* ده‌بێت كورد به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماردا بێت
*مام جه‌لال كه‌سێكی كۆكه‌ره‌وه‌یه و كۆده‌نگی زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی له‌سه‌ره، بۆیه پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌رده‌گرێته‌وه
*یه‌كێتی ده‌بێ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی له‌سه‌رخستنی كابینه‌كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م بكات
قادر عه‌زیز سكرتێری گشتیی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌رێی ئه‌م دیمانه تایبه‌ته‌وه تیشك ده‌خاته سه‌ر دواهه‌مین پێشهاته‌كانی ره‌وشی سیاسیی له‌كوردستان و ئه‌گه‌ره‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له‌سه‌ر ئاستی عێراق، پاشان باس له‌ئه‌زموونی سیاسیی نوێی كوردستان ده‌كات له‌گه‌ڵ ناوه‌ند، له‌به‌شێكی تری دیمانه‌كه‌دا باس له‌په‌یوه‌ندیی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات ده‌كات و له‌به‌شی كۆتایی دیمانه‌كه‌شدا باس له‌یه‌ك هه‌ڵوێستی و یه‌ك گووتاری هێزه كوردییه‌كان ده‌كات به‌تایبه‌ت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و ته‌حه‌دییه‌كانی داهاتوو له‌به‌غداد.
ئاسۆ:چاودێرانی سیاسیی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه كۆنترۆڵ نه‌كرێت ئه‌وا دوور نییه له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی بارودۆخێكی ئه‌منیی ناهه‌موار ببێته‌وه. به‌بڕوای ئێوه پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێویسته په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێم و هێزه سیاسییه‌كان چ هه‌نگاوێك بگرنه‌به‌ر؟.
قادر عه‌زیز:ئه‌م پێشبینییه‌ی چاودێرانی سیاسیی راسته‌و له‌شوێنی خۆیدایه، هه‌ر بۆیه‌ش له‌ئێسته‌وه ئه‌و هه‌وڵه درا كه بارودۆخه‌كه هێور بكرێته‌وه، كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسییه‌كان و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان و بڕیاری ده‌ستبه‌جێ راگرتنی هێرشی راگه‌یاندن و دیارده‌ی توندوتیژیی ئه‌مه هه‌نگاوێكی خێرا‌و سه‌ره‌كی ئه‌و هه‌وڵه بوو كه وه‌ك ده‌بینین بارودۆخه‌كه‌ی تارادده‌یه‌كی زۆر ئارام كرده‌وه.
ئاسۆ:له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا سه‌ختترین ململانی له‌ناوچه دابڕاواكاندایه، چ هێزه عه‌ره‌بییه‌كان چ توركمان و چ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه ده‌یانه‌وێت شكست به‌سیاسه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه بهێنن. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه كورد چۆن ئاماده‌سازیی بكات بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌و ناوچانه‌دا كه ئێستا كورد به‌فره‌لیستی به‌شداریی ده‌كات؟.
قادر عه‌زیز:كورد نه وه‌زعی باشه له‌م ناوچانه‌و نه یه‌ك لیست و یه‌كگرتووشه له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا، بۆیه له‌م حاڵه‌ته‌دا شتێكی زۆری بۆناكری، یا لانیكه‌م ئه‌وه‌ی بۆ ناكری كه ده‌بووایه بكرێت، ئێستاش كورد گووته‌نی ئه‌م دره‌نگه‌و به‌و زووه راناگات، كورد به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی له‌و ناوچانه‌دا پاشه‌كشه‌ی زۆری كردووه، نموونه‌شمان موسڵه، بۆیه ئێسته به‌و دوو مانگه شته‌كانی بۆ قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه.
ئاسۆ:دوای كۆتایی هاتنی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، ئێستا هه‌ر لایه‌ك به‌شێوه‌یه‌ك، سیاسه‌تی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان و لیستی یه‌كگرتووی ئیسلامی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت. به‌ده‌ر له‌موزایه‌ده‌ی سیاسیی و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن چۆن سیاسه‌تی كورد له‌ناوه‌ند له‌چوار ساڵی رابردوودا هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟.
قادر عه‌زیز:سیاسه‌تی كورد له‌ناوه‌ند شتێكه‌و ئه‌داو هاوكاریی نێوان لیستی هاوپه‌یمانی و یه‌كگرتووی ئیسلامی شتێكی تره، دیاره ئه‌داو هاوكاریی نێوان ئه‌و (2) لیسته زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو، ده‌بێ زۆریش به‌ئه‌رێنی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێت، به‌ڵام سیاسه‌تی كوردیی كه ئه‌م سیاسه‌ته به‌ته‌نیا ناوه‌ندیش ناگرێته‌وه، به‌گشتیی له‌دوای رووخانی رژێمی سه‌ددام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، به‌ڵكو رۆژ له‌دوای رۆژ له‌پاشه‌كشه‌دا بووه، جێبه‌جێنه‌كردنی مادده‌ی (140) له‌واده‌ی خۆیدا (كۆتایی 2007) و سه‌پاندنی مادده‌ی (22) دژ به‌مادده‌ی (140) له‌په‌رله‌مانی عێراق و ئه‌نجامنه‌دانی سه‌رژمێریی و جیاكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان له‌یاسای هه‌ڵبژاردنی عێراقداو دواجاریش قبووڵكردنی ئه‌و ناهه‌قییه‌ی كه له‌ژماره‌ی كورسییه‌كانی پارێزگاكان له‌هه‌رێمی كوردستان كرا‌و له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه به‌هه‌ڵواسراویی مانه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌رێم له‌كاتێكدا له‌م (6) ساڵه‌دا چه‌ندین كارتی به‌هێز به‌ده‌ست لایه‌نی كوردییه‌وه بوو، ده‌یتوانی فشار بخاته سه‌ر حكوومه‌تی به‌غداو كه ئه‌و كێشانه‌ش به‌قازانجی خۆی یه‌كلایی بكاته‌وه، هه‌موو ئه‌وانه ئه‌گه‌ر پاشه‌كشه نه‌بن ئه‌ی ناوی چی‌یان لێده‌نرێت؟.
ئاسۆ:چاودێرانی سیاسیی چ له‌عێراق و چ له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره تێكڕای بارودۆخه سیاسییه‌كه ده‌گۆڕێت و نه‌خشه‌یه‌كی سیاسیی تر له‌عێراقدا كاری پێده‌كرێت. من پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه چ نه‌خشه‌یه‌كی سیاسیی دێنێته ئاراوه؟.
قادر عه‌زیز:بێگومان ئه‌م هێماو پێشبینییه زۆر راسته، هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره زۆر له‌و نه‌خشه سیاسییه‌ی ئێستای عێراق و زۆر له‌ته‌رازووی هێزی نێوان لایه‌نه‌كان ده‌گۆڕێ، بۆیه به‌هه‌موو پێوه‌رێك هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نووسسازه هه‌م بۆ هێزه عێراقییه‌كان و هه‌م بۆ كوردیش، دیاره گۆڕینه‌كه‌ش به‌ڕووی ئه‌رێنی نابێ به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه گۆڕینێكی زۆر نه‌رێنی و خراپ ده‌بێ به‌وه‌ی كه سووننه‌كان به‌گشتیی و به‌عسییه‌كان و شۆڤێنییه‌كان باڵاده‌ستی په‌یدا ده‌كه‌نه‌وه‌و هێزێكی كاریگه‌ر ده‌بن له‌په‌رله‌مان و له‌ده‌سه‌ڵاتی ئاینده‌ی عێراقدا، كه دیاره ئه‌مه‌ش به‌دڵنیاییه‌وه چ بۆ پرۆسه سیاسییه‌كه‌ی عێراق و چ بۆ ده‌ستوور و چ بۆ مافه‌كانی كورد‌و بچووككردنه‌وه‌و په‌ڕاوێزخستنی كورد له‌به‌غدا مه‌ترسیدار ده‌بێت.
ئاسۆ:له‌ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا كورد سه‌نگ و قورسایی خۆی هه‌بووه، ده‌توانین بڵێین به‌شی هه‌ره زۆری بڕیاره چاره‌نووسسازه‌كان به‌بی راوێژی كورد نه‌دراون. ده‌مه‌وێت ئه‌وه بپرسم ئایا كورد له‌حكوومه‌تی داهاتووی عێراقدا هه‌مان قورسایی و سه‌نگی ئێستای ده‌بێت؟.
قادر عه‌زیز:وه‌ك له‌وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێكردو به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی كورسییه‌كان كورد له‌په‌رله‌مانی ئاینده‌ی عێراق و به‌هۆی به‌هێزبوونه‌وه‌ی پێگه‌ی سووننه‌و به‌عس و شۆڤێنییه‌كان له‌دوای هه‌ڵبژاردندا كورد ئه‌و سه‌نگ و كاریگه‌رییه‌ی كه تا ئێستا هه‌یبووه وه‌ك خۆی نامێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ هه‌موو چاودێر‌و شاره‌زایه‌كی بواری سیاسیی شتێكی زۆر روون و ئاشكرایه.
ئاسۆ:كورد له‌رابردوودا هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هێزه شیعییه‌كاندا به‌ست، وه‌لێ به‌شێك له‌هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و ته‌نانه‌ت رای شه‌قامیش ئه‌وه بووه كورد سوودێكی ئه‌وتۆی له‌هاو په‌یمانێتییه نه‌بینیوه. ئێستاش هێزه شیعییه‌كان به‌تایبه‌تی هه‌ردوو لیستی به‌هێزی "ده‌وڵه‌تی یاسا" و "هاوپه‌یمانی نیشتیمانی" ده‌یانه‌وێت له‌كورد نزیك ببنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مانی داهاتوودا پێویستیان به‌پشتیوانی كورده بۆ دیاریكردنی كاندید بۆ سه‌رۆك وه‌زیران. به‌بڕوای ئێوه كورد چۆن پێویسته هاوپه‌یمانیی بكات؟.
قادر عه‌زیز:به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه رێككه‌وتنه‌كان روون و پابه‌ندبوونی لایه‌نی به‌رامبه‌ر به‌رێككه‌وتنه‌كان گه‌ره‌نتی تێدا نه‌بوو، بۆیه یه‌كێتی و پارتی خۆشیان دان به‌و راستییه‌دا ده‌نێن كه له‌رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵ شیعه‌و سووننه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و ئه‌و رێككه‌وتنانه به‌و هۆیه‌ی سه‌ره‌وه، ته‌نیا لایه‌نی به‌رامبه‌ر لێی سوودمه‌ند بووه، ئێستاش گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان بۆ ناو پرۆسه سیاسییه‌كه مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر كورد و شیعه‌دا دروستده‌كات، كه بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه ناچار ده‌بن هاوپه‌یمانێتی ببه‌ستن، هاتنی سه‌ید عه‌مار ئه‌لحه‌كیم بۆ كوردستان تایبه‌ت بوو به‌دروستكردنی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه به‌ناوی (به‌ره‌یه‌كی نیشتمانی) . جا ده‌مێنێته‌وه یه‌كێتی و پارتی ئه‌مجاره‌یان چه‌ند سوود له‌هه‌ڵه‌ی رێككه‌وتنه‌كانی پێشتر وه‌رده‌گرن و چه‌ند ده‌توانن له‌م رێككه‌وتنانه‌دا لایه‌نی به‌رامبه‌ر پابه‌ندی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كان بكه‌ن؟. پێویسته ئه‌م جاره هیچ رێككه‌وتنێك یا هاوپه‌یمانێتییه‌ك نه‌كه‌ن كه له‌پێشدا پابه‌ندبوونی لایه‌نه‌كانی تر به‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌و به‌جێبه‌جێكردنی مافه‌كانی كورد كه له‌ده‌ستووردا هاتووه له‌سه‌رووشیانه‌وه مادده‌ی (140) مسۆگه‌ر نه‌كه‌ن.
ئاسۆ:چۆن له‌و هه‌نگاوانه ده‌ڕوانن ئێستا ده‌نرێن بۆ دوورخستنه‌وه‌ی چ به‌عسییه‌كان چ سێبه‌ره‌كانی ئه‌وان كه ده‌یانه‌وێَت له‌ڕێگای گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر عێراقدا بگرنه‌وه؟. به‌بڕوای ئێوه كورد پێویسته پشتیوانی له‌و هه‌نگاوانه بكات یان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئێستا ده‌یبینین بێده‌نگ بێت؟.
قادر عه‌زیز:هاتنه‌وه‌و هێز په‌یداكردنه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت بۆ كورد مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه، بۆیه ده‌بێ له‌به‌رامبه‌ریشدا كورد به‌هه‌موو توانایه‌كی خۆی رێگریی و به‌رهه‌ڵستیی له‌و هاتنه‌وه‌یه‌دا بكات، هه‌رچه‌نده رێگرتن له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان كارێكی ئه‌وه‌نده ئاسان نییه، چوونكه له‌رووی ژماره‌و توانای ماددیی و پشتیوانی وڵاتانی ناوچه‌كه هێز و توانایه‌كی زۆریان هه‌یه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه له‌م ماوه‌یه‌دا توانیوویانه باش خۆیان رێكبخه‌نه‌وه.
ئاسۆ:به‌پێی ده‌ستووری عێراق له‌خولی داهاتوودا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی عێراق نامێنێت وسه‌رۆك كۆمار مافی ئه‌وه‌ی ده‌بێت به‌بڕیارێك به‌شێكی به‌رچاو له‌ناوچه دابڕاوه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. من پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه كورد ده‌بێت چ سیاسه‌تێك بگرێته به‌ر بۆئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێته‌وه؟. چۆن رۆڵی سه‌رۆك كۆماری ئێستا "مام جه‌لال" هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟.
قادر عه‌زیز:وه‌ك خۆت ئاماژه‌ت پێكرد پۆستی سه‌رۆك كۆمار ئه‌مجاره‌یان پۆستێكی گرنگه، چوونكه وه‌ك ئێستا به‌رێككه‌وتن (ته‌وافوقی) نابێ و سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاتی ته‌نیا له‌ده‌ست خۆیدا ده‌بێ، بۆیه ده‌بێ كورد به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌دا بێ، دیاره رۆڵی مام جه‌لالیش چ وه‌ك سه‌رۆك كۆمار‌و چ وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی رۆڵێكی گرنگه‌و كورد به‌مام جه‌لال نه‌بێ ناتوانێ كێبڕكێ له‌سه‌ر ئه‌م پۆسته‌دا بكات.
ئاسۆ:به‌شێك له‌چاودێران پێیانوایه تاڵه‌بانی خاوه‌نی دیبلۆماسییه‌تێكی به‌هێزه‌و كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێزی سیاسیی هه‌یه له‌جیهاندا، وه‌ك بۆچوونی خۆت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی ببێته‌وه به سه‌رۆك كۆماری عێراق؟.
قادر عه‌زیز:وه‌ك له‌وه‌ڵامی پرسیاری سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌م پێكرد كورد ئه‌مجاره به‌ئیستحقاقی خۆی واته به‌ژماره‌ی كورسییه‌كانی پۆستی سه‌رۆك كۆماری ده‌ست ناكه‌وێته‌وه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی جه‌نابی مام جه‌لال كه‌سێكی كۆكه‌ره‌وه‌یه و كۆده‌نگی زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی له‌سه‌ره، بۆیه به‌لای زۆریی ئه‌و پۆسته‌كه وه‌رده‌گرێته‌وه، دیاره منیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام كه جه‌نابی مام جه‌لال له‌هه‌موو كه‌سێك زیاتر شایسته‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێته‌وه، چوونكه ئه‌وه‌ی له‌و پۆسته‌دا به‌و ده‌كری به‌خه‌ڵكانی تر ناكرێ.
ئاسۆ:له‌نێوه‌ندی سیاسیی و رۆژنامه‌وانیدا گه‌شبینییه‌ك به‌رامبه‌ر به‌سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم "د. به‌رهه‌م" هه‌یه كه بتوانێت لانیكه‌م به‌سه‌ر ئه‌و قه‌یران و كێشانه‌دا سه‌ركه‌وتوو ببێت له‌ماوه‌ی پێش ئه‌ودا خوڵقێنراون. پرسیاره‌كه‌م با ئه‌وه‌بێت ئێوه چۆن له‌م كابینه‌یه ده‌ڕوانن؟ پێتانوایه به‌رهه‌م ساڵح ده‌توانێت ئه‌و ئه‌ركه راپه‌ڕێنێت كه ئێستا هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه بۆشكستپێهێنانی كابینه‌كه‌ی؟.
قادر عه‌زیز:كێشه‌ی به‌رده‌م دكتۆر به‌رهه‌م و كابینه‌كه‌ی كه له‌هه‌مان كاتدا ده‌بنه هۆكاری سه‌رنه‌كه‌وتنی خۆی و كابینه‌كه‌ی دوو شته:
یه‌كه‌میان: رێگرییه‌كی زۆر له‌به‌رده‌م كابینه‌كه‌دا دروست ده‌كه‌ن.
دووه‌میان:دكتۆر به‌رهه‌م خۆشی به‌جورئه‌ته‌وه رووبه‌ڕووی ئه‌و رێگرییانه نابێته‌وه، بۆیه هۆكاری سه‌رنه‌كه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی كابینه‌كه‌یدا نییه، به‌ڵكو له‌خودی خۆشیدایه، چوونكه چه‌ند ئاسته‌نگ هه‌بێ، به‌ڵام جورئه‌تی كاركردن و بڕیار وه‌رگرتن و دواجاریش متمانه به‌خۆبوون ئه‌مه مه‌رجێكی سه‌ركه‌وتنه.
ئاسۆ:چاودێرانی سیاسیی هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له‌ئه‌گه‌ری پشتیوانی نه‌كردن یاخۆ دروستكردنی له‌مپه‌ر له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی یه‌كێـتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه بۆ كابینه‌ی شه‌شه‌م تاكه زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م خودی یه‌كێتییه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه یه‌كێتـی ده‌بێت چ هه‌نگاوێك هه‌ڵبگرێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و شه‌ڕه ده‌روونییانه‌ی ئێستا له‌لایه‌ن لیستی گۆڕان و به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌رامبه‌ر حكوومه‌ت به‌رپاكراوه؟.
قادر عه‌زیز:یه‌كێتی ده‌بێ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی له‌سه‌رخستنی كابینه‌كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م بكات، به‌تایبه‌تی كاتێ ده‌بینێ خه‌ڵكانێك هه‌ن كار بۆ شكستپێهێنانی كابینه‌كه ده‌كه‌ن، كه دیاره مه‌به‌ست شكستی كابینه‌كه، هه‌ر دكتۆر به‌رهه‌م نییه، به‌ڵكو خودی یه‌كێتیشه.
ئاسۆ:هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاته‌وه رووبه‌ڕووی ده‌یان قه‌یران و گرفتی ئیداریی و سیاسیی گه‌وره بۆته‌وه. چاودێران هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن چوار ساڵی ئاینده سه‌ختترین ساته‌وه‌ختی حكومڕانی و به‌ڕێوه‌بردن ده‌بێت، چ حكوومه‌ت ئه‌ركی قورسه‌و چ ئۆپۆزیسیۆنیش. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه ئۆپۆزیسیۆن چ هه‌نگاو ئه‌ركێكی له‌سه‌ر شانه له‌م چوار ساڵه‌دا؟.
قادر عه‌زیز:ئه‌ركی ئۆپۆزیسیۆن ئه‌وه‌یه كه رۆڵی ئیجابی هه‌بێ له باشكردنی ئه‌دای حكوومه‌ت و پێشخستنی پرۆسه سیاسییه‌كه.
ئاسۆ:تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئه‌م پرسیاره‌ی تێدا ئاڕاسته ده‌كرێت په‌یوه‌ندیی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات زۆر ئاڵۆزه، ده‌سه‌ڵات به‌چاوی دوژمن له‌ئۆپۆزیسیۆن ده‌ڕوانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش ئاماده‌نییه دان به‌هیچ هه‌نگاوێكی باشی ده‌سه‌ڵاتدا بنێت. من ده‌مه‌وێت بپرسم چۆن ده‌كرێت ئه‌م باگرژییه‌ی ئێستا بگۆڕین بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی دروست كه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی داڕێژرابێت؟.
قادر عه‌زیز:به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات، ئۆپۆزیسیۆن به‌ته‌واوكه‌ری سیستمه سیاسییه‌كه بزانی و پێیوابێ بوونی ئۆپۆزیسیۆن دیارده‌یه‌كی دیموكراسییه‌و به‌خزمه‌تی خودی ده‌سه‌ڵاتیشه، به‌و پێیه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌كه‌موكوِریی و ناته‌واوییه‌كان ده‌گێڕێته‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌گه‌ر ئۆپۆزیسیۆنیش ئه‌ركی باشكردنی ئه‌دای حكوومه‌ت بێ و رۆڵێكی ئیجابی هه‌بێ له‌نه‌هێشتنی كه‌موكوڕییه‌كانی ده‌سه‌ڵات، ئه‌وا به‌دڵنیایه‌وه به‌هه‌ردوولا ده‌توانن زۆر له‌كێشه‌كانی كه هه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ن و خزمه‌تێكی گه‌وره به‌كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بگه‌یه‌نن.
ئاسۆ:لیستی سه‌ربه‌خۆی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌چوار ساڵی رابردوودا له‌عێراق ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه فره‌لیستی نابێته زیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای كوردستان به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه، به‌ڵام ترسێك له‌وه هه‌یه هێزه‌كانی تر وه‌ك یه‌كگرتوو نه‌بن، به‌بڕوای ئێوه پێش چوونه به‌غدا پێویستمان به‌یه‌كخستی هه‌ڵوێستمان نییه؟.
قادر عه‌زیز:یه‌كخستنی هه‌ڵوێست هه‌ر به‌قسه نابێت، به‌ڵكو ده‌بێ له‌ئه‌نجامی رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كوردیی بێ و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی دیموكراسی و دیاریكردنی ئه‌رك و مافه‌كانی هه‌موو لایه‌ك بێت، جا كاتێك ئه‌مانه نه‌بێ ئه‌وا قسه‌كردن له‌سه‌ر یه‌كڕیزیی و یه‌ك هه‌ڵوێستی زیاتر هه‌ر دروشم و داوایه‌كی سۆزداریی ده‌بێ.
ئاسۆ:ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی پێشووه‌وه تێپه‌ڕێنرا له25-7 نه‌خرایه راپرسییه‌وه، بیانووه‌كه‌ش ئه‌وه‌بوو كه ناتوانرێت به‌و ماوه كه‌مه ئاماده‌كاریی بكرێت. پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه بۆچی ئێستا قسه له‌سه‌ر ده‌ستوور ناكرێت؟.
قادر عه‌زیز:سه‌باره‌ت به‌ده‌ستوور دواخستنه‌كه‌ی زۆر په‌یوه‌ندیی به‌كاته‌وه نه‌بوو، به‌ڵكو زۆرێك له‌لایه‌نه سیاسییه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان و ته‌نانه‌ت به‌غداو ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ده‌ستووره‌كه‌دا رازی نه‌بوون، تێپه‌ڕاندنیشی به‌م په‌له په‌له له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه كه ماوه‌ی یاسایی به‌سه‌رچوو بوو ئه‌مه‌شیان خۆی له‌خۆیدا گوومانێكی زۆری له‌سه‌ر ده‌ستووره‌كه‌دا دروستكردبوو.
قادر عه‌زیز
1954 له‌هه‌ولێر له‌دایكبووه. له (1970ـ1974) له‌یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان كاریكردووه. له‌مانگی ئابی (1976) له‌چوارچێوه‌ی (بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كوردستان) به‌شداریی له‌خه‌باتی سیاسیی و چه‌كداریی دژ به‌حكوومه‌تی دیكتاتۆریی به‌غداد كردووه. له (12-12-1985) له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هاوڕێیدا "حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان" داده‌مه‌زرێنی و به‌سكرتێری گشتیی حزب هه‌ڵده‌بژێردرێت. له (1988ـ1993) ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی به‌ره‌ی كوردستانی بووه. له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی (19-5-1992) ده‌بێته ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و دوای ئه‌ویش پۆستی وه‌زیری كشتوكاڵ و ئاودێریی له‌یه‌كه‌م كابینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گرێت. به‌شداریكردووه له‌كۆنگره‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی (به‌یروت، ڤییه‌نا، سه‌لاحه‌دین، نیۆیۆرك، له‌نده‌ن) له‌پێناو رووخانی رژێمی دیكتاتۆریی به‌غداد. دوای رووخانی رژێمی به‌غداد و فراوانكردنی ئه‌نجوومه‌نی حوكم، له‌نێوان ئه‌و سه‌د كه‌سه‌دا بوو، ئه‌نجوومه‌نی نشتیمانی كاتی عێراقیان پێكهێنا، كه‌دواتر له‌چوارچێوه‌ی وه‌فدی كوردیی به‌شداریی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقی كردووه. له (15-9-2006) بۆته نوێنه‌ری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاودێریی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی (140) له‌ده‌ستووری عێراقی.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
