موو مافه ره‌واكانی كورددا ده‌نێ و جێبه‌جێشیده‌كا، هاوپه‌یمانیی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌دا بكا. چوونكه له كاری رامیارییدا، هه‌موو شتێ به ته‌رازووی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كێشرێ، ئه‌گینا له كاری نه‌ته‌وه‌یی و رامیارییدا، دۆست و دوژمنی تا سه‌ر نییه، به‌ڵكوو به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان ده‌گۆڕێ.
ستیڤان: وه‌ك ده‌زانین، تا ئێسته هێز و لیسته‌كانی (عێراق)، نه‌گه‌یشتوونه‌ته هیچ ئه‌نجامێ، بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت پێك‌بێنن. گه‌ر حكوومه‌ت له زووترین كاتدا پێكنه‌هێنرێ، چاره‌نووسی (عێراق) به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوا؟ به كورتیی، چۆن له ره‌وشی نوێی (عێراق) ده‌ڕوانن، كه چه‌ند مانگێكه، هێزه سیاسییه‌كان له كێشمه‌كێش و كێبڕكێی پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو دان؟.
دكتۆر حوسێن: پێشه‌كی ده‌ڵێم: تا له نێو جه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دوژمن‌دا، هه‌راوئاژاوه، ناكۆكیی و دووبه‌ره‌كیی پتربێ، له لایه‌كه‌وه سه‌ر ئێمه ناپه‌رژێن و به‌گوێره‌ی قۆناغه‌كانی تێكۆشانیش، ئێمه كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرین. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، هێزه رامیارییه‌كانی عه‌ره‌ب له ناچارییدا، ده‌ستی دۆستایه‌تیمان بۆ درێژ ده‌كه‌ن و داوای هاوپه‌یمانێتیمان لێ ده‌كه‌ن، چوونكه بێ كورد، نه له‌نێو خۆیاندا رێكده‌كه‌ون، نه كابینه‌ی میریی نوێشیان بۆ پێكدێ. به‌ڵام خۆ ناكرێ، هه‌موو هێلكه‌ی هیوا و ئامانجه‌كانمان، له سه‌به‌ته‌ی ئه‌و بۆچوونه‌دا خڕكه‌ینه‌وه، به‌ڵكوو ده‌بێ، خۆشمان پلانی تایبه‌تیی زانستانه‌مان هه‌بێ، تا به‌ر به هه‌موو گۆڕانكاریی و رووداوێكی كتوپڕیی بگرین، خۆمان بۆ هه‌موو گریمانه‌كان ئاماده‌كه‌ین و له كاتی پێویستی خۆیدا وه‌ڵامبده‌ینه‌وه. له‌به‌رئه‌وه، كورد هیچ جۆره زیانێ ناكا، گه‌ر میریی نوێی (عێراق)، وا زوو دروست نه‌بێ، چوونكه ئێمه، له وڵاتی خۆمان ده‌ژین، له هیچمان كه‌م نییه، ته‌نیا ئه‌و مافانه نه‌بێ، كه لێیان زه‌وتكردووین. گه‌ر پارته‌كانی عه‌ره‌بیش، له نێو خۆیاندا نه‌یانتوانی، وا زوو رێكبكه‌ون و میرییه‌كی به‌هێز دامه‌زرێنن، ئه‌وا چه‌ند گریمانێ هه‌یه:
1. هێزێكی ده‌ره‌كیی ناچاریانده‌كا، زوو پێكبێن و كابینه‌ی نوێی میریی دامه‌زرێنن.
2. جه‌نگێكی خوێناویی، له‌نێوان هێزه‌كاندا هه‌ڵده‌گیرسێ.
3. (عێراق) پارچه پارچه ده‌بێ.
پێموایه، كورد له هه‌موو باره‌كاندا ده‌توانێ، یه‌كه‌مین پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی (عێراق) بێ، كه‌ڵك له ئه‌و باره ناله‌باره وه‌رگرێ، گه‌ر سه‌ركردایه‌تییه‌كی هوشیار و بوێری هه‌بێ، به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی كورد، به قوربانی بیری گه‌نده‌ڵی (عێراقچێتی) نه‌كا، ته‌نیا هه‌ر كار بۆ كورد بكا و چاره‌سه‌ركردنی گرفتی دامه‌زراندنی میریی (عێراق) یش، به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورده‌وه ببه‌ستێته‌وه. ئه‌گینا گه‌ر وا نه‌بێ، ئێمه له هه‌موو باره‌كاندا، زیانێكی زۆری لێ ده‌كه‌ین.
ئاخر ئه‌وه‌ته‌ی كورد هه‌یه، كاری بۆ خۆی نه‌كردووه، هه‌ر راژه‌ی بیانیی و داگیركه‌رانی كردووه. هه‌ر دوو سه‌ركردایه‌تی (پارتیی) و (یه‌كێتیی) یش، دوای ئه‌وه‌ی رژێمی (به‌عس) رووخاوه، كاریان بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی عه‌ره‌ب كردووه و یه‌كێتی خاكی (عێراق) یان پاراستووه، كێشه سه‌ره‌كیی و گرنگه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردیشیان دواخستووه، له ئه‌و بڕوایه‌وه، گه‌ر كێشه‌ی (عێراق) چاره‌سه‌ركرا، ئه‌وا كێشه‌ی كوردیش چاره‌سه‌ر ده‌كرێ! ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌لێ گه‌وره و كوشنده‌یه، مێژووی هاوچه‌رخی كوردیش سه‌لماندوویه‌تی، هه‌ر كاتێ دوژمن باری نه‌ته‌وه‌یی و رامیاریی باش نه‌بوو، نابێ، له سه‌ری بوه‌ستی، تا هه‌موو برینه‌كانی ساڕ‌ێژ ده‌بێ، به‌ڵكوو ده‌بێ، له ئه‌و كاته ناسكانه‌دا، پێ له‌سه‌ر مافه ره‌واكانی گه‌لی كورد داگیرێ و له هه‌موو لایه‌كه‌وه، گوشاری بۆ ببرێ، تا به ته‌واویی، ددان به ئه‌و مافانه‌دا ده‌نێ.
ستیڤان: به‌شێ له چاودێرانی سیاسیی، پێشبینیی ئه‌وه ده‌كه‌ن، له خولی داهاتووی حكوومه‌تی (عێراق) دا، پۆستی سه‌رۆكی كۆمار به كورد نه‌درێته‌وه. گه‌ر ئه‌م پۆسته له كورد سه‌نرایه‌وه، سه‌ركردایه‌تی سیاسیی (كوردستان)، چ رێیه‌ك ده‌گرێته به‌ر؟ ئایا كورد چ پۆستێكی دیكه، وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤێك قبووڵكا، باشه؟.
دكتۆر حوسێن: ئه‌ز هه‌ر له كۆنه‌وه، دژی ئه‌وه بووم، سه‌رۆك كۆمار كورد بێ، چوونكه گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌بووایه، نه كورد خۆی داوایده‌كرد، وه‌ك چۆن داوای پۆستی سه‌رۆك شالیاران ناكا! نه هه‌رگیز عه‌ره‌به‌كانیش قایل ده‌بوون، كوردێ ئه‌و پۆسته گرنگه وه‌رگرێ. ئاخر سه‌رۆك كۆمارێ، ده‌سه‌ڵاتێكی باشی نه‌بێ، گه‌لێ چاكتره، هه‌ر نه‌بێ، تا عه‌ره‌به‌كان منه‌تمان به سه‌ردا نه‌كه‌ن!.
هه‌ڵبه‌ته بۆیه سه‌ره‌تا، ئه‌و پۆسته‌یان به كورد دا، چوونكه له لایه‌كه‌وه، چاریان نه‌بووه و ره‌وشه‌كه‌شیان له‌بار نه‌بووه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه، به‌گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌تنامه‌یه‌ی له نێوانیاندا بووه، ده‌بووایه، قایلبن. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، به‌پێی ژماره‌ی ده‌نگه‌كان و هێزی ئه‌و لایه‌نانه‌ی، زۆربه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانیشیان به‌ده‌سهێنابوو، قایل‌بوون. به‌ڵام ئه‌وڕۆ ره‌وشه‌كه گۆڕاوه، كورد داشی سوار نییه، ئه‌و ده‌نگه‌ی پێشووی نه‌هێناوه، چوونكه هێزه‌كانی كورد له نێو خۆیاندا، یه‌كگرتوو نه‌بوون و له سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی یه‌كگرتووی هاوبه‌ش رێك نه‌كه‌وتبوون، له‌به‌رئه‌وه، ده‌نگه‌كان په‌رتوبڵاوبوونه‌وه. جگه له ئه‌وه‌ی، لایه‌نه‌كان له هه‌موو (عێراق) دا، له جاری پێشوو زۆرتربوون، عه‌ره‌به‌كانیش پتر له جاران، هێزیان په‌یداكردووه، بۆیه نایانه‌وێ، ئه‌و پۆسته به كورد بده‌ن، به‌ڵكوو ده‌یانه‌وێ، لایه‌نێكی دیكه‌ی عه‌ره‌بیی، پێ ده‌مكووتكه‌ن.
ئه‌ز له ئه‌و باوه‌ڕه دام، سه‌رۆكی په‌رله‌مان، گه‌لێ له پۆستی سه‌رۆك كۆمار باشتر و گرنگتره. چوونكه هه‌موو پڕۆژه‌كان، له به‌رده‌می په‌رله‌ماندا ده‌بێ، هه‌موو بڕیاره‌كانیش، هه‌ر له په‌رله‌ماندا ده‌درێ. مافه‌كانی گه‌لی كوردیش، هه‌ر له ئه‌وێ باسده‌كرێ، ده‌مه‌ته‌قێی له‌سه‌ر ده‌كرێ و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێ. كه‌واته كورد ده‌توانێ، كه‌ڵكێكی زۆر، له كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان وه‌رگرێ و به وردییش، چاودێریی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی بكا.
ره‌نگه، ئه‌و هه‌رایه‌ی له سه‌ر پۆسته گرنگه‌كان هه‌بێ و له نێوان هێزه‌كانی عه‌ره‌بدا، قسه‌ی له سه‌ر كرابێ، هۆكه‌ی ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه بێ، له‌نێو خۆیاندا، له سه‌ر پۆستی سه‌رۆك شالیاران رێك ناكه‌ون. ده‌یانه‌وێ، لایه‌نێكی عه‌ره‌بیی، به ئه‌و پۆسته بێده‌نگ بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌وان باش ده‌زانن، پۆستی سه‌رۆك كۆمار، له‌چاو پۆستی سه‌رۆك شالیاراندا، بایه‌خێكی ئه‌وتۆی نییه، به تایبه‌تیی گه‌ر سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی نه‌بوو، سه‌رۆك كۆمار مافی ڤیتۆشی نه‌بوو. له‌به‌رئه‌وه باوه‌ڕ ناكه‌م، گرفتێكی زۆر گه‌وره، له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته دروستبێ، گه‌ر لایه‌نه‌كانی عه‌ره‌ب له نێو خۆیاندا، له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات به گشتیی و پۆستی سه‌رۆك شالیاران به تایبه‌تیی رێككه‌ون!.
Shamzini79@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
