*ئه‌وه‌ی ئێستا له كوردستان ناوی ئۆپۆزیسیۆنه له غیابی ئۆپۆزیسیۆنێكی ته‌ندروستی سه‌رده‌میانه ئه‌و ناوه‌ی وه‌رگرتووه
*ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و ئۆپۆزیسیۆن هیچ شتێكی جوانی یه‌كتر نابینن، هه‌میشه له خه‌می یه‌كتر نابووتكردندان
*مومكین نییه ئیسلامییه‌كان له هیچ بار و زرووفێكدا بتوانن ببنه ئۆپۆزیسیۆنێكی جیددی و دیموكراتخواز
*له كوردستان دیموكراسی له‌دایك نه‌بووه، ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌ركوڵ یان په‌ڕاوێزه بۆ دیموكراسی
ڤینۆس فایه‌ق، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس له رێی ئه‌م دیمانه تایبه‌تییه‌وه تیشك ده‌خاته سه‌ر پرسی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له باشووری كوردستان، سه‌رباری ئه‌وه‌ی پێیوایه ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی هه‌نووكه‌ی كوردستان، هه‌ندێك هاوكێشه‌ی گۆڕیوه، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ئۆپۆزیسیۆنێكی ته‌ندروست نییه و له زه‌مینه و كه‌شێكی دیموكراسییدا له‌دایك نه‌بووه و پێیوایه ئه‌وه له غیابی ئۆپۆزیسیۆنێكی جیددی بووه كه ئه‌م هێزانه ناویان ئۆپۆزیسیۆنیان وه‌رگرتووه. له به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا ڤینۆس فایه‌ق هێما ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌نووكه بانگه‌شه بۆ ئۆپۆزیسیۆنبوون ده‌كه‌ن، هه‌مان ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ن كه سه‌ر به‌كولتوور و فه‌رهه‌نگی سیاسیی حزبه كوردستانییه‌كانن، ناتوانن ببنه ئۆپۆزیسیۆنێكی جیددی و ناتوانن به میكانیزمه سه‌رده‌مییه‌كان مامه‌ڵه بكه‌ن. پاشان پێیوایه كه مامه‌ڵه و په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له كوردستاندا په‌یوه‌ندییه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كتر شكاندن و نابووتكردنی یه‌كتری كه ئه‌مه‌ش نامۆیه به پرنسیپه‌كانی دیموكراسیی. له به‌شی كۆتایی دیمانه‌كه‌شدا ڤینۆس فایه‌ق باس له‌وه ده‌كات ئه‌ركی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی گۆڕینی سیستمی سیاسیی و كوده‌تا نییه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی تایبه‌تی هه‌یه كه له‌چوارچێوه‌ی پرنسیپ و سنووره‌كانی كولتووری دیموكراسییدا دیاریكراون كه چین.
ستیڤان: ئه‌زموونی كاركردنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له باشووری كوردستان جیا له‌وه‌ی ئه‌زموونێكی تازه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێك له چاودێرانی سیاسیی و پسپۆران پێیانوایه ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ستراكتۆرییه. به‌بڕوای ئێوه كه‌لێن و كێشه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له باشووری كوردستان له‌چیدا خۆیان ده‌بیننه‌وه؟.
ڤینۆس فایه‌ق: رێگه‌م پێ بده ده‌ستپێكی وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌م به ده‌ستنیشانكردنی خاڵه پۆزه‌تیڤ و جوانه‌كانی هه‌بوون و زه‌رووره‌تی هه‌بوونی بیر و بزووتنه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ده‌ستپێبكه‌م. هه‌ڵبه‌ته بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ناوی ئۆپۆزیسیۆنی له‌خۆی ناوه به‌ده‌ر له‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی حزبی بابڵێین تۆراو یان زویر یان هه‌ر ناوێكی تری لێ ده‌نێیت له‌دایكبووه، به‌ڵام خه‌ڵكێكی زۆری سه‌رجاده و هه‌روه‌ها نوخبه‌یان له‌ده‌ور كۆبۆته‌وه كه ده‌بێت حسابیان بۆ بكرێت، دواجار ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌خۆی نه‌چووه ناو په‌رله‌مانه‌وه به ده‌نگی خه‌ڵك و به هه‌ڵبژاردن و له‌ڕێگه‌ی سندووقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه گه‌یشته ناو په‌رله‌مان، كه ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی جوانی شارستانییه. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هه‌بوونی بیری جیاواز و هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ناساند به هزری كۆمه‌ڵگا، مه‌ودایه‌كی باشی بۆ بیركردنه‌وه‌ی جیاواز و لێكنه‌چوون به ستایله شارستانییه‌كه‌ی خوڵقاند و ویست و نه‌ریتی به‌ئۆپۆزیسیۆنبوونی هێنایه ناو ژیانی سیاسیی كوردستانه‌وه و كردیه واقیعێك كه ده‌بێت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت و حسابی بۆ بكرێت، كه پێشتر هه‌موو جیاوازییه‌ك دوژمنایه‌تی بوو، وشه‌ی ئۆپۆزیسیۆن مانای یاخیبوون و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و خیانه‌ت بوو.
ته‌نانه‌ت دروستبوونی هێزی ئۆپۆزیسیۆن كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌دای سیاسیی هێزه سیاسییه بچووكه‌كان دانا و ته‌وژمێكی تری دایه پرنسیپی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كتر به جیاوازییه‌كانمانه‌وه، به باوه‌ڕی من زیاترین لایه‌ن سوودمه‌ند بوو له‌مه هێزه ئیسلامییه‌كان بوون كه خۆیان به جیاواز و لێكنه‌چووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ته‌قلیدیی ناو كوردستان ده‌زانی و ئاسۆی بیركردنه‌وه‌یانی گۆڕی به ئاقاری ئه‌وه‌ی كه ته‌سه‌وری بكه‌یت ته‌حالوفێك له نێوان هێزێكی دینی ئه‌گه‌ر توندڕه‌ویش بێت له‌گه‌ڵ هێزێكی عه‌لمانیدا شتێكی موسته‌حیل نه‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌خاتری جێگیركردنی كه‌شوهه‌وای ئۆپۆزیسیۆن و چاودێرییكردنی عادیلانه‌ی زیاتری ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن بێت. به‌به‌رچاوی هه‌مووشمانه‌وه له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستاندا كه مشت‌ومڕ له‌سه‌ر دۆسێیه‌ك كرابێت یان ده‌نگدان له‌سه‌ر كه‌یسێك كرابێت، هه‌موو به‌كۆی ده‌نگ یان قه‌بووڵ كراوه یان ره‌تكراوه‌ته‌وه، ده‌نگێكی جیاواز نه‌بووه ئه‌وانی تر ناچار بكات مشتومڕی فروانتر بكه‌ن و ئه‌وه‌ی دژی پڕۆژه‌یه‌كه ده‌نگ نه‌دات یان جیاواز بیر بكاته‌وه، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه زۆربه‌ی زۆری هاوكێشه سیاسییه ته‌قلیدییه‌كانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و به‌جۆرێكی تر دایڕشتنه‌وه، سه‌رله‌به‌ری بیركردنه‌وه‌ی سیاسیمانی له‌یه‌ك ترازاند و جارێكی تر دایمه‌زرانده‌وه له‌سه‌ر زه‌مینه‌یه‌ك له جیاوازبوون و لێكنه‌چوون بۆ یه‌ك ئامانج كه تاكی كۆمه‌ڵگایه.
ئه‌گه‌ر چی به‌دیوێكی ته‌واو جیاوازدا گومان ده‌كه‌م ئه‌وه‌ی ئیستا له كوردستاندا به‌ناوی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه هه‌یه، ئۆپۆزیسیۆن بێت به‌مانا زانسته‌ی راسته‌قینه و سه‌رده‌مییه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ی هه‌یه بنه‌مای بۆ نه‌ریتی به‌ئۆپۆزیسیۆن داناوه، فێرمان ده‌كات بیر له‌به‌ئۆپۆزیسیۆنبوون بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا له كوردستاندا ناوی ئۆپۆزیسیۆنه له غیابی ئۆپۆزیسیۆنێكی ته‌ندروستی سه‌رده‌میانه ناوی ئۆپۆزیسیۆنی وه‌رگرتووه، چوونكه نه خۆیان و نه خه‌ڵكی ساده و نه رای گشتیی هێشتا ته‌واو له‌مانای راسته‌قینه‌ی چه‌مكی به ئۆپۆزیسیۆنبوون تێنه‌گه‌یشتوون. ئۆپۆزیسیۆنی راسته‌قینه و سه‌رده‌میانه له كه‌شوهه‌وای دیموكراسیدا چه‌كه‌ره ده‌كات، بۆیه تۆ و من و خه‌ڵكانی به‌دواداچوو په‌ی به‌و كه‌لێن و كێشه شاراوه یان نه‌بینراوانه ده‌به‌ین كه له بونیاد و پێكهاته‌ی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی باشووری كوردستاندا هه‌یه. ئه‌و هێزانه‌ی خۆیان به ئۆپۆزیسیۆن ناوده‌به‌ن خودی خۆیان له كه‌شوهه‌وای دیموكراسیدا له‌دایك نه‌بوون، به ئامڕازه دیموكراسییه‌كان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ واقیع و پێدراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستان و گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا ناكه‌ن، بۆیه هه‌ر له بنه‌مادا ستره‌كتوورێكی یان ده‌ڵب یان ته‌سك به به‌ر خۆیاندا ده‌كه‌ن و ده‌رئه‌نجام ئه‌و كێشه كاره‌ساتاوییانه‌ن كه رۆژانه تاكی نه‌گبه‌ت له‌ده‌ستی ده‌ناڵێنێت.
ستیڤان: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان یه‌كێكه له هێزه دیاره‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له كوردستاندا، به‌ڵام هه‌ندێك بۆچوون هه‌ن جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه به میكانیزم و شێوه‌ی كلاسیكیی و سواوی جاران مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌كات. تۆ پێتوایه میكانیزمه‌كانی كاركردنی گۆڕان تا چه‌نده نزیكه له میكانیزمی كاركردنی ئۆپۆزیسیۆنێكی ته‌ندروست و دیموكراتخواز؟.
ڤینۆس فایه‌ق: ئه‌گه‌رچی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره له سه‌ره‌وه ده‌بینرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ زیاد ده‌كه‌م كه ره‌نگه له زۆر كه‌س وابێت ئۆپۆزیسیۆن مامانی دیموكراسییه‌ته یان دیموكراسییه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستی ئۆپۆزیسیۆن له‌دایك ده‌بێت، یا ئۆپۆزیسیۆن دیموكراتییه‌ت له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خودی ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و كه‌سانه له‌دایكبووبێت كه رۆژێك له رۆژان به‌شێك بوون له‌و سیستمه ترادیسیۆناله حزبییه و له‌و كولتووره سیاسییه نه‌ریتییه‌ی كه له كوردستاندا هه‌تا ئیستا به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌وا مومكین نییه بتوانێت سه‌د له‌سه‌د میكانیزمێكی كاركردنی ئۆپۆزیسیۆنێكی ته‌ندروست و دیموكراتخواز پراكتیزه بكات. ئه‌مه ره‌شبینی نییه، به‌ڵكوو خوێندنه‌وه‌یه‌كی واقیعیانه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌یه كه ئێستا له كوردستاندا به‌به‌رچاوه‌وه‌یه.
ستیڤان: په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسۆن له كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كتر نابووتكردن و ریسواكردنی یه‌كتری. هه‌ردوو لا به‌ئه‌ندازه‌ی یه‌كسان هه‌وڵی ناشیرینكردنی یه‌كتر ده‌ده‌ن. ئایا ئه‌م جۆره له ویستی سیاسیی بۆ به ئه‌هریمه‌نكردنی به‌رامبه‌ر ده‌لاله‌تی چییه و له یه‌كێك له‌ماناكانیدا تێنه‌گه‌یشتنی هه‌ردوولا ناگه‌یه‌نێت له‌هه‌مبه‌ر ئه‌رك و رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن؟.
ڤینۆس فایه‌ق: هه‌روه‌ك له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌مدا ئاماژه‌م پێدا، دروستبوونی هێزی ئۆپۆزیسیۆن شتێكی تازه‌بوو بۆ واقیعی نه‌ك كوردستان به‌ڵكوو ناوچه‌كه، بۆیه ده‌سه‌ڵاتی تووشی شۆك كرد، هه‌روا ئاسان نه‌بوو له‌یه‌كه‌م رۆژه‌وه ده‌سه‌ڵات به‌خێرهاتنی هێزێك بكات ته‌قریبه‌ن خه‌تی راست و چه‌پ له هه‌موو شتێكی ده‌دات و جاده‌شی لێ پڕ ده‌كات، به‌تایبه‌ت هه‌تا دوێنێ خودی هه‌ڵسووڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئۆپۆزیسیۆن شه‌ریكه مێژووی سیاسیی و ده‌سه‌ڵات بوون، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان شه‌ریكه گه‌نده‌ڵیش بوون له‌ناو حزبه‌كاندا. بۆیه ئه‌مه لای ئه‌وان ناوی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و یاخیبوون وه‌رده‌گرێت زیاتر له‌وه‌ی پێشه‌نگی نه‌ریتێكی سیاسیی نوێ و كولتووری به‌ئۆپۆزیسیۆنبوون.
له‌هه‌مووشی گرنگتر ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌كوردستان له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع باوه‌ڕی به دیموكراتییه‌ت نییه، ئه‌وه‌ی ده‌یبینین له‌په‌ڕاوێزدا كۆبۆته‌وه، ئه‌وه‌ی باسی ده‌كرێت له پڕوپاگه‌نده و خیتابات زیاتر نییه. بۆیه كاتی ویست هه‌تا ئه‌و دوو حزبه بتوانن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هێزی ئۆپۆزیسیۆن بكه‌ن، ئۆپۆزیسیۆن وه‌كوو هه‌وێ، ده‌نگده‌ر كه میلله‌ته و په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌یان له‌و حزبه ده‌سه‌ڵاتدارانه داگیركرد. هه‌رواش ئاسان نییه دوو ژن به بیرۆكه‌ی له‌تێك پیاو رازی بن، كاتێكی زۆریان ده‌وێت هه‌تا به‌واقیع قایل ده‌بن.
به‌رده‌وام یه‌كتر به‌ئه‌هریمه‌ن و سووككردن و نابووتكردن، ئامڕازه دیموكراسییه‌كان په‌كده‌خات و بیركردنه‌وه‌ی شارستانییانه تووشی ئیفلیجی ده‌كات، ئه‌وسا جێگه‌ی پرنسیپی دیموكراتی نامێنێته‌وه. ئه‌م جۆره له مامه‌ڵه‌كردن زاده و به‌رهه‌می ئه‌و رووه‌كه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریی ساڵانێكی ره‌به‌ق ئاوی رشتۆته ژێر و په‌ینڕێژی بۆ كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی دوای نه‌مانی درێژه به نه‌فه‌سه‌كه‌ی بدرێت. ئه‌مه جۆرێكه له‌و نه‌فه‌سی ره‌خنه شكێنه‌ره‌ی كه له‌ناوه‌نده ئه‌ده‌بی و ئیبداعییه‌كاندا باوێتی، كه ره‌خنه بۆ ره‌خنه‌یه و ته‌نیا مانای شكاندن و سووككردنی ده‌قه ئیبداعییه‌كانی هه‌یه، هه‌مان پرنسیپه له دونیای سیاسه‌تی كوردستانیشدا بووه‌ته بنه‌ما بۆ مامه‌ڵه‌كردن له نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆندا، ته‌نانه‌ت له نێوان حزبه براكانی ئه‌مڕۆ كه دوژمنی دوێنێ بوون، سه‌ركرده‌كانیان له چاوی یه‌كتردا تا دوێنێ خائین و خۆفرۆش بوون و ئیستا موجامه‌له‌ی یه‌كتر ده‌كه‌ن و هه‌موویان ده‌كه‌نه پاڵه‌وان، ئه‌م نه‌فه‌سه له نابابه‌تی و زیاده‌ڕه‌ویی كه نه ئه‌مانی هه‌یه، نه دواڕۆژ بینا ده‌كات و له مێژووشدا هیچ ئاسه‌وارێك جێ ناهێڵێت.
ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و ئۆپۆزیسیۆنیش به‌هه‌مان پرنسیپ مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، هیچ شتێكی جوانی یه‌كتر نابینن، هه‌میشه له خه‌می یه‌كتر نابووتكردندان و به هۆشیارییه‌كی سه‌رنجڕاكێشه‌وه ته‌نیا خه‌میان هێنده‌ی سڕینه‌وه‌ی جوانییه‌كانی یه‌كتره خزمه‌تكردنی خودی پرنسیپه‌كه نییه و دواجار تاك و رای گشتیی و كۆمه‌ڵگا كه‌وتۆته دێڕی ئه‌خیری هه‌موو خیتاباته‌كانیان.
ستیڤان: هه‌ردوو حزبی ئیسلامی كوردستان "یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ" له كابینه‌ی شه‌شه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمدا به‌شدارنین و وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن كار ده‌كه‌ن. پێتوایه ئیسلامییه‌كان ده‌توانن ببنه ئۆپۆزیسیۆنێكی جیددی و دیموكراتخواز؟. پێتوانییه ئیسلامییه‌كان گه‌مه‌ی سیاسیی ده‌كه‌ن و ناتوانن ببنه ئۆپۆزیسیۆنێكی راسته‌قینه؟.
ڤینۆس فایه‌ق: ئه‌زموونی حزبه ئیسلامییه‌كان له توركیا له‌م بواره‌دا زۆر بێوێنه ده‌بینم كه هێشتا نموونه‌ی هاوشێوه‌ی له‌دایك نه‌بۆته‌وه. به‌ڵام هه‌تا ئه‌م ساته به‌باوه‌ڕی من "كه قابیلی گۆڕانه" مومكین نییه ئیسلامییه‌كان له هیچ بار و زرووفێكدا بتوانن ببنه ئۆپۆزیسیۆنێكی جیددی و دیموكراتخواز، له‌به‌ر ئه‌وه نا جیددی یان دیموكراتخواز نین، به‌ڵكوو له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتوانن ئۆپۆزیسیۆن بن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له ئیشكالییه‌ته سیاسییه‌كان كه له كوردستاندا هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له‌زۆر كه‌س وایه ئیسلامییه‌كان ره‌نگه ببنه ئۆپۆزیسیۆن، ته‌نانه‌ت خۆشیان ئه‌و بانگه‌شه‌یه ده‌كه‌ن، له كاتێكدا ده‌وڵه‌تی ئیسلامی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای مێژووی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌وه بۆ ئه‌وه دروستبووه ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه دروستنه‌بووه ببێته ئۆپۆزیسیۆن. ئه‌وان ئه‌گه‌ر هه‌ر گه‌مه‌یه‌ك بكه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌نا ده‌یانه‌وێت نه‌ریتی به‌ئۆپۆزیسیۆنبوون به‌رجه‌سته بكه‌ن، به‌ڵكوو چاویان له‌و رێگایه‌یه كه ده‌گاته‌وه خه‌ونی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، له‌سه‌ر داروپه‌ردووی ئه‌و ئه‌و حزبانه‌ی ئیستا ئه‌وان به‌شدارن له ده‌سه‌ڵاتدا له‌گه‌ڵیان. ده‌نا هیچكات هێزه ئیسلامییه‌كان نه‌یانتوانیوه ببنه ئه‌و هێزی فشاره تونده‌ی نازناوی ئۆپۆزیسیۆنی پێ وه‌رگرن.
ستیڤان: ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له كوردستان به‌رده‌وام پڕۆژه‌كانی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات ره‌تده‌كاته‌وه و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ده‌سه‌ڵات هیچ پڕۆژه‌یه‌كی ئۆپۆزیسیۆن قبوڵ ناكات. ئایا ترسناكیی ئه‌م مامه‌ڵه‌یه چۆن ده‌بینن و پێتوانییه سه‌رئه‌نجام ده‌بێته هۆی كوشتنی كولتووری دیموكراسیی له كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌وارییدا؟.
ڤینۆس فایه‌ق: ئه‌م حاڵه‌ته هه‌مان حاڵه‌تی یه‌كتر نابووتكردن و سووككرنه‌كه‌یه كه له‌پرسیار و وه‌ڵامی سێیه‌مدا قسه‌مان لێ‌كرد، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ دووپات ده‌كاته‌وه له كوردستاندا تێگه‌یشتن بۆ هه‌ردوو چه‌مكی دیموكراسی و به‌ئۆپۆزیسیۆن بوون نییه، چ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، چ له‌لایه‌ن خودی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه. بێگومان ئه‌مه نه‌ك كولتووری دیموكراسی ده‌كوژێت، به‌ڵكوو رێگه له له‌دایكبوونی كولتووری دیموكراسی ده‌گرێت، چوونكه هێشتا له كوردستان دیموكراسی له دایك نه‌بووه، ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌ركوڵه یان په‌ڕاوێزه بۆ دیموكراسی.
چ حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، چ هێزی ئۆپۆزیسیۆن به‌رهه‌می هه‌مان مه‌كینه‌ی سیاسیی كۆمه‌ڵگای كوردین، خاڵی هاوبه‌شیان تێنه‌گه‌یشتنیانه له هه‌موو به‌نه‌ماكانی ئازادیی سیاسیی و ته‌واوی پرنسیپی دیموكراتی به‌هه‌موو ورده‌كارییه‌كانییه‌وه، به‌وه‌ی كه‌وا دیموكراسییه‌ت كولتووره نه‌ك دروشم یان وشه‌یه‌ك ناوی حزبه‌كه‌تی پێ بڕازێنیته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر بچیته ناو ورده‌كارییه‌كانی كێشه‌كانی كه ئێستا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه ده‌بینیت هه‌مان كێشه و ململانێیه كه له‌ناو هه‌موو حزبه‌كانی تردا هه‌یه. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه هه‌ڵسووڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه ئۆپۆزیسیۆنن هه‌مان بیركردنه‌وه و ململانێ‌یان گوێزاوه‌ته‌وه ناو بزووتنه‌وه‌كه، به‌شێوازی جیاواز هه‌مان كه‌شوهه‌وای سیاسیی له‌ناو ئۆرگانه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌دا ده‌خوڵقێننه‌وه.
ستیڤان: ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له كوردستان به‌گشتیی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دروشمی گۆڕینی سیستمی سیاسی‌یان به‌رزكردۆته‌وه. ئایا گۆڕینی سیستم ئه‌ركی ئۆپۆزیسیۆنه؟. ئایا پێتوانییه ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ئۆپۆزیسیۆن ریفۆرمه نه‌ك گۆڕین چوونكه گۆڕینی سیستم به شۆڕش ده‌بێت نه‌ك به هه‌ڵبژاردن؟.
ڤینۆس فایه‌ق: ده‌قی پرسیاره‌كه‌تان نیوه‌ی وه‌ڵامه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه، بێگومان ئه‌ركی ئۆپۆزیسیۆنی ته‌ندروست و سه‌رده‌میانه به تێگه‌یشتنی زانستی و سه‌رده‌میانه داوای خستنی ده‌سه‌ڵات ناكات، كه به كوده‌تا به‌رجه‌سته ده‌بێت، به‌ڵكوو هه‌وڵی گۆڕینی سیستمی به‌ڕێوه‌بردن ده‌دات له رێگه‌ی چاودێریكردنی كار و ئه‌دای حكوومه‌ت، دواجار بڕیاری گۆڕینی ده‌سه‌ڵات ده‌داته ده‌ستی میلله‌ت تا له رێگه‌ی راپرسی و پرۆسه‌ی ئاشتییانه‌وه به‌رجه‌سته‌ی بكات. له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا له كوردستان له‌گۆڕێیه زیاتر ركه‌به‌رایه‌تی و دژایه‌تیكردن و پڕكردنی جاده و هاندانی خه‌ڵكه بۆ شۆڕشكردن، نه‌ك به‌شدارییكردن بێت بۆ گۆڕینی سیستمی به‌ڕێوه‌بردن و خزمه‌تگوزاریی، ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌یه ئه‌وانه‌ی دروشمی گۆڕینیان به‌رزكردۆته‌وه بۆ خۆیان پێشینه و ره‌گ و ریشه‌ی رابردووی سیاسی‌یان وا له‌ناو حزبه ته‌قلیدییه‌كانی كوردستاندا، هیچی ئه‌وانه‌ی ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به پاكیزه‌یی نه‌چوونه‌ته ناو بزووتنه‌وه‌كه، بۆیه به‌هه‌مان شێواز و بیركردنه‌وه‌ی حزبه‌كانی دیكه و هه‌مان ئالییه‌ت و فه‌لسه‌فه‌وه بیرده‌كه‌نه‌وه و ئه‌وی دیكه هه‌ڵده‌سه‌نگێنن.
ستیڤان: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئێستا هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌وه ده‌نێت ببێته حزبێكی سیاسیی. چاودێران و خودی هه‌ڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌كه‌ش دوو بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه، یه‌كه‌میان پێیوایه كه گۆڕان به‌و هه‌نگاوه لاواز ده‌بێت و دووه‌م بۆچوونیش به‌پێچه‌وانه‌وه بیر ده‌كاته‌وه. من ده‌پرسم ئه‌گه‌ر گۆڕان ببێته حزب، چاره‌نووسی به‌كوێ ده‌گات؟.
ڤینۆس فایه‌ق: ئه‌گه‌رچی له‌ئیستادا كه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌ده‌مه‌وه وابزانم گۆڕان بووه به حزب و بودجه‌شی وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئێستا كێشه‌كه له‌وه‌دا نییه گۆڕان ببێته حزب یان به بزووتنه‌وه بمێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین داخوا چاره‌نووسی به‌چی ده‌گات، ئه‌سڵه‌ن مه‌سه‌له‌كه زۆر له‌وه جیاوازتره، چوونكه ئه‌وه ته‌نیا چوارچێوه‌یه‌كه هیچی وا ناگۆڕێت، مه‌گه‌ر له‌رووی یاساییه‌وه. پاشان ئه‌وانه‌ی ئێستا هه‌وڵی به‌حزبكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ده‌ن به‌خۆیان پێشینه و رابردوویان له‌ناو حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه كه ئێستا دژیانن، هه‌روه‌ها به‌شێكبوون له‌و سیستمه ده‌سه‌ڵاتدارییه حزبی و حكوومییه به گه‌نده‌ڵیه‌كانییه‌وه، به‌خۆشیان ده‌زانن به‌حزبكرنی هه‌موو فكر و پرنسیپێك به ئایدیاكردنی ده‌سه‌ڵاته، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئۆپۆزیسیۆنیش بێت. به‌هه‌رحاڵ بوون به حزب نه‌ك له كوردستان به‌ڵكوو له هه‌موو ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵات هه‌موو په‌یڕه‌و و پرۆگرام و پرنسیپه‌كان له‌قاڵب ده‌دات و ده‌یخاته چه‌كمه‌جی مێزی حزبییه‌كانه‌وه و ده‌یانكاته‌وه به كۆپییه‌كی تر له‌وانی دیكه. جوانیی ئۆپۆزیسیۆن له‌وه‌دایه به بزووتنه‌وه بمێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام له جووڵه و گۆڕاندا بێت.
ستیڤان: دوا پرسیارم ئه‌وه‌یه كه چۆن ده‌ڕواننه ئه‌و جه‌نگه‌ی له راگه‌یاندنه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنه‌وه ده‌ستیپێكردووه؟ ئایا ئه‌و جه‌نگه خزمه‌ت به فراوانكردنه‌وه‌ی په‌ڕاوێزه‌كانی ئازادیی و قووڵكردنه‌وه‌ی كولتووری دیموكراسیی ده‌كات یاخۆ به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی خراپه‌ر له راستای زه‌مینه خۆشكردن بۆ توندوتیژیی و په‌رچه‌كرداری عه‌فه‌وییانه؟.
ڤینۆس فایه‌ق: هه‌ڵبه‌ته ئه‌و جه‌نگی راگه‌یاندنه له تێنه‌گه‌یشتن له فه‌لسه‌فه‌ی پرنسیپی ره‌خنه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ئه‌و جه‌نگه كه له‌لایه‌ن نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه‌كانی سه‌ر به ئۆپۆزیسیۆن و حزبه‌كان و سیاسییه‌كانه‌وه له ئارادایه ره‌گوڕیشه‌كه‌ی له‌وێدایه كه وه‌كوو رۆشنبیر له مانا راسته‌قینه‌كانی چه‌مكی ره‌خنه تێنه‌گه‌یشتوون، دواتر ئه‌م نه‌فه‌سه‌ش گواستراوه‌ته‌وه ناو ژیانی سیاسیش. ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دژی ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عس بووین، خه‌تی راست و چه‌پمان له‌هه‌موو شتێكی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دابوو، هه‌ر به‌و نه‌فه‌سه‌ش دژی هه‌موو چه‌مكی ده‌سه‌ڵات وه‌ستاوینه‌ته‌وه و به‌هه‌مان پێوه‌ر چه‌مكی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵده‌سه‌نگێنین، به‌هه‌مان شێوه‌ش خودی ده‌سه‌ڵات به‌هه‌مان چاویلكه و له‌هه‌مان په‌نجه‌ره‌وه له‌هه‌موو بیركردنه‌وه‌یه‌كی جیاواز ده‌ڕوانێت و به فه‌لسه‌فه‌كه‌ی حزبی به‌عس كه باوه‌ڕی وابوو (ئه‌وه‌ی له ئێمه نه‌بێت دوژمنمانه) .
كه‌واته مه‌سه‌له‌كه دیسانه‌وه تێنه‌گه‌یشتنه له فه‌لسه‌فه‌ی ره‌خنه و به‌ئۆپۆزیسیۆنبوون. له‌یه‌ك حاڵه‌تدا ئه‌و حاڵه‌ته‌ی ئاماژه‌ت پێداوه ته‌ندروست ده‌بینم، ئه‌ویش كه گۆڕانكاریی به‌جێبهێڵێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌و جه‌نگی راگه‌یاندنه، جه‌نگه ته‌نیا بۆ جه‌نگ و ده‌رخستنی كه‌موكوڕییه‌كان و نابووتكردن و یه‌كتر سووككردن، ئامانج له‌و ره‌خنه‌گرتنه پێشنیاركردنی ئه‌ڵته‌رناتیڤ و به‌شدارییكردن نییه له چاككردندا. به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ش بكه‌نه‌وه كه ئه‌مه به‌شێكی زۆری مێژوو ده‌شێوێنێت له چاوی نه‌وه‌كانی داهاتوودا كه وه‌كوو سه‌رچاوه بۆ ئه‌و رۆژنامانه ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ر بۆ نموونه له قۆناغێكدا سه‌ركرده‌یه‌كی حزبێك له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌یه‌كی تره‌وه به‌خائین وه‌سفكراوه، كه‌چی له هه‌لومه‌رجێكی تردا سه‌ركرده‌یه‌كی نیشتیمانپه‌روه‌ری بێوێنه‌یه، ئه‌مه‌ش سه‌ر له نه‌وه‌ی داهاتوو ده‌شێوێنێت نازانێت باوه‌ڕ به‌كامیان بكات.
Shamzini79@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
