دیمانه: ئاسۆ عوسمان
* چه‌ند ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی به‌غدا به‌هێز بێت ئه‌وه‌نده قورسایی لایه‌نی كوردیی كه‌م ده‌بێته‌وه
*ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانی كورد له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی عه‌ره‌بی ئێراق وه‌ك چۆن بووه هه‌ر وا بڕوات ئاینده‌مان له‌ئێستامان باشتر نابێت
*ئه‌گه‌ر هه‌وڵی وه‌ها هه‌بێت بۆ شكستهێنان به‌كابینه‌ی شه‌شه‌م نه‌ك ته‌نیا یه‌كێتی به‌ڵكو خه‌ڵكی كوردستان به‌پله‌ی یه‌كه‌م زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت
جه‌وهه‌ر نامیق كه‌سایه‌تی سیاسیی و سه‌رۆكی یه‌كه‌مین په‌رله‌مانی كوردستان، له‌رێی ئه‌م دیمانه تایبه‌ته‌وه تیشك ده‌خاته سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو له‌سه‌ر ئاستی عێراق و پاشان دێته سه‌ر باسی په‌یوه‌ندیی نێوان حكوومه‌ت و ئۆپۆزیسیۆن. له‌به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا "جه‌وهه‌ر نامیق" جیا له‌باسی ته‌حه‌دییه‌كانی داهاتووی به‌رده‌م كورد له‌عێراقدا، باسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كات.
ئاسۆ:چاودێرانی سیاسیی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه كۆنترۆڵ نه‌كرێت ئه‌وا دوور نییه له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی بارودۆخێكی ئه‌منیی ناهه‌موار ببێته‌وه. به‌بڕوای ئێوه پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێویسته په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێم و هێزه سیاسییه‌كان چ هه‌نگاوێك بگرنه‌به‌ر؟.
جه‌وهه‌ر نامیق:په‌رله‌مان له‌پشوودایه، ئه‌ركی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه كۆنترۆڵی ره‌وشه‌كه بكات و ئارامی دابین بكات و رێگا نه‌دات به‌خروقات. ده‌زگاكانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمه‌رگه به‌پیشه‌یی و بێلایه‌ن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا بكات، به‌وردی موتابعه‌ی ئه‌و لایه‌نانه بكه‌ن كه راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه هه‌یه. سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وحكوومه‌تی هه‌رێم به‌ته‌حدید، زیاتر له‌هه‌موو لایه‌ك، ده‌بێت بێلایه‌نی خۆیان راگرن، به‌و نه‌فه‌سه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ره‌وشه‌كه بكه‌ن، ده‌سه‌ڵات و داهاتی گشتیی و دام و ده‌زگاكانی حكوومه‌ت دوور بخرێته‌وه له‌هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن، له‌و ماوه‌یه‌دا، حكوومه‌ت جگه له‌دابینكردنی ئه‌من و ئاسیش وئارامی، وه‌كوو حكوومه‌تی (تصریف الاعمال) هه‌ڵسووكه‌وت بكات له‌گه‌ڵ ره‌وشه‌كه. مه‌قبوول نییه راگه‌یاندنی پڕۆژه‌و په‌یمانی گه‌وره‌و ومه‌قه‌س بڕین و كۆڕ وكۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمی بخرێته رۆژانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، نابی ئیمكانیات و ده‌سه‌ڵات و پۆسته فه‌رمییه‌كانی ناوه‌ندی به‌غدا و هه‌رێم ته‌رخان بكرێت بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی حزبیی و لیست. ئه‌ركی لایه‌نه سیاسییه‌كانیش، پابه‌ندبوونه به‌یاساو رێساكانی هه‌ڵبژادنه‌كان و رێنماییه‌كانی كۆمیسیۆنی باڵا و راگرتنی ئارامی و رێزگرتن له‌یه‌كتر.
ئاسۆ:له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا سه‌ختترین ململانی له‌ناوچه دابڕاواكاندایه، چ هێزه عه‌ره‌بییه‌كان چ توركمان و چ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه ده‌یانه‌وێت شكست به‌سیاسه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه بهێنن. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه كورد چۆن ئاماده‌سازیی بكات بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌و ناوچانه‌دا كه ئێستا كورد به‌فره‌لیستی به‌شداریی ده‌كات؟.
جه‌وهه‌ر نامیق:ئه‌و ململانێ و كێبڕكێیه له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كاندا، ته‌نیا له‌و ناوچانه‌دا نابێت به‌ڵكو له‌سه‌ر تاسه‌ری عێراقیش هه‌روه‌ها. ده‌بێت به‌رنامه‌و هه‌ڵسوكه‌وتی لیسته كوردستانییه‌كان، چ به‌تاك و چ به‌ده‌سته جه‌مع، ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه بێت به‌تایبه‌تی:
1-كورد له‌و ده‌ڤه‌رانه ته‌هجیر وته‌عریب و ئه‌نفال و جینۆسایدكراوه. موڵك وسه‌روه‌ت وسامانی زه‌وتكراوه‌و دراوه به‌عه‌ره‌بی هاورده. خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌زۆر ته‌هجیر كراوه. زۆرێك له‌ئاوایی و ناحیه و قه‌زاكانی كاول و په‌رت و دابه‌شكراوه و خراونه‌ته سه‌ر پارێزگاكانی تر. یه‌ك له‌ئاوات وخه‌و و داخوازیی كوردستانییه‌كان، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌یه بۆ سه‌ر هه‌رێم و حه‌سمكردنی سنووری باشووری كوردستان و ناوه‌ڕۆكی پرسی كوردیش زیاتر له‌و كێشانه به‌دیده‌كرێت. سه‌نگی مه‌حه‌كیش بۆ جیددیه‌ت و راستگۆیی لایه‌نه‌كان، پێداگرتنه له‌سه‌ر كوردستانێتی ئه‌و ناوچانه، سووربوونه له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر هه‌رێم وسازشنه‌كردن له‌سه‌ر سنووری كوردستان.
2-پاڵاوتنی كه‌سایه‌تی باش و لێهاتوو و خاوه‌ن هه‌ڵوێست وده‌ست و داوێن و رابردوو پاك و به‌جه‌رگ.
3-هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ڵبژاردنی شارستانی و بێگه‌ردو شه‌فاف كه گوزارشت له‌گیانی كوردایه‌تی و رێزگرتن له‌یاسا و هه‌ست و خواستی ده‌نگده‌ران و پابه‌ندبوون به‌رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵا بدات.
4-له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه هه‌ڵبژاردنی لیستی حزبیی و كیانه. دوور نییه لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌كانی هه‌ڵسوكه‌وتی نوێنه‌رانی لیستی ده‌سه‌ڵات له‌و ناوچانه، به‌درێژایی (6) ساڵی رابردوو، كاریگه‌ریی خراپی هه‌بێت له‌سه‌ر هاووڵاتیان و ده‌نگده‌ران، بۆ راكێشان و هاندانی ده‌نگده‌ران بۆ سه‌ر سندووقی ده‌نگدان، پابه‌ندبوونی كیانه‌كان به‌گیانی كوردایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌رییه‌كی به‌رزی گه‌ره‌كه.
5-خیتابێكی روون (صریح) و راست و ره‌وان و شه‌فاف، بۆ برایانی غه‌یره كوردی ئه‌و ناوچانه، دوور له‌میزاج و (پیاوه‌تیكردن به‌ئاوی حه‌مام) و موجامه‌له‌ی هێز ولایه‌نی ده‌ره‌كی. خیتابێك بێت به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی ئارامی و دروستكردنی قه‌ناعه‌ت، كه ته‌نیا به‌هاوكاریی و كاری هاوبه‌ش وقبوڵكردنی یه‌كتر و ئیقراركردنیان به‌كوردستانێتی ئه‌و ناوچانه‌و قایل‌بوون به‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، گیانی برایه‌تی و پێكه‌وه ژیانی ئاره‌زومه‌ندانه و مافه ره‌واكانیان مسۆگه‌ر و گه‌شه ده‌كات.
ئاسۆ:دوای كۆتایی هاتنی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، ئێستا هه‌ر لایه‌ك به‌شێوه‌یه‌ك، سیاسه‌تی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان و لیستی یه‌كگرتووی ئیسلامی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت. به‌ده‌ر له‌موزایه‌ده‌ی سیاسیی و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن چۆن سیاسه‌تی كورد له‌ناوه‌ند له‌چوار ساڵی رابردوودا هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟.
جه‌وهه‌ر نامیق:نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا له‌هه‌موو ئاسته‌كان كه‌م یان زۆر هه‌وڵیان داوه. دیاره هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان پێ كراوه. ده‌كرا كاری باشتر بكه‌ن. هۆكاری كه‌موكورتییه‌كانیان زۆرن، وه‌لی ده‌رئه‌نجام ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی كورد ده‌كه‌ن. كوردیش كێشه‌یه‌كی هه‌یه و جه‌مسه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی بریتین له:
1-گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه ته‌عریبكراوه‌كانمان و حه‌سمكردنی سنووری باشووری كوردستانه‌و مادده‌ی 140 ناوه‌ڕۆك و نه‌خشه رێگای چاره‌سه‌ركردنییه‌تی، به‌ده‌ر له‌دیدو بۆچوونمان له‌مه‌ڕ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی، له‌مێژه‌وه ئه‌و مادده‌یه چه‌قیوه. به‌مادده 23 و دواتر به‌چه‌ند مادده‌یه‌كی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ژماره 16ی ساڵی 2005 هه‌موار كراوه، خاو و كاڵكرایه‌وه.
2-فیدراڵییه‌ت:پره‌نسیپێكه، نه‌بووه‌ته سیستم، له‌وڵاتێك به‌ناوه‌ندێكی به‌هێز و یه‌ك هه‌رێمی لاواز، له‌ده‌ستوور بێی ئێژن (كۆماری العراق)، هه‌ڵوێست ودیدو وبۆچوونی هه‌ر سی پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌م (العراق) ه چون یه‌ك نییه و هێشتا خورد نه‌كراوه‌ته‌وه.
3-كێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و و به‌شی هه‌رێم له‌سه‌روه‌ت و سامانی ئێراق و پێشمه‌رگه و چه‌ندین كێشه‌ی تر یان به‌هه‌ڵواسراوه‌یی ماوه‌ته‌وه یان ئاڵۆزتر كراوه.
4-بوونی كورد له‌ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕیی و به‌ته‌حدید له‌پۆسته سیادییه‌كاندا، زیاتر پرۆتۆكوڵی و بۆ مكیاجه. به‌یاسا ته‌حجیمكراون و له‌پراكتیكدا زیاتر بارگرانن له‌سه‌ر پرسی كورد له‌وه‌ی هاسانكاربن.
5-رۆڵیان له‌مه‌ڕ ده‌ستێوه‌ردانی ئیقلیمی له‌كێشه‌ی كورد و تاوانی هێرش و تۆپبارانی سنووره‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسی، وه‌ك ده‌ستدرێژیی له‌سه‌ر خاك و سنوور و ماڵ وحاڵی ئێراقییه‌كان به‌گشتیی و كوردستانییه‌كان به‌تایبه‌تی، به‌و ئه‌ندازه نییه كه مرۆڤ ده‌ستخۆشیان لی بكات.
6-رێككه‌وتنی ئیستراتیژیان له‌گه‌ڵ گشت پێكهاته‌كان و جه‌مسه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند واژۆ كردووه: مالكی وحزبه‌كه‌ی، حزبی ئیسلامی عێراق و هاشمی، ئیئتلافی شیعه و ئه‌لحكیم، كه‌چی هه‌ر ئه‌مانه له‌سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و حكوومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌م (خصم) و هه‌م (حكم) ن.
7-په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا چ وه‌ك (رزگار) كا‌ر و چ وه‌ك (داگیر) كا‌ر به‌ئێستایشه‌وه، وه‌ك قاعیده ملكه‌چكردن بووه بۆ فشار و ئاره‌زووی كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكی و له‌سه‌ر حیسابی پرسی كورد.
8-كێشه‌ی پێشمه‌رگه و ده‌سه‌ڵاته‌كان وا به‌هه‌ڵواسراویی ماونه‌ته‌وه.
ئه‌م كێشانه و بگره هه‌ندی بواری تریش وای كردووه سیاسه‌تی لوتكه‌ی لیستی كوردستانی له‌به‌غدا و ئیدای نوێنه‌رانی له‌ئاستی ویست و خواستی خه‌ڵكی كوردستان و پرسه ره‌واكانی نه‌بێت. به‌كورتی ناوه‌ند له‌ئاستی (كورسی) و (پاره) و ئیمتیازاتی تایبه‌ت سه‌خی بووه له‌گه‌ڵیان و له‌بواری پرسه نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانمان به‌خیل.
ئاسۆ:چاودێرانی سیاسیی چ له‌عێراق و چ له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره تێكڕای بارودۆخه سیاسییه‌كه ده‌گۆڕێت و نه‌خشه‌یه‌كی سیاسیی تر له‌عێراقدا كاری پێده‌كرێت. من پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه چ نه‌خشه‌یه‌كی سیاسیی دێنێته ئاراوه؟.
جه‌وهه‌ر نامیق:به‌ده‌رله‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه (ئه‌نجوومه‌نێكی فره كورسی تر، پێكهاته‌ی فره‌لایه‌ن و گردبوونه‌وه‌ی تر) ی لی به‌دی ده‌كرێت، جیاواز له‌و خوله‌ی ئێستا، هه‌روه‌ها (حكوومه‌تێك و سه‌رۆك كۆمارێكی نوی)، وه‌لێ نه‌خشه‌ی سیاسیی ئاینده‌ی ئێراق، گۆڕین و گۆڕانكاریی دراماتیكی و چه‌ندایه‌تی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نایه‌ت، به‌دیوه‌كه‌ی تر:
1-له رووی ره‌نگی سیاسییه‌وه:هه‌ر لایه‌نه‌كانی (ئیسلامی سیاسیی عه‌ره‌بی ئێراق) ی ئێستا باڵاده‌ست ده‌بن.
2-له‌رووی (ده‌سه‌ڵات) : (لایه‌نه‌كانی ئیسلامی سیاسیی عه‌ره‌بی شیعه) زۆرینه مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن.
3-به‌نێو بلۆكی (شیعه) چۆره فه‌رزو ریزبه‌ندییه‌كی جیاواز له‌وه‌ی ئێستا دروستده‌بێت، وه‌لێ وه‌ك ده‌رئه‌نجامی كۆتایی، مه‌زه‌نده‌ی گۆڕینێكی ئه‌وتۆی دراماتیكی به‌سه‌ر رۆڵ و قورساییان ناكرێت.
4-عه‌ره‌بی سووننه (به‌ئیسلامی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانیانه‌وه) له‌حاڵه‌تی گردبوونه‌وه‌ن، مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌كرێت گرانی و رۆڵیان زیاتر بێت له‌جاران.
5-كورد به‌لیست و به به‌رنامه‌ی جیا جیا به‌شداریی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات ئه‌وه‌ی مه‌زه‌نده ده‌كرێت:
*مۆنۆپۆڵی (پارتی و یه‌كێتی) سه‌باره‌ت به‌نوێنه‌رایه‌تی كوردستانییه‌كان له‌په‌رله‌مان وگشت داموده‌زگاكانی ناوه‌ندی به‌غدا كه‌م ده‌بێته‌وه، له‌و باره‌یه‌وه گۆڕینێكی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی به‌دوور نازانرێت.
*ژماره‌ی كورسییه‌كانی كورد كه‌مده‌بێته‌وه. هه‌رچه‌نده رۆڵ وپێگه‌ی كورد زۆر به‌ندنییه به‌ژماره‌ی كورسییه‌كانی.
*مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌كرێت ژماره‌ی كورد له‌پۆسته سیادییه‌كان كه‌متر بكرێته‌وه.
*له‌خولی ئاینده‌ی په‌رله‌مانی ئێراق هه‌مواركردنی ده‌ستوور له‌ئارادایه. به‌شێكی راسته‌وخۆ به‌نده به‌مافه‌كانی كورد، مه‌زه‌نده‌ی ململانێ و فشارێكی ده‌ره‌كی توند ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر نوێنه‌رانمان وه‌كوو جاران مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رووداو و پرسه‌كاندا بكه‌ن، ئه‌وه پاشه‌كشێ و سازشكردنی تریش به‌رێگاوه‌یه.
ئاسۆ:له‌ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا كورد سه‌نگ و قورسایی خۆی هه‌بووه، ده‌توانین بڵێین به‌شی هه‌ره زۆری بڕیاره چاره‌نووسسازه‌كان به‌بی راوێژی كورد نه‌دراون. ده‌مه‌وێت ئه‌وه بپرسم ئایا كورد له‌حكوومه‌تی داهاتووی عێراقدا هه‌مان قورسایی و سه‌نگی ئێستای ده‌بێت؟.
جه‌وهه‌ر نامیق:كورد سه‌نگی خۆی هه‌یه له‌ئێراق و ده‌مێنێتیش. ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌ك نییه نكۆڵی لێبكرێت، وه‌لێ گرفته‌كه له‌وه‌دایه ئه‌و (سه‌نگ) ه چه‌ندو چۆن كاریگه‌ریی خۆی هه‌بووه له‌سه‌ر پرسی كورد. راسته راوێژ ده‌كرێت به‌سه‌رانی كورد، وه‌لێ مه‌رج نییه ئیلتیزامی پێ بكرێت. زۆرجار ئه‌و راوێژكارییه به‌زه‌ره‌ری پرسی كورد ته‌واو بووه. دامه‌زراندنه‌وه‌ی سوپای ئێراق، لایه‌نگیریی له‌مالكی. پشتگیریی له‌هاشمی و ساڵح موتڵه‌گ، مادده‌ی (58) و پاشتر مادده‌ی (140)، یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێراق ژماره 16ی ساڵی2005 ی هه‌مواركراوه كه بووه مایه‌ی له‌ده‌ستدانی له‌سنووری (7) كورسی په‌رله‌مان و (ئیستیسنا) كردنی كه‌ركووك به‌چه‌ند مادده‌و بڕگه‌یه‌ك.. تاد. به‌پێی ئه‌زموونی كۆن و رووداوه‌كانی ئه‌م شه‌ش ساڵه له‌مێژووی ئێراقی (هیوا و ئاشتی)، چه‌ند ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی به‌غدا به‌هێز بێت ئه‌وه‌نده قورسایی لایه‌نی كوردیی كه‌م ده‌بێته‌وه.
ئاسۆ:كورد له‌رابردوودا هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هێزه شیعییه‌كاندا به‌ست، وه‌لێ به‌شێك له‌هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و ته‌نانه‌ت رای شه‌قامیش ئه‌وه بووه كورد سوودێكی ئه‌وتۆی له‌هاو په‌یمانێتییه نه‌بینیوه. ئێستاش هێزه شیعییه‌كان به‌تایبه‌تی هه‌ردوو لیستی به‌هێزی "ده‌وڵه‌تی یاسا" و "هاوپه‌یمانی نیشتیمانی" ده‌یانه‌وێت له‌كورد نزیك ببنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مانی داهاتوودا پێویستیان به‌پشتیوانی كورده بۆ دیاریكردنی كاندید بۆ سه‌رۆك وه‌زیران. به‌بڕوای ئێوه كورد چۆن پێویسته هاوپه‌یمانیی بكات؟.
جه‌وهه‌ر نامیق:هاوپه‌یمانییه‌تی و نزیكبوونه‌وه‌ی سیاسیی ته‌عبیره له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان. به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیش هه‌میشه له‌گۆڕاندایه. راسته لایه‌نی عه‌ره‌بی شیعه به‌حوكمی چه‌ندین هۆ و هۆكار نزیكی كوردن وباشتر ته‌فه‌همی پرسی كورد ده‌كه‌ن، وه‌لی ئه‌زمووونی (6) ساڵ حوكمڕانی زۆرینه‌ی عه‌ره‌بی شیعه ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌یان له‌كورد و ته‌فه‌همیان بۆ پرسه‌كه‌ی له‌واقیعدا وه‌كو پێویست ره‌نگینه‌دایه‌وه به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌ك ده‌سه‌ڵات زیاتر ئه‌وان رێگرن له‌جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 هه‌م له‌رووی كارگێڕیی (حكوومه‌ت) و هه‌م له‌ئاستی مرۆڤایه‌تی (زۆربه‌ی عه‌ره‌به هاورده‌كان له‌شیعه‌ن و له‌خوارووی ئێراقه‌وه هێنراوون) . ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانی كورد له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی عه‌ره‌بی ئێراق (چ شیعه و چ سووننه) وه‌ك چۆن بووه هه‌ر وا بڕوات ئاینده‌مان له‌ئێستامان باشتر نابێت. ئه‌وه‌ی پێویسته بۆ هاوپه‌یمانی كورد له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان: ئیلتیزامكردنه به‌مافه‌كانی كورد‌و كه له‌ده‌ستووردا هاتووه به‌پێی نه‌خشه و پلانێكی دیكوَمێنتكراو، به‌سه‌قفی زه‌مه‌نی و به‌دائل، دوور له‌گه‌مه‌ی زۆرینه و كه‌مینه و موجامه‌لات.
ئاسۆ:چۆن له‌و هه‌نگاوانه ده‌ڕوانن ئێستا ده‌نرێن بۆ دوورخستنه‌وه‌ی چ به‌عسییه‌كان چ سێبه‌ره‌كانی ئه‌وان كه ده‌یانه‌وێَت له‌ڕێگای گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر عێراقدا بگرنه‌وه؟. به‌بڕوای ئێوه كورد پێویسته پشتیوانی له‌و هه‌نگاوانه بكات یان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئێستا ده‌یبینین بێده‌نگ بێت؟.
جه‌وهه‌ر نامیق:سه‌ركردایه‌تی فه‌رمی كورد له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان یان سێبه‌ره‌كانی بێ‌ئاگا نه‌بوونه به‌ڵكو له‌هه‌ندی بواردا چاوپۆشیان لێكردوون، رازیش بوونه له‌سه‌ر هه‌ندی بریاڕ و یاسا بۆ گه‌ڕانه‌وه یان ئیستیسناكردنیان، حه‌وانه‌وه و هاوكاریان بگره ده‌ربازكردنی هه‌ندێكیان، پشتگیریی و دیفاعكردن له‌چه‌ندین تاوانبار. پێش ئێستا له‌بابه‌تێكماندا ئاماژه‌مان به‌وه كرد كه هێشتا فكری به‌عس و پاشماوه و سێبه‌ره‌كانیان (به‌عس) كۆماری (العراق) به‌ڕێوه ده‌بات، له‌ئاستی له‌شكر و ده‌زگاكانی پۆلیس وئاسایش و ئیداره‌و په‌روه‌رده و زانكۆ و بواره‌كانی تری پیروگراتییه‌تی ئێراق. زیاتر له‌نیو سه‌ده هێز و فیكری قه‌ومیچییه‌كانی عه‌ره‌بی ئێراق به‌پێشڕه‌وایه‌تی به‌عسییه‌كان ئێراقیان به‌ڕێوه ده‌برد له‌پشتی گشت نه‌هامه‌تییه‌كانی كوردن له‌ته‌هجیر و ته‌عریب و ئه‌نفال و جینۆساید‌و به‌عه‌ره‌بكردنی باشووری كوردستان. ئه‌وان و سێبه‌ره‌كانیان به‌رهه‌ڵستكاری سه‌رسه‌ختی كوردن له‌ماوه‌ی ئه‌م (6) ساڵه‌ی قۆناغی (العراق الجدید) . گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان بۆ گه‌مه سیاسییه‌كه، له‌به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی ئێراق و ناوچه‌كه‌دا نییه به‌تایبه‌تی خه‌ڵكی كوردستان. سه‌یره دادگاكان حوكمی تاو‌انبارانیان ده‌داو ده‌سته ده‌ستوورییه‌كان بڕیاری دوورخستنه‌وه‌یان ده‌دا كه‌چی له‌ناو لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمی كورد هه‌یه پشتگیری‌یان لێده‌كات وه‌ك (سوڵتان هاشم) و (ساڵح موتڵه‌گ) و ئه‌مسالی ئه‌وان. ئه‌م حزبه به‌رمووز و به‌رێكخستن و به‌فكر به‌پێی مادده‌ی (7) ی ده‌ستوور قه‌ده‌غه‌كراوه.
ئاسۆ:به‌پێی ده‌ستووری عێراق له‌خولی داهاتوودا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی عێراق نامێنێت و سه‌رۆك كۆمار مافی ئه‌وه‌ی ده‌بێت به‌بڕیارێك به‌شێكی به‌رچاو له‌ناوچه دابڕاوه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. من پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه كورد ده‌بێت چ سیاسه‌تێك بگرێته به‌ر بۆئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێته‌وه؟.
جه‌وهه‌رنامیق:ئه‌و پۆسته نه‌بووه مایه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه به‌بڕیارێكی ئه‌و بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێم. نابێت كورد خۆی به پۆستێكی بێ ده‌سه‌ڵات و پرۆتۆكۆلی له‌سه‌ر حیسابی پرسی كورد ئه‌وه‌نده مه‌شغوڵكات. نوێنه‌ری كورد ده‌بێت زبانحاڵ و پاسه‌وان و پارێزه‌ری مافه‌كانی كورد بێت. نوێنه‌رانی كورد رۆڵی میانگیریی و برا گه‌وره‌یی پێ ناكرێت، زۆرجار له‌سه‌ر حیسابی پرسی كورد ته‌واو ده‌بێت. وه‌رگرتنی ئه‌وپۆستانه به‌ته‌وافق ده‌بێت نه‌ك به‌ژماره‌ی كورسییه‌كان. ته‌وافقیش گه‌ره‌نتی ده‌وێت، گه‌ره‌نتیش یان به‌ده‌ستوور یان به‌یاسا ده‌بێت. وه‌كوو پۆستێكیش بۆ كورد ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت به‌تایبه‌تی له‌و بوارانه‌دا كه په‌یوه‌ندیی به‌پرسی كورده‌وه هه‌یه (ڤیتۆ) بۆ نموونه.
ئاسۆ:له‌نێوه‌ندی سیاسیی و رۆژنامه‌وانیدا گه‌شبینییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم "د. به‌رهه‌م" هه‌یه كه بتوانێت لانیكه‌م به‌سه‌ر ئه‌و قه‌یران و كێشانه‌دا سه‌ركه‌وتوو ببێت له‌ماوه‌ی پێش ئه‌ودا خوڵقێنراون. پرسیاره‌كه‌م با ئه‌وه‌بێت ئێوه چۆن له‌م كابینه‌یه ده‌ڕوانن؟ پێتانوایه به‌رهه‌م ساڵح ده‌توانێت ئه‌و ئه‌ركه راپه‌ڕێنێت كه ئێستا هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه بۆشكستپێهێنانی كابینه‌كه‌ی؟.
جه‌وهه‌ر نامیق:تاكوو پره‌نسیپی په‌نجا به‌په‌نجا و ده‌سه‌ڵاتی دوو جه‌مسه‌ریی له‌هه‌رێم به‌رده‌وام بێت و كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات حه‌سم نه‌كرێت، ئه‌وه به‌زه‌حمه‌تی ده‌بینم حكوومه‌ت یان سه‌رۆكی حكوومه‌ت بتوانێت حكوومه‌تایه‌تی و حكومڕانی خۆیان بكه‌ن به‌ئاسایی.
ئاسۆ:چاودێرانی سیاسیی هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له‌ئه‌گه‌ری پشتیوانی نه‌كردن یاخۆ دروستكردنی له‌مپه‌ر له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی یه‌كێـتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه بۆ كابینه‌ی شه‌شه‌م تاكه زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م خودی یه‌كێتییه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه یه‌كێتـی ده‌بێت چ هه‌نگاوێك هه‌ڵبگرێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و شه‌ڕه ده‌روونییانه‌ی ئێستا له‌لایه‌ن لیستی گۆڕان و به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌رامبه‌ر حكوومه‌ت به‌رپاكراوه؟.
جه‌وهه‌ر نامیق:بۆ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی له‌مپه‌ر دروست بكه‌ن له‌به‌رامبه‌ر كابینه‌ی (6) كه سه‌رۆك وه‌زیران له‌وانه‌و له‌پره‌نسیپی په‌نجا به‌په‌نجا، (50%) ی گشت پۆسته‌كانی حكوومه‌تیان به‌رده‌كه‌وێت؟!. ئه‌گه‌ر هه‌وڵی وه‌ها هه‌بێت نه‌ك ته‌نیا یه‌كێتی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت به‌ڵكو ئه‌وه خه‌ڵكی كوردستانه به‌پله‌ی یه‌كه‌م زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت.
ئاسۆ:هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاته‌وه رووبه‌ڕووی ده‌یان قه‌یران و گرفتی ئیداریی و سیاسیی گه‌وره بۆته‌وه. چاودێران هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن چوار ساڵی ئاینده سه‌ختترین ساته‌وه‌ختی حكومڕانی و به‌ڕێوه‌بردن ده‌بێت، چ حكوومه‌ت ئه‌ركی قورسه‌و چ ئۆپۆزیسیۆنیش. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه ئۆپۆزیسیۆن چ هه‌نگاو ئه‌ركێكی له‌سه‌ر شانه له‌م چوار ساڵه‌دا؟.
جه‌وهه‌ر نامیق:له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆنه:
1-پلاتفۆرمێك بۆ گلێركردنه‌وه‌ی باڵه‌كانی له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی گشتیی كه گوزارش له‌به‌رنامه‌كانیان بكات، ئه‌گه‌ر نه‌كرا، ئه‌وه ته‌نسیق و هاوكاریی له‌سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌كان بكه‌ن. هه‌ر باڵێك له‌و باڵانه به‌رنامه‌ی خۆی هه‌یه‌و له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه ده‌نگیان پێدراوه و له‌سه‌ریانه هه‌وڵی جیددی بده‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی.
2-په‌له‌كردن له‌حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌كه‌ی بنێرێ بۆ په‌رله‌مان.
3-چاودێریی و پرس و پرسینه‌وه له‌كاروباری رۆژانه‌ی حكوومه‌ت.
4-چاودێریی كاروبار و چالاكییه‌كانی نوێنه‌رانی هه‌رێم له‌به‌غدا.
5-گرێدان و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه هه‌مه‌لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ شه‌قامی كوردستانی و ئاگاداركرنه‌وه‌و هۆشیاركردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌قامه له‌مه‌ڕ پرسه گرنگ و چارنووسسازه‌كان.
ئاسۆ:تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئه‌م پرسیاره‌ی تێدا ئاڕاسته ده‌كرێت په‌یوه‌ندیی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات زۆر ئاڵۆزه، ده‌سه‌ڵات به‌چاوی دوژمن له‌ئۆپۆزیسیۆن ده‌ڕوانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش ئاماده‌نییه دان به‌هیچ هه‌نگاوێكی باشی ده‌سه‌ڵاتدا بنێت. من ده‌مه‌وێت بپرسم چۆن ده‌كرێت ئه‌م باگرژییه‌ی ئێستا بگۆڕین بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی دروست كه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی داڕێژرابێت؟.
جه‌وهه‌ر نامیق:بوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی شه‌رعی و خاوه‌ن بنكه فراوانی جه‌ماوه‌ریی و به‌ده‌ر له‌ده‌سه‌ڵات، دیارده‌یه‌كی نوێیه، مروونه‌ت و سه‌برو ته‌حه‌مولی ده‌وێت. ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن خاوه‌ن به‌رنامه‌ن، مولزه‌من به‌رامبه‌ر به‌ده‌نگده‌رانیان. خاڵی هاوبه‌شیان زۆره. تاكو ئێستا كابینه‌ی (6) به‌رنامه‌ی كاری خۆی نه‌ناردووه بۆ په‌رله‌مان، باشتر وایه له‌م بواره‌دا حكوومه‌ت ده‌ستپێشخه‌ریی بكات، ره‌چاوی خاڵه هاوبه‌شه‌كانی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن بكات، ئه‌گه‌ر پێشه‌كی رای ئۆپۆزیسیۆن وه‌ربگرێت هێشتا باشتره، یان له‌په‌رله‌مان مرونه‌ت نیشان بدرێت بۆ داڕشتنه‌وه‌و تێهه‌ڵكێشكردنی ئه‌وه خاڵانه‌ی كه پێكدێن له‌سه‌ری، رێزگرتن و راوێژ و گۆیگرتن له‌نێوان هه‌ردوولا، یه‌ك له‌بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی به‌یه‌ك گه‌یشتن و له‌یه‌ك تێگه‌یشتنه به‌تایبه‌تی له‌پرسه گرنك و چاره‌نووسسازه‌كاندا، مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌كه‌م سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئه‌و ئیمكانیاته‌ی هه‌یه كه به‌و كاره هه‌ڵسێت و لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌م باره‌یه‌وه رێخۆشه‌كه‌ره.
ئاسۆ:ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی پێشووه‌وه تێپه‌ڕێنرا له25-7 نه‌خرایه راپرسییه‌وه، بیانووه‌كه‌ش ئه‌وه‌بوو كه ناتوانرێت به‌و ماوه كه‌مه ئاماده‌كاریی بكرێت. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه بۆچی ئێستا قسه له‌سه‌ر ده‌ستوور ناكرێت؟.
جه‌وهه‌ر نامیق:ده‌ستوور كه‌م و كورتی زۆره. ده‌ربازكردنی له‌خولی دووه‌م هه‌م ده‌ستووره‌كه‌ی عه‌یبدار كرد و هه‌م خودی په‌رله‌مان خۆی پێ عه‌یبدار كرد. گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ستوور بۆ ناو په‌رله‌مان خیلافی له‌سه‌ر نییه. ئێستا په‌رله‌مانی كوردستان له‌پشوودایه. دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان 7-3-2010 ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، به‌ئۆمیدی ئه‌وه‌ی له‌م خوله‌دا كاری له‌سه‌ر بكرێت به‌شێوه‌یه‌ك كه شیاو بێت به‌یه‌كه‌م ده‌ستووری كوردستان و پێش په‌سندكردنی بۆ دواجار بخرێته به‌رده‌ستی پسپۆران و خه‌ڵكی كوردستان و پاش په‌سندكردنی له‌په‌رله‌مانه‌وه بدرێته ریفراندۆم.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
