*لێكردنه‌وه‌ی پاشگری ئیسلامی له‌ئێستادا، زیان به‌هێزی یه‌كگرتوو ده‌گه‌یه‌نێت
*په‌یوه‌ندیی ئێمه له‌گه‌ڵ داد و گه‌شه‌پێدان زۆر ئیجابی بووه بۆ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و توركیا
* په‌كه‌كه زۆرجار گرفت بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات، به‌ڵام خه‌باتێكی نرخێندراویشی هه‌یه
* ناعه‌داله‌تییه‌كی زۆر هه‌یه له‌دابه‌شكردنی ده‌ستكه‌وته سیاسییه‌كان به‌سه‌ر هێزه كوردستانییه‌كاندا
د. موسه‌نا ئه‌مین ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی له رێی ئه‌م دیمانه‌یه‌وه باس له ئه‌گه‌ره‌كانی یه‌كگرتنی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ ده‌كات و پێیوایه هێشتا زه‌مینه‌ی ئه‌و كاره نه‌ڕه‌خساوه، له‌به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا باس له په‌یوه‌ندیی نێوان یه‌كگرتوو و داد و گه‌شه‌پێدان ده‌كات و هه‌رواش تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌زموونی كاركردنی ئه‌و حزبه ئیسلامییه له توركیا و له‌به‌شی كۆتایی دیمانه‌كه‌شدا هێما بۆ ره‌وشی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی عێراقی نوێ‌دا ده‌كات.
ئاسۆ: باس له‌وه ده‌كرێت كه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی یه‌كبگرن، ئایا هیچ هه‌نگاوێك هه‌یه له راستای یه‌كگرتنی ئه‌و دوو حزبه ئیسلامییه؟.
د. موسه‌نا: ئێمه وه‌كوو یه‌كگرتووی ئیسلامی هه‌رگیز باسی ئه‌وه‌مان نه‌كردووه كه یه‌كبگرین له‌گه‌ڵ برایانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، پێمانوایه هه‌رچه‌نده ئه‌و یه‌كگرتنه ئامانجێكی زۆر باش و چاكه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ته‌واوی یه‌كگرتن له‌ئارادا نییه، ئێستا كاتی یه‌كگرتن نییه، جۆره یه‌كگرتنێكیش ئه‌و ئامانجانه نه‌پێكێت و میكانیزمی گونجاوی بۆ ئاماده نه‌كرابێت، بێگوومان ده‌رئه‌نجامه‌كانی باش نابن. ره‌نگه تێكه‌ڵكردنی دوو ماڵ له‌گه‌ڵ یه‌كتری، ئه‌گه‌ر سه‌رئه‌نجام ببێته هۆكاری ناته‌بایی هه‌ر دراوسێ بن له‌گه‌ڵ یه‌كتر، باشتره.
ئاسۆ: له‌هه‌ڵبژاردنی حه‌وتی ئازاری رابردوو وه‌كوو هێزه ئیسلامییه‌كان ده‌نگێكی باشتان هێنا، به‌ڵام چاودێرانی سیاسیی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ئیسلامییه‌كان یه‌ك لیست بوونایه و ده‌نگه‌كانیان په‌رش و بڵاو نه‌بووایه‌ته‌وه، ئه‌وه ره‌نگه باڵانسی هێز له‌كوردستان بگۆڕایه، بۆچی ئه‌و یه‌ك لیستییه رووینه‌دا و ئێوه چۆن سه‌یری ئه‌و حاڵه‌ته ده‌كه‌ن؟.
د. موسه‌نا: بێگوومان یه‌كگرتن سوود و گرنگیی خۆی هه‌یه، وه‌كوو وتم یه‌كگرتن ئامانجێكی پیرۆز و چاكه، یه‌كگرتنی هێزه ئیسلامییه‌كان بێگوومان كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر دروستكردنی هێزێكی كاریگه‌ر و به‌هێز له‌كوردستاندا، به‌ڵام ئێمه پێمانوایه هێشتا زووه بۆ بڕیاری یه‌كگرتنی حزبه ئیسلامییه‌كان به‌تایبه‌ت یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی.
ئاسۆ: وه‌كوو خۆتان رێگرییه‌كانی به‌رده‌م یه‌كگرتنی هێزه ئیسلامییه‌كانی كوردستان له چیدا ده‌بیننه‌وه؟.
د. موسه‌نا: رێگرییه‌كان ئه‌وه‌ن كه ئێمه پێشتر به‌دوو پێشینه‌ی جیاواز كاری ئیسلامیمان كردووه، پێشتر تێگه‌یشتنمان زۆر جیاواز بووه له یه‌كتری، ئێستا ره‌نگه ئه‌و جیاوازییانه نه‌مابن به‌و شێوه‌یه‌ی كه شایانی باس بێت، به‌ڵام رێكخستنمان جیاوازه، سه‌ركردایه‌تیمان جیاوازه، پلانه‌كانمان بۆ كاركردن تا ئه‌ندازه‌یه‌ك جیاوازه، هه‌موو ئه‌مانه كاریگه‌رن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه‌دا نه‌توانین پێكه‌وه بین، به‌ڵام ئێمه هه‌میشه وتوومانه و به‌ستراتیجییه‌تی خۆمانی ده‌زانین كه له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه كوردستانییه‌كان به‌تایبه‌ت برا ئیسلامییه‌كانمان پێكه‌وه كار بكه‌ین و ستراتیجییه‌تی هاوبه‌ش دابنێین.
ئاسۆ: ئایا ره‌وتی گه‌شه له‌ناو یه‌كگرتووی ئیسلامی‌دا بوونی هه‌یه؟. به‌كورتی ئامانجه‌كانی ئه‌م ره‌وته چین و ئێوه چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن له هه‌موو رووه‌كانه‌وه؟.
د. موسه‌نا: ئه‌و ره‌وته بریتیبوون له كۆمه‌ڵه گه‌نجێكی دڵسۆزی یه‌كگرتوو، ره‌خنه‌یان هه‌بوو له‌هه‌ندێك هه‌ڵوێست و بڕیاری یه‌كگرتوو، ئه‌وان كۆمه‌ڵه گه‌نجێكی كه‌م بوون و هه‌ر خۆیشیان رایانگه‌یاند كه ئێمه ته‌واو بووین و ئه‌و كاره‌ی ویستمان بیكه‌ین، كردمان و ئێستا هیچ شتێكی تر نه‌ماوه بیكه‌ین بۆیه خۆمان هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه. دوای ئه‌وه‌ش كه گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ كردن، ده‌ركه‌وت كه ئه‌و كاره‌یان به‌مه‌به‌ستێكی دڵسۆزانه كردووه، هه‌ر خۆیشیان بڕیاریان دا كه ئیتر ئه‌و كاره رابوه‌ستێنن، چوونكه هیچ زه‌روره‌تێكی نه‌ماوه به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی یه‌كگرتوو به لیستی سه‌ربه‌خۆ به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كرد و هه‌ڵوێستی ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆی كاراتر كرد.
ئاسۆ: پۆسته باڵاكانی حزبه سیاسییه‌كانی كوردستان له‌مسه‌ری راسته‌وه بۆ ئه‌وسه‌ری چه‌پ، له عه‌لمانییه‌وه تا ئیسلامی له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه قۆرخكراون، یه‌كگرتووی ئیسلامیش به‌ده‌ر نییه له‌م هاوكێشه‌یه، ئێوه چۆن له قۆرخكاریی پۆسته باڵا حزبییه‌كانی یه‌كگرتوو ده‌ڕوانن؟. پێتوایه كه ئه‌مه سه‌رئه‌نجام ده‌بێته فاكته‌ری لێكترازان وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئه‌زموونی هه‌ندێك حزبی عه‌لمانیدا ده‌یبینین؟.
د. موسه‌نا: من پێموانییه كه له‌ناو یه‌كگرتوودا پۆسته باڵاكان قۆرخكرابن، به‌ڵام له‌ناو یه‌كگرتوودا وه‌ك هێزێكی سیاسیی په‌روه‌رده بوو به ئه‌خلاقی ئیسلامی، چاو بڕینه سه‌ر پۆسته سیاسییه گه‌وره‌كان و هه‌وڵدان بۆئه‌وه‌ی ببیته به‌رپرسی یه‌كه‌م، شتێكی نه‌خوازراوه له‌رووی ئه‌خلاقی ئیسلامییه‌وه، به‌تایبه‌ت كه تۆ ئامانج و پڕۆژه‌یه‌كی گرنگ و جیاوازت پێ نه‌بێت تا جێبه‌جێی بكه‌یت. له كۆنگره‌ی رابردووی یه‌كگرتوودا وه‌ك نه‌ریتێك كه تا ئێستا هیچ حزبێكی دیكه‌ی كوردستانی په‌یڕه‌وی نه‌كردووه، له كۆی سی و پێنج ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو، زیاتر له 11 ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، خۆیان ئاره‌زوومه‌ندانه پاشه‌كشه‌یان كرد و رێگه‌یان چۆڵكرد بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سی تر بێته پێشه‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌زموونێكی بێوێنه‌یه كه له نه‌ریتی حزبه كوردستانییه‌كانی تردا بوونی نییه.
ئه‌گه‌ر باسی كه‌سی یه‌كه‌می یه‌كگرتوو بكه‌ین كه ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتووه، ئه‌وه له كۆنگره‌ی پێشووه‌وه یه‌كگرتوو هه‌نگاوێكی گرنگی نا و ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌مینداری گشتیی دابه‌شكران به‌سه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیدا كه سه‌رۆكایه‌تی مه‌كته‌بی سیاسیی و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و سه‌رۆكایه‌تی شورای ناوه‌ندیی حزبه. ئه‌م سێ كه‌سه سێ سه‌ركرده‌ن و ده‌سه‌ڵاتیان له‌سه‌ر دابه‌شكراوه و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ده‌سه‌ڵاته ته‌نفیزییه‌كانیش دراوه‌ته‌وه به مه‌كته‌بی سیاسیی كه ئێستا سه‌رۆكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه و پێشتر و دوو ده‌وره پێش ئێستا هه‌ر ئه‌مینداری گشتیی به‌رپرسی بوو، پێشتر هه‌ر ئه‌مینداری گشتیی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیش بوو، به‌ڵام ئێستا خۆی سه‌رۆكی هه‌یه، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش جۆرێك بوو له‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه یه‌كگرتوو و خودی ئه‌مینداری گشتیی هه‌یه‌تی كه ده‌بێت ده‌سه‌ڵاته‌كان دابه‌ش بكرێن و قۆناغێكی گواستنه‌وه هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا كه‌سی تر هه‌بێت كه بتوانێت پۆستی ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتوو وه‌ربگرێت.
ئاسۆ: ئایا لێكردنه‌وه‌ی پاشگری "ئیسلامی" یارمه‌تی كرانه‌وه‌ی زیاتری یه‌كگرتوو نادات و وای لێناكات ببێته هێزێكی كاریگه‌ری وه‌كوو پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا؟. ئایا لێكردنه‌وه‌ی پاشگری ئیسلامی له‌ناوی یه‌كگرتوو چۆن ده‌بینن و پێتانوایه كارێكی ئیجابی ده‌بێت و هیچ ناشه‌رعییه‌كیشی تێدا نییه؟.
د. موسه‌نا: پێموایه ئه‌وه بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆر ساده و ساكاره، كه پێیوایه پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان به‌لێكردنه‌وه‌ی پاشگری ئیسلامی وا به‌هێز بووه، جارێ پارتی گه‌شه‌پێدان و هیچ حزبێكی تری ئیسلامی له مێژووی توركیادا پاشگری ئیسلامی پێوه نه‌بووه، ده‌ستووری ده‌وڵه‌تی توركیا ئه‌سڵه‌ن رێگا نادات به دامه‌زراندنی حزبێك ناوی ئیسلامی پێوه بێت یان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ئاینیی دروست ببێت. مه‌به‌ستم له‌وه‌یه سه‌ركه‌وتنه‌كانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان بۆ ئه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه پاشگری ئیسلامی به‌ناوه‌كه‌یه‌وه نییه، به‌ڵكو سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌و حزبه په‌یوه‌سته به بونیاد و پڕۆژه‌كانیانه‌وه، بۆ سه‌ركرده كاراكانی ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رجه سیاسیی و ئابوورییه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌و حزبه تێدا هاتۆته كایه‌وه، بۆ پشتگیرییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه، نه‌ك په‌یوه‌ست بێت به‌وه‌ی پاشگری ئیسلامی له‌ناوه‌كه‌ی كردبێته‌وه، وه‌كوو وتم هه‌لومه‌رج و بارودۆخی سیاسیی توركیا یارمه‌تیده‌ری ئه‌وان بووه، چوونكه ره‌وتی ئیسلامی له توركیادا ره‌وتێكی به‌هێزه و پێشتریش له‌وێ حزبی ره‌فاه توانی حكوومه‌ت بباته‌وه، به‌ڵام دواتر له‌رێی ده‌ستووری توركیاوه هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه سه‌ركه‌وتنه‌كانی داد و گه‌شه‌پێدان هی لێكردنه‌وه‌ی پاشگریی ئیسلامیی نییه له ناوی حزبه‌كه‌یان به‌ڵكو هی پڕۆژه‌كانیانه.
ئاسۆ: پێتوانییه ئیسلامییه‌كانی كوردستان زۆر له‌وه داخراوترن كه خه‌ڵكانی عه‌لمانی له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگیان پێ بده‌ن، هه‌روه‌ك چۆن له ئه‌زموونی داد و گه‌شه‌پێداندا ئه‌وه ده‌بینین كه خه‌ڵكانی عه‌لمانی به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌نگی پێده‌ده‌ن؟.
د. موسه‌نا: ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه پڕۆژه‌ی سیاسیی له‌سه‌ر بنه‌مای ریزبه‌ندیی ئایدۆلۆژیی نه‌بێت، بۆ نموونه پڕۆژه‌یه‌كی سیاسیی بێت كه خزمه‌ت به‌هه‌مووان بكات و هه‌مووان ده‌نگی پێبده‌ن، به‌س ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه نییه چه‌ندێك حزبه‌كانی ئێمه كراوه بن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه، به‌ڵكو به‌داخه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ئه‌و هۆشیارییه سیاسییه‌ی نییه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌نگ بدات، چوونكه پێشوه‌خت جۆرێك له دابه‌شبوونی ئایدۆلۆژیی و فكریی و بنه‌ماڵه‌یی و سیاسیی هه‌یه له‌كوردستاندا، به‌ڵام رێژه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه بێلایه‌نن و ده‌كرێ له رێی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌وه خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، تائێستا رێژه‌یه‌كی كه‌م و سنوورداره. ئه‌گه‌ر ئێمه بزانین له كوردستاندا كرانه‌وه‌ی سیاسیی ده‌بێته هۆی ده‌نگێكی زۆری هه‌قیقی كه گۆڕانی جیددی پێ بكرێت و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌كانی كوردستان ئاماده‌ن كورسییه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن و وه‌زعی سیاسیی و هه‌ڵبژاردن وه‌ك توركیای لێ بێت و سندوقه‌كانی ده‌نگدان خه‌ڵك بخه‌نه سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات نه‌ك پێوه‌ری تر، ئه‌وكاته ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وت و بۆچوونه‌دا ده‌بووین كه ئێوه باسی ده‌كه‌ن.
ئێمه پێمانوایه لێكردنه‌وه‌ی پاشگری ئیسلامی له‌ئێستادا، نه‌ك خزمه‌ت به‌و مه‌به‌سته ناكات، به‌ڵكو زۆر زیانیشمان پێده‌گه‌یه‌نێت، یانی زیان به‌هێزی یه‌كگرتوو ده‌گه‌یه‌نێت، چوونكه له‌ئێستادا یه‌كگرتوو جه‌ماوه‌رێكی باش و تایبه‌تی خۆی هه‌یه. ئیسلامیبوونی یه‌كگرتووش نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه به‌ناوی یه‌كگرتوو، به‌ڵام كرانه‌وه‌ی سیاسیی یه‌كگرتووش نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه به‌لێكردنه‌وه‌ی وشه‌ی ئیسلامی، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكێكی هۆشیار هه‌بن و ده‌نگ به‌پڕۆژه و كه‌سه سه‌ركه‌وتووه‌كان بده‌ن، ئه‌وكاته ئه‌و كه‌سه هۆشیارانه كه ئایدۆلۆژیی نین، بیر له‌وه ناكه‌نه‌وه، ئه‌و هێزه ناوه‌كه‌ی ئیسلامییه یان نا؟ بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه‌سه‌كان سه‌ركه‌وتوون و پڕۆژه‌كانیان سه‌ركه‌وتووه، ئێمه بۆچی كار له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌كه‌ین هۆشیاریی خه‌ڵك بگه‌یه‌نینه ئه‌و ئاسته‌ی واز له‌بڕیاری پێشوه‌خت بهێنن؟.
ئاسۆ: ده‌وترێت په‌یوه‌ندیی ئاكه‌په و یه‌كگرتوو له‌سه‌ر حسابی په‌كه‌كه‌یه؟. ئایا په‌یوه‌ندیی ئێوه له‌گه‌ڵ توركیا چۆنه و چۆن ده‌ڕواننه پارتی كرێكارانی كوردستان؟.
د. موسه‌نا: پێموایه ئه‌مه درۆ و تۆمه‌ته بۆ یه‌كگرتوو كه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ر حسابی په‌كه‌كه یان هه‌ر هێزێكی سیاسیی تری كوردستانی توركیا دروستكردووه، ئێمه پێمانوایه ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی ئێمه زۆر ئیجابی بووه بۆ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا، ره‌نگه به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌مه ئه‌وه‌بێت كاتێك وه‌فدی حزبه كوردستانییه‌كان نێردران بۆ توركیا، به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتوو وه‌فده‌كه چوون بۆ توركیا، ئه‌وه‌ش ره‌مزێك بوو بۆ نرخاندنی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ په‌یوه‌ندییه باشه‌كانی یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ توركیا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی ئێمه هه‌مانه، هه‌موو حزبه سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌یانه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه كه په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ توركیا شه‌فاف و روونه و ئه‌وه‌ش ستراتیجی نه‌گۆڕی یه‌كگرتووه كه هیچ كاتێك رێگه به‌وه نادات كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌وڵه‌تێك به‌سلبی بشكێته‌وه له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد له‌هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستاندا.
خاڵێكی تر كه ستراتیجێكی نه‌گۆڕه بۆ په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی یه‌كگرتوو ئه‌وه‌یه، ئێمه سه‌ربه‌خۆیی بیر و بڕیاری سیاسیی خۆمان نافرۆشین به‌هیچ نرخێك و قبوڵی هیچ جۆره په‌یوه‌ندیی و هاوكارییه‌ك ناكه‌ین له‌گه‌ڵ هیچ ده‌وڵه‌تێك كه مه‌رجدار بێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئازادیی سیاسیمان له‌ده‌ست بده‌ین یان ببینه به‌شێك له پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌منی و ستراتیجی وڵاتێكی تر دژ به‌خه‌ڵك و خاك و نه‌ته‌وه‌ی خۆمان. په‌كه‌كه‌ش، زۆرجار گرفت بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات، به‌ڵام خه‌باتێكی نرخێندراویشی هه‌یه بۆ ئازادیی خه‌ڵكی كوردستانی توركیا، په‌كه‌كه ئه‌وه‌نده‌ی ئیجابیاتی هه‌یه ئێمه ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌ین، ئه‌وه‌نده‌ی سلبیاتیان هه‌یه ره‌خنه‌یان لێ ده‌گرین. پێموایه ره‌خنه‌گرتنی ئێمه له په‌كه‌كه وه‌ك ره‌خنه‌گرتنی هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی تری كوردستانه، كه هه‌ندێكجار ئه‌وه موراعات ناكه‌ن، هه‌لومه‌رجێكی ناسك هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان، كه ده‌بێ بپارێزرێت و په‌كه‌كه ره‌چاوی بكات. خاڵێكی تر كه ئێمه هه‌مانه له‌سه‌ر په‌كه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئێمه ده‌ڵێین سه‌رده‌می چه‌ك و پۆلیس و عه‌سكه‌ر كوشتنی تورك ته‌واو بوو، ئه‌مه خزمه‌ت به‌كێشه‌ی كورد ناكات، ئه‌م ره‌خنه‌یه‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی په‌كه‌كه و كوردستانی توركیاشه، چوونكه ئه‌م سه‌رده‌مه، سه‌رده‌می خوێنڕشتن و شۆڕشی چه‌كداریی نییه، ئه‌م قسه‌یه‌ی ئێمه‌ش قسه‌یه‌كه كه مام جه‌لال ده‌یكات، كاك مه‌سعود ده‌یكات و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌چالاكه‌وانی په‌كه‌كه‌ش هه‌مان قسه ده‌كه‌ن.
ئاسۆ: بابێینه‌وه سه‌ر عێراق و بپرسین، ئێستا فراكسیۆنێكی كوردیی بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غداد پێكهاتووه، به‌ڵام پێتوانییه وه‌ك هه‌میشه بڕیاره گرنگه‌كانی پابه‌ند به‌عێراق پارتی و یه‌كێتی ده‌یده‌ن؟.
د. موسه‌نا: به‌دڵنیاییه‌وه هه‌روابووه و ئه‌مه شتێكی نوێ نییه، به‌ڵام پێموایه ئه‌مه پێشێلكردنی ئه‌و هاوپه‌یمانییه كوردستانییه‌یه كه ئێستا هه‌یه، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا پێمانوایه كه بوونی ئه‌م لیژنه‌یه بۆخۆی گرنگه و پێشكه‌وتنێكه له چۆنێتی رێكسختنه‌وه‌ی ماڵی كورد، تائێستا ئێمه ئه‌و لیژنه‌یه‌مان پێ باشه و ئه‌نجامی هه‌یه و پێویستیشه به‌رده‌وام بێت، ئه‌و خروقاتانه‌شی رووده‌ده‌ن پێویسته تۆمار بكرێن و بیری براده‌رانی یه‌كێتی و پارتی بخرێته‌وه كه ئه‌مجۆره خروقاتانه خزمه‌ت به‌رێكخستنه‌وه‌ی ماڵی كورد ناكات، خزمه‌ت به‌پێگه‌ی سیاسیی و ستراتیجی كورد ناكات له عێراقدا، له‌هه‌مان كاتدا هه‌رجۆره كه‌لێنێك له‌ناو حزبه كوردستانییه‌كاندا به‌ترسناك ده‌زانین بۆ ئه‌و پێگه‌یه‌ی كورد ده‌یبێت له داهاتووی عێراقدا.
ئاسۆ: به‌بڕوای ئێوه پێداگریی سه‌رسه‌ختی كورد له‌پۆستی سه‌رۆك كۆماریی سه‌رئه‌نجام له‌سه‌ر حیسابی مادده‌ی سه‌د و چل و گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كان بۆ سه‌ر كوردستان ته‌واو نابێت؟.
د. موسه‌نا: بوونی پۆستێكی سیادیی گه‌وره بۆ كورد گرنگه و به‌پێچه‌وانه‌وه زه‌مانه‌تێكه بۆ جێبه‌جێبوونی مادده ده‌ستوورییه‌كانی وه‌كوو سه‌د و چل، چوونكه لاوازبوونی پێگه‌ی كورد له‌و پۆسته سیادییانه‌دا كاریگه‌ر ده‌بێ له‌سه‌ر په‌ڕاوێزخستنی كورد و فه‌وتانی به‌شێك له‌مافه‌كانی و جێبه‌جێ نه‌بوونی ئه‌و مادده ده‌ستوورییانه، له‌به‌ر ئه‌وه پێداگریی كورد له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته سیادییانه له‌جێی خۆیه‌تی و ئێمه به‌گرنگی ده‌زانین.
ئاسۆ: پۆسته باڵاكانی كورد له‌حكوومه‌تی عێراقیدا ته‌نیا بۆ نوێنه‌ره‌كانی پارتی و یه‌كێتی بوون؟ ئایا ئێوه قبوڵی ده‌كه‌ن دیسان له‌م حكوومه‌ته‌شدا هه‌مان ئه‌زموون دووباره ببێته‌وه؟.
د. موسه‌نا: ناعه‌داله‌تییه‌كی زۆر هه‌یه له‌دابه‌شكردنی ئه‌و ده‌ستكه‌وته سیاسییانه به‌سه‌ر هێزه كوردستانییه‌كاندا، ئێمه داوای شتێكی خه‌یاڵیمان نه‌كردووه، داوامان كردووه رێز له‌رێژه‌ی ئێمه بگیرێت، ده‌ستكه‌وته‌كانیش به‌و رێژه ئینتخابییه‌ی كه هه‌یه دابه‌ش بكرێ، جا ئه‌گه‌ر ئه‌و ئیستحقاقه ئێمه‌ی گه‌یانده وه‌زاره‌تێك یان دووان، ده‌بێت پێمان بدرێت. خاڵێكی تریش ئه‌وه‌یه ده‌ستكه‌وته سیاسییه‌كان ته‌نیا وه‌زاره‌ته‌كان نین، به‌ڵكو سه‌فاره‌ته‌كانه، به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كانه، راوێژكاری وه‌زاره‌ته‌كانه، بریكاری وه‌زیره، ئه‌مانه هه‌مووی پۆستی گرنگن و كاریگه‌ریی زۆریان هه‌یه له‌سه‌ر پێگه‌ی سیاسیی هه‌ر حزبێك. ئێمه پێمانوایه وه‌ك هێزێكی سیاسیی كوردیی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردنمان هه‌یه كه به‌ئه‌ندازه‌ی خۆمان ئه‌و پۆستانه وه‌ربگرین، ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌كرێت، زیانی گه‌وره به‌ناوماڵی كوردیی ده‌گات.
ئاسۆ: پارتی و یه‌كێتی هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان دوابخه‌ن و لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن و ئێوه‌ش وه‌ك یه‌كگرتوو داوای رای په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی نه‌بوو چی ده‌كه‌ن؟.
د. موسه‌نا: پێمانوایه ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره به‌وشێوه‌یه هه‌ڵه‌یه، ده‌بێت په‌رله‌مان بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه بدات كه ئه‌و هه‌ڵبژاردنه دوا ده‌كه‌وێت یان نا؟. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانیش له‌م مه‌سه‌لانه‌دا سنووردار بێت. له‌كاتێكدا دوو حزب بڕیار ده‌ده‌ن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ یاسا و ده‌ستوور تا هه‌ڵبژاردن پێش یان دوابخرێت بۆخۆی خروقاته و كارێكی مه‌ترسیدار و هه‌ڵه‌یه و ده‌بێ ئه‌مه موراجه‌عه بكرێته‌وه له‌لایه‌ن مه‌رجه‌عێكی ده‌ستووریی وه‌ك په‌رله‌مانه‌وه، ئه‌گه‌ریش هیچ ئه‌نجامێك نه‌بوو له په‌رله‌مانه‌وه، له‌وه‌ختی خۆیدا هه‌ر حزبه خۆی بڕیار ده‌دات كه چی شتێك پێویسته تا بیكات.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
