
* رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نێوان پارتی و یه‌كێتی، چاكه‌ی زۆرتره وه‌ك له خراپه‌ی
*كۆنگره‌ی ئه‌م جاره‌ی پارتی نه‌ك بۆ پارتی خۆی به‌ڵكو بۆ كۆی كۆمه‌ڵگای كوردستان چاره‌نووسسازه
* جیاوازیی پارتی له‌حزبه‌كانی تر ئه‌وه‌یه دژی سایكۆلۆژیای گشتیی كار ناكات
*پارتی كار بۆ ئه‌وه ده‌كات هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌سوودی خه‌ڵكی سلێمانی بشكێته‌وه
فارس نه‌ورۆڵی كارگێڕی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان، له رێی ئه‌م دیمانه تایبه‌ته‌وه تیشك ده‌خاته سه‌ر شێوه‌ی كار و ئه‌دای پارتی له شاری سلێمانی، ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ش به‌درۆ ده‌خاته‌وه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رپرسیارێتییه سیاسیی و حزبییه‌كانی شاری سلێمانی به ئه‌ندامان و ئه‌جیندای ده‌زگای پاراستن سپارد بێت. ئه‌و پێیوایه ئه‌وانه‌ی له‌پشتی ئه‌م ده‌نگۆیه‌وه‌ن هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه بۆچوونه‌كانی عیسا په‌ژمان و قانعی فه‌رد دووباره ده‌كه‌نه‌وه. له به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا ئه‌و كارگێڕه‌ی لقی چوار تیشك ده‌خاته سه‌ر پێگه‌ی سیاسیی و جه‌ماوه‌ریی پارتی له شاری سلێمانی و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بۆچوونانه‌ی ده‌ڵێن پارتی له سلێمانی زه‌مینه‌ی گه‌شه‌كردنی نییه، ده‌ڵێت: پارتی ره‌گێكی مێژوویی له شاری سلێمانی هه‌یه. پاشان له ته‌وه‌رێكی تری دیمانه‌كه‌دا، فارس نه‌ورۆڵی باسی كۆنگره‌ی داهاتووی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات و پێیوایه كه ئه‌م كۆنگره‌یه نه‌ك ته‌نیا بۆ خودی پارتی به‌ڵكوو بۆ ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان كۆنگره‌یه‌كی جیاواز و چاره‌نووسسازه. له به‌شی كۆتایی دیمانه‌كه‌شدا ئه‌و كارگێڕه‌ی لقی چواری پارتی، باس له‌وه ده‌كات هه‌واڵی خۆ كاندید نه‌كردنه‌وه‌ی كاك مه‌سعود بۆ سه‌رۆكی پارتی، ته‌نیا ده‌نگۆی هه‌ندێك رۆژنامه و كه‌ناڵی میدیایه و بۆ ئامانجی بازاڕ و فرۆشی زیاتره.
ستیڤان: ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه دوای لابردنی هه‌ندێك له به‌رپرسی لقه‌كانی پارێزگای سلێمانی، پارتی هه‌ندێك گۆڕانكاریی تر بكات. ئێمه ده‌پرسین گرنگترین ئه‌و گۆڕانانه چین كه پارتی له سنووری سلێمانیدا ده‌یانكات؟.
فارس نه‌ورۆڵی: هیچ زانیارییه‌كم له‌و باره‌یه‌وه نییه.
ستیڤان: یه‌كێك له گۆڤاره‌كان نوسیبووی پارتی سلێمانی پڕ كردووه له پاراستن یان بابڵێین هاتنی پارتی بۆ سلێمانی به‌پێی ئه‌جیندای ده‌زگای پاراستنه. پرسیار ئه‌وه‌یه پارتی وه‌ك حزبێكی جه‌ماوه‌ریی بۆ سلێمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه یان وه‌ك ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگریی؟.
فارس نه‌ورۆڵی: ئه‌و گۆڤاره كێیه؟. ئه‌وانه‌ن قسه‌كانی عیسا په‌ژمان و قانعی فه‌رد و ده‌زگا جاسووسییه‌كان دووباره ده‌كه‌نه‌وه، كوا چی به‌ڵگه‌یه‌كیان هه‌یه؟. خۆ كوفر نییه كه‌سێك له‌و ده‌زگایه كاری كردبێت و ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ده‌زگایه كاری حزبی بكات. پاشان پاراستن ده‌زگایه‌كی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه و ئه‌منییه‌تی ئه‌م هه‌رێمه ده‌پارێزێ، چۆن ده‌زگای ئه‌منیی هه‌ر وڵاتێك ئه‌ركی پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و وڵاته‌یه، ئه‌و ده‌زگایه‌ش هه‌مان ئه‌ركی هه‌یه و فه‌لسه‌فه‌ی پاراستن فه‌لسه‌فه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانه و به‌یه‌ك چاو سه‌یری هه‌ر تاكێكی ئه‌م كوردستانه ده‌كات، ئه‌وانه‌شی ده‌ڵێن پارتی وه‌ك ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگریی هاتووه‌ته سلێمانی، ئه‌وه به‌شێكه له‌و جه‌نگه داڕێژراوه‌ی دژی پارتی پیاده ده‌كرێ و له‌هه‌مان كاتدا جه‌نگێكی ده‌روونییه دژی ئه‌ندامانی پارتی و جه‌ماوه‌ری پارێزگای سلێمانی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه خه‌ڵك له‌پارتی بتۆرێنن و گومانیان لا دروست بكه‌ن.
ستیڤان: هه‌ندێك چاودێری سیاسیی پێیانوایه پارتی له سلێمانی زه‌مینه‌ی گه‌شه‌كردنی نییه یان بابڵێین ناتوانێت ببێته حزبێكی سه‌ره‌كیی. ئێوه كه ده‌توانێت پارتی له سلێمانی بكه‌نه هێزێكی سه‌ره‌كیی چۆن له‌م بۆچوونه ده‌ڕوانن و پێتانوایه پارتی گه‌شه ده‌كات له سلێمانیدا یان نا؟.
فارس نه‌ورۆڵی: پارتی مێژوویه‌كی قووڵی هه‌یه و ره‌گی له مێژووی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دایه، ده‌كرێ هه‌ندێ جار له‌به‌ر هه‌لومه‌رجی سیاسیی لاواز بێ، به‌ڵام له‌ناوناچێ، هه‌روه‌ك ئه‌و دره‌خته‌ی كه ره‌گی له زه‌ویدا داكوتاوه و رۆچووه، ئه‌گه‌ر جارجار گه‌ڵاو لقه‌كانی سیس بێت، به‌ڵام كه باخه‌وانه‌كه‌ی مه‌جالی هه‌بوو ئاوی بدات دووباره چرۆ ده‌رده‌كاته‌وه و ده‌گه‌شێته‌وه و زه‌مینه‌ی گه‌شه‌كردنی پارتی له سلێمانی به‌ستراوه‌ته‌وه به‌هه‌لومه‌رجی سیاسیی ناوچه‌كه‌وه و له ئاستی عێراقدا پارتی ژماره‌یه، ئه‌گه‌ر له‌هه‌ندێ جێگا لاوازبێت ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به‌هه‌لومه‌رجی سیاسییه‌وه هه‌یه، چوونكه ئه‌ركی پارتی و به‌رپرسیارێتی له‌خه‌ڵكی تر زیاتره و پارتی ئه‌وه‌نده به‌مه‌سه‌له چاره‌نووسسازه‌كانی كورده‌وه سه‌رقاڵه كه‌متر گرنگیداوه به پێگه و كاری حزبی له‌م شار یان ئه‌و شار هه‌ر كاتێك وه‌زعی كورد له‌خه‌م ره‌خسا، پارتی ده‌توانێ له‌هه‌ر جێگایه‌ك بیه‌وێ پێگه‌ی خۆی به‌هێز بكات.
ستیڤان: پارتی به‌حكومی رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیجی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، ناچارببوو ده‌ست له سلێمانی هه‌ڵبگرێت، هێشتاش ئه‌و رێككه‌وتنه له‌نێوان هه‌ردوو حزبدا درێژه‌ی هه‌یه. پێتوانییه دیسان رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیجی یه‌كێك ده‌بێت له به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م پارتی له شاری سلێمانی؟.
فارس نه‌ورۆڵی: ده‌بێت بزانین هه‌موو شتێك له دونیادا دووانه‌یه: ره‌ش و سپی، رۆژ و شه‌و، چاك و خراپ، رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی پارتی و یه‌كێتی چاكه‌ی زۆرتره وه‌ك له خراپه‌ی و ده‌توانین به وێستگه‌یه‌ك له وێستگه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان دایبنێین، چوونكه ئه‌و رێكه‌وتنه بووه‌ته هۆی ئاوه‌دانی و ئاسایش و به‌هێزبووونی كورد له به‌غداد. نازانم پارتی و یه‌كێتی نێوانیان گرژبێ خه‌ڵك ره‌خنه ده‌گرێ، برایه‌تی ده‌كه‌ن هه‌ندێ خه‌ڵك هه‌ر ره‌خنه ده‌گرن!. ده‌بێ چی بكه‌ن؟. پێموایه له رووی كاری رێكخراوه‌یی و حزبیشه‌وه رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی هیچ رێگر نییه و ده‌كرێ بڵێین له رووی ئیدارییه‌وه ره‌نگه كه‌مێك رێگر بێ.
ستیڤان: وه‌ك ده‌زانین، پارتی له سلێمانی وه‌كوو رێكخستن و باره‌گای حزبی بوونی هه‌یه، تائێستا له‌م شاره‌دا پارتی هیچ پڕۆژه‌یه‌كی رۆشنبیریی كاریگه‌ری نه‌بووه، ئێوه بۆ له‌مه‌ودوا چ پڕۆژه‌یه‌كتان هه‌یه له بواری رۆشنبیریی و سه‌رجه‌م بواره‌كانی تریشدا؟.
فارس نه‌ورۆڵی: ئه‌مه راسته ئێمه له سلێمانی ده‌زگایه‌كی وه‌كوو "ئاراس"مان نییه، به‌ڵام نازانم چی پڕۆژه‌یه‌ك له‌م باره‌یه‌وه هه‌یه؟. ده‌كرێ ئه‌و پرسیاره ئاڕاسته‌ی مه‌كته‌بی ناوه‌نده رۆشنبیرییه‌كانی پارتی بكرێت.
ستیڤان: بڕیاره پارتی له‌مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ئه‌مساڵ كۆنگره‌ی سیانزه ببه‌ستێت. پرسیار ئه‌وه‌یه كۆنگره ده‌توانێت چ جۆره گۆڕانگارییه‌ك له سیستمی سیاسیی و هه‌یكه‌لی رێكخراوه‌ییدا بكات؟. یان به‌مانایه‌كی تر بایه‌خ و گرنگی ئه‌م كۆنگره‌یه له رووی نوێبوونه‌وه‌ی پارتی بۆ قۆناغه‌كانی دادێ، چۆن ده‌بینن؟.
فارس نه‌ورۆڵی: له راستیدا پارتی له هه‌لومه‌رجێكدا كۆنگره‌ی 13 ده‌به‌ستێ جیاوازه له‌هه‌موو كۆنگره‌كانی تری پێشوو، چوونكه گۆڕانكاریی زۆر له سروشتی كۆمه‌ڵگادا روویداوه، له رووی سیاسیی و ئابووری و زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كاری حزبییه‌وه. له‌هه‌مانكاتدا زۆرێك له‌و دروشمانه‌ی پارتی خه‌باتی بۆ ده‌كردن، هاتوونه‌ته دی، بۆیه ده‌بێ وردتر خوێندنه‌وه بۆ په‌یامی سیاسیی بكرێت و له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه‌كه‌دا رێكخرێت و هه‌روه‌ها بازدانی له كاری حزبی بكرێت و ته‌قلیدییه‌ت تێپه‌ڕێنین و به‌شێوازێكی تر كاری حزبی بكه‌ین كه له‌گه‌ڵ واقیعی ئه‌م قۆناغه‌دا بێته‌وه، چوونكه ئه‌و ئامڕازانه‌ی پارتی له رابردوودا ده‌یخستنه گه‌ڕ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان ئێستا خودی ئه‌و ئامانجانه هاتوونه‌ته‌دی و ده‌بنه‌وه ئامڕاز بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی باڵاتر.
كۆنگره‌ی ئه‌م جاره‌ی پارتی نه‌ك بۆ پارتی خۆی به‌ڵكوو بۆ كۆی كۆمه‌ڵگای كوردستان چاره‌نووسسازه، چوونكه پارتی به‌رپرسیارییه‌تی قورسی له‌سه‌رشانه و سه‌رمه‌شقی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستانه. كۆنگره له ژیانی هه‌ر حزبێكدا بۆ نوێبوونه‌وه و پیاچوونه‌وه‌یه، بۆ ئه‌وه‌یه به رابردوودا بچینه‌وه و له‌گه‌ڵ واقیعدا به‌رنامه‌ڕێژیی نوێ بكات، كۆنگره بۆ گه‌نجبوونه‌وه و نوێبوونه‌وه و چاكسازیی هه‌ر حزبێكه، ئه‌گه‌ر به‌پێی گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی و ئابوورییه‌كان خۆت نوێ نه‌كه‌یته‌وه، ئه‌وا له كاروان دوا ده‌كه‌ویت، بۆ نموونه ده‌بێ ئاگامان له به‌ره‌ی رزگاریی جه‌زائیریی و بزووتنه‌وه‌ی فه‌تح بێت كه چی‌یان به‌سه‌رهات؟. له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌یانتوانی چاكسازیی و نوێبوونه‌وه بكه‌ن، به‌ره‌و پووكانه‌وه و لاوازیی رۆشتن. نموونه‌ی حزبی كۆمۆنیستی چین و پارتی كرێكارانی به‌ریتانیا له‌به‌ر چاوه، كه دوو حزبی كۆنن، به‌ڵام ژیرانه نوێكردنه‌وه و چاكسازییان ئه‌نجامدا، بۆیه بوونه رابه‌ری گۆڕانكاریی سیاسیی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی وڵاته‌كانیان، هیوادارم پارتی له‌م كۆنگره‌یه‌دا زۆر شت تێپه‌ڕێنێت.
ستیڤان: ده‌وترێت نێچیرڤان بارزانی وه‌ك یه‌كێك له سه‌ركرده دیاره‌كانی ناو پارتی، كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ی پێیه به‌مه‌به‌ستی گۆڕانكارییكردن و ریفۆرمی پارتی، ئێوه چۆن سه‌یری ئه‌و ئه‌جیندایه‌ی نێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌ن و پێتانوایه كه ده‌توانێ لانی زۆر پڕۆژه‌كانی له میانه‌ی كۆنگره‌ی سیانزه‌وه بهێنێته دی؟.
فارس نه‌ورۆڵی: من نازانم پڕۆژه‌ی به‌ڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی چییه؟ به‌ڵام به‌ڕێزیان له موماره‌سه‌ی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت و ئیدارییدا كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوو بوون له‌هه‌موو روویه‌كی سیاسیی و ئابووری و ئاوه‌دانییه‌وه، جێگا ده‌ستیان دیاره و دڵنیام له كاری حزبیدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ، چوونكه ئه‌و جوان بیر ده‌كاته‌وه بۆیه جوان ده‌بینێ و دواجار جوان كار ده‌كات. سه‌باره‌ت به چه‌مكی ریفۆرم ده‌كرێ هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی هه‌بێ بۆ ریفۆرم یاخود هه‌ر چه‌مكێكی تر. ده‌كرێ دیدی پارتی بۆ ریفۆرم ئه‌وه‌بێت كه له‌گه‌ڵ سروشتی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ده‌روونی و هه‌تا ئاسایش و ئاینی كۆمه‌ڵگای كوردستاندا بگونجێ و به سروشتی به‌ڕێوه‌ی به‌رێت، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا نه‌شڵه‌ژێ، چوونكه هه‌ر شتێك به سروشتی له‌دایكنه‌بوو ئه‌وا سه‌قه‌ته. جیاوازیی پارتی ئه‌وه‌یه كه هه‌میشه شێوازی كاركردنی له‌سه‌ر هه‌ر چه‌مكێك ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگا پێی هه‌زم بكرێت، پارتی دژی سایكۆلۆژیای گشتیی كار ناكات.
ستیڤان: پێشبینی ئه‌وه ده‌كه‌یت كۆنگره‌ی پارتی هه‌مان سیناریۆی كۆنگره‌ی سێی یه‌كێتی دووباره بكاته‌وه، واته له بری هه‌نگاوێك بۆ پێشه‌وه حزبه‌كه‌تان دوو هه‌نگاو به‌ره‌و دواوه بگه‌ڕێنێته‌وه؟.
فارس نه‌ورۆڵی: من ناتوانم له بری یه‌كێتی قسه بكه‌م، پاشان یه‌كێتی ئه‌وه چه‌ند مانگێكه كۆنگره‌ی به‌ستووه هێشتا زووه میدیا قسه‌ی له‌سه‌ر بكات، سروشتی كاری هه‌ر حزبێك جیاوازه و دڵنیام سه‌ركردایه‌تی پارتی وردبینانه بیر له‌م كۆنگره‌یه ده‌كه‌نه‌وه و به‌یارمه‌تی خوا به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چێت.
ستیڤان: ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه كه كاك مه‌سعود بارزانی بۆ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ی پارتی خۆی كاندید ناكاته‌وه. پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌م ده‌نگۆیه چه‌ند راسته؟. ئه‌گه‌ر كاك مه‌سعود خۆی كاندید نه‌كاته‌وه كێی تر هه‌یه وه‌كوو ئه‌ڵته‌رناتیڤ؟. ئایا نێچیرڤان بارزانی به‌هێزترین كاندیدای دوای كاك مه‌سعود نییه؟.
فارس نه‌ورۆڵی: سه‌یره ئێمه خۆمان كادری پارتین ئه‌م قسه‌یه‌مان نه‌بیستووه، ئێوه ئه‌م ده‌نگۆیه‌تان چۆن بیستووه؟!. كام سه‌رچاوه پێی وتوون؟. ئه‌مه قسه‌ی ناو رۆژنامه‌كانه بۆ بازاڕ په‌یداكردن و زۆر فرۆشتن و به‌شێكیشه له جه‌نگی ده‌روونی دژی پارتی و هه‌ڤاڵانی.
ستیڤان: هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان به‌ڕێوه‌یه، ئێوه چ پێشبینییه‌ك بۆ خۆتان ده‌كه‌ن له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانیدا؟. ئایا پارتی ده‌نگه‌كانی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتر زیاتر ده‌بێت یان له‌جێی خۆی ده‌مێنێته‌وه یاخۆ كه‌متر ده‌بێته‌وه؟.
فارس نه‌ورۆڵی: هیوادارم به‌ره‌و پێش بڕوات و داواكاریشم خه‌ڵك متمانه‌مان پێبكات چوونكه په‌یام و ئامانجمان هه‌رزانی و ئاوه‌دانی و ئاسایشی خه‌ڵكه.
ستیڤان: تا چه‌ند ئه‌و ده‌نگۆیه راسته پارتی له سلێمانی هه‌موو قورسایی و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی خۆی بۆ ئه‌وه به‌كاردێنێت بۆئه‌وه‌ی گۆڕان شاره‌كه نه‌باته‌وه؟. ئایا ئێوه بڕیارتانداوه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌سوودی یه‌كێتی بشكێننه‌وه؟.
فارس نه‌ورۆڵی: چی پارتی و چی هه‌ر حزبێكی تر قورسایی بۆ بردنه‌وه‌ی به‌كاردێنێ، ئیتر مه‌رج نییه تۆ دژی لایه‌نێك كار بكه‌یت. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌سوودی یه‌كێتی بشكێته‌وه، پارتی و یه‌كێتی هاوپه‌یمانن و ئه‌خلاقی هاوپه‌یمانێتیش ئه‌وه‌یه حه‌ز ده‌كه‌یت دۆسته‌كه‌ت بیباته‌وه، به‌ڵام پارتی كار بۆ ئه‌وه ده‌كات هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و پارێزگای سلێمانی به‌سوودی خه‌ڵكی پارێزگای سلێمانی بشكێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌كه جوانتر و ئاوه‌دانتر بێته‌وه.
ستیڤان: بڕیاربوو شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی بێنه سلێمانی كه خودی نێچیرڤان بارزانی له‌ناو ئه‌و شانده‌دا بوونی هه‌یه. ئایا هاتنی ئه‌و شانده ته‌نیا بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانه یان ئه‌جیندایه‌كی درێژ ماوه‌یان هه‌یه بۆ كاركردن له‌سه‌ر شاری سلێمانی؟.
فارس نه‌ورۆڵی: نازانم ئه‌و بڕیاره‌ی ئێوه ده‌یڵێن به نوسراوی ره‌سمی بۆ ئێمه نه‌هاتووه، بۆیه هیچ قسه‌یه‌كم نییه له‌سه‌ری.
Shamzini79@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
