
پێشمه‌رگه‌یه‌کی یه‌کێتی به‌قۆناغه تفه‌نگ ده‌رگای کردینه‌وه، فیشه‌کیان راکێشاو وتیان وه‌رنه ده‌رێ، به‌ر قۆناغه تفه‌نگیان داین، یه‌کیان وتی ئه‌گه‌ر خوشکی خۆم ژنه شیوعی بێت ده‌یکوژم.
یه‌کێتی ئه‌وه‌نده ژنی به‌دیل گرتبوو جێ‌مان نه‌بوو دا بنیشین له په‌نجه‌ره‌که‌وه حه‌ره‌سه‌کان قسه‌ی ناشیرینیان به ژنه‌کان ده‌وت په‌نجه‌ره‌که‌مان گرت، ئه‌وجا له‌ده‌رگاوه جنێویان ده‌دا.
دوسێ پێشمه‌رگه‌ی گه‌نج حه‌ره‌سی ئێمه بوون، یه‌کیان گوتی ها تۆش شیوعیت؟ منیش وتم بۆ ده‌پرسی من ژنم شیوعی چی و شتی چی؟ وتی ئه‌ی مێردت؟ وتم ئه‌و شیوعییه، وتی ئه‌ی بۆ خۆت به‌ته‌ڵاق دان ناده‌ی؟ وتم کاکه من مناڵه‌کانم ئه‌وه‌نده‌ی تۆ ده‌بێ، من لای سه‌دام گیرام. ئه‌و قسه‌یان به‌من نه‌وت تۆ چۆن قسه‌ی وا به‌من ده‌ڵێی؟ وتی تۆ خۆت به‌ته‌ڵاق دان بده و مێرد به ئێمه بکه، وتم کاکی خۆم تۆ کوڕمی چۆن ده‌بێ قسه‌ی وا بکه‌ی؟
فه‌یرۆز خان هاوسه‌ری مامۆستا فاتیح ره‌سوڵ، ته‌مه‌نێک خه‌بات و ماندوبون، بۆ یه‌که‌م جار له راگه‌یاندن باسی خه‌باتی خۆی و روداوی پشت ئاشان ده‌کات.
فه‌یرۆز خان، له‌م دیمانه‌یه‌دا باسی چۆنیه‌تی ناسینی مامۆستا فاتیح و به‌سه‌ر هاته‌کانی ژیانی خۆیان به‌هۆی شیوعی بونه‌وه ده‌کات، تیشک ده‌خاته سه‌ر روداوه‌کانی شه‌ری پشت ئاشان، له‌نێوان حزبی شیوعی و یه‌کێتی، به‌ڵام وه‌ک خۆی ده‌ڵێت"باسکردنی ئه‌وروداوه بۆ کولانه‌وه‌ی برینه‌کان نییه، به‌ڵکو ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ی بینیومه بۆ مێژوو باسی بکه‌م". ئه‌م خانمه خێزانی مامۆستا فاتیح ره‌سوڵ ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی حزبی شیوعی بووه که ئێستا مامۆستا فاتیح له‌ژیان نه‌ماوه.
* له‌گه‌ڵ مامۆستا فاتیح چۆن یه‌کتان ناسی؟ وه‌ک زه‌واجه‌کانی تر به‌سودفه یان یه‌کتر ناسین هه‌بوو؟
- وه‌ڵا ده‌توانم بڵێم به‌سودفه بوو، رۆژێک له مه‌کته‌ب ده‌هاتمه‌وه ئه‌و له‌گه‌ڵ هاورێیه‌کی بوو، منی بینی بوو له براده‌ره‌که‌ی خۆی پرسی بوو ئه‌و کچه کێیه؟ ئه‌ویش پێی وتبو ئه‌وه کچی فڵان و خوشکی فڵانه، براده‌ره‌که‌ی لێی پرسی بو ئه‌ی بۆ نایخوازی؟ ئیدی ئه‌ویش پێی باش بوبو پاش ماوه‌یه‌ک هاته دا خوازیم.
* ئیدی تۆش زوو رازی بویت و بونه هاوسه‌ر؟
- نا من ئه‌وکات عومرم زۆر نه‌بو، بۆیه رازی نه‌بووم براکانیشم رازی نه‌بوون که بمده‌نه که‌سێکی سیاسی، چونکه ده‌یانزانی ئه‌وکه‌سانه کێشه‌یان زۆر له پێشه، به‌ڵام بابم بابی ئاسۆی"مه‌به‌ست مامۆستا فاتیحه" زۆر خۆش ده‌ویست، ئه‌وکات هه‌مو عاله‌م شیوعی بو هه‌موو که‌س چه‌پڵه‌ی بۆ بابی ئاسۆس لێده‌دا، له‌کۆیه خه‌ڵک ده‌یانگوت چۆن کیژ ناده‌نه ئه‌و؟ به منیشیان ده‌وت چۆن مێردی پێناکه‌ی؟ ئیدی ئه‌وقسانه کاریگه‌ریان هه‌بو، دایک و بابم رازی بوون و منیش رازی بووم.
* ئه‌وکات خه‌ڵک به خراپ له بروای شیوعیه‌تیان ده‌روانی، چۆن بوو شیوعی بونی مامۆستا فاتیح رێی له‌م زه‌واجه‌ی ئێوه نه‌گرت؟
- وایه ئه‌وکات خراپ تێگه‌شتن هه‌بوو، زۆر که‌س ده‌یان وت شیوعی کافرن، خوشکی خۆیان ماره ده‌برن و زۆر قسه‌ی تر.!. به‌ڵام خۆی ئه‌وه خراپ تێگه‌شتن بوو ماڵی ئێمه شیوعی نه‌بوون، به‌ڵام لایه‌نگیریان بۆ شیوعی هه‌بوو خۆشم هه‌ندێ حه‌زم به‌کاری حزبی هه‌بوو، ئه‌گه‌رنا باوکی من و ماڵی باوکی بابی ئاسۆسیش خه‌ڵکی به‌دین بون، به‌ڵام ئه‌یانزانی خه‌ڵک باش له شیوعی تێنه‌گه‌شتووه، بۆیه ئه‌وه نه‌بوه رێگر له زه‌واجه‌که‌ی ئێمه.
* تۆ به‌هۆی کاره‌کانی مامۆستا فاتیح دنیایه‌ک ده‌ربه‌ده‌ریت بینیوه، له‌کێوه بۆ کوێ له‌چه‌ند جێگه‌ی کوردستان ژیاویت و ئه‌گه‌ر هه‌ندێک له‌ده‌ربه‌ده‌ر بونی خۆت بدوێی؟
- هه‌موی 10 رۆژ بوو مێردم کردبو، حزبی شیوعی له‌دوی بابی ئاسۆسیان نارد، وتیان ده‌بێ بێیته هه‌ولێرئیدی له‌وێ کاریان پێداو منیشی برده هه‌ولێر،له‌وێ له‌گه‌ڵ ماڵی خوشکی پێکه‌وه له خانویه‌ک بوین، پاش ساڵێک حکومه‌ت بریاری گرتنی بابی منداڵه‌کانمی دابوو، بۆیه هه‌ڵات چووه که‌رکوک، دواتر براده‌رێکی له‌دوا ناردم منیش نه‌چووم، چونکه به‌بێگانه‌م ده‌زانی ناچار کاک که‌ریمی شوبرام بردمیه که‌رکوک.
له‌وێ له‌گه‌ڵ ماڵێک خانویه‌کمان گرت له‌وماڵه‌ش به‌نهێنی ده‌ژیاین، ماوه‌یه‌کی نه‌برد پیاوی ئه‌و ماڵه‌ی له‌گه‌ڵمان بو سجن کرا، ئه‌و له‌سجنه‌وه جوابی ناردبو که ئێمه له‌ماڵ نه‌مێنین، بچینه ده‌ر ئه‌گه‌رنا ده‌گیرێن ئێمه‌ش ده‌رچوین له‌ماڵ و یه‌ک جێگاش نازانین، که‌سیشمان نه‌ده‌ناسی شه‌و داهات و باوکی ئاسۆس وتی تۆ که‌س ناناسی؟ وتم وه‌ڵا ته‌نها یه‌ک که‌س هه‌یه ئه‌و ژنه‌ی که له‌گه‌ڵمان ده‌ژین براده‌رێکی هه‌یه مه‌رحه‌بای ده‌کات منیش جار جار مه‌رحه‌بام کردوه. وتی با بچین وتم من زۆر به که‌میش مه‌رحه‌بام کردوه چۆن بچین؟ وتی ئاساییه برۆ بڵێ هاتوم یه‌ک دوو ده‌قه لات دانیشم، بزانین چۆنه ئه‌گه‌ر که‌ڵکیان هه‌بو ئه‌م شه‌و لای ئه‌وان ده‌مێنینه‌وه. منیش ده‌مزانی ئه‌وژنه ده‌چێته چ خانویه‌ک له‌ده‌رگایانم دا، ژنه‌که هاته ده‌ر وتم هاتووم حه‌زده‌که‌م هه‌ندێک لاتان دانیشم، فه‌رموی کرد‌و که چوینه ژور سودفه پیاوه‌که‌ی که‌سێک ده‌رچو که پێشتر له‌گه‌ڵ باوکی ئاسۆس سجن ببوو، واته هاورێی زیندان بوون، ئیدی به‌راستی مورتاح بوین. بابی ئاسۆس وتی ته‌واو ئه‌م شه‌و لێره ده‌بین، دواتر زۆر گه‌ڕاین بۆ خان‌و به‌ده‌ستمان نه‌که‌وت، چونکه هه‌ر خانویه‌ک هه‌بوایه ده‌بوو به‌پرسی موختار بێت و موختاریش پرسی به ئه‌من و ئیستخبارات ده‌کرد، بۆیه خانومان نه‌گرتو من چومه‌وه کۆیه بۆ ماڵی باوکم دواتر ئه‌و له که‌رکوک خانوی گرت و ناردیه‌وه به‌دوامدا، به‌ڵام برایه‌کم نه‌یده‌هێشت بچمه‌وه. ده‌یوت تۆ ده‌که‌ویته ده‌ست ئه‌من و ئیستخبارات و حه‌یای ئێمه ده‌چێت، منیش به داکم وت ئه‌گه‌ر ئێستا پیاوه‌که‌م پێویستی به منه‌و له ناره‌حه‌تی له‌گه‌ڵی نه‌بم، دواتر چۆن روم بێت بچمه‌وه لای، بۆیه چومه‌وه لای و له‌وێش دیسان زۆر خانومان کرد، له‌وخانوانه ناوی خۆمان گۆری بوو من ناوم فایزه بوو بابی ئاسۆسیش ناوی حه‌مید بوو، هه‌ریه‌کێک بگیرایه ئێمه له‌ترسی ئیعتراف ده‌چوینه خانویه‌کی دی، ئیدی ئه‌وکات به‌عس هات ئینقلاب کرا عه‌زیز محه‌مه‌دو که‌ریم ئه‌حمه‌دو ئه‌بو فاروق و هاوسه‌ری په‌خشان زه‌نگه‌نه ئه‌و رۆژه له‌ماڵی ئێمه بوون، من چووم خواردنیان بۆ بکڕم بینیم خه‌ڵک گرتن و جموجوڵ هه‌یه، پرسیم وتیان ئینقلاب بووه و به‌عس هاتۆته سه‌رحوکم، منیش هاتمه‌وه پێم وتن و ئه‌وان به‌په‌له ده‌رچوون له‌ماڵ، ته‌نها به‌شه‌و ده‌هاتنه‌وه، که‌رکوک ئه‌وکات له‌دۆخێکی زۆر ناخۆش بوو مه‌یت له‌هه‌موو سه‌رجاده‌کان که‌وتبوو، بابی ئاسۆس هاته‌وه وتی ئه‌و ده‌مانچه‌م بۆ بگه‌یه‌نه ئه‌و به‌ری جسره‌که من ده‌چمه شاخ، منیش مناڵێکم هه‌بو ده‌مانچه‌که‌م خسته ناو په‌رۆکانی ئه‌و منداڵه‌و بۆ ئه‌وه‌ی بیبه‌مه ئه‌و جێیه‌ی بۆی دانابووم، ئه‌وکات منداڵ بووم نه‌مده‌زانی ترس چیه ئێستا بوایه هه‌رگیز نه‌مده‌توانی. عاره‌بانه‌یه‌کم گرت به‌کرێ له‌پشت عاره‌بانه سوار بووم، هه‌ندێ شتم خسته سه‌ر عاره‌بانه‌که و ئه‌و په‌رۆیانه‌ش که ده‌مانچه‌که‌ی تیا بوو، به‌ڵام که بینیم سه‌ر جسره‌که پڕه له حه‌ره‌س قه‌ومی، هه‌رکه‌س تێده‌په‌ڕێ ته‌فتیشیان ده‌کرد، منیش ده‌مانچه‌یه‌کم پێ‌بوو ترسام که‌وتبومه ناویان.
به‌ڵام هه‌رچی شتم پێ‌بوو گه‌ران ئه‌و په‌رۆیانه نه‌گه‌ران که‌ده‌مانچه‌که‌ی تیا‌بوو، ده‌ربازم بوو ده‌مانچه‌که‌م گه‌یانده جێ، به‌ڵام کاتێک گه‌رامه‌وه ماڵه‌وه بابی ئاسۆس و هاوڕێکانی هه‌ڵاتبون نه‌ک من گیرابم و قسه‌یان له‌سه‌ر بکه‌م، شه‌و هاته‌وه وتی وه‌ڵا وامانزانی گیراویت ئیدی ئه‌وان رۆشتن و منیش هاتمه‌وه کۆیه و ئه‌وماڵه‌م به‌جێهێشت و هیچم لێده‌رنه‌کرد، ماڵی باوکم زۆر ئاگایان لێم بوو هه‌ر رۆژی له‌ماڵێک بووم، چونکه ده‌گه‌ران هه‌رژنێک هه‌بوایه بێ مێرد ده‌یانگرت و ده‌یان برده شاخ به‌ره‌ڵایان ده‌کرد، له‌وکات باوکم عه‌مری خوای کرد، نه‌متوانی بچمه سه‌ر مه‌یته‌که‌ی، ئیدی ده‌ربه‌ده‌ری زۆر ماوه‌یه‌ک ماڵم برده قه‌ڵادزه و دواتر دیسان کۆیه‌و ماوه‌یه‌کیش به نهێنی ماڵمان برده سلێمانی، ماوه‌یه‌کی زۆر له‌وێ بوین دیسان ئیعتراف کرابوو بابی ئاسۆس هه‌ڵاتوو منیش گه‌رامه‌وه کۆیه، رێگا ناخۆش بوو پێشمه‌رگه‌و حکومه‌ت له رێگا لوغمیان دانابوو، سایه‌قه‌کان نه‌ده‌هاتن کوڕێکی ناسراوی خۆمان منی ناسی و ئه‌وهات له‌گه‌ڵم، له هه‌یبه‌سوڵتان جه‌یش هه‌بوو وتیان ئه‌وماڵه‌ت بۆ هێناوه؟ وتم مێردم نانه‌وا بوه له سلێمانی مردوه خزموکه‌سم لێره‌ن و ماڵم هێناوه‌ته‌وه، بروایان نه‌کرد وتیان باشه بچنه لای ئامر لیوا به‌ویشم وت و ئه‌ویش حه‌واڵه‌ی ئه‌منی کۆیه‌ی کردم، له‌به‌ر ده‌رگای ئه‌من قه‌ره‌باڵغ بوو شت دابه‌ش ده‌کرا، حه‌ماڵێکم بینی ناسراوی خۆمان بوو با‌نگم کرد وتم به‌په‌له هه‌واڵ بده ماڵی باوکم که من ئاوام وتوه با ئه‌وانیش وابڵێن، ئیدی خه‌ڵک شتی وه‌رده‌گرت خوشکه‌که‌م مێردی نه‌کردبو خێرا گه‌شته‌سه‌رم هاته ناوسه‌یاره وتی تۆ بچۆ ماڵ من ده‌ڵێم ئه‌وم تۆ منداڵت هه‌یه با توشی کێشه نه‌بی، من خۆم ده‌که‌مه تۆ وتی برۆ تا قه‌ره‌باڵغه‌و نه‌یانزانیوه، چومه‌وه ماڵی بابم خوشکه‌که‌م شه‌وێک له‌وێ بوو سبه‌ی به که‌فاله‌ت و واسته‌ی ره‌یس جاش هه‌بوو ده‌یان ناسین به‌ریاندا، ئیدی دنیایه‌ک ده‌ربه‌ده‌ری له‌ژیانم هه‌مو ته‌مه‌نم به ئاواره‌یی بردۆته‌سه‌ر.
*ده‌ڵێن تۆ‌و منداڵه‌کانت پێکه‌وه زیندانی کراون و ئاراس منداڵیش بووه خۆی ده‌رباز کردووه ئه‌وه چۆن بوو؟
- منداڵه‌کان هه‌ر له‌گه‌ڵ من ده‌ژیان، ئاراس ته‌مه‌نی 6- 7 ساڵ بوو ئیدی به‌رده‌وام مراقه‌به ده‌کرام، ده‌چومه هه‌رجێیه‌ک هه‌ر له‌دوم بون، رۆژێک ناردیانه دووم شه‌وو رۆژێک سجن بوین، هه‌مو منداڵه‌کانیان هه‌رله‌مه‌کته‌به‌وه هێنابووه سجن، به‌ڵام ئاراسیان نه‌هێنابوو، نازانم چۆنی زانی بوی به‌و منداڵییه خۆی شاردبوه‌وه له ماڵه جیرانه‌ک.
*ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر باسی روداوی پشت ئاشان ئه‌و روداوه چۆن رویدا؟
- دیاره ئه‌وه بیره‌وه‌رییه‌کی تاڵه، ده‌کرێ له‌بیر بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئاڵۆزی دروست نه‌کات ناکرێ له‌بیر بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ مێژوو بمێنێته‌وه و دوباره نه‌بێته‌وه شتی وا، من ده‌مه‌وێ باسی ئه‌و روداوه بکه‌م وه‌ک روداو، نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی برینه‌کان بکولێنمه‌وه.
ئه‌وکات ئێمه له پشت ئاشان ده‌ژیاین و سه‌رکردایه‌تی شیوعی له‌وێ بوو، رۆژيَک هه‌ندێ ته‌قه کرا هه‌مو وا ته‌سه‌ورمان ده‌کرد که ئه‌وه جاشه دێته‌سه‌رمان، که‌س نه‌یده‌زانی ئه‌وه یه‌كێتییه‌و به‌وشێوه مامه‌ڵه ده‌کات، له‌پشت ئاشان حزبی شیوعی پێشمه‌رگه‌و هێزی شه‌ڕی نه‌بوو، هه‌ندێک پێشمه‌رگه‌ی که‌م له‌وێ بوو، چونه‌سه‌ر شاخ بۆ به‌ره‌نگاری ئیدی ته‌قه تا ده‌هات نزیک ده‌بوه‌وه، پێشمه‌رگه‌یه‌ک هات گوتی ئه‌وه یه‌کێتییه هاتۆته سه‌رمان جاش نییه، دیاره به‌رله‌وه‌ی بێنه پشت ئاشان ئاشقوڵکه‌یان گرتبوو که شۆسیالستی لێ بوو هه‌ر چوار ده‌وری پشت ئاشان گیرا بوو یه‌کێتی به‌سه‌رپه‌رشتی نه‌وشیروان هێزێکی زۆری هێنابوو، بابی ئاسۆس به‌په‌له هاته‌وه وتی فه‌یرۆز له‌گه‌ڵ دوسێ براده‌ری نه‌خۆش و پیر به‌من سپێردراوه بچم رێگا بکه‌ینه‌وه به‌ره‌و قه‌ندیل و هیچ چارێکمان نیه، هێزمان لێره نییه و ئه‌وان هێزێکی زۆریان هێناوه، ئێوه ئافره‌تن و که‌س هیچ له ئافره‌ت ناکات، ئه‌و و کاک دڵزارو هه‌ندێک نه‌خۆش و پیر رۆشتن ته‌نها سێ ده‌سته نانم پێدان هێدی هێدی یه‌کێتی به‌ته‌قه نزیک بونه‌وه، حزبی شیوعی سه‌حبی کرد منیش جلی پێشمه‌رگه‌م له‌به‌ر بوو به‌په‌له خۆم گۆڕی، وتم نه‌ک گوله‌یه‌کم لێده‌ن ئیدی له‌ژوره‌که‌ی خۆم دانیشتم و دووسێ ژنی تریش هاتنه لای من، ئه‌وانه‌ی که مێردیان پێشمه‌رگه بوو که‌یه‌کیان خوشکه فریشته بوو، دکتۆرێک مابوو هاته‌لامان وتی هه‌ستن با بڕۆین یه‌کێتی نیازی باش نییه ده‌ترسم شتێکتان لێبکه‌ن، منیش وتم نابێ دواتر له‌گه‌ڵ خوشکه فرێشته چوین گوله وه‌ک باران به‌سه‌رماندا ده‌باری، هه‌رچۆن بوو به سکه خشکێ هاتینه‌وه خه‌سته‌خانه‌ی پێشمه‌رگه، که پربوو له‌نه‌خۆش و بریندار ژنه‌کانی دیکه‌ش که پیاوه‌کانیان رۆشتبو هه‌موو له‌وێ دانیشتبوون، عه‌لا ئه‌ساس خه‌سته‌خانه پارێزراوه هه‌موو چوبونه ئه‌وێ، له‌وێش خۆمان نه‌گرت خوشکه فریشته وتی با بچینه ماڵی مام شێخ خه‌ڵکی گوندبوو، که‌چوین بینیمان ماڵی شێخ رویان گرژه و هه‌ندێ پرتو بۆڵه‌یان کرد دیاربوو ده‌ترسان، خوشکه فریشته وتی با بڕۆین به‌خوا قه‌ت به‌سه‌رشۆڕی لێره دانانیشم بکوژرێین باشتره، ناچار چوینه‌وه ژوره‌که‌ی خۆمان، ئه‌م هاتوچۆشمان به‌ناو ئاگردا بوو چونکه شیوعی مه‌غزه‌نێکی ته‌قه‌مانیان هه‌بو بۆ خۆیان گڕیان تێبه‌ردا بوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست یه‌کێتی نه‌که‌وێت، گوله وه‌ک باران ده‌باری هاتینه‌وه ژوره‌وه دانیشتین، ته‌په‌ته‌پ له‌سه‌ربان هات وتم به‌خوا هاتن ده‌رگاکه‌مان ته‌نه‌که‌بوو چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی یه‌کێتی به‌قۆناغه تفه‌نگ کردیانه‌وه، یه‌کسه‌ر هه‌ستاینه سه‌رپێ وتمان ئێمه ژنین فیشه‌کیان راکێشاو وتیان وه‌رنه ده‌رێ، که هێناینیانه ده‌ره‌وه به‌ر قۆناغه تفه‌نگیان داین، منیش ده‌مویست به‌قسه‌ی خۆش پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتی رابگرم، وتم کاکی خۆم بۆ لێمان ده‌ده‌ن ئێمه ئافره‌تین ده‌سه‌ڵاتمان چییه؟ یه‌کیان وتی ئه‌گه‌ر خوشکی خۆم ژنه شیوعی بێت ده‌یکوژم، پێشمه‌رگه‌یه‌کیان له‌دوره‌وه فریشته‌ی ناسی هاواری کرد وتی راوه‌ستن هات وتی لێان مه‌ده‌ن خوشکه فریشته پێی وت ئه‌وه ژنی کاک فاتیحه، به‌پاڵ ئه‌وپێشمه‌رگانه‌ی لادا که‌له ئێمه‌یان ده‌دا، وتی نابێ لێیان بده‌ن، جیازی بۆ کاک نه‌وشیروان کرد، وتی ژنی کاک فاتیح و خوشکه فریشته لێره‌ن، گوێم لێ‌بوو ئه‌ویش وتی بیان هێنه ئێره، ئه‌وان وازیان لێهێناین و شه‌و داهات ئیدی دوایی بردینیانه لای نه‌وشیروان و په‌ت په‌تیمان زۆر بینی.
*ئه‌ی له‌کاتی شه‌ره‌که له‌سه‌رکرده‌کانی شیوعی کێیان لێ بوو؟
- ئه‌وه‌ی له‌بیرم بێت ئه‌بو سیروان و کاک ئه‌سعه‌د خدر‌و کاک دڵزار و بابی ئاسۆس و ئه‌بو سه‌رباز و کاک که‌ریم ئه‌حمه‌دو کاک به‌هادین نوری ئیدی باش بیرم نیه.
*وتت کاک نه‌وشیروان داوای کرد بتان به‌نه ئه‌وێ دوای ئه‌وه چی رویدا چۆن چونه لای نه‌وشیروان مسته‌فا؟
- به‌ر له‌وه‌ی بچینه لای نه‌وشیروان مسته‌فا، که شه‌وداهات وتیان وه‌رن بتان به‌ینه ماڵ حاجی که خه‌ڵکی گوند بوو، ماڵه‌که‌یان له‌سه‌ر شاخه‌که‌بوو، که‌چوین له ریزی پێشمه‌رگه‌کان ئێمه‌یان له‌نێوه‌ند دانا، واته که به‌ڕێکه‌وتین دوامان و پێشمان پێشمه‌رگه بوو، ده‌نگی ته‌قه هات وتم نا بۆ ئێمه له‌ناوه‌ند داده‌نێن ئێمه له‌پشتی ئێوه ده‌بین، ئه‌گه‌ر گوله‌یه‌کمان لێده‌ن ده‌ڵێن گوله‌ی وێڵ لێی داون، وتمان نایه‌ین دوای هه‌ندێ مناقه‌شه رازی بون ئێمه له‌دواوه بین ئێمه دوو ده‌قه رۆشتین بینیم یه‌کێک له زابته عه‌ره‌به‌کان که‌له‌ناو شیوعی بوو به ئیجازه رۆشتبوو و هاتبوه‌وه، نه‌یزانی بوو یه‌كێتی داویه‌تی به‌سه‌ر سه‌رکردایه‌تیدا، له‌به‌رده‌می ئێمه به‌گوله کوشتیان به‌داخه‌وه کوڕێکی زۆر باش بوو.
کاتێک که گه‌شتینه ماڵی حاجی پڕبو له‌ژن هه‌موو ژنه شیوعییه‌کان له‌وێ بوون، له‌گه‌ڵ ژنه دیله‌کانی شۆسیالست، که به‌ر له‌شیوعی یه‌كیتی له‌شۆسیالستی دابوو و ژنه‌کانی به‌دیل هێنابوه ئه‌وێ، که‌چوینه ئه‌وێ یه‌کێتی ئه‌وه‌نده ژنی به‌دیل گرتبوو جێ‌مان نه‌بوو دا بنیشین، هه‌رچۆن بوو جێی دانیشتنیان کردینه‌وه، به‌ناچاری ئیدی له‌ده‌رگاو په‌نجه‌ره حه‌ره‌سمان هه‌بوو خاوه‌ن ماڵیش به هێنده‌ی ئێمه جێی هه‌بوو، له سوچێک دانیشتبوو له په‌نجه‌ره‌که‌وه حه‌ره‌سه‌کان جنێویان ده‌دا، پێشمه‌رگه‌کان قسه‌ی ناشیرینیان به ژنه‌کان ده‌وت، خوشکه فریشته به‌حاجی خاوه‌ن ماڵی وت بێ زه‌حمه‌ت به‌تانیه‌ک به‌و په‌نجه‌ره‌دا ناده‌ی؟ مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو چیدی جنێومان پێنه‌ده‌ن په‌نجه‌ره‌که‌مان گرت، ئه‌وجا ده‌هاتن له‌ده‌رگاوه جنێویان به‌ژنه‌کان ده‌دا، ئیدی ئه‌وه وه‌زعمان بوو.
* له‌ناو ژنه شۆسیالست و شیوعییه‌کان که‌دیلی یه‌کێتی بوون چی ناخۆشت بینی؟ چی زۆر ئازاری دایت؟
- له‌وێ ژنێک له‌ته‌نیشتم دانیشتبوو که ژنی شۆسیالست بوو، ئه‌و نه‌خۆش بوو تایه‌کی زۆری هه‌بوو، مناڵێکی بچوکی پێ بوو وه‌ک ئه‌و منداڵه دڵی خه‌به‌رێکی ناخۆشی پێدابێت زوو زوو ده‌ی کوتا دایکی ده‌یوت دایه کوا بابم ده‌ی کوژن.
دایکیشی ده‌یوت کوڕم نایکوژن، ئه‌ی بابت خۆی ته‌سلیم نه‌بوو چه‌که‌که‌ی پێنه‌دان؟ خۆ له‌شه‌ر نه‌گیراوه تا بیکوژن، ئه‌ویش هه‌ر به‌رده‌وام هاواری بابی ده‌کرد، تا به‌یانی ئه‌و منداڵه هه‌رهاواری بابی ده‌کرد، ئێمه‌ش به‌دانیشتنانه‌وه نوستین، که رۆژ بوه‌وه ئیدی ژنه‌کان سه‌ر ئاویان ده‌ویست داوایانکرد حاجی خاوه‌ن ماڵ چو ئیزنی له پێشمه‌رگه‌کان وه‌رگرت، ئیدی دیاربوو ڕێیان داین، حاجی وتی من پێشتان ده‌که‌وم و ئێوه‌ش به‌دوام بکه‌ون بۆ سه‌ر ئاوه‌که، ژنه‌نه‌خۆشه‌که‌ش چوو، منیش قۆنده‌ره‌م بزر ببوو هه‌ر بۆی ده‌گه‌ڕام تاخیر بووم، دوسێ پێشمه‌رگه‌ی گه‌نج حه‌ره‌سی ئێمه بوون یه‌کیان گوتی ها تۆش شیوعیت؟ منیش وتم بۆ ده‌پرسی من ژنم شیوعی چی و شتی چی؟ وتی ئه‌ی مێردت؟ وتم ئه‌و شیوعییه، وتی ئه‌ی بۆ خۆت به‌ته‌ڵاق دان ناده‌ی؟ وتم کاکه من مناڵه‌کانم ئه‌وه‌نده‌ی تۆ ده‌بێ، من لای سه‌دام گیرام ئه‌و قسه‌یان به‌من نه‌وت تۆ چۆن قسه‌ی وا به‌من ده‌ڵێی؟ وتی تۆ خۆت به‌ته‌ڵاق دان بده و مێرد به ئێمه بکه، وتم کاکی خۆم تۆ کوڕمی چۆن ده‌بێ قسه‌ی وا بکه‌ی؟ زۆر تێکچوم به‌وقسانه، نه‌چوم بۆ سه‌ر ئاوه‌که هاتم دانیشتم، فریشته‌وان هاتنه‌وه وتیان بۆ نه‌هاتی وتم وه‌ڵا له‌به‌ر ئه‌وه نه‌هاتم، ئیدی سامان گه‌رمیانی هات له‌وێ مه‌سئول بوو، فریشته پێی وت، ئه‌یش وتی له‌دڵی مه‌گرن، پێشمه‌رگه‌کان ده‌گۆڕین.
*ئه‌ی ئه‌و ژنه چی به‌سه‌رهات که منداڵه‌که‌ی داوای باوکی ده‌کرد؟
- ئه‌وژنه‌ش له‌گه‌ڵ ژنه‌کان چوبووه سه‌ر ئاو، له‌وێ له‌سه‌ر کانی پیاوێکیان بینی بوو کوشتتبویان و شێواندبویان به‌شێوه‌یه‌ک که‌س نه‌یناسیبوه‌وه، که هاتنه‌وه ئه‌و ژنه به پێشمه‌رگه‌کانی وت ئه‌ی چاوتان کوێر بێت، ملتان بشکێ ئه‌و پیاوه‌تان بۆ کوشتووه و له‌سه‌ر ئه‌و ئاوه‌ش فڕێتان داوه، حاجی ژنی خاوه‌ن ماڵیش وتی قوربه‌سه‌ره ئه‌وه مێرده‌که‌ی خۆیه‌تی کوشتویانه‌و نایناسێته‌وه، یانی به‌راستی مناڵه‌که‌ی وه‌ک دڵی خه‌به‌ری دابێ ئه‌وه روده‌دا به‌رده‌وام ده‌ی وت دایه بابم له کوێیه؟ ده‌یکوژن، ئه‌ویش هه‌ر ده‌یوت بابی تۆ ناکوژن خۆی خۆی ته‌سلیم کردوه..! به‌ڵام بابی ئه‌و منداڵه ئه‌و پیاوه کوژراوه‌بوو که له‌سه‌ر کانی فڕێیان دابوو، خۆی و منداڵه‌که‌شی نه‌یانناسییه‌وه، ئیدی مام حاجی جوابی نارد بۆ که‌سوکاری که له‌قه‌ڵادزه بوون، وتی وه‌رن ژنه‌که‌ش ببه‌نه‌وه و ته‌رمی مێرده‌که‌شی به‌ڵام با ژنه‌که نه‌زانێ، چونکه زۆر نه‌خۆش بوو به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ی نه‌ده‌گرت، ئیدی به‌وشێوه‌یان لێکرد که مام حاجی بۆی دانابوون.
*ئه‌ی ئێوه چیتان به‌سه‌ر هات دوای ئه‌وه؟
- ئێمه له‌ماڵ مام حاجی بوین جلوبه‌رگمان پێنه‌بوو، وه‌زعمان زۆر ناخۆشبوو، منداڵه‌کان هه‌موو خۆیان پیس کردبوو له‌و ژوره‌وه‌و جلوبه‌رگ نه‌بوو بیان گۆڕن، ئێمه‌ش بێ جلوبه‌رگ بوین، فریشته ئه‌و کوڕه‌ی بانگ کرد که له‌وکاته‌ی له ئێمه‌یان ده‌دا رزگاری کردین له‌ده‌ستیان، پێی وت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵمان بێی بچین هه‌ندێ جلوبه‌رگ بێنین له ژوره‌کانی خۆمان، وتی باشه دێم له‌گه‌ڵتان به‌ته‌نیا نه‌چن ته‌قه‌تان لێده‌که‌ن، هات له‌گه‌ڵمان چووین بۆ ماڵه‌کانی خۆمان هێشتا له‌گوند بوین، که‌چومه ژووره‌که‌ی خۆم بینیم یه‌ک شت نه‌مابوو، ته‌نانه‌ت تازه زه‌خیره‌شمان کڕی بوو نه‌مابوو، کیفی پاره‌که‌شیان دراندبووم چی له‌ناو بوو بردبویان و کیفه‌که‌یان فڕیدابووم. له‌ژوره‌که‌م هه‌ندێ پێشمه‌رگه هه‌بوون له‌وێ نوستبون و برینداریشی لێ‌بوو، من به‌بێ هیچ گه‌رامه‌وه، فریشته‌ش چووه ژوره‌که‌ی ئه‌ویش وه‌ک ماڵه‌که‌ی منی لێهاتبوو و پێشمه‌رگه‌ی لێ‌بوو، له‌وێ پێشمه‌رگه‌یه‌کی بینی کورته‌ک و شه‌رواڵه‌که‌ی فریشته‌ی له‌به‌ر کردبوو، که ئێمه هه‌مو کورته‌ک و شه‌رواڵمان هه‌بوو، وتی کاکه ئه‌وه جلی منه دایکه‌نه، ئه‌ویش وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه و داینه‌که‌ند و ئێمه‌ش به‌ناچاری و به‌بێ هێچ گه‌راینه‌وه ماڵی مام حاجی بۆ ئه‌و وه‌زعه ناخۆشه.
*له‌وێ بردنیانه لای نه‌وشیروان مسته‌فا چۆن بردنیانه ئه‌وێ؟ له‌کوێ بینیتان ده‌ڵێن فریشته‌خان قسه‌ی به‌رانبه‌ر کردوه چی پێ وت؟
- دواتر وتیان ده‌تان به‌ینه ئاش قوڵکه، بردینیانه ئیعلام له‌وێ گردێکی لێ بوو وتیان برۆنه سه‌ر ئه‌و گرده دابنیشن، که چوین هه‌موو ژن و منداڵه‌کان بوین له‌سه‌ر گرده‌که دانیشتین، بۆ ترساندن و وه‌ک سوکایه‌تی له‌هه‌مو لاوه به‌سه‌رماندا به‌ر ده‌سترێژی گوله‌یان داین، بێ ئه‌وه‌ی گوێ به‌و منداڵانه بده‌ن که‌له‌گه‌ڵمانن، هه‌موو منداڵ زیره‌یان کردبوو له‌ترسان، دوای ماوه‌یه‌کی زۆر ئاوا ته‌قه به‌سه‌رکردن و هاتوهاواری ژن‌و منداڵ وتیان هه‌ڵسن وه‌رن چوینه ئاش قوڵکه، زۆر ناخۆش بوو هه‌موو ژنه‌کان ماندوهیچمان نه‌نوستوین به‌وهه‌مو ماندوێتییه بردینیان، که چوینه ئاشقوڵکه ئه‌ویش وه‌ک پشت ئاشان وێران کرابوو که مقه‌ڕی شۆسیالستی لێ‌بوو، یه‌كێتی له‌گه‌ڵ شیوعی دابوی به‌سه‌ر ئه‌وانیشدا، که چوینه ئه‌وێ بردینیانه سه‌ربانێک کاک نه‌وشیروان ببینین هه‌مو ئه‌و چه‌کانه‌ی گرتبویان کۆیان کردبوه‌وه له‌و سه‌ربانه‌و له‌سه‌ریه‌ک دایان نابوون، نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌ندێ قسه‌ی کرد، وتی ئێوه ئه‌و چه‌کانه ببینن، رێگه‌ناده‌ین هیچ که‌س له‌و حزبانه چه‌کی پێبێ له‌شاخ، به‌ڵکو ده‌بێ هه‌مویان گۆچانیان پێبێ، خوشکه فریشته‌ش وتی ئه‌وکات گۆچانه‌که‌شیان له‌چه‌که‌که‌ی تۆ تیژتره، ئێمه به خوشکه فریشته‌مان وت له‌جێی هه‌موان قسه بکه.
له‌گه‌ڵ هه‌مو قسه‌یکی کاک نه‌وشیروان فریشته وه‌ڵامی جوانی هه‌بوو به‌بێ ترس، ئه‌وجا خوشکه فریشته پێی وت دوو ژور ئازوقه‌ی پشت ئاشانتان برد، له ئازوقه‌ی خۆمان هه‌ندێکمان بده‌نه‌وه با ئه‌و ژنانه بیخۆن، به‌ڵام کاک نه‌وشیروان جوابی نه‌بو، روی له‌ژنێک کرد وتی تۆ کوێیت؟ وتی سلێمانی وتی سلێمانی و شیوعییان نه‌وتوه، ژنه‌که‌ش وتی لایه‌ک له‌سلێمانی شیوعی بووه و شیوعیش ده‌بین، ئیدی وتی ئێوه له‌گه‌ڵ حکومه‌ت بوون بچنه‌وه ناو حکومه‌ت، نازانم که‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ حکومه‌ت بوین؟ دوای ئه‌وه وتیان بڕۆنه ئه‌و ژوره و نه‌وشیروان مسته‌فا خۆی و پێشمه‌رگه‌کانی رۆشتن، ئیدی ژوری چی ژورێکی کاول هیچی لێ نییه، ژن و منداڵ هه‌موو برسی خواردن نه‌بوو که‌س بیخوا، منداڵ هه‌موو ده‌گریان له‌برسان، هه‌موو ده‌رپێی مناڵه‌کان پڕ میزو پیسایی بوو، که‌س نه‌بوو لێیان بپرسێ، دایکه‌کانیش هیچ جلوبه‌رگیان پێنه‌بوو خاوێنیان بکه‌نه‌وه، به‌راستی کاره‌سات بوو، منیش له‌دوسێ خان‌و گه‌رام دوسێ قوتوه سلیلاکم دۆزییه‌وه دامه ژنه‌کان و دایانه منداڵه‌کانیان، هه‌ندێک سودیان لێبینی، له‌وێ کابرایه‌ک له‌سه‌روی گوند خانوی هه‌بوو که خه‌ڵکی ئاشقوڵکه بوو، هاته خواره‌وه وتی خوشکینه وه‌رنه ماڵی من، نانێکم هه‌بێ پێکه‌وه ده‌یخۆین، چۆن دڵم بڕوا ده‌دا ئه‌و هه‌مو ژنه به‌برسی لێره‌بن و من له‌وێ دابنیشم، گه‌ڕاین به‌گونددا. یه‌کی به‌تانییه شڕێکمان دۆزییه‌وه‌و چوین بۆ ماڵی ئه‌وان، هه‌مومان چوینه ئه‌وێ سۆپه‌ی گه‌رم کردبو ژنه‌کان بۆخۆیان ده‌ستیان کرد به‌دۆڵمه دروستکردن و له‌وێ هه‌مومان خه‌وتین، ئیدی خزم و که‌سمان زانیان و له‌دومان هاتن، منیش له‌گه‌ڵ خزمه‌کانم گه‌رامه‌وه کۆیه‌و له‌وێش چومه هه‌ولێر، خوشکه فریشته‌ش چووه گوندێک له نزیکی رانیه که ناوه‌که‌یم له بیر نییه، له‌وێش له‌هه‌ولێر به‌دزی ده‌ژیاین، چونکه له‌ناو حکومه‌تیش قاچاغ بوین.
پاش ماوه‌یه‌ک له‌ناو شار که‌سێکمان دۆزییه‌وه وه‌ک رێ نیشانده‌ر داوام لێکرد له‌و زیندان و خۆ حه‌شاردانه‌ی ناوشار رزگارم بکات و بمباته‌وه ناو پێشمه‌رگه، بۆلای بابی ئاسۆس له‌وێش ئه‌و که‌سه بردینیه گوندی سێلوێ گوندێکی ئێرانه، که باوکی ئاسۆس و هه‌مو ئه‌وانه‌ی پشت ئاشان چوبونه ئه‌وێ، له ئێران کیژێکم له‌دایک بوو وتیان ئه‌وه پاسدار دێت ئه‌و گونده ده‌گرێ، دیسان کاک مه‌حمود کاروانچی بۆ گرتم بۆ قه‌ڵادزه به نهێنی، به‌ڵام له‌ڕێگاش دیسان به‌ناو پێشمه‌رگه‌ی یه‌کیتی ره‌تبوین، له‌ترسان وتم له ئێران بووم له‌دوی مێرده‌که‌م گه‌راوم، چونکه ئه‌سیری شه‌ری عێراق ئێرانه، ئه‌ویش له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌ک دیسان بم گرن، له‌وێوه به‌نهێنی بۆ هه‌ولێر له‌وێش به‌نهێنی له‌ژورێکی سه‌ره‌وه‌ی ماڵی خوشکم ده‌ژیام، سه‌د میوان بهاتایه ده‌بو خۆم ئاشکرا نه‌که‌م، به‌رده‌وام به‌نهێنی و له‌سه‌ره‌وه ده‌ژیام.
نازانم کێ بوو زانیبوی و ته‌قریری دابوو که‌من له‌وێ ده‌ژیم به‌سه‌یاره‌ی مێردی خوشکم ده‌چومه ماڵی برام، ئه‌من و ئیستغبارات لای قه‌سر شیمال سه‌یاره‌یان راده‌گرت له‌خه‌ڵکیان ده‌پرسی، منیش وتم بڵێی بۆ من نه‌بێ؟ خوشکم وتی کێ ده‌تناسێ؟ به منداڵه‌که‌ت خۆت خه‌ریک بکه، هاتن وتیان کێتان فه‌یرۆزه؟ وتم منم، وتی کوا کچه‌که‌ی روسیات؟ وتم کچم نیه له روسیا ئه‌وکچه‌م هه‌یه که پێمه، بردمیانه موخابه‌رات ئیدی هه‌مو گیران، خوشکه‌که‌م و مێرده‌که‌ی و هه‌موی، به‌ڵام پێشتر به منداڵه‌کانم وت بشتان کوژن هه‌رچیان وت بڵێن نازانین، باش بوو وایان کردبو، مناڵه‌کان شه‌وو رۆژێک گیران من و مێردی خوشکه‌که‌میان برده که‌رکوک و من دو مانگ سجنی ئينفرادی بووم، کچه‌که‌شم لای خوشکم ده‌ژیا.
*له‌پشت ئاشان کۆمه‌ڵێک عه‌ره‌ب هه‌بوون له‌گه‌ڵ شیوعی بوون ئه‌وان چیان به‌سه‌ر هات؟
- عه‌ره‌به‌کان هه‌موو ناوی نهێنیان هه‌بوو له‌ناو حزب، که‌سمان له ژنه‌کان ناوی ئه‌سڵیمان نه‌ده‌زانین یه‌کێتییه‌کان ده‌یان هێنان، ده‌یانوت ئه‌مه ناوی چییه ئێمه‌ش نه‌مانده‌زانی، ده‌یان وت ئه‌گه‌ر ناوی ئه‌سڵیان نه‌زانن ده‌یان کوژین ئێ نه‌مان ده‌زانی بۆیه زۆریان ده‌کوشتن.
*ئه‌وه پیاوه عه‌ره‌به‌کان ئه‌ی ژنه‌کانیان چیان به‌سه‌ر هات؟
-ژنه‌کان گیران و جیایان کردنه‌وه له‌ئێمه، واته له‌گه‌ڵ ئێمه نه‌بون نازانم چیان به‌سه‌ر هات و به‌ره‌و کوێ‌یان بردن؟ چونکه ژنه عه‌ره‌به‌کان چه‌کیان له‌شان بوو و پێشمه‌رگه‌بوون وه‌ک پیاوه‌کان.
*باسی ئه‌وه هه‌یه که‌مته‌رخه‌می شوعی بوو روداوی پشت ئاشان رویدا له‌شیوعییه‌کانیش گله‌یی ئه‌وه ده‌که‌ن له که‌ریم ئه‌حمه‌د له‌کاتی گرتنی و روداوی پشت ئاشان رێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی کردوه واته ئه‌وکاته به‌کاتی رێکه‌وتن نازانن تۆ رات چییه؟
- وه‌ڵا مه‌گه‌ر که‌مته‌رخه‌می له‌وه‌ی که ته‌سه‌وری ئه‌وه‌یان نه‌ده‌کرد یه‌کێتی بێت بدات به‌سه‌ر سه‌رکردایه‌تیدا، خۆ ئاماده‌کردن نه‌بوو پێشمه‌رگه‌ی شه‌رکه‌ر نه‌بوو، له‌وێ ته‌نها باره‌گای سه‌رکردایه‌تی لێ‌بوو کاتی روداوه‌که‌ش مه‌نتیقه هه‌موو گیرابوو، هاوکاری پێشمه‌رگه نه‌ده‌گه‌شت، مه‌گه‌ر ئه‌وه که‌مته‌خه‌می بوبێت و ره‌نگه به فیعلی ئه‌وه‌ش که‌مته‌رخه‌می بێت، ئه‌وکات بۆ ڕێکه‌وتنه‌که‌ش، له‌ناو سه‌رکرده‌و پێشمه‌رگه‌کانی شیوعی ئه‌وه‌نده‌ی گوێم لێ‌بوو بۆ رێککه‌وتنه‌که‌ی کاک که‌ریم ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ره‌خنه‌یان هه‌بوو و پێیان خۆش نه‌بوو، چونکه دوای ئه‌وکاره‌ساته‌ی پشت ئاشان به‌و ده‌موده‌سته کاتی رێکه‌وتن نه‌بو، شیوعییه‌کان هه‌مو دڵبرینداربوون، بۆیه کاتی رێککه‌وتنه‌که ناخۆش بوو، ئه‌گه‌رنا برایه‌تی بۆ هه‌موکات باشه وه‌کو رای خۆشم بۆ کاته‌که‌ی ده‌ڵێم نه‌ده‌بو ئه‌وه‌نده زوو رێکه‌وێت، ئه‌و ڕه‌خنه‌شم گوێ لێده‌بوو، چونکه برینه‌کان ساڕ‌ێژ نه‌بوبون گه‌رما و گه‌رم بوو.
*مامۆستا فاتیح ره‌سوڵ که هاوسه‌ری به‌ڕێزتان بوو جارێک باسی ئه‌وه ده‌کات که‌سو کاری کوژراوه عه‌ره‌به‌کانی پشت ئاشان واته شیوعییه‌کان سه‌رقاڵی کۆکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌شیروان مسته‌فا بده‌نه دادگا تۆ تاچه‌ند ئاگاییت له‌وه هه‌یه؟
- راستی ئه‌وه‌م گوێ لێ نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وه‌م بیستوه که مام جه‌لال داوای لیبوردنی له‌برا عه‌ره‌باکان کردووه نازانم ئه‌وه‌ش تا چه‌ند راسته؟.
*تۆ داوای لێبوردن له حزبی شیوعی له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فاو یه‌کێتی تاچه‌ند به پێویست ده‌زانی؟
- پێویسته داوای لێبوردن بکرێت، چونکه ئه‌و برینانه ده‌بێ ساڕ‌ێژ بن، به‌ڵام به‌داخه‌وه له کوردستان هه‌مو حزبه‌کان له‌یه‌کیان کوشتووه‌و داوای لێبوردنیش به شه‌رم ده‌زانن، ئه‌گه‌ر له‌من بپرسی ده‌ڵێم کاتی ئه‌وه هاتووه که هه‌موو حزبه‌کان داوای لێبوردن له‌یه‌کتر بکه‌ن ئه‌وانه‌ی له‌یه‌کتریان کوشتووه.
*له یه‌کێتی کێت بینی سه‌رپه‌رشتی ئه‌و هێرشه بکات بۆ پشت ئاشان؟
-من به‌س سامان گه‌رمیانیم بینی و ده‌مناسی له‌گه‌ڵ کاک نه‌وشیروان، به‌ڵام پێم وایه کاک نه‌وشیروان سه‌رپه‌رشتی هه‌مویانی ده‌کرد.
*ته‌مه‌نێک ده‌ربه‌ده‌ری و دوای ئه‌وه‌ش زه‌مه‌نێک دوری له‌وڵات هه‌ستنا‌که‌ی ئێستا نامۆ بیت به‌وڵاتی خۆت حه‌ز ناکه‌ی بگه‌رێیته‌وه؟
- نامۆبونێکی زۆر زۆر دروست بووه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتم نیه ئه‌وکات ناچار بووم به‌دوای باوکیانه‌وه ده‌ربه‌دربووم و ئێستاش مناڵه‌کانم لێره‌ن و خوێندن و کاریان لێره‌یه، ناتوانم جێیان بهیڵم یانی ئێستاش ده‌ربه‌دری دوای ئه‌وانم ناتوانم دوربم لێیان و ته‌نیابم.
*ته‌مه‌نێک ناخۆشیت باسکرد ئه‌ی چ کات بۆتۆ خۆش بوو؟
- کاتێکی وانیه خۆشییه‌کی ته‌واوم بینی بێت، ئه‌و ماوه‌یه شیوعی له‌گه‌ڵ حکومه‌ت جه‌بهه‌یان کرد خۆش بوو لای من، چونکه بابی ئاسۆس له‌ماڵ بوو له‌گه‌ڵ منداڵه‌کان بوو، به‌ڵام له‌هه‌مان کات ناخۆش بوو که‌له‌گه‌ڵ به‌عس ڕێککه‌وتبوون.
