* له مێژووی فه‌رهه‌نگی سیاسیی ئێمه‌دا شتێك نییه به‌ناوی داننان به ئۆپۆزیسیۆن و قبوڵكردنی
* له گرنگترین سیماكانی ئۆپۆزیسیۆن له كوردستان كه‌م ئه‌زموونییه له كاركردنی په‌رله‌مانیدا
*ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتا‌ر و له‌رزۆكه‌كانن له ئۆپۆزیسیۆن ده‌ترسن نه‌ك ده‌سه‌ڵاته دیموكراسی و ته‌ندروسته‌كان
* ده‌بێت گۆڕان گرێی ململانێی تاك لایه‌نه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی تێپه‌ڕێنێت
زوبێر ره‌سوڵ مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی سه‌لاحه‌دین له رێی ئه‌م دیمانه تایبه‌تییه‌وه تیشك ده‌خاته سه‌ر واقیع و شێوه‌ی كاركردن و هه‌ڵسووڕانی ئۆپۆزیسیۆن و پێیوایه هه‌م ئۆپۆزیسیۆن له سه‌ره‌تادایه و دیارده‌یه‌كی تازه‌یه له كوردستان و هه‌م ده‌سه‌ڵات له كوردستان بۆ یه‌كه‌مجاره له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنێكی فیعلی به‌ره‌و رووه. ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆی سه‌لاحه‌دین پێیوایه ئۆپۆزیسیۆن رۆڵێكی گرنگ و بایه‌خدار ده‌گێڕن له واقیعی نوێ و هه‌نووكه‌یی كوردستاندا. پاشان تیشك ده‌خاته سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و رایده‌گه‌یه‌نێت كه فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان توانیوویانه وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنێكی چالاك و راسته‌قینه به‌رۆڵی خۆیان هه‌ستن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت كه پێویسته به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌نگاوی بوون به حزبی سیاسیی بۆ دوای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی كوردستان دوابخات و هه‌روه‌ك رایده‌گه‌یه‌نێت كه پێویسته فۆرم و شێوه‌ی حزبه نوێیه‌كه جیاوازیی زۆربێت له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی تری گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان.
ستیڤان: ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له‌كوردستان تارادده‌یه‌ك نوێیه و ده‌كرێت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ئه‌و پێویستییه له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین. ده‌مانه‌وێت پرسیار بكه‌ین ئایا ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له‌كوردستان تا چه‌ند توانیوێتی وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنێكی راسته‌قینه مامه‌ڵه بكات؟. سیما و فۆرمی سه‌ره‌كیی ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه چییه؟.
زوبێر ره‌سوڵ: ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی چ وه‌ك چه‌مك و چ وه‌ك پێكهاته‌یێكی سیاسیی دیارده‌یێكی نوێیه له كوردستاندا به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی زانسته سیاسییه‌كاندا پێیده‌وترێت ئۆپۆزیسیۆنی په‌رله‌مانی، ئێمه‌ی كورد هه‌رچه‌نده مێژووێكی درێژمان هه‌یه له ئۆپۆزیسیۆنی چه‌كداریی، به‌ڵام ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه مێژووییه‌ی ئێمه ئۆپۆزیسیۆنێك بووه دژی سیستمێكی توتالیتار كه رژێمی به‌عس بووه، له مێژووی فه‌رهه‌نگی سیاسیی ئێمه‌دا شتێك نییه به‌ناوی داننان به ئۆپۆزیسیۆن و قبووڵكردنی وه‌ك به‌شێكی ته‌ندروست له پرۆسه‌ی سیاسیی‌دا. مێژووی ئه‌و پێكهاته ته‌ندروسته‌ی ده‌ركه‌وتنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له كوردستاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25-7 واتا ده‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به خاڵی وه‌رچه‌رخان داده‌نرێت له پرۆسه‌ی سیاسیی‌دا چ وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن و چ وه‌ك روانگه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش، مامه‌ڵه‌كردنی ئۆپۆزیسیۆنیش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی‌دا به‌ده‌ر نییه له‌ئه‌زموونێكی سه‌ره‌تایی و دواتریش سروشتی ئه‌و دۆخه‌ی كه ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی تیادا هاتۆته ئاراوه له كوردستاندا كه به‌رهه‌می ململانێ و گروپگه‌رێتی نێوان حزبێكی ماندوو بووه له په‌یكه‌ر و رێكخستن و پێكهاته‌دا.
بۆیه ئه‌مه ده‌كرێت تا چه‌ند ساڵێكی تریش كاریگه‌ریی هه‌بێت به‌سه‌ر سایكۆلۆجیای پێوه‌ندیی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له كوردستاندا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌وانه‌یه غه‌درێكی گه‌وره بێت ئه‌گه‌ر بڵێین ئۆپۆزیسیۆن له‌و ته‌مه‌نه كورته‌یدا به كاراكته‌رێكی پاسیڤ وه‌سفی بكرێت، ئه‌وه‌ی ئومێد به‌خشه زیاتر ئه‌وه‌یه ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه ساوایه توانیوویه‌تی نوێنه‌رایه‌تیێكی باشی ئه‌و ده‌نگه تووڕه و ناڕه‌زاییانه بكات كه له هه‌رێمی كوردستاندا ماوه‌یه‌ك بوو له قۆناغی كپكردندا بوون.
له گرنگترین سیماكانی ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه، كه‌م ئه‌زموونییه له كاركردنی په‌رله‌مانیدا، دواتریش ره‌چاوكردنی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان جیا ده‌كاته‌وه له ناوچه‌كانی تری عێراقدا، چوونكه ئۆپۆزیسیۆن به‌ر له هه‌ر شتێك ده‌بێت ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه بێت كه له‌كوردستاندا هه‌یه، كه‌چی من پێموایه له‌م رووه‌شه‌وه ئۆپۆزیسیۆن سه‌ركه‌وتووانه و به‌رپرسانه توانیوویه‌تی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه هه‌ستیاره‌ی كوردستاندا بكات. خۆ ئه‌گه‌ر قسه‌كردنیشمان له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌ی ئه‌و دواییه‌ی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس "سه‌رده‌شت عوسمان" بێت كه ئۆپۆزیسیۆن وه‌ك مه‌له‌فێكی سیاسیی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كرد پێموایه ئه‌و حاڵه‌ته هێشتا زووه حوكمێكی پێشوه‌خته‌ی له‌سه‌ر بده‌ین چوونكه ئه‌و دۆسێیه هه‌ندێك تێكه‌ڵی و ئاڵۆزیی پێوه دیاره و من ناتوانم بیخه‌مه ریزی مامه‌ڵه‌یه‌كی نادروستی ئۆپۆزیسیۆن.
ستیڤان: حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان هه‌میشه به‌چاوی نه‌یار و دوژمنه‌وه له ئۆپۆزیسیۆن ده‌ڕوانن و به‌وه تاوانباری ده‌كه‌ن، ده‌یه‌وێت له شكۆی ده‌سه‌ڵات بهێنێته خواره‌وه و ته‌نانه‌ت به‌وه تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن به‌هۆی ده‌ستی ده‌ره‌كییه‌وه دروستبوون!، ئێوه چۆن ئه‌م دیتن و روانینانه لێكده‌ده‌نه‌وه؟. ئایا ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له‌كوردستان هێنده خه‌ته‌رناكه یان ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته توانی مامه‌ڵه‌یه‌كی ئاسایی نییه له‌گه‌ڵیدا؟.
زوبێر ره‌سوڵ: هه‌روه‌ك دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن دیارده‌یێكی نوێیه له كوردستاندا به‌هه‌مان شێوه ده‌سه‌ڵاتێكیش كه چاوی ئۆپۆزیسیۆنی له‌سه‌ر بێت و چاودێریی كرده‌وه‌كانی بكات و هه‌میشه دیوه نێگه‌تیڤه‌كانی نیشان بدات، ئه‌و جۆره ده‌سه‌ڵاته‌ش فۆرمێكی تازه‌یه له كوردستاندا، من پێموایه ئه‌و قۆناغه‌ی كه ئێستا پێوه‌ندیی هه‌ریه‌كه له ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵاتی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت قۆناغی نه‌بوونی متمانه‌یه، یاخود به‌مانایێكی تر قوناغێكی ترسئامێزه له نێوان هه‌ریه‌كه له ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌كرێت له هه‌مان كاتیش‌دا ناوی بنێین قۆناغێكی راگوزه‌ره، ئۆپۆزیسیۆن له كوردستاندا نه‌ك حاڵه‌تێكی مه‌ترسیدار نییه به‌ڵكو دروستكه‌ری ئومێدێكی سیاسییه لای زۆرینه‌ی هاووڵاتیانی كوردستان.
ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی توانی له كوردستاندا ئه‌و ده‌نگ و ره‌نگه تۆراو و په‌ڕاوێزخراوانه كۆبكاته‌وه و له ئه‌جێندایێكی سیاسیی‌دا فۆرمۆڵه‌ی بكاته‌وه به‌بێئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌باره ناڕه‌زاییه بچێته قۆناغی به‌رهه‌مهێنانی توندوتیژیی و ناسه‌قامگیریی سیاسیی، چوونكه ئه‌گه‌ر به‌وردیی له دیمه‌نه‌كانی پێوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگادا بڕوانین له هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌وا ده‌توانین هه‌ر له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس له عێراقدا ده‌رك به دابڕان و بێمتمانه‌یی بكه‌ین له نێوان هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار و چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌ر له‌وكاته‌دا ئه‌گه‌ر هێزێكی سیاسیی رێكخراو هه‌بوایه ده‌یتوانی قه‌باره‌ی ئه‌و دابڕانه له رێكخراو و فۆرمێكی ئۆپۆزیسیۆندا كۆبكاته‌وه، ده‌ركه‌وتنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له كوردستاندا بڕوای من شه‌ش ساڵ دواكه‌وت له‌به‌ر قووڵبوونه‌وه‌ی ناكۆكییه حزبییه‌كان و ئه‌و پاشخانه‌ی كه شه‌ڕی ناوخۆ جێیهێشت به‌سه‌ر دیدگابینی و روانینی تاكی كوردیی بۆ ئۆپۆزیسیۆن، چوونكه قۆناغه‌كانی بونیاتنانی ده‌سه‌ڵاتی كوردیی هه‌ر له 1991وه تاوه‌كو 2005 بریتی بووه له قبووڵنه‌كردنی ئۆپۆزیسیۆن و خستنه ده‌ره‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنكاران و په‌ڕاوێزخستنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات تا ئه‌و ئاسته‌ی هاوكێشه‌یه‌ك دروست بێت له زهنیه‌تی تاك و حزبه سیاسییه‌كانیش كه ئه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن بێت ده‌چێته خانه‌ی په‌ڕاوێزخستن و لاوازبوونه‌وه.
نموونه‌شمان ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی به‌شدارییكردنی هه‌ر چوار حزبه‌كه‌یه له كابینه‌ی پێنجه‌م و خولانه‌وه‌یان له نێوان ئۆپۆزیسیۆنبوون و به‌شدارییكردن له حكوومه‌تدا، نه‌ك ئه‌وه به‌ڵكو ئه‌و هه‌وڵه تاكه كه‌سییانه‌ی كه دراویشن بۆ یاخیبوون له هه‌ردوو حزبه سه‌ره‌كییه‌كه هه‌میشه هه‌وڵی شكستخواردوو بوونه، له دیوێكی تردا من هه‌ر كردار و هه‌ڵوێستێكی ئۆپۆزیسیۆن به ئاستی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌بینم له خودی لۆجیكی ئۆپۆزیسیۆنبوون، ئۆپۆزیسیۆن هه‌میشه پارێزه‌ری وێنه‌كردنی رایه‌ڵه شه‌رعییه‌كانی ده‌سه‌ڵاته، چوونكه هه‌ر كاتێك ئه‌و رایه‌ڵه لاواز بێت ئۆپۆزیسیۆن زه‌نگی ئاگاداربوونه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات لێده‌دات و پێیده‌ڵێت تۆ له‌و شوێنه‌دا ئاستێكی باش پێشكه‌ش ناكه‌یت، به‌بڕوای من ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتا‌ر و له‌رزۆكه‌كانن كه له ئۆپۆزیسیۆن ده‌ترسن نه‌وه‌ك ده‌سه‌ڵاته دیموكراسی و ته‌ندروسته‌كان.
ستیڤان: به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی چۆن له‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڕوانن؟. پێتانوایه ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه كه ئێستا هه‌نگاو بۆ بوون به‌حزب ده‌هاوێژێت ده‌توانێت ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه چه‌قبه‌ستووه‌ی دوو ده‌یه‌ی رابردوو رابماڵێت؟. به‌كورتیی چۆن سه‌یری مامه‌ڵه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ده‌كه‌ن و خاڵ به‌هێز و لاوازه‌كانی له‌چیدا ده‌بیننه‌وه؟.
زوبێر ره‌سوڵ: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك هه‌ر رێكخراو و پارتیێكی سیاسیی تر كه ئێستا له كوردستان هه‌یه به‌ده‌ر نییه له خاڵه به‌هێز و لاوازه‌كانی، به‌ڵام به‌بروای من خاڵه به‌هێزه‌كانی زۆر زیاترن له خاڵه لاوازه‌كانی، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌ر له‌هه‌ر شتێك ده‌بێت وه‌ك ده‌رهاویشته‌یێكی پرۆسه‌ی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی له كوردستاندا سه‌یر بكرێت، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه لایه‌نێكی نامۆ نییه به پرۆسه‌ی سیاسیی و كۆمه‌ڵگای كوردیی به‌ڵكو به‌رهه‌می ئه‌و قه‌یران و قۆناغه سیاسییه‌یه كه پرۆسه‌ی سیاسیی و حزبه سیاسییه‌كانی تر له دوای راپه‌ڕینه‌وه به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن، هاتنه پێشه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ر له‌هه‌ر شتێك پێمان ده‌ڵێت كه بونیادی حزب و حكوومه‌ت و دامه‌زراوه سیاسییه‌كان له كوردستاندا له قه‌یراندان و پێویستیان به پێداچوونه‌وه و بونیاتنانه‌وه هه‌یه، به‌تایبه‌تیش فۆرمی حزبایه‌تیكردن، هه‌ردوو پارتییه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ش ئه‌وه‌یان نه‌شاردۆته‌وه به‌ئاشكرا و به‌نهێنی بێت ئێستا هه‌وڵێك هه‌یه له‌ناو سه‌ركردایه‌تی هه‌ردوو حزبه‌كه بۆ نوێكردنه‌وه‌ی حزب له‌سه‌ر ئاستی كادێر و پڕۆگرام و رێكخستنه‌كانی حزبه‌وه.
سه‌باره‌ت به له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌م ئه‌و بزووتنه‌وه‌یش من وایده‌بینم هاتنه كایه‌وه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له‌سه‌ره‌تادا زاده‌ی بزووتنه‌وه‌یێكی جه‌ماوه‌ریی نه‌بووه به‌ڵكو زاده‌ی نێوان ململانێ و گروپبه‌ندیی ناو تاكه حزبێكی دیاریكراو بووه، ئه‌مه وایكردووه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ماندوو بوون و ئه‌ركێكی زۆرتری بكه‌وێته ئه‌ستۆ تاوه‌كو بتوانێت ئه‌م دۆخه سایكۆلۆجی و سیاسییه لای جه‌ماوه‌ری كوردستان بڕه‌وێنێته‌وه خۆی له قاڵبێكی سه‌رتاسه‌رییدا نمایش بكات، چوونكه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كانی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كانی عێراقیش ئه‌و راستییه‌مان پێده‌ڵێن كه دوو له‌سه‌ر سێی ده‌نگه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتین یاخود هی ناوچه ئیدارییه‌كانی نفوزی یه‌كێتین، ئه‌م دۆخه دۆخێكی جێگیر نییه، به‌ڵام كاتێكیشی پێویسته تاوه‌ك ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بتوانێت به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕێت، له‌لایێكی تره‌وه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌بێت هه‌وڵبدات له سلێمانی بێته ده‌ره‌وه و چالاكییه‌كانی زیاتر بێت له ناوچه‌كانی دهۆك و هه‌ولێر، ئه‌گه‌رچی ئه‌نجامیشیان كه‌م بێت، خاڵی سێیه‌م ئه‌وه‌یه ده‌بێت گۆڕان گرێی ململانێی تاك لایه‌نه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی تێپه‌ڕێنێت ئه‌گینا ئه‌مه به‌جۆرێك له جۆره‌كان بارگاویبوونه به یه‌كێتی و نه‌هجی كاركردنی یه‌كێتی ده‌سه‌لمێنیت.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا گۆڕان خۆی له‌فۆرمێكی حزبییدا كۆبكاته‌وه یان هه‌ر به‌و شێوه‌یه بمێنێته‌وه؟. من پێموایه نابێت گۆڕان بكه‌وێته به‌ر هه‌ڵه‌ی دروستكردنی حزبێكی سیاسیی و سومبولی سیاسیی و باره‌گای حزبی فراوان ئه‌گینا ئه‌مه نزیكی ده‌كاته‌وه له دیمه‌نی حزبه سیاسییه‌كانی تر، حیكمه‌تی بوونی گۆڕان له‌وه‌دایه كه بتوانێت پارێزگاریی له‌جیاوازیی فۆرمی كاركردنی خۆی بكاته‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر، ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێویستی به‌رێكخستنێكی سیاسیی سه‌رتاسه‌ریی نییه، به‌ڵام ستایل و فۆرمه‌كه‌ی ده‌بێت كاڵتر و شه‌فافتر بێت له‌كاری حزبه‌كانی تر، هه‌روه‌ها رێژه‌ی كادێره‌كانیشی ده‌بێت كه‌متر و كه‌م ئه‌رك و مه‌سره‌فتر بێت له‌لایه‌نه‌كانی تر، واتا نه‌بێته بارگرانیێكی ماددیی بۆ سه‌ر حكوومه‌ت. بڕیاردان له هه‌ڵبژاردنی كام فۆرمی رێكخستنی سیاسیی بۆ گۆڕان؟، من پێوایه پێویستی به‌دیراسه‌كردن و راپرسیێكی زۆرتر هه‌یه. من وه‌ك تێبینی تایبه‌تی خۆم پێموایه ده‌بێت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و بریاره نه‌دات له ئێستادا تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانیش ئه‌نجام ده‌درێت و ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هه‌ر سێ پێگه‌كه‌ی خۆی ده‌چه‌سپێنێت و قه‌باره‌ی خۆی زیاتر بۆ روون ده‌بێته‌وه، ئه‌وجا بیر له دروستكردنی رێكخستنێك بكاته‌وه.
ستیڤان: یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌رده‌وام له‌رێی تۆمه‌تباركردنی گۆڕان به‌وه‌ی كار له‌سه‌ر تێكشكاندنی ئه‌و ده‌كات، هێرش ده‌كاته سه‌ر ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه. به‌بڕوای ئێوه گۆڕان كار له‌سه‌ر تێكشكاندنی یه‌كێتی ده‌كات وه‌ك ته‌نیا حزبێك یان ئه‌وه یه‌كێتییه له‌و رێیه‌وه سۆزی خه‌ڵك بۆ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه كه‌م ده‌كاته‌وه؟. به‌كورتییه‌كه‌ی ئه‌دائی گۆڕان بۆ تێكشكاندنی یه‌كێتییه یان بۆ چاككردنی ژیان و سیستمی سیاسیی له‌كوردستاندا؟.
زوبێر ره‌سوڵ: بوونی ئه‌و دۆخه هه‌ستیار و گرژه‌ی نێوان یه‌كێتی به حاڵه‌تێكی زۆر نائاسایی نابینم، چوونكه ته‌مه‌نی لێكجیابوونه‌وه‌یان تازه خه‌ریكه ده‌گاته ساڵێك، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی تاچه‌ند مانگێكیش به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ده‌كرێت جۆرێك له ئومێد و مه‌رام هه‌بووبێت له‌لایه‌ن هه‌ردوو لاوه بۆ كاركردن له‌سه‌ر لاوازكردن یاخود گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شێكیان بۆ باوه‌شی ئه‌وه‌ی تریان، به‌و واتایه‌ی هه‌ر یه‌كه له یه‌كێتی و له گۆڕان نه‌یانتوانیووه قۆناغی دوای جیابوونه‌وه تێپه‌ڕێنن، كه به‌رای من ده‌ره‌نجام به زیانی هه‌ردوو لایه‌ن ته‌واو ده‌بێت، به‌تایبه‌ت له ئێستادا كه ئومێدی گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كێكیان بۆ ئه‌وه‌ی تریان لاواز ده‌بێت، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێدا ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستێكی سه‌رتاسه‌ریی كاربكات نه‌وه‌ك ته‌نیا له ناوچه‌یێك و له‌سه‌ر لایه‌نێك، ده‌بێت ئۆپۆزیسیۆنی هه‌موو لایه‌نه‌كانی ناو حكوومه‌ت بێت، ئه‌گینا كێرڤی متمانه‌ی له ئاستێكی تره‌وه سه‌یر ده‌كرێت، گرنگه سه‌ركردایه‌تی گۆڕان ئه‌م حاڵه‌ته به ژیریی دیراسه بكه‌ن.
ستیڤان: وه‌ك ده‌بینین فراكسیۆنی گۆڕان یه‌كێكه له‌فراكسیۆنه به‌هێزه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و ماوه‌ی حه‌وت بۆ هه‌شت مانگه كارده‌كه‌ن و له‌سه‌ر زۆر مه‌سه‌له‌ش بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه. چۆن سه‌یری ئه‌دائی په‌رله‌مانتارانی گۆڕان ده‌كه‌ن؟. پێتانوایه په‌رله‌مانتارانی گۆڕان توانیوویانه وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنێكی راسته‌قینه مامه‌ڵه بكه‌ن؟.
زوبێر ره‌سوڵ: نمایش و ئه‌دای فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌ماندا ده‌بێت له‌و روانگه‌یه‌وه سه‌یر بكرێت كه په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه یه‌كه‌م جاره له مێژووی دروستبوونیدا ئه‌و جۆره له ئۆپۆزیسیۆن به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، ئه‌زموونێكی تری ئۆپۆزیسیۆنمان نه‌بووه پێشتر له‌په‌رله‌ماندا، دواتر به‌هه‌مان شێوه سه‌باره‌ت به‌حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیش رووبه‌ڕووی ئۆپۆزیسیۆنی له‌و جۆره نه‌بوونه‌ته‌وه، بۆیه به‌رای من ئاساییه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تای كاركردنیشیاندا جۆرێك له گرژیی و حه‌ماسه‌ت هه‌بووبێت له نێوان هه‌ردوو لایه‌ندا، به‌تایبه‌ت هه‌ندێك جار فراكسیۆنی گۆڕان ویستوویه‌تی كار له‌سه‌ر نمایشكردنی ئۆپۆزیسیۆنێتی خۆیان بكه‌ن له‌به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌ردا بیسه‌لمێنن كه ئه‌وان به‌جیددی ئۆپۆزیسیۆنن.
من له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌دا ئه‌دائێكی جوان و سه‌رنجڕاكێشم به‌دیكرد، كه دڵنیام له قۆناغه‌كانی تردا ئه‌م ئه‌دایه زیاتر جێگیر و به‌به‌رنامه‌تر ده‌بێت، بۆیه پێویسته فۆرمی كاركردنی ئه‌م بزاڤه تازه‌یه خۆی له‌قاڵبی كێشه كه‌سایه‌تی حزبێتییه‌كان بپارێزێت و سه‌رنج بداته سه‌ر كه‌لێن و كه‌له‌به‌ره‌كانی حكوومه‌ت به‌گشتیی، هاوشێوه‌ی حكوومه‌تێكی سێبه‌ر بێت به‌سه‌ر حكوومه‌تی سه‌ره‌كیدا، به‌ڵێ ئۆپۆزیسیۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی كورته‌ی هه‌یانه له ئه‌زموونی په‌رله‌مانیدا، به‌ڵام توانیوویانه سه‌ركه‌وتوو بن و به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك لایه‌ن پێیانوابوو كه ئه‌وان دۆسیه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ره‌چاو ناكه‌ن و حساب بۆ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ن، به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌م راستییه ئه‌وه‌یه كه له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌م بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌م لایه‌نه‌كانی تری ئۆپۆزیسیۆنیش توانیان له‌سه‌ر كێشه چاره‌نووسسازه‌كاندا بۆ په‌رله‌مانی به‌غدا خۆیان له پێكهێنانی فراكسیۆنێكی یه‌كگرتووی كوردستانیدا كۆبكه‌نه‌وه، ئه‌مه ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ر بوو له‌لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆن و هه‌م له لایه‌نی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیشدا كه توانیان سنووری جیاوازییه‌كانیان بزانن و به‌هه‌مان شێوه سنووری خاڵه هاوبه‌شه‌كانیشیان بناسن كه به‌بڕوای من زۆر زیاترن له خاڵه جیاوه‌زاكان.
زوبێر ره‌سول
+له‌ساڵی 1979 له ره‌واندوز له دایكبووه.
+له 2001 بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له زانسته سیاسییه‌كان به‌ده‌ستهێناوه له زانكۆی سه‌لاحه‌دین.
+له 2008 بڕوانامه‌ی ماسته‌ری به‌ده‌ستهێناوه له هه‌مان كۆلێژ.
+چه‌ندین نووسین و توێژینه‌وه‌ی هه‌یه له رۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا.
+ئێستا مامۆستایه له كۆلیژی یاسا و رامیاریی- به‌شی زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی سه‌لاحه‌دین.
Shamzini79@hotmail. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
