ئاماده‌كاری ته‌وه‌ره: ستیڤان ئه‌حمه‌د "شه‌مزینانی"
هۆشیار عه‌زیز – نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس: هه‌ڵبژاردنی داهاتوو هه‌ندێك موفاجه‌ئه‌ی تێدا ده‌بێت به‌ڵام به‌و شێوه‌یه نابێت زۆر كه‌س له‌زیهنی خۆیاندا وێنایان كردووه ...
بۆ قسه‌وباسكردن ده‌رباره‌ی پرسی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردستان وشه‌ڕی لیسته‌كان و ورووژانی واقیعی
سیاسیی ئه‌مڕۆی باشووری كوردستان، ده‌مانه‌وێت پرسیاری ئه‌وه بكه‌ین ئایا پارتی ویه‌كێتی تاچه‌ند ده‌توانن به‌رگه‌ی دۆڕان بگرن؟ دیاره مه‌به‌ستمان له‌دۆڕان ئه‌وه نییه پارتی ویه‌كێتی به‌ته‌واویی ده‌دۆڕێن وئیدی ده‌بێت بچنه‌وه ماڵه‌وه، یان ببنه به‌رهه‌ڵستكاری سیاسیی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵكو مه‌به‌ست له‌دۆڕان لاوازبوونی پێگه‌یانه له‌حكوومه‌ت وپه‌رله‌ماندا. پاشان ده‌پرسین ئایا هه‌بوونی فره لیستیی وهه‌بوونی چاودێرانێكی زۆر به‌تایبه‌ت چاودێری بیانیی وچاوتیژیی ده‌سته‌یه‌ك رۆژنامه‌و رۆژنامه‌نووسی كوردی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ، تاچه‌نده ده‌توانن ببنه له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م ویست وهه‌نگاوی دوو حیزبه‌كه بۆ چه‌واشه‌كردنی ئاكامی هه‌ڵبژاردن وئه‌نجامدانی ساخته‌كارییه‌كی زۆر وبێ ئه‌ندازه له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا؟ ده‌پرسین ئایا چوونی ئه‌م لیسته نوێیانه بۆ نێو په‌رله‌مان ده‌توانێت گوڕبداته‌وه به‌په‌رله‌مان وئه‌و په‌رله‌مانه خه‌واڵوو وبێ متمانه‌یه‌ی ئێستا بكاته په‌رله‌مانێكی ئه‌كتیڤ وجێگه‌ی باوه‌ڕی زۆرینه‌ی هاووڵاتیان؟. بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌و چه‌ندین پرسیاری هاوشێوه، هه‌روا بۆ روونكردنه‌وه‌ی گرنگیی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر دۆخی سیاسیی داهاتووی كوردستان ئه‌م ته‌وه‌ره‌یه‌مان ئه‌نجامداوه. نووسه‌رو رووناكبیر"هۆشیار عه‌زیز"وه‌ڵامی پرسیاری سێیه‌می ته‌وه‌ره‌كه به‌مشێوه‌یه ده‌داته‌وه.
ستیڤان: وه‌ك ده‌زانرێت په‌رله‌مانی داهاتووی كوردستان له‌و تاكڕه‌نگییه رزگار ده‌بێت به‌و پێیه‌ی لیستی به‌هێزی وه‌ك لیستی چوار حزبه‌كه‌و لیستی كۆمپانیای وشه ده‌بنه فراكسیۆنی كاریگه‌ر له‌په‌رله‌مانی داهاتوو، پێتوایه به‌هۆی چوونه ناوه‌وه‌ی ئه‌و فراكسیۆنه نوێیانه‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی هێزو لاوازبوونی فراكسیۆنی پارتی ویه‌كێتی په‌رله‌مانی داهاتوو بتوانێت رۆڵێكی كارا‌و كاریگه‌ر له‌ته‌واوی پرسه چاره‌نووسسازو گرنگه‌كاندا بگێڕێت؟.
هۆشیار عه‌زیز: ره‌نگه ئه‌و بۆچوونه به‌ڕه‌هایی راست نه‌بێت كه‌پێیوایه پارله‌مانی ئێستا پارله‌مانێكی به‌ته‌واوی یه‌ك ره‌نگه، چونكه ئاشكرایه ئه‌م پارله‌مانه‌ی ئێستا یه‌ك ره‌نگ نییه به‌و ئاسته‌ی باسده‌كرێت، به‌ڵام به‌شێك له‌راستیش له‌و بۆچوونه‌دا هه‌یه ئه‌م پارله‌مانه زۆربه‌ی جاران وه‌ك پارله‌مانێكی یه‌ك ره‌نگ خۆی نواندووه، ئه‌وه‌شی وایكردووه یه‌ك ره‌نگ بنوێنێ ئه‌وه‌یه زۆرینه‌ی په‌رله‌مان له‌پارتی ویه‌كێتی پێكهاتوون وئه‌م دوو پێكهاته‌یه‌ش به‌حوكمی رێككه‌وتنه ستراتیژییه‌كه‌یان له‌زۆر شت‌دا بۆچوونیان له‌یه‌كه‌وه نزیكه، ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی زۆرجار وه‌ك ره‌نگێك ده‌ربكه‌ون زیاتر له‌وه‌ی وه‌ك دوو ره‌نگی جیاواز ده‌ربكه‌ون، هه‌رچه‌ند هه‌موو كات وله‌سه‌ر هه‌موو شته‌كان ئه‌م دوو لیسته وه‌ك یه‌ك ره‌نگ وبه‌یه‌ك بۆچوون خۆیان ده‌رنه‌خستووه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زۆربه‌ی جار وا ده‌ركه‌وتوون. هۆكارێكی تری ئه‌م یه‌ك ره‌نگ ده‌ركه‌وتنه‌ش ره‌نگه ئه‌وه‌بێت زۆرێك له‌و پارله‌مانتارانه له‌بێتوانایی وكه‌م مه‌عریفه‌یی خۆیان یاخود كه‌م جورئه‌تی خۆیان وایانكردووه له‌یه‌ك بچن، چونكه زۆربه‌یان له‌زۆر شت‌دا بێده‌نگ وبێ هه‌ڵوێستن، ئه‌م بێده‌نگی وبێ هه‌ڵوێستیه‌ش یه‌كره‌نگی كردوون، ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ی دروستكردووه زۆربه‌ی جار خودی پارله‌مانتاران خۆیانن نه‌ك ئه‌و حیزبانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، ده‌نا من بڕواناكه‌م حیزب به‌وشێوه‌یه‌ی هه‌ندێك كه‌س پێیوایه به‌و رادده‌یه په‌رله‌مان وپه‌رله‌مانتاره‌كانی خۆی ئیفلیج بكا‌و وه‌ك كاتژمێری قورمیشكراو له‌هۆڵی په‌رله‌ماندا دایانبنێ. خاڵێكی تریش ئه‌وه‌یه له‌پاڵ ئه‌م دوو پێكهاته‌یه‌دا چه‌ندین پێكهاته‌ی تریش هه‌ن بریتین له‌كۆمه‌ڵی ئیسلامی ویه‌كگرتوو وسۆسیالیست وزه‌حمه‌تكێشان وشیوعی وتوركمان وكلدوئاشور، به‌ڵام ئه‌مانه ژماره‌یان كه‌متره بۆیه كاریگه‌ریشیان كه‌متره له‌په‌رله‌ماندا، ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكی ئاساییه چونكه ئه‌و رێژه‌یه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌و پێكهاتانه هه‌یانه به‌پێی ئیستیحقاقاتی هه‌ڵبژاردنی پێشوو به‌ده‌ستیانهێناوه نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی تر‌و به‌رێگای تر، واته كه‌پارتی ویه‌كێتی زوَرینه‌ی ره‌هان له‌په‌رله‌ماندا هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و دوو حیزبه له‌هه‌ڵبژاردنی پێشوودا ده‌نگی زۆریان هێناوه، بۆیه كورسی زۆریشیان بۆ خۆیان پچڕیوه‌و ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكی ناته‌ندروست نییه وه‌ك زۆر كه‌س پێیوایه، به‌ڵكو ناته‌ندروستییه‌كه له‌ئاست وتواناو جورئه‌ت وئه‌دای په‌رله‌مانتاره‌كان وشێوازی كاركردنی پارله‌مان وده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی پارله‌ماندایه، كه وه‌ك پێویست نییه. ده‌رباره‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌توانێت ئه‌و یه‌كڕه‌نگییه بگۆڕێت؟. پێموایه له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا هاوكێشه‌كان وه‌ك خۆیان نامێنن وهه‌ندێك گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، به‌ڵام به‌و ئاسته نییه خه‌یاڵی پێوه ده‌كرێت، هه‌ریه‌ك له‌پارتی ویه‌كێتیش حساباتی خۆیان بۆ ئه‌و گۆڕانه كردووه، به‌ڵام پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه ئایا گوَڕانی هاوكێشه‌كان له‌پارله‌مان ودواتریش له‌حكومه‌تدا چ كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاینده‌ی حوكمڕانی له‌هه‌رێمی كوردستان وره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه ناوخۆیی (له‌سه‌ر ئاستی عێراق) و ناوچه‌یی وجیهانییانه له‌سه‌ر كورد‌و هه‌رێمی كوردستان هه‌ن؟. من بۆ خۆم زۆر گه‌شبین نیم له‌و باره‌یه‌وه له‌به‌ر دوو هۆی سه‌ره‌كی:
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر گۆڕانی هاوكێشه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئیسلامییه‌كان بێت ئه‌وه ده‌بێت واته‌ماشای بارودۆخه‌كه بكه‌ین ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ش ورده ورده به‌ره‌و به‌پاكستانبوون ده‌چێت وته‌واوی چه‌مك وپرانسیپه عه‌لمانی ودیموكراسی ومه‌ده‌نییه‌كان كه‌تاڕادده‌یه‌ك ئه‌گه‌رچی زۆر كه‌میش بێت خراونه‌ته كار به‌ره‌و دوا پاشه‌كشه پێده‌كرێن، له‌پێش هه‌موووشیانه‌وه ئازادییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، چونكه له‌هه‌ر شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دا ته‌وژمی ئیسلامگه‌راو بیر‌و ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیزم هه‌ڵكشێت ئه‌وه به‌بێ چه‌ندو چوون وئۆتۆماتیكییه‌ن هه‌موو چه‌مك وئایدیاو پرانسیپه‌كانی دنیای مۆدێرن كه‌سه‌ره‌كیترینیان ئازادیی ودیموكراسی وكۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ومافی مرۆڤ وئازادیی كۆمه‌ڵایه‌تییه داده‌كشێت، چونكه ئه‌زموونه‌كانی ئه‌فغانستان وپاكستان وئێران وسعودیه‌و.. هتد ئه‌وه‌یان پیشانداوین وگومانیش نییه له‌وه‌دا ئه‌زموونی ئه‌مانیش له‌و ئه‌زموونانه جیاواز نییه.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر گۆڕانی هاوكێشه‌كانیش له‌به‌رژه‌وه‌ندیی باڵی كۆمپانیای وشه بێت وه‌ك ئێوه له‌پرسیاره‌كه‌تاندا ئاماژه‌تان پێداوه ئه‌وه مه‌ترسیی ئه‌وه دێته پێش باڵه‌كه‌ی تر ئه‌م هه‌ڵكشانه‌ی پێ هه‌زم نه‌كرێت وگرژیی وئاڵۆزیی دروستبێت وئه‌م گرژیی وئاڵۆزییه‌ش تا ئاستی شه‌ڕێكی ماڵوێرانكه‌ر مل بنێت، چونكه به‌داخه‌وه تائه‌م ساته‌وه‌خته‌ش كۆمه‌ڵگای ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌پیت وبه‌ره‌كه‌ته بۆ به‌رهه‌مهێنانی شه‌ڕو كوشتار‌و یه‌كترقڕكردن ئه‌وه‌نده به‌پیت و به‌ره‌كه‌ت نییه بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئاشتی ودیموكراسی وپێكه‌وه‌ژیان ویه‌كتر قبووڵكردن به‌جیاوازییه‌كانه‌وه، بۆیه له‌هه‌ڵكشانی لیستی كۆمپانیای وشه من ئه‌و مه‌ترسییه‌م هه‌یه، ده‌نا وه‌ك چۆن پارتی ویه‌كێتی وحیزبه‌كانی تر مافی خۆیانه به‌هه‌موو توانا‌و قورسایی خۆیانه‌وه به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن وچاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی باش بكه‌ن لیستی كۆمپانیای وشه‌ش مافی خۆیه‌تی هه‌وڵبدات وكاربكات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامی دڵخوازی خۆی.
بۆ وه‌ڵامی به‌شێكی تری پرسیاره‌كه‌تان كه‌چوونی ئه‌و لیستانه بۆ په‌رله‌مان ده‌بێته هوَی ئه‌كتیڤبوونی په‌رله‌مان، ره‌نگه هه‌ندێك كاریگه‌ریی خۆی هه‌بێت به‌ڵام دواجار پارتی ویه‌كێتی زۆرینه ده‌بن له‌په‌رله‌مانداو زۆربه‌ی زۆری پڕوَژه‌و بڕیاره‌كانیش هه‌ر ده‌بێت ئه‌وان گڵۆپی سه‌وزی بۆ هه‌ڵبكه‌ن تا تێپه‌ڕبێت، مه‌رجیش نییه هه‌ڵكشانی ئه‌و لیستانه به‌دیوه ئیجابییه‌كه‌یدا په‌رله‌مان ئه‌كتیڤ بكا، به‌تایبه‌تی لیستی ئیسلامییه‌كان چونكه هه‌ڵكشانی لیستی ئیسلامییه‌كان داكشانی كێرڤی پرۆسه‌ی به‌ره‌و پێشچوونه‌كانه، له‌ساده‌ترین ده‌ربڕیندا ئایدۆلۆژیای ئیسلامیزم وئیسلامییه‌كان ته‌ركیزیان له‌سه‌ر رابردووه نه‌ك داهاتوو واته ئه‌وان ئامانجیان ئه‌وه‌یه ئێستا بگێڕنه‌وه بۆ رابردوویه‌كی هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا، نه‌ك ئێستا به‌رنه پێش بۆ ئاستی ئه‌و شوێنانه‌ی سه‌دان ساڵ له‌پێش ئێستای ئێمه‌وه‌ن، مه‌ترسییه‌كه له‌واندایه ده‌نا من دڵنیام حیزبه‌كانی دیكه له‌جارانی پێشوو زیاتر ناهێنن ئه‌گه‌ر كه‌متر نه‌هێنن. له‌سه‌ر دواین به‌شی پرسیاره‌كه‌شتان: لاوازبوونی لیستی پارتی ویه‌كێتی گه‌ره‌نتی به‌هێزبوون وكاریگه‌ربوونی په‌رله‌مانه، ئه‌مه زیاتر بۆچوونی ئه‌و لیستانه‌یه تموحی كورسی زیاتر‌و ئیمتیازاتی زیاتریان هه‌یه له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووداو جۆرێكیشه له‌هه‌ڵمه‌ت وبانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌نا گه‌ره‌نتی چییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پارتی ویه‌كێتی لاوازبوون ئیتر پارله‌مان ده‌بێته ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكاو وڵاتیش ده‌بێته شامی شه‌ریفی به‌تاڵ له‌گه‌نده‌ڵی وبێ به‌رنامه‌یی؟ ئایا هیچ یه‌كێك له‌و لیستانه عه‌سای سیحریان پێیه تا له‌كون فه‌یه‌كونێكدا ئه‌م وڵاته‌و ته‌واوی داموده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی له‌سه‌ر تۆنی خواست وداواكانی ئێمه ئه‌پده‌یت بكه‌نه‌وه؟ من له‌و باره‌یه‌وه گومانم هه‌یه چونكه زۆرێك له‌و حیزب ورێكخراوانه كه‌خۆیان به‌باشترین به‌دیلی پارتی ویه‌كێتی نمایشده‌كه‌ن بۆ ناو خودی حیزب ورێكخراوه‌كه‌ی خۆیان ژینگه‌و بارودۆخێكیان دروستكردووه هی ئه‌وه نییه مرۆڤی هۆشیارو وریا ئومێد وگه‌شبینی له‌سه‌ر هه‌ڵبچنێت بۆ دروستكردن یان رۆڵبینین له‌دروستكردنی زه‌مینه‌یه‌كی باشتر له‌ئێستاچونكه ئه‌و له‌ناو پانتاییه‌كی بچو‌وكدا لانیكه‌می ئه‌و دروشمانه پراكتیك نه‌كات به‌رزی كردۆته‌وه ئه‌ی چۆن ده‌توانێت یاخود ده‌یه‌وێت له‌پانتاییه‌كی به‌رفراوانتردا پراكتیكیان بكات؟. له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا پێموایه هه‌ڵبژاردنی داهاتوو هه‌ندێك موفاجه‌ئه‌ی تێدا ده‌بێت به‌ڵام به‌و شێوه‌یه نابێت زۆر كه‌س له‌زیهنی خۆیاندا وێنایان كردووه، ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنیش هه‌رچۆن بێت گرنگ نییه، ئه‌وه‌نده‌ی گرنگه هه‌موو لایه‌ك رێز له‌بنه‌ماكانی دیموكراسی بگرن وبه‌ئه‌خلاقێكی دیموكراسیانه‌و مه‌ده‌نیانه ئه‌م پرۆسه‌یه تێپه‌ڕێنن وبه‌شه‌ڕو كوشتار‌و ته‌زویرو ته‌زویركاریی ویه‌كتر تۆمه‌تباركردن وكێشه‌و ئاژاوه‌نانه‌وه پرۆسه‌كه ناشیرین نه‌كه‌ن وسومعه‌و ناوبانگی كورد‌و هه‌رێمی كوردستانیش له‌وه ناشیرینتر نه‌كه‌ن.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
