- مۆفه‌ق عارف: پێویسته رێكخراوێك دروست بێ كه به‌هه‌ق نوێنه‌رایه‌تی هونه‌رمه‌ند بكات
- گه‌زیزه عومه‌ر: رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان له ئاستی هونه‌رمه‌ند‌و مێژووی هونه‌رمه‌ندیان هێناوه‌ته خواره‌وه
- هۆرێن غه‌ریب: ئه‌و رێكخراوه دارده‌ستی حیزبه‌و دوای ئه‌وه‌ی یه‌كیانگرته‌وه بوونه دارده‌ستی هه‌ردوو حیزبه‌كه
- سه‌ڵاحه ره‌ش: هه‌ڵه‌ی رێكخراوی هورنه‌مه‌ندان به‌رامبه‌ر تیپه‌كه‌مان راست ناكرێته‌وه
- عه‌باس ژاژڵه‌یی: خۆمان به ئه‌ندامی رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان نازانین
له پێناوی هاندان‌و پشتگیریكردنی تیپ‌و گروپه هونه‌رییه‌كانی شاری سلێمانی‌و ده‌روروبه‌ری، رۆژی 19/6 له هۆڵی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان له شاری سلێمانی، رێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان، دیاری (د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح) جێگری سكرتێری گشتی (ی. ن. ك) ی به‌سه‌ر چه‌ند تیپ‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌كی هونه‌ری دابه‌شكرد.
له دابه‌شكردنی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه له‌لایه‌ن جێگری سكرتێری گشتی (ی. ن. ك) ه‌وه ته‌رخان كرابوو رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان سیستمی پۆڵێنكاری بۆ تیپ‌و گروپه هونه‌رییه‌كان په‌یڕه‌وكرد‌و ئه‌و گروپ‌و كۆمه‌ڵانه‌ی به‌سه‌ر سێ قۆناغ دابه‌شكردبوو، قۆناغی (ا، ب، ج) .
به‌ڵام ئه‌و پۆڵێنكارییه له‌لای چه‌ند كۆمه‌ڵه‌و گروپێكی هونه‌ریی ره‌تكرایه‌وه‌و به جۆرێك له ناهه‌قی به‌رامبه‌ر گروپه‌كانیان لێكیان دایه‌وه.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ریه‌ك له گروپه هونه‌رییه‌كانی (تیپی شانۆی هاوڕێیانی گه‌زیزه، تیپی پێشڕه‌وی شانۆی كوردی، تیپی شانۆی ئاشتی، كۆڕی شانۆی با‌و تیپی هونه‌ری منداڵان‌و چه‌ند گروپ‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تر بڕه پاره‌ی دیاریكراو بۆیان وه‌رنه‌گرت‌و ره‌تیان كرده‌وه.
مۆفه‌ق عارف لهۆنی سه‌رۆكی تیپی هونه‌ری منداڵان، سه‌باره‌ت به پۆڵێنكاری گروپ‌و تیپه
هونه‌رییه‌كان، وتی:"ئێمه به سوپاسه‌وه بانگێشت كراین بۆ هۆڵی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان به‌نیازی ئه‌وه‌ی كه گوایه هاوكاریی‌و دیارییه‌ك هه‌یه له‌لایه‌ن به‌ڕێز (د. به‌رهه‌م) جێگری سكرتێری گشتی (ی. ن. ك) بۆ تیپه‌كان، كه ئێمه ئه‌مه‌مان به هه‌نگاوێكی زۆر باش وه‌سفكرد‌و پێمان باش بوو وتمان دیاره لێپرسراوان ئیتر ده‌رگای هاوكاریی به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیكی نه‌ك به‌شێوه‌ی مه‌زاجی كار بۆ گه‌شه‌كردنی تیپه‌كان ده‌كه‌ن" هه‌روه‌ها لهۆنی وتیشی" ئێمه به‌و نیازه چوینه ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه كه دیاری (د. به‌رهه‌م) وه‌ربگرین، به‌ڵام سه‌ره‌تا كاك فه‌ره‌یدون دارتاش سه‌رۆكی رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه ئیتر به میزاج‌و خزمایه‌تی‌و ناعه‌دالێتی ئیش ناكرێت به‌ڵام كاتێك پۆڵێنكارییه‌كه ده‌ستی پێكرد سه‌یرمان كرد نه‌ك هه‌ر میزاج به‌ڵكو زۆر ناعادیلانه‌شه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر دیاری بێت پێویست ده‌كات به یه‌كسانی به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و گروپ‌و تیپانه دابه‌ش بكرێت كه بانگێشت كرابوون، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی پۆڵێنكردن‌و مه‌سه‌له‌ی ئیستیحقاقاته‌و به‌شێوه‌یه‌كه كه په‌یوه‌ندی به توانا‌و وزه‌و ستراتیژ‌و تیپه‌كانیشه‌وه هه‌یه ده‌بووایه لیژنه‌یه‌كی بێ لایه‌نی پسپۆڕ‌و شاره‌زا به هه‌موو بواره‌كانی هونه‌ر ئه‌و پۆڵێنه‌ی بكردایه نه‌ك له‌سه‌ر میزاج‌و خزمایه‌تی‌و ناسیاوی‌و دڵرازیكردنی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی كه ئێمه ئه‌وه‌مان بینی له پۆڵێنكردنه‌كه‌دا". سه‌باره‌ت به مێژووی تیپه‌كه‌شیان، لهۆنی وتی:" تیپێكی تایبه‌تمه‌ندین به بواری هونه‌ری منداڵان، واتا ده‌بووایه پله‌و ئیمتیازاتی ئێمه یان جیاوازییه‌ك له پۆڵێنردنه‌كه‌دا هه‌بووایه ناكرێت تیپێك كه بواری تایبه‌تی هونه‌ری مناڵانی هه‌بێت له‌گه‌ڵ تیپێكدا بۆ نموونه تایبه‌ت بێت به نواندن یان موزیك یان تایبه‌ت بێ به هونه‌ری گه‌وره به یه‌ك چاو ته‌ماشابكرێت. چونكه تایبه‌تمه‌ندێتی هونه‌ری منداڵان جیاوازتره‌و كاری هونه‌ری مناڵان قورستره‌و ناله‌بارتره له‌كاتی به‌رهه‌مهێناندا‌و توانا‌و سه‌لیقه‌ی زیاتری ده‌وێ". ئه‌و پێی وابوو ده‌بوو له پۆڵێنكردنه‌كه‌دا تایبه‌تمه‌ندییه‌ك بدرایه به‌و تیپانه‌ی كه زۆر ئه‌كتیڤ‌و چالاكن له بواری هونه‌ری منداڵان‌و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد وه‌ك تیپی هونه‌ری مناڵان خۆیان به تیپێكی زۆر چالاك‌و ئه‌كتیڤ له بواری هونه‌ری منداڵان ده‌بیننه‌وه. سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مه‌كانیشیان، سه‌رۆكی تیپی هونه‌ری منداڵان وتی:"تیپه‌كه‌مان له ساڵی 2008هه‌تا ئێستا سیدییه‌ك‌و 15 گۆرانی منداڵانمان بڵاوكردۆته‌وه‌و له‌هه‌مان كاتدا 16گۆرانیمان كلیپ كردووه‌و به‌خۆڕایی دراوه‌ته كه‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه‌كان‌و شانۆگه‌ری منداڵانمان پێشكه‌ش كردووه‌و چوار ئاهه‌نگمان بۆ منداڵان ئه‌نجامداوه. واتا ئه‌مانه ئه‌گه‌ر ئه‌كتیڤی نه‌بێت ئه‌ی چ شتێك ئه‌كتیڤبوونه؟". هه‌روه‌ها وتیشی:"كه زانیمان جۆرێك له ناعه‌داله‌تی تێدایه له پۆڵێنكردنه‌كه‌دا بۆیه ئێمه‌ش ئه‌و بڕه پاره‌یه‌مان ره‌تكرده‌وه، چونكه ئه‌وه دیاری نه‌بوو ئه‌گه‌ر دیاری بوایه ده‌بووایه به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان دابه‌ش بكرایه".
هه‌روه‌ها مۆفه‌ق عارف پێی وایه كه پێویسته كۆمه‌ڵه خوێنێكی تازه‌و كۆمه‌ڵه گه‌نجێك‌و كه‌سی به‌توانا‌و پسپۆڕ‌و خاوه‌ن ئه‌زموون بێنه ناو ئه‌و رێكخراوه. وه‌ك چۆن بڕوای وایه كه‌ده‌بێت رێكخراوی تایبه‌ت به به‌شه‌كانی هونه‌ر هه‌بێت به‌و واتایه‌ی كه رێكخراوێكی تایبه‌ت هه‌بێ به شانۆ‌و رێكخراوێكی تریش بۆ موزیك‌و هه‌روه‌ها هه‌مان شت بۆ هونه‌ره‌كانی تر، بۆ ئه‌و پێشنیاره‌شی ده‌ڵێ:"ناكرێ كه‌سێكی موزیكی ده‌نگ بۆ كه‌سێك بدات كه شانۆكاره، یان شێوه‌كارێك چۆن ئه‌توانێ قسه له‌سه‌ر شانۆكارێك بكات یان به‌پێچه‌وانه‌وه، چونكه تایبه‌تمه‌ندی هه‌ریه‌ك له‌و هونه‌رانه له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌كه‌ی تردا جیاوازه". سه‌باره‌ت به به‌خشینی ئه‌و پاره‌یه به گروپ‌و تیپه هونه‌رییه‌كان له ئێستادا وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆرێك پێی وایه ته‌نها ریكلامی هه‌ڵبژاردنه، مۆفه‌ق عارف وتی:"ئه‌گه‌ر ریكلامی هه‌ڵبژاردنیش بێت به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه كه له ئێستاوه ئیش بۆ ئاینده بكرێت‌و كار بۆ ئه‌وه بكرێت كه له چوار ساڵی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا كاری باش و ئه‌جندایه‌كی باشی هه‌بێت بۆ هونه‌ر خراپ نییه". ئه‌و پێی وابوو كه ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره كارانه بۆ ریكلامی هه‌ڵبژاردنیش بێت به‌ڵام كار به سیستم‌و ئه‌جندای باش بكرێت پێویسته ده‌ستخۆشی لێ بكرێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر میزاج‌و خزمایه‌تی بێت ئه‌وا نه‌كرێت باشتره.
هونه‌رمه‌ند گه‌زیزه عومه‌ر سه‌رۆكی تیپی شانۆی هاوڕێیانی گه‌زیزه، له‌باره‌ی هۆكاری ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه بۆ گروپه‌كه‌یان دانرابوو، وتی:"من پێشتر ئاگاداریان كردم كه ئه‌و دیارییه بۆ كۆمه‌ڵه تیپێك ئاماده‌كراوه له‌نێو ئه‌و تیپانه‌ش تیپه‌كه‌ی ئێمه بوو، من به‌و په‌ڕی سوپاسه‌وه پێخۆشحاڵی خۆمم ده‌ربڕی، به‌ڵام كه چووینه ناو دانیشتنه‌كه‌ی رۆژی هه‌ینی هه‌ستمانكرد وشه‌ی (دیاری) لێ داماڵرا‌و قاڵبی (پۆڵێنكرد) ی له‌خۆگرت". سه‌باره‌ت به چه‌مكی (پۆڵێنكردن) گه‌زیزه عومه‌ر وتی:" وشه‌ی (پۆڵێنكردن) زۆر زۆر قورسه، چونكه رێكخراوێك كه به هیچ شێوه‌یه‌ك له تیپ‌و گروپه‌كانی نه‌پرسییه‌وه‌ته‌وه چۆن ده‌توانێ پۆڵێنكارییان بۆ بكات، بۆ نموونه تیپه‌كه‌ی ئێمه هه‌تا ئێستا ئه‌و رێكخراوه نه ده‌زانێ شوێن‌و بنكه‌ی من هه‌یه یان نییه نه ئه‌زانێ به‌رهه‌مه‌كانی من چین‌و چ چالاكییه‌كم هه‌یه‌و نه‌ده‌شزانێ به‌ڕێوبه‌ریی‌و ئیداریی‌و مه‌سه‌له‌ی مۆڵه‌ت وه‌رگرتنی من چۆنه‌و چۆن نییه، له‌به‌رئه‌وه به‌هیچ بنه‌مایه‌ك ناتوانێ گروپه‌كه‌ی من پۆڵێن بكات". هه‌روه‌ها وتیشی:"من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بڕوام به‌و جۆره پۆڵێنكردنه نییه، له حاڵه‌تێكیشدا ئه‌گه‌ر پۆڵێن بكرێت هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی پۆڵێنكاری لیژنه‌یه‌كی ئاشكرای هه‌یه‌و ده‌بوو بۆ ئاماده‌بووانیان ئاشكرابكرایه، وه‌ك له‌هه‌موو دونیادا وا باوه لیژنه شاراوه نییه‌و ئاشكرایه". هونه‌رمه‌ندی ناوبراو پێی وابوو كه ده‌بوو بنه‌مای خاڵه‌كانی پۆڵێنكردنه‌كه‌یان بۆ خه‌ڵكه‌كه روونبكردایه‌ته‌وه تاهه‌ر گروپ‌و كه‌سێك خۆی له‌و لیژنه‌یه‌دا بدۆزیایه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها وتیشی"ئه‌مانه زۆر زۆر شاراوه بوون‌و هه‌ستمكرد شتی زۆر زۆر شه‌خسی له دواوه بوو، چونكه گروپ‌و تیپ هه‌بوو له قۆناغی یه‌كه‌مدا بوون من له ئاستێكدا نایانبینمه‌وه كه بچێنه ئه‌و قۆناغه، نازانم له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌و كاره كراوه". سه‌باره‌ت به كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی رێكخراوی هونه‌رمه‌ندانیش، گه‌زیزه وتی:" من په‌یام‌و سوپاسی خۆم گه‌یاندۆته (د. به‌رهه‌م) و هیچ مه‌به‌ستێكیشم له‌وه‌دا نییه كه ئه‌و پاره‌یه‌ی ئه‌و ره‌تبكه‌مه‌وه، به‌ڵام له‌رێی ئه‌و رێكخراوه‌وه‌و به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تیپێكی وه‌كو ئێمه بكرێت به‌ڕاستی ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌مان پێ ڕه‌وا نییه‌و پێویستیشمان به‌و جۆره پۆڵێنكارییه نییه". سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چۆن رێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ناره‌زایه‌تییه‌ی كه له‌نێوه‌ندی هونه‌ری به‌رامبه‌ری هه‌یه‌و چۆن ده‌توانێ شه‌رعیه‌ت به خۆی بدات كه كارێی له‌و شێوه‌یه بكات، سه‌رۆكی تیپی شانۆی هاوڕێیانی گه‌زیزه وتی:"به‌ڕاستی من كه چوومه‌ته هۆڵه‌كه‌وه نه‌مزانی مه‌سه‌له‌ی پۆڵێنكردن هه‌یه، من بۆ ئه‌وه بانگێشت كرابووم كه (د. به‌رهه‌م) دیارییه‌كی هه‌یه بۆ تیپه‌كانی داناوه، به‌ڵام كه هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لایه‌نێكی تر‌و هه‌ندێ مه‌رامی تایبه‌تی له‌پشته‌وه ده‌بێت بێگومان تۆ جارێكی تر پرسیارت له‌لا دروست ده‌بێت كه ئه‌م مامه‌ڵه‌كردن‌و هه‌ڵوێسته‌یان ده‌چێته پاڵ مامه‌ڵه‌و هه‌ڵوێسته‌كانی تریان كه بووه مایه‌ی ناڕه‌زایی لای كۆمه‌ڵێك له زۆرینه‌ی هونه‌رمه‌ندان".
گروپی شانۆی با نه‌ك هه‌ر ئه‌و هاوكارییه‌یان ره‌تكرده‌وه به‌ڵكو له رۆژی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نوێنه‌ریشیان ئاماده نه‌بوو، سه‌باره‌ت به هۆكاری ئاماده‌نه‌بوونیان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، هونه‌رمه‌ند (هۆرێن غه‌ریب) وتی:"كۆڕی شانۆی با له‌و كاته‌وه‌ی دروست بووین به ره‌سمی یه‌كجار دانیشتنمان له‌گه‌ڵ كه‌سێكی به‌رپرسدا كرد هه‌تا ئێستاش لێی په‌شیمانین‌و به‌ڕه‌سمیش له رۆژنامه‌دا داوای لێبوردنمان له بینه‌رانی كۆڕی شانۆی با كرد كه ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره بوو كه ئێمه كردمان، له‌به‌رئه‌وه جارێكی تر ئێمه هه‌ڵه‌ی وا دووباره ناكه‌ینه‌وه". هه‌روه‌ها وتیشی:"من جارێكی تریش وتم له گه‌وره‌ترین ئاسته‌وه درۆمان له‌گه‌ڵدا كراوه وه‌ك قه‌ناعه‌تی شه‌خسی خۆم متمانه‌م به هیچ جۆره به‌ڵێنێكیان نه‌ماوه‌و زۆر به روونی ده‌ڵێم درۆزنن‌و له‌وه زیاتر هیچیان تێدا نابینمه‌وه، له‌به‌رئه‌وه خۆم ناخه‌مه ئه‌و جۆره یاریانه‌وه" هۆرێن هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه تیپه‌كه‌یان تیپی شانۆی با هه‌ڵوێستێكی خۆی هه‌یه كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ لایه‌نی حیزبی‌دا ناكات‌و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ لایه‌نی حكومیدا ده‌كات. له‌و باره‌وه وتی:"ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌زاره‌تی دارایی به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی‌و به‌شێوه‌یه‌ك هیچ جۆره ده‌ستێوه‌ردانێكی تێدا نه‌بێت بچوكترین مینحه‌ی هه‌بێت بۆ شانۆی با ئێمه به سوپاسه‌وه قبوڵی ده‌كه‌ین. به‌ڵام لایه‌نێكی حیزبی گه‌وره‌ترین مینحه‌و چه‌ند موغری بێت مینحه‌كانیان بمانده‌نێ ئێمه ره‌تی ده‌كه‌ینه‌وه‌و قبوڵی ناكه‌ین". هۆرێن غه‌ریب رای وابوو كه كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه‌و ئه‌و به‌خشینه‌ش ته‌نها هه‌ڵمه‌تی پێش هه‌ڵبژاردنه‌و بێده‌نگكردنی خه‌ڵكه یاخود راكێشانی ده‌نگی خه‌ڵكه وتیشی:" له‌لای من هیچ جیاوازییه‌كی نییه له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆبوونی نه‌وتانه‌ی كه سه‌دام رۆشنبیر‌و رۆژنامه‌نووس‌و كه‌سه ناوداره‌كانی پێ ده‌كڕی".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ئه‌وان وه‌ك گروپی شانۆی با سه‌رنج‌و تێبینیان له‌سه‌ر جۆری پۆڵێنكارییه‌كه هه‌یه یاخود له‌سه‌ر مینحه‌كه، هۆرێن غه‌ریب وتی:" له‌راستیدا ئه‌و پۆڵێنكارییه هه‌ر له حسابی ئێمه‌دا نییه، ئێمه مه‌بده‌ئییه‌ن پێش ئه‌وه‌ی بزانین پۆڵێنكاری هه‌یه په‌یوه‌ندییان پێوه كردم بۆ كۆبوونه‌وه‌كه یه‌كه‌م وه‌ڵامم سوپاس‌و ره‌تكردنه‌وه بووه به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانم كه پۆڵێنكاری له ئارادا هه‌یه یان نا". هۆكاری ره‌تكردنه‌وه‌كه‌شی بۆ ئه‌وه گێڕایه‌وه كه ئه‌وان وه‌ك گروپی شانۆی با پاره‌ی كه‌سایه‌تی حیزبی وه‌رناگرن‌و مامه‌ڵه‌ش له‌گه‌ڵ رێكخراوی به‌ناو هونه‌رمه‌ندان ناكه‌ن، له‌و باره‌وه وتی:" ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕوامان وایه كه چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێش هه‌ڵوێستی خۆمان زۆر به ئاشكرا له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوه خسته‌روو، تا ئێستا ئه‌و رێكخراوه گه‌نده‌ڵ‌و گه‌نده‌ڵتر بووه، له‌به‌رئه‌وه نابێت ئێمه هه‌ڵوێستمان بگۆڕین به‌رامبه‌ری، به‌ڵكو ئه‌بێت هه‌ڵوێستمان توندتر بێت نه‌ك هه‌ڵوێستی نزیكبوونه‌وه".
هه‌روه‌ها هۆرێن پێی وابوو كه مه‌سه‌له‌ی پۆڵێنكردن دیسانه‌وه مه‌هزه‌له‌یه‌كی تری ئه‌و به‌ناو رێكخراوی هونه‌رمه‌ندانه‌یه‌و وتیشی:" من قبوڵی ئه‌وه ناكه‌م كه جاهیلێك پۆڵێنی من بكات یاخود پۆڵێنی بچوكترین ئه‌ندامی نێو گروپه‌كه‌م بكات".
سه‌ڵاحه ره‌ش وه‌ك نوێنه‌ری تیپی شانۆی هه‌ڵه‌بجه كه له به‌خشینه‌كه‌دا ناویان نه‌هاتبوو، سه‌باره‌ت به مێژووی تیپه‌كه‌یان وتی:" تیپی شانۆی هه‌ڵه‌بجه له ساڵی 1956ه‌وه دروست بووه‌و مێژووی ئه‌و تیپه دانه‌بڕاوه له‌ناو هه‌ڵه‌بجه چ له‌بواری ته‌له‌فزیۆن‌و شانۆدا خزمه‌تێكی باشی كردووه‌و تیپه‌كه‌ش قوتابخانه‌یه‌كی گه‌وره بووه بۆ پێگه‌یاندنی ئه‌كته‌ر له هه‌ڵه‌بجه‌و ئێستا باره‌گای ئه‌و تیپه هه‌م له شاری سلێمانی‌و هه‌م له هه‌ڵه‌بجه‌ش هه‌یه، خاوه‌ن مۆڵه‌تی ره‌سمییه‌و پار‌و پێراریش چالاكیمان هه‌بووه‌و كۆنترین تیپی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ین‌و تائێستاش له چالاكی هونه‌ری به‌رده‌وامین" سه‌ڵاحه ره‌ش هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه له رۆژی به‌خشینی هاوكارییه‌كه‌ی (د. به‌رهه‌م) دا سێ تیپی هه‌ڵه‌بجه ئه‌و هاوكارییه‌یان پێ دراوه به‌ڵام هیچ حسابێك بۆ تیپه‌كه‌ی ئه‌وان نه‌كراوه. له‌باره‌ی هۆكاری نه‌به‌خشینی هاوكاری به تیپه‌كه‌یان، سه‌ڵاحه ره‌ش وتی:"به بڕوای من له‌وانه‌یه بیرچوونه‌وه بێت‌و له‌وانه‌شه میزاج ده‌وری تێدا بینیبێت" سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه چۆن مێژووی تیپێك یان گروپێكی هونه‌ری له‌سه‌ر بیرچوونه‌وه بونیاد ده‌نرێ، سه‌ڵاحه ره‌ش وتی:"ئه‌وه ره‌خنه‌یه‌كی جوان‌و له‌هه‌مان كاتدا پرسیارێكی جوانیشه، ئه‌وه ده‌بێت رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان وه‌ڵامی بداته‌وه، هه‌رچه‌نده سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه داوای لێبوردنی كرد‌و وتی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌مان كردووه كه ئێوه‌مان نه‌نووسیوه، به‌هه‌رحاڵ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كه كراوه تازه راست ناكرێته‌وه" سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه هۆی چییه رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان ئه‌و كاره ده‌كات‌و بۆچی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری به‌م كاره هه‌ڵنه‌ستا، سه‌ڵاحه ره‌ش وتی:"دیاره ئه‌وان وه‌ك رێكخراوه‌كه هه‌وڵێكیان داوه‌و پاره‌یه‌كیان دابین كردووه‌و (د. به‌رهه‌م) یش ئه‌و هاوكارییه‌ی داونه‌تێ كه بدرێت به تیپ‌و گروپه هونه‌رییه‌كان، به‌ڕاستی ئه‌وان ده‌بووایه ورد بونایه له پۆڵێنكردندا‌و ئه‌و ناره‌زایه‌تییه گه‌وره‌یه‌ی لێنه‌كه‌وتایه‌ته‌وه، به بڕوای ئێمه شتێكی خراپیان كردووه". سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه له‌م قۆناغه‌دا هه‌رشتێك ده‌كرێت به ریكلامی هه‌ڵبژاردن لێكده‌درێته‌وه‌و تاچه‌ند ئه‌م هه‌نگاوانه‌ش جۆرێكه له ریكلامكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، سه‌ڵاحه ره‌ش وتی:"ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌وه هه‌بێت به‌ڕێوبه‌رایه‌تی سه‌نته‌ره‌كان‌و تیپه هونه‌رییه‌كان هه‌یه كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه، پێشتر له هه‌ولێر ئه‌و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه هه‌بووه به‌ڵام له سلێمانی نه‌بووه‌و ئێستا له سلێمانیش كراوه‌ته‌وه‌و ئیتر ئه‌وه بۆ خۆی میكانیزمێك وه‌رده‌گرێت بۆ كاركردن به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست". ئه‌و پێی وابوو كه هه‌ر لیست‌و سیاسییه‌ك ئازاده له‌وه‌ی كه ریكلام بۆخۆی بكات چونكه به‌بڕوای ئه‌و چۆن تاك ئازاده له‌وه‌ی ره‌خنه بگرێت ئه‌وانیش ئازادن له‌وه‌ی كه ریكلام بۆ خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام ریكلامكردنه‌كه‌ش گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌نجامی باشی هه‌بێت‌و گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه دابه‌شده‌كرێن به‌شێوه‌ی دادپه‌روه‌رانه بێت‌و سودمه‌ندبێت‌و گڕوتین بدات به تیپه‌كان‌و به خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی كاری باش بكه‌ن.
هونه‌رمه‌ند عه‌باس ژاژڵه‌یی سه‌رۆكی تیپی نواندنی ئاشتی كه به‌هه‌مان شێوه ئه‌مانیش هاوكارییه‌كه‌یان ره‌تكردبۆوه، سه‌باره‌ت به مێژووی تیپه‌كه‌یان وتی:" تیپی نواندنی ئاشتی درێژه‌پێده‌ری تیپی نه‌قابه‌ی كرێكارانه ده‌یان كاری شانۆیی‌و درامای ته‌له‌فزیۆنی‌و رادیۆیمان به‌رهه‌مهێناوه، مێژووی دروستبوونی ئه‌م تیپه بۆ سه‌ره‌تاكانی ساڵانی حه‌فتای سه‌ده‌ی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و تائێستاش هه‌ر له كار‌و چالاكیی هونه‌ری خۆمان به‌رده‌وامین‌و له خزمه‌تی هونه‌ری كوردیدا بووین. هه‌ر ئه‌م سێ ساڵه‌ی پێشووش چه‌ندین شانۆگه‌ریی‌و دوو فیلمی ته‌له‌فزیۆنیم به‌رهه‌مهێناوه‌و له ته‌له‌فزیۆنی نه‌ورۆزه‌وه نمایشكراوه". سه‌باره‌ت به هۆكاری وه‌رنه‌گرتن‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و هاوكارییه‌ی كه بۆیان دیاری كرابوو، ژاژڵه‌یی وتی:"زۆر به‌داخه‌وه رێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان ده‌ستی خسته سه‌ر ئه‌م كاره‌و خۆی هاوكارییه‌كه بڕیاربوو وه‌ك دیاری‌و به‌شێوه‌ی یه‌كسان بدرێته گروپ‌و تیپه هونه‌رییه‌كان نه‌ك كاری پۆڵێنكاری بكرێت". به‌پێی لێدوانه‌كانی هونه‌رمه‌ند (عه‌باس ژاژڵه‌یی) به‌رپرسه‌كانی رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان به‌پێی نزیكایه‌تی هه‌ندێك له‌و تیپانه لێیانه‌وه خستویاننه‌ته لیستی یه‌كه‌م‌و چه‌ند گروپێكی چالاكیی تریان په‌راوێزخستووه‌و وتیشی:"تیپه‌كه‌ی ئێمه‌یان له لیستێكدا پۆڵێن كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێن ها له ڕێی خوا ئه‌وه نانێكه با نه‌مریت له برسا". هه‌روه‌ها وتیشی:" هه‌ربۆیه ئێمه ئه‌و هاوكارییه‌مان وه‌رنه‌گرت‌و ئێمه خۆمان له تیپه‌كانی تر به كه‌متر نازانین‌و رابردووشمان دیاره. تیپی نه‌قابه‌ی كرێكاران چ ئیشێكی كردووه له سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه". هه‌روه‌ها هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه ئه‌و كاتێك (بوكی ژێر ده‌واری ره‌ش) ی كردووه زۆرێك له‌م شاره‌دا نه‌یانوێراوه ناوی كورد ببه‌ن‌و ئه‌و ئه‌و دراما ته‌له‌فزیۆنییه‌ی به‌رهه‌مهێناوه‌و توشی كێشه‌ی زۆریش بووه له‌لایه‌ن رژێمی ئه‌وكاته‌وه.
هونه‌رمه‌ندی ناوبراو وتیشی:"ئێمه سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو خزمه‌ته هونه‌رییه كه‌چی سه‌یرده‌كه‌ین رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان ئاوا مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كات". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان له تیپه‌كه‌ی ئه‌واندا كۆبۆته‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه ناسنامه‌ی رێكخراوه‌كه‌یان بده‌نه‌وه‌و وتیشی:"هیچ كاتێك ئێمه خۆمان به ئه‌ندامی ئه‌و رێكخراوه نازانین".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ئه‌م هه‌موو ناره‌زایه‌تییه له‌م رێكخراوه هه‌یه‌و ئه‌م رێكخراوه ده‌توانێ خۆی به نوێنه‌ری هونه‌رمه‌ندانی كورد بزانێ، هونه‌رمه‌ند عه‌باس ژاژڵه‌یی وتی:" ئه‌م رێكخراوه نوێنه‌ری هونه‌رمه‌ندان نییه، چونكه ئه‌وان به ته‌زكییه دانراوون نه‌ك به هه‌ڵبژاردن‌و به ته‌وافوق دانراوون‌و به‌مه‌ش مافی هونه‌رمه‌ند ده‌خورێت"
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هۆی چییه رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان هه‌ستاوه به پۆڵێنكاری تیپ‌و گروپه هونه‌رییه‌كان‌و داخۆ ئه‌م رێكخراوه شه‌رعیه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه كارێكی له‌و جۆره بكات، مۆفه‌ق عارف لهۆنی وتی:"بێیته سه‌ر حه‌قیقه‌ت ئه‌و رێكخراوه له كۆی یه‌كگرتنی دوو رێكخراوی تر هاته دی، هه‌رچه‌نده من به‌ش به‌حاڵی خۆم له‌كاتی كۆنگره‌و له‌كاتی به‌ستنی كۆنگره‌كه‌شدا ئاماده نه‌بووم‌و ده‌نگیشم پێ نه‌دا‌و له‌گه‌ڵیشی نه‌بووم چونكه براده‌رانی ئه‌نجومه‌نی باڵا ده‌زانن كه یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی كه ئێستاش زۆر ناڕازیم به‌رامبه‌ر ئه‌م یه‌كگرتنه چونكه یه‌كگرتنه‌كه‌ی خۆی یه‌كگرتنێكی زۆر له‌رزۆك بوو و له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافوق بوو نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای هونه‌ری له‌سه‌ر پێودانگی هونه‌ری نه‌بوو". هه‌روه‌ها وتیشی:" هه‌تا پێودانگی هونه‌ری نه‌بێت‌و له‌سه‌ر ته‌وافوق‌و رازیكردنی ئه‌م‌و ئه‌و و به‌رامبه‌ر و حزب بێت كه‌واته هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه كه رێكخراوێكی تر هاته دی رێكخراوێكی ئه‌كتڤ نابێت". سه‌باره‌ت به هۆكاری یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌و دوو رێكخراوه‌ش، لهۆنی وتی:" ته‌نها دڵرازیكردن بوو ته‌نها بۆ ئه‌وه بوو كه كاتێكی درێژتر بده‌ن به یه‌كتری‌و كاتێك بده‌ن به یه‌كتر كه له‌یه‌كتری تێبگه‌ن". هه‌روه‌ها هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه ئێستاش هه‌ستده‌كات تێگه‌یشتن نییه له‌نێوان ئه‌ندامانی هه‌ردوو رێكخراوه هونه‌رییه‌كه‌ی پێشوودا‌و ئێستاش هه‌ریه‌كه‌و ژێر به‌ژێر ئیش بۆ خۆی ده‌كات، وتیشی:" ئه‌مه كارێكی زۆر زۆر خراپه‌و بێجگه له‌وه‌ش به‌ڕاستی ده‌وره‌ی هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تییه‌كه كۆتایی هات‌و بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ بوو ده‌بووایه پێش ئه‌وه‌ی دوو ساڵه‌كه ته‌واو بێت هه‌ڵبژاردنێكی ئازادانه به‌بێ لیست‌و لیستكاری به‌بێ لیستی داخراو به‌بێ ئه‌وه‌ی كه پێشتر ئه‌ندامی بۆ ئاماده‌كرابێت ئه‌بووایه هه‌ڵبژاردن بكرایه، كه هه‌ڵبژاردنیش كرا ئه‌و كاته هونه‌رمه‌ند سه‌ربه‌سته له‌وه‌ی كه خۆی هه‌ڵده‌بژێرێ یان ده‌نگ ده‌دات‌و ده‌نگ ناهێنێ‌و ئه‌وكاته‌ش رێكخراوێك دروست ده‌بێت كه به‌هه‌ق نوێنه‌رایه‌تی هونه‌رمه‌ند بكات".
گه‌زیزه عومه‌ر سه‌باره‌ت به پۆڵێنكردنی تیپه‌كه‌یان وتی:" هه‌ستمانكرد به ده‌ستێوه‌ردانێكی زۆر تایبه‌تی ئێمه‌یان له دوای لیستی باشه‌وه داناوه چۆن وه‌كو ئه‌وه‌ی به‌پاڵ له لیستی (ج) بووین به‌خێر‌و به به‌زه‌یی خۆیان ئێمه‌یان خستبێته‌وه لیستی (ب) ". هه‌روه‌ها هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه ئه‌وان وه‌ك تیپی شانۆی هاوڕێیانی گه‌زیزه به‌و پۆڵێنكارییه رازی نین‌و وتیشی:" ئێمه به‌م شێوه پۆڵێنكردنه رازی نابین‌و من وه‌ك خۆم له مێژووی ئه‌م شاره‌دا نه‌چوومه‌ته هیچ پۆڵێنكردنێك چونكه سنوری كاركردن له وڵاتی ئێمه زۆر زۆر دیاری كراوه‌و هه‌مووشمان ئاسته‌كان به باشی ده‌بینین". هه‌روه‌ها گه‌زیزه وتی:"مه‌سه‌له‌ی دیاری مه‌سه‌له‌ی یه‌كسانییه مه‌سه‌له‌ی پۆڵێنكردن‌و ئاستی هونه‌ری نییه كه ئه‌مان بۆ خۆیانی ده‌كه‌ن. له‌به‌رئه‌وه ئه‌م كاره زۆر كاردانه‌وه‌ی خراپی ده‌بێت له‌لایه‌ن هه‌موو گروپ‌و تیپه‌كانه‌وه بۆیه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئێمه ناتوانین ده‌نگی رازی بوونمان له‌مه وه‌ربگرین". هه‌روه‌ها ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد چ وه‌ك خۆی‌و چ وه‌ك تیپه‌كه‌شیان بایكۆتی دانیشتن‌و كۆبوونه‌وه‌كانی رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان ده‌كه‌ن‌و وتیشی:"من بۆ خۆم‌و تیپه‌كه‌ی خۆم هیچ كاتێكی تریش بۆ هیچ شتێكی تر ئاماده نیم له‌گه‌ڵ رێكخراوی هونه‌رمه‌نداندا كۆببمه‌وه". گه‌زیزه ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه كه له رۆژی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان (فه‌ره‌یدون دارتاش) نیگه‌رانی كردووه‌و ئه‌وانی به تێكده‌ر وه‌سف كردووه‌و باسی له‌وه كردووه كه ئه‌وان پێش هه‌موو كه‌س هاوكاری كراوون، گه‌زیزه سه‌باره‌ت به‌مه ده‌ڵێ:" من رووی ده‌مم تێكرد‌و وتم هاوكارییه‌كه‌ی به‌ڕێزتان چییه بۆ تیپی گه‌زیزه، وتی ئێمه ماوه‌ی 5تا6 مانگ مانگی 500هه‌زار دینارمان داوه به ئێوه". له قسه‌كردنه‌كانیدا ئه‌م خانمه شانۆكاره نیگه‌رانی زۆری به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته پێوه دیاربوو‌و وتیشی:"به‌ڕاستی نابێت سه‌رۆكی رێكخراوێك به‌و شێوه زمانه قسه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند‌و به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندی ژنیش بكات". هه‌روه‌ك چۆن ناوبراو ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه كه له پاش ئه‌و قسانه به سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌ی وتووه ئه‌و پاره‌یه‌ی كه مانگانه دراوه‌ته تیپه‌كه‌یان هاوكاری رێكخراوه دیموكراتییه‌كان بووه نه‌ك هاوكاری رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان. هه‌روه‌ها وتیشی:"بۆیه چیتر پێویسته ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندان هه‌ڵوێستمان هه‌بێت‌و گله‌یشمان له‌و گروپ‌و تیپانه هه‌یه كه له لیستی (ا) بوون هیچ هه‌ڵوێستێكیان نه‌بوو بۆ پرسیاركردن له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌ی پۆڵێنكردنه‌و بزانن له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك بووه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر من له لیستی (ا) بوومایه رازی نه‌ده‌بووم به‌وه‌ی كه تیپێك یان گروپێك له لیسته‌كه‌ی مندا بێت كه له‌ئاستی لیستی (ا) نه‌بێت". سه‌باره‌ت به‌م پرسیی هاوهه‌ڵوێستییه‌ی نێو هونه‌رمه‌ندانیش، گه‌زیزه عومه‌ر وتی:" ئێمه پێش هه‌موو شتێك بۆ خۆمان وه‌ك هونه‌رمه‌ند له‌ناو یه‌كدا پێویستمان به رێزگرتن‌و خۆشه‌ویستی هه‌یه بێگومان كه ئه‌و دیارده‌یه‌مان ونكردووه دڵنیام ئا ئه‌م شته جوانانه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه كه رۆژ له دوای رۆژ ده‌یبینین‌و له به‌رچاوی هه‌موومان رووده‌ده‌ن!!". له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان بۆ ئه‌م كاره‌و په‌نا نه‌بردن بۆ لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار كه وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه، گه‌زیزه عومه‌ر وتی:"دیاره رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان به‌رده‌وام په‌یوه‌ندییان به ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن شتێك بۆ هونه‌رمه‌ند دابین بكه‌ن به‌ڵام نه‌یانزانیوه ئه‌م دابینكردنه به‌شێوازێكی زۆر زۆر گه‌نده‌ڵی بووه‌و له‌بری ئه‌وه‌ی داكۆكی له مافی هونه‌رمه‌ند بكه‌ن له ئاستی هونه‌رمه‌ند‌و مێژووی هونه‌رمه‌ندیان هێناوه‌ته خواره‌وه".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هۆی چییه ده‌سه‌ڵات سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ناره‌زاییانه‌ی له رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان هه‌یه به‌ڵام سه‌رپشكی ده‌كات له دیاریكردنی هونه‌رمه‌ندان‌و به‌ستنی كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه بۆ هونه‌رمه‌ندان، هونه‌رمه‌ند هۆرێن غه‌ریب وتی:"به روونی ئه‌و رێكخراوه دارده‌ستی حیزبه‌و دوای ئه‌وه‌ی یه‌كیانگرته‌وه بوونه دارده‌ستی هه‌ردوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه. له‌به‌رئه‌وه ئه‌وان له‌وه زیاتر كه‌سی تر نابینن" هه‌روه‌ها پێی وابوو كه ده‌سه‌ڵات مافی خۆشیه‌تی جگه له‌و رێكخراوه كه‌سی تر نه‌بینن، چونكه وه‌ك هۆرێن وتی:"ئه‌وان كه‌سێكیان ده‌وێ كه به‌رده‌وام ملكه‌چ بێت‌و به‌رده‌وام گوێڕایه‌ڵ بێت بۆیان. ئه‌وه‌ش له‌و به‌ناو رێكخراوی هونه‌رمه‌ندانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌و له‌وان باشتریان ده‌ست ناكه‌وێ". وه‌ك چۆن بڕوای وابوو كه كاتێك به‌رپرسێك ئیشێكی هه‌بێت به حیمایه‌كی خۆی ده‌كات‌و به كه‌سێكی تر ناڵێ‌و رێكخراوی ناوبراویش هه‌مان وه‌زیفه‌ی حیمایه‌ی به‌رپرسه‌كان به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن و وتیشی:"ئه‌مان وه‌زیفه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه وه‌ك به‌رده‌ست‌و خزمه‌تكار‌و كاره‌كه‌ری به‌رپرسه‌كانن‌و كاره‌كه‌ری حیزبن له‌به‌رئه‌وه هه‌ركاتێك بێت به بچوكترین ئاماژه‌ی حیزب ئه‌مان سه‌ریان له رێیانه".
سه‌باره‌ت به مامه‌ڵه‌كردنی كۆڕی شانۆی با له‌گه‌ڵ ده‌زگا حكومییه‌كان‌و به‌تایبه‌ت له شاری سلێمانی كه به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌ك په‌یوه‌ست بێت به شانۆ به‌ته‌نها به‌ڕێوبه‌رێتی هونه‌ری شانۆیه‌و به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌ی له‌هه‌مان كاتدا به‌رپرسی ناوه‌ندی سلێمانی رێكخراوی هونه‌رمه‌ندانه‌و ئایا ئه‌جندای ئه‌و جیاوازتره له ئه‌جندای كاری ئه‌و رێكخراوه، هۆرێن وتی:"راستییه‌كه‌ی ئێمه وه‌كو كۆڕی شانۆی با ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆ یان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی‌و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری‌دا بكه‌ین مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌زگایه‌كی ره‌سمی ده‌كه‌ین نه‌ك له‌گه‌ڵ كه‌سه‌كان". هه‌روه‌ها پێی وابوو كه به‌ڕێوبه‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆ هه‌تا ئه‌و ساته‌ی بێلایه‌نانه‌و وه‌ك ده‌زگایه‌كی حكومیی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكات ئه‌وان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، وتیشی:"ئه‌و ده‌مه‌ی كه هه‌ستبكه‌ین كه تێڕوانینێكی حیزبیانه له مامه‌ڵه‌كردنه‌كه‌دا ره‌نگ ده‌داته‌وه ئێمه‌ش ده‌كشێینه‌وه، له‌به‌رئه‌وه ئێمه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پۆسته‌كه‌دا ده‌كه‌ین نه‌ك مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌سه‌كه". له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی تاچه‌ند ئاسایی‌و سروشتییه كه‌سێك له‌یه‌ك كاتدا هه‌م به‌ڕێوبه‌ری هونه‌ری شانۆ بێت وه‌ك پۆستێكی حكومی‌و له‌هه‌مان كاتیش‌دا به‌رپرسی ناوه‌ندی رێكخراوێكی پیشه‌یی بێت، هۆرێن غه‌ریب وتی:"ئه‌لف‌و بێی رێكخراوه پیشه‌ییه‌كان ئه‌وه‌یه كه نابێت كه‌سانی خاوه‌ن پۆستی ناو حكومه‌ت خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتبن له‌ناو رێكخراوه‌كان، ئه‌مه له نوكته‌یه‌كی كاڵ‌و زۆر زۆر بێ له‌زه‌ت ده‌چێ". هۆرێن غه‌ریب پێی وابوو كه چۆن ده‌كرێت تۆ له‌ناو حكومه‌تدا پۆستێكت هه‌بێت‌و له‌نێو رێكخراوێكی پیشه‌یش كه ده‌بێت داكۆكی له مافی هونه‌رمه‌ند بكات پۆستێكی باڵات هه‌بێ. وتیشی:"ئه‌مه له‌هیچ شوێنێكدا نییه، ئه‌م نوكته‌یه به‌ته‌نها له وڵاتی ئێمه‌دا هه‌یه".
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
