ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێننه‌وه له لایه‌ن (سیمۆن گرۆسریده‌ر)ه‌وه، که خوێندکاری دواقۆناغی ئاماده‌ییه له وڵاتی سویسرا له مانگی ئایاری 2009 دا ئه‌نجامدراوه، به‌رێزی ئه‌م کاره‌ی له میانه‌ی ئاماده‌کردنی توێژینه‌وه‌یه‌کی زانستی و ئه‌کادیمی له‌سه‌ر کورد به ناوی (کورده‌کان: ئایا تیرۆریستن یان چه‌وساوه‌یه‌کی هه‌میشه‌یی؟)
Die kruden: Ewige Unterdrückte oder Terroristen?
، تا وه‌ک به‌شێک له پێداوستییه‌کانی کۆرسی خوێندنه‌که‌ی پێشکه‌شی خوێندنگاکه‌ی و دواتر ئه‌و به‌شه‌ی زانکۆ که لێی ده‌خوێنێت بکات. خوێندکاری ناوبراو سه‌رجه‌م به‌شی پێنجه‌می تویژینه‌وه‌که‌ی، که له هه‌شت به‌ش پێکهاتوه ته‌رخانکردوه بۆ باس له ڕێکخراوی چاک و ئامانج و چالاکی و کاره‌کانی، که زانیارییه‌کانی له وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی گفتوگۆکه‌ی له‌گه‌ڵ (هیوا ناسیح)دا هه‌ڵیهێنجاون و دواتریش ته‌واوی ده‌قی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی له پاشکۆی لێکۆڵینه‌وه‌که‌یدا بڵاوکردۆته‌وه. شایه‌نی باسه له مانگی ته‌موزی ساڵی رابردوو گفتوگۆی توێژینه‌وه‌که کرا و به پله‌ی (زۆرباشه) په‌سه‌ند کرا. من لێره‌دا به پێویستم زانیت، که چاوپێکه‌وتنی ناوبراو له‌گه‌ڵ ئه‌ندامی چاک (هیوا ناسیح) وه‌رگێڕمه سه‌ر کوردی... ( وه‌رگێڕ)
سیمۆن: ڕێکخراوی چاک ده‌یه‌وێت کورد چی ده‌ستبکه‌وێت؟ (چاک) چی ده‌کات بۆ کورد؟
هیوا ناسیح: چاک ڕێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نه، که له ساڵی 2002 له لایه‌ن کورده‌کانی تاراوگه‌وه دروستکرا، له ئێستادا کۆمیته‌ی له کوردستانی عێراق (کوردستانی باشور) و نزیکه‌ی هه‌موو وڵاته‌کانی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا، له نێویاندا سویسرا و هه‌روه‌ها نوێنه‌رایه‌تیشی له ئه‌مریکاش هه‌یه. خۆی بۆ چه‌ند ئامانجێک ته‌رخانکردوه، سه‌ره‌کیترینیان ناساندنی ئه‌و جینۆسایده‌ی به‌سه‌ر گه‌لی کورددا هاتوه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، هه‌روه‌ها راکێشانی سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌ستیان له کۆمه‌ڵکوژییه‌کاندا هه‌بووه (وه‌ک هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال) بۆ به‌رده‌م دادگا، کۆمه‌ک و یارمه‌تیدانی ئه‌و قوربانییانه‌ی، که له ئه‌نجامی ئه‌و کاره‌ساتانه‌وه نه‌خۆش که‌وتون یان که‌مئه‌ندام بوونه, یارمه‌تی که‌سوکار و پاشماوه‌ی قوربنییان وه‌ک مناڵ و بێوه‌ژنه‌کانیان، تێکۆشان دژ به پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له لایه‌ن ئه‌و حکومه‌تانه‌ی که به‌شه‌کانی کوردستانیان داگیرکردوه له تورکیا، ئێران، سوریا وه هه‌روه‌ها له ناوچه‌کانی تری جیهان. ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین، که هه‌موو ئه‌و حکومه‌ت و کۆمپانیایانه‌ی به شێوه‌یه‌ک له تاوانی کۆمه‌ڵکوژیدا به‌شدار بوونه، بۆ به‌رده‌م دادگای نیشتیمانی یان نێوده‌وڵه‌تی په‌لکێشیان بکه‌ین، چونکه ئه‌و کۆمپانیایانه مادده‌ی خاویان به سه‌ددام فرۆشتوه، که ده‌کرێت له بواری به‌رهه‌مهێنانی چه‌که کۆکوژه‌کانی (ئه‌ی، بی، سی) به‌کاربهێنرێن. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی خێزانه زیانلێکه‌وتوه‌کان و میلله‌ته‌که‌مان بکه‌نه‌وه و هه‌روه‌ها به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌وڵه‌تی سزای ره‌وای خۆیان وه‌ربگرن.
یه‌ک له ئامانجه‌کانی تری ئێمه به‌دۆکیۆمێنتکردنی کۆمه‌ڵکوژییه‌کان و ناردنی به‌رکه‌وتوانی چه‌کی کیمیایی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنیانه.
هه‌روه‌ها (چاک) زۆر که‌مپینی به‌رێخستوه، وه‌ک کۆکردنه‌وه‌ی ئیمزای پشتگیری ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان له هه‌ندێک وڵاتانی ئه‌وروپی، بۆ دانپیانانی کۆمه‌ڵکوژییه‌کان به ژینۆساید، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دانپیانانی کۆمه‌ڵکوژی ئه‌رمه‌نییه‌کان و هۆلۆکۆست وه‌ک نمونه وه‌رده‌گرین و چاولێده‌که‌ین. ئێمه به‌یاننامه‌ی ناره‌ره‌زایه‌تی بۆ پێشێلکارییه‌کانی دژ به گه‌لی کوردستان ده‌رده‌که‌ین (گه‌لی کوردستان واته، گه‌لی کورد و هه‌موو ئه‌و که‌مایه‌تییانه‌ی که له کوردستاندا ده‌ژین)، سیمینار و کۆبوونه‌وه رێکده‌خه‌ین، خۆپیشاندانی ئاشتییانه له وڵاتانی ده‌ره‌وه و له کوردستانی عێراق ساز ده‌که‌ین، بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانمان.
سیمۆن: له کاتی جینۆسایده‌وه له عێراقدا چی له وه‌زعییه‌تی کورده‌کان گۆڕاوه؟
هیوا ناسیح: کاتێک من له‌م وه‌ڵامه‌دا باس له جینۆساید ده‌که‌م مانای: کۆمه‌ڵکوژی به‌رزانییه‌کان ساڵی 1983، که تیایدا 8000 که‌س له عه‌شیره‌تی بارزانی به‌بێ هۆ له‌ناوبران، بۆمبابارانکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه به چه‌کی کیمیایی له ساڵی 1988، که نزیکه‌ی 5000 که‌س تێداچوون، کرداره‌کانی ئه‌نفال ساڵی 1988، که 182 هه‌زار که‌سی تێداچوو. ئه‌و سێ تاوانه هه‌موویان له‌لایه‌ن رژێمی سه‌ددامه‌وه ئه‌نجامدران. له کاتی جینۆسایده‌وه له عێراقدا زۆر شت گۆراوه، بۆ نمونه بۆ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی روون بووه‌وه، که سه‌ددام ویستی کورده‌کان قه‌ڵاچۆ بکات، به شێوه‌یه‌کی دڕندانه‌ی وا که چه‌کی کیمیاویشی دژ گه‌له‌که‌ی خۆی به‌کاربرد. هه‌ڵه‌بجه بووه سیمبوڵێک بۆ کارکردن دژ به به‌کاربردنی چه‌کی کیمیایی. به‌داخه‌وه له‌وکاته‌وه حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کارێکی زۆری بۆ هه‌ڵه‌بجه وه‌ک شوێنی کاره‌ساته‌که نه‌کردوه، بۆ نمونه بۆ بنیادنانه‌وه و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی داموده‌زگا و خزمه‌تگوزارییه‌کان، له‌وێدا هێشتا هه‌ژاری و بێ‌کاری زۆره...هتد. ئێمه سه‌رنج ده‌ده‌ین، هه‌رچه‌نده له‌وکاته‌وه کۆمه‌لکوژی تر له به‌رامبه‌رمان ئه‌نجام نه‌دراوه، به‌ڵام پێویستمان به یارمه‌تی هه‌یه، به‌رکه‌وتوانی چه‌کی کیمیایی هێشتا به‌ده‌ست جۆره‌ها نه‌خۆشییه‌وه ده‌ناڵێنن. جار و بار گوێمان لێده‌بێت، یه‌كێک له‌وان به‌و نه‌خۆشیانه‌وه ده‌مرێت. کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به پێی پێویست یارمه‌تی کورده‌کانی عێراقی نه‌داوه. هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له لایه‌ن حکومه‌تی عێراق و په‌رله‌مانه‌که‌یه‌وه وه‌ک جینۆساید دانیپێدا نرا.
سیمۆن: چۆن کورده‌کان له‌گه‌ڵ جینۆسایددا ته‌عامولیان کرد، چۆن کاریان له‌سه‌ر یاده‌وه‌رییه‌کان کرد؟
هیوا ناسیح: کورده‌کان ره‌وشی تاڵیان چه‌شت، ئه‌و جینۆسایده زۆر شوێنه‌واری له‌سه‌ر کورده‌کان به‌جێهێشت. تا ئێستا به‌داخه‌وه هه‌موو گۆڕ‌ه به‌کۆمه‌ڵه‌کان نه‌دۆزراونه‌ته‌وه، له‌وانه‌ش که دۆزراونه‌ته‌وه ته‌نها نزیکه‌ی نیوه‌یان ئێسکوپروسکیان له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه بۆ کوردستان. زۆر له قوربانییان تا ئه‌مڕۆش به‌ده‌ست نه‌خۆشی جۆراوجۆره‌وه ده‌ناڵێنن، وه‌ک نه‌خۆشییه‌کانی هه‌ناسه‌دان، چاو، نه‌زۆکی، له‌دایکبوونی مناڵی ناته‌واو، پێست و شێرپه‌نجه‌ی خوێن ... هتد. وه‌ک شوێنه‌واره‌کانی دواتری کۆمه‌ڵکوژییه‌کانیش زۆر گرفتی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونی بۆ که‌س و کاری له‌ناوچووان به‌جێهێشتوه. به‌داخه‌وه کورده‌کان نه‌یانتوانیوه یاده‌وه‌رییه‌کانیان بیربچێته‌وه، هه‌رچه‌نده وه‌زاره‌تێکیش له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به ناوی (وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان) هه‌یه، که‌چی به‌داخه‌وه زۆر ئه‌کتیڤ نییه.
سیمۆن: وای بۆ ده‌چیت که رۆژێک وڵاتێکی کوردیی هه‌بێت؟ چۆن ده‌کرێت ئه‌مه بێته دی؟؟
هیوا ناسیح: به‌ڵێ، بۆ نا، به‌پێی په‌یماننامه و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، هه‌ر گه‌لێک مافی دیاریکردنی چاره‌نوسی خۆی هه‌یه. کورده‌کان نایانه‌وێت وڵاتێکی تر داگیر بکه‌ن و له‌وێ حکومه‌تێک دابمه‌زرێنن، ئه‌وان ئه‌یانه‌وێت ته‌نها له‌سه‌ر خاکی نیشتمانی خۆیان، که وا له هه‌زاران ساڵه‌وه تێیدا نیشته‌جێن، وڵاتێک بنیاد بنێن. کورده‌کان زۆریان له عه‌ره‌ب، فارس و تورکه‌کانه‌وه چه‌شت، که به ناوی برای ئاینییه‌وه فێڵیان لێکراو چه‌وسانه‌وه. هه‌رچه‌نده سه‌رکرده کورده‌کانی عێراق له ئێستادا بریاریان له‌سه‌ر سیسته‌می فیدراڵی داوه، به‌ڵام من بڕوام وایه، که گه‌ر بارودۆخ گونجاو بێت، کورده‌کانیش ده‌توانن وڵاتێک بۆ خۆیان رابگه‌یه‌نن، ئه‌مه خه‌و و خۆزگه‌ی هه‌ر کوردێکه، له هه‌موو پارچه‌یه‌کی کوردستاندا.
من خۆم وای بۆ ده‌چم، له ئێستادا ئه‌سته‌م بێت، وڵاتێکی وا بۆ کورده‌کان بنیاد بنرێت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر زۆر هۆ، له پێش هه‌موویانه‌وه جیۆپۆله‌تیکی خراپی کوردستان، به‌ڵام نزیکه‌ی هه‌موو گروپ و پارته کوردییه‌کان ده‌یانه‌وێت به رێگه‌ی ئاشتیانه و سیاسی به‌و ئامانجه بگه‌ن، ده‌کرێت له ئێستا سیسته‌می فیدراڵییه‌ت ئامانجێکی واقیعبینانه بێت. به‌ڵام بۆ داهاتو وای ده‌بینم، که ده‌توانن له راپرسییه‌کی ئازاد و دیموکراتییدا بڕیار بده‌ن، که ئایا له‌گه‌ل حکومه‌تی مه‌رکه‌زیدا بمێننه‌وه یان سه‌ربه‌خۆ ببن.
سیمۆن: هه‌ندێک رێکخراوی کوردی هه‌ن، که ده‌یانه‌وێت به چه‌ک و توندوتیژی بگه‌ن به سه‌ربه‌خۆیی، تۆ ده‌رباره‌ی ئه‌مه‌یان چی ده‌ڵێیت؟
هیوا ناسیح: وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێ کرد، که چه‌ند حزب و گروپێکی که‌م هه‌ن، که بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی کورد بروایان به چه‌ک هه‌بێت، به‌ڵام ئێمه ده‌بێت له بارودۆخ و هه‌لومه‌رجه‌کانی ئه‌و پارتانه‌ش تێبگه‌ین، ئاخر کاتێک پارتێک هیج هه‌لێکی له‌به‌رده‌مدا نابێت بۆ تێکۆشانێکی دیموکراتییانه و ئاشتییانه، ئینجا بیر له رێگه‌یه‌کی تر ده‌کاته‌وه. کاتێک حکومه‌تی ناوه‌ندی وڵاتێک، که ئه‌و جۆره رێکخراوانه‌ی هه‌یه، رێگه‌ی تێکۆشانێکی ئاشتیانه و سیاسییانه به‌و پارتانه بدات و سه‌ره‌ڕای ئه‌و مۆڵه‌ته‌ش ڕێکخراوێک هه‌ر له‌شاخه‌کان بمێنێته‌وه، ده‌کرێت بڵێین تیرۆریسته، واته کاتێک پارته‌که بروای به خه‌باتی دیموکراتییانه و ناتوندوتیژییانه نه‌بێت.
گه‌ر به‌رێزتان باش مێژووی شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی کورد بخوێننه‌وه، له نێویاندا کوردێک نابینیته‌وه، فرۆکه‌یه‌كی ڕفاندبێت یان له نێو کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی سیڤیلدا کرده‌وه‌یه‌کی خۆکوژی ئه‌نجام دابێت.
سیمۆن: بۆچی له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا کورده‌کان نه‌ک وه‌ک قوربانی، به‌ڵکو وه‌ک تیرۆریستی بێده‌ربه‌ست ده‌بینرێن، چی له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌ڵێن؟
هیوا ناسیح: به داوای لێبوردنه‌وه، من رام وه‌ک ئێوه نییه، چونکه وای نابینم، که هه‌موو کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی کورده‌کان وه‌ک تیرۆریست چاولێبکه‌ن، ته‌نها چه‌ند وڵاتێکی که‌من، ئه‌وانه‌ش ته‌نها یه‌ک دوو پارتی کورده‌کان وا ناوده‌نێن، که ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوری و سیاسییه‌کانیانه‌وه هه‌یه، نه‌ک به حه‌قیقه‌ت و دادوه‌ریی.
جگه له‌مه بۆ نمونه پێ‌کاکا هیچ رێگه‌یه‌کیان نادرێت، که له ناو شاره‌کان تێکۆشانی خۆیان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وان په‌نا نابه‌نه به‌ر شاخه‌کان. واته ئه‌وان ناچارکراون، که بڕۆن به‌ره‌و شاخه‌کان وه به چه‌ک تێکۆشانی خۆیان بکه‌ن. له ساڵانی رابردوودا زۆر جار ئه‌م پارته ئاگربه‌ستی تاکلایه‌نه‌ی راگه‌یاندوه و جێبه‌جێ کردوه، بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد له تورکیادا به ئاشتی چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام حکومه‌تی تورکیا ئه‌مه‌ی به جددی وه‌رنه‌گرتوه و ئه‌م هه‌له‌ی نه‌قۆستۆته‌وه. به پێچه‌وانه‌وه، ئۆپه‌راسیۆنه‌کانیان دژ به گه‌ریللاکان له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی سنور زیاتر کردوه. له‌م ره‌وشه‌دا ئاشتی سه‌رناکه‌وێت، چونکه وه‌ک په‌نده کوردییه‌که ده‌ڵێت: مرۆڤ ناتوانێت به ده‌ستێک چه‌پڵه لێبدات. نه پێ‌کاکا و نه حزبه‌کانی تری کوردی تیرۆریستن. ئه‌وان تێکۆشه‌رانی ڕێگای ئازادین. تێده‌کۆشن بۆ مافه که‌لتوری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کورد. ره‌نگه ئه‌م پارت یان ئه‌و گروپ هه‌ڵه‌یه‌ک بکات، به‌ڵام ئه‌مه واتای ئه‌وه نییه، که ئه‌م پارت و گروپانه تیرۆریستن.
سیمۆن: بۆچی جینۆساید له عێراقدا هێشتا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی دانیپێدا نه‌نراوه؟
هیوا ناسیح: وه‌ک پێشتریش وتم، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ئه‌نفال و کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه وه‌ک جینۆساید له لایه‌ن په‌رله‌مان و دادگای باڵای تایبه‌تیی عێراقه‌وه دانیان پێدانرا، به‌ڵام ره‌نگه ئێمه‌ی کورد کۆششی باشمان نه‌کردبێت، یان سه‌رکه‌وتوو نه‌بووبێتین، که ئه‌م کۆمه‌ڵکوژی و قه‌ڵاچۆکردنه وه‌ک جینۆساید بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رونبکه‌ینه‌وه. یان به‌دۆکیۆمێنتمان نه‌کردبێتن، تا ئه‌وان قه‌ناعه‌ت پێ بکه‌ین. من له دانیشتنێک له 2 ی ته‌موزی ساڵی رابردوودا له ساختمانی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ (کارلۆ سوماروگا) ی سکرتێری گروپی په‌رله‌مانتارانی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ کورد دا و جارێکی تریش له 1 ی تشرینی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵدا له میانه‌ی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه په‌رله‌مانتارانه و نوێنه‌رانی حزب و رێکخراوه کوردییه‌کان، داوام لێکردن، که په‌رله‌مانی سویسرا ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییانه به جینۆساید بناسێت.
من بروام وایه، که ده‌بێت ئێمه کۆششی زیاتر بکه‌ین و کاری بۆ بکه‌ین، تا په‌رله‌مانی سویسری و په‌رله‌مانتارانی وڵاتانی دیکه‌ش قه‌ناعه‌ت به‌وه بهێنن. چونکه به‌داخه‌وه هێشتا خه‌ڵکانێکی زۆر له وڵاتانی ده‌ره‌وه هه‌ن، که سه‌ددام به راستی ناناسن، یان لای که‌می نازانن ئه‌م دیکتاتۆره چی به‌سه‌ر کورد هێناوه.
سیمۆن: داهاتوی کورده‌کان چۆن ده‌بینرێت؟ ئایا ره‌وشی کورده‌کان باشتر ده‌بێت؟ چاک ده‌یه‌وێت چی هاوکارییه‌ک بۆ ئه‌مه بکات؟
هیوا ناسیح: من گه‌شبینم به داهاتوی کورده‌کان، چونکه من وای ده‌بینم، ئه‌وه یاسایه‌کی نه‌نوسراوی سروشته، که داد و راستی هه‌ر سه‌رده‌که‌ون. جگه له‌مه کورده‌کان بێپسانه‌وه خه‌باتی خۆیان بۆ ئازادی و ئاشتی به‌رده‌وامه، ئه‌وان ده‌ست هه‌ڵناگرن، تا نه‌گه‌نه ئامانجه‌کانیان. له لایه‌کی تره‌وه، سیسته‌می نوێی جیهان به‌ره‌و دیموکراتییه‌ت و ئاشتی ملده‌نێت. رژێمه تۆتالیتاری، دیکتاتۆر و فاشیسته‌کان له سه‌رکار لاده‌درێن.
له ئێستادا سه‌ره‌ڕای هه‌ندێک گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌کارهێنانی به‌رێوه‌بردن، له باکوری عێراقدا حکومه‌تێکی هه‌رێمی کوردیی و په‌رله‌مانێکی کوردیی هه‌یه. وه له تورکیادا هه‌ناسه‌یه‌کی باشتربوون هه‌ستی پێده‌کرێت، به داخه‌وه به‌ڵام له ئێران و سوریادا له ئێستادا هیچ به‌ره‌و پێشچوونێک نییه.
ئێمه بۆداهاتویه‌کی ئاشتی بۆ کوردستان و ته‌واوی جیهان تێده‌کۆشین، بڕوامان به چه‌ک و توندوتیژی نییه. ئێمه ده‌توانین وه‌ک چاوه‌دێرێک به‌سه‌ر حکومه‌تانی داگیرکه‌رانی به‌شه‌کانی کوردستان و حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌کانه‌وه بین، له کوێ هه‌ر لایه‌کیان پێشێلکارییه‌کی مافی مرۆڤ ئه‌نجام بدات، له قاوی ده‌ده‌ین. ئێمه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌توانین باشتر کێشه‌ی کورد بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی شیبکه‌ینه‌وه، که‌وا کورده‌کان تیرۆریست نین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش پالپشتی له کێشه‌که‌مان بکه‌ن.
سیمۆن: حکومه‌تی تورکیا و عێراق هه‌وڵیاندا، که ته‌واوی ناسنامه و که‌لتوری کورده‌کان له‌ناوبه‌رن. ئایا ناسنامه چه‌ند گرنگه بۆ خودی کورده‌کان؟ ئایا بۆ کوردێک کوردبوون چ مانایه‌کی هه‌یه؟
هیوا ناسیح: وه‌ک د. ئیسماعیل بێشکچی پڕۆفیسۆری تورک ده‌ڵێت: کوردستان کۆڵۆنییه‌کی نێوده‌وڵه‌تییه. زمان و که‌لتور بۆ کورده‌کان زۆر گرنگه، چونکه ئه‌مانه وه‌ک ناسنامه‌ی هه‌ر گه‌لێک وایه وه ئه‌م ناسنامه‌یه ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له پاکسازی نه‌ژادی ده‌پارێزێت، بۆ نمونه، گه‌ر زمانی کوردیی نه‌بووایه، زۆر ده‌مێک بوو کورده‌کان له تورکیا له لایه‌ن که‌مالییه‌کانه‌وه ئه‌سیمیلیزه کرابوون. به‌لام ئه‌وان سه‌ره‌ڕای قه‌ده‌غه بوونی زمان و که‌لتوره‌که‌یان، توانیتیان به‌تایبه‌تی له لادێکاندا له‌و پارچه‌یه‌ی ژێرده‌سته‌ڵاتی تورکیادا، له باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌نه‌دۆڵیا زمانه‌که‌یان بپارێزن و بهێڵنه‌وه.
گه‌ر ناسنامه بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی، که ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆشیان هه‌یه، گرنگ بێت، ئه‌وا بۆ گه‌لێکی فێڵلێکراوی دابه‌شکراوی وه‌ک کورده‌کان، چه‌ندان جار گرنگتره. بۆیه ده‌بینین رژێمه کۆلۆنیالیست و داگیرکه‌ره‌کان هه‌وڵده‌ده‌ن، که ناسنامه‌ی گه‌له چه‌وساوه‌کان له‌نێوبه‌رن.
کوردبوون واتا، مرۆڤبوونێک، نیشتیمانێکی داگیر و دابه‌شکراوی هه‌بێت، وه سه‌ر به گه‌لێک بێت، که له سه‌دده‌ی بیستویه‌کیشدا هیچ وڵاتێکی نه‌بێت و له هه‌ر پارچه‌یه‌کی نیشتمانه‌که‌یدا وه‌ک مرۆڤی نمره دوو سه‌یر بکرێت.
سیمۆن: ئه‌و وێنه‌یه‌ی که کورده‌کان هه‌یانه، ئایا له لایه‌ن پێ‌کاکا و گروپه‌کانی هاوشێوه‌یه‌وه شه‌قڵی گرتووه؟ کورده‌کان خۆیان به شانازییه‌وه وه‌ک جه‌نگاوه‌ری سه‌ربه‌خۆییخواز ده‌بینن؟
هیوا ناسیح: من وایده‌بینم به هۆی مێژووه‌که‌یانه‌وه‌یه، که کورده‌کان وه‌ک جه‌نگاوه‌ری سه‌ربه‌خۆییخواز خۆیان ده‌بینن، چونکه ئه‌وان نزیکه‌ی هه‌میشه له شه‌ڕ و ڕاپه‌ریندا دژی داگیرکردن و چه‌وساندنه‌وه دژ به حکومه‌ته نێوه‌ندییه‌کان بوون و ژیاون. گه‌ر به‌رێزتان مێژووی کورد بخوێننه‌وه، ده‌بینن زۆر له شۆرش و ڕاپه‌رینه‌کان، که‌وا کورده‌کان بۆ ئاشتی و ئازادی ئه‌نجامیان داوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆربه‌یان به زه‌بروزه‌نگ و خوێن وه‌ڵام دراونه‌ته‌وه و شکستیان پێخوراوه.
پێ‌کاکا پارتێکی کوردییه، که‌وا بۆ ئازادی ده‌جه‌نگێت، ئه‌وان کاریگه‌ریان له‌سه‌ر به‌شێکی کورد هه‌یه، به‌تایبه‌ت له تورکیا و هه‌نده‌ران، به‌ڵام من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم، که وا ته‌نها به‌هۆی ئه‌م پارته‌وه، ئه‌م وێنه‌یه‌ی کورد به‌رجه‌سته بووبێت، به‌ڵکو وه‌ک به‌رئه‌نجامێکی ئه‌و ره‌وشه، که‌وا کورده‌کان له سه‌دان ساڵه‌وه تێیدا ژیاون.
کورده‌کان خه‌ڵکێکی ئازادیخوازن، گه‌ر دوژمنه‌کانیان لێیان بگه‌رێن ئه‌وان له ئاشتی و ئازادی‌دا بژین، ئه‌وان نایانه‌وێت بڕۆن به‌ره‌و نێوشاخه‌کان وه چه‌ک هه‌ڵبگرن، به‌ڵام ئه‌مه دوا رێگه‌یه، که هه‌ڵیان بژاردوه. ئێمه ئه‌مانه‌وێت، ئه‌و مافانه‌مان هه‌بێت، که‌وا نه‌ته‌وه‌کانی تر له سه‌دان ساڵه‌وه به‌ده‌ستیان هێناوه.
پرۆفایل
هیوا ناسیح خه‌ڵکی کوردستانی به‌شی عێراقه. بایۆلۆژی خوێندوه و رۆژنامه‌نووسه. له ساڵی 1998 ه‌وه وه‌ک په‌نابه‌ر له وڵاتی سویسرا ده‌ژی. ئه‌و له هه‌نده‌ران که‌سێکی زۆر چالاکه له بواری سیاسی و مافی مرۆڤدا وه نوێنه‌ری رێکخراوی (چاودێری کوردۆساید – چاک)ه له سویسرا.
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته له رۆژنامه‌ی میدیا، ژماره (419)ی 12/1/2010 بڵاوکراوه‌ته‌وه.
