*ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی كرانه‌وه‌ی داد و گه‌شه‌پێدان راستبووایه، ده‌بوو حكوومه‌تی توركیا گۆڕانكاریی له ده‌ستووردا بكردایه
*توركیا بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی كرانه‌وه‌ی دیموكراتی ده‌بێت دانوستان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌دا بكات
*ئه‌گه‌ر فشاری ئه‌مه‌ریكا و ترسی په‌كه‌كه نه‌بایه، توركیا هه‌رگیز ئاماده نه‌بوو له هه‌ولێر قونسوڵییه‌ت بكاته‌وه
*په‌كه‌كه سنوورێكی فراوانی هه‌رێمی كوردستانی پاراستووه و رێگه‌ی نه‌داوه یه‌ك تیرۆریست له‌و سنووره‌وه بێته ناو عێراقه‌وه
* بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان له باكووری كوردستان رووی له سه‌ركه‌وتنه
د. فایه‌ق گوڵپی كه‌سایه‌تی سیاسیی و سه‌رۆكی پێشووی پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستان له رێی ئه‌م دیمانه تایبه‌ته‌وه تیشك ده‌خاته سه‌ر سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی دیموكراتی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی فه‌رمانڕه‌وای توركیا و پێیوایه ئه‌م سیاسه‌ته بۆ ئیحتواكردن و راكێشانی سۆزی گه‌لی كورده له باكووری كوردستان، هه‌روه‌ك به‌شێكی تری بۆ نانه‌وه‌ی پشێویی و دووبه‌ره‌كییه له ریزی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورددا. له به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا گوڵپی تیشك ده‌خاته سه‌ر هه‌ڵوێستی په‌كه‌كه و پێیوایه كه په‌كه‌كه بۆ ئاشتی هه‌نگاوی جیددی ناوه، به‌ڵام ئه‌وه حكوومه‌تی توركیایه كه نایه‌وێت په‌كه‌كه وه‌ك نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی گه‌لی كورد له باكووری كوردستان بناسێنێت، هه‌روه‌ها ئه‌و پێیوایه كه حكوومه‌تی توركیا بۆ ئاشتی و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی گه‌لی كورد ده‌بێت له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه دانوستان بكا، له‌به‌شی كۆتایی دیمانه‌كه‌شدا، د. فایه‌ق گوڵپی هێما بۆ ئاسۆی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد ده‌كات له توركیا و پێیوایه ئاسۆكه روونه و سه‌رئه‌نجام بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستده‌هێنێت.
ستیڤان:حكوومه‌تی ئاكه‌په باس له سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی دیموكراتی ده‌كات له توركیا، ئه‌گه‌رچی ئه‌م بابه‌ته را و بۆچوونی جیاوازی له‌سه‌ره، به‌ڵام ئێوه چۆن سه‌یری سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی توركیا به‌رووی دۆزی گه‌لی كورد له باكووری كوردستان ده‌كه‌ن؟.
د. فایه‌ق گوڵپی: به‌بڕوای من ده‌وڵه‌تی توركیا له سه‌ر دۆزی كورد فشاری زۆری له‌سه‌ره، له ئاستی ناوخۆیدا فشاری تێكۆشانی گه‌لی كورد و كه‌سایه‌تییه دیموكراته‌كانی توركیای له‌سه‌ره، له ئاستی ده‌ره‌وه‌دا فشاری یه‌كێـتی ئه‌وروپا و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ره، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك ئه‌و فشارانه خاو بكاته‌وه، له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن باسی له پڕۆژی كرانه‌وه به رووی دۆزی كورددا كرد.
پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له ناو گه‌لی باكووری كوردستاندا جه‌ماوه‌ری هه‌یه، 70 نوێنه‌ری كوردی له په‌رله‌مانی توركیادا هه‌یه، زۆر له‌وه ده‌ترسێت له هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌دا ئه‌و ده‌نگانه‌ی جاران نه‌هێنێت و زۆرینه‌ی كورده‌كان ده‌نگ بۆ پارتی كوردی (ب د پ) بده‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگی كورد مسۆگه‌ر بكات، به باسكردن له كرانه‌وه به رووی دۆزی كورددا، رێگه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی به زمانی كوردیی به شان و باڵی حكوومه‌تی ئه‌ردۆگاندا هه‌ڵبده‌ن، سۆزی كورده‌كانی باكوور به لای خۆیدا راده‌كێشێت و له هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌دا ده‌نگه‌كانیان مسۆگه‌ر ده‌كات.
ئامانجێكی تری پرۆژه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان ئه‌وه‌یه ریزه‌كانی گه‌لی كورد له باكووری كوردستان پارچه بكات، وا بكات هه‌ندێك كه‌س و لایه‌نی كوردیی باكوور به پڕۆژه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان رازی ببن و هه‌ندێكی تر به پڕۆژه‌كه رازی نه‌بن، له‌نێوان ئه‌و دوولایه‌نه‌ی گه‌لی كورددا ناكۆكیی و ناته‌بایی و پارچه‌بوون دروست ببێت و كورد له‌گه‌ڵ كورددا بكه‌وێته شه‌ڕ و حكوومه‌تی توركیا له دووره‌وه سه‌یر بكات.
به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك توركیا بۆی ده‌ركه‌وت كه به‌و پڕۆژه‌یه ناتوانێت كورد هه‌ڵخه‌ڵتێنێت، هونه‌رمه‌ندانی كورد رازی نه‌بوون له‌و كه‌ناڵه كوردییه‌دا كار بكه‌ن و دژی "پ. ك. ك" به‌رنامه دروستبكه‌ن، به‌و شێوه‌یه حكوومه‌تی داد و گه‌شه‌پێدان بۆی ده‌ركه‌وت كه زه‌حمه‌ته به‌و به‌رنامه‌یه بتوانێت دووبه‌ره‌كی له‌ناو ریزه‌كانی گه‌لی كورددا دروستبكات. له 19-10-2009دا دوو وه‌فدی ئاشتی له قه‌ندیل و له مه‌خموور گه‌ڕانه‌وه توركیا، حكوومه‌تی توركیا وا باسی له‌و وه‌فده ده‌كرد كه "پ. ك. ك" ته‌سلیم ده‌بێته‌وه، به‌ڵام وه‌فده‌كانی ئاشتی وتیان بۆ خه‌باتی ئاشتیخوازانه گه‌ڕاوینه‌ته‌وه و جه‌ماوه‌ری باكووری كوردستان به جه‌ماوه‌ری حزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆگانیشه‌وه وه‌ك قاره‌مان پێشوازییان له كاروانی ئاشتی كرد، ئه‌ردۆگان بۆی ده‌ركه‌وت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه بڕوات ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌وه‌یه كه زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی باكووری كوردستانی له ده‌ست بدات.
ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی كرانه‌وه‌ی حكوومه‌تی داد و گه‌شه‌پێدان راستبووایه، ده‌بوو حكوومه‌تی توركیا گۆڕانكاریی له ده‌ستووری توركیادا بكردایه، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ستوور دیارده‌ی فره نه‌ته‌وه‌یی و فره كولتووریی توركیای له‌خۆ بگرتایه و ئه‌و به‌نده‌ی ده‌ستووری توركیا له ده‌ستووردا هه‌ڵگیرایه كه ده‌ڵێت توركیا یه‌ك نه‌ته‌وه و یه‌ك زمان و یه‌ك ئاڵای هه‌یه.
ستیڤان:له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی توركیا باس له سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی دیموكراتی ده‌كات، به‌ڵام په‌كه‌كه هێشتا له‌ژێر گووشار و هه‌ڕه‌شه‌دایه، ته‌نانه‌ت هێشتا میدیای ئه‌و وڵاته وه‌ك هێزێكی تیرۆریست پێناسه‌ی په‌كه‌كه ده‌كات. من پرسیار ده‌كه‌م ئایا هیچ ئاشتییه‌ك له باكووری كوردستان دروست ده‌بێت به‌بێ په‌كه‌كه؟. چۆن سه‌یری رۆڵی په‌كه‌كه ده‌كه‌ن له پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیادا؟.
د. فایه‌ق گوڵپی:نه‌ك هه‌ر "پ. ك. ك" له‌ژێر گوشار و هه‌ڕه‌شه‌دایه، مناڵانی كورد و سیاسه‌تمه‌دارانی كورد و حزبی مه‌ده‌نی كوردیش له سایه‌ی سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی دیموكراتی حكوومه‌تی توركیا له ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان، له ماوه‌ی ساڵی رابردوودا نه‌ك هه‌ر زیندانه سیاسییه‌كان ئازاد نه‌كران، سه‌دان سیاسه‌تمه‌داری كورد له‌باكووری كوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داكۆكی له‌مافی كورد ده‌كه‌ن زیندانی كران و سزا دران، چه‌ندان سیاسه‌تمه‌داری كورد كاری سیاسیان لی قه‌ده‌غه كرا، پارتی كۆمه‌ڵگای دیموكراتی مۆڵه‌تی كاركردنی لێوه‌رگیرایه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه كۆما جڤاكی كوردستان (ك ج ك) ئاگربه‌ستی یه‌ك لایه‌نه‌ی راگه‌یاندبوو، ئۆپراسیۆنه‌كانی سوپای توركیا رانه‌گیران و به‌رده‌وام بوون، به‌كورتی حكوومه‌تی توركیا له سایه‌ی سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی به رووی دۆزی كورددا، نه‌ك هه‌ر زه‌مینه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ری دیموكراتی خۆش نه‌كرد، به‌ڵكوو زه‌مینه‌ی شه‌ڕی ئاماده ده‌كرد.
ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی توركیا باس له كرانه‌وه به رووی دۆزی كورد و باس له به ئاشتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد ده‌كات، ده‌بێت ئاشتی له‌گه‌ڵ لایه‌نێكدا بكات كه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی توركیادا شه‌ڕی كردووه، ئه‌و لایه‌نه‌ش "پ. ك. ك"یه، كاتێك حكوومه‌تی توركیا ئاماده نییه له‌گه‌ڵ "پ. ك. ك" دانوستان بكات و به‌تیرۆریست ناوی "پ. ك. ك" ده‌هێنن، ده‌بی باشتر تێبگه‌ین كه به‌رنامه‌كه‌ی پارتی داد و گه‌شه راست نییه و ته‌كتیكێكی چه‌واشه‌كارانه‌یه.
هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك خاوه‌نی كێشه‌یه‌ك بێت، ده‌زگایه‌كی سیاسیی یان كۆمه‌ڵایه‌تی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات، حكوومه‌تی توركیا نوێنه‌ری گه‌لی توركیایه، "پ. ك. ك" نوێنه‌ری گه‌لی كورده له‌باكووری كوردستان، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی توركیا به‌راستی بێت سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی به رووی دۆزی كورددا ده‌ستپێكردبێت، ده‌بێت بۆ سه‌رخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه دانوستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری كوردی باكووردا "پ. ك. ك" بكات، باسكردنی "پ. ك. ك" وه‌ك تیرۆریست له‌لایه‌ن راگه‌یاندنی توركیاوه و لێدوانی سه‌ركرده‌كانی تورك كه شانبه‌شانی كرانه‌وه به رووی دیموكراتیدا تیرۆر له ناو ده‌به‌ن، پووچی سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی حكوومه‌تی توركیا بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرا ده‌كات.
من وای ده‌بینم له‌پێناوی ئاشتیدا "پ. ك. ك" هه‌نگاوی جیددی ناوه، هه‌ر كه حكوومه‌تی ئه‌كه‌په باسی له پڕۆژه‌ی كرانه‌وه‌ی دیموكراتی كرد، "پ. ك. ك" یه‌كلایه‌نه شه‌ڕی راگرت، له 19-10 -2009دا وه‌ك په‌یامنێرانی ئاشتی چه‌ندان گه‌ریلا ده‌ستیان له چه‌ك هه‌ڵگرت و چوونه‌وه توركیا، به‌رده‌وام "پ. ك. ك" ئامادیی خۆی بۆ گفتووگۆ نیشانداوه و نه‌خشه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ی ئاماده‌كردووه، به‌ڵام توركیا نه‌ك هه‌ر وه‌ڵام ناداته‌وه، به‌رده‌وامه له سه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه هه‌ڵه‌یه كه "پ. ك. ك" نوێنه‌ری گه‌لی كورد نییه و به شه‌ڕ كۆتایی به "پ. ك. ك" ده‌هێنێت.
ستیڤان:وه‌ك ده‌زانین له‌ماوه‌ی رابردوودا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به فه‌رمی چووه توركیا و له‌لایه‌ن گه‌وره به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی توركیاوه پێشوازیی لێكرا. ئێوه چۆن سه‌یری ئه‌و سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كه‌ن و پێـتانوایه گرنگی و كاریگه‌ریی چی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و كۆماری توركیا؟.
د. فایه‌ق گوڵپی:له‌سه‌ره‌تادا هه‌موومان وا تێگه‌یشتین كه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به فه‌رمی چووه توركیا، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك له كۆنگره رۆژنامه‌نوسییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ده‌ركه‌وت كه توركه‌كان به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی پێشوازییان له سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌كردووه، له لایه‌كه‌وه له كاتی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌كه‌دا ئاڵای عێراق و ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئاڵای توركیادا هه‌ڵنه‌كران، له هه‌مان كاتدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند كه وه‌ك سه‌رۆكی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناوداری عێراق پێشوازییان له مه‌سعوود بارزانی كردووه. ئه‌و جۆره پێشوازییه‌ی توركه‌كان ده‌ریخست كه تا ئێستاش حكوومه‌تی توركیا ئاماده نییه دان به بوونی هه‌رێمی كوردستاندا بنێت و ئاماده نییه وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی له مه‌سعوود بارزانی بكات، ئه‌مه‌ش له لایه‌كه‌وه فڕوفێڵی توركه‌كانی ده‌رخست، له لایه‌كی تره‌وه عه‌قڵیه‌تی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیای به‌رامبه‌ر به كورد دووپات كرده‌وه.
به بڕوای من ئه‌و سه‌ردانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ توركیا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشوازییكردنی سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ك سه‌رۆكی بنه‌ماڵه بوو، ئاڵای عێراق و ئاڵای هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵنه‌كرا، ئه‌و سه‌ردانه سووكایه‌تی بوو به هه‌موو گه‌لی كورد، ده‌بوو سه‌رۆكی هه‌رێم و حكوومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی ئه‌و سووكایه‌تییه‌ی توركیایان بدایه‌ته‌وه، وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی ئه‌و سوكایه‌تییه هێنده‌ی تر شكستی به سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم هێنا.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له توركیا و ئه‌و وڵاتانه‌ی تر كه سه‌ردانی كردن، به شانازییه‌وه باس له رێككه‌وتنی بازرگانی زۆرتری نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و توركیا كرا، وه‌فدی بازرگانی توركیا هاته هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌م په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌ی نێوان توركیا و هه‌رێمیان به سه‌ركه‌وتن باس كرد، به بڕوای من ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندییه بازرگانییانه كه بۆ ئه‌وه‌یه كاڵای زۆرتری توركیا له هه‌رێمی كوردستاندا ساغ بكرێته‌وه، جۆرێكه له داگیركردنی ئابووری هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه، شكستێكی تری سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستانه به‌رامبه‌ر به توركیا، وێستگه‌یه‌كه بۆ زیاتر ته‌سلیمبوونی حكوومه‌تی هه‌رێم به حكوومه‌تی توركیا.
له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا شۆرشگێڕ و نیشتمانپه‌روه‌ر و سیاسه‌تمه‌دارن شانازیی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن كه وڵاته‌كه‌یان له رووی ئابوورییه‌وه سه‌ربه‌خۆیه، یان ئه‌وان سه‌ربه‌خۆیی ئابووری وڵاته‌كه‌یان به ده‌ستهێناوه، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستاندا سیاسه‌تمه‌داران و ده‌سه‌ڵاتداران شانازیی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن كه چۆن به ده‌ستی خۆیان سه‌ربه‌خۆیی ئابوری خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن!!.
ستیڤان::له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی توركیا بانگه‌شه‌ی دۆستانه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، به‌ڵام رۆژانه فڕۆكه‌كانی توركیا ناوچه و به‌رزاییه‌كانی باشووری كوردستان بۆردومان ده‌كه‌ن. ئێوه خوێندنه‌وه‌تان بۆ ئه‌م سیاسه‌ته دووفاقییه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا چییه؟.
د. فایه‌ق گوڵپی:له‌كۆتایی ساڵی 2007وه، ده‌وڵه‌تی توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ لێدانی بنكه و باره‌گانی "پ. ك. ك" رێككه‌وتووه، به‌و شێوه‌یه تۆ باسی ده‌كه‌یت رۆژانه به فڕۆكه بۆردومانی نه‌ك هه‌ر به‌رزاییه‌كانی باشووری كوردستان بكات، به‌ڵكوو گونده‌كانی باشووری كوردستانیش بۆردومان بكات و ده‌یان گوندنشینی باشوور شه‌هید و بریندار بكات و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌نگ نه‌كات، له رێكه‌كوتنه فه‌رمییه‌كه‌دا كه پڕۆژه‌ی حكوومه‌تی داد و گه‌شه‌پێدانه، په‌رله‌مانی توركیا ده‌نگی له‌سه‌ر داوه، سوپای توركیا جێبه‌جێی ده‌كات، عێراق و ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمیش به بێده‌نگی پشتیوانی ده‌كه‌ن، ئه‌و هێرشانه بۆ لێدانی بنكه و باره‌گاكانی گه‌ریلاكانی هێزی پاراستنی گه‌له، به‌ڵام به كرده‌وه ئه‌و هێرشه ئاسمانیانه دژی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ناوچه‌كه و دژی رێگه‌وبانی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌نجام ده‌درێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی توركه‌كان شۆڤێنین ئامانجی سه‌ره‌كیان ئه‌وه‌یه كه كورد بكوژن و زیان به كورد بگه‌یه‌نن.
ئه‌گه‌ر فشاری ئه‌مه‌ریكا و ترسی "پ. ك. ك" و به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری توركیا نه‌بایه، توركیا هه‌رگیز ئاماده نه‌بوو له هه‌ولێر قونسوڵییه‌ت بكاته‌وه، كاتێك ده‌بینێت چه‌ندان وڵات له هه‌ولێر نوێنه‌ریان هه‌یه، هه‌ست به‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌ویش له‌هه‌ولێر قونسوڵییه‌تی نه‌بێت، به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری و بازرگانی و هه‌واڵگرییه‌كانی پاشه‌كشه ده‌كه‌ن، بۆیه حكوومه‌تی توركیا به ناچاریی بڕیاری دا له هه‌ولێر قونسوڵییه‌تێك بكاته‌وه، قونسوڵییه‌تی توركیا وه‌ك قونسوڵییه‌تی وڵاتانی تر نییه، بۆ ناساندنی فه‌رمی هه‌رێمی كوردستان كرابێته‌وه، قونسوڵییه‌تی توركیا به‌و مانایه نایه‌ت كه حكوومه‌تی توركیا دانی به حكوومه‌تی هه‌رێمدا ناوه، قونسوڵییه‌تی توركیا له هه‌ولێر بۆ مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی بازرگانی و بۆ پاراستنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری جیهانی توركیا و بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه له‌سه‌ر "پ. ك. ك" و هه‌رێمی كوردستان، بۆ به فه‌رمی ناساندنی هه‌رێمی كوردستان نه‌كراوه‌ته‌وه. بۆیه ده‌توانین بڵێین سیاسه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان دووفاقی نییه، ئێمه به دووفاقی لێیتێده‌گه‌ین، ئه‌گینا سیاسه‌تی توركیا سیاسه‌تێكی شۆڤێنییه به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان و به‌رامبه‌ر به هه‌موو كوردستان، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به‌و سیاسه‌ته شۆڤینییه‌ی توركیا رازین و به سیاسه‌تی بازرگانی په‌رده‌پۆشی ده‌كه‌ن.
ستیڤان:سه‌ركرده‌كانی كوردی عێراق له پێش هه‌موویانه‌وه خودی جه‌لال تاڵه‌بانی باس له‌وه ده‌كه‌ن خه‌باتی چه‌كداریی باوی نه‌ماوه و په‌كه‌كه كێشه بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات. تۆ چۆن سه‌یری ئه‌م بۆچوونه‌ی سه‌ركرده‌كانی باشووری كوردستان ده‌كه‌یت؟. ئایا په‌كه‌كه كێشه بۆ باشووری كوردستان دروست ده‌كات یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه؟.
د. فایه‌ق گوڵپی: هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی سیاسیی و هه‌ر وڵاتێك هێزی چه‌كداریی هه‌یه، "پ. ك. ك" وه‌ك هێزێكی سیاسیی كه داوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد ده‌كات و به‌سه‌ركوتكردن و زیندانیكردن و شێوازی تری سه‌ركوتكه‌رانه وه‌ڵامی دراوه‌ته‌وه، مافی خۆیه‌تی هێزی چه‌كداری هه‌بێت و خۆی به‌و هێزه بپارێزێت، له رێگه‌ی هێزی چه‌كداره‌وه فشاری خستۆته سه‌ر سوپای توركیا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی سه‌ركوتكردنی گه‌ل كۆتایی پێبێنێت و مافه‌كانی گه‌لی كورد پێشێل نه‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ ده‌یان جار "پ. ك. ك" یه‌كلایه‌نه ئاگربه‌ستی راگه‌یاندووه و پڕۆژه‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی كێشه‌ی كوردی راگه‌یاندووه، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی توركیا ئاگربه‌ستی "پ. ك. ك" به به‌رده‌وامكردنی شه‌ڕ وه‌ڵام داوه‌ته‌وه. بۆیه "پ. ك. ك" هێزه‌كانی خۆی ده‌پارێزێت و له سه‌ر بنه‌مای مافی پاراستنی ره‌وا خه‌بات ده‌كات.
كاتێك سه‌ركرده‌كانی باشور ده‌ڵێن باوی خه‌باتی چه‌كداری نه‌ماوه و با "پ. ك. ك" چه‌ك دابنێت، خۆیان به‌رپرسی باڵای حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستانن به‌ڵام هێشتا میلیشیای حزبیان هه‌یه، چه‌ندان له‌شكر و فه‌وجی تایبه‌تی خۆیانیان هه‌یه. مه‌به‌ستی سه‌ركرده‌كانی كوردی عێراق له‌وه‌ی كه‌ده‌ڵێن باوی خه‌باتی چه‌كداریی نه‌ماوه و با "پ. ك. ك" چه‌ك دابنێت، بۆ ئه‌وه‌یه شۆڕشی باكووری كوردستان وه‌ك شۆڕشی رۆژهه‌ڵات لێبكه‌ن، گه‌ریلاكانی "پ. ك. ك" بهێننه ناو ئۆردوگاكانی باشووری كوردستان و بیانخه‌نه ژێر ده‌ستی خۆیان و له‌گه‌ڵ توركیادا سیاسه‌تیان پێبكه‌ن.
به بڕوای من "پ. ك. ك" له چه‌ند روویه‌كه‌وه سوودی به باشووری كوردستان گه‌یاندووه: ئه‌گه‌ر "پ. ك. ك" نه‌بوایه، توركیا له‌به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا شۆڤێنییانه‌تر ده‌هاته پێشه‌وه، به‌هۆی كێشه‌ی "پ. ك. ك"ه‌وه توركیا مه‌رحه‌بای هه‌رێمی كوردستانی كرد، ماوه‌یه‌كی زۆر به‌و هیوایه ده‌ژیا كه‌له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی باشوور "پ. ك. ك" له‌ناو ببه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هاوكاریی زۆری حزبه‌كانی باشووری كورد و چاوی له پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی فیدراڵی باشووری كوردستان پۆشی. له دوای رووخانی رژێمی سه‌ددام و سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆر له‌عێراقدا، "پ. ك. ك" سنوورێكی فراوانی هه‌رێمی كوردستانی پاراستووه و رێگه‌ی نه‌داوه یه‌ك تیرۆریست له‌و سنووره‌وه بێته ناو خاكی عێراقه‌وه، له دوای رووخانی رژێمی سه‌ددام، "پ. ك. ك" خوێنی له لووتی سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكی و سه‌ربازێكی عێراقی و پێشمه‌رگه‌یه‌كی كورد نه‌هێناوه.
سوودێكی تری گرنگی "پ. ك. ك" ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی گه‌ریلا له شاخه سه‌خته‌كانی قه‌ندیل نه‌بونایه، رێكخراوه توندڕه‌و و تیرۆریسته‌كان ئه‌و ناوچه سه‌ختانه‌یان ده‌كرده بنكه‌ی خۆیان و له‌وێوه هێرشیان ده‌كرده سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و عێراقیان تێكده‌دا. با راستییه‌ك هه‌یه له‌سه‌ر گرنگی "پ. ك. ك" له‌و ناوچانه بۆت بگێڕمه‌وه، پاش رووخانی رژێمی سه‌ددام دوو هه‌فته جارێك به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی و له‌گه‌ڵ به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا كۆده‌بوونه‌وه، له چه‌ندان كۆبوونه‌وه‌دا نوێنه‌ری پارتی و نوێنه‌ری یه‌كێتی پێكه‌وه به‌جیا داوایان له نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریكا ده‌كرد كه ئه‌مه‌ریكا هێرشی سه‌بازیی بكاته سه‌ر گه‌ریلاكانی "پ. ك. ك"، له‌به‌رئه‌وه‌ی "پ. ك. ك" له لیستی تیرۆری ئه‌مه‌ریكادایه وه‌كوو جوندی ئیسلام، نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریكا له سه‌ره‌تادا وه‌ڵامی نوێنه‌ری پارتی و یه‌كێتی نه‌دابووه‌وه، به‌ڵام كاتێك داواكارییه‌كانیان دووباره كردبووه‌وه، نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریكا به نوێنه‌ره‌كانی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری وتبوو ئه‌گه‌ر "پ. ك. ك" ئه‌و ناوچه‌یه چۆڵ بكات، ئێوه ده‌توانن ئه‌و ناوچه سه‌خته بپارێزن و رێگه نه‌ده‌ن تیرۆریستان ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن و بیكه‌نه مۆڵگه‌ی خۆیان و ئاسایشی ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێم و عێراق تێكبده‌ن، نوێنه‌ره‌كانی پارتی و یه‌كێتی بێده‌نگ ده‌بن و ئیتر باسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ناكه‌نه‌وه.
ستیڤان:ده‌مه‌وێت پرسیار بكه‌م كه ئاسۆی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان له باكووری كوردستان رووی له كوێیه؟. ئایا گه‌شبینی به‌رامبه‌ر به‌چاره‌نووسی گه‌لی كورد له‌سایه‌ی حكوومه‌تی ئاكه‌په‌دا؟. پێتوایه له‌سایه‌ی سیاسه‌ته‌كانی ئاكه‌په‌دا كورد ده‌توانێت به‌شێك له مافه‌كانی به‌ده‌ستبهێنێت؟.
د. فایه‌ق گوڵپی:ئاسۆی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان له باكووری كوردستان رووی له سه‌ركه‌وتنه، له‌به‌رئه‌وه‌ی بزاڤی ئازادیخوازی گه‌لی كورد دۆزێكی ره‌وایه و دژی سیاسه‌تی باوی سه‌رده‌م و دژی چه‌مكه سیاسییه مرۆڤدۆستییه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه نییه، ئه‌وه سیاسه‌تی توركیا و دۆسته‌كانییه‌تی كه به پێچه‌وانه‌ی ره‌وڕه‌وه‌ی مێژووی گه‌شه‌كردنی مرۆڤایه‌تییه‌وه ده‌سوڕێت و نكوڵی له‌دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد ده‌كات. بزووتنه‌وه‌كه ئاسۆی روونه و به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن هه‌نگا و ده‌نێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه له رووی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تییه‌وه پێشكه‌وتنی باشی به‌خۆوه دیوه، هه‌ر كاتێك بیه‌وێت و چۆنی بووێت له هه‌ر شوێنێكی كوردستان و له ئه‌وروپا خه‌بات ده‌كات، په‌یوه‌ندییه‌كی توند‌و تۆڵ له‌نێوان خه‌ڵك و هێزی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی باكووری كوردستاندا هه‌یه، بزووتنه‌وه‌كه له رووی ئابوورییه‌وه سه‌ربه‌خۆیه، بزووتنه‌وه‌كه ته‌نیا بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی نییه، بزووتنه‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی وئایدۆلۆژیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه توانیوویه‌تی گۆڕانكاریی له هزر و كه‌سێتی تاكی كورددا بكات و له‌و هزر و كه‌سێتییه كلاسیكییه ده‌ربازی بكات كه دوژمن به‌سه‌ر گه‌لی كورددا سه‌پاندوویه‌تی.
له ئاستی دۆزی كورددا ئه‌كه‌په سیاسه‌تێكی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و ده‌سه‌ڵاتخوازی هه‌یه، نایه‌وێت مافی نه‌ته‌وه‌یی كورد بدات، ده‌یه‌وێت كورد بكات به مه‌قاشی ده‌ستی خۆی، ده‌یه‌وێت له هه‌ڵبژاردندا ده‌نگی كورد به‌ده‌ستبێنێت بۆیه رێگه‌ی داوه گه‌لی كورد هه‌ندی مافی سه‌ره‌تایی هه‌بێـت وه‌ك به‌كارهێنانی زمانی كوردیی، له ژێر په‌رده‌ی ئیسلام و كرانه‌وه به‌رووی كێشه‌ی كورددا ده‌یه‌وێت چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد دوابخات، ده‌یه‌وێت دووبه‌ره‌كی بخاته ناو ریزه‌كانی تێكۆشانی گه‌لی كورد. ئه‌گه‌ر تێكۆشانی گه‌لی كورد له باكووردا پێشبكه‌وێت و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ناو هه‌موو گه‌لی كورددا زیندووببێته‌وه، له سایه‌ی حكوومه‌تی ئه‌كه‌په‌دا یان له سایه‌ی حكوومه‌تی تردا گه‌لی كورد ده‌توانێت مافه‌كانی خۆی وه‌ربگرێت.
د. فایه‌ق گوڵپی
ساڵی 1957 له دایكبووه، ساڵی 1963 له شۆڕشی ئه‌یلوولدا باوكی شه‌هیدبووه، ساڵی 1981 كۆلێژی پزیشكی زانكۆی موسڵی ته‌واو كردووه، له‌سه‌ره‌تای ساڵی 1982 تا راپه‌ڕین پێشمه‌رگه بووه، ساڵی 1992-2002 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان بووه، ساڵی 2004-2008 سه‌رۆكی پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستان بووه، ئه‌ندامی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانه (ك ن ك)، وه‌ك پزیشكێكی پسپۆر له نه‌خۆشخانه‌ی فێركاریی سلێمانی كاری پزیشكی ده‌كات.
Shamzini79@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
