دیمانه: ستیڤان شه‌مزینانی
گه‌شاوه جاف نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس، له‌رێی ئه‌م دیمانه‌یه‌وه باس له‌كێشه‌كانی ژنانی كوردستان ده‌كات و ره‌خنه له‌رێكخراوه‌كانی ژنانیش ده‌گرێت كه نه‌یانتوانیوه دۆزی ژن بۆپێشه‌وه به‌رن، له‌به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا باس له‌كولتووری كوردیی ده‌كات و پێیوانییه ئه‌و كولتووره هۆكاری پله‌دوویی ژنانی كورد بێت، پاشان باس له‌گرنگی گۆڕینی یاساكان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ره‌گه‌زیی مێینه ده‌كات.
ستیڤان:ئێمه چه‌ندین رێكخراوی ئافره‌تانمان هه‌یه به‌جیاوازیی بیروڕاو تێگه‌یشتنی سیاسیی و ئایدۆلۆژییانه‌وه، به‌ڵام هه‌ست به‌وه ده‌كرێت ئه‌م رێكخراوانه زیاتر كۆمیته‌یه‌كی حزبین بۆ له قاڵبدانی ژنان له‌چوارچێوه‌ی تێفكرینی حزبدا. به‌م حاڵه‌وه ده‌توانین بڵێین له‌كوردستان بزووتنه‌وه‌یه‌كی ژنان هه‌یه خاوه‌نی دیدگایه‌ی ژنانه‌و فێمنیستانه بێت؟.
گه‌شاوه جاف:به‌داخه‌وه كه ره‌گه‌زی مێ له‌كوردستانی باشوور تائێستا نه‌یتوانیوه بزووتنه‌وه‌یه‌ك پێكبهێنێت كه له‌دیدگای ژنانی كورده‌وه بڕوانێته كێشه‌كان و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه، زۆر به‌داخه‌وه ده‌توانم بڵێم هه‌ندێ له‌ڕێكخراوه‌كان له‌خودی مانای فێمنیست نه‌گه‌یشتوون، ئیتر چۆن ده‌توانن ببنه سه‌دایه‌كی پڕ بایه‌خ بۆ كاركردن له‌م بواره‌دا؟ هه‌روه‌ك خۆت له‌پرسیاره‌كه‌تدا ئاماژه‌ت پێداوه رێكخراوه‌كانی ئێمه بۆ خاڵێكی تر كارده‌كه‌ن، بۆ له‌چوارچێوه‌دانی بیر و هزری ژنان و به‌حزبیكردنیان نه‌ك به‌شدارییكردنیان له‌پرسه هه‌نووكه‌ییه‌كاندا. هه‌روه‌ها زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی كه به‌ڕێوه‌به‌ر و ده‌مڕاستی ره‌گه‌زی مێینه‌ن له‌كوردستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی ده‌سه‌ڵات كاریان كردووه‌و نموونه‌شمان هه‌ن ئاڕاسته‌ی كاركردنیان رووه‌و چ لایه‌ك بووه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خودی بووه نه‌ك كاركردن بۆ ده‌ستخستنه سه‌ر برینه‌كانی ژنان و ئافره‌تانی كورد بووبێت. ئیتر چۆن ده‌توانین بڵێین بزووتنه‌وه‌یه‌كمان هه‌یه له‌و روانگه‌یه‌وه كار بۆ ره‌گه‌زی مێ بكات به‌گشتیی و دوور له‌هه‌موو بیر و بۆچوونێكی ئایدۆلۆجی و سیاسیی؟. بوونی بزووتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ ده‌توانێت ئه‌و میكانیزمه بێت بۆ پێكهێنانی بزووتنه‌وه‌یه‌كی كارا و ده‌توانێت ببێته ده‌مڕاستی ره‌گه‌زی مێ و هه‌م ببێته جێی متمانه‌یان بۆ دواندنیان و لیكۆڵینه‌وه‌ی بیروڕاو به‌هاوڕا چاره‌سه‌ر بدۆزێته‌وه بۆ كێشه‌كان.
ستیڤان:گومان له‌وه نییه چه‌وساندنه‌وه‌و هه‌ڵاواردنی ژنان دیارده‌یه‌كی جیهانییه‌و تایبه‌ت نییه به‌كۆمه‌ڵگه‌و كولتوورێكی دیاریكراو، به‌ڵام له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییدا ئه‌م چه‌وساندنه‌وه‌یه زۆر زه‌ق و دیاره‌و فۆرمێكی بێڕه‌حمانه‌ی به‌خۆوه گرتووه. ئایا كاری ئه‌وله‌ویی و هه‌ره گرنگ چییه بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه چ ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر رێكخراوه‌كانی ژنان و چ ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵات؟.
گه‌شاوه جاف:چه‌وساندنه‌وه هه‌روه‌ك به‌ڕێزت ئاماژه‌ت پێداوه له‌هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا بوونی هه‌یه زۆر تا كه‌م، به‌ڵام كاری هه‌ره‌گرنگ ده‌كه‌وێته سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌چه‌سپاندنی یاسایه‌ك بتوانێت به‌ره‌نگاری ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه بكات بۆ گشت تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌گشتی و بێ جیاوازیی و ره‌گه‌زی مێ به‌تایبه‌تی. بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه ده‌بێت رێكخراوه‌كان هه‌وڵبده‌ن به‌وشیاركردنه‌وه‌ی تاكه‌كان به‌گشتیی، به‌ده‌ركردنی په‌یڕه‌و و پرۆگرامی روون تا كۆمه‌ڵگه بزانێت كار بۆ چ مه‌به‌ستێك ده‌كه‌ن، چوونكه زۆرجار به‌هۆی نه‌بوونی زانیاریی ته‌واو له‌باره‌ی كاركردنیان شێوه لێك نه‌گه‌یشتنێك رووده‌دات، بۆ زیاتر روونكردنه‌وه هه‌روه‌ها ده‌توانن ببنه هێزێكی پته‌و و یه‌ك ده‌نگ بۆ ناچاركردنی ده‌سه‌ڵات بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌ك كه بتوانێت ببێته قه‌ڵایه‌ك رووخاندنی كارێكی ئاسان نه‌بێت. بۆ نموونه له‌م رۆژانه له‌ڕۆژنامه‌ی ئیڤنین ستادارد كه له‌وڵاتی به‌ریتانیا ده‌رده‌چێت خوێندمه‌وه كه دوو هاوكار له‌فه‌رمانگه‌یه‌كدا پێكه‌وه كارده‌كه‌ن، هاوكاره پیاوه‌كه به‌هاوكاره ژنه‌كه‌ی ده‌ڵێت ژنان به‌س بۆ ماڵ پاككردنه‌وه باشن له‌كاتی كاردا. بۆ ئه‌م قسه‌یه ئافره‌ته‌كه داوای یاسایی دژی هاو‌كاره‌كه‌ی تۆماركرد له‌ژێر یاسای جیاوازی به‌ینی دوو ره‌گه‌ز و دادگا بڕیاریدا به‌قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئافره‌ته‌كه به‌بڕی ١٥ملیۆن پاوه‌ند له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوكاره پیاوه‌كه‌ی ده‌روونی بریندار كردووه‌و ده‌بێ ئه‌و بڕه پاره‌یه بدات. كه‌واته لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت بوونی یاساكه‌و كاركردن به‌یاساكه ده‌بێته یه‌كه‌م هه‌نگاو بۆ تێپه‌ڕاندن و كاڵبوونه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه به‌رامبه‌ر ره‌گه‌زی مێ له‌كۆمه‌ڵگه‌دا.
ستیڤان:ژنانی كوردستان له‌ژێر توندترین چه‌وساندنه‌وه‌ی كولتووریدان به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك ژماره گه‌لێكی زۆریان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر خۆكوشتن و خۆسوتاندن، ته‌نانه‌ت خۆسوتاندن بۆته دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌گه‌ر ئاگر په‌یامێكی پێیه ئه‌و په‌یامه چییه؟ ئایا گوزارشت له‌دڕنده‌یی كولتوور ده‌كات یان لاوازیی و پاسیڤبوونی كه‌سێتی ژنی كورد؟.
گه‌شاوه جاف:ئه‌م پرسیاره دوولایه‌نه، لایه‌نی یه‌كه‌م چه‌وساندنه‌وه‌ی كولتووریی به‌و ئه‌ندازه‌یه ناتوانێت فاكته‌رێك بێت بۆ له‌ده‌ستدانی ژیان ئه‌گه‌ر هۆكاری تری له‌گه‌ڵدا نه‌بێت. خۆ زۆرجار هه‌ندێ كه‌س له‌م وڵاتانه‌ش په‌ناده‌به‌نه به‌ر خۆكوشتن به‌هه‌ر رێگه‌یه‌ك بێت. ده‌كرێت گرێ بدرێت به‌و شتانه‌ی كه تاكی كۆمه‌ڵگه‌كه‌و ره‌گه‌زی مێ ئاواته‌خوازیه‌تی ده‌یه‌وێت بگات پێی. به‌س به‌هۆی نه‌بوونی توانای خۆی مه‌به‌ستم كه تواناكانی له‌لایه‌ن كه‌سانی ده‌وروبه‌ری سنووردار كراوه. ته‌نیا كارێك كه خودی خۆی ده‌توانێت بڕیاری له‌سه‌ر بدات به‌بێ ترس و پاڕانه‌وه بۆ رازیكردنی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی "هه‌ركه‌س بێت" له‌ناوبردنی خۆیه‌تی به‌هه‌ر رێگه‌یه‌ك بێت. زۆرجار هۆی ناجێگریی باری ده‌روونی ئه‌و ژنه یان ئافره‌ته ده‌بێته هۆكارێكی گرنگ و پاڵپێوه‌نه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م كرداره، یان بچووكترین شت كه رووده‌دات له‌ناوماڵ یان له‌شوێنی كاره‌كه‌ی. هه‌روه‌ها ده‌كرێت هاوڕه‌گه‌زی خۆی بێت ده‌یچه‌وسێنێته‌وه، چوونكه زۆرجار هاوره‌گه‌زه‌كان خراپترین چه‌وسێنه‌ره‌وه‌ن. مه‌رج نییه هه‌رده‌م چه‌وساندنه‌وه له‌لایه‌ن ره‌گه‌زی نێره‌وه بێت. لایه‌نی دووه‌میش، به‌ڵێ به‌بۆچوونی من ئاگر په‌یامێكی زۆرگرنگی پێیه بۆ ژنان و ئافره‌تان له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا. په‌یامه‌كه‌شی به‌ده‌رخستنی هێزو توانا شاراوه‌كانی ئافره‌تانی ئێمه‌یه، له‌رێگه‌یه‌وه په‌یامی ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن چی تر نایانه‌وێت كۆیله‌و ژێرده‌سته‌بن. هه‌موو ژنێك ناتوانێت بگاته ئه‌و بڕیاره، به‌بۆچوونی من گوزارشت له‌ئازایه‌تی و به‌رخودان ده‌كات به‌رامبه‌ر كولتوورَیك كه ده‌بێت بگۆڕدرێت و بۆ گۆڕینیشی پێویستمان به‌خۆ به‌ختكردنه، هه‌روه‌ها له‌م وڵاتانه‌ش، تاگه‌یشتوون به‌م رۆژه چه‌نده‌ها ژنیان خۆیان به‌ختكردووه له‌پێناویدا تا توانیان ببنه چرایه‌كی رووناك بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوویان كه‌ئێستا به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌خۆن به به‌رقه‌راركردنی یاسایه‌ك كه‌مافه‌كانی ره‌گه‌زی مێی تێدا به‌رجه‌سته كراوه. كوشتنی ژنێك له‌لایه‌ن كه‌سوكاری به‌لاوازیی ده‌زانم، به‌س خۆی خۆی له‌ناوبردبێت به‌ئازایه‌تی ده‌زانم. ده‌بێ په‌ندی لێ وه‌ربگرین بزانین كه كولتوور چه‌ند غه‌داره كه توانی گوڵێك په‌ڕ په‌ڕ بكات له‌به‌هاری ته‌مه‌نیداو به‌ره‌و مه‌نفای راپێچ بكات. هیوادارم به‌هه‌ڵه لێم تێنه‌گه‌ن مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه كه‌س ته‌شجیعكه‌م به‌و كاره هه‌ڵبستێت به‌س ئه‌وه‌نده‌ی ده‌مه‌وێت بڵێم له‌بێتوانایی نییه بگره له‌ئازایه‌تی ئافره‌تی كورده.
ستیڤان:به‌ده‌ر له‌وه‌ی كولتوو‌ری كورده‌واریی رووبه‌رێكی به‌رفراوانی تیایه بۆ بێ بایه‌خكردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن، به‌ڵام یاساكان به‌تایبه‌تی یاسای باری كه‌سێتی ئه‌م چه‌وساندنه‌وه‌یه له فۆرمێكی یاساییدا ره‌وایی پێده‌ده‌ن، ئایا گۆڕینی یاساكان چه‌نده كاریگه‌ره له‌راستای دابینكردنی مافه‌كانی ژن؟ ئاخۆ گۆڕینی یاسا بێ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵیدا ده‌بێته فاكتۆرێك بۆ پاراستنی ژن له‌هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌و دواتریش یه‌كسانكردنی له‌گه‌ڵ پیاودا؟.
گه‌شاوه جاف:ده‌كرێت له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌تدا هاوڕا نه‌بم له‌گه‌ڵت، كولتوو‌ری كورده‌واریی به‌و رووبه‌ره به‌رفراوانه‌ی تۆ باسی لێوه ده‌كه‌یت ژنی كوردی نه‌چه‌وساندۆته‌وه‌و بێ بایه‌خی نه‌كردووه. گه‌ر ئاوڕێكی خێرا له‌مێژوو بده‌ینه‌وه، ده‌كرێ بڵێین تێكه‌ڵاوكردنی كولتووره‌كان وه‌هایان كرد ره‌گه‌زی مێ بچه‌وسێنرێته‌وه!. نموونه‌شم بۆ ئه‌مه كولتووره ئاینییه‌كانه كه ده‌ستێكی باڵایان هه‌یه له‌م دڕنده‌یی و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ی ره‌گه‌زی مێ به‌گشتی له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كوردستانی باشوور به‌تایبه‌تی. ئه‌و هه‌موو كۆت و به‌نده‌ی كه له‌و كولتووره‌وه وه‌رمانگرتووه هێنده‌ی هی كولتوو‌ری ره‌سه‌نی كوردیی خۆمان نییه به‌دڵنیاییه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌راووردی بكه‌ین له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ بگره له‌خودی ناو عێراق ژنانی ئێمه زۆر بایه‌خدارن، له‌پله‌و پایه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر باشدان، هه‌روه‌ها له‌م وڵاته‌ش ئافره‌تانی كورد به‌شێویه‌كی به‌رچاو ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه كولتوو‌ری كوردیی ره‌سه‌ن زۆر جیاوازتره له‌وه‌ی خه‌ڵكانێك بیستوویانه. ژنانی ئێمه له‌دێر زه‌مانه‌وه ئافره‌تانێكی لێهاتوو بوون، ئه‌وه‌شیان تا ئه‌مڕۆ سه‌لماندووه. هه‌رچه‌نده كولتووره‌كه‌مان له‌به‌ینی دوو كه‌وانه‌دا چه‌وسێنه‌ر بێت، به‌ڵام ئافره‌تانێكی زۆر لێهاتووی به‌رهه‌مهێناوه به‌درێژایی مێژوو. كولتوور ناتوانێت بێ بایه‌خت بكات ئه‌گه‌ر خۆشت هاوكاری ئه‌و بێبایه‌خییه نه‌بیت. كه‌س ناتوانێت بتچه‌وسێنێته‌وه له‌هیج روویه‌كه‌وه ئه‌گه‌ر خۆت له‌ناخدا خودی خۆت نه‌چه‌وسێنیته‌وه. هه‌روه‌ك له‌پێشدا باسمكرد بوونی یاسا وه‌ك ئه‌و نموونه‌یه‌ی هێنامه‌وه ده‌توانێ مافه‌كانی ره‌گه‌زی مێی تێدا به‌ده‌ستبهێنرێت. یاسای باری كه‌سێتی كه دوور بێت له‌ده‌ستتێوه‌ردانی كه‌سانی ئاینیی ده‌توانرێت ببێت به‌فاكته‌رێك بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی مافه‌كانی ژنان و به‌بۆچوونی من یه‌كسانی ده‌بێ له‌رێگه‌ی تێگه‌یشتنه‌وه بێت نه‌ك به‌هۆی یاساوه بته‌وێت یه‌كسان بیت. چوونكه ئافره‌ت و پیاو له‌زۆر رووه‌وه یه‌كسانن.
ستیڤان::ئه‌گه‌ر به‌زمانێكی ساده و كه‌مێك ته‌قلیدیی ئه‌و پرسیاره بكه‌ین داخۆ چاره‌نووسی ژنی كورد به‌كوإ ده‌گات؟ ئایا ئاسۆی بزوتنه‌وه‌یه‌ك ده‌ركه‌وتووه تا ژنی كورد له‌م میحنه‌ته رزگار بكات یان ده‌بإ چاوه‌ڕێی گڵۆبالیزه‌یشن و كاریگه‌ریی ده‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌ی ژنانی دنیا بكات تا بتوانێ كه‌مێك له‌و خه‌باته سوودمه‌ند بێ؟.
گه‌شاوه جاف:چاره‌نووسی ژنی كورد به‌ده‌ست خۆیه‌تی بیه‌وێت به‌كوێ بگات، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئافره‌تانمان ده‌بێ خۆیان هه‌وڵبده‌ن به‌سوود وه‌رگرتن له‌بزووتنه‌وه ده‌ره‌كییه‌كان بتوانن مافه‌كانی خۆیان به‌ده‌ستبهێنن، به‌بۆچوونی من پێویست ناكات چاوه‌ڕێی ده‌ستی كه‌س بن، چوونكه خۆیان خاوه‌نی بیروڕای به‌كه‌ڵكن كه ده‌كرێت كاری پێبكرێت له‌زۆر بواردا، به‌ڵام ئه‌مانه كاتێك به‌رجه‌سته ده‌كرێت كه حزب له‌ده‌سه‌ڵات جیابكرێته‌وه‌و یاسا سه‌روه‌ر بێت، ئه‌وكات نه‌ك به‌ته‌نیا ژنان بگره ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ریش و هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌میحنه‌ت رزگاریان ده‌بێت و من زۆر گه‌شبینم و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو نزیكتر ده‌بینه‌وه‌و ئاسۆ روونه.
گه‌شاوه جاف
له‌دایكبووی ساڵی ١٩٧٦، رۆژنامه‌نووسه‌و له‌بواری راگه‌یاندن له‌وڵاتی به‌ریتانیا خوێندوویه‌تی به‌تایبه‌تی به‌شی به‌رهه‌مهێنانی فیلمی دۆكیۆمه‌نته‌ری و كامێرای ته‌له‌فزیۆنی. هه‌ر له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه له‌چه‌ند كه‌ناڵێكی ئه‌و وڵاته كاری ئه‌زموونی كردووه، بۆ نموونه كه‌ناڵی BBC به‌شی به‌رهه‌مهێنانی به‌رنامه‌ی منداڵان، ئێستاش له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی بۆ به‌رهه‌مهێنانی دۆكیمه‌نته‌ری به‌شی منداڵان كه‌هه‌ڵده‌ستن به‌به‌رهه‌مهێنانی فیلمی دۆكیومه‌نته‌ری بۆ JCC كه‌ناڵی جه‌زیره‌ی منداڵان له‌رووی زمان وكولتووری عه‌ره‌بییه‌وه داواكراوه كه هاوكاریان بێت.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
