له‌م دیداره‌دا عه‌لی كه‌ریم، به شێوه‌یه‌كی راشكاوانه و راستگۆیانه لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌زموونی هونه‌ری‌و قۆناغه‌كانی ژیانی خۆی
ده‌خاته‌ڕوو، دیارترین ره‌گه‌ز له‌م دیداره‌دا كه به‌لای منه‌وه جێگه‌ی سه‌رنجه، (راشكاوی و راستگۆی) یه، ئه‌و باس له په‌یوه‌ندیی نێوان (خۆی و سیاسه‌ت خۆی و شانۆ، خۆی و دراما) ده‌كات، له باسی شانۆ و سیاسه‌تدا ده‌ڵێت: هیچ هێڵێك نییه سیاسه‌ت‌و شانۆ پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه، هه‌شبێت من له‌گه‌ڵیدا نیم، چونكه ئه‌و جۆره هێڵانه نه‌زۆكن!... هیوادارین ئه‌م گفتوگۆیه چۆن لای ئێمه جێگه‌ی سه‌رنج و خوێندنه‌وه‌یه، به‌هه‌مان شێوه ئه‌و هه‌سته‌ش لای خوێنه‌ر دروستكات..
دیداری: كامه‌ران سوبحان
*سه‌ره‌تاكانی كاری هونه‌ریت جۆرێك له ململانێ‌و ئاراسته‌ی دژی تێدایه، به‌جۆرێك دوای شه‌هیدبوونی (جه‌لال كه‌ریم) ی برات گه‌ر به‌قسه‌و بۆچوونی باوكت بوایه ده‌بایه ده‌مانچه‌كه‌ی ئه‌وت بكردایه به به‌ر پشتوێنه‌كه‌تداو جێگه‌ی ئه‌و برا شه‌هیده‌ت بگرتایه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه‌ی باوكت لای تۆ بایه‌خی نه‌بوو، راسته ماوه‌یه‌ك ده‌مانچه‌كه‌ت كرد به به‌ر پشتوێنه‌كه‌تدا، به‌ڵام ئه‌و ده‌مانچه‌یه فیشه‌كت پێ نه‌ته‌قاند، پاشتر نه‌ك نه‌بوویت به شۆڕشگێڕ، به‌ڵكو بوویت به ئه‌كته‌ر، ئه‌م دوو ئاراسته دژ به‌یه‌كه له سه‌ره‌تاكانی ژیانی تۆدا چ رۆڵێكی هه‌بووه له بونیادی كاره‌كته‌ری هونه‌ری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی تۆدا؟
-له‌سه‌ره‌تادا كه باوكم به به‌رچاوی ئه‌و خزم‌و كه‌سوكارو هاوڕێیانه‌ی شه‌هید (جه‌لال) ه‌وه ده‌مانچه‌كه‌ی خسته به‌ر پشتوێنه‌كه‌م، موچڕكێك سه‌راپای جه‌سته‌می هه‌ژان، هه‌ستێكی نامۆ دایگرتم، وام هه‌ست ئه‌كرد مناڵم‌و باوكم گه‌مه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كات، یان هه‌ر به‌ڕاستی پێویسته درێژه به تێكۆشانی شه‌هید (جه‌لال) بده‌م‌و ناشبێت خانه‌واده‌كه‌مان له‌و كاروانه‌دا به‌جێبمێنن. به‌هه‌رحاڵ، ده‌مانچه‌كه‌م كرده به‌ر پشتوێنه‌كه‌م‌و هه‌وڵم ئه‌دا خاوه‌نی كاره‌كته‌ری خۆم ببم، به‌ڵام به ریتم‌و هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و ره‌فیقانه‌ی شه‌هید یا به ڕاگرتنی هاوته‌ریبییه‌ك له ریتم‌و هه‌ڵسوكه‌وتی من‌و ئه‌وان. ره‌فتارو هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ئه‌وان به من نامۆ بوون، ئه‌و ده‌مه هه‌وڵم ئه‌دا خۆم بنوێنم به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی تێیانگه‌ێنم كه له‌گه‌ڵیاندا ته‌بام، به‌ڵام وه‌ك رۆح نامۆ بووم. نه‌شم ئه‌زانی چی بكه‌م‌و چۆن به‌رچاو روون بم، له‌لایه‌ك قسه‌ی باوكم نه‌شكێنم، له‌لایه‌كی تره‌وه خواستی شه‌هید جه‌لال كه هانی ئه‌دام به‌رده‌وام بم له گه‌شه‌پێكردنی ئاره‌زووه هونه‌رییه‌كانم، ئه‌م دوو ئاراسته دژ به یه‌كه له ساڵی 1968ه‌وه تا سه‌ره‌تای ساڵی 1971 به‌رده‌وام هه‌راسانی كردبووم، له‌و سێ ساڵه‌دا نه‌متوانی به‌شداریی چالاكیی هونه‌ری بكه‌م، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده، به‌ڵكو هه‌ندێ جار به چاوی سووكه‌وه ئه‌مڕوانییه چالاكییه‌كانی سه‌ر شانۆ، وه‌ك گۆرانی‌و هه‌ڵپه‌ڕكێ‌و نواندن، دواتر له هاوینی 1971دا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان د. فازیل‌و جیهاد دڵپاك‌و جه‌لیل زه‌نگه‌نه، (به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌بێ ده‌مانچه) به حه‌زو ئاره‌زوویه‌كی له‌بننه‌هاتووی به‌جۆشه‌وه خۆشه‌ویستیی خۆمم بۆ شانۆ راگه‌یاندو ئیدی له‌و رۆژه‌وه من بۆ شانۆ‌و خۆشه‌ویستیی مرۆڤ و ئاشتی ئه‌سوتێم. دژی چه‌ك‌و جبه‌خانه‌م، حه‌زم به باخ‌و گوڵزاره، رقم له شه‌ڕه، ئاشتیخوازم، خوازیاری ئاسوده‌گیی مر‌ۆڤم، دژی خۆسه‌پاندنم، دیموكراسیخوازم، دژی كۆنه‌پارێزم، به‌لای منه‌وه ژن جوانترین خه‌ڵقه‌نده‌ی خودایه، خۆشه‌ویستی پردی په‌ڕینه‌وه‌یه رووه‌و رۆژگاره جوانه‌كان، شانۆ بوونه‌وه‌رێكی سیحراوییه بۆیه نه‌مره، جوانترین دنیا دنیای هونه‌ره.
*هیچ كاتێك هه‌ست ناكه‌یت ئه‌و حه‌زه‌ی باوكت له هه‌ڵسوكه‌وتی ژیانی رۆژانه‌تدا ره‌نگبداته‌وه، واته هه‌ست ناكه‌یت ئێستا تۆ بوویت به ئه‌كته‌رێكی ناودار، به‌ڵام جاروبار جۆرێك ره‌فتاری رۆژانه‌ت ئاماژه‌ی ئه‌و حه‌زو ئاواتانه بوو كه باوكت ده‌یخواست له كاره‌كته‌ری تۆدا هه‌بێت؟
-نه‌خێر، چونكه له‌و باوه‌ڕدانه‌بووم باوكم مه‌به‌ستی ئه‌وه بووبێت رۆژێك له رۆژان ببم به ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یان به‌رپرسێكی گه‌وره‌ی رێكخراوێكی سیاسی، به‌ڵكو ته‌نها مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بووه كه خانه‌واده‌كه‌مان شه‌ره‌فی به‌شداریكردنی تێكۆشانی هه‌بێت له پێناوی نیشتماندا، ئه‌گه‌ر دوای ئه‌و مێژووه‌ش په‌یوه‌ندیم هه‌بووبێت به ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی لینینی كوردستانه‌وه، دیسانه‌وه هه‌ر به مه‌به‌ستی خه‌باتكردن له پێناوی نیشتماندا بووه، كه ئه‌وه‌ش له حه‌فتاكان‌و هه‌شتاكاندا تا سه‌رهه‌ڵدانی راپه‌ڕین ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و مرۆیی بووه، نه‌ك له پێناوی خۆماندا، به‌ڵكو به مه‌به‌ستی داكۆكیكردن بووه له خه‌ڵكانی سته‌مدیده‌و به‌شخوراوان، كه پێم وایه ئه‌مه ئه‌ركێكی مرۆییه له پێناوی ئازادیی تاك‌و كۆمه‌ڵ، به‌ڵام ئه‌وه‌ت لێ ناشارمه‌وه كه هه‌ندێ جار له هه‌ڵسوكه‌وتی رۆژانه‌مدا هه‌وڵم ئه‌دا یان هه‌ندێ جار به ئه‌نقه‌ست هه‌ڵسوكه‌وتێكم ئه‌كرد ته‌نهاو ته‌نها مه‌به‌ستم خۆنواندن بوو (واتا خۆم بنوێنم تا راده‌ی غرور)، خۆشم نه‌مئه‌زانی بۆچی ئه‌م ره‌فتاره ئه‌كه‌م، ناشمه‌وێت نموونه بهێنمه‌وه، چونكه نموونه زۆرن. ئه‌گه‌ر بڵێم رێبه‌ری له خۆم به‌ته‌مه‌نترم كردووه درۆناكه‌م، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌زم به خۆسه‌پاندن هه‌بووه، نه‌و، ته‌نها حه‌زێك بووه، خۆشم نازانم له كوێ‌و كه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. من به به‌رده‌وام له‌ململانێدام له‌گه‌ڵ ئێستا، خه‌ون به ئاینده‌وه ئه‌بینم. وا هه‌ست ئه‌كه‌م ئاینده رووبارێكی به‌خوڕه له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌ره‌و كه‌ناره‌كانی ئارامبوونه‌وه ئه‌مبات.
*به‌ڵام له‌گه‌ڵ خه‌ونی تۆدا به ئاینده‌وه هه‌ست ناكه‌یت به‌شێكی زۆری كاره هونه‌رییه‌كانت بارگاوی بوون به سیاسه‌ته‌وه، گه‌ر به چاوێكی ره‌خنه‌گرانه‌وه له‌و چل ساڵه‌ی رابردووی ئه‌زموونی نواندنی خۆت وردبیته‌وه، پێت وایه ئه‌و په‌یامه‌ی هه‌تبووه له شانۆدا په‌یامێكی ئیستاتیكی‌و هونه‌ریی رووت بووه، یان بارگاوی بووه به كاری سیاسی‌و ئایدیۆلۆژییه‌وه؟
-تۆ باسی چل ساڵی كاری هونه‌ریی من ئه‌كه‌یت، چل ساڵ مێژوویه‌كی پڕ له گۆرانكاری‌و وه‌رچه‌رخانه، واته پڕبووه له خه‌ون‌و جوڵه‌و تێكشكان‌و هه‌ڵسانه‌وه چ وه‌ك خۆم وه‌ك تاك، یان گه‌له‌كه‌م وه‌ك كۆ، لێره‌وه تۆ بڵێی من بتوانم خۆم له‌وی دی جیابكه‌مه‌وه، یان ئه‌وی دی بخه‌مه په‌راوێزی خه‌ون‌و تێرامانه پڕ له ره‌هاكانمه‌وه؟ ئه‌وانه‌ی كه جیوه‌یین ئه‌وانه‌ی كه پڕن له جوڵه، من به‌شێكم له ئێستا‌و دوێنێ، سبه‌ینێ پڕۆژه‌یه‌كی به‌رده‌واممه، له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌توانم له ده‌ره‌وه‌ی مێژوودا بم، حه‌زئه‌كه‌م تۆ وه‌ڵامم بده‌یته‌وه، چونكه من هه‌رگیز ئه‌گه‌رچی بارگاویی سیاسه‌ت بووبم، به‌رهه‌مه‌كانم وه‌ك (پاسه‌وانی هاڕۆڵد پێنته‌رو (سرودی خۆشنودی) چه‌ند به‌رهه‌مێكی دۆستۆیڤیسكی‌و سزا‌و و تاوانی هه‌ر هه‌مان نووسه‌رو زووتریش له ساڵانی سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا وه‌ك (دكتۆر پاڵمی) و (مانگی ئاوابوو) ئه‌وه‌نده‌ی له ئازادیی تاك ئه‌دوێن ئه‌وه‌نده بارگاویی سیاسه‌ت نین، خۆ ئه‌گه‌ر واش بووبێت، ئه‌ی لایه‌نه هونه‌رییه‌كانی تێكڕای ئه‌و شانۆییانه‌ی كه نمایشكراون، وه‌ك: (سروودی خۆشنوودی، ته‌قینه‌وه)، كه سینه‌مای تیا به‌كارهێنرا، كالیسگه‌ی مه‌رگ، یان به شانۆییكردنی قه‌سیده‌یه‌كی شاعیر (قوبادی جه‌لی زاده) به ستایلێكی شانۆیی ئاهه‌نگاسازی به به‌رهه‌مهێنرا، ئه‌مانه به‌ڵگه‌ن كه من به‌ته‌نها بۆ سیاسه‌ت كاری هونه‌ریم نه‌كردووه، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و شانۆییانه‌ی كه به‌شداریم تیاكردوون وه‌ك (سروودی خۆشنوودی، دیفز دیفز، پاسه‌وان، سزا و تاوان) شانۆگه‌لێك بوون زیاتر له مه‌سه‌له ئه‌زه‌لییه‌كانی مرۆڤ ئه‌دوێن وه‌ك خۆشه‌ویستی‌و ئازادی‌و مه‌رگ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ئه‌گه‌ێنێت به‌رهه‌مه‌كانی قۆناغی دوای راپه‌ڕین كه ئه‌توانین به قۆناغی تێپه‌ڕاندنی قۆناغی رزگاریی نیشتمانیی دابنێین زیاتر وه‌ك ناوه‌رۆك‌و به‌رهه‌مهێنانی شانۆیی به‌لای مه‌سه‌له‌و كێشه ئینسانییه‌كاندا ئه‌ڕوانێت، واته هه‌ڵگری په‌یامێكی ئیستاتێكی‌و هونه‌ری‌و مه‌عریفین، خۆ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت ئه‌و به‌رهه‌مه شانۆییانه بێت له ساڵانی هه‌فتاكان‌و هه‌شتاكاندا كه ساڵانێكی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و به‌گژداچوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ داگیركه‌راندا ئه‌وا نه‌ك من، به‌ڵكو هه‌موو شانۆكاران به‌و ئاراسته‌یه نمایشه شانۆییه‌كانیان به به‌رهه‌م ئه‌هێنا، بۆ نموونه: (راستییه‌كه مرد، ئابڵوقه، زه‌لكاو، مانگی ئاوابوو، دووڕه‌گ، پردی ئارتا، د. پاڵمی، ترێ‌و رێوی، موڵه‌ت، دوژمنی گه‌ل) هتد...
*به‌ڵام ئه‌م بیركردنه‌وه شۆڕشگێڕییه تاڕاده‌یه‌ك تارمایی له‌سه‌ر كاره شانۆییه‌كانی تۆدا هه‌یه، له شانۆیی (ته‌قینه‌وه) دا كه له به‌غدا له فێستیڤاڵێكی شانۆییدا نمایشكراو زۆر خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێنا، تۆ كه داڕێژه‌ری ده‌قی (ته‌قینه‌وه) بوویت‌و له هه‌مانكاتیشدا یه‌كێك بوویت له ئه‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی، به تێڕوانینێكی ماركسی‌و لینینیانه ئه‌م شانۆییه‌تان به‌رهه‌مهێنا، پاش نزیكه‌ی (سی ساڵ) به‌سه‌ر ئه‌م شانۆییه‌دا، هه‌ست ناكه‌یت تێڕوانینێكی ئایدیۆلۆژیانه‌ت هه‌بووه بۆ شانۆ‌و ئێستا ئه‌و روانینانه له شانۆدا به‌ئاسانی جێگه‌یان نابێته‌وه؟
-زۆر راسته، به‌ڵام من وه‌كو ئه‌كته‌ر، یان هه‌ندێ جار له (مه‌ره‌زه، یه‌ك دوو سێ، ته‌قینه‌وه) دا كه په‌یوه‌ندیی به ده‌رهێنه‌رو ئه‌و لایه‌نه‌وه هه‌بووه كه لایه‌نی به‌رهه‌مهێنه‌رن. ئه‌وسا منیش‌و لایه‌نی ده‌رهێنه‌ر له ژێر كاریگه‌ریی بارودۆخه سیاسییه‌كه‌دا بووین، بۆ نموونه: (ته‌قینه‌وه) وه‌ك نمایش له حه‌ساسترین زه‌مه‌نی په‌یوه‌ندیی سه‌ركردایه‌تیی كورد‌و رژێمی به‌غدادو له گه‌وره‌ترین میهره‌جانی هونه‌ریی كوردیدا بووه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده، به‌ڵكو من بۆ خۆم دووسێ ساڵ به‌ر له‌وه له رێگه‌ی په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادره‌وه له ناو ریزه‌كانی (كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی لینینی كوردستان) ه‌وه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (جیهاد دڵپاك) كارمان ئه‌كرد، تۆ بڵێی له‌م حاڵه‌ته‌دا من به‌رد بووبم، یا مرۆڤ؟ خۆ ئه‌گه‌ر مرۆڤ بووبم واته رۆچوونه ناو رووداوه‌كان، رۆچوونه ناو رووداوه‌كانیش یانی تێكه‌ڵاوبوون به ورده‌كارییه‌كان، ئه‌ی ئیتر بۆ له‌م به‌یه‌كداچوونه‌ی من‌و رووداوه‌كاندا حاڵه‌تێك له ئینسانییه‌ت به‌رجه‌سته نه‌بووبێت، سه‌رباری زاڵبوونی ئایدیۆلۆژیا یان حاڵه‌تێكی شۆڕشگێڕانه به‌سه‌ر هه‌ندێ به‌رهه‌می شانۆییم له هه‌ندێ قۆناغدا: وه‌ك (ته‌قینه‌وه) كه له داڕشتنه‌وه‌ی من بوو، یا به‌شداربوونم له (د. پاڵمی و دووڕه‌گ‌و مانگی ئاوابوو) كه سه‌رباری مه‌سه‌له سیاسییه‌كه‌ی ئه‌م (ده‌قانه)، به‌ڵام وه‌ك حاڵه‌ته (زاتییه‌كان) به‌تایبه‌تی له كاره‌كته‌ری (د. پاڵمی و روبه‌ت‌و لانسه‌ر) له شانۆییه‌كانی (د. پاڵمی و دووڕه‌گ‌و مانگی ئاوابوو) كه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كێشه سیاسییه‌كانی ئه‌خسته روو، ئه‌وه‌نده‌ش مه‌سه‌له (زاتییه‌كان) ی به‌تایبه‌تی (رۆبه‌رت) له (دووڕه‌گ) و سه‌رۆكی موخابه‌رات له (د. پاڵمی) و (لانسه‌ر) له (مانگی ئاوابوو) ئه‌خسته‌ڕوو، بۆیه ئه‌ڵێم نه‌ك دوای سی ساڵ ته‌مه‌نی هونه‌ریم، به‌ڵكو هه‌ر له دوای ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتم كه شانۆ كرده‌یه‌كی ئیستاتێكیی هونه‌رییه، گه‌یشتمه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه شانۆ سروتێكی پڕ ته‌لیسمه، لێواو لێوه له سیحر، تێَكه‌ڵه به شیعر، جێگه‌ی (ئایدیۆلۆژیای) تیا نابێته‌وه، چونكه ئایدیۆلۆژیا بنبه‌ستبوونه، نوێخوازی‌و ئه‌زمونگه‌رایی به‌رده‌وامبوونه، بۆیه به‌رهه‌مه‌كانی ساڵانی ناوه‌ڕاستی هه‌فتاو هه‌شتاكان ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی فیكر‌و ئایدیۆلۆژیای (موجه‌ڕه‌ده‌وه) هاتبێت، ئه‌وا په‌یوه‌ندیی به هزرو تێگه‌یشتنمه‌وه هه‌بووه، ئه‌وسا هه‌ر ئه‌وه‌م بۆ كراوه‌و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش تێگه‌یشتووم له هونه‌رو ئیستاتیكای شانۆ.
*باسی ئه‌وه ده‌كه‌یت كه گوایه شانۆییه‌كانی دوای راپه‌ڕین زیاتر به‌لای مه‌سه‌له‌و كێشه ئینسانییه‌كاندا ئه‌ڕۆن، واته هه‌ڵگری په‌یامێكی ئیستاتیكی‌و هونه‌ری‌و مه‌عریفی بوون، من ته‌واو پێچه‌وانه‌ی تۆم، به‌وه‌ی جگه له هه‌ندێ كاری كه‌می شانۆیی، دوای راپه‌ڕین ده‌رگا كرایه‌وه بۆ هه‌ندێ به‌ناو نمایشی بازرگانی‌و كاری سواو و لاواز، به‌مه‌ش به‌ته‌واوه‌تی ده‌رگای هۆڵه‌كانمان له بینه‌ران داخست، تۆ بۆ ئه‌م حاڵه‌ته ده‌ڵێی چی؟
-به‌ر له هه‌موو شتێك من باسم له شانۆی (جادد) كردووه، نه‌ك ئه‌و به‌ناو شانۆییانه‌ی كه ته‌نهاو ته‌نها بۆ پاره په‌یداكردن بوون، چونكه به‌لای منه‌وه ئه‌و شێوه نمایشانه نه شانۆن‌و نه ئه‌كته‌ره‌كانیشیان هونه‌رمه‌ندن. ئه‌وان كۆمه‌ڵێك نا هونه‌رمه‌ندی بازرگانن گه‌مه به عه‌قڵ‌و سۆز‌و هه‌ڵچوون‌و هزری جه‌ماوه‌ر ئه‌كه‌ن، ته‌مه‌نیشیان كورته، چونكه ئه‌وان گاڵته‌جاڕن‌و خۆشیان‌و جه‌ماوه‌ر ئه‌خه‌ڵه‌تێنن. من كه باسی قۆناغی دوای راپه‌ڕینم كردووه مه‌به‌ستم ئه‌و به‌رهه‌مانه بوون كه له فێستیڤاڵه‌كانی یه‌كه‌م‌و دووه‌م‌و سێیه‌م‌و چواره‌می شانۆی سلێمانی پێشكه‌شكران، بۆ نموونه (گه‌شته‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی حه‌سه‌ن) ی كامه‌ران‌و (ماكبێس) ی ئۆمید‌و (دیفز دیفز) ی میسری یان كۆشك‌و سروودی خۆشنوودی‌و سزا‌و تاوان‌و زۆربه‌ی نمایشه‌كانی (تیپی هاوڕێیانی گه‌زیزه) و به‌رهه‌مه‌كانی هۆرێن‌و هیواو له‌م دواییه‌شدا نمایشه‌كانی پێشڕه‌و و سه‌فین، ناشبێت هه‌ندێ هه‌وڵی گه‌نجه‌كانی سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانمان بیربچێت له‌وانه یه‌ك دوو به‌رهه‌می تیپی شانۆی نۆژه‌ن.
*به‌لای تۆوه ئه‌م نمایشانه هه‌ڵگری په‌یامێكی ئیستاتیكی‌و هونه‌ریی مه‌عریفی بوون؟
-به‌ڵێ، وه‌ره با پێكه‌وه سه‌رنجێكی ره‌خنه‌یی له بنه‌ماو پێكهاته هونه‌رییه‌كانی ئه‌م نمایشانه بده‌ین: (ماكبێس) ی ئۆمید‌و (گه‌شته‌كه‌ی) كامه‌ران‌و (دیفز دیفز) ی میسری، له رووی بابه‌ته‌وه ده‌قه‌كان هه‌ڵبژارده‌ن‌و هێڵه درامییه‌كان تۆكمه‌و جوان ره‌سمكراون‌و په‌یوه‌ندیی كاره‌كته‌ره‌كانیش هه‌ڵقوڵاوی رووداو و شوێنه‌كانن، فه‌رموو بڕوانه بونیادی هونه‌ریی ئه‌م نمایشانه: مه‌ودا سایكۆلۆژی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و جه‌سته‌یی كاره‌كته‌ره‌كان، به‌ده‌نگه‌وه‌چوونیان، بونیادی شوێن‌و كاریگه‌رییه‌كانیان، به‌سه‌ر شێوازی هه‌ڵسوكه‌وت‌و جوڵه‌ی ئه‌كته‌ره‌وه، داڕشتنه‌وه‌ی پانتایی‌و بونیادنانه‌وه‌ی پێكهاته‌كان‌و به‌شانۆییكردنیان، پته‌ویی بۆچوونه هونه‌رییه‌كانی ده‌رهێنه‌ر له میانه‌ی پرۆسه‌ی ده‌رهێنان به‌نواندیشه‌وه چ وه‌كو (ئه‌دا) و چ وه‌كو به‌رجه‌سته‌كرد. زۆربه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه شانۆییانه دووربوون له (زهنییه‌ت) و فیكری رووت‌و تاك ره‌هه‌ند، یان یه‌ك بۆچوون، حاڵه‌تێك له جیوه‌یی جوڵه‌و فره ده‌لاله‌ت به‌دی ئه‌كرا، له‌م به‌رهه‌مه شانۆییانه‌دا (چێژی هونه‌ری) و په‌یبردن به نهێنییه‌كانی (وجود) وه‌ك كێشه‌یه‌كی ئه‌زه‌لیی مرۆڤ هێڵی سه‌ره‌كیی بابه‌ته‌كه بوون نه‌ك هه‌روه‌كو ده‌ق، به‌ڵكو وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی هونه‌ریی نمایشه‌كه، چونكه ئه‌م نمایشانه له روانگه‌یه‌كی ئه‌ستاتیكیی هونه‌ری‌و مه‌عریفییه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، كه مه‌به‌ست‌و ئامانج له بونیادی هونه‌رییان چێژی هونه‌ری‌و پێكهاته‌ی گوزارشت ئامێز‌و جوڵه‌ی جه‌سته‌یی مانابه‌خش بوون.
*ئه‌مه له روانگه‌ی تۆوه وا نا؟
-به‌ڵێ، به‌لای منه‌وه، چونكه مه‌رج نییه خوێندنه‌وه‌كان بۆ كارێكی هونه‌ری چوون یه‌ك بن.
*چل ساڵه كاری نواندن ده‌كه‌یت، به‌راورد به‌و چل ساڵه به‌رهه‌مت له بواری نواندندا (شانۆ، درامای ته‌له‌فزیۆنی) زۆر كه‌مه، هاوكێشه‌ی زۆری كاری هونه‌ری لای تۆ چ مانا‌و ده‌لاله‌تێكی هه‌یه؟
-به‌لای منه‌وه زۆریی به‌رهه‌م نیشانه‌ی داهێنان نییه. من بۆ خۆم له ماوه‌ی ئه‌و چل ساڵه‌دا نزیكه‌ی (30) به‌رهه‌می شانۆیی‌و ته‌له‌فزیۆنیم هه‌یه، ئه‌گه‌ر بشمویستایه ئه‌متوانی پتر له‌م ژماره‌یه كاری هونه‌ری به به‌رهه‌مبهێنم، چونكه زۆر ده‌قی شانۆیی‌و سیناریۆی ته‌له‌فزیۆنییان خستووه‌ته به‌رده‌ستم، به‌ڵام من یا به‌گومان بووم له توانای ده‌رهێنه‌ره‌كه، با سیناریۆكه‌م به‌جوان نه‌هاتووه‌ته به‌رچاو، ئه‌و هونه‌رمه‌نده هاوپیشانه‌یشم كه خه‌رمانێك به‌رهه‌می شانۆیی‌و ته‌له‌فزیۆنییان هه‌یه، ناو و شوره‌تیان نه له من زیاتره‌و نه ئه‌وه‌نده‌ی من له رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا لێی دواون، ئه‌گه‌ر به چاوێكی ره‌خنه‌وه سه‌رنجی به‌رهه‌مه شانۆیی‌و ته‌له‌فزیۆنییه‌كانم بده‌یت ئه‌بینی هه‌ر له یه‌كه‌م كاری هونه‌ریمه‌وه له ساڵی (1968) ه‌وه تا دوا كاری ته‌له‌فزیۆنیم كه زنجیره درامای (ژیله‌مۆ) یه، به‌رهه‌م دوای به‌رهه‌م رووه‌و ئاستێكی هونه‌ریی به‌رزتر هه‌ڵئه‌كشێت، چونكه من به به‌رده‌وام هه‌موو ئه‌زموونێكی هونه‌ریی نوێم به هه‌نگاو و وێستگه‌ی یه‌كه‌م ئه‌زانم‌و له به‌رانبه‌ریدا هه‌ڵوه‌سته ئه‌كه‌م‌و تووشی دوودڵی‌و دڵه‌ڕاوكێ ئه‌بم، هه‌وڵیش ئه‌ده‌م ئه‌دا‌و نواندنم یه‌ك چوون نه‌بێت، به‌رهه‌مه‌كانیشم شایه‌دحاڵن، زۆر شاعیریشمان هه‌یه به‌یه‌ك قه‌سیده ناو و شوره‌تیان هه‌یه‌و هه‌ر به‌و قه‌سیده‌یه‌ش دره‌وشاوه‌ن، شكسپیریش له كۆی (37) ده‌قی شانۆییه‌وه ته‌نها (7) شانۆییان به‌ناوبانگه‌و هه‌ر ئه‌و ده‌قانه‌یشه له هۆڵه شانۆییه‌كانی دنیادا نمایش ئه‌كرێن.
*به‌پێچه‌وانه‌ی زۆر ئه‌كته‌ری ناودارو به‌ئه‌زموونی تری كورده‌وه، تۆ له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ده‌رهێنه‌ردا كارت كردووه كه ئه‌زموون‌و توانای هونه‌رییان له ئاستێكی نزمدا بووه، به‌ڵام زۆرێك له ئه‌كته‌ره به‌ناوبانگه‌كانی دونیا مه‌رج داده‌نێن بۆ ده‌رهێنه‌ران به‌مه‌به‌ستی كاركردن له‌گه‌ڵیاندا، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زۆر ئه‌كته‌ری نه‌وه‌ی تۆش هه‌یه له كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌رهێنه‌رێكدا كاری هونه‌ری ناكات، گه‌ر له سه‌داسه‌د دڵنیا نه‌بێت له توانای ئه‌و ده‌رهێنه‌ره. ئایا تۆ هیچ مه‌رج‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌كت هه‌یه بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ردا؟
-من له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ده‌رهێنه‌ر كارم كردووه كه ئه‌زموون‌و توانایان له رووی هونه‌رییه‌وه له ئاستێكی نزمدا بوون؟ من هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی كه‌ركوك كارم كردووه، وه‌ك هونه‌رمه‌ندان (ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د ره‌مه‌زان، د. سه‌لمان كاكه‌یی) له‌و به‌رهه‌مه ته‌له‌فزیۆنی‌و شانۆییانه‌ش (كچه لاڵه‌كه، به‌هاری دزراو، مه‌ره‌زه، ته‌قینه‌وه) دواتر له كۆتایی ساڵه‌كانی حه‌فتادا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند د. فازیل جاف له شانۆیی (دووڕه‌گ) كه له نووسینی نووسه‌ری ئه‌مریكایی (لانگست هیوز) بوو ئه‌نجام له ناوه‌ڕاستی ساڵه‌كانی هه‌شتادا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (ناسر حه‌سه‌ن) له زنجیره درامای (ژاڵه) و له ساڵی (1990) یشدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند جه‌لیل زه‌نگه‌نه مونۆدرامای (سروودی خۆشنوودی) كه جێی سه‌رنجی زۆربه‌ی ره‌خنه‌گری عیراقی‌و میسرییه‌كان بوو له‌وانه: نازك الاعرجی‌و د. عقیل مهدی‌و یوسف الحیدری‌و هونه‌رمه‌ندان ریاز شه‌هیدو هادی ئه‌لمه‌هدی‌و ته‌ها سالم‌و زۆری تر، له‌وه‌ش بترازێت له دوای راپه‌ڕیندا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان (كامه‌ران ره‌ووف) له فیلمه ته‌له‌فزیۆنییه‌كانی (مه‌رگی ئه‌رخه‌وانی، فرمێسكی ره‌ش، مه‌مله‌كه‌تی خۆر) و حسێن میسریش له شانۆییه‌كانی پاسه‌وانی (هاڕۆڵد پینته‌ر) و (دیفز دیفز) ی ئاماده‌كراو له (پینته‌ر) و (سزا‌و تاوانی) ی دیستۆیڤسكی‌و ئه‌نجا به‌شداریكردنم له زنجیره ته‌له‌فزیۆنی (رابوون) ی نه‌جم هۆگر. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه واته: د. سه‌لمان‌و د. فازیل‌و كامه‌ران ره‌ووف‌و جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌و حسێن میسری وه‌ك شانۆ‌و نه‌جم هۆگر ئه‌زموون و توانای هونه‌رییان له ئاستی نزمدایه، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه كه‌م ئه‌زموون بن، ئه‌ی كێن ئه‌وانه‌ی پڕ ئه‌زموونن‌و من په‌ییم پێ نه‌بردوون؟ به‌ڕێز حه‌ز ئه‌كه‌م ناوی یه‌ك دوانێكیان بدركێنیت بۆ ئه‌وه‌ی منیش بیانناسم‌و ئه‌گه‌ر هه‌ستم كرد له من به ئه‌زموونترن ئه‌وا هه‌وڵئه‌ده‌م لێیانه‌وه فێربم. سه‌باره‌ت به مه‌رجدانان‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی كاركردن له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌رهێنه‌رێكدا چ وه‌كو شانۆ، یان كاری دراما، ئێمه پڕۆفیشناڵ نین‌و ئێستاش راسته‌وخۆ له میانه‌ی تیپه شانۆییه ئه‌هلییه‌كان، یاخود كه‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه به‌رهه‌مه‌كانمان به به‌رهه‌م دێت. ئێمه تا ئێستاش مامه‌ڵه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی ئاره‌زوومه‌ندمان له ته‌كدا ئه‌كرێ. سه‌باره‌ت به‌و ئه‌كته‌رانه‌یشی كه له كوردستاندا نه‌وه‌ی منن، جگه له عومه‌ر دڵپاك له به‌شی دووه‌می گه‌رده‌لوولدا ئه‌ویش كه مه‌رجه‌كه‌ی زیادكردنی پاداشته‌كه‌ی بوو نه‌ك لایه‌نی هونه‌ری یا فیكری، حه‌ز ئه‌كه‌م ناوی یه‌ك ئه‌كته‌ری ترم بۆ بخه‌یته روو كه مه‌رج ئه‌خه‌نه به‌رده‌م ده‌رهێنه‌ره‌كانیان، یان ده‌رهێنه‌ر ره‌تئه‌كه‌نه‌وه، ئه‌كته‌رگه‌لی نه‌وه‌كه‌ی منیش ئه‌مانه‌ن: (عه‌بدولی حه‌مه‌جوان، عه‌لی نوری، عومه‌ر دڵپاك، ئازادی حه‌مه بچكۆل، ئازاد جه‌لال، ئه‌حمه‌د سالار، كاوه‌ی ئه‌حمه‌د میرزا، عه‌لی توانا، ته‌ها خه‌لیل، جیهاد دڵپاك) كامیان تا ئێستا ده‌رهێنه‌ری ره‌تكردووته‌وه‌و مه‌رجی بۆ داناوه؟ بۆیه ئه‌ڵێم نه‌خێر من هیچ مه‌رجێك بۆ ده‌رهێنه‌ر له كاری شانۆیی یا ته‌له‌فزیۆنیدا دانانێم ته‌نها مه‌رجێك نه‌بێت، ئه‌ویش مه‌رجی جوانیی سیناریۆو ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی كه ده‌رهێنه‌ر به منی ئه‌سپێرێت بۆ نواندن، دیاره ئه‌مه‌ش مافی هه‌موو ئه‌كته‌رێكه نه‌ك له كوردستاندا، به‌ڵكو له ئه‌وروپاو هۆلیوودو میسر‌و سوریا‌و توركیا‌و ئێران‌و زۆر شوێنی تریش.
*ببووره تۆ ناوی هه‌ندێ ده‌رهێنه‌رم پێ ئه‌ڵێیت به‌دڵنیاییه‌وه ئاستی هونه‌ری‌و توانای داهێنانیان جیاوازه، من به‌و ره‌هاییه ناڵێم كه گوایه تۆ له‌گه‌ڵ هیچ ده‌رهێنه‌رێكی ناودار كارت نه‌كردووه، به‌ڵام ره‌نگه به ئه‌زموون‌و توانای هونه‌ری‌و مێژووی كاركردن بێت، تۆ له‌چاو یه‌ك دوو له‌و ده‌رهێنه‌رانه جیاوازبیت، ئایا ئه‌مه سنگفراوانیی خۆته به‌رانبه‌ر ده‌رهێنه‌ره‌كان، یان جۆرێكه له سه‌ركێشیی هونه‌ری؟
-با بێینه سه‌ر ئه‌و ده‌رهێنه‌ره شانۆییانه‌ی كه من كارم له‌گه‌ڵدا كردوون، فازیل جاف له شانۆیی (دووڕه‌گ)، جیهاد دڵپاك له شانۆیی (د. پاڵمی)، جه‌لیل زه‌نگه‌نه له شانۆیی (مانگی ئاوابوو) و (سروودی خۆشنوودی)، حسێن میسری له شانۆییه‌كانی: (پاسه‌وان) ی پینته‌رو (دیفز دیفز) ی ئاماده‌كراو له پینته‌رو (سزا‌و تاوانی) ده‌ستۆیڤسكی‌و هتد... ئه‌م به‌رهه‌مانه نه‌ك من ئه‌یڵێم ئه‌وه‌تا له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی سه‌رده‌می رژێم‌و ئیستاش كه چۆن باسكراون‌و چه‌ند به‌نموونه‌یی ناویان هێنراوه‌و كێش لێیان دواوه، مه‌به‌ستم له‌و قۆناغانه هه‌ر ئه‌وان هه‌بوون و منیش له‌گه‌ڵیاندا كارم كردووه، ئیتر ئه‌زموونی من له‌وان ده‌وڵه‌مه‌ندتر بێت یاخود ئه‌وان له من زیاتر ئاره‌زووی ده‌رهێنانیان هه‌بێت‌و پێكه‌وه رێككه‌وتبین له‌گه‌ڵ یه‌كدا كاری شانۆیی بكه‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر باسی كاری فیلم‌و درامای ته‌له‌فزیۆنی، ئه‌وا ئه‌توانم بڵێم زۆر كه‌س به‌ناوی ده‌رهێنه‌ری دراماوه قسه‌یان له‌گه‌ڵدا كردووم به‌و مه‌به‌سته‌ی كاریان له‌گه‌ڵدا بكه‌م، به‌ڵام من ئاماده نه‌بووم، كاركردنیشم له‌گه‌ڵ (حسێن میسری) له كۆتایی نه‌وه‌ده‌كان له هه‌ردوو زنجیره درامای (خۆرنه‌وه‌زان‌و خه‌می چۆله‌كه‌كان) سه‌ره‌تای هه‌وڵدان بوو بۆ كاری درامای ته‌له‌فزیۆنی، ئه‌توانم بڵێم ئه‌وه‌یان به‌تایبه‌تی دوای ناو و شوره‌تم له (ژاڵه)، جۆرێك بوو له سه‌ركێشی و به دڵنیاییشه‌وه تاڕاده‌یه‌كی باش سه‌ركه‌وتووبووم تیایدا‌و شانازییان پێوه ئه‌كه‌م، چونكه هیچ كارێك به‌ده‌رنییه له كه‌موكوڕی. حه‌ز ئه‌كه‌م ئه‌وه‌شت بۆ روونبكه‌مه‌وه كه من خۆم ره‌خنه‌گری خۆمم‌و ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته له كارێكی هونه‌ریدا شكست بێنم خۆم كۆئه‌كه‌مه‌وه بۆ ئه‌زموون‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی دی، بۆ نموونه له ژیله‌مۆدا سه‌رباری ده‌ستخۆشی لێكردنی زۆری هاوڕێ هونه‌رمه‌ندو جه‌ماوه‌ریش، خۆم‌و هه‌ندێ له هاوڕێیانی كاسته‌كه هه‌ستمان به كه‌موكوڕیی كاره‌كه كردووه‌و هه‌وڵیش ئه‌ده‌ین له به‌رهه‌مه‌كانی ئاینده‌ماندا ئه‌و هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕییانه كه‌متر بكه‌ینه‌وه یان بنه‌بڕیان بكه‌ین.
*مادام تۆ داوای ناوی ئه‌كته‌رم لێده‌كه‌یت كه پێت بڵێم مه‌رجی دانابێت بۆ ده‌رهێنه‌ر، به‌دڵنیاییه‌وه ناوی ئه‌كته‌رێكی هاوته‌مه‌نی خۆتت پێ ده‌ڵێم ئه‌ویش (ئازاد جه‌لال) ه له شانۆیی (به‌دحاڵیبوون) ی ئه‌لبێر كامۆدا، كه كارێكی ده‌رهێنانی هاوبه‌شی من‌و (گۆران عه‌لی كه‌ریم) بوو. ئه‌و ئه‌كته‌ره هه‌ندێ مه‌رجی دانا، مه‌رجه‌كانیش وه‌ك تۆ ئاماژه‌ی پێده‌كه‌یت ماددی نه‌بوون، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی هه‌بوو به تێڕوانین‌و گۆشه‌نیگای ئێمه‌و ئه‌وه‌وه بۆ شانۆ، دواجار بڕیاری دا رۆڵه‌كه‌ی ره‌تبكاته‌وه‌و ئێمه‌ش به‌دوای به‌دیلدا بگه‌ڕێین. بۆ ئه‌مه‌یان چی ئه‌ڵێیت؟
-ئایا تێڕوانین‌و گۆشه‌نیگای ئێوه خۆی له شێواز‌و ستایلی هونه‌ریی كاره‌كه‌دا ئه‌بینییه‌وه، یان گۆڕینی فیكر‌و بۆچوونه‌كانی ده‌قه‌كه بوو؟ من پێم وایه هه‌موو ئه‌كته‌رێكی رۆشنبیر‌و خاوه‌ن ئه‌زموون كۆكه له‌سه‌ر بۆچوونه هونه‌رییه‌كانی خۆی، به‌ڵام فره‌بۆچوون‌و تێڕوانینی جیاواز به‌ڵگه‌ی ره‌سه‌نایه‌تیی ئه‌زموونه‌كانن، چونكه ئه‌م سه‌رده‌مه سه‌رده‌می فره‌بۆچوون‌و تێڕوانینی جیاوازه، به‌پێزیی به‌رهه‌مه‌كانیش چ ئه‌ده‌بی بێت یاخود هونه‌ری لێره‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه. بۆیه ئه‌بێ هۆكاری ره‌تكردنه‌وه‌كه روون‌و ئاشكرابێت، بۆ نموونه من به‌رهه‌می گۆران عه‌لیم بینیوه‌و ئاشنای شێواز‌و ستایلی ئه‌وم، ناكرێ نه‌زانم چۆن كار ئه‌كات، بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بڕیاری خۆم ئه‌ده‌م، من وه‌ك (عه‌لی كه‌ریم) له كاری شانۆییدا له‌گه‌ڵ ته‌وژمی نوێخوازیدام، له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی پێكهاته جه‌سته‌ییه‌كانم، حه‌زم به‌وه‌یه له رێگه‌ی تۆرێك جوڵه‌ی جه‌سته‌وه ئاماژه‌كان نمایشبكرێت به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی مه‌ودای ماناكان به‌ئاراسته‌ی گه‌شه‌كردنی كرداره‌كان رووه‌و ترۆپك، به‌ڵام ره‌نگه نه‌توانم هاوئاهه‌نگ بم له‌گه‌ڵ گه‌نجێكی به‌ناو نوێخواز له كاری شانۆییدا، بۆیه من به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌ڵێم (ئازاد جه‌لال) به‌گومان بووه له توانای هونه‌ریی (گۆران عه‌لی كه‌ریم) نه‌ك نه‌گونجان له تێڕوانین‌و گۆشه‌نیگاكان.
*سه‌باره‌ت به‌و مه‌رجه‌ی عومه‌ر دڵپاك له به‌شی دووه‌می گه‌رده‌لولدا كه تۆ باسی ئه‌كه‌یت ره‌نگه ئه‌وه‌ش مافی خۆی بێت، ئایا پێت وانییه شانۆش وه‌ك هه‌موو لایه‌نه سیاسی‌و بازرگانی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر مافی ماددی‌و مه‌عنه‌ویی خاوه‌ن پیشه‌كه پارێزراوبێت. من ئه‌و هه‌وڵه‌ی عومه‌ر دڵپاك به‌و شێوه‌یه ده‌خوێنمه‌وه، نازانم تۆ بۆچوونت له‌سه‌ر ئه‌و تێڕوانینه‌ی من چۆنه؟
-من له‌گه‌ڵ تۆدام، پاراستنی مافه ماددی‌و مه‌عنه‌وییه‌كانی هونه‌رمه‌ندو نووسه‌ران مه‌رجێكی گرنگی كاركردنه‌و پێویستیشه سه‌ندیكاو رێكخراوه‌كانی هونه‌رمه‌ندان كاری جددیتری بۆ بكه‌ن‌و هه‌وڵیش بده‌ن له په‌رله‌مان ببێت به یاسایه‌كی تایبه‌تی‌و لایه‌نه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان پابه‌ندی بن، به‌ڵام من پێم وایه هه‌ڵسوكه‌وته‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند عومه‌ر دڵپاك له‌و بۆچوونه‌ی ئێمه‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبوو، به‌و پێیه‌ی ئه‌و واتا (عومه‌ر دڵپاك) له‌وه‌وپێش له به‌شی یه‌كه‌مدا گرێبه‌ستی مۆركردبوو به‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه رێككه‌وتبوون له‌سه‌ری، راسته ئه‌مه به‌شێكی تره‌و گرێبه‌ستێكی ئه‌وێ، به‌ڵام ره‌تكردنه‌وه‌ی له‌م شێوه‌یه ناخرێته خانه‌ی ره‌تكردنه‌وه‌یه‌كی ئوسوڵی، كه بگونجێ له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوكه‌وتی هونه‌رییانه‌و به‌رزڕاگرتنی به‌رهه‌مه‌كه.
*به‌ده‌ر له‌و لایه‌نانه‌ی كاری هونه‌ری، له په‌یوه‌ندیی نێوان شانۆ و سیاسه‌ت، وه‌ك ئه‌كته‌رێك پێت وایه كام هێڵ هه‌یه سیاسه‌ت‌و شانۆ پێكه‌وه ئه‌به‌ستێته‌وه، به‌و واتایه‌ی تۆ وه‌ك ئه‌كته‌رێك له ترۆپكی كاری نواندنی سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆدا بوویت، له هه‌مانكاتیشدا كاره‌كته‌رێكی سیاسی بوویت‌و كادیری مه‌ڵبه‌ندێكی حیزب بوویت؟ ره‌نگه ئه‌مه هیچ نه‌نگییه‌كیشی تێدا نه‌بێت، ئایه پێت وایه شانۆكار ده‌توانێت ئه‌م دوو لایه‌نه پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه‌و ئه‌ركی ئه‌میان نه‌خات به‌سه‌ر ئه‌ویاندا؟ یان ئه‌م دوو لایه‌نه دوو راسته‌هێڵن‌و هه‌رگیز به‌یه‌ك ناگه‌ن، له بارودۆخێكی ناته‌ندروستی وه‌ك كوردستاندا نه‌بێت؟
-به‌رله‌وه‌ی بێمه سه‌ر وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی به‌ڕێزتان، ئه‌مه‌وێ روونكردنه‌وه‌یه‌كتان بخه‌مه به‌رچاو. من نه له ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌و دواتریش (ی. ن. ك) ئه‌ندامێكی چوست‌و چالاك نه‌بووم، هه‌روه‌هاش له شۆڕشی ساڵی 1976دا پێشمه‌رگه نه‌بووم، دواتریش له دوای دامه‌زراندنی حكومه‌تی كوردستان‌و به‌رقه‌راربوونی كاری حیزبایه‌تی‌و ده‌زگا سیاسییه‌كان هه‌رگیز داوای وه‌زیفه‌و پله‌و پایه‌م نه‌كردووه تا ببم به ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ندی حیزبێك یا هه‌رچ پله‌یه‌كی دی، كه پۆستی ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ندیشم پێ سپێردرا، نه‌موت بۆم ناكرێت، وتم شاره‌زاییم لێی نییه، وتیان گرنگ نییه ورده ورده فێرئه‌بیت، وتم عه‌یبدار ئه‌بم، حه‌ز ناكه‌م كارێك بكه‌م دروست نه‌بێت، وتیان گرنگ له‌ناوماندا بیت، بوونت زه‌رورییه. به‌درێژایی ئه‌و سێ ساڵه‌ی كه ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ند بووم، به‌شداریی دوو فیلمم كردووه، ئه‌وانیش (فرمێسكی ره‌ش‌و مه‌مله‌كه‌تی خۆر) و هه‌روه‌ها شانۆیی (گالیسكه‌ی مه‌رگ) ی ئاماده‌كراو له شانۆیی (رغبه تحت شجره الدردار) ی (یوجین اونیل)، له‌م سێ ساڵه‌دا هه‌رگیز سازشم نه‌كردووه له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونه هونه‌رییه‌كانم‌و له كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌كانیشدا وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی سه‌ربه‌خۆ راوبۆچوونه‌كانم خستووه‌ته‌ڕوو، چونكه رێكخستنه‌كانی (ی. ن. ك) له گوڵدانێكی ره‌نگاو ڕه‌نگ ئه‌چن، وه‌ك چۆن كه‌سێكی سۆشیال دیموكرات جێی تێدا ئه‌بێته‌وه، هه‌ر ئاوه‌هاش جێی راوبۆچوونی ئینسانی هونه‌رمه‌ندێكیشی تێدا ئه‌بێته‌وه، دڵنیاشم هیچ هێڵێك نییه سیاسه‌ت‌و شانۆ پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه، هه‌شبێت من له‌گه‌ڵیدا نیم، چونكه ئه‌و جۆره هێڵانه نه‌زۆكن، چاكتریش وایه هونه‌رمه‌ند وه‌ك فیكر‌و بۆچوون‌و تێڕامان له مه‌سه‌له‌كان سه‌ربه‌خۆو راستگۆ و وردبین بێت.
*وه‌ك ئاگادارم تۆ ئه‌ندامی هیچ رێكخراوێكی هونه‌ری نیت، ئه‌مه‌ش جۆرێك له پرسیار‌و گومان دروست ئه‌كات، ئایا باوه‌ڕت به كاری ئه‌و رێكخراوه هونه‌رییانه نییه؟ یان گرفتت له‌گه‌ڵ شێواز‌و جۆری كاركردنیاندا هه‌یه؟ پێت وایه رێكخراوه هونه‌رییه‌كانی كوردستان ده‌توانن زه‌مینه‌ی داهێنان بۆ هونه‌رمه‌ندی كورد بڕه‌خسێنن؟
-ئه‌ندام نه‌بوونم له هیچ رێكخراوێكی هونه‌ری ناكاته ئه‌وه‌ی جۆرێك له پرسیار‌و گومان دروست ببێت، مه‌سه‌له‌كه‌ش خۆی له‌وه‌دا نابینێته‌وه كه باوه‌ڕم نه‌بێت به كاری ئه‌و رێكخراوانه. ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم‌و تێگه‌یشتبم له به‌رنامه‌و كاری رێكخراوی هونه‌ری‌و ئه‌ده‌بی ته‌نهاو ته‌نها بوار ره‌خساندن‌و خزمه‌تكردنی هونه‌رمه‌ندانه به‌ئاراسته‌ی پاراستنی مافی كه‌سێتی‌و هونه‌ری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی هونه‌رمه‌ندان، به‌ڵام ئه‌م رێكخراوانه‌ی ئێمه تا ئێستاش له‌به‌ر هه‌ندێ هۆ نه‌په‌رژاونه‌ته سه‌ر په‌یڕه‌وكردنی به‌رنامه ئه‌ساسییه‌كانی پاراستنی مافه ماددی‌و مه‌عنه‌وییه‌كانی هونه‌رمه‌ندان، هه‌ر له پاراستنی باری كه‌سێتییه‌وه تا ئه‌گاته پاراستنی به‌رهه‌مه‌كانی، مه‌سه‌له‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی‌و موچه‌ی رێزلێنانیش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌وانه‌وه نییه، دواتر ئه‌گه‌ر بمه‌وێت بچمه ریزی ئه‌و رێكخراوانه‌وه چیم ده‌ستئه‌كه‌وێت؟ ئه‌مكه‌ن به هونه‌رمه‌ند ئه‌گه‌ر خۆم توانام نه‌بێت‌و له‌بارنه‌بم بۆ ئه‌و پیشه‌یه؟ یان ئه‌بێت شه‌ش مانگ بژمێرم تا یه‌كێكی تر ئه‌بێته‌وه به سه‌رۆك؟ دیاره ئه‌م شه‌ش مانگ یان ساڵی جارێك لاساییكردنه‌وه‌ی پارتی‌و یه‌كێتییه. ئه‌گه‌ر سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان‌و یه‌كێتیی هونه‌رمه‌ندان پاشكۆ نین بۆچی كۆنگره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی ئازادانه‌ی چاونه‌ترسانه‌ی خۆیان نه‌به‌ستن‌و سه‌ر له‌نوێ زۆر به ئازادی ئه‌نجوومه‌نێكی باڵا هه‌ڵنابژێرن له نوێنه‌ره جوامێر‌و راستگۆ‌و ئازاكانی خۆیان‌و ئێمه‌ش له‌م ناڕه‌حه‌تییه رزگاربكه‌ن؟ ئه‌وان له‌سه‌ر ناوی رێكخراوه‌كه رێكناكه‌ون، خۆ خوانه‌خواسته ئه‌گه‌ر گرژییه‌ك بكه‌وێته نێوان پارتی‌و یه‌كێتییه‌وه، دڵنیام به‌ر له په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و وه‌زاره‌ته‌كان ئه‌م رێكخراوه له یه‌ك جیا ئه‌بنه‌وه‌و ئه‌بنه‌وه به سه‌ندیكاو یه‌كێتی. به‌كورتی یه‌كێتیی هونه‌رمه‌ندان مێژوویه‌كی پڕشنگداری هه‌بوو، نه‌ده‌بوو به‌و ئاقاره‌دا بڕوات، كه ئه‌مه‌ش ئه‌ڵێم مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه لایه‌نگری یه‌كێتیی هونه‌رمه‌ندان بم‌و پشت له‌سه‌ندیكا بكه‌م، نا.. من خوازیاری یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئازادانه‌ی هه‌موو هونه‌رمه‌ندانم، به‌و هیوایه‌ی ئه‌و یه‌كگرتنه‌وه‌یه له قازانجی هونه‌رمه‌ندان بێت.
*له ئێستادا قسه‌و باسێكی هه‌مه‌لایه‌نه له‌سه‌ر ره‌خنه‌ی شانۆیی ده‌كرێت، بۆچوونێك پێی وایه ره‌خنه‌ی شانۆیی نییه، بۆچوونێكی تر پێی وایه هه‌یه، به‌ڵام شانبه‌شانی ره‌وتی پراكتیكیی شانۆ هه‌نگاو نانێت، بۆچوونی سێیه‌م به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دوو تێڕوانینه‌ی تره‌وه پێی وایه ئاستی ره‌خنه‌ی شانۆیی له ئاستی ره‌وتی شانۆ له پێشتره. بۆچوونی تۆ له چ سنفێكی ئه‌م تێڕوانینانه‌دا پۆلێن ئه‌كرێن؟ یان تۆ تێڕوانینێكی جیاوازترت هه‌یه بۆ ره‌خنه‌ی شانۆیی؟
-هه‌موو ئه‌و بۆچوونانه تێڕوانین‌و بۆچوونی خاوه‌نه‌كانیانن، هیچ یه‌ك له‌م بۆچوونانه سه‌راپاگیرو گشتگیر نین. ئێمه ناتوانین بڵێین ره‌خنه‌ی شانۆیی له ئاستی ره‌وتی شانۆ له پێشتره، چونكه ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وا دیاره نووسین‌و وتاره ره‌خنه‌ییه‌كه هه‌ڵقوڵاوی بابه‌ته شانۆییه‌كه نییه، به‌ڵكو وتارێكی ره‌خنه‌یی ئاماده‌كراوی پێش وه‌خته‌یه. ره‌خنه به‌رهه‌می بابه‌ته هونه‌رییه‌كه‌یه (شانۆییه‌كه)، كه بابه‌ته‌كه نه‌بوو ئیتر ره‌خنه له كوێیه‌وه بوونی خۆی ئه‌سه‌لمێنێت؟ له ئێستاشدا ره‌وتی پراكتیكیی شانۆی كوردیمان سست‌و لاواز‌و بنبه‌سته، جموجۆڵێكی شانۆیی ئه‌وتۆ له‌ئارادا نییه بتوانێت بزاڤی ره‌خنه‌ی شانۆیی بخاته‌گه‌ڕو جوڵه، ئه‌وه‌یشی له قۆناغه‌كانی حه‌فتا‌و هه‌شتاكان‌و دوای راپه‌ڕین خراونه‌ته سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان له‌باری سه‌رنج تێپه‌ڕنه‌بووه، ناشبێت هه‌ندێ ناو له‌بیربكه‌ین، له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكان‌و هه‌شتاكاندا (ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئابڵاخی‌و ئه‌نوه‌ر قادر ره‌شیدو موحسین محه‌مه‌د‌و سه‌باح هورمز) دواتر (دانا ره‌ووف) هه‌ڵكه‌وتن و بره‌وی به وتاره ره‌خنه‌ییه‌كانی دا‌و تا ئێستاش به‌رده‌وامه، له سه‌ره‌تای راپه‌ڕینیشدا چه‌ندین ناو ده‌بینرێن، له‌وانه دڵشاد مسته‌فا و بورهان قه‌ره‌داغی و چه‌ند كه‌سێكی تر، له چه‌ند ساڵی رابردوویشدا نابێت هه‌وڵه جددییه‌كانی (كامه‌ران سوبحان) له یاد بكه‌ین، به‌نیسبه‌ت منیشه‌وه وای بۆ ئه‌چم ئه‌گه‌ر بزاڤی شانۆیی له بره‌ودا بێت هه‌ڵبه‌ته ره‌وتی ره‌خنه‌ی شانۆییش له بره‌و و جوڵه‌دا ئه‌بێت، به‌ڵام له ئێستادا به‌لای منه‌وه نه شانۆمان هه‌یه‌و نه ره‌خنه‌ی شانۆییش.
*ئاستی رۆشنبیری بۆ ئه‌كته‌رو ده‌رهێنه‌ر پێویستییه‌كی سه‌ره‌كیی داهێنانه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌ستی پێئه‌كه‌ین ئه‌كته‌رو ده‌رهێنه‌رانی ئێمه به‌شێكی زۆریان سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ كتێبدا نییه، له‌م باره‌وه بۆچوونی تۆ چییه؟
-تۆ راست ئه‌كه‌ی، منیش له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی ئێوه‌دام، زۆرینه‌ی ئه‌كته‌رو ده‌رهێنه‌ره‌كان دۆستایه‌تیی كتێب ناكه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگام لێبێت‌و دركم پێكردبێت به‌تایبه‌تی ئه‌كته‌ره‌كانی ساڵانی حه‌فتاكان زیاتر له كاره هونه‌رییه‌كان په‌نا ئه‌به‌نه به‌ر ئه‌و زانیارییه كه‌مه‌ی كه ئه‌وسا هه‌یانبووه، ده‌رهێنه‌رو ئه‌كته‌ره‌كانی ئه‌م دواییه‌ش له به‌رهه‌مه شانۆییه‌كانیاندا ده‌رئه‌كه‌وێت كه به سه‌قه‌تی‌و كه‌موكوڕی له مه‌سه‌له گرنگه‌كانی میتۆده شانۆییه‌كان گه‌یشتوون، جوڵه‌و پێكهاته جه‌سته‌ییه‌كانیان له‌و نمایشانه‌ی كه من بینیومن له فێستیڤاڵه‌كاندا زیاتر له شه‌ڕه‌شه‌ق ئه‌چێت نه‌ك به‌كارهێنانی زانستییانه‌ی جه‌سته، وه‌ك له میتۆده‌كانی گرۆتۆنسكی‌و مایه‌رهۆڵد‌و بارباو مه‌نوشكین ده‌رئه‌كه‌ون، دیاره هۆی ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و میتۆد‌و به‌رنامه شانۆییانه نه‌كراون به كوردی‌و هونه‌رمه‌نده گه‌نجه‌كانیشمان شاره‌زایی زۆریان له زمانی عه‌ره‌بی نییه‌و به‌ئاگانین له ته‌واوی به‌رنامه‌و میتۆده شانۆییه‌كان.
*بۆچوونی تۆ له‌سه‌ر ئه‌و فێستیڤاڵه شانۆییانه چییه، كه له شاره‌كانی كوردستاندا سازده‌كرێت، بۆچوونێك هه‌یه پێی وایه شانۆ لێره ته‌نها له فێستیڤاڵه‌كاندا ماوه؟ به‌پێی راپرسییه‌كی له ساڵی 2007 له شاری سلێمانی به‌ده‌ر له فێستیڤاڵه‌كان، ته‌نها 2 نمایشی شانۆیی تیپه‌كان هه‌بووه، بۆچوونی تۆ له‌م باره‌یه‌وه چییه؟
-سازدانی فێستیڤاڵ له‌هه‌موو بواره‌كانی چالاكییه مرۆییه‌كاندا به‌رهه‌می گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رده‌وامی ئه‌و چالاكییه ئینسانییه‌یه، له‌لای ئێمه به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه، فێستیڤاڵ سازئه‌درێت به‌مه‌به‌ستی پێشخستنی ره‌وتی چالاكییه‌كان، بۆ نموونه له كوردستان به‌مه‌به‌ستی به‌گه‌ڕخستنی چالاكیی شانۆیی هه‌وڵی سازدانی فێستیڤاڵ ئه‌درێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی دواتر، واتا دوای كۆتایی هێنان به‌و فێستیڤاڵه له ئه‌نجامه‌كان‌و ده‌رهاویشته‌كانی بكۆڵرێته‌وه‌و لایه‌نه باشه‌كان له خراپه‌كان جیابكرێنه‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی من تێیگه‌یشتبم له‌لای ئێمه فێستیڤاڵه‌كان بێبه‌رنامه‌ن‌و ته‌نهاو ته‌نها مه‌به‌ست له سازدانیان كه‌ڵه‌كه‌كردنی چالاكییه. بۆیه به‌لای منه‌وه ئه‌گه‌ر ره‌وتی شانۆی كوردی به‌ته‌وژم نه‌بێ‌و له‌ڕووی چۆنیه‌تییه‌وه به‌رچاو و دیار نه‌بێت، سازدانی فێستیڤاڵ له گه‌مه‌یه‌كی منداڵانه ئه‌چێت، (ماڵه باجێنه)، هه‌روه‌كو له پرسیاره‌كه‌ی به‌ڕێزتاندا كه ئه‌ڵێن له راپرسییه‌كی ساڵی 2007دا به‌ده‌ر له فێستیڤاڵه‌كان ته‌نها (2) نمایشی شانۆیی هه‌بووه، ئه‌مه بۆ خۆی وه‌ڵامێكی مه‌نتیقی‌و دروستی پرسیاره‌كه‌یه. گرفته‌كه له‌لای ئێمه نه‌بوونی چالاكیی شانۆییه، نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌كی شانۆیی، بایه‌خنه‌دانی لایه‌نه به‌رپرسه‌كان به‌م هونه‌ره، هه‌موو ئه‌مانه گرفتن له‌به‌رده‌م به‌چالاككردنی ئه‌م هونه‌ره، جگه له‌وه‌ی كه خودی شانۆكاران نه‌یانتوانیوه‌و ناشتوانن پرۆسه‌ی ئه‌فراندن له شانۆدا وه‌گه‌ڕبخه‌ن‌و رووه‌و ئاراسته هه‌ڵكشاوه‌كانی به‌رن. هه‌ر له‌باره‌ی سازدانی فێستیڤاڵه‌وه، فێستیڤاڵه‌كانی ئێمه داخراون‌و نه‌مانتوانیوه پانتایی ئه‌م فێستیڤاڵانه فراوانتر بكه‌ین رووه‌و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر. من كاتێك له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بووم له‌گه‌ڵ هاوڕێیانم (جیهاد دڵپاك‌و گه‌زیزه‌خان‌و نه‌جم هۆگر) پرۆژه‌ی سازدانی فێستیڤاڵی رۆژهه‌ڵاتمان خسته به‌رده‌م وه‌زیرو پێشمان له‌سه‌ر سازدانی داگرت، ئه‌گه‌ر فێستیڤاڵێكی له‌م چه‌شنه سازبدرێت‌و نمایشی شانۆیی وڵاتانی (رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست) ی تیا نمایش بكرێت، بێگومانم له ئه‌نجامی (كارتێكردن‌و كارلێكردنه‌وه) ره‌وته شانۆییه‌كه‌ی ئێمه‌ش جوڵه‌ی تێئه‌كه‌وێت‌و به‌ئاراسته‌ی هه‌ڵكشان هه‌نگاو ئه‌نێت. سازدانی فێستیڤاڵی داخراو نیشانه‌ی كاڵفامی‌و دركپێنه‌كردنه، فێستیڤاڵی كراوه‌ش رووه‌و ده‌وروبه‌ر نیشانه‌ی درككردنه به‌حه‌قیقه‌ته‌كانی داهێنان وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ئیستاتیكی.
*پێت وایه به‌چ سیسته‌م‌و میكانیزمێك شانۆ له‌م قۆناغه‌ی ئێستای تێده‌په‌ڕێت‌و شانۆ‌و بینه‌ر ئاشت ده‌كرێنه‌وه، به‌و پێیه‌ی ساڵانێك هۆڵه‌كانی شانۆ جمه‌یان هاتووه له بینه‌ر، ئێستا به‌پێچه‌وانه‌وه، به‌ده‌ست نه‌بوونی بینه‌ره‌وه ده‌ناڵێنین؟
-ئه‌و ساڵانه‌ی كه هۆڵه‌كانی شانۆ جمه‌یان هاتووه، ساڵانی به‌ر له‌ڕاپه‌ڕینه، ئه‌وكات بینه‌ری شانۆیی كورد تینووی هه‌ناسه‌دانێك بوو تۆزێك له‌خه‌مه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی بڕه‌وێنێته‌وه، ئه‌و ده‌مه بینه‌ری ناو هۆڵه‌كانی شانۆ بینه‌ری راسته‌قینه‌ی شانۆ نه‌بوون، به‌ڵكو هاووڵاتیی ئاسایی بوون‌و تامه‌زرۆی (بینین) ی خۆیان بوون له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆكه، چونكه به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌وساش هه‌ڵبژارده بوون له‌و ده‌قانه‌ی كه زیاتر هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وروژێنێت، وه‌ك (راستییه‌كه مرد، ترێ‌و رێوی، كاتێ هه‌ڵۆ به‌رزئه‌فڕێ، ره‌جه‌ب‌و پیاوخۆران، هاوارێكی تاساو، مانگی ئاوابوو، د. پاڵمێ، سه‌له‌ی نانكه‌ر، مۆڵه‌ت‌و... هتد.. ) لێره‌وه په‌ی به‌و راستییه ئه‌به‌ین كه ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و به‌رهه‌مه شانۆییانه‌ی ئه‌وسای به‌ر له‌ڕاپه‌ڕین سیاسی بوون‌و كێشه سیاسییه‌كانی چاره‌سه‌ر ئه‌كرد، به‌ڵام له‌دوای راپه‌ڕین مه‌سه‌له‌و گرفته مرۆییه‌كانی هاووڵاتیی كورد به‌بارێكی دی كه‌وته‌وه، ئه‌گه‌ر بشێت بڵێم زیاتر خواسته‌كانی (تاك) زاڵبوو به‌سه‌ر خواستی كۆمه‌ڵ‌و ئاره‌زووه‌كانی تاك كه‌وته به‌ر باس‌و لێكۆڵینه‌وه، به‌تایبه‌تیش گرفته سه‌خته‌كانی گه‌نجان، هه‌ر له كه‌میی ده‌رامه‌ته‌وه تا به‌دینه‌هاتنی خواسته‌كانیان، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی یه‌كێكه له كێشه گه‌وره‌كانی خێزانی كورد‌و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی‌و دواتریش دابڕبوونی تاك له‌كۆمه‌ڵ، ئه‌مه له‌لایه‌ك‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه ده‌سه‌ڵات نه‌یتوانیوه به‌ده‌زگاكردنی هونه‌ری شانۆ به‌ئه‌نجام بگه‌ێنێت، چونكه به‌ده‌زگاكردنی شانۆ ئه‌بێته هۆی پلاندانان بۆ به‌رنامه‌ڕێژی‌و توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی شانۆیی له‌به‌ر رۆشنایی میتۆد‌و تیۆره‌كانی شانۆی جیهانی. بۆیه ئه‌ڵێم ئاشتبوونه به به‌دیهێنانی خواست‌و ئاره‌زووه‌كان دێته‌كایه‌وه به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره ئه‌زه‌لی‌و هه‌نوكه‌ییه‌كان جێبه‌جێ ئه‌كرێت، به‌وروژاندنی قوڵایی هه‌سته‌كان له‌دایك ئه‌بێ، كه شانۆی كوردی‌و شانۆكارانی كورد ئه‌مه‌ی پێنه‌كراوه، دواجار ناشبێت رێپۆرتواری ساڵانه‌ی شانۆییمان له‌یادچێت، چونكه به‌رده‌وامیی نمایشی شانۆیی‌و واڵاكردنی ده‌رگاكانی هۆڵه‌كانی شانۆ هه‌نگاوی یه‌كه‌مه بۆ ئاشنابوون‌و دواتر ئاشتبوونه‌وه‌و به‌رده‌وامبوون‌و قاڵبوونه‌وه له ئه‌زموونه (حسییه‌كانی) بینه‌ر له‌به‌رانبه‌ر ئه‌زموونه ئیستاتیكییه‌كانی شانۆ.
*وته‌یه‌كی باو هه‌یه ده‌ڵێت: (سه‌ركه‌وتنی هه‌ر نمایشێك له بلیتفرۆشه‌كه‌ی بپرسه، ژماره‌ی بلیته‌كانی ئاستی كاریگه‌ریی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كه دیاریده‌كات)، له زۆرێك له وڵاتانی دونیادا به‌بلیت بینه‌ران ده‌چنه ژووره‌وه بۆ بینینی نمایشه‌كان، به‌ڵام لای ئێمه نه‌ك بلیت نییه، به‌خۆڕاییش ته‌نها به‌شێك له شانۆكاران دێن بۆ نمایشه‌كان‌و به‌رده‌وام هۆڵه‌كانی نمایش چۆڵ ده‌بینرێن، بۆ؟
-له‌كوردستاندا بینه‌ری رووناكبیرمان نییه، بینه‌ری شانۆیی به‌ئاگاو وشیارمان نییه، هه‌شبێت به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ئه‌ژمێردرێن. شانۆ وه‌ك هونه‌ر كرده‌یه‌كی ئیستاتیكیی مه‌عریفییه، بنه‌ماكانی له زانسته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه بكات پێویسته هه‌م ئه‌كته‌رو هه‌م بینه‌ر ته‌واوكه‌ری یه‌كدی بن‌و به‌ئاگابن له ورده‌كارییه‌كانی كاری شانۆیی، یان هه‌ر هیچ نه‌بێ بینه‌ر شاره‌زایی هه‌بێت له شیكردنه‌وه‌و راڤه‌كردنی ئاماژه‌كانی جه‌سته‌و كاریگه‌ریی رووناكی له‌سه‌ر پێكهاته شانۆییه‌كان‌و بنه‌ما هونه‌رییه‌كانی داڕشتنه‌وه‌و بونیادنانی پانتایی شانۆیی. جا ئه‌گه‌ر ئه‌مه پێناسه‌ی بینه‌ری شانۆیی بێت‌و له‌لای ئێمه‌ش ئه‌م جۆره بینه‌ره ده‌گمه‌ن بێت، ئیتر چۆن ئه‌توانین سه‌ركه‌وتنی نمایشه‌كان به‌فرۆشتنی (بلیت) ه‌وه پێوانه بكه‌ین؟! خۆ له‌ساڵانی حه‌فتاكان‌و هه‌شتاكاندا چوونه هۆڵه‌كانی نمایش به‌فرۆشتنی (بلیت) بوو، ئه‌وده‌مه نمایشی شانۆیی وا هه‌بوو پتر له مانگێك نمایش ئه‌كراو زۆر جاری وا هه‌بوو (بلیت) ی هه‌فته‌یه‌ك پێش وه‌خت فرۆشرابوو، به‌ڵام وه‌ك وتم ئه‌و بینه‌ره‌ی ئه‌وسا بینه‌ری راسته‌قینه‌ی شانۆ نه‌بوون، بارودۆخه سیاسییه‌كه‌ی ئه‌وسا ناچاری كردبوون روو له هۆڵه‌كانی نمایش بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی گوێیان له وه‌ڵامی پرسیاره هه‌نووكه‌ییه‌كانیان بێت، نه‌ك وه‌ڵامه فه‌لسه‌فییه هه‌میشه‌ییه‌كان كه مرۆڤایه‌تی پێی ئه‌تلێته‌وه‌و وه‌ڵامیان نییه.
له كۆتاییدا ئه‌ڵێم حاڵی حازر له كاره شانۆییه‌كاندا داهێنان به‌دی ناكه‌ین، ئه‌زموونه‌كان پوچبوونه‌ته‌وه، چالاكی شانۆیی به‌رده‌وام نییه، ئه‌وه‌یشی هه‌یه هه‌ندێ هه‌وڵی نه‌زۆكن، چاوه‌ڕوانی باشتریان لێناكرێت، كاریش وا بڕوات هۆڵه‌كان هه‌ر به‌چۆڵی ئه‌مێننه‌وه.
*پێت وایه له به‌رده‌م هه‌موو ئه‌م گرفت‌و ئاسته‌نگانه‌دا كه باسمانكردن، گروپ‌و تیپه شانۆییه‌كانی كوردستان رۆڵیان هه‌بێت له چاره‌سه‌ركردن‌و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م بارودۆخه‌ی شانۆ كه ئێستا پێیدا ده‌ڕوات؟
-پێم وا نییه له‌به‌رده‌م هه‌موو ئه‌م گرفت‌و ئاسته‌نگانه‌دا گروپ‌و تیپه شانۆییه‌كان بتوانن چاره‌سه‌ر بدۆزنه‌وه‌و رۆڵ بگێڕن له گه‌شه‌پێكردنی شانۆی كوردی‌و تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كانی. به‌لای منه‌وه ته‌نها چاره‌سه‌ر به‌ده‌زگاكردنی شانۆ‌و به‌رنامه‌ڕێژیی ساڵانه‌ی چالاكیی شانۆییه له شاره گه‌وره‌كانی كوردستان به‌مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنانی كاری شانۆیی به‌رده‌وام، واتا هه‌موو رۆژێك له هۆڵه‌كان (نمایش) ی شانۆیی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی ریتم‌و پێوه‌ره‌كانی ژیانی ئێستای مرۆڤی كورد له وڵاته‌كه‌ماندا پردێك له نێوان بینه‌رو نمایشه‌كان بدۆزینه‌وه، به‌مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندن‌و په‌ڕینه‌وه‌ی گرفته‌كان.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
