دیمانه: ستیڤان شه‌مزینانی
نادر عه‌بدولحه‌مید هه‌ڵسوڕاوی دێرین و ناسراوی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ له‌كوردستان له‌رێی ئه‌م دیمانه‌یه‌وه باس له‌بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی كوردستان و هۆكاره‌كانی لاوازبوونی و ئه‌گه‌ری سه‌رله‌نوێ بووژاندنه‌وه‌ی ده‌كات و پێیوایه زه‌مینه‌ی ماددیی و بابه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی هێشتا گونجاوه بۆ به‌هێزبوونی هێزێكی چه‌پی رادیكاڵ.
ستیڤان:بێگومان به‌به‌راورد به ده‌یه‌كانی رابردوو هێز و گروپه چه‌په‌كان له‌گۆڕه‌پانی رامیاریی كوردستاندا ته‌واو لاواز بوون، پێتوایه هێزه چه‌په‌كان جارێكی دیكه ده‌توانن وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی ده‌ربكه‌ون له‌كایه‌ی سیاسیی كوردستاندا؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه به"به‌ڵێ"یه ده‌پرسین چۆن؟، ئه‌گه‌ر بكرێت له‌دووتوێی وه‌ڵامه‌كه‌دا رۆڵ و جێگه‌و رێگه‌ی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستانیش له‌و په‌یوه‌نده‌دا باس بكه‌ن؟.
نادر عه‌بدولحه‌مید:پرسیاره‌كه له‌دوو بڕگه‌ی پێكه‌وه به‌ستراو پێكهاتووه، بڕگه‌ی یه‌كه‌مه‌كه‌ی په‌نجه خستنه سه‌ر بارودۆخێكی بابه‌تییه كه له‌ئێستادا، هێز و گرووپه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی كوردستانی تێدایه، له‌به‌راورد به‌رابردوو، كه ئه‌ویش به‌ته‌عبیر‌ی ناو پرسیاره‌كه "له‌گۆڕه‌پانی رامیاریی كوردستاندا ته‌واو لاواز بوون". بڕگه‌ی دوه‌میش كه له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌یه جێگه مه‌به‌ستی پرسیاره‌كه‌تان ئایا ئه‌و هێزو لایه‌نه چه‌پانه، له‌ئاینده‌دا "ده‌توانن وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی ده‌ربكه‌ون له‌كایه‌ی سیاسیی كوردستاندا؟"و ده‌پرسن چۆن؟ من بۆیه ویستم هه‌ردوو بڕگه‌ی پێكهاتی پرسیاره‌كه لێك جیابكه‌مه‌وه تا رۆشن بێته‌وه ئاینده‌ی رۆڵ و كایه‌ی سیاسیی ئه‌و بزووتنه‌وه و هێزو گروپه‌كانی په‌یوه‌سته به‌ده‌ركێكی رۆشن بۆ بڕگه‌ی یه‌كه‌می پرسیاره‌كه كه ده‌ڵێت بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی كوردستان لاوازه. ئه‌و لاوازییه به‌رهه‌می چییه‌و هۆكاره‌كانی چین؟ بۆچی ئێستا هێز و گرووپه چه‌په‌كان له‌گۆڕه‌پانی رامیاریی كوردستاندا ته‌واو لاواز بوون؟ ئه‌ڵبه‌ته جۆری داڕشتن و مه‌به‌ستی پرسیاره‌كه‌ش ئه‌وه ناخوازێت ئێمه راسته‌وخۆ بچینه ناو باسێكی له‌و چه‌شنه‌وه تا له‌ئاكامگیرییه‌كانی ئه‌و باسه‌وه، تیشك بخه‌ینه سه‌رئه‌وه بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و هێزه‌كانی چۆنچۆنی ده‌توانن زاڵ بن به‌سه‌ر ئه‌و لاوازییانه‌داو وه‌ك فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی ده‌ربكه‌ون له‌كایه‌ی سیاسیی كوردستاندا، به‌ڵام لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌كه پشت ئه‌ستوور بكه‌ین به‌به‌ڵگه‌ی واقیعی ومێژوویی، ناچارین بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌و مێژووه واقعییه‌ی چه‌پ پیاتێپه‌ڕیووه تا به‌پشت به‌ستن به‌و واقعیاته ماددییانه رێڕه‌وه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی ئاینده‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه وه‌ك وه‌ڵام فۆرمۆڵه بكه‌ین.
ئه‌وه راسته چه‌پ و گروپه‌كانی له‌ئێستادا به‌به‌راورد به‌ده‌یه‌كانی رابردوو لاوازن، به‌ڵام له‌ده‌یه‌كانی رابردووداشدا ئه‌و بزووتنه‌وه‌و گروپه‌كانی نه‌گه‌یشتبوونه سنووری ئه‌و رادده‌یه له‌په‌ره‌سه‌ندن و هێزگرتوویی له‌كۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی ده‌ربكه‌ون له‌كایه‌ی سیاسیی كوردستاندا. ئه‌مه پرسیارێكی جیددییه كه بۆچی نه‌یتوانی بگه‌نه ئه‌و ئاسته؟ به‌ڵام شێوازی پرسیاره‌كه ئایا "جارێكی دیكه ده‌توانن وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی ده‌ربكه‌ون" وه‌ك ئه‌وه وایه پێمانبڵێت كه له‌ڕابردوودا ئه‌و رۆڵه‌یان بینیووه‌و ئایا جارێكی دیكه ده‌توانن بیبیننه‌وه؟ بۆیه لام وایه پرسیاره‌كه دروستر وابێ ئه‌گه‌ر له‌ڕابردوودا چه‌پ نه‌یتوانی بگاته ئه‌و ئاسته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه پله‌یه‌ك له‌به‌هێزیی له‌خۆی نیشاندا، ئایا له‌ئێستادا چه‌پ ته‌واو لاوازه ده‌توانێ له‌ئاینده‌دا بگاته ئه‌و ئاسته‌و ببێته كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی له‌كایه‌ی سیاسیی كوردستاندا؟ راستییه‌كه‌ی چه‌پ به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌كوردستاندا لاكه‌وته‌و په‌ڕاوێزبووه له‌ئێستادا جۆرێك له‌خۆزگه به‌جاری جاران (nostalgia- حه‌نین بۆ رابردوو) له‌ریزه‌كانیدا سه‌ری هه‌ڵداوه، نۆستاڵجیا به‌رهه‌می تێكشكانی خوده له‌چركه‌ساته‌كانی ئێستایدا كه ئاینده به‌داخراویی ده‌بینێ له‌به‌رده‌م خۆیداو رووده‌كاته‌وه رابردوو به‌ڵام رابردووی چه‌پ به‌هه‌موو شكۆمه‌ندییه‌كانییه‌وه ئه‌و ئه‌لگۆیه نییه كه بمانه‌وێت به‌ده‌ستیبهێنینه‌وه، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ش به‌ڵكو بوون به‌كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كیش له‌كایه‌ی سیاسیی كوردستاندا ئامانجێك نییه له‌خۆیدا پێشڕه‌وانی چه‌پ چاویان تێبڕیبێت.
ئه‌م واقعیاته‌ی ئێستای چه‌پ به‌رهه‌می په‌ره‌سه‌ندنێكی مێژوویی كۆمه‌ڵایه‌تی- سیاسیی كوردستان و لاكه‌وته‌بوونی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌یه له‌و مێژووه‌دا. بۆیه ره‌خنه به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ خودی واقعیاته‌كان بێ بناغه ده‌رده‌چێت. لاوازییه‌ك كه بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ هه‌یه‌تی به‌رله‌وه له‌تیۆر و سیاسه‌ته‌كانی، له‌سوننه‌ته عه‌مه‌لییه‌كان و له رابه‌رانی ناكارامه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا بۆی بگه‌ڕێین، كه به‌دڵنیاییه‌وه هه‌ر یه‌كێك له‌مانه‌ش رۆڵی خۆیان له‌و لاوازیه‌دا بینیووه، پێویسته له‌دابیننه‌كردنی پێداویستییه سیاسیی و عه‌مه‌لییه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و مێژووه واقعییه‌ی كوردستاندا به‌ئاقارێكدا به‌داوایدا بگه‌ڕێین لانیكه‌م چه‌پ وه‌ك ئاسۆیه‌ك رایگه‌یاندبوو. ئاسۆی په‌ره‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی و خه‌باتی چینایه‌تی كرێكار له‌كوردستاندا. لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ناكۆكییه‌ی له‌هه‌ناوی چه‌پدا هه‌یه له‌نێوان سه‌رخانێكی تیۆریی و ئاسۆیه‌ك كه رایگه‌یاندووه له‌گه‌ڵ واقعێكی عه‌مه‌لی كه ده‌رگیریه‌تی، واقعێكی كۆمه‌ڵایه‌تی- مێژوویی هه‌م لێیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌و هه‌م نوێنه‌رایه‌تیشی كردووه. ناوه‌ڕۆكی چه‌پ و چاره‌نووسێكیش كه رووبه‌ڕووی بۆته‌وه ده‌بێ له‌میانه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و واقعیاته‌وه به‌شوێنیدا بگه‌ڕێین، نه‌ك له‌دوو توێی تیۆرییه‌كانیدا. ئه‌ڵبه‌ته لێره‌دا مه‌به‌ست وه‌لاخستنی رۆڵی تیۆریی نییه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی چه‌پ، به‌ڵكو پێداگرتنه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه خولانه‌وه له‌ناو بازنه‌ی فكر و تیۆریدا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی- سیاسیی به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ خودی واقعیاته مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ناتوانێت لێكدانه‌وه‌یه‌كی ماتریالیستی بێت و ئه‌سته‌مه بتگه‌ێنێته ئاكامێكی بابه‌تی دروست.
چه‌پ كه خۆی به‌رهه‌می رووهێنانی رۆشنبیران، لاوان، خوێندكاران و كارمه‌ندانی كوردستان بوو بۆ ماركسیزم له‌هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیست پاشان كامڵبوونی فكریی وده‌ركه‌وتنی وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی رادیكاڵ له‌هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌و توێژه له‌هه‌شتاكانی ئه‌و سه‌ده‌یه‌دا. بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ژیانیدا له‌راپه‌ڕینی به‌هاری 1991ی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان رووبه‌ڕووی بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی به‌رفراوان و دژی ئیستبدادیی به‌عس ده‌بێته‌وه. چه‌پ له‌ڕێگه‌ی رێكخراوه‌كانی و هه‌ڵسوڕاوانییه‌وه له‌چه‌ند لاوه هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ست بێت به‌و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه و خۆی لێكهه‌ڵپێكێت پێیه‌وه‌و ببێته رابه‌ری، هه‌ر له‌به‌ڕێخستنی بزووتنه‌وه‌ی شوراییه‌وه بیگره تا بزووتنه‌وه‌ی بێكاران، بزووتنه‌وه‌ی ئاواره‌كانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی ژنان.. هتد. ئه‌م هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه له‌گه‌ڵ هه‌موو گیان له‌خۆبوردویی و ماندوونه‌ناسی هه‌ڵسوڕاواندا به‌ئاكام نه‌گه‌یشت. چه‌پی كوردستانی عێراق نه‌یتوانی وه‌ك چه‌پی كوردستانی ئێران (كۆمه‌ڵه) خۆی لێكهه‌ڵپێكێت به‌بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانه‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ر ناسیۆنالیزمدا وه‌ك یه‌كێك له‌فاكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی كایه‌ی سیاسیی و كاریگه‌ریی دانان له‌سه‌ر چاره‌نووسی كوردستان رۆڵی خۆی ببینێت. ئێمه لێره‌دا نه به‌شوێن به‌راوردكردنین له‌نێوان ئه‌و دوو بزووتنه‌وه چه‌په له‌دوو پارچه‌ی كوردستاندا‌و نه به‌شوێن ئه‌وه‌وه‌ین هۆكاره‌كانی ئه‌و به‌ئاكام نه‌گه‌یشتنه بده‌ینه به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه. ئه‌وه‌ی بایه‌خی هه‌یه بۆ باسه‌كه‌ی ئێمه لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئه‌و واقعیاتانه ده‌رخه‌ین رۆڵیان هه‌بووه له‌ئاڕاسته‌ی په‌ره‌سه‌ندنی داهاتووی ئه‌و بزووتنه‌وه‌و چاره‌نووسێكیش ئێستا تیایدایه.
بزووتنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ره‌تای شكڵگیریی خۆیدایه، بێ ئه‌زموونه له‌پڕاتیكێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌وێته به‌ر به‌رداشی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی كوردیی به‌دیاریكراوی "به‌ره‌ی كوردستانی" ئه‌و سه‌رده‌مه له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كان (له1991 به‌دواوه) . بزووتنه‌وه‌یه‌ك ئه‌زموونێكی كاری سیاسیی و چه‌كداریی و مامه‌ڵه‌ی خوێناویی له‌گه‌ڵ نه‌یارانی خۆیدا هه‌یه‌و پشتیوانییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یشی به‌پشته‌وه‌یه. فاكتۆری سه‌ره‌كی له‌تێكشكاندن و له‌باربردنی بزووتنه‌وه‌ی شورایی، بزووتنه‌وه‌ی بێكاران، بزووتنه‌وه‌ی ئاواره‌كانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی ژنان، .. و له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه له‌مه‌نگه‌نه‌دانی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ حه‌ساس بوون و دژایه‌تی و ده‌ستبه‌كاربوونی حزبه ناسیۆنالیسته‌كانی كورد، به‌دیاریكراویش "یه‌كێتی"و "پارتی" بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌دژایه‌تی ئه‌و دیارده نامۆیانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی له‌چه‌شنی بزووتنه‌وه‌ی بێكارانی كوردستان، بزووتنه‌وه‌ی شورایی و بزووتنه‌وه‌ی ئاواره‌كانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی ژنان و... هه‌رچه‌نده ناشبێت ناكارامه‌یی چه‌پ، بێ ئه‌زموونی و مامه‌ڵه‌ی ئایدیۆلۆژیگه‌رییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییانه‌دا، وه‌ك فاكته‌رێك له‌ناكامی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌دا كه‌م بایه‌خ سه‌یر بكرێن. بۆیه چه‌پ (به‌دیاریكراویش حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراقی تازه شكڵگرتوو) له‌و ده‌ورانه زێڕینه‌دا نه له‌ڕووی هێز و نفوزی كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌رییه‌وه‌و نه له‌ڕووی هێزی چه‌كداریشه‌وه نه‌یتوانی بگاته ئاستێك وه‌ك ركه‌به‌رێكی سه‌ره‌كی ناسیۆنالیزم له‌گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستاندا ده‌ركه‌وێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باروزروفی جه‌نگی ناوخۆی نێوان یه‌كێتی و پارتی بۆشاییه‌كی سیاسیی له‌كوردستاندا هێنابووه ئاراوه له1994 به‌دواوه. له‌م بۆشاییه سیاسییه‌دا ته‌نیا له‌ڕووی شكڵییه‌وه نه‌ك له‌جیهانی ریالیتیدا وه‌ك "هێزی سێیه‌م" دوای یه‌كێتی و پارتی ده‌هاته به‌رچاو. ئه‌گه‌ر ئه‌م "هێزی سێیه‌م"بوونه شتێكی واقیعی ماددیی بوایه، جێگه‌و رێگه‌یه‌ك نه‌بوو به‌ئاسانی له‌ده‌ستبدرێت و چه‌پ وحزبه‌كه‌ی وابه ئاسانی لاكه‌وته‌و په‌ڕاوێزبن له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكی كه‌م و كورتدا. هه‌تا ده‌ركه‌وتنی حزبیش وه‌ك هێزێكی جه‌ماوه‌ریی خۆشه‌ویست و چه‌كداری به‌هێز گرێنتی چاره‌سه‌ری ئه‌و گرێیه‌ی نه‌ده‌كرد كه چۆنچۆنی ئه‌و نفوز و هێزه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی بردنه پێشه‌وه‌ی خه‌باتی چینایه‌تی كرێكار دژی سه‌رمایه به‌كار ببرێت. هه‌روه‌ك ئه‌و گرێیه لای "كۆمه‌ڵه"ی ئێرانیش به‌چاره‌سه‌رنه‌كراویی مایه‌وه، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه له‌و حاڵه‌ته‌دا هاوكێشه سیاسییه‌كانی كوردستانی عێراق ده‌بوونه شتێكی تر و ته‌رازووی نێوان هێزه سیاسییه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان، ئاسایش و ره‌فاهیان به‌گشتی و به‌تایبه‌تیش له‌به‌رژه‌وه‌ندیی مۆدێرنییه‌ت، پێشكه‌وتنخوازیی و رادیكاڵییه‌ت ده‌شكایه‌وه.
به‌ڵام به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی چه‌پ ئه‌و بنكه جه‌ماوه‌رییه له‌ده‌ستده‌دات، له‌ناو رۆشنبیران و لاوانی كوردستاندا په‌ره ده‌ستێنێت و له‌كۆتایی نه‌وه‌ته‌كانه‌وه وه‌ك چه‌پێكی رێكخراو و حزبی ئه‌و توێژه ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌وه‌ی "به‌ره‌ی كوردستانی" له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كاندا فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی بوو له له‌مه‌نگه‌نه‌دان و رێگرتن له‌په‌ره‌داربوونی ئه‌و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییانه‌ی كه زه‌مینه‌ی هێزگرتنی چه‌پ بوون ئیتر له‌م ده‌وره‌یه‌دا ساغبوونه‌وه‌ی چه‌پ و فۆكوس كردنه سه‌ر پێداویستییه‌كانی ئه‌و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه كه فاكته‌ری سه‌ره‌كییه له‌وه‌ی چه‌پی رێكخراو له‌حزبی كۆمۆنیستی كرێكایری عێراقدا ناتوانێت خۆی لێكهه‌ڵپێكێت به‌بزووتنه‌وه كرێكاریی و جه‌ماوه‌رییه‌كان. له‌م ده‌ورانه به‌دواوه زۆرێك له‌كادره‌كان كه كه‌ره‌كته‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسیان هه‌یه تووشی جۆرێك له‌ده‌نگهه‌ڵبڕینی ناڕه‌زایه‌تی، پاشان پاسفیستی، كه‌نارگیریی له‌به‌رپرسیارێتی پۆسته حزبییه‌كان و سه‌ره‌نجام كشانه‌وه له‌حزب دێن. شایه‌نی باسه زۆر رێكخراو و حزب سه‌ره‌تا به‌ده‌ستپێشكه‌ریی رۆشنبیران پێكدێن، به‌ڵام ئه‌وه بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسیی و خواستی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌یه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه كه ئه‌و رێكخراوه‌ی رۆشنبیرانه له‌كوێی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌گیرسێته‌وه، جیا له‌حه‌ز و ئاره‌زوی دامه‌زرێنه‌رانی. به‌م پێیه به‌هه‌موو نیه‌ت پاكیه‌ك سه‌باره‌ت به‌سۆشیالیزم وكرێكار له‌لایه‌ن دامه‌زرێنه‌رانی رێكخراوه جۆراوجۆره‌كانی چه‌پ "له‌هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیست و پاشان یه‌كگرتنیان له‌حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراقدا"، ئه‌وه پێداویستییه‌كانی، گه‌نجان، رۆشنبیران، كارمه‌ندان و خوێندكارانی تینووی ئازادیی، شكاندنی كۆت و به‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی دواكه‌وتووانه‌یه بۆ هێنانه‌دی ژیانێكی مۆدێرن و هاوچه‌رخ، ئه‌م حزبه كێش ده‌كات بۆ بزووتنه‌وه‌ی خۆی. ئه‌ڵبه‌ته ئه‌مه به‌و مانایه نییه ئه‌م حزبه له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه كرێكارییه‌كان و جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌دژی شه‌ڕ و پێكدادان، گه‌نده‌ڵی و ملهوڕیی حزبه ناسیۆنالیستییه كوردییه‌كان رۆڵ و كاریگه‌ریی نه‌بووبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه جموجۆڵی ئه‌سڵی ئه‌م ره‌وته له‌و ماوه‌یه‌دا ئاڕاسته ده‌كات ئه‌و رادیكاڵیزمه‌و مۆدێرنیزمه‌ی ئه‌و توێژه‌یه.
به‌ده‌ستدرێژیی چه‌كدارانه‌ی "یه‌كێتی" له‌هاوینی ساڵی 2000دا بۆ سه‌ر باره‌گاكانی "حككع" له‌سلێمانی و تیرۆركردنی 5 له‌هاوڕێیانی (كه شتێكی حه‌تمی نه‌بوو، ده‌كرا رابه‌رایه‌تی ئه‌و حزبه به‌سازشێك خۆی له‌م ده‌ستدرێژییكردنه‌ی یه‌كێتی بپارێزرێت)، چه‌پ ده‌چێته قۆناغێكی پاشه‌كشه‌و لاكه‌وته‌یی و په‌ڕاوێزبوونی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌كوردستاندا. فاكتێكی گرنگ له‌پووكانه‌وه و پاشه‌كشه‌ی ئه‌و حزبه و چه‌پ به‌گشتی چالاكی و جموجوڵێكی فكریی و رۆشنگه‌ریی لیبرالیزمه كه له‌ساڵانی كۆتایی نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه له‌كوردستاندا، له‌گه‌شه و به‌ربڵاویدایه و چه‌ندین مه‌ڵبه‌ند، سه‌نته‌رو ئۆرگانی رۆشنبیریی لیبراڵی له‌كوردستاندا ده‌ستبه‌كار بوون بۆی، ئه‌م ره‌وه‌نده له‌گه‌ڵ بووژانه‌وه‌ی ئابووری وئاوه‌دانكاریی كوردستان له‌ساڵانی دوای رووخانی رژێمی به‌عس و په‌ره‌سه‌ندنی كه‌رتی تایبه‌تی و ده‌ركردنی یاسای وه‌به‌رهێنان، ... به‌هه‌نگاوی به‌هێز ده‌چێته پێش. گه‌رچی شانسی به‌رجه‌سته‌بوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌كی پوختی لیبراڵی، سه‌ربه‌خۆی سیاسیی و حزبی له‌كوردستاندا زه‌مینه‌یه‌كی ماددیی پته‌وی نییه له‌ئێستای كوردستاندا، به‌ڵام توانیوویه‌تی ده‌نگدانه‌وه‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی خۆی له‌ناو بزووتنه‌وه جۆراوجۆره‌كانی "ناسیۆنالیزم، ئیسلامی سیاسیی و چه‌پی" كوردستانیشدا بێنێته‌دی.
ئه‌وه‌ی جێگه مه‌به‌ستی ئێمه‌یه لێره‌دا ده‌رخستنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه له‌نێوان گه‌شه‌ی فكری لیبرالیزم له‌داوێنی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی كورد (به‌تایبه‌ت دوای رووخانی رژێمی به‌عس) و لاوازیی چه‌پ له‌كوردستاندا. ئه‌و توێژه له‌رۆشبیران، لاوان و خوێندكارانی كوردستان كه له‌حه‌فتاكان، هه‌شتاكان و نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا، ناڕازی و بێزار بوو له‌جه‌نگی ناوخۆی حزبه ناسیۆنالیسته‌كان، له‌سات و سه‌ودایان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ و هه‌تا له‌گه‌ڵ خودی رژێمی به‌عسیشدا، ناڕازی و بێزاربوو له‌ده‌ست گه‌نده‌ڵی و ده‌ست به‌سه‌راگرتنی سه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵگه و پێشێلكاریی ماف و ئازادییه سه‌ره‌تاییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌م حزبانه‌و لێپرسراوه چه‌كداره‌كانیانه‌وه، ئه‌م توێژه له‌م دۆخه سیاسییه‌دا، بنه‌ماو زه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌شه‌و چست و چالاكی چه‌پ بوو، به‌ڵام پاشان چ به‌هۆی ئاڵوگۆڕه جیهانییه‌كان و چ به‌هۆی ئاڵوگۆڕه ناوخۆییه‌كانی عێراق و كوردستان گۆڕانێكی ریشه‌یی به‌سه‌ر ئاڕاسته‌ی فكر و شێوازی خه‌باتی ئه‌و توێژه‌دا دێت. ئه‌م توێژه له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس له‌فه‌زایه‌كی نیمچه ئاوه‌ڵای فكریی-سیاسیی وچاپه‌مه‌نی، هه‌روه‌ها بووژانه‌وه‌ی ئابووری و ئاوه‌دانكاریی كوردستاندا له‌ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنێكی لیبراڵدا ده‌رده‌كه‌وێت بۆ هه‌رچی مۆدێرنه‌كردنی ناسیۆنالیزمی كورد‌و داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی تازه یه‌كگرتووی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌عێراقی نوێ‌دا و هه‌روه‌ها په‌ره‌پێدانی ره‌وتی عه‌لمانیه‌ت و به‌رفراوانكردنی ئازادییه فه‌ردیی و مه‌ده‌نییه‌كان له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا.
به‌م پێیه چه‌پێك له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كاندا له‌ژێر فشار‌و ملهوڕیی ناسیۆنالیزمدا ناتوانێت له‌شكلی بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌رینی جه‌ماوه‌ریدا بێته ده‌ره‌وه، ئه‌و بنكه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی هه‌شیبوو له‌رۆشنبیران و لاوان و خوێندكارانی كوردستان وه‌رچه‌رخانێكی ریشه‌یی فكریی و سیاسیی به‌سه‌ردا دێت و چه‌پ له‌وجودی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق (دواتر كوردستان) دا، وه‌ك ره‌وتێكی لاكه‌وته‌و قاوغێكی رێكخراوه‌یی بۆ هه‌ڵسوڕاوانێكی پیشه‌یی، له‌داوێنی ئاڵوگۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌مێنێته‌وه، به‌تایبه‌ت پاش قه‌لفڕێكی به‌رفراوانی كادر و هه‌ڵسوڕاوانی سه‌ر به‌و حزبه بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌دوای په‌لاماری خوێناویی "یه‌كێتی" بۆ سه‌ر بنكه‌و باره‌گاكانی حزب. ناڕه‌زایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌كوردستاندا به‌تایبه‌ت له‌نیوه‌ی دوه‌می ساڵی 2006 به‌دواوه له‌شكڵی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ریی له‌شار و شارۆچكه‌كانی كودستان سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه دژی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌كان و گه‌نده‌ڵی به‌رپرسانی حكومی و حزبی "پارتی"و "یه‌كێتی"، هه‌روه‌ها گه‌لێك توێژی كۆمه‌ڵایه‌تیش به‌شێوازی جۆراوجۆر بۆخواسته پیشه‌ییه‌كانی خۆیان ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن له‌چه‌شنی كارمه‌ندان، مامۆستایان و خوێندكاران، شوفێره‌كان و.. هتد. هه‌ڵسوڕاوانی چه‌پ چالاكانه له‌و بزووتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تیانه‌و خۆپیشاندانانه‌دا به‌شداریی ده‌كه‌ن به‌ڵام چه‌پ ناتوانێت هێز بگرێت و پشتی خۆی راستكاته‌وه له‌تێكشكانێك كه‌تووشی هاتووه.
ئێمه له‌سه‌ره‌تای ئه‌م باسه‌دا باسمان له‌وه‌كرد بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ماتریالیستی و بابه‌تی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسیی له‌وانه‌ش بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی كوردستان، به‌ر له‌گه‌ڕانه‌وه بۆ فكر و تیۆریی، بۆ سوننه‌ته‌كان و بۆ رابه‌رایه‌تییه‌كه‌ی، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئه‌و واقعیاته كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییانه‌ی لێیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌و چۆنچۆنیش له‌پرۆسه‌یه‌كدا ئه‌م واقعیاتانه ئاڵ‌وگۆڕیان به‌سه‌ردا دێت و جێگه‌وڕێگه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه و حزب و هێزه‌كانیشی به‌و پێیه ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا دێت چ به‌لاوازبوون بێت یان چ به‌به‌هێزبوون بێت. چه‌پی كوردستان و به‌دیاریكراوی له‌وجودی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان (پێشووتر عێراق) دا، وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی فكریی-سیاسیی دیاریكراوی ئه‌و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه له‌ئاكامی پڕۆسه‌یه‌كی سیاسیی و له‌پراتیكێكی زیندوودا له‌دوو ده‌یه‌ی رابردوودا به‌بنبه‌ست گه‌یشت. به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش پای ئه‌م حزبه‌یه له‌زه‌مین هه‌ڵبڕاوه، تاكتیك و چالاكییه سیاسییه‌كانی هه‌رچی زیاتر ناواقیعی ده‌رده‌كه‌ون و وه‌ك حزبێكی ئوڵترا چه‌پی بریقه‌دار خۆی ده‌رده‌خات. نموونه‌ی ئه‌مه‌ش له‌بایكۆتی چالاكانه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌كۆتایی ته‌مووزی 2009دا به‌زه‌قی ده‌رده‌كه‌وێت. بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ له‌ئێستادا، پاش تێپه‌ڕاندنی ئه‌زموونێكی نزیك به‌دوو ده‌یه له‌ته‌مه‌نی، له‌پرۆسه‌یه‌كی به‌خۆداچوونه‌وه‌ی فكریی سیاسییدایه هه‌روه‌ك چه‌پی ساڵانی كۆتایی هه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیست، ئه‌م پرۆسه‌یه له‌دوو لاوه چه‌پ راده‌كێشێت و لێكی ده‌كێشێته‌وه، لایه‌ك په‌ره‌سه‌ندنی فكری لیبرالیزم و لاكه‌ی تریشی ره‌وتێكی ره‌خنه‌گرانه‌ی روو به‌بزووتنه‌وه‌ی كرێكارییه له‌كوردستاندا. تا ئێستا لیبرالیزم وێڕای ده‌ركێشانی به‌ڕه‌ی ژێر قاچی چه‌پ كه له‌سه‌ره‌وه باسمان لێوه‌كردووه، توانیوویشییه‌تی، له‌و شوێنه‌وه خۆی نوساندووه به‌په‌ڕاوێزی ناسیۆنالیزمه‌وه، به‌شێك له‌هه‌ڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ هه‌ڵوه‌رێنێته ناو ئه‌و داوێنه لیبراڵه‌ی ناسیۆنالیزم و لێره‌شه‌وه په‌یوه‌ستیان بكاته‌وه به‌بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمه‌وه.
ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له‌شكڵی خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام و نه‌پچڕاوه‌دایه، دواین ئه‌ڵقه خۆپیشاندان و له‌ڕاستیدا جۆرێك له‌راپه‌ڕینی شارۆچكه‌ی پیره‌مه‌گرون بوو له‌مانگی رابردوودا (كۆتایی دیسه‌مبه‌ری 2009) له‌دژی گه‌نده‌ڵی ونه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌كان، به‌دوای ئه‌ویشا هه‌ڕه‌شه‌ی 40 رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ناوچه‌ی گه‌رمیان، له‌نامه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تیدا بۆ كابینه‌ی شه‌شی حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌گه‌ر نه‌یه‌ن به‌ده‌م خواسته ره‌واكانی جه‌ماوه‌ری ئه‌و ناوچه‌وه ئه‌وا هه‌ڵوێستێكی تر ده‌گرنه به‌ر. له‌لایه‌كی تریشه‌وه ره‌وه‌ندی دڵساردبوون و روو وه‌رگێڕانی رۆشنبیرانی كوردستان له"ده‌وڵه‌تی خۆماڵی" سه‌ریهه‌ڵداوه به‌به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادییه فكریی وچاپه‌مه‌نییه‌كان وته‌نگه‌تاو كردن، خستنه ژێر فشار‌و بگره ئه‌شكه‌نجه‌دان و تیرۆریشیان له‌لایه‌ن به‌رپرسان و كاربه‌ده‌ستانی (حزبی-حكومی) یه‌وه. ئه‌م بارودۆخه له‌ئاینده‌شدا كه‌م تاكورتێك به‌رده‌وام ده‌بێت و ناڕه‌زایه‌تی كرێكارانیش له‌شكڵی ئاكسیۆنی جۆراو جۆردا دێته سه‌ری. هاوڕای ئه‌مانه‌ش قه‌یرانی سه‌رمایه‌داریی جیهانی و بێ به‌هابوونی سیاسه‌ته‌كانی نیو لیبرالیزم و گه‌ڕانه‌وه بۆ ماركس له‌به‌رچاو بگرین، ده‌بینین زه‌مینه‌ی ماددیی له‌بار له‌ئارادایه بۆ هێزگرتنه‌وه‌ی چه‌پی ده‌وره‌ی رابردوو و هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵدان و هاتنه ئارای چه‌پێكی تازه‌ش له‌سه‌ر بونیانی بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی تازه، بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی له‌كوردستاندا.
به‌ڵام ئه‌مه ناتوانێت به‌ته‌نیا وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه بێت هه‌م چه‌پی كلاسیك (له‌شكڵی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستاندا) هێز و نفوزی كۆمه‌ڵایه‌تی بگرێته‌وه‌و هه‌م ئه‌و چه‌په تازه‌یه‌ش كه مه‌به‌ستمانه بێته مه‌یدان. به‌ڵكو ئه‌مه په‌یوه‌سته به‌هاتنه‌دی ئاڵوگۆڕێكی فكریی سیاسیی وگۆڕانی ته‌رازوی هێز له‌نێوان بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه سیاسییه جیاجیاكانی كوردستان. ئه‌ڵبه‌ته نابێ ئه‌وه‌ش له‌یاد بكه‌ین كوردستان كۆمه‌ڵگه‌و وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ نییه به‌ڵكو له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدایه. مێژووی هاوچه‌رخی كوردستان، كار و كاردانه‌وه‌ی نێوان چوار ره‌وتی فكریی و سیاسیی- كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه له‌سه‌ر یه‌كتری "ناسیۆنالیزم، ئیسلامی سیاسیی، لیبرالیزم و چه‌پی رادیكاڵ" له‌میانه‌ی مشتومڕێكی فكریی- سیاسیی به‌رده‌وام و هه‌روه‌ها كێشمه‌كێشێكی عه‌مه‌لی و له‌زۆر كه‌ڕه‌تیشدا خوێناویی. ئه‌ڵبه‌ته له‌دوو توێی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری دژی ده‌ستدرێژیی وملهوڕییه‌كانی ناسیونالیزمی عه‌ره‌ب له‌ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زیدا بۆسه‌ر خه‌ڵكی كوردستان و به‌باڵاده‌ستی ره‌وتی ناسیۆنالیزمی كورده‌وه له‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌دا. بۆیه هاتنه‌دی ئاڵوگۆڕی فكریی سیاسیی و گۆڕان له‌ته‌رازووی هێز له‌نێوان ئه‌و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه سیاسیانه‌دا مه‌سه‌له‌یه‌كه واوه‌تر و گه‌وره‌تره له‌ته‌نیا خه‌باتێكی فكریی و تیۆریی و په‌یوه‌سته به‌یه‌ك پڕۆسه‌ی سیاسیی هه‌مه‌لایه‌نه كه ئه‌و خه‌باته فكریی و تیۆرییه رۆڵێكی خۆی تیا ده‌بینێ. به‌دڵنیاییه‌وه چه‌پی ده‌وره‌ی رابردووش له‌م پرۆسه سیاسییه‌دا هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانی ده‌دات و شانس و ئه‌گه‌ری بووژانه‌وه‌یه‌كیشی هه‌یه، به‌ڵام له‌دیدی ماتریالیستی ماركسه‌وه به‌ر له‌وه‌ی بووژانه‌وه‌و هێزگرتنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌په مه‌سه‌له بێت، ناوه‌ڕۆكی كۆمه‌ڵایه‌تی- سیاسیی ئه‌و چه‌په‌ی مه‌به‌سته. ئه‌مه‌ش شتێك نییه كه دڵخوازانه‌و چۆن بته‌وێت ناوه‌ڕۆكێكی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسیی بیده‌یته پاڵ ئه‌م چه‌په. ئێمه لێره‌دا هه‌ڵساوین به‌ده‌رخستنی ئه‌و ناوه‌ڕۆكه له‌مێژوویه‌كی واقیعی كوردستاندا له‌بیست- سی (20-30) ساڵی رابردودا.
هه‌روه‌ك پێشتر په‌نجه‌مان بۆ راكێشا چه‌پی ئێستا له‌پرۆسه‌یه‌كی به‌خۆداچوونه‌وه‌ی فكریی سیاسیدایه، كه‌یه‌كێك له‌ره‌وه‌نده‌كانی ئه‌و به‌خۆداچوونه‌وه‌یه ده‌ربازبوونه له‌خودی ئه‌م بزووتنه‌وه چه‌په، نه‌ك چاكسازیی و سه‌رله‌نوێ هێزپێدان و هێنانه مه‌یدانی. ئه‌م هه‌وڵ و كۆششانه‌ش بۆ چاكسازیی زۆر ده‌مێكه له‌ئارادان له‌وانه تیۆریزه‌كردنی ره‌خنه له‌سوننه‌ته‌كانی چه‌پی كۆن له‌ناو حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق له‌ناوه‌ڕاست وكۆتایی نه‌وه‌ته‌كاندا كه به‌حیساب ئه‌گه‌ر ئه‌م سوننه‌ته فكریی و عه‌مه‌لیانه وه‌لاخرێن ئیتر ئه‌م حزبه‌و بزووتنه‌وه‌كه پاك ده‌بنه‌وه. یان ناڕه‌زایه‌تی به‌شێك له‌كادر و رێكخراوه‌كانی حزب به‌رامبه‌ر رابه‌رایه‌تی كه لێكدانه‌وه‌كانیان بۆ پاشه‌كشه و شكسته‌كانی حزب، بۆ لاكه‌وته‌یی حزب و بنبه‌ستبوون و هه‌ر هه‌مووی هۆكاره‌كانی رابه‌رایه‌تییه. به‌ڵام واقعیاتی عه‌مه‌لی و سیاسیی دوای زیاتر له‌ده ساڵ ئه‌وجۆره "تیۆری"یانه‌ی وه‌لاناوه. مه‌سه‌له‌ی ئه‌سڵی ده‌ستپێكردن و ده‌ستبه‌كاربوونه له‌ناو بزووتنه‌وه‌یه‌ك و ناڕه‌زایه‌تییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی تری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و به‌م پێیه‌ش سه‌رهه‌ڵدانی چه‌پێكی تری ته‌واو جیاوازه له‌وه‌ی كوردستان له‌سی- چل ساڵی رابردوودا ئه‌زموونی كردووه. ئه‌ڵبه‌ته ده‌ربه‌ست نه‌بوون به‌رامبه‌ر چاره‌نوسی هه‌ڵسوڕاوانی كۆمۆنیست و چه‌پ، به‌رامبه‌ر حزب و رێكخراوه‌كانی چه‌پ كارێكی نابه‌رپرسانه‌و زیانبه‌خشه و كاریگه‌رییه‌كی خراپیشی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی شكڵگیریی، گوڕ و ته‌وژمی ئه‌و شكڵگیرییه‌ی چه‌پی تازه‌ش ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وشته‌ی هه‌ڵسوڕاوان و رێكخراوه‌كانی چه‌پ سه‌ركه‌وتوانه، له‌ئاینده‌دا دێنێته ده‌ره‌وه‌و ئاماده‌یان ده‌كات بۆ ده‌وربینین له‌گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستاندا هیچ فكر و تیۆرییه‌كی ره‌ونه‌قدار و پاكه‌تكراوی وه‌ك ره‌خنه له‌سوننه‌ته‌كان، ره‌خنه له‌رابه‌ریه‌تی و تاكتیكه‌كانی حزب، گۆڕینی ئارایشی رێكخراوه‌یی له‌حزبێكه‌وه بۆ دوو حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراقی و كوردستانی نییه. ته‌نیا ده‌ربازبوونه له‌بازنه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی تائێستا چه‌پ تیا شكڵ و فرچكی گرتووه، ئه‌ویش به‌بوون به‌به‌شێك له‌بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان و هاتنه پێشه‌وه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له‌شكڵێكی رێكخراو و یه‌كگرتوودا بۆ كێشمه‌كێشی سیاسیی. به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی چه‌پ ده‌توانێت پایه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی كوردستاندا په‌یدا بكا‌و خۆی لێك هه‌ڵپێكێت به‌خواست و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیانه‌وه‌و شانسی هاتنه ده‌ره‌وه‌ی وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی به‌هێز له‌گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستاندا هه‌یه.
ئه‌ڵبه‌ته ئه‌مه كارێكی هه‌روا ئاسان نییه‌و چالاكییه‌كیش نییه بڵێی هه‌ر ئێستا له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی جێده‌ست وپه‌نجه‌ی ده‌ركه‌وێت. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیست، ده‌بینین ئه‌و ئاڵوگۆڕه فكریی- سیاسی و رێكخراوه‌ییانه‌ی روویانداوه له‌نێوان كادر، هه‌ڵسوڕاوان و رێكخراوه‌كانی چه‌پی ئه‌وكاته، شتێك نه‌بووه ده‌موده‌ست له‌گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا به‌رچاو بووبن، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كاندا، هه‌م له‌راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 و هه‌م له‌پێكهێنانی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراقدا جێگه په‌نجه‌و شوێنه‌واری خۆی به‌جێهێشتوه به‌سه‌ر رووداوه‌كان و مێژووی ئه‌و كاته‌ی كوردستاندا. به‌هه‌مان شێوه‌ش پرۆسه‌یه‌ك له‌به‌خۆداچوونه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌ڵسوڕاوانی كۆمۆنیست و چه‌پ به‌دڵنیاییه‌وه ئاكامه‌كه‌ی له‌ئاینده‌دا چه‌پێكی تازه به‌ناوه‌ڕۆكێكی كۆمه‌ڵایه‌تی چینایه‌تی جیاوازتر، له‌سه‌ر بنه‌مای بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی تری ناو كۆمه‌ڵ و جیاواز له‌وه‌ی كه چه‌پی سی-چل (30-40) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تیا له‌دایكبووه و هاتۆته ده‌ره‌وه.
له‌شكڵنه‌گرتن یان باشتره بڵێین دره‌نگ ده‌ركه‌وتنی ئه‌م چه‌په تازه‌یه‌دا پاشماوه‌ی چه‌پی تائێستا له‌كادر و هه‌ڵسوڕاوانی لایه‌ك ده‌كه‌ونه به‌ر شه‌پۆلی په‌لاماری لیبرالیزم و ریفۆرمیزم و له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه كێش ده‌كرێن بۆ ریزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی له‌كوردستان هه‌روه‌ك تائێستا به‌شێك ئه‌و چاره‌نووسه‌ی بینیووه‌و ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كیشه له‌مه‌ولا به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌شێكی تری چه‌پ له‌سه‌ر خه‌تی خۆی به‌ڵام به‌ئاڵوگۆڕێكه‌وه له‌ژێر فشاری گۆڕانكارییه‌كاندا، به‌رده‌وامی به‌ژیانێكی لاكه‌وته‌یی چه‌پبوون ده‌دات. ئێمه له‌ڕێگه‌ی پڕۆژه‌ی "ره‌وه‌ند"ه‌وه به‌شێك له‌ئه‌ركه‌كانی خۆمان به‌وه ده‌بینینه‌وه ده‌خاله‌تێكی چالاك له‌چاره‌نووسی ئه‌و پرۆسه‌ی به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌ی چه‌پ بكه‌ین، له‌به‌رژه‌وه‌ندیی وه‌ڕێخستنی چه‌پێكی تازه‌دا. ماتریاڵێكی ئینسانی له‌شكڵی كادر و هه‌ڵسوڕاوانی بواره جیاجیاكانی چالاكی فكریی و سیاسیی، هه‌تا رێكخراوه‌كانی چه‌پیش، ئه‌مانه به‌گشتیی به‌رهه‌می مێژوویه‌كی واقیعی كوردستان، به‌رهه‌می خه‌باتێكی پڕ له‌گیان له‌خۆبردوویی، قوربانیدان، پڕ له‌سه‌روه‌ریی و شكۆمه‌ندییه. ئێمه به‌هه‌موو سنووربه‌ندیكردنێك له‌به‌رامبه‌ر چه‌پی ئێستا‌و رابردوودا، به‌های ئه‌و ماتریاڵه به‌رز ده‌نرخێنین له‌داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێدا بۆ كاری كۆمۆنیستی و پته‌وكردنی ریزه‌كانی یه‌كێتی چینی كرێكار.
له‌مڕۆی كوردستاندا:یه‌كه‌م، سه‌ندیكا كرێكارییه‌كانی كوردستان له‌لایه‌ن هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه یه‌كێتی و پارتی كۆنترۆڵ كراون، ئازادیی رێكخراوبوون و مانگرتنی كرێكارانیش به‌عه‌مه‌لی یاساغه. دووه‌م، له‌م 5 ساڵه‌ی رابردوودا كه‌رتی ئاوه‌دانكاریی و بیناسازیی و كۆمپانیا بازرگانییه‌كان په‌ره‌سه‌ندێكی به‌خۆیه‌وه بینیوه، رێژه‌ی بێكاریی له‌كوردستاندا كه‌متر به‌رچاوه‌و شه‌پۆلێك له‌كرێكارانی ناوه‌ڕاست وخوارووی عێراق، وڵاتانی دراوسێ و خواروی رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا بۆ كاركردن هاتوون یان هێنراونه‌ته كوردستان. سێیه‌م، دوای رووخانی رژێمی به‌عس پاره‌و پول و ئیمكاناتێكی ماڵی هاتۆته كوردستانه‌وه‌و ئاستی گوزه‌رانی دانیشتوانی هه‌رێمه‌كه تاڕادده‌یه‌ك چۆته سه‌ر. چواره‌م، ناڕه‌زایه‌تی گشتیی جه‌ماوه‌ر و توێژه جیاجیاكان له‌ئارادان دژی گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان و له‌م 5 ساڵه‌ی رابردوودا باڵیان كێشاوه به‌سه‌ر فه‌زای سیاسیی و فكریی كوردستاندا. ئه‌مانه‌و هاوڕای چه‌ند هۆكارێكی تر وایان كردووه بزووتنه‌وه‌یه‌كی كرێكاری سه‌ربه‌خۆ له‌مه‌یداندا له‌به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر به‌رجه‌سته ده‌رنه‌كه‌وێت. ئه‌م بارودۆخه گوزه‌رایه‌و وه‌ك خۆڵه‌مێش و سوتووی ناو ئاگردان پشكۆ و ژیله‌مۆكانی ژێره‌وه‌ی داپۆشیوه.
نادر عه‌بدولحه‌مید
ساڵحی مه‌لا ده‌ڵگه‌یی ناسراو به" نادر عه‌بدولحه‌مید" 1956 له‌قه‌ڵادزێ له‌دایكبووه. خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی له‌و شاره، ئاماده‌یی (1976-1977) له‌سلێمانی و "كۆلێژی ئابووری" له‌زانكۆی به‌غدا (1981) ته‌واو كردووه. دامه‌زرێنه‌ری "تیپی 63 ی جوتیاران" سه‌ر به (ی. ن. ك) بووه له‌پایزی 1981دا و پێشنیاری مام جه‌لال و نه‌وشیروانی ره‌تكرده‌وه كه خۆی ببێته به‌رپرسی تیپه‌كه. له1983دا به‌هۆی ناكۆكی فكریی و سیاسیی له‌گه‌ڵ "یه‌كێتی"دا وازی له‌پێشمه‌رگایه‌تی هێناوه. له‌كۆتایی 1983 په‌یوه‌ندیی كردووه به‌ڕێكخراوی (یه‌كێتی تێكۆشانی كارگه‌ران) و له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگێكی كه‌مدا پاڵێورا بۆ كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ئه‌و رێكخراوه. یه‌كێك بووه له‌و سێ كادره "موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د، ئه‌مجه‌د غه‌فور، نادر عه‌بدولحه‌مید"، رێكخراوی "ره‌وتی كۆمۆنیست"یان له‌هاوینی 1984 دروستكردووه. یه‌كێك بووه له‌و 10 كادرانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ له1993دا "حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق"یان راگه‌یاندووه‌و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌كه‌ی بووه تا كۆنگره‌ی یه‌كه‌م. له8 حوزه‌یرانی 2000 دا، له‌و حزبه هاتۆته ده‌ره‌وه. ئێستا پڕۆژه‌یه‌كی سیاسیی به‌ده‌سته‌وه‌یه له‌ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕی "ره‌وه‌ند"ه‌وه.
Shamzini79@hotmail. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
