سه‌رۆكی پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستان
دیمانه: ستیڤان شه‌مزینانی
دیار غه‌ریب سه‌رۆكی پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستان له‌رێی ئه‌م دیمانه تایبه‌ته‌وه باس له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق ده‌كات و ئه‌و ئه‌گه‌ر و پێشهاتانه ده‌خاته روو كه به‌هۆی فره‌لیستیی هێزه كوردستانییه‌كانه‌وه دێنه ئاراوه، له‌به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا سه‌رۆكی پارتی چاره‌سه‌ری باس له‌پرسی ریفۆرمی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌رده‌ستی نێچیرڤان بارزانی ده‌كاو رایده‌گه‌یه‌نێت پێویسته سه‌ركردایه‌تی پارتی هاوكاریی جۆره هه‌نگاوێكی له‌وشێوه‌یه بكه‌ن. هه‌ر له‌م دیمانه‌یه‌دا سه‌رۆكی پارتی چاره‌سه‌ری ئه‌وه راده‌یه‌گه‌یه‌نێت وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی شه‌شه‌م زۆربه‌یان به‌تواناو خاوه‌ن وزه‌ی ئه‌كایمین بۆیه خوازیاره كه كابینه‌كه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێ و له‌به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌شدا "دیار غه‌ریب" تیشك ده‌خاته‌سه‌ر پرسی چاره‌نووسی شاری كه‌ركووك و پێیوایه دۆزی كه‌ركووك دۆزێكی ئاڵۆز و هه‌ستیاره و خوازیاره هێزه كوردستانییه‌كان له‌م پرسه هاوده‌نگ و یه‌كڕیز بن، له‌به‌شی كۆتایی دیمانه‌كه‌دا باس له‌رۆڵ و شێوازی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسییی له‌كوردستاندا ده‌كات.
ستیڤان:بڕیاره بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌ره‌تای مانگی ئازاری "2010"، هێز و قه‌واره سیاسیییه كوردییه‌كان به‌چه‌ند لیستێكی جیا به‌شداریی له‌و پرۆسه‌یه‌دا بكه‌ن. ئێوه وه‌ك سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد چۆن ده‌ڕواننه فره لیستیی هێزه كوردستانییه‌كان؟، سوود و زیانه‌كانی فره لیستیی هێزه كوردییه‌كان له‌چیدا ده‌بیننه‌وه؟.
دیار غه‌ریب:سه‌ره‌تا سووپاستان ده‌كه‌م، ئێمه وه‌كوو پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبژاردنی ئێراق پێشتر چه‌ندین جار هه‌ڵوێستی خۆمان دیاری كردووه و به‌فه‌رمیش لایه‌نه‌كانمان ئاگادار كردۆته‌وه. ئێمه وای ده‌بینین كه هێشتا دۆزی كورد له‌ئێراقدا چاره‌سه‌ر نه‌بووه‌و دیموكراتییه‌تیش له‌ئێراقدا سه‌قامگیر نه‌بووه، ئه‌وه‌ش ئه‌ركه‌كانمان له‌سه‌ر ئاستی ئێراق قوورستر ده‌كات. هه‌ر بۆیه پێش ئه‌وه‌ی واده‌ی دروستكردنی هاوپه‌یمانیی كۆتایی بێت، ئێمه زۆر جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه لایه‌نه كوردستانی و دیموكراتییه‌كان به‌یه‌ك لیست دابه‌زن باشتره. له‌و لیسته‌شدا رێژه‌ی پارت و لایه‌نه‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستاندا بكرێته پێوانه. هه‌ڵوێستێكی به‌مڕه‌نگه هه‌م ئه‌نجامی زیاتری به‌ده‌ستده‌هێنا هه‌م پێگه‌ی كوردی به‌هێز ده‌كرد. له‌به‌ر ئه‌وه بوونی چه‌ند لیستێكی كوردستانی له‌م كاته‌دا به‌تێڕوانینی ئێمه زیانی زیاتره له‌قازانجی.
ئاشكرایه ئه‌گه‌ر پێوانه دیموكراتییه‌كان جێگیر ببووایه‌و له‌رووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه دۆزی كورد چاره‌سه‌ر ببووایه، ئه‌وا فره‌لیستی قازانجی زیاتر ده‌بوو، چوونكه فره لیستی ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ ململانێ دیموكراتی دروستده‌كات، به‌ڵام له‌كاتی ئه‌مڕۆدا فره سه‌كۆیی به‌رووی ده‌ره‌وه‌دا دروستده‌كات و ئه‌مه‌ش قورسایی كورد كه‌م ده‌كاته‌وه و ده‌ره‌وه‌ش ده‌خوازن سوود له‌م فره‌لیستییه وه‌ربگرن. ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ ئه‌و واقیعه ده‌بینین له‌جێگه‌ی ململانێی دیموكراتی یه‌كتر تۆمه‌تباركردن هه‌یه. له‌لایه‌كی تره‌وه فره لیستی له‌پاریزگاكانی "كه‌ركووك، موسڵ، دیاله، سه‌لاحه‌دین، به‌غداد" ده‌نگی كورد كه‌م ببێته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌زیان ده‌شكێته‌وه.
پێم باشه سه‌ره‌نج راكێشمه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئێمه چه‌ندین مه‌رجمان داناوه بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانی له‌هه‌ر لیست و لایه‌نێك بكه‌ین. له‌وانه گوتبوومان ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌یه‌كه‌وه به‌شداربن ئه‌وا ئێمه بێ مه‌رج پشتیوانی ئه‌و لیسته ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئێستا به‌و ره‌نگه نییه‌و چه‌ندین لیست هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر لیست و كه‌سایه‌تی و لایه‌نێك به‌مه‌رجه‌كانمان رازی بێت ئێمه پشتیوانی ده‌كه‌ین. مه‌رجه‌كانیشمان ئه‌مانه‌ن. یه‌كه‌م: بوونی هه‌ڵوێستی ئاشكرا‌و راسته له‌رووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه و كار بكات بۆ دروستكردنی سه‌كۆیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و ستراتیژییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی. دووه‌م:بوونی هه‌ڵوێستی ئاشكرا‌و به‌رنامه‌ی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسانه‌ی له‌نێوان به‌غداد و هه‌رێم به‌هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه "وه‌كوو هه‌مواركردنی ده‌ستوور، جێگیركردنی سیستمی فیدراڵی، كه‌ركووك، پێشمه‌رگه، كێشه‌ی بوددجه‌و سامانه سروشتییه‌كان". سێیه‌م: پڕۆژه‌ی گونجاو بۆ خزمه‌تكردنی جه‌ماوه‌رو ئاوه‌دانكردنه‌وه. چواره‌م: بوونی كاندیدی شایسته. پێنجه‌م: ئاماده‌بوون بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌م ماددانه.
ستیڤان:ئێستا نێچیرڤان بارزانی به‌روونی باس له‌وه ده‌كات ریفۆرم له‌فۆرمی كاركردنی سیاسییی حزبه‌كه‌یدا ده‌كات. پێتوایه ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی نێچیرڤان بارزانی ده‌یهه‌وێ ده‌ستیپێبكات ده‌توانێت سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت؟ ئایا چۆن ده‌ڕواننه سه‌ره‌نجامه‌كانی پرۆسه‌ی ریفۆرمی پارتی له‌لایه‌ن كه‌سێكی وه‌كوو "نێچیرڤان بارزانی"یه‌وه؟.
دیار غه‌ریب:ئێمه پێمانوایه ئه‌مڕۆ جیهان به‌گشتیی له‌ناوقه‌یرانی سیستمدایه. سیستمی سیاسیی، ئابووری و ئیداریی بوونه جلێكی ته‌نگ و كۆمه‌ڵگا ته‌نگاو ده‌كه‌ن. وه‌كوو ئه‌وه وایه خانه‌واده‌یه‌ك منداڵه‌كانیان گه‌یشتۆته ته‌مه‌نی 4-5 ساڵ و هه‌ر ده‌خوازن كراسی یه‌ك ساڵانه‌ی به‌به‌ردا بكه‌ن و ته‌نیا به شیر به‌خێوی بكه‌ن. گوومانی تێدا نییه ئه‌و منداڵه ناتوانێت هه‌تا سه‌ر ئه‌مه په‌سه‌ند بكات. ئه‌مڕۆش ده‌بینین كۆمه‌ڵگا به‌گشتیی گه‌یشتۆته ئاستێك ئیتر له‌سیستمێكی نوێی سیاسیی، ئیداریی وئابووری وكۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گه‌ڕێت. ئێمه پێمانوایه ئه‌و پارت و لایه‌نانه‌ی كه بتوانن گۆڕانكاریی گونجاو بكه‌ن سه‌ركه‌وتوو ده‌بن. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وانه‌ی پێداگیریی له‌سه‌ر سیستمی كۆن بكه‌ن یاخود گۆڕانكاریی هه‌ڵه ئه‌نجام بده‌ن ناتوانن له‌ئاینده‌دا رۆڵ ببینن و ده‌چنه مێژووه‌وه. یه‌كێتی سۆڤێتی جاران نموونه‌یه‌كی نزیكه. له‌به‌رئه‌مه هه‌ر هه‌وڵێك به‌راستی له‌لایه‌ن هه‌ركه‌س و لایه‌نێكه‌وه بۆ ریفۆرم بدرێت له‌سه‌ر ئاستی حزب بێت یاخود ده‌سه‌ڵاتی ئیداریی به‌لای ئێمه‌وه گرنگه. پارتی دیموكراتی كوردستانیش پارتییه‌كه مۆركی خۆی له‌مێژووی نزیكی كوردستان به‌گشتیی و باشووری كوردستان به‌تایبه‌تی داوه. كارێكی ئاسایی و پێویسته كه به‌سیستمی خۆیدا بچێته‌وه‌و ئێمه هیوادارین كه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له‌م هه‌وڵه‌یدا جیددی بێت و سه‌ركردایه‌تی پارتیش هاوكاری بن، چوونكه ریفۆرم ئه‌نجامدان له‌ناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا به‌سه‌ركه‌وتوویی ده‌بێته بنه‌مایه‌كی باش بۆ ریفۆرم له‌ناو سیستم وكۆمه‌ڵگای باشووردا، به‌ڵام ئێمه هه‌تا ئێستاش به‌فه‌رمی و ئاشكرا پڕۆژه‌ی نێچیرڤان بارزانیمان نه‌بینیووه سه‌باره‌ت به‌ریفۆرم. له‌به‌ر ئه‌مه ناتوانم شتێكی له‌سه‌ر بڵێم.
ستیڤان:دواجار كابینه‌ی شه‌شه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌سه‌رۆكایه‌تی "د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح" ده‌ستبه‌كار بوو، زۆرێك له‌چاودێران و شاره‌زایان پێیانوایه ئه‌م كابینه‌یه ده‌توانێت به‌فۆرمێكی سه‌ركه‌وتووانه كارێكی راپه‌ڕێنێت. ئێوه چ سه‌رنجێكتان له‌سه‌ر كابینه‌ی شه‌شه‌م هه‌یه؟. ئایا پێشبینی ئه‌وه ده‌كه‌ن كابینه‌ی شه‌شه‌م ببێته كابینه‌یه‌كی به‌هێز و پڕ كار؟.
دیار غه‌ریب:كابینه‌ی شه‌شه‌م نوێیه‌و تازه ده‌ستی به‌كار كردووه، له‌به‌ر ئه‌وه هێشتا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه كه هه‌ڵسه‌نگاندن له‌سه‌ر كاره‌كانی بكرێت. پێكهاته‌ی كابینه‌كه ئه‌گه‌ر رێژه‌ی ژنان زیاتر بووایه باشتر بوو، ئه‌مه وه‌كوو ره‌خنه‌یه‌ك رووبه‌ڕووی ئه‌م كابینه‌یه ده‌بێته‌وه، به‌ڵام وه‌كووتر زۆربه‌ی وه‌زیره‌كان كه‌سی ئه‌كادیمی و شیاون، ئێمه هیوادارین، بتوانن ببنه كابینه‌یه‌كی به‌هێز وسه‌ركه‌وتوو.
ستیڤان:ئه‌وه‌نده‌ی تێبینی ده‌كرێت نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان گۆڕان و پارتی روویداوه، به‌تایبه‌ت به‌م دواییه له‌رێی "نێچیرڤان بارزانی"یه‌وه په‌یوه‌ندیی نێوان گۆڕان وپارتی ئاسایی بۆته‌وه. پێتوایه ئه‌و لێك نزیكبوونه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی پارتی و یه‌كێتی به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ده‌بات؟. ئێوه چۆن ده‌ڕواننه له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی و گۆڕان؟.
دیار غه‌ریب:به‌فه‌رمی من شتێكی به‌و ره‌نگه‌م نه‌بینیوه‌و نه‌بیستووه كه له‌نێوان گۆڕان و پارتیدا رێككه‌وتن یاخود لێك نزیكبوونه‌وه هه‌بێت. ئێمه پێمان خۆشه هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ما و پره‌نسیپی راستی نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراتی له‌یه‌ك نزیك بن و نزیكبوونه‌وه‌ی به‌مڕه‌نگه‌ش له‌نێوان هه‌ر گروپ و لایه‌نێكدا هه‌بێت پێویسته پێی ئاسووده بین، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیی به‌مڕه‌نگه دروست ببێت پێویسته به‌خراپ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر رێككه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی نه‌بێت.
ستیڤان:پێشبینی ده‌كرێت كورد له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا ببێته هێزی سێیه‌م، به‌مه‌ش هه‌ندێك پۆستی هه‌ستیار له‌ناویاندا پۆستی سه‌رۆك كۆماریی له‌ده‌ستده‌دات. ئه‌گه‌ر كورد ببێته هێزی سێیه‌م چاره‌نووسی ئه‌زموونی خۆ به‌ڕێوه‌به‌ریی كورد له‌باشوور به‌ره‌و كوێ مل ده‌نێت؟. ئه‌ی ئه‌گه‌ر توانی دووه‌م لیستی به‌هێز بێت، چ كاریگه‌رییه‌كی ده‌بێت بۆ سه‌ر ئاینده‌ی سیاسیی باشووری كوردستان؟.
دیار غه‌ریب:له‌بارودۆخی ئه‌مڕۆی ئێراقدا هه‌م لایه‌نه ئێراقییه‌كان، هه‌م ئه‌مه‌ریكا پێویستیان به‌كورد هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه كارێكی وه‌ها ناكه‌ن كه كورد له‌ئه‌مڕۆدا هه‌ڵوێسته له‌به‌رامبه‌ریاندا نیشان بدات. هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر كورد لیستی دووه‌م بێت یاخود سێیه‌م، به‌ئاسانی هه‌موو شتێكی بۆ ئه‌نجام نادرێت و هه‌موو شتێكیش له‌ده‌ست ناچێت. چوونكه چاره‌نووسی باشوور ته‌نیا به‌ئێراقه‌وه نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه، به‌ڵكوو به‌توركیا و ئێران و سوریاشه‌وه وابه‌سته‌یه. ئه‌گه‌ر دۆزی كورد له‌و پارچانه‌ی كوردستان به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت، ئه‌وا پێگه‌ی باشوور به‌هێزتر ده‌بێت و لایه‌نه‌كانی به‌رامبه‌ر ناچارن حسابی زیاتری بۆ بكه‌ن. به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر دۆزی كورد له‌و پارچانه هه‌نگاو به‌ره‌و دواوه بنێ ئه‌وكاته كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی ده‌بێت له‌سه‌ر باشوور، هه‌ر بۆیه گه‌وره‌یی لیسته‌كه كاریگه‌ریی هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانرێت، گۆڕانكاریی ناوچه‌كه و هه‌ڵوێستی راست كاریگه‌ریی زیاتری هه‌یه له‌سه‌ر پێگه‌ی كورد و ئه‌زموونی باشووری كوردستان.
ستیڤان:جۆرێك له‌په‌یوه‌ندیی دۆستانه له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی توركیا دروستبووه. پێتانوایه هۆكاره‌كانی ئه‌م له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه‌یه چییه؟. پێتانوایه ئه‌م له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه‌یه له‌سه‌ر حیسابی پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌بێت؟. به‌كورتیی چۆن ده‌ڕواننه په‌یوه‌ندیی نوێی نێوان هه‌رێم و توركیا؟.
دیار غه‌ریب:سه‌ره‌تا پێم باشه ئاماژه به‌وه بكه‌م كه هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای پره‌نسیپی و به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كوردستان پێوستی به‌وه‌یه كه له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌وڵه‌ت و جێگه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندیی هه‌بێت. له‌م روانگه‌یه‌وه ئاساییه په‌یوه‌ندیی هه‌رێم و توركیا پێش بكه‌وێت، به‌ڵام گرنگه له‌كاتی په‌یوه‌ندییدا كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی راست و گونجاو بۆ چۆنێتی په‌یوه‌ندییه‌كه بكرێت و بزانرێت كه خاڵی به‌هێز و لاوازی به‌رامبه‌ر چییه؟، ئایا چۆن ده‌توانرێت له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌ستكه‌وتی زیاتر به‌ده‌ست بهێنرێت. هه‌روه‌ها خاڵی به‌هێز و لاوازی خۆشمان پێویسته بزانین. له‌په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ توركیا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه دروستكردنی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ توركیادا وه‌كوو ده‌ستكه‌وتێكی زۆر گه‌وره سه‌یر ده‌كرێت، ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه‌توركیا ته‌نیا ده‌خوازێت له‌رێگه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌وه سوود له‌هێزی حكوومه‌تی هه‌رێم وه‌ربگرێت بۆ لاوازكردنی په‌كه‌كه و پارچه‌كردنی ئیراده‌ی كورد. یاخود كه باس له‌په‌یوه‌ندیی هه‌رێم و توركیا ده‌كرێت هه‌میشه باس له‌وه ده‌كرێت كه توركیا وڵاتێكی مه‌زنه و ئێمه پێویستمان پێی هه‌یه، هیچ باس له‌وه ناكرێـت كه توركیا ئه‌مڕۆ رووبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین قه‌یرانی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری بووه‌ته‌وه و ره‌نگه ئه‌م قه‌یرانانه به‌ده‌ردی ده‌وڵه‌تی عوسمانلی ببات كه پێیان ده‌گووت، "پیاوه نه‌خۆشه‌كه"، هه‌ر بۆیه توركیا پێویستی به‌ئێمه‌یه. ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبینین و له‌راگه‌یاندنه‌كانی خۆشیاندا هه‌میشه باسی ده‌كه‌ن، توركیا ده‌خوازێت له‌رووی ئابوورییه‌وه سوود له‌هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرێت، ئه‌ویش به‌ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكانی. ئامانجی دووه‌میش ئه‌وه‌یه كه حكوومه‌تی هه‌رێم راكێشێته ناو سیاسه‌تی خۆیه‌وه بۆ پاكتاوكردنی جووڵانه‌وه‌ی كوردیی له‌باكووری كوردستان كه كه‌جه‌كه یه. هه‌ر بۆیه گرنگه كه حكوومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌هه‌ستیارییه‌وه په‌یوه‌ندیی دروست بكه‌ن.
ستیڤان:پرسی كه‌ركووك پرسێكی ئاڵۆز‌و هه‌ستیاره و به‌درێژایی چه‌ند ده‌یه‌ش خاڵی جێ ناكۆكیی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد و حكوومه‌ته‌كانی عێراق بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا چاره‌نووسی ئه‌و شاره بزره. ئێوه چۆن ده‌ڕواننه دۆزی شاری كه‌ركووك؟ پاشان ده‌پرسین فره‌لیستیی چ زیانێك له‌دۆزی ئه‌و شاره كوردستانییه ده‌دات؟.
دیار غه‌ریب:دۆزی كه‌ركووك، دۆزێكی گرنگ و ئاڵۆزه، ئێمه پێمانوایه كه به‌بێ گۆڕانكاریی ریشه‌یی له‌عه‌قڵییه‌ت و سیاسه‌تدا ناتوانین ئه‌م دۆزه چاره‌سه‌ر بكه‌ین. ئه‌وه‌ی دیاره حكوومه‌تی ئێراق و به‌شی زۆری لایه‌نه عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كان ناخوازن كه‌ركووك بكه‌وێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و شوێنه‌واری سیاسه‌تی به‌عس له‌سه‌ر شاره‌كه بسڕدرێته‌وه، لایه‌نی كوردیش ئه‌وه‌نده‌ی به‌بابه‌تی حزبایه‌تی و ده‌سكه‌وتی حزبییه‌وه خه‌ریكبوون، ئه‌وه‌نده به‌دۆزی كه‌ركووكه‌وه خۆیان ماندوو نه‌كردووه‌و سیاسه‌تێكی هاوبه‌ش و گونجاویان به‌ڕێوه نه‌بردووه كه بتوانێت كاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤی له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری كه‌ركووك هه‌بێت وداخوازیی ئه‌وه بكه‌ن كه كه‌ركووك بكه‌وێته‌وه سه‌ر هه‌رێم. پێشتریش باسم كرد له‌ئه‌مڕۆدا فره‌لیستی زیانی بۆ دۆزی كورد به‌گشتیی هه‌یه. بۆ كه‌ركووكیش زیانی هه‌یه. بۆ نموونه ده‌نگی كورد بڵاوده‌كاته‌وه، تێڕوانینه‌كان پارچه ده‌كات. ئه‌مه‌ش زیان له‌م دۆزه ده‌دات.
ستیڤان:ئه‌زموونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی له‌باشووری كوردستاندا، تارادده‌یه‌كی زۆر، نوێیه‌و ئێستاش هه‌ردوو لایه‌نی گۆڕان و یه‌كگرتوو دوو هێزی كاریگه‌ری ئۆپۆزیسیۆنن. پێتوایه ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه ده‌توانێت چ كارێكی گه‌وره بكات؟. ئێوه وه‌ك خۆتان چۆن ده‌ڕواننه فۆرمی كاركردنی ئه‌و دوو هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌ی كوردستان؟.
دیار غه‌ریب:ئۆپۆزیسیۆن بوون یاخود بوونی ئۆپۆزیسیۆن كاریگه‌ریی باشی ده‌بێت له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونی ده‌ستكه‌وته‌كان. هه‌ر بۆیه بوونی چه‌ند فراكسیۆنێك له‌په‌رله‌ماندا وه‌كوو ئۆپۆزیسیۆن هه‌نگاوێكی باشه له‌پرۆسه‌ی سیاسیی و ئیداریی و دیموكراتی هه‌رێمدا، به‌ڵام گرنگه كه حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات به‌گشتیی ئه‌م هه‌نگاوه وه‌كوو هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی سه‌یر بكات و ئۆپۆزیسیۆنیش بتوانێت دیمه‌نێكی وه‌ها نیشان بدات كه كار بۆ به‌ره‌و پێشبردنی ده‌سكه‌وته‌كان ده‌كات. له‌م روانگه‌وه بابه‌ته‌كه شرۆڤه بكه‌ین، پێویسته گۆڕان و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ له‌یه‌كتری جیا بكه‌ینه‌وه، چوونكه یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی پێشتر بوونیان له‌په‌رله‌ماندا هه‌بووه‌و به‌شداری حكوومه‌تیش بوون، به‌ڵام گۆڕان فراكسیۆنێكی نوێیه. هه‌رچی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامییه له‌ناو جه‌ماوه‌ردا جووڵه‌ی دیموكراتییان لاواز بووه له‌رابردوودا و ئێستاش وه‌كوو سه‌ره‌تا جووڵه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان دیار نییه، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی سه‌نگی ئۆپۆزیسیۆنبوونیان كه‌م ده‌كاته‌وه. هه‌رچی لیستی گۆڕانه جووڵه‌ی له‌ناو جه‌ماوه‌ر دابڕاوه‌و له‌یه‌كتر ده‌بینرێن و هه‌ندێك جار هه‌ستن داخوازیی وچالاكییه جه‌ماوه‌رییه‌كان ئاڕاسته ده‌كات، نه‌ك به‌رنامه‌و عه‌مه‌له ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی ده‌بێت له‌سه‌ر پێگه‌ی گۆڕان. هه‌ر بۆیه ئێمه پێمانوایه كه ئه‌گه‌ر لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان بخوازن كاریگه‌رییان زیاتر بێت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا، ئه‌وا پێویسته له‌ناو جه‌ماوه‌ریشدا چالاك بن و بۆ پڕۆژه و به‌رنامه‌كانیان پشتیوانی له‌جه‌ماوه‌ر و لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان وه‌ربگرن و خاوه‌نداریی له‌پڕۆژه و به‌رنامه‌ی خه‌ڵكی تریش بكه‌ن.
دیار غه‌ریب
ساڵی1973 له‌ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ له‌دایكبووه. كۆلێژی زانست به‌شی فیزیای ته‌واو كردووه. له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه به‌شداریی خه‌باتی رێكخراوه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی بووه. له‌دامه‌زراندنی "پ. چ. د. ك"ه وه ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕیی بووه‌و له‌كۆنگره‌ی چواره‌می "پ. چ. د. ك"دا له‌ساڵی 2008 به‌سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردرا.
Shamzini79@hotmail. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
