دیمانه: ئاسۆعوسمان
*لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان به‌تایبه‌تی گۆڕان ده‌بی هه‌وڵ نه‌ده‌ن له‌هه‌موو شتی ئه‌نتی بن، با ناڕازیبوون له‌سه‌ر مه‌سه‌له گرنگه‌كان بێت نه‌ك مه‌سه‌له بچووكه‌كان
*وا باشتره مام جه‌لال بیرێكی جیددی له‌قیامه‌تی خۆی بكاته‌وه
*یه‌ك لیستی بۆ كورد باشتر بوو به‌ڵام كه نه‌كرا، ئه‌وا یه‌ك هه‌ڵوێستی ده‌بی هه‌بێت
*دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌سه‌ڵاتی هێزه شیعه‌كان به‌هێزتر ده‌بێت و ره‌وتی عه‌ره‌بی شۆڤێنی گه‌شه ده‌كات
زانا رۆستایی ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌رێی ئه‌م دیمانه‌یه‌وه باس له‌ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنی عێراق ده‌كات كه وا بڕیاره له‌سه‌ره‌تای مانگی ئازاری داهاتوودا ئه‌نجام بدرێت. رۆستایی له‌به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا تیشك ده‌خاته سه‌ر پرسی ناوچه دابڕاو و جێ ناكۆكه‌كان و پێیوایه، ئه‌و ناوچانه مه‌یدانی راسته‌قینه‌ی كاركردنی هێزه سیاسییه كوردستانییه‌كانه. ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌ر له‌م دیمانه‌یه‌دا، باس له‌شێوازی ته‌وافقی سیاسیی ده‌كات له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ره‌خنه له‌سیاسه‌تی ته‌وافقیی پارتی و یه‌كێتی ده‌گرێت له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا. له‌به‌شی كۆتایی دیمانه‌كه‌شدا "زانا رۆستایی" رایده‌گه‌یه‌نێت كه یه‌ك لیستی بۆ كورد باشتربوو، به‌ڵام كه ئه‌وه نه‌كراوه، له‌به‌رامبه‌ردا یه‌ك هه‌ڵوێستی كارێكی باشه‌و ده‌بێت هێزه سیاسییه كوردییه‌كان له‌سه‌ر پرسه چاره‌نووسسازه‌كان هاوڕا و هاوهه‌ڵوێست بن.
ئاسۆ:چاودێرانی سیاسیی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه كۆنترۆڵ نه‌كرێت ئه‌وا دوور نییه له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی بارودۆخێكی ئه‌منیی ناهه‌موار ببێته‌وه. به‌بڕوای ئێوه پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێویسته په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێم و هێزه سیاسییه‌كان چ هه‌نگاوێك بگرنه‌به‌ر؟.
زانا رۆستایی:به‌ناوی خودای گه‌وره‌و میهره‌بان. سوپاس بۆ خودا كه هه‌رێمی كوردستان چه‌ند ساڵێكه له‌بارودۆخێكی ئارام و به‌رقه‌راردایه و له‌سایه‌ی ئه‌و ئارامییه‌ش هه‌موو خه‌ڵك و لایه‌نه سیاسییه‌كان و ئازادییه‌كانی خه‌ڵكیش گه‌شه‌یان كردووه، بێگومان شڵه‌ژان و تێكچوونی ئه‌م بارودۆخه هه‌ركه‌سی ببێته هۆكاری له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستانه‌وه لێی قه‌بووڵ ناكرێت و له‌و پێناوه‌دا پێویسته كاری جیددی بكرێت بۆ رێگاگرتن له‌م كاره‌ساته، حكوومه‌تی هه‌رێم به‌داخه‌وه كه تائێستا گیرۆده‌ی به‌ندی حزبیبوونه پێموانییه بتوانێت بێلایه‌نانه كارێك بكات بۆ پاراستنی ئه‌من و ئاسایش به‌تایبه‌تی كه ده‌زگاكانی ئاسایش تا ئێستا فه‌رمان له‌حكوومه‌ت وه‌رناگرن، به‌ڵام به‌لانیكه‌م ده‌بێت كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی بۆ ئه‌نجام بدات و هه‌ندی رێوشوێن بگرێته به‌ر. سه‌باره‌ت به‌په‌رله‌مانی كوردستانیش پێویسته كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی بۆ ئه‌نجام بدات و پڕۆژه یاسایه‌ك ئاماده بكات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی میلیشیا چه‌كدارییه‌كانی حزبه‌كان و بێلایه‌نكردنی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه ناوخۆییه‌كان له‌ململانی حزبییه‌كان، چوونكه تاوه‌كوو چه‌ك به‌ده‌ستی حزبه‌كانه‌وه بێت و پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی ناوخۆ تا فه‌رمان له‌حزب وه‌ربگرن مه‌ترسی كاره‌سات و شه‌ڕی ناوخۆ هه‌ر له‌ئارادایه. خه‌ڵكی كوردستانیش ده‌بێت هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت له‌و لایه‌نه‌ی بیر له‌وه بكاته‌وه په‌نا به‌رێته به‌ر توندوتیژیی و چه‌كی ده‌نگ پی نه‌دانیان له‌دژ به‌كاربهێنێت و له‌ژیانی سیاسیی شكستیان پێبهێنێت. لایه‌نه سیاسییه‌كانیش پێویسته راشكاوانه هه‌ڵوێست وه‌ربگرن و ئیدانه‌ی هه‌ر جۆره توندوتیژییه‌ك بكه‌ن كه هه‌ر لایه‌نێك په‌نای بۆ ببات و به‌ر له‌وه‌ش هه‌وڵی جیددی بده‌ن بۆ هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كان، دیاره ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان مامۆستا عه‌لی باپیر ئێستا له‌هه‌وڵێكی جیددی دایه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و سه‌ردانی مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروانی كردووه‌و ئومێد ده‌كه‌ین هه‌وڵه‌كان به‌رهه‌میان هه‌بێت.
ئاسۆ:له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا سه‌ختترین ململانی له‌ناوچه دابڕاواكاندایه، چ هێزه عه‌ره‌بییه‌كان چ توركمان و چ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه ده‌یانه‌وێت شكست به‌سیاسه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه بهێنن. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه كورد چۆن ئاماده‌سازیی بكات بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌و ناوچانه‌دا كه ئێستا كورد به‌فره‌لیستی به‌شداریی ده‌كات؟.
زانا رۆستایی:ناوچه دابڕاوه‌كان مه‌یدانی راسته‌قینه‌ی هێزه كوردییه‌كانن كه ده‌بێت له‌وی سه‌رنجی زۆرترین ده‌نگده‌ر بۆ لای خۆیان رابكێشن، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌نگده‌ری ئه‌و ناوچانه دابه‌شبووه و عه‌ره‌ب بۆ عه‌ره‌ب ده‌نگ ده‌دات و كورد بۆ كورد و توركمان بۆ توركمان، بۆیه ده‌نگده‌ری كورد ده‌مێنێته‌وه بۆ لیسته كوردییه‌كان كه كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ش به‌دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر لیسته جیاجیاكاندا گه‌وره‌ترین زه‌ره‌ر ده‌ده‌ن له‌و رێژه‌یه‌ی كه پێویسته بۆ هه‌ر كورسییه‌كی په‌رله‌مانی، باشتر وابوو كورد له‌و ناوچانه چوونكه ركابه‌ری تری غه‌یره كوردی لێیه به‌یه‌ك لیست به‌شدارییان بكردایه، تاوه‌كوو ده‌نگه كوردییه‌كان بڵاو نه‌بن و له‌ئه‌نجامیشدا له‌و نێوه‌دا كورسییه‌ك، دوو كورسی كوردیی له‌وانه‌یه له‌ده‌ست بچێت، بۆ وێنه ئه‌گه‌ر نرخی كورسییه‌ك له‌كه‌ركووك 55 هه‌زار ده‌نگ بێت، ئه‌و چوار لیسته سه‌ره‌كییه‌ی كوردستان هه‌ر یه‌كه‌یان 50 هه‌زار ده‌نگی زیاده‌یان هه‌بوو كه هیچیان به‌ته‌نیا كورسییه‌كیان پی ده‌ست ناكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌یه‌كه‌وه بوونایه ده‌یكرده 200 هه‌زار ده‌نگ و سی كورسی پی ده‌هات. بۆیه ئه‌و فره لیستییه زیان له‌كورد ده‌دات و تاوانه‌كه‌شی له‌ئه‌ستۆی یه‌كێتی و پارتی دایه، كه پڕۆژه‌یه‌كی باشیان نه‌بوو بۆ یه‌ك لیستی له‌و ناوچانه كه به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نه‌ته‌وه ره‌چاو بكات، نه‌ك حزبه‌كانیان.
ئاسۆ:دوای كۆتایی هاتنی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، ئێستا هه‌ر لایه‌ك به‌شێوه‌یه‌ك، سیاسه‌تی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان و لیستی یه‌كگرتووی ئیسلامی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت. به‌ده‌ر له‌موزایه‌ده‌ی سیاسیی و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن چۆن سیاسه‌تی كورد له‌ناوه‌ند له‌چوار ساڵی رابردوودا هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟.
زانا رۆستایی:لیستی هاوپه‌یمانی و لیستی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌دوو ساڵی رابوردوودا! هه‌وڵه‌كانیان چڕتر كردبوو بۆ كار و چالاكی په‌رله‌مانیی خۆیان، ره‌نگه له‌دوو ساڵی یه‌كه‌میان به‌م جۆره نه‌بووبن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌كراوه به‌هه‌ردووكیان پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی دۆستانه بووه له‌گه‌ڵ كوتله په‌رله‌مانییه‌كان بۆ پشتگیریی پڕۆژه‌و به‌رنامه‌كانی نوێنه‌رانی كوردستان له‌په‌رله‌مان.
ئاسۆ:چاودێرانی سیاسیی چ له‌عێراق و چ له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره تێكڕای بارودۆخه سیاسییه‌كه ده‌گۆڕێت و نه‌خشه‌یه‌كی سیاسیی تر له‌عێراقدا كاری پێده‌كرێت. من پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه چ نه‌خشه‌یه‌كی سیاسیی دێنێته ئاراوه؟.
زانا رۆستایی:پێموانییه گۆڕانكارییه‌كان گه‌وره بن، نه‌خشه‌ی عێراق شێوه‌یه‌كی نه‌گۆڕی وه‌رگرتووه له‌رووی نه‌ته‌وه‌كان و ئاینه‌كان و مه‌زهه‌به‌كانه‌وه، حزبه سیاسییه‌كانیش تائێستا هه‌ر له‌و قاڵبانه ده‌سوڕێنه‌وه‌و له‌ده‌وری ئه‌و چه‌مكانه كۆبوونه‌ته‌وه، كه‌م و زیادییه‌ك له‌رێژه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و پێكهاتانه دێته ئاراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده كاریگه‌ر نابێت كه پێی بوترێت وه‌رچه‌رخان، بۆیه من وای بۆ ده‌چم كه ده‌سه‌ڵاتی هێزه شیعه‌كان به‌هێزتر ببێت و ره‌وتی عه‌ره‌بی شۆڤێنی گه‌شه بكات و رێژه‌ی كورد له‌به‌غدا له‌كه‌می ده‌دات.
ئاسۆ:له‌ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا كورد سه‌نگ و قورسایی خۆی هه‌بووه، ده‌توانین بڵێین به‌شی هه‌ره زۆری بڕیاره چاره‌نووسسازه‌كان به‌بی راوێژی كورد نه‌دراون. ده‌مه‌وێت ئه‌وه بپرسم ئایا كورد له‌حكوومه‌تی داهاتووی عێراقدا هه‌مان قورسایی و سه‌نگی ئێستای ده‌بێت؟.
زانا رۆستایی:نه‌خێر بێگومان به‌ڵام شێوازی دیموكراسییه‌تی ته‌وافوقی هه‌ر ده‌مێنێت و ده‌بی كورد داكۆكی له‌مانه‌وه‌ی بكات چوونكه ئه‌گه‌ر كار بێته سه‌ر زۆرینه‌و كه‌مینه‌ی ده‌نگه‌كانی په‌رله‌مان و بڕیار و یاساكان به‌و جۆره ده‌ربچن، ئه‌وا كورد ده‌بی بیرێكی جیددی له‌حاڵی خۆی بكاته‌وه، چوونكه ده‌كه‌وێته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جیددی، كورد له‌رابوردوودا یه‌ك كوتله بووه، ئه‌وجاره چوار كوتله ده‌بێت. له‌رابوردوودا توانیوویه‌تی پۆسته سیادییه‌كان مسۆگه‌ر بكات، ئێستا له‌و په‌رته‌وازییه پۆسته سیادییه‌كان كه‌م ده‌بنه‌وه‌و دابه‌ش ده‌بن و پۆستی هامشی له‌وانه‌یه بۆ كوتله كوردییه‌كان بمێنێته‌وه.
ئاسۆ:كورد له‌رابردوودا هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هێزه شیعییه‌كاندا به‌ست، وه‌لێ به‌شێك له‌هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و ته‌نانه‌ت رای شه‌قامیش ئه‌وه بووه كورد سوودێكی ئه‌وتۆی له‌هاو په‌یمانێتییه نه‌بینیوه. ئێستاش هێزه شیعییه‌كان به‌تایبه‌تی هه‌ردوو لیستی به‌هێزی "ده‌وڵه‌تی یاسا" و "هاوپه‌یمانی نیشتیمانی" ده‌یانه‌وێت له‌كورد نزیك ببنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مانی داهاتوودا پێویستیان به‌پشتیوانی كورده بۆ دیاریكردنی كاندید بۆ سه‌رۆك وه‌زیران. به‌بڕوای ئێوه كورد چۆن پێویسته هاوپه‌یمانیی بكات؟.
زانا رۆستایی:هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كانی رابووردوی پارتی و یه‌كێتی بۆ ده‌سكه‌وتی حزبی بوونه چوونكه هیچ له‌و هاوپه‌یمانێتییانه نه‌بوونه هۆی چاره‌سه‌ربوونی گرفتێكی نێوان به‌غدا و هه‌رێم، به‌ڵام دابه‌شكردنی پۆست و پله‌و پایه سیادییه‌كانی لێكه‌وته‌وه بۆ كادێره‌كانی ئه دوو حیزبه، ئه‌گه‌ر ئه‌وجاره هه‌ر لایه‌نێك له‌لیسته كوردییه‌كان نزیك ببێته‌وه پێویسته له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه شه‌فافانه نێوه‌ڕۆكی ئه‌و رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانێتییانه بۆ ده‌نگده‌رانیان روون بكه‌نه‌وه‌و ئه‌و رێككه‌وتننامانه بكه‌نه هۆی ده‌سكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی.
ئاسۆ:چۆن له‌و هه‌نگاوانه ده‌ڕوانن ئێستا ده‌نرێن بۆ دوورخستنه‌وه‌ی چ به‌عسییه‌كان چ سێبه‌ره‌كانی ئه‌وان كه ده‌یانه‌وێَت له‌ڕێگای گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر عێراقدا بگرنه‌وه؟. به‌بڕوای ئێوه كورد پێویسته پشتیوانی له‌و هه‌نگاوانه بكات یان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئێستا ده‌یبینین بێده‌نگ بێت؟.
زانا رۆستایی:به‌رای من به‌عسییه‌كان له‌وه بێهێزترن كه بتوانن له‌رێی هه‌ڵبژاردنه‌وه بتوانن بێنه‌وه سه‌ر شانۆی سیاسیی و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی له‌عێراقدا، ئه‌وه زیاتر بیانووێكه شیعه‌كان ده‌یگرنه‌به‌ر بۆ لاوازكردنی پێگه‌ی عه‌ره‌بی سووننه له‌ده‌وڵه‌تی عیراقدا. كورد له‌و ململانێیه بێده‌نگ بێت خراپ نییه.
ئاسۆ:به‌پێی ده‌ستووری عێراق له‌خولی داهاتوودا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی عێراق نامێنێت وسه‌رۆك كۆمار مافی ئه‌وه‌ی ده‌بێت به‌بڕیارێك به‌شێكی به‌رچاو له‌ناوچه دابڕاوه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. من پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه كورد ده‌بێت چ سیاسه‌تێك بگرێته به‌ر بۆئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێته‌وه؟.
زانا رۆستایی:لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان ده‌توانێت كوردانه‌و به‌سه‌خاوه‌ته‌وه داوا له‌لیسته كوردییه‌كانی تر بكات كه‌وا له‌به‌غدا یه‌ك كوتله دروست بكه‌ن و له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ر كوتله‌یه‌ك به‌رێژه‌ی خۆی به‌شدار بێت له‌بڕیار و پۆست و كار و چالاكییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی عێراق، ئه‌گه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی پڕۆژه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ی هه‌بێت و سوور بێت له‌سه‌ر وه‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وت بۆ كورد نه‌ك بۆ حزبه‌كانی خۆیان، ئه‌وا ده‌توانن ئه‌و پۆسته وه‌ربگرنه‌وه، جا گرنگ نه‌بێت كی له‌سه‌ر ئه‌و كورسییه داده‌نیشێت و له چ حزبێكه، به‌ڵكوو گرنگ ئه‌وه بێت كه كوردێكه له‌و شوێنه، جا هه‌ر كاتی پارتی و یه‌كێتی گه‌یشتنه ئه‌و ئاسته به‌رزه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وا به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته مه‌حاڵ نابێت و ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ن پێموانییه جارێكی تر كوردێك بتوانێت پایه‌ی سه‌رۆك كۆماری وه‌ربگرێته‌وه.
ئاسۆ:چۆن رۆڵی سه‌رۆك كۆماری ئێستا "مام جه‌لال" هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟.
زانا رۆستایی:جه‌نابی مام جه‌لال هه‌وڵیدا وه‌كوو سه‌رۆك كۆماری عێراق ره‌فتار بكات و كه‌متر لایه‌نگیریی كوردی پێوه دیار بێت، له‌و پێناوه‌ش سه‌ركه‌وتنێكی زۆری به‌ده‌ستهێنا به‌رامبه‌ر به‌عه‌ره‌ب وهاوسه‌نگی باشی راگرتبوو، به‌ڵام بۆ كوردستان و ناوچه دابڕاوه‌كان نه‌یتوانی سوود له‌م پۆسته‌ی خۆی وه‌ربگرێت و هه‌ندی له‌پێشنیاره‌كانیشی زیانی گه‌یاند به‌هه‌وڵه‌كانمان بۆ گێڕانه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كان، وه‌ك ئه‌و رێژه‌یه‌ی كه بۆ ئیداره‌ی كه‌ركووكی خسته روو بۆ هه‌ر چوار پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كان به‌یه‌كسانی.
ئاسۆ:به‌شێك له‌چاودێران پێیانوایه تاڵه‌بانی خاوه‌نی دبلۆماسییه‌تێكی به‌هێزه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێزی سیاسیی هه‌یه له‌جیهاندا، وه‌ك بۆچوونی خۆت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی ببێته‌وه به سه‌رۆك كۆماری عێراق؟.
زانا رۆستایی:نه‌خێر وه‌كوو رای شه‌خسی خۆم، مام جه‌لال مافی خۆیه‌تی ئیتر پشوو بدات له‌كاری سیاسیی وه‌كوو ده‌وڵه‌ت و وه‌كوو حزب، خه‌باتێكی زۆری كردووه‌و گه‌یشته لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عێراق به‌لێهاتوویی و توانای خۆیه‌وه، ته‌مه‌ن و نه‌خۆشی و جه‌سته‌ی به‌ڕێزیان داوای لێده‌كه‌ن پشوو بدات و ئه‌و ئه‌ركه گران و پڕ كێشه‌یه بۆ كه‌سانی تر واز لێبهێنێت، وه‌كوو یاریزانی به‌هێز له‌لوتكه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی وازبهێنێت باشتره‌و وه‌كوو كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی كوردستان خۆی بێلایه‌ن بكات له‌كێشه ناوخۆییه‌كان و ببێته مه‌رجه‌عێك بۆ هه‌مووان باشتره‌و بیرێكی جیددیش له‌قیامه‌تی خۆی بكاته‌وه له‌وه‌نده ته‌مه‌نه‌ی كه ماویه‌تی.
ئاسۆ:له‌نێوه‌ندی سیاسیی و رۆژنامه‌وانیدا گه‌شبینییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم "د. به‌رهه‌م" هه‌یه كه بتوانێت لانیكه‌م به‌سه‌ر ئه‌و قه‌یران و كێشانه‌دا سه‌ركه‌وتوو ببێت له‌ماوه‌ی پێش ئه‌ودا خوڵقێنراون. پرسیاره‌كه‌م با ئه‌وه‌بێت ئێوه چۆن له‌م كابینه‌یه ده‌ڕوانن؟ پێتانوایه به‌رهه‌م ساڵح ده‌توانێت ئه‌و ئه‌ركه راپه‌ڕێنێت كه ئێستا هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه بۆشكستپێهێنانی كابینه‌كه‌ی؟.
زانا رۆستایی:وه‌كوو مسوڵمانێك و وه‌كوو كوردێك پڕ به‌دڵ حه‌زده‌كه‌م سه‌رۆكی حكوومه‌ت و هه‌موو به‌رپرسه‌كانمان سه‌ركه‌وتوو بن له‌خزمه‌تكردنی گه‌ل و وڵات، دكتۆر به‌رهه‌م ئینكار ناكرێت یه‌كێكه له‌سیاسییه به‌هێزه‌كانی كورد‌و ته‌كنۆكراتێكی به‌ئه‌زموونه، به‌ڵام واقیعی سیستمی سیاسیی له‌هه‌رێمی كوردستان كه حزب تیایدا باڵاده‌سته رێگره له‌به‌رده‌م به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه بۆ لێنه‌هاتوویی ئه‌و، به‌ڵكو بۆ هه‌لومه‌رجه ناهه‌مواره‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه، سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئه‌ركی زۆری له‌سه‌ره ئه‌گه‌ر نه‌شتوانێت هه‌موو ئامانجه‌كانی خۆی بێنێته دی كه له‌به‌رنامه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌یدا هه‌بوو داوای لێده‌كه‌م ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی هات با درێغی نه‌كات له‌به‌ره‌و پێشبردن و چاكسازیی، ئه‌وه‌ی كه بۆشی نه‌كرا با شه‌فافانه بۆ خه‌ڵكی كوردستانی روون بكاته‌وه، ئه‌و كاته هه‌موو كه‌س پشتیوانی ده‌بێت و گله‌یی نایه‌ته‌وه سه‌ر به‌ڕێزیان.
ئاسۆ:چاودێرانی سیاسیی هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له‌ئه‌گه‌ری پشتیوانی نه‌كردن یاخۆ دروستكردنی له‌مپه‌ر له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی یه‌كێـتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه بۆ كابینه‌ی شه‌شه‌م تاكه زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م خودی یه‌كێتییه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه یه‌كێتـی ده‌بێت چ هه‌نگاوێك هه‌ڵبگرێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و شه‌ڕه ده‌روونییانه‌ی ئێستا له‌لایه‌ن لیستی گۆڕان و به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌رامبه‌ر حكوومه‌ت به‌رپاكراوه؟.
زانا رۆستایی:یه‌كێتی دروشمی سۆشیال دیموكراتی هه‌ڵگرتووه بۆیه ده‌بێت به‌رێگا یاسایی و دیموكراسییه‌كان رووبه‌ڕووی ئه‌و كێشانه ببێته‌وه‌و بتوانێت رای به‌رامبه‌ریش قه‌بووڵ بكات به‌جیاوازییه‌كانیانه‌وه‌و به‌كرده‌وه‌ی باش و پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی و پیاده‌كردنی پێوه‌ری هاووڵاتیبوون و دادپه‌روه‌ریی له‌گه‌ڵ نه‌یاره فیكریی و سیاسییه‌كانی ده‌توانێت رووبه‌ڕووی ئه‌و قه‌یرانانه ببێته‌وه.
ئاسۆ:هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاته‌وه رووبه‌ڕووی ده‌یان قه‌یران و گرفتی ئیداریی و سیاسیی گه‌وره بۆته‌وه. چاودێران هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن چوار ساڵی ئاینده سه‌ختترین ساته‌وه‌ختی حكومڕانی و به‌ڕێوه‌بردن ده‌بێت، چ حكوومه‌ت ئه‌ركی قورسه‌و چ ئۆپۆزیسیۆنیش. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه ئۆپۆزیسیۆن چ هه‌نگاو ئه‌ركێكی له‌سه‌ر شانه له‌م چوار ساڵه‌دا؟.
زانا رۆستایی:له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئۆپۆزیسیۆن له‌كوردستان ساوایه، نه حكومه‌ت پێی ئاشنایه و نه حزبه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانیش وه‌كوو پێویست لێی شاره‌زان، بۆیه بارودۆخه‌كه به‌هه‌ستیار ده‌بینم و پێویستی به‌وه‌یه مامه‌ڵه‌یه‌كی حه‌كیمانه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، ئۆپۆزیسیۆن ده‌بی له‌م چوار ساڵه‌دا حكوومه‌ت فێربكات رای جیاواز قه‌بووڵ بكات، به‌واتایه‌كی تر وه‌كوو قۆناغێكی سه‌ره‌تایی له‌م چوار ساڵه هه‌وڵبدرێت پشتیوانییه‌كی یاسایی بۆ ئۆپۆزیسیۆن دروست بكرێت، به‌ده‌ركردنی كۆمه‌ڵێك یاسا كه ئازادییه سیاسییه‌كان په‌ره‌پێبدات، ئه‌وه‌ش به له‌یه‌كگه‌یشتن ده‌كرێت نه‌ك به‌ركابه‌ریی و شه‌ڕه ده‌ندوكی بی سوود. لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان به‌تایبه‌تی گۆڕان ده‌بی هه‌وڵ نه‌ده‌ن له‌هه‌موو شتی ئه‌نتی بن، با ناڕازی بوون و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌سه‌ر مه‌سه‌له گرنگه‌كان بێت نه‌ك مه‌سه‌له بچووكه‌كان.
ئاسۆ:تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئه‌م پرسیاره‌ی تێدا ئاڕاسته ده‌كرێت په‌یوه‌ندیی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات زۆر ئاڵۆزه، ده‌سه‌ڵات به‌چاوی دوژمن له‌ئۆپۆزیسیۆن ده‌ڕوانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش ئاماده‌نییه دان به‌هیچ هه‌نگاوێكی باشی ده‌سه‌ڵاتدا بنێت. من ده‌مه‌وێت بپرسم چۆن ده‌كرێت ئه‌م باگرژییه‌ی ئێستا بگۆڕین بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی دروست كه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی داڕێژرابێت؟.
زانا رۆستایی:خۆی ئۆپۆزیسیۆن به‌شێكه له‌سیستمی سیاسیی ده‌وڵه‌ت به‌ڵام به‌شێك نییه له‌حكوومه‌ت، چوونكه له‌ناو ده‌زگای یاساداناندایه كه ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعییه، جا بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت ته‌ندروست بێت ئه‌وا پێویسته ئۆپۆزیسیۆن ره‌چاوی ئه‌م خاڵانه بكات: هه‌بوونی حكوومه‌ت زۆر پێویسته بۆ وڵات و ناكری حكوومه‌تێك نه‌بێت. ده‌بی حه‌ز بكه‌ین ئه‌م حكوومه‌ته سه‌ركه‌وتوو بێت. نابی ئۆپۆزیسیۆن كێشه بۆ حكوومه‌ت دروست بكات. سه‌ره‌كیترین كاری ئۆپۆزیسیۆن بریتییه له‌چاودێریكردنی حكوومه‌ت به‌و شێوازانه‌ی یاسا دایناوه. ده‌بی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی بكرێته پێوه‌ری كار و چالاكی و هه‌ڵوێست له‌لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنه‌وه، واتا كارێك نه‌كه‌ن كه ئه‌م پێوه‌ره‌ر نه‌یگرێته‌وه. حزبه‌كانی حكوومه‌تیش ده‌بی به‌و نه‌فه‌سه كار بكه‌ن كه له‌وانه‌یه له‌خولێكی تری هه‌ڵبژاردن ئه‌وان ببنه ئۆپۆزیسیۆن بۆیه ده‌بێت زه‌مینه بۆ ئۆپۆزیسیۆن ساز بكه‌ن.
ئاسۆ:لیستی سه‌ربه‌خۆی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌چوار ساڵی رابردوودا له‌عێراق ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه فره‌لیستی نابێته زیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای كوردستان به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه، به‌ڵام ترسێك له‌وه هه‌یه هێزه‌كانی تر وه‌ك یه‌كگرتوو نه‌بن، به‌بڕوای ئێوه پێش چوونه به‌غدا پێویستمان به‌یه‌كخستی هه‌ڵوێستمان نییه؟.
زانا رۆستایی:یه‌ك لیستی بۆ كورد باشتر بوو به‌ڵام كه نه‌كرا، ئه‌وا یه‌ك هه‌ڵوێستی ده‌بی هه‌بێت، یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان كه من ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵامه تیایدا هه‌ر زوو بانگه‌وازێكی ده‌ركرد بۆ سه‌ركردایه‌تی كوردستان تاوه‌كوو به‌یه‌كه‌وه بتوانن په‌یماننامه‌یه‌كی شه‌ره‌ف ئیمزا بكه‌ن له‌سه‌ر پێداگیریی له‌سه‌ر مافه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كانی كورد، دیاره ئه‌وه‌ش نه‌كرا به‌ڵام كه چوونه به‌غدا به‌لانیكه‌م ده‌بی یه‌ك گووتارییه‌ك هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ئه‌وانی تر و ئه‌گه‌ر بكرێت باشتر وایه رێككه‌ون له‌سه‌ر پێكهێنانی یه‌ك كوتله‌ی كوردستانی له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی كورد به‌خاوه‌نی سه‌نگ و قورسایی خۆی بمێنی.
ئاسۆ:ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی پێشووه‌وه تێپه‌ڕێنرا له25-7 نه‌خرایه راپرسییه‌وه، بیانووه‌كه‌ش ئه‌وه‌بوو كه ناتوانرێت به‌و ماوه كه‌مه ئاماده‌كاریی بكرێت. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه بۆچی ئێستا قسه له‌سه‌ر ده‌ستوور ناكرێت؟.
زانا رۆستایی:ده‌ستووری كوردستان له‌په‌رله‌مان ته‌واو بووه‌و هه‌ر ئه‌وه‌نده ماوه بخرێته راپرسی و هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌كه‌مجار له‌مێژووی خۆیدا ببێته خاوه‌ن ده‌ستوورێكی خۆی، بڕیاری راپرسییه‌كه‌ش له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌درێت به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كه، دواكه‌وتنی ئه‌و راپرسییه من به‌به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستانی نابینم و چاكتر وایه تا زووتره ببینه خاوه‌نی ده‌ستووری خۆمان و راپرسییه‌كه ئه‌نجام بدرێت.
زانا سه‌عید رۆستایی
زانا رۆستایی ساڵی 1969 له‌دایكبووه له‌گوندی رۆستی له‌بناری حه‌سارۆستی باڵه‌كایه‌تی. خێزانداره‌و خاوه‌نی پێنج مناڵه. به‌كالۆریۆسی یاسای هه‌یه له‌زانكۆی سه‌لاحه‌ددین ساڵی 1990-1991. ئه‌ندامی خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان بووه. ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵای یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستانه. ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستانه. به‌رپرسی ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردنی كۆمه‌ڵی ئیسلامییه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
