هه‌رێم عوسمان : ئه‌م كاته‌ت باش براى ئازيزم كاك حه‌ميد عه‌زيز .
وه‌کو ده‌زانین له‌ئێستادا کتێبخانه‌ی کوردی چه‌ندین کتێبی فه‌لسه‌فی تێدایه له‌وه‌رگێڕان و له‌نوسینی نوسه‌ره کورده‌کان به‌ڵام هه‌تا ئێستا ئه‌م هه‌موو کتێبه فه‌لسه‌فیانه که‌بڵاو کراوه‌ته‌وه ته‌وه‌رێکی گفتووگۆی چڕوپڕی له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه دانه‌مه‌زراندووه . من له‌م پرسیارانه‌دا زیاتر هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌سه‌ر بوونی فه‌لسه‌فه‌و فه‌یله‌سوف پرسیاره‌کانم بینا بکه‌م .
هه‌رێم عوسمان پرسیار :
ئایا کورد فه‌یله‌سوفی هه‌یه .؟. ئایا بوون و نه‌بوونی فه‌یله‌سوف کاریگه‌ری له‌سه‌ر واقعی هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه .؟. ئایا بوونی فه‌یله‌سوف چه‌ند ده‌توانێت هاوکێشه‌ی گرفته‌کان بگۆڕێت .؟.
حه‌مید عه‌زیز وه‌ڵام :
* پێشه‌کیه‌کی کورت و پێناسه‌یه‌کی کورت بۆ فه‌یله‌سوف و فه‌لسه‌فه پێش وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کان :
فه‌یله‌سوف بریتی یه له‌مرۆڤی زرنگ و هۆشیارو به‌ئاگا له‌مه‌عریفه که‌لێوان لێو له‌گه‌ڕاندایه به‌دوای پرسیاره بێ وه‌ڵامه‌کاندا یان وه‌ڵامه سه‌خته‌کانی مه‌حاڵ که‌مرۆڤی ئاسایی په‌ی پێنابات له‌قورسیدا بۆ شیکردنه‌وه
ی گرێ کوێره‌ی په‌تی بوون و به‌رده‌وامبوونی تێڕوانینه‌کانی زانیین بۆ سبه‌ینێ و ده‌رگا داخراوه‌کان به‌ڕووی کۆیله‌و به‌ندیه‌کانی ئه‌ودیو نائاگایی و نه‌زانییدا ده‌کاته‌وه . فه‌لسه‌فه‌ش ئامانج و گه‌یشتنه به‌ویستی مرۆڤ له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ی ڕاستی یه شاردراوه‌کانی ئه‌و دیوو ده‌رگا داخراوه‌کانی ژیان له‌پێناوی گه‌یشتن به‌دۆزینه‌وه‌ی خاڵی نادیاری یان نه‌زانراوی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی بۆیه ده‌توانین بڵێین واتای فه‌لسه‌فه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارگه‌لێکی گرنگ و عه‌قڵانی و زانستیانه‌ی چڕوپڕی نیمچه ئاڵۆزه ده‌رباره‌ی سه‌رچاوه‌ی بیرکردنه‌وه‌و بوون و زمان و مه‌عریفه‌و ڕه‌ووشت هه‌روه‌ها ده‌روازه‌یه‌کی کراوه‌ی زانستیانه‌یه بۆ درکاندنی ئه‌و پرسیارانه‌ی که‌وه‌ڵامیان نی یه یان هه‌یه‌و سه‌خته یان ئاڵۆزه بۆیه فه‌لسه‌فه‌ش کار‌و ئامانجه بۆ گه‌یشتن به‌شته نه‌زانراوه‌کان له‌بوونداو جارێکی تریش فه‌یله‌سوف ئه‌و هزرو بیره‌یه که‌ئه‌و کار‌و شته ئاڵۆزانه شیته‌ڵ و شیکاریی ده‌کات له‌پێناوی دۆزینه‌وه‌ی عه‌قڵی قوڵی ونبووی ئاده‌میزادو گێڕانه‌وه‌ی هزرو ڕه‌فتارو ڕه‌ووشته به‌ئامانجی به‌کارهێنان و گه‌یشتن به‌ئاستی به‌رزی هۆشمه‌ندیی و کاری ئه‌کادیمیانه‌و مه‌ده‌نیانه‌ی ژیان .
فه‌لسه‌فه وشه‌یه‌کی یۆنانی یه له ( فیلیاسۆفیا ) وه هاتووه ( فیلیا ) واتای خۆشه‌ویستی و ( سۆفیا ) واتای حیکمه‌ت و زیره‌کی یه له‌ژیاندا که‌واته فه‌لسه‌فه واتای کاری خۆشه‌ویستی و په‌ندو حیکمه‌ته بۆ مرۆڤایه‌تی یان به‌دواداچوون و داواکاریی و زانینی مه‌عریفه‌و کارکردنه له‌سه‌ری به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌کادیمییانه له‌پێناوی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌موو پرسیاره په‌نگخواردووه‌کانی ناخی ئاده‌میزاد خۆی . فه‌لسه‌فه کاری به‌ره‌وپێشچوونی قووڵی عه‌قڵانیه‌ت و هزریانه‌ی ئاده‌میزاده بۆ خزمه‌تی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی یان هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ به‌تاڵ کردنه‌وه‌ی ناخی ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌یه که‌پڕه له‌مه‌عریفه . هه‌رچه‌نده ئه‌مه واتای فه‌لسه‌فه‌یه به‌ڵام زۆر قورسه که‌مرۆڤ بڵێت ئه‌مه واتا‌که‌یه‌تی به‌ته‌واوی پێم وایه ماوێتی و مرۆڤ ده‌توانێت قسه‌ی زیاتری له‌سه‌ر بکات .
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی مێژووی فه‌لسه‌فه کۆنه‌و له‌چاخه زۆر کۆنه‌کانه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه‌و ڕێچکه‌یه‌کی چاکسازی بووه‌و له‌پێش ئیسلامه‌وه هه‌یه‌و 2500 ساڵ له‌مه‌وپێش هه‌بووه‌و هه‌تا ئێستاش وه‌کو ئاینێکی چاکسازی کاری به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا پێشکه‌وتووه‌کانه‌وه هه‌یه بۆبه‌ره‌وپێشچوون و به‌مه‌ده‌نییه‌ت بوونی ژیان له‌لایان . له‌و فه‌یله‌سوفه کۆنه ڕۆژئاواییانه‌ی که‌زۆر ناودارو بلیمه‌تبوون که‌نزیکه‌ی ( 2600 ) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کاری شیعر‌و نوسینیان کردووه وه‌کو فه‌لسه‌فه یه‌که‌میان ( ئیفلاتون 347 / 427 پ . م ) دووه‌میان ( سوقڕات 399 / 469 پ . م ) له‌ڕاستیدا ئه‌م دوو فه‌یله‌سوفه به‌ناوبانگه به‌پێشه‌نگی فه‌یله‌سوفه‌کانی یۆنان و جیهان داده‌نرێن بۆئه‌وکات و بۆئیستاش . هه‌روه‌ها فه‌لسه‌فه بریتی یه له‌چالاکی مرۆیی له‌مرۆڤی زرنگ و هۆشمه‌نده‌وه بۆناو خه‌ڵکی ساده‌و و سوود لێبینینی . به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌م فۆڕمی به‌ناو فه‌لسه‌فه‌یه شیکاریی و بیرکردنه‌وه‌یه له‌هۆشوو‌بیردا بۆمه‌رامی گه‌یشتن به‌ڕاستی و خزمه‌تکردنی ئاده‌میزادو ژیانی مه‌ده‌نیانه‌ی سه‌رده‌م و گه‌یشتنه به‌لوتکه‌ی زانین و خۆشبه‌ختیی ژیان بۆ مرۆڤ و ده‌وروبه‌ری . فه‌لسه‌فه بیردۆزێکی پراکتیکی و کرداریی یه له‌ڕۆشنبیری و کاری عه‌قڵانی و هزرییانه‌و بیردۆزییانه‌ی هاوکێشه هاوسه‌نگه‌کانی ژیانه به‌گشتی له‌کۆمه‌ڵگا جیاوازه‌کانی ئاده‌میزاددا . ئه‌م چه‌مکی ده‌روازه فیکرییه‌ی که‌پێی ده‌ڵێن فه‌لسه‌فه ته‌مه‌نی زۆر کۆنه‌و له‌پێش چه‌ند سه‌ده‌یه‌که‌وه هه‌یه وه‌کو له‌سه‌ره‌وه باسمان کرد به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ سه‌ده‌ی 21 ه‌و که‌چی فه‌لسه‌فه‌و کاری فه‌لسه‌فیانه‌و فه‌یله‌سوف ده‌گمه‌نه له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا .
به‌کورتی کاری فه‌لسه‌فه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێ پرسیاری عه‌قڵانی و بیری زانستیانه‌ی چڕوپڕی نیمچه ئاڵۆزه ده‌رباره‌ی بوون و مرۆڤ و ده‌وروبه‌ری مرۆڤه ( الوجود والکون ) . ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌کی گشتی تێگه‌یشتنی شێووه‌و فۆرمی کۆنه بۆ فه‌لسه‌فه به‌ڵام له‌جیهانی ئه‌مڕۆدا فه‌لسه‌فه کار له هونه‌رو زمان و زانیاری و زانستیش ده‌کات و به‌ری فراوانتر بووه له‌پێشترو وه‌ڵامیشی بۆ هه‌موو پرسیاره‌کانی بوون به‌ربڵاوتر بووه چونکه شیکاری زیاتری کردووه‌و هه‌یه له‌م سه‌ده‌یه‌ی که‌تێیدا ده‌ژین و ته‌نانه‌ت فه‌لسه‌فه‌ی نوێ گه‌یشتۆته سه‌رتۆپکی ویستی ئاده‌میزاد له‌بابه‌تگه‌لێکی هه‌ستیارو ورددا وه‌کو پرسیار‌و وه‌ڵامی ئاینانه‌و بوونی خودا‌و دروست بوونی ژیان و مردنیشی باس و شیته‌ڵ کردووه‌و به‌شێوه‌یه‌کی شیکاریی و کار‌و تاووتوێی فه‌لسه‌فی و زانستیانه وه‌ڵامه‌کانی دروست کردوه .
* وه‌ڵامی پرسیاره‌کان
وه‌ڵام / له‌ڕاستیدا پرسیار یه‌ک ڕووی هه‌بێت باشه بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانتر وه‌ڵامی بۆ بدۆزرێته‌وه‌و باشتریش لێی حاڵی ببین زۆر گرنگه له‌دوو سه‌ره‌وه ئاماده‌بین و وردبین بین هه‌م له‌پرسیاره‌که‌و هه‌م له‌وه‌ڵامه‌که‌ش چونکه جۆری پرسیار زۆر گرنگه له‌به‌رئه‌وه‌ی خودی پرسیار خۆی نیوه‌ی وه‌ڵامه‌که‌یه . له‌باره‌ی فه‌یله‌سوفه‌وه کورد فه‌یله‌سوفی هه‌یه‌و میژووی نووسینی کوردی کۆنه‌و ده‌توانین بڵێین به‌و نووسین و فه‌لسه‌فانه‌ی کۆن بووایه ده‌بووایه ئێمه‌ی کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌رده‌ست و سێکۆلارو مه‌ده‌نی بووینایه به‌ڵام به‌داخه‌وه جه‌نگ و ماڵوێرانی و سه‌رکرده‌ی ناپاک و بڕوا به‌کلتوری کۆن و کاری خورافه‌و که‌م عه‌قڵی و بنده‌ستی و فۆرمی کۆنی خێڵ و .. هتد ئه‌مانه‌و زۆری تریش نه‌یانهێشتووه خاوه‌ن به‌ش بین له‌زانست و زانیاری و ژیان .
گۆته ده‌ڵێت : هه‌ر میلله‌تێک له‌ماوه‌ی سێ هه‌زار ساڵی پێش میلادو دووای میلاد تێنه‌گه‌یشت و فێرنه‌بوو که‌ژیان چۆنه‌و چی ده‌وێت ئه‌و میلله‌ته به‌هه‌ژاری ده‌مرێت . له‌ڕاستیدا فه‌یله‌سوف کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌ک هه‌یه به‌کوردستانیشه‌وه به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه مرۆڤه‌کان لێی تێبگه‌ن و سودی لێوه‌ربگرن چونکه کێشه‌ی زۆربه‌ی فه‌یله‌سوفه‌کانی جیهان ئه‌وه‌یه که‌له‌و سه‌رده‌مه‌ی تێیدا ژیاون خه‌ڵکیی ده‌وروبه‌ریان لێیان تێنه‌گه‌یشتوون ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌وره‌یی مێشک و پله‌ی زانیاری پێشوه‌خت و ( التنبوء ) زیره‌کی و بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌یله‌سوفه چونکه له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر وانه‌بێت و جیاوازنه‌بێت و زانیاری زیاتری له‌خه‌ڵک نه‌بێت فه‌یله‌سوف نی یه . بۆیه زۆرجار گوێم له‌خه‌ڵکیی بووه که ( فاروق ڕه‌فیق، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی ) که‌قسه‌ده‌که‌ن دوای گفتووگۆکان هه‌ندێک له‌خه‌ڵکیی ده‌ڵێن تێنه‌گه‌یشتم . هه‌ڵبه‌ته ئه‌و ناحاڵی بوون و تێنه‌گه‌یشتنه بۆ خه‌ڵکی ساده‌یه به‌ڵام له‌هه‌موو کۆمه‌ڵگاو سه‌رده‌مێکدا ڕۆشنبیر هه‌بووه‌و ژیان و به‌ڕێوه‌چوون و بواره‌کانی ژیانیی وه‌کو ئابوری کۆمه‌ڵایه‌تی وڕامیارییان زانیووه ده‌نا ژیان ڕۆژ له‌دووای ڕۆژ پێش نه‌ده‌که‌وت .
بوونی فه‌یله‌سوف بوونی ده‌رگا کراوه‌کانه که‌پێشتر داخراون بۆیه ده‌توانین بڵێین بوونی فه‌یله‌سوف له‌هه‌موو کات و شوێنێکدا به‌ڵگه‌ی بوونی ئاسانکاریی ژیان بووه یان له‌به‌رده‌می ئاسته‌میی بوون و به‌رده‌وامبوون شه‌پۆلی به‌هێزی ژیان و مزگێنی به‌خته‌وه‌ری بوون بۆ مرۆڤایه‌تی بووه بۆیه له‌هزری مرۆڤی هۆشیار ئه‌مڕۆ هیچ شتێکی هه‌رگیز یان موسته‌حیل نی یه‌و ژیان و مرۆڤ یه‌ک هاوکێشه‌ی هاوسه‌نگ و ته‌واوه به‌ئومێدی ژیان و به‌رده‌وامبوون له‌و ڕێگا دروستکراوانه‌ی که‌دوێنێ جه‌نگه‌ڵ بوون و نه‌توانراوه په‌ڕینه‌وه‌ی به‌رده‌وامبوونی ژیانی تێدا بکرێت . بۆیه ده‌توانین بڵێین فه‌یله‌سوف به‌ڕێژه‌یه‌کی به‌رز ده‌توانێت هاوکێشه‌ی گرفته‌کان بگۆڕێت .
پرسیار / ڕۆشنبیری کورد به‌شیعر ده‌ستی پێکردووه له‌چه‌ندین نوسیندا باس له‌بوونی فه‌لسه‌فه ده‌کرێت له‌شیعردا به‌واتایه‌کیتر له‌ڕێگه‌ی شیعره‌وه له‌فه‌لسه‌فه‌دا کارمان کردووه پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر له‌ڕێگه‌ی شیعره‌وه بێت ڕێگه‌ی به‌له‌دایک بوونی فه‌یله‌سوف داوه یان به‌پێچه‌وانه‌وه .؟. ئایا چه‌ند شیعر ڕۆڵی فه‌لسه‌فه‌ی بینیووه یان ده‌توانێت ئه‌و ڕۆڵه ببینێت یان نوسینی فه‌لسه‌فه‌ی شیعری چه‌ند له‌خوار نوسینی فه‌لسه‌فه‌ی ڕووت له‌خوارتره .؟.
وه‌ڵام / به‌ڵێ هۆنراوه ڕێگایه‌کی ئاسایی یه بۆ له‌دایک بوونی فه‌یله‌سوف و فه‌لسه‌فه بۆ سوودو چێژلێوه‌رگرتنی فه‌لسه‌فه خۆی له‌ژیانی ئێمه‌دا بۆیه له‌پێشدا ناوی فه‌یله‌سوف ده‌به‌ین چونکه هه‌میشه ( بکه‌ر ) و ( ناو ) ئاوه‌ڵناوی مرۆڤ خۆیه‌تی و خۆی بۆ داهێنانی هه‌موو که‌ره‌سته‌ی ئامێر‌و دروست کراوه‌کانی مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌پێش و خزمه‌تکاره بۆیه وشه‌ی فه‌لسه‌فه‌ش دووای فه‌یله‌سوف دێت چونکه دروستکراوی ئه‌و قاڵب و شێوازه‌یه که فه‌یله‌سوف ده‌یهێنێت و کاری تێدا ده‌کات بۆ سوود لێوه‌رگرتنی هه‌رپرسیارو وه‌ڵامێکی بابه‌تیی و فه‌لسه‌فیانه که‌دایده‌ڕێژێت دووای خۆی هه‌وڵی باشترکردنی کۆمه‌ڵگاو خه‌ڵکانیتر ده‌دات یان که‌فه‌یله‌سوف پڕه‌و له‌ئه‌نجامی بیرکردنه‌وه‌و زانایی خۆی پرسیار‌و وه‌ڵامی له‌لادروست ده‌بێت له‌وکاته‌دا که‌قسه‌کردن له‌سه‌ر بوون و ژیان ده‌کات خۆی به‌تاڵ ده‌کاته‌وه . ڕۆشنبیری کورد یان فه‌یله‌سوفی کورد له‌ڕێگه‌ی هۆنراوه‌وه فه‌لسه‌فه‌ی دروست کردووه‌و داوێتی به‌گوێی ئێمه‌دا ئه‌و کاره‌ی ئه‌و فه‌یله‌سوفه ده‌یکات به‌قه‌د ئه‌وه گرنگه که کار له‌کۆمه‌ڵگا بکات له‌وه‌ش گه‌رنگتر ئه‌وه نی یه ئه‌و بابه‌ته شیعره نه‌خێر هه‌رچی یه‌ک بێت بتوانێت هاوکێشه‌یه‌کی هاوسه‌نگمان بداتێ له‌بارێکی باشی ژیانییداو کێشه‌کانی ئاده‌میزاد چاره‌سه‌ر بکات و پرسیاره‌کان که‌بوون و ئاین و ڕه‌ووشت دروستی ده‌کات بێ وه‌ڵام نه‌هێڵێته‌وه چونکه هه‌تا ئێستا هیچ ده‌رمانی فه‌لسه‌فه‌یه‌ک برینی هه‌موو جه‌سته‌کانی مرۆڤی ساڕ‌ێژ نه‌کردووه بۆیه هه‌تا ئێستا مرۆڤ ناڕه‌حه‌ت و ڕه‌شبینه‌و هه‌ر کاری ئه‌و ڕه‌شبینیه‌یه که زۆرکات نازانێت په‌نا بۆ کوێ ببات هه‌تا وه‌ڵامه ڕاسته‌کان به‌ده‌ست بێنێت بۆیه زۆرجاران خۆکووشتن له‌لای مرۆڤه ژیره‌کان کاری پشوودانی جه‌سته‌و ڕۆحیانه . شیعر یان په‌خشان یان ووتاری فه‌لسه‌فی کاری فه‌لسه‌فه ده‌که‌ن چونکه هه‌مان کاری نوسین و گه‌یاندنن بۆیه هه‌رکه‌سێک توانای له‌شێوه‌یه‌کدا هه‌یه‌و له‌و شێوه‌یه‌دا ده‌توانێت داهێنان له‌فه‌لسه‌دا بکات و په‌یامه‌که‌ی خۆی بگه‌یه‌نێت . بۆنمونه فه‌یله‌سوف و هۆنه‌ری گه‌وره‌ی ئێرانی ( خه‌یام، حافزی شیرازی ) ئه‌مانه که‌ڵه هۆنه‌رو فه‌یله‌سوفی ئێرانن که‌به‌ڕێگه‌ی هۆنراوه‌وه فه‌لسه‌فه‌ی ژیانیان به‌خه‌ڵکی گه‌یاندووه‌و پێش ( 400 ) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌مانه فه‌یله‌سوف بوون . گرنگ نی یه فه‌لسه‌فه له‌چ به‌رگ و شێوه‌یه‌کدا خۆی بنوێنیت گرنگ واتا‌و گه‌یاندنی زانستیی بنه‌ڕه‌تیی فه‌لسه‌فه‌و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی یان ئابوری یان ڕامیاری یه‌که‌ی کۆمه‌ڵگا بگه‌یه‌نێت و وه‌ڵامێک بێت بۆ ئه‌و پرسیاره په‌نگخواردووه‌ی ناخی مرۆڤ ئیتر ئه‌و شیعره گرنگ نی یه ئازاد بێت یان کلاسیک گرنگ ناوه‌ڕۆک و واتای ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌یه که ده‌ته‌وێت ده‌رگا داخراوه‌کانی پێ بکه‌یته‌وه .
نووسینی فه‌لسه‌فه‌ی شیعریی هیچ که‌متر نی یه له‌خودی فه‌لسه‌فه‌ی ڕووت خۆی که‌به‌شێوه‌یه‌کی تر بنوسرێته‌وه گرنگ پێکان و ئامانجی کاره‌که‌یه .
پرسیار / هه‌ندێ نووسه‌ر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که‌زمانی کوردی مه‌ودای نوسینی فه‌لسه‌فه‌ی تێدا نابێته‌وه . ئایا زمانی کوردی ئه‌و زمانه‌یه که‌بتوانین بۆ نوسینی فه‌لسه‌فی به‌کاری بهێنین .؟. ئه‌و نوسینه فه‌لسه‌فیانه‌ی ئێستا ده‌بینرێن گه‌واهی ئه‌و ڕاستی یه ده‌ده‌ن که‌زمانی کوردی زمانی فه‌لسه‌فه‌یه .؟.
وه‌ڵام / زمانی کوردی تاڕاده‌یه‌ک که‌موکووڕی ڕێزمانی و ئامرازی و ده‌سته‌واژه‌یی فه‌لسه‌فی تێدایه به‌ڵام ئه‌وه نابێته هۆی ئه‌وه‌ی که‌زمانی کوردی بۆ نووسینی فه‌لسه‌فه نابێت . ده‌توانین له‌ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ئه‌مڕۆ فه‌لسه‌فه‌ی نوێی زانسته مرۆییه‌کان و زمان و ئاین و زانست و به‌تایبه‌ت ده‌سته‌واژه ڕامیاری و زانستی یه‌کان که‌له‌زمانی کوردی‌دا نی یه یان ده‌گمه‌نه تاڕاده‌یه‌ک له‌وکاته‌دا که‌باس له‌بابه‌تێکی فه‌لسه‌فی ده‌که‌ین و واده‌زانین به‌زمانی کوردی شیته‌ڵی ده‌که‌ین له‌ڕاستیدا نه‌خێر ئه‌وه له‌و کاته‌دا به‌زمانێکی بێگانه باس له‌فه‌لسه‌فه ده‌که‌ین چونکه هه‌موو ئامڕازه گرنگ و ده‌سته‌واژه گه‌وره‌کانی فه‌لسه‌فه به‌زمانێکیتر ده‌بێژین و زۆرجار قسه‌کردنه‌کان به‌کوردی ته‌نها ئاوازه‌که‌ی کوردی یه . که‌واته ڕاسته ئێمه کێشه‌مان له‌زماندا هه‌یه نه‌ک ڕێگری زمان له‌فه‌لسه‌فه‌دا ئه‌وه دوو ئامرازی جیاوازن و ئێمه‌ی کوردیش ده‌توانین له‌دوواڕۆژێکی نزیکدا فه‌لسه‌فه‌مان هه‌بێت به‌واتای فه‌لسه‌فه ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که‌پێشتر نه‌مانبووه . ئێمه لێره‌دا باسی زمان و فه‌لسه‌فه‌مان کرد به‌ڵام دیوێکی تری باسه‌که ده‌مانباته‌وه بۆ به‌شێکی هه‌ره گرنگی فه‌لسه‌فه که‌ئه‌ویش زمانی فه‌لسه‌فه‌و فه‌لسه‌فه‌ی زمانه که‌دوو فۆرمی جیاوازن و لێره‌دا زۆر به‌کوورتی باسیان ده‌که‌ین :
یه‌که‌م / زمانی فه‌لسه‌فه :
زمانێکی تایبه‌ت به‌م کاره له‌ڕاستیدا جیاوازه له‌زمانی گفتووگۆو هه‌ندێ نووسین و بواری تردا چونکه زمانی فه‌لسه‌فه سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌یه‌کی عه‌قڵانییه که‌بێ خه‌وش له‌درۆو فڕوفێڵ به‌کاردێت بۆ نمونه ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی زمانی ڕامیاری و گفتووگۆی ڕامیارزانه‌وه‌یه یان دوور له‌زمانی شه‌قام و بازاڕه .
دووهه‌م / فه‌لسه‌فه‌ی زمان :
فه‌لسه‌فه‌ی زمان بریتی یه له‌چۆنێتی وشه‌و ڕسته ده‌ربڕین و به‌کارهێنانی زمان به‌ئاسانترین شێوه بۆ گه‌یاندنی کاروئامانجێک یان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارگه‌لێک که‌له‌وه‌وپێش بوونی نه‌بووه یان ده‌ربڕینی زه‌حمه‌ت بووه بۆیه به‌فه‌لسه‌فه‌ش ده‌ڵێن ( خۆشه‌ویستیی وته‌یه‌ک ) یان ( خۆشه‌ویستی حیکمه‌تێک ) مه‌به‌ست له‌وه ئه‌وه‌یه که زیره‌کیش له‌گه‌یاندن و ڕازی کردنی ناڕازی به‌دڵنیایی یه‌وه خۆی له‌خۆیدا کاری فه‌لسه‌فه‌یه . من بۆیه زۆر به‌ووردی و شیکاریانه ده‌دوێم ده‌مه‌وێت تۆ به‌ئاسانی فه‌لسه‌فه بگاته لات چونکه هه‌موو کارێک له‌سه‌ره‌تادا ئاڵۆز‌و زه‌حمه‌ته به‌ڵام له‌سه‌ره‌تاوه به‌ئاسانی هات هه‌تا دوواییش هه‌روا ده‌ڕوات بۆیه منیش به‌ساده‌یی ده‌دوێم ئه‌وه‌ش ده‌زانم که‌زۆربه‌ی خوێنه‌رو ڕۆشنبیران حه‌زیان به‌فه‌لسه‌فه نی یه له‌به‌ر نوسینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه له‌لایه‌ن نوسه‌ره‌کانیانه‌وه به‌وشکی ده‌نوسرێته‌وه له‌ڕاستیدا نه‌ک فه‌لسه‌فه به‌ڵکو له‌هه‌موو بواره‌کانی نوسیندا نوسه‌ر ڕۆڵی سه‌ره‌کی هه‌یه بۆ خوێنه‌ر که‌حه‌ز به‌و نوسینه بکات یان نه‌کات بۆیه زۆر له‌نوسه‌ره زرنگه‌کانی جیهان نوسین و گێڕانه‌وه‌ی به‌دبه‌ختیه‌کانی مرۆڤ به‌کۆمیدی و پێکه‌نیناوی ده‌گێڕنه‌وه نمونه‌ی ئه‌و نوسه‌ره خۆشنوسانه چیرۆک نوسی مه‌زن ( عه‌زیز نه‌سین ) ه له‌ڕاستیدا ئه‌م نوسه‌ره بلیمه‌ته له‌نوسینه‌وه‌ی چۆنێتی فه‌لسه‌فه‌ی گێڕانه‌وه زۆر به‌هره‌مه‌ندبووه بۆیه خۆی گریاوه‌و تۆی خستۆته پێکه‌نین .
پرسیار / ئایا هیچ کات زمان ده‌بێته ڕێگر بۆ له‌دایک بوونی فه‌یله‌سوف .؟.
وه‌ڵام / هه‌رگیز زمان ڕێگریی ناکات له‌داهێنانی بیردۆزێک یان هاوکێشه‌یه‌کی وێژه‌یی یان زانستی له‌هیچ کات و شوێن و سه‌رده‌مێکدا چونکه زمانیش زانسته‌و ده‌گۆڕێت و به‌ره‌و پێش ده‌چێت که‌واته بۆ فه‌لسه‌فه‌ش هه‌مان کاره به‌ڵام به‌ڕێژه‌یه‌کی که‌متر کارده‌کاته سه‌ری بۆنمونه نه‌بوونی ئامراز‌و وشه‌گه‌لێک که‌له فه‌رهه‌نگی سه‌رچاوه‌که‌دا نی یه له‌وکاته‌دا نوسه‌ر یان فه‌یله‌سوف ناچار په‌نا بۆ ڕێگه‌یتر ده‌به‌ن و زمانه‌که ئه‌وکات تێکه‌ڵ ده‌که‌ن و ده‌سته‌واژه‌ی نامۆ به‌کاردێنن بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی که‌زمانه‌که نیه‌تی بۆنمونه ئێمه که‌ده‌نووسین وشه‌ی عاره‌بی و ئینگلیزی زۆر به‌کارده‌هێنین ئه‌وه یه‌کێکه له‌نمونه‌کان به‌ڵام ئه‌گه‌ر فه‌یله‌سوفێک خۆی داهێنه‌ربێت زمان ناکاته کێشه .
پێم وانی یه وه‌کو ده‌ڵێن زمان ڕێگری ده‌کات بۆ له‌دایکبوونی فه‌یله‌سوف ئه‌گه‌ریش بیکات به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌مه ئه‌وه‌تا ( مه‌حوی و نالی و سالم و کوردی ) سه‌ده‌یه‌ک له‌مه‌وپێش و به‌زمانێکی کوردی ساده‌و هه‌ژاره‌وه ده‌توانم بڵێم زمانێکی نیمچه سه‌قه‌تیشه‌وه که‌پڕه له‌وشه‌و ئامراز‌و ده‌سته‌واژه‌ی فارسی و عه‌ره‌بی و تورکی که‌چی توانیویانه فه‌لسه‌فه به‌ڕێگای شیعر بگه‌یه‌ننه خه‌ڵکیی خۆیان و به‌تایبه‌ت فه‌لسه‌فه‌ی ئاین و سۆفی گه‌رێتی و پیرۆزیی و ڕه‌ووشت و بیر‌و ڕه‌فتار .
پرسیار / ئایا فه‌لسه‌فه چه‌ند ترس دروست که‌ره یان به‌و مانایه‌ی فه‌لسه‌فه هی نوخبه‌یه ( قۆرخ کردنی فه‌لسه‌فه بۆ نوخبه ) ترس له‌وه‌رگرتنی فه‌لسه‌فه له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه که‌گوایه فه‌لسه‌فه قورسه‌و هه‌موو که‌س لێی تێناگات ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه زۆرجار له‌کاتی گفتووگۆدا گوێمان لێ بووه . ئایا ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که‌ئیمه میلله‌تێکین نامانه‌وێت له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌دا بژین و مامه‌ڵه بکه‌ین یان حه‌زمان پێی نی یه .؟.
وه‌ڵام / نه‌له‌ڕابردووداو نه‌له‌ئێستادا یان ده‌توانین بڵێین له‌هیچ کاتێکدا فه‌لسه‌فه ترسی دروست نه‌کردووه بۆسه‌رکه‌س به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه بوونی فه‌لسه‌فه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارگه‌لێکه که‌خودی پرسیاره‌کان له‌بنه‌ڕه‌تدا ترسیان دروست کردووه له‌سه‌ر خه‌ڵکیی به‌تایبه‌ت ڕۆشنبیران به‌ڵام فه‌لسه‌فه به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی زانستیانه‌ی خۆی ئه‌و ترسه ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌و نایهێڵێت به‌ڵام ده‌که‌وێته سه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی که‌ده‌ستی بۆ ده‌بات به‌واتایه‌کی تر‌و به‌سانایی ده‌توانین بڵێین کار‌و ئیش‌کردن له‌ناوماڵی فه‌لسه‌فه‌دا خاوه‌ن ماڵێک و یه‌کێکی ده‌وێت که‌تێبگات و بزانێت ئه‌و ماڵه چی تێدایه .؟.
فه‌لسه‌فه ماڵی مرۆڤی ژیر‌و ده‌گمه‌نه که‌چی هه‌مووکه‌سیش ده‌توانێت لاپه‌ڕه‌کانی هه‌ڵداته‌وه به‌ڵام گرنگ سه‌یرکردن و خوێندنه‌وه‌ی نی یه به‌ڵکو تێگه‌یشتن وهه‌زمکردنێتی و دوواجار ڕه‌فتاره . له‌ڕاستیدا فه‌لسه‌فه بۆهه‌موومانه چونکه فه‌یله‌سوف نایه‌ت ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه بنووسێته‌وه بۆ چه‌ند که‌سێک . بۆیه تۆ‌و زۆربه‌ی خه‌ڵکانی تریش وه‌ها تێده‌گه‌ن که‌ئه‌مه هی چه‌ند که‌سێکه له‌ڕاستیدا فه‌لسه‌فه چونکه مرۆڤی هۆشمه‌ندو وریای ده‌وێت له‌هه‌موو ووڵاتێکدا به‌م شێوه‌یه‌یه چونکه فه‌لسه‌فه چه‌ند که‌سێک له‌ده‌وری کۆده‌بێته‌وه بۆنمونه من 14 ساڵه له‌ووڵاتی سوید ده‌ژیم به‌هه‌مان شێوه‌ی کوردستان هه‌ر کۆمه‌ڵێکی که‌م له‌ده‌وری فه‌لسه‌فه کۆبونه‌ته‌وه له‌وێش ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه نی یه که‌ئه‌وه موڵکی ئه‌و چه‌ند که‌سه‌یه به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌موو که‌سێک به‌توانای خۆی ده‌توانێت بچێته ناو ئه‌و ماڵه‌وه . له‌ڕاستیشدا ئه‌م کاره که‌سێکی ده‌وێت سه‌رچاوه‌ی ئه‌و مرۆڤه عه‌قڵانیه بێت که‌گه‌شبین به‌مرۆڤ و ده‌وروبه‌ری کاری بۆبکات یان بۆخۆی ژیرانه‌و په‌روه‌رده‌ییانه بۆخشته‌ی ژیانی خۆی یان که‌سانیتر پێویستی به‌فه‌لسه‌فه‌یه که‌واته به‌م واتا ساده‌یه فه‌لسه‌فه موڵکی که‌سی دیاریکراو نی یه به‌ڵام ماڵی هه‌موو که‌سێکیش نی یه . هه‌موو که‌سێک و له‌هه‌موو ووڵاتێکدا ده‌توانن هه‌موو شتێک به‌رن بۆخۆیان و داگیری بکه‌ن به‌ڵام که‌س ناتوانێت به‌زۆره‌ملێ و به‌پاره‌و به‌هێزو به‌شتیتر فه‌لسه‌فه بۆخۆی قۆرخ بکات و خۆی بکاته فه‌یله‌سوف چونکه کارکردن له‌بواری فه‌لسه‌فه‌دا فراوان و هه‌تا بڵێی بابه‌تێکی ئه‌کادیمیانه‌ی هه‌ستیاریی و عه‌قڵانی یه له‌ڕووی بیره‌وه به‌کورتی فه‌لسه‌فه کاری ڕۆشنفیکرانه .
پرسیار / نه‌بوونی ده‌ووڵه‌تی کوردی هه‌تاچه‌ند هۆکار بووه بۆ له‌دایک نه‌بوونی فه‌یله‌سوف . ئایا ده‌توانین بڵێین بوونی فه‌یله‌سوف به‌بوونی ده‌ووڵه‌ته‌وه گرێدراووه .؟.
وه‌ڵام / ئه‌م پرسیاره‌ش وه‌ڵامه‌که‌ی وه‌کو ئه‌وانی تر ڕێژه‌یی یه چونکه فه‌یله‌سوف و فه‌لسه‌فه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌ده‌ووڵه‌ته‌وه نی یه بۆنمونه سه‌ده‌یه‌ک پێش ئێستا کوردستانی باشوور به‌شێکی به‌م شێوه‌یه‌ش ئازاد نه‌بوو به‌ڵام فه‌یله‌سوفه ناودارو گه‌وره‌کانی کورد وه‌کو خانای قوبادی و پیره‌مێردو مه‌حوی و نالی و ئه‌وانیتر فه‌لسه‌فه‌یان به‌ڕێگای شیعره‌وه گه‌یاندووه به‌خه‌ڵکیی کورد‌و ناوچه‌که زۆر له‌ئێستا باشتربوون ته‌نانه‌ت هۆنراوه‌ی فه‌لسه‌فیانه‌ی تورکی و عاره‌بی و فارسیشیان هه‌بووه . بوونی فه‌یله‌سوف به‌بوونی ده‌ووڵه‌ته‌وه گرێ نه‌دراوه به‌ڵام له‌هه‌مووکاتێکدا بوونی ده‌ووڵه‌ت باشتره بۆ ئامراز‌و که‌ره‌سته‌کانی گه‌یاندن و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیشی فه‌لسه‌فه‌و فه‌یله‌سوف . به‌هه‌مان شێوه زمانی ساده نابێته ڕێگر له‌به‌رده‌م فه‌لسه‌فه‌دا به‌ڵام زمانێکی ده‌ووڵه‌مه‌ند باشتره بۆ گه‌یاندن و ڕووی جوانتری فه‌لسه‌فه به‌تایبه‌ت بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایی و وشه‌و ئامڕازه بێگانانه‌ی که‌به‌کاری ده‌هێنین له‌ناچاری و نه‌بوونیماندا . کارێک که‌زۆر گرنگه‌و سنور بڕو به‌جیهانی بوونی فه‌لسه‌فه‌و فه‌یله‌سوفه وه‌رگێڕانه وه‌ڕگێڕانی بابه‌تی فه‌لسه‌فی ڕۆڵی سه‌ره‌کی ده‌بینێت و به‌دڵنییایی یه‌وه به‌جیهانیبوونی فه‌لسه‌فه زیاتر ده‌کات .
22 ووڵاتی عاره‌بی هه‌یه له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینداو 330 ملیۆن مرۆڤی عه‌ره‌ب هه‌یه که‌چی فه‌یله‌سوف و فه‌لسه‌فه بوونی نی یه له‌لایان ته‌نها فه‌لسه‌فه‌ی ئاینیان هه‌یه ئه‌ویش به‌لاوازی و که‌م ئه‌زموونی و هه‌ژاری نووسینی پێوه دیاره‌و هێشتا له‌سه‌رده‌می کۆندا ئاستی فه‌لسه‌فه‌یان باشتربوون .
پرسیار / ئایا فه‌لسه‌فه چه‌ند ده‌توانێت له‌خه‌م گرفته گه‌وره‌کاندا چاره‌سه‌ر ببینێته‌وه .؟. ئایا نه‌بوونی فه‌یله‌سوف له‌ناو کورددا هۆکار نه‌بووه بۆ ئه‌م هه‌موو ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی یه .؟. ئایا هه‌بوونی فه‌لسه‌فه چه‌ند ده‌توانێت عه‌قڵه نه‌خۆشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات ئه‌و عه‌قڵانه‌ی له‌ئازادی مرۆڤ ده‌ده‌ن .؟.
وه‌ڵام / له‌بنه‌ڕه‌تدا فه‌لسه‌فه چاره‌سه‌ره ئه‌گه‌ر وانه‌بێت بوونیشی بێ واتایه‌و هه‌تا ئیستاش ئه‌م ڕه‌وته ته‌مه‌ن کوورت و له‌کاری نووسین و وێژه‌دا نه‌ده‌ما چونکه زۆر بواری ژیانییتر سه‌ری هه‌ڵدا له‌گه‌ڵ دروست بوونی مرۆڤایه‌تیدا به‌ڵام هه‌مووی پوکایه‌وه‌و نه‌ما که‌چی ئیش‌کردن له‌فه‌لسه‌فه‌دا ڕۆژبه‌ڕۆژ له‌بره‌ودایه . که‌ده‌ڵێین چاره‌سه‌ره بێ دوودڵی و ڕاڕایی ئه‌م فۆرمی خزمه‌تکردنه به‌ئاده‌میزاد چاره‌سه‌ره به‌ڵام چاره‌سه‌ره بۆ که‌سی خۆی که‌تینوی گه‌ڕان بێت به‌دووای ڕاستیی و دروستی سه‌ره‌تاو کۆتایی بوون چونکه ئه‌گه‌ر له‌م که‌ون و زه‌مینه‌دا که‌بوونه نه‌خۆش و نه‌خۆشیی بوونی نه‌بێت ده‌رمان بۆچی باشه .؟. که‌واته فه‌لسه‌فه چاره‌سه‌ری گرفته گه‌وره‌کانی ژیانه نه‌ک بۆ مرۆڤی کورد به‌ته‌نها به‌ڵکو بۆ هه‌موو ئاده‌میزاده . له‌ڕاستیدا دروست بوونی مرۆڤی تاکڕه‌وو دنیای تۆتالیتاریا په‌یوه‌ندی به‌فه‌یله‌سوفه‌وه نی یه چونکه هه‌موو ووڵاتێک به‌کوردستانیشه‌وه جه‌نگ وێرانی ده‌کات و سیستمی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاری وێران ده‌کات چونکه جه‌نگ ماڵویرانکه‌ره‌و گه‌نده‌ڵی و مۆڕاڵی ناشرین دروست ده‌کات . بۆنمونه ووڵاتی ئه‌ڵمانیا خۆی خاوه‌نی ئه‌م فه‌یله‌سوفانه بوو : ( فردریک نیتشه 1844 / 1900 )( ڕودلف ئۆكن 1846 / 1926 ) ( مارتن هايدیگه‌ر26 / 9 / 1889 - 26 / 6 / 1976 ) ( ئیريك فايل 1904 / 1972 ) و چه‌ندین فه‌یله‌سوفی تریش که‌چی له‌هه‌مان کاتدا ( هیتله‌ر) یشی هه‌بوو ( 1889 / 1945 ) که‌ته‌ڕو ووشکی به‌یه‌که‌وه ده‌سووتاند له‌کاتی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا ( 1937 / 1945 ) .
له‌باره‌ی مرۆڤی ده‌روون نه‌خۆشیشه‌وه یان عه‌قڵ ته‌سکه‌کان به‌رامبه‌ر کووشتنی ئازادی مرۆڤ زۆرمان هه‌یه‌و له‌سه‌روی کۆمه‌ڵگای کوردییه‌وه‌ن و سه‌رکرده‌شن و شه‌ڕی ناوخۆیان کردووه‌و تاوانبار‌و فایلدارو .. هتد . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا میلله‌تی کورد ده‌ووڵه‌مه‌ندترین خه‌ڵکن له‌ژماره‌ی هه‌بوونی فه‌یله‌سوف و نووسه‌رو شاعیر‌و به‌ڵام مخابن له‌دووای هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی جیهانه‌وه‌ین و تاکه میلله‌تین به‌و بارستایی یه گه‌وره‌یه‌وه که‌زیاترین له چل و پێنج ملیۆن مرۆڤ که‌چی پاشکه‌وتوو بنده‌ستوو بێ ده‌ووڵه‌تین به‌ڵام ئه‌وه په‌یوه‌ندی نی یه به‌وه‌ی که‌فه‌یله‌سوفمان هه‌بێت یان نه‌بێت .
پرسیار / پرسیاری دیکه زۆرن له‌سه‌ر بوون و نه‌بوونی فه‌یله‌سوف و فه‌لسه‌فه بکرێت به‌ڵام هه‌ست ده‌که‌م لێره‌دا نابێت له‌به‌رئه‌وه ده‌مه‌وێت پرسیاری کۆتا بکه‌م و بڵێم هه‌لومه‌رجی ئێستا چه‌ند له‌باره بۆ له‌دایکبوونی فه‌یله‌سوفی کورد .؟. ئایا چه‌ند له‌وانه که‌په‌رتوکی فه‌لسه‌فیان هه‌یه ده‌توانین به‌فه‌یله‌سوف بانگیان بکه‌ین .؟.
وه‌ڵام / هه‌لومه‌رجی ئێستا زۆر له‌باره بۆ له‌دایک بوونی فه‌یله‌سوفی دیکه‌ی کوردی چونکه ته‌کنه‌لۆجیا زۆر له‌پێشه‌و زووڵمیش به‌رده‌وام بوونی هه‌یه‌و مرۆڤیش ده‌بێت گه‌شه‌بکات له‌سیستمی کاری ئه‌مڕۆیداو هیچێک نه‌مێنێت نه‌یکردبێت له‌باره‌ی هه‌موو که‌ره‌سته‌کانی بینای بوونه‌وه به‌ڵام مخابن تازه به‌تازه مرۆڤی کورد کۆیله‌ی حیزب و ده‌سه‌ڵات و پاره‌یه بۆیه پێویستمان به‌فه‌لسه‌فه هه‌یه بۆ گه‌شه‌پێدانی هزریی و ده‌روونیی مرۆڤی کورد . به‌داخه‌وه ئاده‌میزادی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌تایبه‌ت مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بێجگه له‌وه‌ی هه‌موو شتێکی هه‌یه نازانێت چۆن بژی و به‌سه‌قه‌تی کاته‌کانی ده‌باته سه‌رو خه‌وو نان خواردن و ڕۆیشتن و قفتووگۆو بیرکردنه‌وه‌و .. هتد هه‌مووی سه‌قه‌تکراوه‌و که‌سه‌یری ده‌مووچاوی مرۆڤی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی کوردستانیش ده‌که‌یت هیچ عه‌قڵێکی تێدا ناخوێندرێته‌وه ته‌نها شکاندنی مرۆڤی کورد‌و سه‌رکووتکردنی ده‌بینیت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری کوردیه‌وه . له‌ڕاستیدا ئه‌وه هاوکێشه‌یه‌کی زۆر سه‌قه‌ته که‌باوه‌ڕمان به‌و شێوه‌یه ساده‌و ساکاربێت که‌مرۆڤ شیعرێکی دڵداری نووسی ئیتر ئه‌و که‌سه شاعیره‌و خه‌ریکی شیعر‌و دڵداری یه‌و خه‌وو خۆراکی بۆته دڵداری . بوونی فه‌یله‌سوف شه‌ته‌ک نه‌دراوه به‌بوونی کتێبی زۆر‌و زه‌وه‌ندو کتێبخانه‌ی قه‌ره‌باڵغه‌وه به‌پێچه‌وانه‌وه کاری فه‌لسه‌فه له‌چه‌ند دێڕێک‌دا مه‌به‌ست ده‌پێکێت نه‌ک له‌چه‌ند کتێبێک‌دا چونکه نووسینی فه‌لسه‌فه کاری ده‌سته‌واژه‌و چڕیی و پڕیی ده‌کات بۆنمونه نووسینی ڕسته‌یه‌ک له‌فه‌لسه‌فه ده‌توانرێت کتێبێک باس و شیکاری له‌سه‌ربکرێت بۆنمونه ( خه‌یام ) ی مه‌زن له‌هۆنراوه‌یه‌کیدا ده‌ڵێت : قوڕشێلێکم بینی زۆر به‌هێزوبازو بوو پێم ووت ( به‌هێواشی پێی لێنێ ئه‌وه باوکی خۆته له‌ژێر پێتدا ) .
