دوای نزیكه‌ی شه‌ش مانگ گفتوگۆ‌و دیالۆگ، دواجار ره‌فیق سابیر بڕیاری ئه‌وه‌یدا گفتوگۆیه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه له‌سه‌ر ئه‌زمونی شیعریی و ئه‌ده‌بی ئه‌و بكه‌ین، ئێمه له‌م گفتوگۆیه ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ڵوێسته‌مان له‌سه‌ر شیعر و ته‌كنیكی شیعری و ئه
زموونی ئه‌و كردووه وه‌ك شاعیرێك، هێَنده نه‌چووینه‌ته ورده‌كارییه‌كانی تری ژیانی، بۆیه ئه‌و به سه‌لیقه و به ئیلتیزامێكی گه‌وره‌وه قسه له‌سه‌ر وه‌زیفه‌ی شیعر و به‌های شیعری خۆی له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ده‌كات.
سازدانی: كامه‌ران سوبحان- دانا فایه‌ق
*له سه‌ره‌تاکانی ئه‌زموونی شیعرنووسینته‌وه جۆرێک له جیاوازبوون له ده‌نگه شیعرییه‌کانی تر ده‌رده‌که‌وێت، ئایا جیاوازیی شاعیر له ته‌ک ده‌نگه شیعرییه‌کانی تردا هۆکارێکه بۆ ئیش‌کردن له قووڵایی مانا و ته‌کنیکی شیعرییدا، یان ئه‌و جیاوازبوونه‌ی تۆ له شیعر جۆریکه له خوڵقاندنی زمانێکی نوێ له تێکستدا؟
-ئه‌و جیاوزییه‌ی تۆ باسی ده‌که‌یت، له بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندی به جیاوازیی شێوازه‌وه هه‌یه، واتا جیاوازییه له تێڕوانینی شیعری و شێوازی شیعرییدا. شێواز بۆ هه‌ر شاعیر و هونه‌رمه‌ندێک هه‌م تایبه‌تمه‌ندیی شاعیره‌که (هونه‌رمه‌نده‌که) پێشان ده‌دات، هه‌م که‌سایه‌تیی ئه‌ویش ده‌رده‌خات، یان ره‌نگه شێواز که‌سایه‌تیی داهێنه‌ر بێت. ئایا مر‌ۆڤ ده‌توانێت له بوارێکی ئه‌ده‌بی، هونه‌ری و فیکریدا داهێنانێک بخاته روو ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مه‌که‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌کی نه‌بێت و له به‌رهه‌می هاوپیشه‌کانی خۆی جیاواز نه‌بێت؟ بۆیه جیاوازبوون به‌ره‌و خۆبوون و جیاوازیی ستایل و تایبه‌تمه‌ندیمان ده‌بات، له وانه‌یشه خۆی ببێته جۆره ئامانجێک، که به هۆیه‌وه ئه‌زموونی شاعیر (هونه‌رمه‌ند به گشتی) پێده‌گات و به‌ره‌و خه‌مڵین و کامڵ‌بوون ده‌چێت. من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پێم وابووه که هه‌ر شاعیرێک ئه‌گه‌ر خاوه‌نی شێواز و تایبه‌تمه‌ندیی شیعریی خۆی نه‌بێت، ناتوانێت خۆی بێت. ئه‌گه‌ر خۆیشی نه‌بێت ناتوانێت شتێکی گرنگ بخاته سه‌ر خه‌رمانی شیعر و ته‌نیا وه‌ک زایه‌ڵه‌یه‌کی شاعیرانی تر ده‌مێنێته‌وه. بۆیه هه‌وڵدان بۆ جیاوازبوون له شاعیرانی تر هه‌وڵدانه بۆ داهێنانی مانا و ته‌کنیکی نوێی شیعری و وێناکردنی جوانی، هه‌وڵدانه بۆ پێکهێنانی جیهانێکی تایبه‌تی شیعری و خوڵقاندنی زمانێکی نوێ و جیاواز. ئه‌م جیاوازییه به دڵنیاییه‌وه له تێکرای ئه‌زموون و ستایلی شاعیردا، له پێش هه‌ر شتێکدا له شێوه‌ی مامه‌ڵه‌کردنی له‌گه‌ڵ زمان و جیاوازیی زماندا، خۆی ده‌رده‌خات. جیاوازبوون بۆ من به‌شێکه له داهێنان خۆی و لێی جیا نابێته‌وه.
* له دیوانه‌شیعری (وه‌رزی سه‌هۆڵبه‌ندان) دا، زمان و ته‌کنیکی نوێ ئیشی پێکراوه، له یه‌ک کاتدا سه‌ردێک ده‌بیندرێت، له هه‌مان کاتدا جۆره زمانێکی به‌ره‌نگاری و رووبه‌ڕووبوونه‌وه به‌رچاو ده‌که‌وێت. به تایبه‌تی هه‌ست ده‌کرێت تارمایی برێخت ئاماده‌بوونێکی جوانی هه‌یه، کاتێک تۆ له رێگه‌ی برێخته‌وه ده‌ڵێیت "له سه‌رده‌میکی تاریکیدا ده‌ژین، گه‌مژه‌ییه به نه‌رمونیانی بیر بکه‌ینه‌وه". ئایا تۆیش کار له‌سه‌ر زمانیکی نانه‌رمونیان ده‌که‌یت، له به‌رامبه‌ر ده‌ره‌وه‌ی خودی شیعریدا؟
-ئه‌وه یه‌که‌مین جاره که‌سێک ئاماژه به‌وه بکات که تارمایی برێخت به (وه‌رزی سه‌هۆڵبه‌ندان) ه‌وه دیار بێت. دیاره ئه‌مه رایه‌که، یان ره‌نگه خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆت بێت، له‌وانه‌یشه ئه‌و چه‌ند دێڕه شیعره‌ی برێخت، که له سه‌ره‌تای قه‌سیده‌که‌دا دامناوه، ئه‌و بۆچوونه‌ی لای به‌ڕێزت دروست کردبێت. خۆم باوه‌ڕ ناکه‌م شوێنه‌وارێکی برێخت له‌م قه‌سیده‌یه‌دا هه‌بێت، به‌ڵام قه‌سیده‌که خۆی خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر و لێک جیاواز هه‌ڵده‌گرێت. بۆ نموونه رۆماننووسی ناسراوی سوێدی (تۆربیۆن سێفڤێ) له پێشه‌کی گوڵبژێرێکی هۆنراوه‌کانمدا (که له لایه‌ن نووسه‌ر و وه‌رگێڕ کاک گۆران مه‌ریوانییه‌وه کران به سوێدی و له ساڵی 1999دا به ناوی وه‌رزی سه‌هۆڵبه‌ندانه‌وه بڵاو کرانه‌وه) له باره‌ی ئه‌م قه‌سیده‌یه‌وه نووسیویه‌تی "له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م شیعره به‌هێزه یادوه‌رییانه‌دا جار له دوای جار تۆنی مایاکۆڤسکی ده‌بیستم، نه‌ک وه‌ک لاساییکردنه‌وه، به‌ڵکو وه‌ک جیاوازی و تایبه‌تمه‌ندیی که‌سایه‌تیی یاخیبوویه‌کی خۆشه‌ویستی، یان ئه‌ڤیندارێکی یاخی. (ره‌فیق) یش هه‌ر وه‌ک مایاکۆڤسکی له سووتاندایه. پڕ به گه‌روو، به هاوار ژانه سه‌راسه‌ری (گشتی) و سیاسییه‌کانی ده‌رده‌بڕێت". هه‌روا خاتوو مایا نیتیامێکی ده‌ڵێت: "خزمایه‌تیی نێوان سابیر و مایاکۆڤسکی به ئاشکرا دیاره، به‌ڵام ده‌نگی سابیر ده‌نگی خۆیه‌تی و خاوه‌نی ژێیه‌کی خاکیتر و کامڵتره به به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌نگی به‌جۆشی پێشه‌وا گه‌وره‌که" (رۆژنامه‌ی نێریکێس ئالێهانده... رۆژی 30-10-1999 که‌چی شاعیر و ره‌خنه‌گری سوێدی (بۆ گۆستاڤسۆن) (رۆژنامه‌ی ئوپسالا نیاتیدنیندگێن... رۆژی 3-11-1999) پێی وایه ئه‌م هۆنراوه‌یه (ده‌کرێت به هۆنراوه‌ی وێرانه خاکی ت. س. ئیلیۆت به‌راورد بکرێت) . ئاشکرایه ئه‌م بۆچوونه جۆراوجۆر و جیاوازانه، به رایه‌که‌ی به‌رێزیشته‌وه، په‌یوه‌ندی به قه‌سیده‌که خۆیه‌وه هه‌یه، که ده‌رفه‌تی ئه‌م جۆره لیکدانه‌وه و به‌راوردانه ده‌دات. به‌ڵام له باره‌ی نانه‌رمونیانی زمانی قه‌سیده‌که‌وه ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم که زمانی ئه‌و تێکسته، به لای که‌مه‌وه بۆ من، زمانێکی شیعریی نوێ و جیاواز بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێکسته‌که له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی عێراق دژی کورد و شه‌ڕی عێراق و ئێران و گه‌رمه‌ی شه‌ڕی نێوخۆی ناوه‌ڕاستی ساڵانی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا (1986) نووسراوه، له هه‌ندێ کۆپله و بڕگه‌ی شیعره‌که‌دا نانه‌رمونیانی و ته‌نانه‌ت جۆره توندییه‌ک دیاره. ره‌نگه ئه‌م زمانه نانه‌رمونیانه له هه‌ندێک هۆنراوه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی من و زۆر شاعیری تری کورددا ده‌ر بکه‌وێت. ئه‌مه‌یش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه سه‌خته‌یه که ئیمه‌ی کورد تێی که‌وتووین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێ ده‌رچێت زمانی (وه‌رزی سه‌هۆڵبه‌ندان) به گشتی زمانێکی شیعری و عاشقانه‌ی شه‌فافه و پڕه له وێنه‌ی شیعری و هه‌وڵدان بۆ جۆشدانی توانای زمان و ده‌رخستنی جوانیی شاردراوه‌ی زمانی کوردی.
*هه‌ر له (وه‌رزی سه‌هۆڵبه‌ندان) دا به‌ده‌ر له‌و زمانه تایبه‌ته هه‌وڵت داوه له رێگه‌ی زمانی وێنه‌وه هه‌یمه‌نه‌ی سروشت بکه‌یت، به جۆریک وێنه شیعرییه‌کانت له دیمه‌نی سینه‌مایی ده‌چن. ئایا په‌نابردن بۆ ئه‌م جۆره ته‌کنیکه شیعرییه، ئاراسته و به‌های شیعر له سیستمێکی زمانه‌وانییه‌وه به‌ره‌و سیستمێکی وێنه‌یی بیندراو نابات؟
-وێنه‌ی شیعری، به هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه، هه‌ر له سه‌رده‌می گریکه‌کانه‌وه تا ئیمرۆ، گرنگترین لایه‌نی هونه‌ریی شێعر پێک دێنێت. ته‌نانه‌ت هه‌ندیک نووسه‌ر پییان وایه که شیعر له بنه‌ڕه‌تدا نیگارکێشانه به هۆی وشه‌وه. زمان له رێی وێنه‌ی شیعرییه‌وه (لێکچواندن، مێتافۆر، که‌ساندن، سیمبول.. ) له دۆخی ئاسایی خۆی ده‌رده‌چێت و له زمانی راسته‌وخۆوه ده‌گۆردرێت به زمانی هێما و ئاماژه و زمانی شیعری، له‌وێشه‌وه زمان جوانیی خۆی و توانای ده‌ربڕینی خۆی پێشان ده‌دات. شیعر، به رای من، نه سیستمێکی زمانییه و نه سیستمێکی وێنه‌ییه. شیعر پێش هه‌ر شتێک گه‌مه‌کردنێکی هۆشیارانه‌یه له‌گه‌ڵ زماندا، یان دروستتر بڵێم داهێنانه له زماندا، له‌م لایه‌نه‌یشه‌وه شیعر له‌گه‌ر بیر (فیکر) دا یه‌ک ده‌گرنه‌وه، چونکه شیعر و زمان، وه‌ک هایدیگه‌ر ده‌ڵێت، هه‌ردووکیان بێ سنوور خزمه‌تی زمان ده‌که‌ن. به‌ڵام ئایا به‌بێ وێنه‌ی شیعری ده‌تواندرێت جوانی و سیحر و توانای ده‌ربڕینی زمان پێشان بدرێت؟ ئایا بیرۆکه و تێڕوانین و بۆچوونه‌کانمان، به‌بێ ئاوێته‌کردنیان له گه‌ڵ وێنه‌ی شیعریدا ده‌توانن شێوه‌ی ئێستاتیکی وه‌ربگرن و له بیر‌و بۆچوونی رووته‌وه بگۆڕدرێن به هونه‌ر؟
له هه‌مان کاتدا شیعری مۆدێرن په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هیزی به به‌شه‌کانی دیکه‌ی هونه‌ره‌وه هه‌یه و سوود له نیگارکێشان و هونه‌ری سینه‌ما و مۆسیقا وه‌رده‌گرێت. راستییه‌که‌ی من نه‌ک هه‌ر له (وه‌رزی سه‌هۆڵبه‌ندان) دا، به‌ڵکو له ته‌واوی ئه‌زموونی شیعریی خۆمدا هه‌وڵم داوه که بایه‌خێکی تایبه‌ت به وێنه‌ی شیعری بده‌م. ئه‌مه به‌شیکه له تێگه‌یشتنی من له شیعر و به پێوانه‌یه‌کی گرنگی هونه‌ری و ئێستاتیکی ده‌زانم.
*په‌یوه‌ندیی مه‌نفا و خودی شاعیر په‌یوه‌ندییه‌کی جه‌ده‌لی و به‌هێزه، زۆر جار مه‌نفای شاعیر، مه‌نفای شیعر دروست ده‌کات، هه‌روه‌ک لای نالی. تۆ له خودێکی مه‌نفیکراودا شیعره‌کانت لاواندنه‌وه‌ی چرکه‌کانی نیشتمانه، یان جۆرێکه له یاخیبوون به‌رامبه‌ر به‌و سیستمه‌ی که بیه‌وێت خودی شاعیر ده‌سته‌مۆ بکات؟
-مه‌نفا شوێنێکی که‌می له شیعره‌کانی مندا نه‌گرتووه. قه‌سیده‌ی (وه‌رزی سه‌هۆڵبه‌ندان) که تۆ ناوت هێنا، له بنه‌ڕه‌تدا هۆنراوه‌یه‌که له‌باره‌ی مه‌نفا و ئه‌ڤین، یان ئه‌ڤین له ساته سه‌خته‌کانی مه‌نفادا که ریتمی ژیان تێکده‌چێت و ئه‌وین ده‌بێته ئه‌و جه‌مسه‌ره‌ی که یاده‌وه‌ری و منداڵی و رابردوو به ئێستایه‌کی ته‌ماوی و سه‌خته‌وه گرێ ده‌دات. ئێستایه‌ک که مر‌ۆڤ، دوای ئه‌وه‌ی به هۆی سته‌م و راونانه‌وه ناچارکراوه له کۆمه‌ڵگایه‌کی نوی و نامۆدا بژی، ده‌بێت بتوانێت به‌رگه بگرێت. بۆ ئه‌وه‌ی بشتوانێت به‌رگه بگرێت و که‌سایه‌تی و که‌رامه‌ت و مرۆڤبوونی خۆی بپارێزێت و شوێنێک بۆ خۆی له نێو کۆمه‌ڵگایه‌کی نوێ و کولتوورێکی نوێ‌دا بکاته‌وه، پێویسته رابردوو دوای خۆی به‌جێ بهێڵێت و له سه‌ره‌تاوه و له سفره‌وه ده‌ست پێ بکاته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه لیژنه‌ی خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیی (کلاس دی ڤیڵدێ) له سوێد کاتیک له ساڵی 1999 خه‌ڵاتیان کردم، له روونکردنه‌وه‌که‌یاندا هاتبوو که "ره‌فیق سابیر له شیعره‌کانیدا واقیعی ئێکسیل (مه‌نفا) ی گۆڕیوه به وڵاتێکی شاعیرانه و له‌سه‌ر به‌رپرسیارێتیی خۆی تێیدا ده‌ژی".
به‌ڵام مه‌نفا له شیعره‌کانی مندا ته‌نیا مه‌نفایه‌کی جیۆگرافی نییه، که نزیکه‌ی نیوه‌ی ژیانم تێدا به‌سه‌ر برد، به‌ڵکو مه‌نفایه‌کی وجودی-فه‌لسه‌فییشه، که ره‌نگه دروستتر بێت به به‌خۆنامۆبوون ناو ببرێت. چونکه ئه‌م جۆره مه‌نفایه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌نجامی نامۆبوونی مرۆڤه به خۆی و به کۆمه‌ڵگا و ده‌وروبه‌ر و ژیان. مر‌ۆڤ، به هۆی گه‌شه‌کردنی هۆشیارییه‌وه، ناتوانێت له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌که‌یدا هه‌ڵ بکات و بگونجێت خۆی له کۆمه‌ڵگه‌که‌یدا ببینێته‌وه. به کورتی پێموایه مه‌نفا، له هۆنراوه‌کانی مندا، فره‌ره‌نگه، به بارێک‌دا هه‌ستکردنه به نامۆبوون به‌خۆ و به ژیان و ده‌وروبه‌ر و بوون، به بارێکی دیکه‌دا ژیانه له‌گه‌ڵ ئه‌و یادوه‌ری و شوێن و رووداوانه‌ی که په‌یوه‌ندییان به منداڵی و وڵاته‌وه هه‌یه و رۆژێک له رۆژان مانایه‌کیان داوه به ژیانی من، هه‌روا ره‌نگه جۆره یاخیبوونێکیش بێت له سته‌م و بێدادی و ده‌سته‌مۆکردن.
*ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی شیعره‌کانت وه‌رنه‌گێڕدراون، به‌ڵکو چه‌ند شیعرێکت کراون به فارسی و سوێدی و... که‌چی له روانگه‌ی ئه‌و چه‌ند شیعره‌وه کۆمه‌ڵێک بابه‌تی باشت له باره‌وه نووسراوه و به بایه‌خه‌وه باس له شیعره‌کانت کراوه. به‌ڵام له ناو ئه‌ده‌بی کوردی‌دا ئه‌و بایه‌خه به شیعره‌کانت نه‌دراوه و له لایه‌ن ره‌خنه‌گرانه‌وه هه‌قی ته‌واویان نه‌دراوه‌تێ. ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
-کورد ده‌ڵێت نرخی زێڕ لای زێڕنگه‌ره و مشتێکیش نموونه‌ی خه‌روارێکه. ئه‌م حاڵه‌ته‌ی تۆ باسی ده‌که‌یت ناعه‌داله‌تییه‌کی کۆمه‌ڵگای ئێمه، له‌م باره‌ییه‌وه، پێشان ده‌دات، یان دیاره وه‌ک شێکسپیر ده‌ڵێت گه‌نده‌ڵییه‌ک له دانمارک هه‌یه. ئه‌م جۆره حاڵه‌ته له کۆندا له ئه‌ده‌بی گه‌لاندا نموونه‌ی هه‌بووه. نووسه‌ری ناسراوی سوێدی ئاوگۆست ستریندبێری ساڵانێکی زۆر له وڵاتی خۆیدا بایه‌خی پێنه‌درا و په‌راوێز خرابوو و ته‌نانه‌ت ناچار کرا وڵات به‌چی بهێڵێت، که‌چی له فره‌نسا و ئه‌ڵمانیا بایه‌خی زۆر به به‌رهه‌مه‌کانی ده‌درا.
خۆت ده‌بینیت ئێمه له ناو چ ئاژاوه و قه‌یرانێکی رووناکبیری، سیاسی، ئابووری و ئه‌خلاقییدا ده‌ژین. گه‌نده‌ڵی له ناو ژیانی رووناکبیرییماندا سه‌رتۆپی نێو گه‌نده‌ڵییه‌کانه. ئایا له که‌شوهه‌وایه‌کی له‌م جۆره‌دا ده‌کرێت چاوه‌ڕێ بین که ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییمان (ئه‌گه‌ر هه‌بێت) ئۆبجێکتیڤانه، زانستییانه و رووناکبیرانه و به ویژدانه‌وه بێت؟ ئایا ئه‌وانه‌ی له بواری ره‌خنه‌ی کوردی‌دا ده‌نووسن چه‌ندیان ئاگاداری تیئۆرییه کلاسیک و مۆدێرنه‌کانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیین، یان ئاگایان له شیعری ئیمڕۆی جیهان هه‌یه؟ چه‌ندیان به راستی نه‌ک زمانێکی ئه‌وروپایی، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت زمانی عه‌ره‌بی به باشی ده‌زانن؟ هه‌ژاریی فیکری و رووناکبیری و که‌می زانین و زانیاریی ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌یی، دیارده‌ی ته‌سکبینیی له‌ناو ژیانی ئه‌ده‌بیی ئێمه‌دا زاڵ کردووه. بایه‌خدان به یه‌ک تاکه مۆدێلی شیعری، له‌به‌رچاوگرتنی په‌یوه‌ندیی که‌سی و ده‌سته‌به‌ندی و سێکته‌چێتی و شارچێتی، له کاتی نووسین له باره‌ی هه‌ر که‌س و به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بییه‌وه، نیشانه‌ی ئه‌و ته‌سکبینییه‌ن که ئاماژه‌م بۆ کرد. مرۆڤی رووناک‌بیر زۆر زه‌حمه‌ته بتوانێت بێ‌ویژدان و گه‌نده‌ڵ و ناعادیل بێت. من ناڵیم ره‌خنه‌گری جیدی و رووناکبیرمان نییه، به‌ڵام گرفته‌که زۆر له‌وه گه‌وره‌تره که به کۆشش و به‌رهه‌می تاکوته‌رای ره‌خنه‌گرێک و دووان و سیان چاره‌سه‌ر بکرێت. ئه‌گه‌ر له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا گرووپێک ره‌خنه‌گری رووناک‌بیر و شاره‌زا هه‌بووایه، به‌لای زۆره‌وه، له‌وانه بوو بتوانن سنوورێک بۆ ئه‌و ئاژاوه و بیزه‌وقی و سێکته‌چێتی و میلیشیاچێتییه دابنێن که ئه‌ده‌بی کوردی‌یان داهێزاندووه و له‌و ناهه‌قییه‌یش که‌م بکه‌نه‌وه که به‌رامبه‌ر به هه‌ندێک داهێنه‌ر کراوه و ده‌کرێت. هه‌روا ده‌کرا پێشانی بده‌ن و بیسه‌لمێنن که ره‌خنه‌گری جیدیی هه‌ن، له نووسین و ره‌خنه‌کانیاندا هیچ جۆره ئیعتیبارێکی شه‌خسی، سیاسی، حیزبایه‌تی و دۆستایه‌تی له‌به‌رچاو ناگرن و ته‌نیا به‌دوای دۆزینه‌وه و ئاشکراکردنی جوانی و داهێنان و راستیدا ده‌گه‌ڕێن. ده‌سته‌یه‌کی له‌و جۆره ده‌یتوانی نموونه و مۆدێلێکی تری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بره‌و پێ بدات و رێز و حورمه‌تێک بۆ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و له‌وێشه‌وه بۆ داهێنان و ژیانی رووناکبیریمان بگێڕێته‌وه. ره‌خنه له وڵاتانی تر داینه‌مۆی گه‌شه‌پێدان و به‌زیندووڕاگرتنی ژیانی کولتووری و فیکرییه. ده‌نگه گرنگ و نوێ و داهێنانه داپۆشراو و نه‌بینراوه‌کان، له رێی ره‌خنه‌وه رووناکییان ده‌خرێته سه‌ر و بایه‌خیان بۆ خوێنه‌ران ئاشکرا ده‌کرێن. که‌چی لای ئێمه ره‌خنه خۆی بۆته به‌شێک له‌و گرفت و ئاژاوه و گه‌نده‌ڵییه‌ی ژیانی رووناکبیریی گۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی ته‌نیوه.
دیاره له‌م که‌شوهه‌وا رووناکبیرییه‌دا سه‌یر نییه له ناو ئه‌ده‌بی کوردی‌دا، وه‌ک پێویست، بایه‌خ به شیعره‌کانی من و به‌رهه‌می هه‌ندێک که‌سانی تریش نه‌درێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، من وه‌ک شاعیرێک، چ له سه‌رده‌می به‌عس چ له دوای راپه‌ڕین، به هۆی هه‌ڵوێستی سیاسییمه‌وه، که خۆم پێیان شانازم، به‌ر په‌لامار که‌وتووم، هه‌وڵی که‌نارخستنم دراوه، به‌رهه‌مه‌کانم و ته‌نانه‌ت ناوهێنانم یاساخ کراون. له کۆتایی ساڵی 1978دا، چه‌ند مانگێک بوو وڵاتم به‌جێ هێشتبوو. له بوڵگارستانه‌وه دوو هۆنراوه‌ی نوێم بۆ مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا که‌ریم نارده‌وه تا له گۆڤارێک‌دا بڵاویان بکاته‌وه. مامۆستا هۆنراوه‌یه‌کیانی کرد به عه‌ره‌بی و، له رۆژنامه‌ی (ته‌ریق ئه‌لشه‌عب) که ئۆرگانی حیزبی شیوعی عێراق بوو، به ناوی خۆمه‌وه بڵاو کرایه‌وه. شیعره‌که‌ی دیکه‌یان (رێژنه) له گۆڤاری (رۆژی کوردستان) دا، که کۆمه‌ڵه‌ی رووناکبیریی کورد له به‌غدا ده‌ری ده‌کرد، به ناوی (شاعیرێکی دووروڵات) ه‌وه بڵاو کرایه‌وه. به‌م جۆره له سپته‌مبه‌ری ساڵی 1978 به‌دواوه، که وڵاتم به‌چی هێشت، ناوی من له رۆژنامه و گۆڤاره‌کانی عێراقدا، یاساخ کرا. یان دروستتر بڵێم ئه‌وانه‌ی ده‌میان له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه ده‌دا خۆیان له باسکردنی ناوی من و شیعری من به‌دوور گرت. ئه‌گه‌ر که‌سێکیش بووبێت که باسی منی کردبیت ئه‌وا رێگه‌ی نه‌دراوه. دوای راپه‌ڕینیش، به تایبه‌تی له دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ری ناوخۆ، ئه‌م جۆره هه‌ڵوێسته به جۆریکی تر به‌رامبه‌رم به‌رده‌وام بوو. پێش چه‌ند ساڵێک هاوڕێی شاعیرم عه‌بدوڵڵا په‌شێو به ته‌له‌فۆن ئاگاداری کردمه‌وه که له چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ گۆڤارێکی ئه‌ده‌بیی زۆر ناسراودا، که له هه‌ولێر ده‌رده‌چێت، ناوی منی له‌پاڵ ناوی چه‌ند نووسه‌رێکی ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا، هێنابوو که‌چی له کاتی بڵاوکردنه‌وه‌دا ناوی منیان لابردبوو. له سه‌ره‌تای ساڵی 2000دا د. مه‌غدید سه‌پان، له سوێد، دیدارێکی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ من و نووسه‌رێکی تردا کرد و بۆ رۆژنامه‌یه‌کی نارد له سلێمانی، که‌چی دیداره‌که‌ی من بڵاو نه‌کرایه‌وه. له ساڵی 2001دا له سوێده‌وه ده‌یه‌مین کۆمه‌ڵه هۆنراوه‌م (روونبوونه‌وه) له رێی براده‌رێکه‌وه بۆ هه‌مان رۆژنامه نارد، که‌چی هه‌واڵی ده‌رچوونی کۆمه‌ڵه‌هۆنراوه‌که‌یان بڵاو نه‌کرده‌وه. براده‌ره‌که‌م گله‌یی له سه‌رنووسه‌ری ئه‌و کاته‌ی رۆژنامه‌که کردبوو. ئه‌ویش دوای لێپێچینه‌وه فه‌رمانی به به‌رپرسی به‌شی گوایا (ئه‌ده‌ب و هونه‌ر) ی رۆژنامه‌که‌ی دابوو، که ده‌بێت هه‌واڵێک له باره‌ی کتێبه‌که‌وه بڵاو بکاته‌وه. هه‌واڵێکی بێ بایه‌خ له‌و باره‌یه‌وه بڵاو کرایه‌وه، به‌ڵام نه‌ک له‌و پاشکۆیه‌دا، به‌ڵکو له په‌راوێزێکی که‌مبایه‌خ و له‌گه‌ڵ ریکلامه‌کانی له لاپه‌ڕه‌ی پێش کۆتاییدا. که‌چی له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ئاماده‌ن به‌ربووکی و ده‌ڵاڵی بۆ هه‌ندێک شاعیری تر بکه‌ن!! ئه‌مه‌یه ئێتیک و ئه‌خلاق و ویژدانی به‌شێکی ئه‌و جۆره که‌سانه‌ی که له ژیانی ئه‌ده‌بی ئیمه‌دا ده‌سه‌ڵاتیان پێ دراوه. راستییه‌که‌ی ئه‌وانه بۆ به‌رپرسی گۆڤاری ئه‌ده‌بی و به‌شی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و رووناکبیریی رۆژنامه‌یه‌ک نه‌بێت ره‌نگه بۆ هه‌ر کارێکی تر ده‌ست بده‌ن. ئێستا ره‌نگه خراپ نه‌بێت بپرسین که ئایا له که‌شێکی ناساغی ئه‌ده‌بی، رووناکبیری و ئه‌خلاقیی له‌م جۆره‌دا و له ناو جه‌هلستانێکی بێ سنووردا، که نه زانیاری و نه‌ریتی ره‌خنه‌گریی هه‌ن، نه پێوانه‌ی هونه‌ری و ئێستاتیکی له‌به‌ر چاو ده‌گیرێن، نه‌مێتۆدی ره‌خنه‌یی و نه ئێتیک و ئه‌خلاقی رووناکبیریی په‌یڕه‌و ده‌کرێن، چۆن ده‌تواندرێت داهێنان بکرێته تاکه پێوانه و، داهێنه‌ران به جۆرێکی عادیلانه هه‌قی خویان بدرێتێ؟
*هه‌ندێک له ره‌خنه‌گران پێیان وایه شیعری بۆنه‌کان که‌مته‌مه‌نن و زوو ده‌مرن و له یاد ده‌چنه‌وه، (لاوکی هه‌ڵه‌بجه) یه‌کێکه له شیعره هه‌ره ناسراوه‌کانی تۆ و یه‌کیکه له‌و شیعره زیندووانه‌ی له ناو ئه‌ده‌بی کوردی‌دا ده‌بێت شانازی پێوه بکرێت، که‌چی شیعری بۆنه‌یه‌کی تایبه‌تیشه. بۆچی هه‌ندێک شیعری بۆنه زوو ده‌مرن و له بیر ده‌چنه‌وه، هه‌ندێکی تریان هه‌میشه به زیندوویی ده‌مێننه‌وه و نا‌مرن، وه‌کو لاوکی هه‌ڵه‌بجه؟
-راسته شیعری بۆنه به گشتی که‌مته‌مه‌نن و زوو له یاد ده‌چنه‌وه، چونکه زۆربه‌یان به‌رهه‌می په‌له‌کردن و هه‌ڵچوون یان توڕه‌بوونێکی کاتیین و له رووی هونه‌ری و ئێستاتیکییه‌وه ده‌شێت لاواز و ناکامڵ بن. به‌ڵام راستییه‌که‌ی زۆرینه‌ی شیعری ئاساییش، که شیعری بۆنه نین، به زیندوویی نامێننه‌وه. شاعیرێک ئه‌گه‌ر له ژیانی خۆیدا ده کۆمه‌ڵه شیعر بنووسێت، ره‌نگه به‌لای زۆره‌وه ته‌نیا چه‌ند قه‌سیده و پارچه‌شیعرێکی، که به قه‌واره‌ی کۆمه‌ڵه شیعرێک بن، به‌رگه‌ی زه‌مان بگرن. تۆ سه‌یری ئه‌و لێشاو و تۆفانه‌ی ئیمڕۆی شیعری کوردی بکه، که شیعری بۆنه نین، به‌ڵام زۆرینه‌یان له زۆربڵێییه‌کی بێزه‌وقانه زیاتر نین و هێنده‌ی ئه‌و کاغه‌زه‌ی له‌سه‌ری نووسراون نرخ و سوودیان نییه. جیگه‌ی داخه که هه‌ندێک شاعیری دیار و ناسراویش به‌شداری ئه‌م زۆربڵێییه ناشیرینه و تێکدانه‌ی چێژی هونه‌ری و زه‌وقی شێعریی خه‌ڵک ده‌که‌ن. که‌واتا مه‌سه‌له‌ی نه‌مری له ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا له بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه تا چه‌ند ئه‌و شیعره، تێکسته، یان به‌رهه‌مه هونه‌رییه به راستی هونه‌ره، واتا تا چه‌ند توانیویه‌تی به‌قووڵی و به شێوازێکی به‌رز و شیاوی هونه‌ری، هه‌ست و بیری مر‌ۆڤ بدوێنێت و لایه‌نی رۆحیی مر‌ۆڤ بێ‌دار و رووناک بکاته‌وه. ئه‌گه‌ر شیعری لاوکی هه‌ڵه‌بجه وه‌ک تۆ ده‌ڵێیت شیعرێکی نه‌مر بێت، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه نییه که په‌یوه‌ندیی به تراجیدیایه‌کی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئینسانیی وه‌ک تراجیدیای هه‌ڵه‌بجه‌وه هه‌یه، به‌ڵکو به رای من ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، له بنه‌ڕه‌تدا، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه که ئه‌م شیعره توانیویه‌تی به شێوه‌یه‌کی هونه‌ری باس له هه‌ندێک لایه‌نی تراجیدیاکه بکات، یان لایه‌نێکی تراجیدیاکه بگۆڕێت به هونه‌ر.
*ئه‌گه‌ر سه‌رنج له دیوانه‌کانی تۆ بده‌ین جیاوازییه‌کی زۆر ده‌بینین له ئه‌زموونێکه‌وه بۆ ئه‌زموونێکی تر، چ وه‌ک فۆرم و چ وه‌ک زمان، ئه‌م جیاوازییه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ ئایا باشتر نییه نووسه‌ر خاوه‌نی شێواز و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی بێت و پێوه‌ی بناسرێته‌وه؟
-هه‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌زموونی شیعریمه‌وه به‌رده‌وام ترسی ئه‌وه‌م هه‌بووه که خۆم دووباره و چه‌ندباره بکه‌مه‌وه و سه‌ره‌نجام شیعره‌کانم ته‌نیا چه‌ندایه‌تییه‌کی بێ چۆنایه‌تی (نه‌وعی) بن. شیعر لای من، وه‌ک مۆسیقا، پێش هه‌ر شتێك چۆنایه‌تییه، چۆنایه‌تیش سنووری نییه و له ساتوشوێنێکی دیاریکراودا و ته‌نیا به به‌راورد له‌گه‌ڵ شتێکی تردا، شێوه‌ی خۆی و نرخ و کامڵ‌بوونی رواڵه‌تییانه‌ی خۆی ده‌رده‌خات. هه‌رچه‌ند من بۆ گه‌یشتن به چۆنایه‌تی، زۆر خه‌ریکی لایه‌نی ته‌کنیکیی هۆنراوه‌کانم ده‌بم و به لای که‌مه‌وه حه‌وت تا هه‌شت جارێک پاکنووسیان ده‌که‌مه‌وه، به‌ڵام قه‌ت به ته‌واوی له‌وه رازی نه‌بووم که نووسیومه. هه‌میشه ویستوومه دوورتر بڕۆم. بۆیه به‌لامه‌وه گرنگ نییه چه‌ند ده‌نووسم، به‌ڵکو گرنگ ئه‌وه‌یه چۆن ده‌نووسم و تا چه‌ند له دوێنێی خۆم دوورتر ده‌ڕۆم. گرنگ ئه‌وه‌یه دوێنێی خۆم نه‌بم و به‌رده‌وام به جۆریکی جیاواز و تایبه‌ت، که ته‌نانه‌ت له خۆیشم نه‌چم بنووسم، جوانی و توانای ئیحایی و شه‌فافییه‌تی زمان و مۆسیقای نێوخۆی وشه‌کان، به په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ خۆیان و له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا ده‌ربخه‌م. دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌ر کۆمه‌ڵه هۆنراوه‌یه‌ک سه‌رنجی ره‌خنه‌گرانه له شیعره‌کانم ده‌ده‌م و هه‌وڵ ده‌ده‌م له کاری دواترمدا ته‌کنیک و زمانێکی، هه‌ر نه‌بێت به نیسبه‌ت خۆمه‌وه، نوێ و جیاواز له جاران به‌کار بهێنم. ره‌نگه هۆکارێکی تری ئه‌م جیاوازییه له ئه‌زموونێکه‌وه بۆ ئه‌زموونێکی تر، له فۆرم و زماندا، په‌یوه‌ندی به ژیانی ناسه‌قامگیرانه‌ی منه‌وه هه‌بێت له ئاواره‌ییدا. دوای ئه‌وه‌ی له مانگی سپته‌مبه‌ری ساڵی 1978دا وڵاتم به‌جێ هێشت، رووبه‌ڕووی ژیانێکی نائارام و کۆمه‌ڵه ئه‌زموونێکی سه‌خت و جۆراوجۆر و جیاواز بوومه‌وه. چه‌ند ساڵێک پێشمه‌رگایه‌تی، چه‌ند ساڵێک خوێندن له بوڵگارستان، چه‌ند ساڵێکی دی ژیان له سوریا و ئه‌فغانستان، دواتریش له هاوینی ساڵی 1989 به‌دواوه له سوێد جیگیر بووم. ئه‌و ژیانه قه‌ره‌جییانه‌ی من و ئه‌و هه‌موو وڵاتگۆڕینه وایان لێ کردووم که نه متمانه به شوین بکه‌م و نه بتوانم له هیچ شوێنێکدا به ته‌واوی ئارام بگرم. ئه‌وه سێ ساڵه گه‌ڕاومه‌ته‌وه کوردستان هێشتا نه‌متوانیوه به وڵاته‌که‌م ئاشنا ببمه‌وه و له ناخه‌وه هه‌ست به سه‌قامگیری بکه‌م. راسته له‌م سێ ساڵه‌دا پێنج جار، له سلێمانی، ماڵم گواستۆته‌وه و هێشتا به یه‌کجاری جێگیر نه‌بووم، به‌ڵام هه‌ستنه‌کردنم به سه‌قامگیری په‌یوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆی به‌و ماڵگواستنه‌وه‌وه نییه، ئه‌مه‌یان به‌لای زۆره‌وه حاڵه‌تێکی سایکۆلۆجی و رۆحییه و به‌رهه‌می مه‌نفایه‌کی ناسه‌قامگیر و په‌رته‌وازه‌بوونی نێو وڵاتانی جۆراوجۆره. من نه‌متوانی له هیچ کام له‌و وڵاتانه‌دا به ته‌واوی بڕوێمه‌وه. به‌لای زۆره‌وه توانای روانه‌وه و ئولفه‌تگرتنم به شوینه‌وه له‌ده‌ست داوه. ئه‌و که‌سه‌ی له زێدی خۆی هه‌ڵکه‌ندرا، ره‌نگه جارێکی دی نه‌توانێت له هیچ شوێنێک، ته‌نانه‌ت له وڵاتی خۆیشیدا، به ئاسانی بڕوێته‌وه. من له‌م په‌رته‌وازه‌بوونه‌ی نێو وڵاتان و کولتووره‌کانیدا به‌شی خۆم ئازار و ده‌رده‌سه‌ریم دیت، یان وه‌ک (هۆلدرین) ده‌ڵێت له خاکی بێگانه‌دا به ژان ئاشنا بووم و له زمانیش که‌وتم. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا ئه‌م ئه‌زموونه‌م جوانی و به‌خشنده‌یی زۆری هه‌بوو. ژیان و خوێندن و کارکردن له وڵاتانی جیاوازدا و خوێندنی زمانانی جۆراو جۆر و تێکه‌ڵبوون و ئاشنابوون به کو‌لتوور و ئه‌ده‌ب و شێوه‌ژیانی گه‌لانی لێک جیاواز، ناسینی که‌سانی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه و کولتووری جۆراوجۆر و دڵداریکردن به‌زمنانانی جیاواز.. تاد ئه‌مانه و زۆر شتی تریش، ژیانی تایبه‌تی منیان ده‌وڵه‌مه‌ندتر و ئه‌زموون و سه‌رچاوه‌ی رووناکبیریی منیان به پێزتر کردووه و له بیرکردنه‌وه‌و ره‌فتار و به‌رهه‌مه‌کانیشمدا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه، یان جۆره فره‌ڕه‌نگییه‌کیان به ئه‌زموونی شیعرییم و شێوازی شیعرییم به‌خشیوه، سه‌ره‌نجام زه‌مینه‌ی ئه‌و جیاوازییه‌یان باشتر ره‌خساندووه که تۆ باسی ده‌که‌یت.
به‌ڵام ئایا هه‌نگاونان له ئه‌زموونێکه‌وه بۆ ئه‌زموونێکی دی، به‌کارهێنانی فۆرم و زمانی شیعریی جیاواز ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که شاعیر خاوه‌نی شێواز و تایبه‌تمه‌ندی خۆی نییه؟ ئایا شێواز خۆی چییه؟ ئایا ماقوڵه شاعیرێک به درێژایی ژیانی به تاکه شێوازێك بنووسێت؟ راستییه‌که‌ی جیاوازییه‌کی زۆر هه‌یه له نێوان ئه‌زموونکاری و نێوان شێواز و تایبه‌تمه‌ندیی شاعیردا. ئه‌زموونکاری و په‌نابردنه به‌ر ته‌کنیک و زمانی نوێ و جیاوز به‌شیکه له پرۆسێسی داهێنان، که‌چی شێواز و تایبه‌تمه‌ندی، یان ستایلی تایبه‌ت، جیهانبینی و چڕبوونه‌وه‌ی کۆی ئه‌زموون و که‌سایه‌تی و رووخساری هونه‌ریی داهێنه‌ر ده‌رده‌خات. خۆدووباره‌نه‌کردنه‌وه و به‌کارهێنانی فۆرم و ته‌کنیک و زمانی شیعریی نوێ خۆی تایبه‌تمه‌ندییه‌کی‌ده‌گمه‌نه و له‌ده‌ست هه‌ر شاعیر و هونه‌رمه‌ندێک نایه‌ت. چونکه خۆدووباره‌کردنه‌وه ئاسانتره، ئه‌وه‌ی باوه شاعیران و هونه‌رمه‌ندان به گشتی زیاتر به‌ره‌و خۆدووباره و چه‌ند باره‌کردنه‌وه ده‌ڕۆن، ره‌نگه ئه‌مه جه‌برێکی زه‌مان بێت. مر‌ۆڤ له‌گه‌ڵ هه‌ڵکشانی ته‌مه‌ندا، ئه‌گه‌ر وریای خۆی نه‌بێت، ده‌شێت به ئاسانی و بێ ئه‌وه‌ی به خۆی بزانێت له ناو قاڵب و شێوازێکی دیاریکراوی هونه‌ری و کۆمه‌ڵه بیروبۆچوونێکی نه‌گۆڕدا قاڵب بگرێت و توانای بینین و قبووڵکردنی دیارده و شتی نوێی که‌م ببێته‌وه، یان ته‌نانه‌ت نه‌مێنێت. به کورتی ره‌نگه خۆدووباره‌کردنه‌وه خوویه‌ک بێت، که‌چی گۆڕینی زمان و ته‌کنیکی شیعری داهێنانه.
*تا چه‌ند نه‌بوونی زمانێکی ئه‌ده‌بیی ستاندارد و یه‌کگرتوو رۆڵیان بینیوه له گه‌شه‌نه‌کردنێکی گه‌وره و به‌رفراوانی ئه‌ده‌بی کوردی به گشتی و شیعر به تایبه‌تی، چونکه زمان و شیعر دووانه‌یه‌کی ته‌واوکاری یه‌کترین؟
-راستییه‌که‌ی گرفته‌کانی زمانی کوردی، له پێشه‌وه‌یان گرفتی نه‌بوونی زمانێکی ئه‌ده‌بیی ستاندارد، به سه‌رجه‌م ژیانی ئه‌ده‌بی و کولتووری و فیکری و به شێوازی بیرکردنه‌وه‌مانه‌وه دیاره. نه‌بوونی ئه‌و شێوه زمانه مرۆڤی کوردی، تا راده‌یه‌کی زۆر، به به‌شێکی گرنگی مێژووی ئه‌ده‌بی و کو‌لتووریی نه‌ته‌وه‌که‌ی نامۆ کردووه. با ته‌ماشای به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی کلاسیکیی کوردی بکه‌ین، که به هه‌موو پێوانه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری له ئاستی ئه‌ده‌بی کلاسیکیی فارس و عه‌ره‌بدایه. به‌ڵام ئه‌م ئه‌ده‌بیاته به سێ شێوه‌زمانی ئه‌ده‌بیی جیاواز هێندراونه‌ته به‌رهه‌م، شێوه‌زمانی گۆران (هه‌ورامانی) و کرمانجی باکوور و کوردیی خواروو. ئایا چه‌ند شاعیر و ئه‌دیبی کورد ده‌توانن ئه‌م به‌رهه‌مانه، به‌م شێوه‌زمانانه بخوێننه‌وه و سوودیان لێ وه‌ربگرن؟ ئایا شاعیرێکی کورد ئه‌گه‌ر به ئه‌ده‌بیاتی کلاسیکیی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی ئاشنا نه‌بێت، تا چه‌ند ده‌توانێت بره‌و به داهێنانه‌کانی بدات؟ ئایا ئه‌ده‌بی مۆدێرنی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک، ده‌توانێت له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کلاسیک و تایبه‌تمه‌ندی و نه‌ریته ئه‌ده‌بییه خۆماڵییه‌کانی نه‌ته‌وه‌وه گه‌شه بکات و روو له جیهانیبوون بکات؟ راستییه‌که‌ی شاعیران و ئه‌دیبانی هه‌ر وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌ک، هه‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌زموونی ئه‌ده‌بییانه‌وه به سامانی ئه‌ده‌بیی کلاسیکیی خۆیان و به نه‌ریته هونه‌ری و ته‌کنیکییه‌کانی ئاشنا ده‌بن. ئه‌م ئاشنابوونه‌یان ته‌نیا ئاستی رووناکبیری و هونه‌رییان به‌رزتر ناکاته‌وه، به‌ڵکو زه‌مینه‌یه‌کی پته‌وی ئه‌ده‌بی و ئێستاتیکیشیان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت، تا له‌وێوه و به تایبه‌تمه‌ندیی خۆیانه‌وه روو له ئه‌ده‌بی جیهانی بکه‌ن. ئیمرۆ کوردی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، له‌به‌ر نه‌بوونی زمانێکی ئه‌ده‌بی یه‌کگرتوو، هیچ له باره‌ی ئه‌ده‌بی شێوه‌زاری هه‌ورامانی و ئه‌ده‌بیاتی کلاسیک و مۆدێرنی کوردی باکووری کوردستان نازانن. کوردی باکووریش که‌موزۆر له ئه‌ده‌بی کلاسیک و مۆدیرنی کوردی، له باشوور و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئاگادار نین. هه‌ر یه‌که‌یان به‌جیا و دوور له کارتێکردنی ئه‌وی تریان رێگای خۆی ده‌بڕێت. ئه‌ده‌بی کوردی له باکووری کوردستان، هیچ په‌یوه‌ندی به ئه‌ده‌بی کلاسیک و مۆدێرنی کوردییه‌وه نییه و هێشتا له قۆناغی ئه‌زموونگه‌ری و له ژێر کارتێکردنی ئه‌ده‌بی تورکی دایه و نه‌ریت و خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت به خۆی دانه‌هێناوه. چونکه هه‌شتا ساڵه زمانی کوردی له تورکیا یاساخ کراوه و رووبه‌رووی هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن بۆته‌وه. ئه‌مانه به‌شێکن له‌و کۆسپانه‌ی که، به هۆی نه‌بوونی زمانی ئه‌ده‌بیی یه‌کگرتووی سه‌رتاسه‌رییه‌وه، رێگه‌ی گه‌شه‌کردنی سروشتییانه‌ی شیعر و ئه‌ده‌بی کوردی‌یان گرتووه.
*خه‌زعه‌ل ئه‌لماجدی له شوێنێکدا ده‌ڵێت: (یه‌کێک له قه‌یرانه گه‌وره‌کانی تازه‌گه‌ری ئه‌وه‌یه که هه‌ر شیعرێک له کۆنه‌وه هاتبێت به شیعری کۆنی داده‌نێت و هه‌ر ده‌شبێت شۆڕشی به‌سه‌ر‌دا بکات.
-دیاره ئه‌لماجیدی باسی تازه‌گه‌ریی لای عه‌ره‌ب ده‌کات. چونکه ئه‌م تێگه‌یشتنه شێواو و لنگه‌وقووچه له تازه‌گه‌ری، که کوێرانه دژایه‌تیی ئه‌ده‌بی کۆن ده‌کات، ره‌نگه ته‌نیا له ناو عه‌ره‌بدا هه‌بێت و له رێی ئه‌وانیشه‌وه هێندرابێته نێو ئه‌ده‌بی کوردییه‌وه. تازه‌گه‌ری له ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا نه به مانای دژایه‌تیکردنی میراتی ئه‌ده‌بییه، نه بۆ ئه‌وه‌یه کۆمه‌ڵیک بتی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری بڕوخێندرێت و کۆمه‌ڵێک بتی تری ئه‌ده‌بی بخرێته جێگای. تێگه‌یشتنی له‌م جۆره له تازه‌گه‌ری، نیشانه‌ی نه‌فامی و جه‌هاله‌تی ئه‌ده‌بییه. هه‌روا ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و عه‌قڵییه‌ته کودێتاچییانه‌یه که له ساڵانی په‌نجاکانه‌وه له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ده‌ستی پێ‌کرد. ئه‌فسه‌رێکی لاوی نه‌فام، له ریی کودێتاوه، ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و کۆشکی پاشادا زه‌وت ده‌کرد و له شه‌وورۆژێکدا جێگای پاشای ده‌گرته‌وه. ئیتر مێژوو ده‌بوو له‌وه‌وه ده‌ست پێ بکات! ئه‌م کاره به سروشتی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر نامۆیه، بۆیه له‌م بواره‌دا سه‌رناگرێت، چونکه ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا مه‌سه‌له‌ی جوانی و ئێستاتیکا و داهێنانه و ناتواندرێت به بڕیار و قسه‌ی زل، یان به جۆرێکی ئیراده‌وییانه و زۆره‌ملێ بسه‌پێندرێت. جوانی خۆی له خۆیدا ده‌سه‌ڵاته، راستییه‌که‌ی جوانی تاکه ده‌سه‌ڵاتێکی خۆسه‌پینه‌ره که مر‌ۆڤ ئاره‌زوومه‌ندانه قبووڵی ده‌کات.
خۆی ده‌سه‌پێنێت، ئاره‌زوومه‌ندانه‌یش قبووڵ ده‌کرێت. تا ئێستا مۆسیقای کلاسیک، که ته‌مه‌نی چه‌ند سه‌ده‌یه‌که، هینده‌ی هه‌موو مۆسیقای مۆدێرن بره‌و و ره‌واج و لایه‌نگرانیان هه‌یه. شانۆگه‌رییه‌کانی شێکسپیر له ئه‌وروپا هێنده‌ی هه‌ر نووسه‌رێکی گرنگی مۆدێرن ده‌خوێندرینه‌وه و له‌سه‌ر به‌ناوبانگترین شانۆکان پێشان ده‌درێن. ئه‌گه‌ر سه‌ر به هه‌ر کتیبفرۆشییه‌کی هه‌ر شارێکی ئه‌وروپادا بکه‌یت ده‌بینیت به‌رهه‌می نووسه‌رانی وه‌ک کافکا، دیستۆیڤسکی، ته‌لستۆی، ئیلیۆت، مایاکۆڤسکی، هۆگۆ، دانتی، سێرڤانتیس و ته‌نانه‌ت هۆمێرۆس... تاد هێشتا هێنده‌ی داهێنه‌رترین نووسه‌رانی مۆدیرن و پۆست مۆدێرن خوێنه‌ریان هه‌یه و زۆربه‌شیان بۆ چواره‌مین جار و زیاتریش وه‌رگێڕدراونه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌و زمانانه. ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ره‌نگه ئه‌و دوو دیارده‌یه بن که له به‌رامبه‌ری زه‌ماندا ده‌توانن به توندی خۆیان بگرن و ته‌نانه‌ت زه‌مانیش ببه‌زێنن. بۆیه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر پێمان وابێت سه‌رکه‌وتنی تازه‌گه‌ری له‌وه‌دایه که خوێنه‌ران پشت بکه‌نه ئه‌ده‌بی کلاسیکی و ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌ی پێشتر نووسراون، له جیاتیان روو بکه‌نه خوێندنه‌وه هه‌ر به‌رهه‌مێکی تازه، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تازه‌یه و له‌م ساڵانه‌دا نووسراوه. راسته تازه‌گه‌ری لای ئێمه و دراوسێکانمان له قه‌یراندایه، ئه‌م قه‌یرانه‌یش له بنه‌ڕه‌تدا له‌وه هاتووه که تازه‌گه‌ری له‌و وڵاتانه و لای خۆیشمان به جۆریکی شێواو، نیوه‌چڵ و ناکامڵ و زیاتر له ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا ده‌رکه‌وتووه. که‌چی تازه‌گه‌ری له ئه‌وروپادا پرۆسێسێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، زانستی، کولتووری بوو که سه‌رجه‌می لایه‌نه‌کانی ژیانی گه‌لانی ئه‌وروپای گرته‌وه. به‌م مانایه تازه‌گه‌ری کوللێکه و دابه‌ش ناکرێت. ناکرێت کۆمه‌ڵگایه‌ک له ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا داوای تازه‌گه‌ری بکات که‌چی له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا کولتووری خێل و سوڵحی عه‌شایه‌ری و ژنکوشتن و فره‌ژنی سه‌ردار بن. له‌مه‌یش خورافه‌تر لافلێدانی هه‌ندێک نووسه‌ر و خوینده‌واره که، له کۆمه‌ڵگای کورده‌واریی پێش مۆدینێته‌دا، خۆیان کردۆته شێخ و مه‌لای پۆست مۆدێرنێتی و "فه‌توا" ده‌ده‌ن و به‌دوای ده‌روێش و موریددا ده‌گه‌ڕێن، که‌چی ره‌نگه هه‌ندێکیان له ماڵی خۆیاندا به‌شه‌ق و تێڵا له‌گه‌ڵ ژن و خوشک و کچه‌کانیاندا ره‌فتار بکه‌ن. له‌م که‌شه کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری و ئابوورییه‌دا سه‌یر نییه تازه‌گه‌ری له ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا، که زیاتر حه‌ز و خه‌ونی هه‌ندێک رووناکبیره، به شێواوی و ناته‌وای ده‌ربکه‌وێت، یان وه‌ک تۆوێک بێت که له خاکێکی دێمه‌کار و به‌رده‌ڵاندا رێژرابێت.
*له شیعری پشکۆکان ده‌گه‌شێنه‌وه له کۆپله‌یه‌کدا ده‌ڵێیت:
هه‌تا خاک و خۆشه‌ویستی و هه‌تاو مابێت
هه‌ر ده‌ژیت و هه‌ر ده‌ژیت و ده‌ژیته‌وه
خه‌مه چینایه‌تییه‌کانت ده‌که‌یته کۆڵ
جارێکی که‌یش،
سه‌د جاری که‌یش
به‌سه‌ر رێگای سه‌ربڕیندا ده‌چیته‌وه.
ئایا هه‌ست ناکه‌یت له په‌یامی ئه‌م شیعره‌تدا و تا راده‌یه‌ک هه‌ستی چینایه‌تی و ئایدیۆلۆجی زاڵ بووه، به‌مه‌یش تا راده‌یه‌ک له وه‌زیفه‌ی شیعری تۆدا ده‌بێته وه‌زیفه‌یه‌کی ئایدیۆلۆجی؟
-ئه‌م هۆنراوه‌یه له سه‌ره‌تای ساڵی 1976 دا نووسراوه و هه‌ر ئه‌و کاته‌یش له رۆژنامه‌ی (بیری نوێ) دا، که به‌رپرسی به‌شی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری رۆژنامه‌که بووم، بڵاوم کردۆته‌وه. ئه‌و رۆژانه په‌راوێزێکی ئه‌وتۆ بۆ ئازادی بیر و ده‌ربڕین و نووسین نه‌مابۆوه. راستییه‌که‌ی شیعر تاکه ده‌لاقه‌یه‌کی نیوه کراوه، نیوه داخراو بوو که مر‌ۆڤ ده‌یتوانی به هۆیه‌وه هه‌ندێک بیر و بۆچوونی خۆی ده‌رببڕێت و پرۆتێست بکات. به‌شێکی شیعری کوردی، که له‌و ساڵانه‌دا نووسراون، رواڵه‌تێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجییان پێوه دیاره. ئه‌مه به‌شیکه له مێژووی ژیانی ئێمه و میژووی ئه‌ده‌بی کوردی. من په‌سه‌ندی ئه‌وه ناکه‌م که شیعر بۆ کاری سیاسی و ئایدیۆلۆجی به‌کار بهێندرێت، به‌ڵام کاتێک مر‌ۆڤ له شه‌ڕی نێوان ئازادی و کۆیلایه‌تیدا ئاماده‌یه ژیانی خۆی بکاته قوربانی، سه‌یر نییه که شیعریش، به جۆرێک له جۆره‌کان، په‌لکێشی ئه‌م شه‌ڕه بکرێت. مه‌گه‌ر شیعر له ژیان و چاره‌نووسی شاعیر گرنگتره. ئه‌م دیارده‌یه ته‌نیا له نێو کورددا نه‌بووه، به‌ڵکو له مێژووی هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ی که بۆ ئازادی خه‌باتیان کردووه، هه‌بووه. ئه‌وه‌ی گرنگه ئایا ئه‌م شیعره‌ی من، که تۆ وه‌ک نموونه باسی ده‌که‌یت، ته‌نیا دروشمی سیاسی و ئایدیۆلۆجییه، یان، وه‌ک هه‌ر شیعرێکی تر، ئاستێکی شیاوی هونه‌ریی هه‌یه؟ من له وه‌ڵامی پرسیارێکی پێشووترتدا وتم که شیعر، شیعری بۆنه بێت یان نا، پێویسته مه‌رجی هونه‌ریی خۆی تیدا بێت، واتا شیعر بێت. من پێم وایه ئه‌و هۆنراوه‌یه (پشکۆکان ده‌گه‌شێنه‌وه) به تێکڕایی، نه‌ک ته‌نیا کۆپله‌یه‌کی، سه‌یر بکرێت شیعره، ئه‌ی تۆ چی ده‌ڵێیت؟
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
