· ئێستا یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان مۆرکی گشتی (گه‌لی) لێسه‌ندراوه‌ته‌وه و بۆته موڵکی که‌سی یه‌که‌م و ته‌که‌تولاتی هه‌ندێک له مه‌کته‌ب سیاسیه‌کان.
· دایکم له‌من زیاتر پێشمه‌رگه‌بووه.
پرسیار: کاک به‌کر بۆ بوویته پێشمه‌رگه؟
به‌کر: زوڵم‌وزۆری به‌عسی داگیرکه‌ر له‌سه‌ر گه‌له‌که‌م منی کرده گه‌نجێک هه‌ستم کرد نه‌ته‌وه‌که‌م له‌و شه‌وه‌زه‌نگه‌دا پێویستی به منه به‌رگری لێبکه‌م، زۆر به‌ساده‌یی ده‌مه‌وێ ئه‌وه باس بکه‌م، پێش بوونم به پێشمه‌رگه‌ش هه‌ستم کرد به‌عس به‌سه‌رکردایه‌تی سه‌دامی گۆڕبه‌گۆڕ ده‌یه‌وێت گه‌له‌که‌م ڕه‌ش بکاته‌وه، هه‌ر بۆیه منیش به خۆڕسک دیوار به‌دیوار ده‌گه‌ڕام و وێنه‌کانی سه‌دامم ڕه‌ش ده‌کرده‌وه.
پرسیار: له‌و ده‌مانه‌دا سه‌ره‌ڕای بوونی چه‌ندین پارت و ڕێکخراوی تر له باشووری کوردستان تۆ بۆ ڕیزه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی (ی. ن. ک) هه‌ڵبژارد؟
به‌کر: به دڵنیایه‌وه پێت ده‌ڵێم له‌و ساتانه‌دا گۆڕه‌پانی خه‌بات بێجگه له (ی. ن. ک) هیچ پارت و ڕێکخراوێک به پراکتیک بوونیان نه‌بووه، وه ته‌نها یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بوو له (زێی بادینانه‌وه تا قه‌ره‌داخ و گه‌رمیان و خورماڵ و پشده‌رو ده‌شتی هه‌ولێر و شاره‌زوورو شارباژێڕ و دۆڵی جافایه‌تی و ناوچه‌کانی تریش) تاکه هێزی کاریگه‌ر بووه له هه‌ردوو بواری سیاسی و سه‌ربازیدا.
پرسیار: به‌ڵام پارت و حیزبه‌کانی تر واناڵێن؟
به‌کر: ئاخر ڕاست نیه با هه‌ر بۆ خۆیان بڵێن، بۆ نموونه تا ساڵی 1987 یاخوود ڕاستر تا دروست بوونی (به‌ره‌ی کوردستانی) ناوی حیزبێکم پێ بڵێ یه‌ک چالاکی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی هه‌بووبێت بێجگه له یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان دژ به هێزه‌کانی به‌عسی داگیرکه‌ر، هه‌ر له ده‌شتی هه‌ولێره‌وه بگره تا دووزخورماتوو.
پرسیار: کاک به‌کر با ڕاستر قسه بکه‌ین، ئایا پاڵنه‌ری بوونت به یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ناگه‌ڕێته‌وه بۆ هۆکاری ئه‌وه‌ی خۆت سه‌ر به چینێکی هه‌ژارو زه‌حمه‌تکێش بوویت؟
به‌کر: به‌ڵێ ئه‌وه حه‌قیقه‌ته، چونکه به‌رنامه‌و ستراتیژی ئه‌و ده‌مه‌ی (ی. ن. ک) له چینه هه‌ژارو زه‌حمه‌تکێشه‌کانه‌وه هێزی وه‌رده‌گرت.
پرسیار: تۆ ووتت یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانی ئه‌و ده‌مه، مه‌به‌ستت چیه؟ بۆ یه‌کێتی هه‌ر یه‌کێتیه‌که‌ی جاران نیه؟
به‌کر: نه‌خێر وانیه، چونکه کاتی خۆی یه‌کێتی نیشتمانی نوێنه‌ری گه‌لی کوردستان بوو.
پرسیار: ئه‌ی ئێستا؟
به‌کر: ئێستا یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان مۆرکی گشتی (گه‌لی) لێسه‌ندراوه‌ته‌وه و بۆته موڵکی موڵکی که‌سی یه‌که‌م و ته‌که‌تولاتی هه‌ندێک له مه‌کته‌ب سیاسیه‌کان.
پرسیار: کاک به‌کر ئێوه‌ی پێشمه‌رگه له‌سه‌ردمی شاخدا مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی گونده‌کان چۆن بوو؟
به‌کر: په‌یوه‌ندیه‌کانمان ئه‌وه‌نده توندوتۆڵ بوو هه‌ر ماڵه گوندیه‌ک وای ده‌زانی پێشمه‌رگه‌کان له منداڵانی خۆی هاتۆته‌ده‌ره‌وه‌و له سینه‌ی خۆشیان شیری خواردووه.
پرسیار: ئه‌ی ئێستا یه‌کێتی چی کردووه بۆ گوندنشینان؟
به‌کر: به‌سه‌راحه‌ت هیچ، چونکه مه‌سئوله‌کانی یه‌کێتی ئه‌وه‌نده‌ی حه‌زیان له‌شاره ئاگایان له گوند هه‌رنه‌ماوه، ئاخر بۆ نموونه مزگه‌وته‌کان تاکه جێگه‌ی حه‌وانه‌ی پێشمه‌رگه بوون و تاکه شوێنێک بوون که بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت پێشمه‌رگه چۆته ناویه‌وه، ده‌با هه‌ر هیچ نه‌بێت وه‌فایان بۆ مزگه‌وته‌کان هه‌بێت.
پرسیار: کاک به‌کر جاران له شاخ ئێوه‌ی پێشمه‌رگه‌و به‌رپرسه‌کان له‌سه‌ر یه‌ک سفره نانتان ده‌خوارد، به‌یه‌ک به‌تانی ده‌خه‌وتن ئه‌ی ئێستا؟
به‌کر: با باسی خۆم بکه‌م، منی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ کاک کۆسره‌ت به‌یه‌که‌وه ده‌سته‌ی هجووم بووین بۆ گرتنی ڕه‌بایه‌کانی دوژمن، پێکه‌وه یه‌ک جۆر نانمان ده‌خوارد، به‌یه‌که‌وه ئێشکمان گرتوووه و پێکیشه‌وه خه‌وتووین، که‌چی ئێستا حیمایه‌کانی نایه‌ڵن بچمه ژووره‌ووه و کاک کۆسره‌ت ببینم.
پرسیار: کاک به‌کر به بۆچوونی تۆ هاوڕێ شه‌هیده‌کانتان بۆ شه‌هیدبوون؟
به‌کر: ئه‌وانه کۆمه‌ڵێک مرۆڤی سه‌ربه‌رزی نموونه‌یی بوون که ژیان و گه‌نجێتی خۆیان کرده فیدای ئازادی گه‌ل و ووڵات، هیچ یه‌کێک له‌وانه به کێشه‌ی تایبه‌تی گیانی خۆیان له‌ده‌ست نه‌داوه، هه‌ر بۆ نموونه ئاخر خۆ براکه‌ی من له شه‌ڕی خێڵه‌کیدا شه‌هید نه‌بووه، چونکه ته‌نها دوژمنمان داگیرکه‌ری به‌عس بووه.
پرسیار: ئایا ئه‌و شه‌هیدانه به پێی مه‌زنیان قه‌ره‌بووکراونه‌ته‌وه؟
به‌کر: نه‌خێر، گه‌وره‌یی و مه‌زنی شه‌هید به پێدانی پارچه زه‌ویه‌ک و بڕینه‌وه‌ی مووچه‌یه‌ک پێوانه ناکرێت.
پرسیار: ئه‌ی کاک به‌کر به ڕای تۆ چی بکرێت بۆ ئه‌و شه‌هیدانه؟
به‌کر: باشترین وه‌فا بۆ شه‌هیدان پاککردنه‌وه‌ی لیستی شه‌هیدانه له جاش و خۆفرۆشان، گه‌ر لیستێکی پاکژی شه‌هیدان هه‌یه با بڕۆن و وه‌فایان هه‌بێت بۆ دایک و باوک و خوشک و خێزانی شه‌هیدان، سه‌دان ژنه شه‌هید هه‌یه ئێستاش (ده‌رۆزه _ سواڵ) ده‌کات، یاخود کاتێک ده‌چێته لای به‌رپرسێک وه‌ڵامی خراپ و ناشرینی ده‌ده‌نه‌وه، بۆ ژنی مه‌سوله‌کان له ژنه شه‌هیده‌کان مرۆڤترن؟ قوربانی ده‌رترن؟ ماندووترن؟
پرسیار: وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین ڕازیت به حاڵی ئێستات یاخوود چیت بۆ کراوه؟
به‌کر: وه‌ک به‌کره گچکه تاکو ئێستا شتێکی وام بۆ نه‌کراوه به‌رامبه‌ربێت له‌گه‌ڵ خه‌بات و ماندووبوونم و هه‌روه‌ها قوربانی خانه‌واده‌که‌م، به‌تایبه‌تی (دایکم) که له‌من زیاتر پێشمه‌رگه‌بووه.
پرسیار: پێشنیارت چیه بۆ باشکردنی ژیان و ده‌رامه‌تی پێشمه‌رگه دێرینه‌کان؟
به‌کر: هه‌ر مرۆڤێک له خه‌باتی شاخدا بۆ چرکه‌یه‌کیش مانووبوبێت حه‌قه ڕێزی لێبگیرێت، حه‌قه سه‌رانی (ی. ن. ک) ئاوڕێک له ڕابووردوو بده‌نه‌وه، ده‌بێت یه‌کێتی بیرێک بکاته‌وه‌و بگه‌ڕێته‌وه بۆ ڕۆژانی ناوزه‌نگ و شێنێ و تووژه‌ڵه‌و هۆمه‌راغ و ئه‌زمڕو که‌ڵکلی قه‌یوان و پێده‌شته‌کانی که‌رکووک، با بزانێت بستێک له‌و پێده‌شت و لوتکه‌و قه‌دپاڵانه نه‌ماوه خوێن و فرمێسکی پێشمه‌رگه‌یه‌کی پێوه نه‌لکابێت.
پرسیار: کاک به‌کر ئه‌گه‌ر ئێستا (ی. ن. ک) داوات لێبکات ببیته‌وه به پێشمه‌رگه وه‌ڵامی تۆ چی ده‌بێت؟
به‌کر: من به بڕیاری گه‌ل بوومه‌ته پێشمه‌رگه نه‌ک له‌سه‌ر داوای سه‌رکرده‌کان، خۆ ئه‌گه‌ر ئێستاش یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بگه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌می ڕه‌سه‌نایه‌تی له نموونه‌ی (قه‌یوان- ماوه‌ت) من هه‌ر هه‌مان به‌کره گچکه‌م و به‌هه‌مان ڕۆحه‌وه خه‌بات ده‌که‌م و قه‌تیش ئاماده‌نیم ده‌ست به‌رداری خه‌بات و ماندووبوونی خۆم بم.
له کۆتایدا کاک به‌کر ئه‌مه‌ی ووت:
توخوا ئه‌ی مه‌سئوله‌کان تۆزقاڵێک بگه‌ڕێنه‌وه و ویژدان بکه‌نه سه‌نگی مه‌حه‌ک بۆ خزمه‌تکردنی گه‌ل
پڕۆفایلی کاک به‌کر:
_ به‌کر مه‌جید پیرداود ناسراو به (به‌کره گچکه‌ل)
_ ساڵی 1969 له گوندی (سێ بیرانی) ده‌شتی هه‌ولێر هاتۆته دنیاوه
_ کۆتایی ساڵی 1984 بۆته پێشمه‌رگه له تیپی 86 ده‌شتی هولێر له‌که‌رتی 2
_ له ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا 3 جار بریندارکراوه (گوندی مۆکه‌به له‌شه‌ڕی قه‌یوان_ ماوه‌ت) ___ (گوندی ئیلنجاغ ده‌شتی کۆیه له شه‌ڕی ناو گوندا) __ (ساڵی 1987 له گرتنی شارۆچکه‌ی دێگه‌ڵه)
_ خاوه‌نی یه‌ک چاوه
کاک به‌کر خاوه‌نی برایه‌کی شه‌هیده به ناوی موته‌لیب مه‌جید ناسراو به (نه‌به‌ز)
ڕزگار ساڵح
هۆڵه‌ندا
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
